دلاوه‌ر، ئەو شاعیرەی به غه‌ریبییه‌وه ده‌نووسێ
به‌بێ شاعیر و شیعره مه‌زنه‌کانیان، ئێمه ده‌بووینه دڕنده.
(مارتین هایدیگه‌ر)
Heidegger, Martin/ Poetry, language, thought / an introduction XV
ئه‌و نهێنیانه چین وا ده‌که‌ن شیعر یان هه‌ر تێکستێکی دیکه‌ی فیکری، ئه‌ده‌بی و هونه‌ری له یاده‌وه‌ریی ئێمه‌دا بمێنێنه‌وه، تا ئه‌و ئاسته‌ی کاریگه‌رییان له سەر ڕوانین و دنیابینیی ئێمه‌دا هەبێت؟ له‌به‌رچی واقیع هێنده کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌یه له فه‌لسه‌فه، هونه‌ر و ئه‌ده‌بدا؟ بۆچی (ئه‌فلاتون) له سیسته‌مه مێتافیزیکییه‌که‌ی خۆیدا گشت فۆرمه واقیعییه‌کانی ئه‌م جیهانه تێک ده‌شکێنێت و سه‌رچاوه‌یان بۆ جیهانی ئایدیاڵ ده‌گه‌رێنێته‌وه؟
ئایا لەو کاتەوە خەیاڵ ئاکتیڤ دەبێت، واقیع دەبێتە ڕابردوو، یان واقیع شتێکی دانەبڕاوی خەیاڵە و لێی جیا نابێتەوە، مادام خەیاڵ ناتوانێت بە بێ پێکهاتەکانی واقیع دروست ببێت و بجووڵێت؟ بە واتایەکی تر ئایا خەیاڵ ڕەتکردنەوەی واقیعە، بەو مانایەی دەتوانێت تێیبپەڕێنێت و دواتر بە جۆرێک لە پەرەسەندن دادەندرێت، وەک ئەوەی (هیگڵ) لە جووڵەی زەمەندا باوەڕی وایە بە یاسای تێپەڕاندن دەچێتە پێشەوە، کە هاوکات ڕابردوو تێدەپەڕێنێت و دەشیپارێزێت؟ ئایا خەیاڵ واقیع تێک دەشکێنێت، تاکو بە شێوەیەکی تر دروستی بکاتەوە، یاخود وێنەیەکی تری جیاوازی واقیع دەخوڵقێنێت، بێ ئەوەی ئەو وێنە کۆنەی تێک بشکێنێت؟ ئەگەر خەیاڵ نەتوانێت لە واقیع جیا ببێتەوە، کەواتە داهێنان لە کوێوە پەیدا دەبێت؟ ئایا خەیاڵ توانای گۆڕینی واقیعی هەیە؟ کەواتە شیعر وەک یەکێ لە کەناڵەکانی خەیاڵ چ پێوەندییەکی لەگەڵ واقیعدا هەیە و ئەو کاریگەرییانەی هەر یەکەیان لەوی تری دەکات، لە کوێ و لە چ ئاستێک‌دا دەردەکەون؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن، کە لە خوێندنەوەی شیعرەکانی (دلاوەر قەرەداغی) و هەر داهێنەرێکی تردا خۆیان بە سەرماندا دەسەپێنن.
شیعر، چونکه زمانێکی مێتافۆریانهی هه‌یه بۆ گوزارشت له دیوه ئاڵۆز و راستییه خودییه‌کانی مرۆڤ، له‌گه‌ڵ خۆیدا په‌لی هه‌ستمان ده‌گرێت بۆ دنیای ناوه‌وه‌ی خود، ڕەنگه ئه‌م قسه‌یه بۆ شیعره‌کانی (دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی) گونجاو بێت. ئه‌و ڕاستەوخۆ هه‌وڵی تێکشکاندنی واقیعی ده‌ره‌وه‌ی شیعره‌کانی خۆیی نه‌داوه، به‌ڵکو به هۆی ئه‌م جیهانه ئه‌ندێشه‌ییه‌ی ئێمه له شیعره‌کانیدا هه‌ستی پێ ده‌که‌ین واقیعی تێک شکاندووه.
ئاماژه‌کان:
بۆ دۆزینه‌وه‌ی مانا و دنیابینیی شیعره‌کانی (دلاوه‌ر) سه‌ره‌تا پێ له سه‌ر ئه‌و ئاماژانه داده‌گرم، که له شیعره‌کاندا به کار هاتوون و له ڕێگەیانه‌وه هه‌ست به دنیای ئه‌ودیویان ده‌که‌ین. له شیعره‌کانی ئه‌و هه‌ست به زمانێکی هێمن ده‌کرێت، که ئه‌ندێشه به‌رجه‌سته‌ی زمان ده‌کات. زمانێک پڕیه‌تی له ئاماژه. هه‌موو ئه‌و سیمبۆل و نیشانانه بۆ تێڕوانینی خودن له به‌رانبه‌ر شته‌کاندا. هیچ مانایه‌ک به‌بێ ئاماژه خۆی نادات به ده‌سته‌وه، هه‌ر ئه‌و خاڵه‌یه وای کردووه من (دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی) وه‌ک شاعیرێکی سیمبولیزم بخوێنمه‌وه. ناوه‌رۆکی شیعره‌کانی پڕن له ئاماژه‌ی ناڕاستەوخۆ. ئه‌گه‌رچی له ده‌سپێکی هه‌ر شیعرێکیدا به شێوه‌یه‌کی هێمن ئێمه ده‌روازه‌ی دنیای تێکسته‌کانی ئه‌ومان بۆ ده‌کرێته‌وه، به‌ڵام له‌ناکاو سهرووکارمان له‌گه‌ڵ ئاماژه و خه‌یاڵی دیکه دروست ده‌بێت. بۆ تیگه‌یشتن له دنیابینیی سیمبوله‌که‌ی (دلاوه‌ر) من ناونیشانی چه‌ند شیعرێکی هه‌ڵده‌بژێرم و ده‌مه‌وێت ئه‌م ئاماژانه بدۆزمه‌وه، که له پشت ناونیشانه‌کانه‌وه خۆیان حه‌شار داوه.
ناونیشان وه‌ک ئاماژه:
ناونیشان یه‌کێکه له ده‌روازه هه‌ره گرنگه‌کان بۆ تێگه‌شتن له‌و دنیابنییهی، که تێکستێک له خۆیدا هه‌ڵیگرتووه. (جاک دێریدا) کاتێک له‌باره‌ی ڕۆمانی (دادگایی)ی (فرانز کافکا) دوا، به‌ر له هه‌ر شتێک شیکردنه‌وه‌یه‌کی فەلسەفیی بۆ ناونیشانەکهی کرد. ئێمه له ڕێگەی کاره‌کته‌رێکی وه‌کو (كا)ی (فرانز کافکا)ەوە ئه‌و سێکچهرهی ناونیشان هه‌ست پێ ده‌که‌ین، که تا چ ڕادەیەک ڕەنگدانهوهی له تێکسته‌که‌دا هه‌بووه. ناونیشانی ڕۆمانی (کاتژمێر بیستوپێنج)ی (کۆنستاین گۆریگۆ) یه‌کێکه له نموونه گرنگه‌کان. کاتژمێر بیستوپێنج لادانه له کاتی ئاسایی و بوونی نییه، بەڵکو له لۆجیک به‌ده‌ره. ئه‌گه‌ر له ناونیشانه‌که‌ی ورد ببینه‌وه، ئه‌وا ده‌توانین له وێسگه‌یه‌کی هه‌ره گرنگی ئه‌و ڕۆمانه تێبگه‌ین. کاره‌کته‌ره‌کان به هۆی جه‌نگه‌وه له ژیانی ئاساییاندا ڕووبەڕووی چه‌ندین ڕووداوی نالۆجیکی ده‌بنه‌وه، هه‌ر وه‌ک چۆن ناونیشانی ڕۆمانه‌که لادانێکی لۆجیکییه. ناونیشانی چه‌ند شیعرێکی (دلاوه‌ر) هه‌ڵگری ئه‌و لادانه لۆجیکییهن، ده‌توانین ناونیشانی شیعری (به‌فر به غه‌ریبییه‌وه ده‌بارێ) به نموونه بهێنینه‌وه. (به‌فر) بوونێکی بێهه‌سته، به چه‌ند هۆکارێکی سرووشتی دروست ده‌بێت و ده‌بارێت، هه‌ستی (غه‌ریبی) بۆ مرۆڤه وه‌کو بوونه‌وه‌رێکی خاوهنهۆش و بیرکه‌ره‌وه‌یه، به‌ڵام له‌م شیعره‌دا (به‌فر) ئاماژه‌یه بۆ په‌رتبوونی چه‌ند (خود)ێک له نێو رێڕه‌وی شوێنکاتێکدا. یان ناونیشانی شیعری (دنیا دڵڕه‌قانه جوانه) دووباره هه‌ڵگری ئاماژه‌یه‌کی سوریالییه، به دوای یه‌کداهاتنی (دڵڕەقانه) و (جوان) ئاماژه‌ن بۆ کۆبوونه‌وه‌ی دوو خەسڵەتی دژ به یه‌ک. لای (پلاتۆ) ئه‌و شته‌ی جوانه، چاکیشه، به‌ڵام ئایا ده‌کرێت (دڵڕەقی) جوان بێت؟ (دڵڕەقی) و (جوان) گوزارشتن له دوو دیوی دژ به یه‌کی دنیا. خەسڵەتی (دڵڕەقی) خراوه‌ته پاڵ دنیا، به‌ڵام ئه‌و دڵڕەقییه جوانیی خراوه‌ته پاڵ. ناونیشانی شیعری (چۆرێک مناڵیی بنی مه‌رکانه‌یه‌ک) هه‌ڵگری ئاماژه‌یه‌کی ئه‌ندێشه‌ییه و له ڕێگەیه‌وه وێنه‌ی (منداڵیی)یه‌ک دروست ده‌بێت، که فۆرم و ئاماژه‌یه بۆ (منداڵی) له یاده‌وه‌ری شاعیردا. ناونیشانی شیعری (من له شارێکی زۆر دوورم) ئاماژه‌یه بۆ دوورییه‌کی بێ‌سنوور. ئه‌گه‌ر ناونیشانی شیعره‌که ته‌نیا (من له شارێکی دوورم) بووایه، خاڵی ده‌بوو له ئاماژه، به‌ڵام (زۆر) وه‌ک هاوه‌ڵناوی چه‌ندییه‌تی بووەتە هۆی دروستبوونی ئاماژه‌یه‌کی ناڕاستەوخۆ بۆ دنیای خودی شاعیر. جیهانگیری مه‌ودای دووری و نزیکیی شوێنه‌کانی نه‌هێشتۆته‌وه، به‌ڵام هێزی ئه‌ندێشه توانای هه‌یه سیسته‌می جیهانگیری به تێڕوانینی تایبه‌تییانه‌ی خود و هه‌سته‌کانی له به‌رانبه‌ر دونیادا تێک بشکێنێت، تاکو مرۆڤ بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ خودی خۆی و له‌وێوه سه‌یری جیهان به گشت ده‌رکه‌وته‌کانییه‌وه بکات. ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه بۆ ناونیشانی شیعری (تا چاوبڕکا… من به ڕێگه‌وه‌م)یش گونجاوه. ناونیشانی کۆ شیعری (ماڵێک له‌ناو زه‌ریا، ماڵێک له ته‌نیشت بیابان) ئاماژه‌یه بۆ دابه‌شبوونی خود له‌نێوان دوو شوێنی دژ به یه‌کدا، که سرووشتی ئه‌و دوو شوێنه جیاوازییه‌کی زۆریان له‌نێواندا هه‌یه، به‌ڵام له تیڕوانینی شاعیردا ئه‌م دوو شوێنه پێکه‌وه گرێ دراون. یه‌کێکی دیکه له ناونیشانه ماناداره‌کان، شیعری (ده‌شێت ئه‌وه من نه‌بم که ئێستا هه‌م !)ه، ئه‌و ناونیشانه ده‌مانخاته به‌رده‌م گومانێکی دێکارتیانه، (دێکارت) ده‌ڵێت: (چۆن ده‌توانین له‌وه دڵنیا بین، ژیان خه‌ون نییه)، سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه بڵێم ئه‌و گومانه‌ی (دێکارت) له ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا کاردانه‌وه‌یه‌کی به‌رفراوانی هه‌بووه، له ڕێبازی (سوریالیزم)ی هونه‌ری ئه‌وه به ئاشکرا دیاره، به تایبه‌ت له تابلۆکانی (سه‌لڤادۆر دالی)، له شیعریشدا لای (ئه‌ندری بریتۆن) ڕەنگی داوه‌ته‌وه. لە ئەدەبی کوردیی‌شدا له ڕۆمانی (ئای له ڤیلیا له ڤیلیا)ی (کاروان کاکه‌سوور)دا به شێوه‌یه‌کی سوریالی دهردەکهوێت، وه‌ک ده‌بینین کاره‌کته‌ره‌کانی ئه‌و ڕۆمانه له شه‌ڕێکی گه‌وره‌دان له‌گه‌ڵ بوون، هه‌میشه له گومانی وجودی قوڵتر و قوڵتر ده‌بنه‌وه، له ڕۆمانی (مامزێر)یش به فۆرمێکی جیاوازتر هه‌ستی پێ ده‌کرێت. گومانی کاره‌کته‌ره‌کانی (کاروان) له ڕۆمانی (ئای له ڤیلیا له ڤیلیا) له به‌رانبه‌ر نه‌بوونه (Nothingness)، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت له ڕێگەی نه‌سته‌وه به گومانه‌کانیان ئه‌و شتانه بخوڵقێنن که بوونیان نییه، ده‌ستیان به‌و شتانه بگات که نه‌گونجانی (مستحيل – Impossible) وجودین، بۆیه کاره‌کته‌ره‌کان سه‌رلێشێواوی و ئاڵۆزی گه‌مارۆیان داون. ناوه‌رۆکی شیعره‌که‌ی (دلاوه‌ر)یش له چوارچێوه‌ی به‌ربه‌سته‌کانی بوون خۆی ده‌خاته به‌رده‌م گومان. هه‌رچی ناونیشانی شیعری (وه‌ک ترپه‌ی گه‌یینی قۆخێک / وه‌ک خه‌یاڵ کردنه‌وه‌ی چۆله‌که‌یه‌ک له‌فڕین) هه‌ڵگری ئاماژه‌یه‌کی بچووکه بۆ فۆرمێکی گه‌وره، به تایبه‌ت به‌شی دووه‌می ناونیشانه‌که گوزارشتی مێتافۆریانه‌یه له پاڵ وێنه‌ی شیعری. هه‌روه‌ها شیعری (ته‌یره‌کانی ئیسماعیل) هه‌ڵگری ناونیشانێکی سه‌رنجراکێشه، (باڵنده) یه‌کێکه له هه‌بووه‌کانی جیهان، به‌ڵام له‌م شیعره‌دا (ته‌یره‌کان) وه‌کو بوونه‌وه‌ری زاده‌ی سرووشت به ئێمه ده‌ناسرێن، که بوونه‌ته موڵکی بوونه‌وه‌رێکی دیکه ئه‌ویش مرۆڤه، که‌واته مرۆڤ به‌و دەستەڵاتهی له سرووشتدا هه‌یه‌تی، ده‌ست به سه‌ر زۆر شت‌دا ده‌گرێت، له ئێستادا ترسناکترین دیارده‌ی مرۆڤ له به‌رانبه‌ر سرووشتدا ته‌کنه‌لۆجیایه. له ناوه‌رۆکی شیعره‌که‌دا جۆرێک له یه‌کێتیی بوون له‌نێوان بوونه‌کاندا دروست بووه. ناونیشانی شیعری (من خوێنی باڵنده‌یه‌کم له‌به‌ر ده‌ڕوا…!) دووباره دروست کردنی یه‌کێتیی بوونه له‌نێوان بوونی باڵنده و (من)ی مرۆڤدا. زانست له ڕێگەی خوێنی گیاندارانه‌وه ئه‌وه‌ی بۆ ئاشکرا کردووین، کە هه‌ر گیاندارێک خەسڵەت و پێکهاته‌ی فیسیۆلۆجیی تایبه‌ت به خۆیی هه‌یه، له‌م ناونیشانه‌دا مرۆڤ و باڵنده به یه‌که‌وه تێکه‌ڵ کراون، به‌وه‌ی هه‌ر بوونه‌وه‌رێکی سرووشت له چه‌ند خه‌سڵه‌ت و پێکهاته‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی هاوشێوه‌ی یه‌کترن، بۆ نموونه (سه‌گ) خوێن و جه‌سته‌ی هه‌یه، به‌ڵام پێکهاته‌ی خوێنه‌که‌ی و توانا و شێوه‌ی جهستهکهیشی له هه‌ر گیاندارێکی دیکه جیاوازه، هه‌موو گیاندارێک فۆرمی ڕاستەقینەی خۆیی هه‌یه و پێی ده‌ناسرێته‌وه، بۆ نموونه هه‌ر کەسێک ده‌زانێت ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ری مرۆڤه، به‌ڵام ئه‌وه مانای وایه، که هه‌موو که‌سه‌کان خاوه‌نی یه‌ک ده‌روون و هۆشن؟ جیاوازیی مرۆڤ له جه‌سته‌که‌یدا نییه، به‌ڵکو له ده‌روون و ژیرییهکهیهتی. ئێمه که بیر له (سۆکرات) ده‌که‌ینه‌وه ڕاستەوخۆ خه‌یاڵمان بۆ فیکر و باوەڕی مرۆڤدۆستیی ئه‌و فه‌یله‌سووفه ده‌چێت و (هیتله‌ر)یش وه‌کو خاوه‌نی ده‌روونێکی شه‌ڕانگێز ده‌ناسین. ناونیشانی شیعری (که تۆ دێیت/ ڕەنگی به‌یانییم لێده‌نیشێت) به‌یانی وه‌کو کاتێک تێیدا شته‌کانی ده‌وروبه‌رمان نوێبوونه‌وه‌یه‌کی سرووشتی به خۆیانه‌وه ده‌بینن، له خه‌یاڵی مرۆڤ و لێکدانه‌وه‌کانیدا، (به‌یانی) هه‌میشه کاتی ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی چالاکییه سرووشتی و مرۆییه‌کان بووه، ته‌نانه‌ت (بووداییه‌کان)یش له ڕاهێنانه رۆحییه‌کانی خۆیاندا ئه‌م تێروانینه‌یان هه‌بووه، بۆیه کاتێک ئه‌م ناونیشانه شی بکه‌ینه‌وه، ده‌بینین هاتنی ئه‌وی دیکه ده‌بێته سه‌ره‌تای ده‌ست پێکردنه‌وه‌ی خود. هه‌ر وه‌کو له ناوه‌رۆکی شیعره‌که‌ی له‌وه تێده‌گین هاتنی ئه‌و ده‌بێته هۆی نوێبوونه‌وه‌ی ترس، دوودڵی، چاوه‌ڕوانی و شپرزه‌یی.
که‌واته ناونیشانی زۆربه‌ی شیعره‌کانی (دلاوه‌ر) ده‌روازه‌یه‌کی گرنگی تێکسته‌که به ڕووی ئێمه‌دا ده‌که‌نه‌وه، که له ململانێدان له‌گه‌ڵ ناوه‌رۆکه‌کان، هه‌ندێکجاریش هه‌ست به ته‌بایی ناوه‌رۆک و ناونیشانه‌کان ده‌که‌ین. له چه‌ند شیعرێکیشدا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت ناونیشان گوزارشته له ناوه‌رۆک و ناوه‌رۆکیش هه‌وڵێکه بۆ ته‌عبیرکردنی پڕاوپڕی ناونیشان.
چه‌مکی دڕنده‌یی و ماناکانی:
(مارتین هایدیگه‌ر) له کتێبی (شیعر، زمان، فیکر) گوزارشتی زۆر گرنگ له‌باره‌ی ئه‌ده‌ب به گشتی و ژانری شیعر به تایبه‌ت ده‌رده‌بڕێت، له یه‌کێک له ته‌عبیره‌کانی له‌باره‌ی شیعره‌وه ده‌ڵێت: “به‌بێ شاعیر و شیعره مه‌زنه‌کانیان، ئێمه ده‌بووینه دڕنده”، بێگومان ئه‌م تێڕوانینه‌ی (هایدیگه‌ر) گرنگه بۆ تێگه‌یشتن له کاریگه‌ریی زمانی شیعر له به‌رانبه‌ر ژیاندا. زمانی مێتافۆر که زمانی ئه‌ده‌به، تێکشکاندنی وێنه باوه‌کانی واقیعه، ده‌ربڕینێکی مێتافیزیکیانه‌یه له ئاست (بوون)دا. شیعر ڕووبەرێکی زۆر به‌رفراوانه بۆ زمان. ئایا شاعیران چی ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ له دڕنده‌یی رزگار بکه‌ن؟ ئاخۆ دڕنده‌یی چییه؟ تێڕوانین و دنیابینیی ئێمه له ئاست ئه‌وه چه‌مکه‌دا چۆنه؟ ئه‌و چه‌مکه زۆربه‌ی کات لای مرۆڤ به‌رانبه‌ر به ئاژه‌ڵه گۆشتخۆره‌کان به کار هاتووه، چونکه کاتێک هه‌ستی کردووه ئه‌وان هه‌ره‌شه‌ن بۆ سه‌ر بوونی، ڕاستەوخۆ بیری له‌وه کردووەتەوە به سه‌ریاندا زاڵ ببێت و به دڕنه ناوی بردوون. ئه‌گه‌ر کوشتن و له ناوبردن پێوه‌ر بن بۆ دڕندەیی (Ferocious)، له ڕووداوی کوشتنی (هابیل) له لایه‌ن (قابیل)ی برایه‌وه، له‌وه تێده‌گه‌ین، که مرۆڤ یه‌که‌م بوونهرهی دڕندهیە به‌رانبه‌ر به خۆی، ڕاوکردنی ئاژه‌ڵانیش هەر له لایه‌ن مرۆڤه‌وه بەڵگەیە بۆ دڕندەییی مرۆڤ لە به‌رانبه‌ر سرووشتدا. که‌واته مرۆڤ بۆ مانه‌وه‌ی خۆی، پێویست ده‌کات زۆرجار دڕنده بێت به‌رانبه‌ر به سرووشت و مرۆڤه‌کانی دیکه. (دلاوه‌ر) له چه‌ند شیعرێکیدا توانیویه‌تی وێنای دڕنده‌یی بکات.
له شیعری (بۆنی بخوور له ماڵه‌که‌ته‌وه دێ) به چه‌ند وێنه‌یه‌ک ، ئه‌و گوزارشت له به‌رهه‌مهێنانی دڕنده‌یی له شه‌ڕه‌کاندا ده‌کات و ده‌ڵێت:
(ئه‌ز ده‌ستم له‌سه‌ر دڵمه/ مامه شێخ/ رۆحم وا له‌نێو لهپمدا/ ده‌ڵێت: شه‌ڕ به خۆی و چهقۆکانییهوه/ ئه‌مجاره‌ش ده‌یه‌وێ/ خۆی له‌نێو لاپه‌ڕه‌کانی/ کتێبی ئهلف و بێی کوردیی/ مناڵه‌کانی/ خێڵی حه‌مه‌دا مات داته‌وه/ خۆی بگه‌یه‌نێته‌وه سه‌ر/ ملیان/ خه‌ونی ژیان/ شه‌ڵاڵ بکاته‌وه له خوێن/ مامه شێخ ده‌ڵێت: شه‌ڕ به خۆی و / نارنجۆکهکانییهوه/ ئه‌مجاره‌ش ده‌یه‌وێ/ باخچه بکاته‌وه به دۆزه‌خ/ گه‌ڕه‌ک پڕکاته‌وه له عیشقی ته‌ریو/ شه‌قام بکاته‌وه به داره‌مه‌یت/ تابلۆکانی ئیسماعیل خه‌یات/ پڕکاته‌وه/ له بێچووه پاساریی وه‌ریو!)
ئه‌م وێنه شیعرییه گوزارشتێکی ئیستاتیکانهیه له ئاست دڕنده‌یی شه‌ڕ، ئه‌و شه‌ڕانه‌ی له لایه‌ن مرۆڤه‌وه هەڵدەگیرسێن. جەنگی خوێناوی و شەڕی نامرۆڤانە و پڕ له دڕندەیی جێگای جوانی و ژیانی مرۆڤ ناکاته‌وه. شاعیر له ساده‌ترین کاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌کانی شه‌ڕه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات، تاکو ناشیرین‌ترین ئه‌نجامه‌کانی. منداڵ یه‌کێکه له قوربانییه‌کان، دڕنده‌یی شه‌ڕ مه‌ودای ویژدانی مرۆڤانه‌ی تێدا نابێته‌وه.
له شیعری (داد گوڵێ.. له باغانم نه‌ماوی!) دووباره ده‌مانخاته به‌رده‌م ئه‌و چه‌مکه و ده‌ڵێت:
(خودایه/ مه‌هێڵه ئه‌و هه‌وره بمانبینێ/ نه‌با تاوێکی تر/ بداته هاڕه‌ی گریان/ خودایه/ به‌و دره‌ختانه بڵێ/ ئه‌و ڕێگەیه چۆڵکه‌ن/ نه‌با تاوێکی تر/ سه‌ری خۆیان/ بنێن له‌حه‌وت چین بیابان/ خودایه/ ئه‌و ئهسپانهمان له کۆڵکهرهوه/ نه‌با تاوێکی تر/ وه‌ک ره‌شه‌با هه‌ڵکه‌ن له داخا/ خودایه/ ئه‌و کۆترانه به شتێکه‌وه بخافڵێنه/ نه‌با تاوێکی تر/ سه‌ری گمه‌یان بکێشن به شاخا/ خودایه/ ئه‌و په‌پوولانه بڵاوه پێبکه/ شه‌رم ده‌که‌ین ئاوه‌ها ڕه‌نگاوڕه‌نگ/ به ڕووتیی ببینرێین/ ….)
ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ئه‌م وێنه شیعرییانه بده‌ین، ڕووبەڕووی ساتێکی هه‌ره تراجیدیی ده‌بینه‌وه، که جه‌للاد به سه‌ر قوربانییدا هێناوه. جه‌للاد مرۆڤه و یه‌کێکه له ئێمه، هه‌ر مرۆڤیشیه ئەو ڕۆڵە ده‌گێڕێت. مادام مرۆڤ هه‌یه و جه‌للاده، ئه‌وا که‌سانێکیش هه‌ن که قوربانیین. ئه‌م وێنه شیعرییانه جۆرێک له شایه‌تیی تاوانه‌کان ده‌خەنه ڕوو، به‌ڵام ئه‌و شایه‌تییه دۆخێکی ناوه‌کییه، واته شایه‌تیدانێکی (testimony) خودییه، ئه‌م پرۆسه‌یه بۆ ڕازیکردن و گوزارشتکرنێکی خۆیه، نه‌وه‌ک رازیکردنی ئه‌وانی دیکه. له ڕێگەی هه‌ستی ئاژه‌ڵه‌کانه‌وه ته‌عبیر له ساته‌وه‌ختێکی هه‌ره تراجیدی کراوه، ئه‌م دڕنده‌ییه‌ش بۆ ئاستێکی مێتافیزیکی به‌رز کراوه‌ته‌وه. ئه‌م ده‌ربڕینه جوانییەکی خهمههژێنی هه‌یه، دیارخه‌ری قووڵاییه‌کانی دڕنده‌یین، له ئاست ئه‌و دڕنده‌ییانه شاعیر به زمانێکی مێتافۆریانه گوزارشت له کاریگه‌رییه شوومه‌کانی ده‌کات، تا ئه‌و ئاسته‌ی ئاژه‌ڵه‌کانیش ئه‌گه‌ر ئه‌و دڕندەییه ببینن، ئەسپەکان لە داخان وەک ڕەشەبا هەڵدەکەن، کۆترەکان سەری گمەیان بە شاخدا دەکێشن. سرووشت و ئاژه‌ڵه‌کان زمانیان نییه، به‌ڵام له ئاست دڕنده‌ییه‌کانی مرۆڤ، سرووشت راستتر بڵێین گه‌ردوون له‌م وێنه‌یه‌دا، سێنتراڵ و دۆخی ئاسایی خۆی له ده‌ست ده‌دات، دنیا ده‌بێته چرکه‌ساتێکی قیامه‌تی.
(دلاوه‌ر قهرهدهغی) له ڕێگەی شیعرییه‌کانه‌وه هه‌ستی مرۆڤ و گیانله‌به‌رانی دیکه پێکه‌وه گرێ ده‌دات. بۆ نموونه له شیعری (سه‌عات کڕێوه‌ی عه‌سرێک) هاتووه:
(له ده‌رگای ماڵی مێرووله‌یه‌کی ره‌فیقم/ ده‌ده‌یت/ شپرزه ده‌ڵێیت: ئه‌رێ نه‌تان دیوه؟)
&
(له‌گه‌ڵ کۆترێکی ره‌شبیندا/ ده‌که‌ویته گمه گم)
له‌م وێنه‌یه‌دا (من) هاوڕێی مێرووله‌م، (من) واته مرۆڤ و مێرووله‌یش یه‌کێکه له‌و گیاندارانه‌ی زمانی ده‌ربڕینی نییه، نه‌بوونی زمان و توانای قسه‌کردن لای (جاک دێریدا) تێڕوانینێکی فه‌لسه‌فیی لێ که‌وته‌وه، ئه‌مه‌ش جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نییه بۆ بیریارێکی وه‌کو (جاک دێریدا)، که فه‌یله‌سووفێکه کێشه‌ی زمانی لای بووەتە مه‌ته‌ڵێکی ئاڵۆز، بۆیه پێی وایه ده‌بێت به شێوه‌یه‌کی ئه‌قڵانی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ نه‌بوونی توانای قسه‌کردن لای ئاژه‌ڵان بکه‌ین و هه‌وڵ بده‌ین لێیان تێبگه‌ین. (دلاوه‌ر) هه‌وڵی داوه گوزارشت و هاویهکێتییهک له‌نێوان ئاژه‌ڵان و مرۆڤدا دروست بکات، بۆ نموونه له به‌شی دووه‌مدا کۆترێک رهشبنینه، کۆمه‌ڵێک پاڵنه‌ری مرۆیی و سرووشتی هه‌ن، که کۆترێک ره‌شبین دەکەن.
دروستکردنی پێوه‌ندییه‌کی وجودی له‌نێوان گیاندار و سرووشتدا فۆرمێکی ئیستاتیکانهیه، بۆ نموونه له شیعری (که تۆ دێیت/ ڕەنگی به‌یانییم لێده‌نیشێت!) له چه‌ند وێنه‌یه‌کدا ئه‌وه‌مان زیاتر بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه، وه‌کو هاتووه:
(به تامی به‌رسیله بوغز سوێند ده‌ده‌م/ زۆر بۆی دانه‌چێ … ژیان کورته/ ته‌وقه‌یه‌کی گه‌رم له‌گه‌ڵ خه‌یاڵدا ده‌که‌م/ سڵاوێکی شیرن ده‌نێرم بۆ مێرووله/ ئافه‌رینێکی قشت بۆ هه‌زارپێ/ هه‌ر بژییهکی ڕەنگاوڕەنگ بۆ ڕێحان/ پیرۆزباییه‌کی ته‌ڕ له حاجیله/ سه‌رخۆشییه‌کی گه‌وره له پڵنگ)
له‌م وێنه‌یه‌دا سرووشت و ئاژه‌ڵان دیوێکی جیاوازیان پێ به‌خشراوه و شاعیر به هۆیه‌وه پێوه‌ندییه هه‌ستییه‌کانی مرۆڤ و ئاژه‌ڵان ده‌رده‌خات. ئه‌م وێنه‌یه هه‌ستێکی نائومێدانەی تێدا به دی ده‌کرێت، واته شاعیر بۆیه خه‌یاڵی بۆ ئه‌و شتانه ده‌ڕوات، چونکه حه‌ز به پێوه‌ندییەکی سرووشتیانەی له‌و جۆره ده‌کات.
کۆتایی و نائومێدی:
له زۆربه‌ی شیعره‌کانی (دلاوه‌ر)دا رووبه‌رێک هه‌یه بۆ بیرکردنه‌وه له کۆتاییی تراجیدی و خهمگینبوون، له‌ودیو شیعرییه‌کانه‌وه چه‌ندین ئاماژه‌ی رهشیبینانه هه‌ن بۆ کۆتاییه‌کی سامناک، وه‌ک له شیعری (ته‌یره‌کانی ئیسماعیل)دا هه‌ستی پێ ده‌کرێت، به تایبه‌ت له وێنه‌کانی کۆتایی، وه‌ک هاتووه:
(وەک ئەو کاتەی/ لە وێنەکەدا پیاسەمان دەکرد و/ لە دڵی خۆماندا/ قاقا پێدەکەنین/ بێهوودە بۆ یەکتر دەگەڕاین/ بێهوودە بۆ یەکتر دەدواین/ بێهوودە سێبەرەکانمان/ لەگەڵ سێبەری تەیرەکاندا دەگۆڕییەوە/ بێدەنگ … هیچ مەڵێ/ وەک ئەو کاتەی لەناو ئەشیعەکانا/ بە ڕووتیی بەجێماین/ بێدەنگ … / ب/ ێ/ د/ه/ن/ه! /ها ئەمە وێنەکان/ ئەمەش نامەکانئەوەش ئەشیعەکان/ چرکەیەکە و/ هەموو شتێک/ تەواو!)
له‌م وێنه‌یه‌دا گه‌ڕانه‌وه‌ی شاعیر بۆ ڕابردوو، ته‌عبیره له ئێستایه‌کی تراجیدی، که تێیدا شته‌کانی ڕووبەڕووی کۆتایی ده‌بنه‌وه، گوزارشته له جێمانێکی رۆحی له ناو کاتدا. شاعیر له‌م وێنه شیعرییه‌دا گوزارشت له کۆتاییه تراجیدییه‌کان ده‌کات. هه‌ر له شیعری (من گهڕیدهیهکم به‌ناو ئه‌م شاره ساردانه‌دا…!) دووباره ده‌مانخاته به‌رده‌م هه‌ستێکی خهمههژێن، وه‌ک له سه‌ره‌تادا هاتووه:
(هیچ شتێک له‌م شاره ساردانه‌دا ڕوونادا/ هیچ شتێک دڵمان له‌م شاره ساردانه‌دا/ خۆش ناکا/ قه‌ده‌ری من تێکشکانێکی گه‌وره‌یه/ له‌م شاره ساردانه‌دا/ قه‌ده‌ری من رهقبوونهوهیهکی هه‌میشه‌ییه/ له ئاوێنه‌ی زوقمبهندی ئه‌م شاره ساردانهد/ هیچ جێگه‌یه‌ک وه‌ک ئه‌م شاره ساردانه/ ڕه‌ش ناچێته‌وه به به‌خت/ هیچ شتێک وه‌ک ئه‌م شاره ساردانه/ سپی ناچێته‌وه له ئومێد)
سه‌ره‌تا شاعیر پێمان ده‌ڵێت که هیچ شتێک له‌م شاره ساردانه‌دا ڕوو نادا و قه‌ده‌ری ئه‌و ڕهقبوونهوهیهکی هه‌میشه‌ییه. ئه‌و گوزارشت له‌وه ده‌کات، که ڕووداو ئاماژه‌یه‌کی ڕوونه، بۆ ئه‌وه‌ی (خود) هه‌ست به خۆی بکات، ڕوونه‌دانی هیچ شتێک ده‌بێته تێکشکانێکی گه‌وره، به بڕوای ئه‌و تێکشکانێکی وجودییه، ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به سێنتراڵی خۆمان له جیهاندا بکه‌ین، ده‌بێت بە سەر ڕووداوه‌کاندا پاز بده‌ین، به‌ڵام کاتێک قه‌ده‌ری ئه‌و تێکشکانێکی گه‌وره‌یه، ئه‌وا دووباره ده‌مانخاته به‌رده‌م ئه‌و چرکه‌ساته تراجیدییه، به زمانێکی شاعیرانه بڵێین له‌م شیعره‌دا هه‌ست ده‌که‌ین رۆیشتنێک هه‌یه ناگاته جێ، فڕینێک هه‌یه نیشتنه‌وه ناناسێ. له‌م وێنه‌یه‌دا هه‌ست به ته‌نیایی ده‌کرێت، که خودی دوور خستووەتەوە له ئه‌وانی دیکه، ئه‌م شێوه ته‌نیاییه من له شیعری (ڕاکردن به‌ناو سێبه‌ردا) ده‌یبینمه‌وه، که له یه‌کێک له وێنه‌کاندا هاتووه:
(تۆ ده‌زانیت/ که ده‌بێ هه‌میشه یه‌کێک هه‌بێ/ جارناجار له دڵه‌وه/ به‌ویتر بڵێ:/ چۆنیت ئه‌ی دۆست!/ ئه‌گینا رۆژێک دێ/ ژیان ده‌مانکوژێ/ ئه‌گینا رۆژێک دێ/ ته‌نیایی دهمانکرۆژێ!)
دیدێکی بوونخوازی بمانه‌وێت ئه‌م وێنه شیعرییه بخوێنینه‌وه، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت ئێمه له ڕێگەی ئه‌وانی دیکه‌وه هه‌ست به بوونی خۆمان ده‌که‌ین، ئه‌مه‌ش هه‌مان بڕوای (سارته‌ر)ه، که بوونی ئه‌وانی دیکه پێشمه‌رجه بۆ بوونی من. (دلاوه‌ر) له‌م وێنه‌یه‌دا گوزارشت له ته‌نیایی ده‌کات، ئه‌و ته‌نیاییه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ ژیان و بوونی مرۆڤ له جیهاندا. ئه‌م شێوه نائومێدییه من له شیعره‌کانی (بۆکوڤسکی)یشه‌وه ده‌یبینم. (بۆکوڤسکی) له ڕێگەی شیعرییه‌کانییه‌وه دهمانخهته به‌رده‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌کی قووڵ له مردن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی جوانییه، ئه‌وه‌یه، که (بۆکوڤسکی) به هۆی کۆمه‌ڵێک ڕەهەندی ژیانی، هه‌وڵی تێکشکاندنی مردن ده‌دات، وه‌کو سێکس، چێژ، هونه‌ر…تاد
دیاریکردنی سه‌رچاوه‌کانی نائومێدی له شیعره‌کانی (دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی) به‌نده به کۆمه‌ڵێک هۆکاره‌وه، یه‌کێک له هۆکاره‌کان ئه‌و کات و شوێنه‌یه، که شاعیر تێیدا ژیاوه، ئه‌و دابڕانه خودی و مرۆڤانه‌یه، که کاریان له هه‌ستی ئه‌و کردووه، دیاره له چه‌ند شیعرێکیدا ئێمه ده‌توانین ئه‌م مه‌به‌سته‌مان زیاتر ڕوون بکه‌ینه‌وه، به‌ڵام به بڕوای من یه‌کێک له وێنه شیعرییه‌کانی (جاده‌ی مێخه‌ک) گوزارشتێکی پڕاوپڕی دۆخی نائومێدی لای شاعیر ده‌کات، وه‌کو له وێنه‌یه‌کدا هاتووه:
(من دواین نهسلم/ له منداڵه مێخه‌ک فرۆشه‌کانی سه‌رده‌می/ فاشییه‌ت/ ئه‌وانی ترمان/ ساڵانێکی زۆر له‌مه‌وبه‌ر/ دوای شکست/ کاتێک به‌یانییه‌ک زوو به خه‌وه‌وه/ به پاسێکی ڕیم بۆ شه‌ڕیان بردین/ هه‌ر هه‌موو له ڕێگا خۆیان کوشت !)
ئه‌م وێنه‌یه گوزارشت لە هه‌ستی نائومێدیی شاعیر و لە دۆخێکی تراجیدی ده‌کات، به‌ڵام زمانێکی هێمن له پاڵ ده‌ربڕینی وێنه‌کاندا هه‌یه. سه‌رده‌می فاشییه‌ت کاریگه‌رییه‌کی نێگەتیڤی له‌سه‌ر هه‌ست و ئینسانییه‌تی که‌سه‌کاندا جێ هێشت، وه‌ک له‌م وێنه شیعرییه‌دا کاتێک هه‌ر هه‌موویان بۆ شه‌ڕ بردن، له رێگا خۆیان کوشت. دیاره خۆکوشتن چه‌ندین فاکتەری فیکری و سایکۆلۆجیی هه‌یه، به‌ڵام له‌م وێنه‌یه‌دا گوزارشته له تێکشکانی مرۆڤ و به‌هاکانی.
دۆخێکی دیکه‌ی ناسه‌قامگیریانه‌ی شاعیر، که له شیعره‌کانیدا هه‌ست پێ ده‌کرێت، گهڕیدهبوونیهتی. ئه‌و گه‌ڕیده‌ییه بۆ شوێنكی نادیاره، گهڕیدهبوونه به دوای ئه‌وی دیکه‌دا، که خودی شاعیر پێیه‌وه به‌نده، ئه‌مه‌ش دووباره له شیعری (جاده‌ی مێخه‌ک) به شێوه‌یه‌کی جوان ته‌عبیری لێ کردووه، هه‌ر وه‌ک له دواین وێنه‌دا هاتووه:
(ئێواره‌یه‌ک/ له‌م جاده‌ی مێخهکهدا/ دڵم ختووره ده‌کا و / دێت به سه‌رما/ که باش وایه/ زوو به زوو بچمه ماڵه‌وه/ خێرا … ده‌موچاوێک بشۆم/ قژێک دابێنم/ جانتاکه‌م بپێچمه‌وه و/ به په‌له … تا دڕەنگ نه‌بووه/ به پێی پیاده بڕۆم!/
هه‌میشه هه‌نگاوه‌کانم ده‌ژمێرم/ تا بزانم چه‌ند لێته‌وه دوورم/ من ئیدی به تۆ موعتادم/ من تازه له تۆدام/ من هه‌میشه له سنووری تۆ/ له مه‌ودای مێخه‌ک/ له بازنه‌ی باراندام!)
له‌م دێرانه‌دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت هه‌میشه دوودڵییه‌ک هه‌یه بۆ سه‌فه‌رکردن و گه‌ڕان به دوای شته ونبووه‌کانی خوددا. هه‌موو ئه‌و هه‌سته سایکۆلۆجییانهی، که له‌م شیعره‌دا ڕووبەڕوویان ده‌بینه‌وه، ئاماژه‌ن بۆ جۆرێک له ناسه‌قامگیریی خود. دیاره ئه‌و خوده بوونی په‌یوه‌ست بووه به (ئه‌وی دیکه)ەوە، واته خودێکی دیکه که ته‌واوکه‌ری خودی خۆیه‌تی، بگره پێیه‌وه موعتاد بووه، ئه‌مه‌یش کۆمه‌ڵێک پاڵنه‌ری خه‌یاڵی و سایکۆلۆجیین که وا ده‌که‌ن جۆرێک راکێشانی خودی له‌نێوان که‌سه‌کاندا دروست ببێت، هه‌ر وه‌کو شاعیر له‌م شیعرییه‌دا وێنای کردووه. به‌ڵام موعتادبوونی خود به ئه‌وی دیکه‌وه وای کردووه شاعیر به چه‌ندین وێنه‌ی جیا جیا گوزارشت له ئه‌وی دیکه بکات. بۆ نموونه له شیعری (تۆ له که‌س نه‌چوویت، که‌س له تۆ نه‌چوو) زۆر نائومێدانه گوزارشت له‌و دۆخه سایکۆلۆجییه ده‌کات، له کۆتایی شیعره‌که‌دا هاتووه:
(تۆ له که‌س نه‌چوویت/ له‌س له تۆ نه‌چوو/ که‌س وه‌ک تۆ دڵڕەقانه/ خۆشی نه‌ویستم/ که‌س وه‌ک تۆ میهره‌بانانه/ جێی نه‌هێشتم!
که‌س له تۆ نه‌چوو/ تۆ له که‌س نه‌چوویت/ که‌س وه‌ک تۆ … له ئه‌زه‌له‌وه به دوامدا نه‌گه‌ڕا!/ که‌س وه‌ک تۆ …. تا ئه‌به‌د/ بزری نه‌کردم )
له‌م شیعره‌دا چه‌ندین مانای پێچه‌وانه و دژ به یه‌ک وێنا کراون، ئه‌مه‌ش وا ده‌کات گشت دیوه شاراوه‌کانی بابه‌تێک به شێوازی جیاواز بدۆزرێنه‌وه. بۆ نموونه پێکه‌وه‌گرێدانی (دڵڕەقی) و (خۆشه‌ویستی) گوزارشتێکی جوانه له دوو هه‌ستی دژ به یه‌ک. ئه‌م دیوه دژ به یه‌کانه هه‌ڵگری خاڵی پۆزیتیڤ و نێگەتیڤن، بۆ نموونه ئه‌و که‌سه گه‌ڕیده‌یه‌ک بووه به دوای (من)ی شیعرهکەدا، به‌ڵام له هه‌مانکاتدا بۆ هه‌میشه ونی کردووه.
وابه‌سته‌بوونی خود به ئه‌وی دیکهوە بۆ چه‌ند هۆکارێک ده‌گه‌ڕێته‌وه، مرۆڤ له ڕێگەی ئه‌وی دیکهوە هه‌ست به بوونی خۆی ده‌کات، ده‌کرێت بڵێین ئه‌وی دیکه وه‌کو ئاوێنه‌یه‌ک وایه بۆ ده‌روونی ئه‌و که‌سه. ئه‌مه‌ش زیاتر له شیعری (که تۆ دێییت/ ڕه‌نگی به‌یانییم لێده‌نیشێت!) به‌رجه‌سته بووه، وه‌کو هاتووه:
(کۆ تۆ دێیت ژیان ساده ده‌بێته‌وه/ ساده‌تر که هۆنینه‌وه‌ی ملوانکه‌یه‌کی/ پچڕا‌و/ ساکارتر له خۆهه‌ڵدانه/ نێو خه‌ڵوه‌تی سه‌حرای زاهیدێک و / هه‌ڵقوڕاندنی جامێک ئاو/ که تۆ دێیت/ مردن ده‌بێته شتێک هاسان/ وه‌ک بازدان به‌سه‌ر جۆگه‌یه‌کدا/ وه‌ک داکه‌ندنی کراسێکی دڕا‌و/ وه‌ک ههڵزنینی نیوه‌ڕوانی منداڵیی/ به دیواری ماڵی شاعیرێکدا و / ڕووشانی ئانیشک و / ته‌ماشاکردنێکی خێرای/ قژداهێنانی ئاوێنه … به شانه‌ی با/ له‌به‌ر هه‌تاو)
که‌واته ئه‌وی دیکه پاڵنه‌رێکی سه‌ره‌کیی هه‌سته سایکۆلۆجییه‌کانی شاعیره، تا ئه‌و ئاسته‌ی مردن ده‌بێته شتێکی زۆر ئاسایی، ئه‌مه له کاتێکدا ئێمه له چه‌ندین تێکستی ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فیی ڕووبه‌ڕووی ترس له مردن ده‌بینه‌وه، وه‌کو ئه‌وه‌ی لای (تۆڵستۆی) هه‌ستی پێ ده‌که‌ین، که ژیان هه‌میشه له ژێر هه‌ره‌شه‌ی مردندایه. که‌واته ئه‌و که‌سه‌ی که بوونی ئه‌وی پێوه به‌نده و ته‌واوکردنی ناتهواوتییهکانی ده‌روونی شاعیره، ئه‌وا له پاڵ ئه‌مه‌دا کۆمه‌ڵێک بۆشایی ده‌روونی له ژیاندا پڕ ده‌کاته‌وه، تا ئه‌و ئاسته‌ی خودی ئێمه به بێ ترس له ژیاندا بژیێت و فۆبیای مردن بە سەریدا زاڵ نه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بوونی له ژێر رکێفی هه‌ر هه‌ستێکی نەگەیتڤ ده‌ر بهێندرێت.
ده‌ستکه‌وتنی ئه‌وی دیکه له فۆرمێکی له‌و شێوه‌یه‌دا، ئاسان نییه، چونکه هه‌میشه مه‌ودایه‌کی ڕه‌شبینانه له شیعره‌کانی (دلاوه‌ر)دا هه‌ست پێ ده‌که‌ین. ئه‌م ره‌شبینییه من زیاتر له شیعری (من له شارێکی زۆر دوورم) هه‌ست پێ ده‌که‌م. وه‌کو هاتووه:
(دوور … له پشتمانه‌وه/ سێ به‌له‌مه‌وانی ته‌نیا له‌نێو زه‌ریادا دیارن/ کڵاوه‌کانیان ڕاوه‌شاندووه و/ پێده‌چێ … خواحافیزی بکه‌ن له که‌سێک/ له‌مبه‌ره‌وه،/ یان سڵاو بۆ وێنه‌گره‌که بنێرن/ بایه‌ک له وێنه‌که‌دا هه‌ڵیکردووه/ تنۆکێک ئاو ده‌تکێته سه‌ر پێڵاوه ڕه‌شه‌که‌ت/ خاڵخاڵۆکه‌یه‌ک له‌سه‌ر په‌نجه‌ی شایه‌تمان/ ده‌نیشته‌وه/ ده‌نگی فڕینی ناکاوی کڵاوکۆڕهیهک … / هه‌ورێک ڕاده‌چڵه‌کێنێ/ که به‌سه‌ر ده‌وه‌نێکه‌وه خه‌وی لێکه‌وتووه/ نمه نمه ده‌نۆڕین/ وێنه‌گره‌که ده‌ڵێ ئاماده و/ ئێمه له‌نێو بروسکه و شه‌سته‌بارانێکی ناکاو/ ون ده‌بین! )
سه‌رنج بده‌ین هه‌موو شتێک له‌م شیعره‌دا به دۆخێکی ئاسایی‌دا تێده‌په‌ڕێت، که فۆرمی جوان و تایبه‌تیان به خۆیانه‌وه گرتووه. هه‌موو شتێک به شێوه‌ی خۆی و به زمانێکی هێمن وێنا کراوه. به‌ڵام له کۆتاییدا ئێمه ڕووبەڕووی چرکه‌ساتێکی ره‌شبینانه ده‌بینه‌وه، ئه‌ویش ونبوونه له دۆخێکی هه‌ره هه‌ستیاردا، له کاتێکدا که هه‌موو شتێک به شێوه‌ی ئاساییانه‌ی خۆی ده‌گوزه‌رێت. که‌واته مه‌ودایه‌ک هه‌ر هه‌یه بۆ ره‌شبینی.
ده‌رئه‌نجام
دنیابینیی (دلاوه‌ر) جوانییه‌کی تایبه‌ت به خۆیی هه‌یه، خودی ئه‌و جوانییه په‌یوه‌سته به‌و تێڕوانین و دیدگایه‌ی شاعیر له ڕێگەیه‌وه ته‌عبیر له ناوه‌وه‌ی خۆی ده‌کات، گوزارشتکردنی له خۆ (Self – expression) خوێندنه‌وه‌ی قووڵ هەڵدەگرێت، لای (هایدیگه‌ر) گوزارشتکردن (expression) هۆی سه‌ره‌کییه و ئێمه له ڕێگەیه‌وه ده‌توانین له مه‌به‌ستی بوونی خۆمان تێبگه‌ین. (هایدیگه‌ر) له کتێبی (بوون و کات)دا ئه‌و پرسیاره ده‌ورووژێنێت، که مه‌به‌ست چییه له ته‌عبیرکردنی بوونمان؟ (Heidegger/ Being and Time/ P.35). ئه‌وه‌ی من له شیعره‌کانی (دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی)دا ده‌یبینم، هه‌وڵی به‌رده‌وامی ئه‌وه بۆ گوزارشتکردن له خود.
(دلاوه‌ر) زۆر که‌ره‌سته‌ی سه‌رنجراکێش به کار ده‌هێنێت بۆ گوزارشت له خود، بۆ نموونه له شیعری (باوکه په‌نجه‌ره‌که بکه‌وه/ قسه‌یه‌ک له دڵمدا ماوه/ ده‌یڵێم ..!) له وێنه‌یه‌کدا هاتووه:
(ئێواره‌یه‌ک دادێ/ کوڕه‌که‌م دێته‌وه‌و… بۆته عاشق/ پاڵتۆکه‌ی داده‌که‌نێ و/ ده‌ڵێ:/ وای باوکه/ چ بارانێکی قایمه له ده‌رێ/ وای باوکه .. خه‌ریکبوو/ ڕه‌هێڵه بمخوا/ وای باوکه.. هێنده‌ی نه‌مابوو/ چه‌تره‌که‌م/ بۆ دوور .. دوور بمڕفێنێ و / ههربمبا/ وای باوکه.. وای باوکه/ تا گه‌یشتمه‌وه ماڵه‌وه/ هه‌زاران که‌ڕه‌ت دڵم شکا/ هه‌زاران جۆر تام لێهات/ هه‌زاران قه‌زه‌م هاتنه سه‌ر ڕێم)
ئه‌مانه و چه‌ندین وێنه شیعریی دیکه ڕەهەندی سه‌رسامکردن، ئیکزۆتیک و میتافۆری تێدا به کار هاتووه. له‌م وێنه‌یه‌دا ئه‌و گوزارشت له قووڵیی ئازاره‌کانی عیشق ده‌کات، له ڕێگەی کاره‌کته‌رێکه‌وه هه‌سته‌کانی خۆی وێنا ده‌کات، ئه‌م شیعره زیاتر له شێوازی پێشبینییexpectation))ه‌وه نزیکه، که ئه‌و پێشبینییه له ڕێگەی ژینه ئه‌زموونی experience ڕابردوو دروست بووه، واته ده‌کرێت بڵێین شاعیر له ڕێگەی وێناکردنی داهاتووەوە، گوزارشت له ڕابردووی خۆی ده‌کات. (دلاوه‌ر) یه‌کێکه له‌و نووسه‌ره ئه‌ده‌بییانه‌ی له گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی به‌رده‌وامدایه بۆ ڕابردوو، چونکه لای ئه‌و ڕابردوو کاتی بیره‌وه‌ری، فه‌نتازیا و دنیابنیییهکی منداڵییه. (دلاوه‌ر) وه‌کو (شێرزاد حه‌سه‌ن)، (کاروان کاکه‌سوور) و (یوسف عێزه‌دین) توانیویه‌تی له ڕێگەی وێناکردنی ڕابردوویه‌کی گریمانییەوە، گوزارشت له هه‌ست و دنیابینیی ئێستای خۆی بکات، دیاره نووسه‌رانی دیکه‌شن هه‌ن که هه‌وڵی له‌م شێوه‌یان داوه.