پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به رۆمانی (پێنجه‌مین كتێب) ی جه‌بار جه‌مال غه‌ریب
” به‌ر له‌چوونه ناو باس:
ئه‌وه‌ی هه‌ر له سه‌ره‌تادا وای لێكردم به‌دواداچوونێك له‌سه‌ر ئه‌م رۆمانه بكه‌م، زوو ده‌ركه‌وتنی ره‌گه‌زه ستراكتۆرییه‌كانی رۆمان بوون بۆم، له‌م هه‌وڵه‌ی رۆماننوسدا. ئه‌و ویستویه‌تی به‌هۆی ئه‌م تاڵه ده‌زووانه كارێكی جوان و شیاو بچنێت، كه له‌لایه‌ك ببێته جێی سه‌رنج و رامان و له‌لاكه‌ی دیكه‌ش ببێته جێی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنی و خوێندنه‌وه بۆی. ئه‌وه‌ی له‌م رۆمانه‌دا ده‌مه‌وێ چه‌ند سه‌رنجێكی له‌سه‌ر بده‌م خه‌یاڵی نووسینی رۆمانه‌كه و رایه‌ڵه‌كانی ناوه‌وه‌یی و تێكهه‌ڵكێشی شیعر به رۆمان و زمانێك كه له زۆر جومگه‌دا ئه‌فسانه به بنه‌ماده‌گرێت، یان ئه‌فسانه ده‌بێته باڵی زمان و ئازادتتری ده‌كات له‌وه‌ی له ریاڵدا ده‌رده‌كه‌وێت. له‌گه‌ڵ تێكهه‌ڵكێشبوونی خه‌مه گه‌وره‌كانی هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی ( كورد – ئه‌رمه‌ن ) و جیاوازییه شیكارییه‌كانی ناو تراژیدیای قڕكردن و ئه‌نفال له‌ڕێی كاراكته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی ناو رۆمانه‌كه و ململانێی كولتوره جیاوازه‌كانیش پانتایێكی وه‌رگرتووه، كه له هه‌ندێك جێ‌دا ده‌چنه‌وه ناو یه‌ك و له زۆر شوێنیش‌دا زۆر له‌یه‌ك دوورده‌كه‌ونه‌وه. تا رۆیشتنی مه‌وداكانی ئه‌م رۆمانه بۆ سه‌ر سنووره‌كانی ئیرۆتیك و سێكس و ره‌هه‌نده قووڵه‌كانی شیكارییه ده‌روونییه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی چه‌ندین هه‌ڵه و كه‌موكوڕیی، كه به‌زه‌قی به‌دیاركه‌وتوون چ له هه‌ڵه‌ی زمان بێت چ له هه‌ڵه‌ی چاپ بێت، كه ئه‌م رۆمانه‌ی وێرانكردووه‌و وا هه‌ستده‌كرێت به هیچ شێوه‌یێك پێداچوونه‌وه‌ی بۆ نه‌كرابێت.
چوونه ناو باس:
رۆمانی (پێنجه‌مین كتێب)، نووسینی جه‌بار جه‌مال غه‌ریب، چاپی یه‌كه‌م 2009.چاپخانه‌ی خانی ( دهۆك).ئه‌مه ئه‌و رۆمانه‌یه كه ده‌مه‌وێت له خواره‌وه پێداچوونه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر بكه‌م…ئه‌م رۆمانه به كۆمه‌ڵێك پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی و چه‌ندین پاڵه‌وانی تر، كه ته‌نها ده‌كرێ ناویان بنێن ناوه‌كانی ناو ئه‌م رۆمانه له‌به‌ر كه‌می رۆڵیان و راگوزه‌ری ده‌ورییان له‌ناو ئه‌م رۆمانه‌دا. نموونه هه‌ره به‌رچاوه‌كانیش گوڵ عه‌تری ئامۆزای ژه‌نیار موراد به‌گ و راهیبه‌كه‌ی شافیتۆس لا 41، یارۆ سه‌ید عه‌زیز، خه‌لفه‌ی وه‌ستا شێله ئۆنان لا 158 و برایمه سوور لا208، یان میر چاوك و سیزار لا 247 ،یان خاڵۆ ژیاكۆی پیری ئه‌رمه‌نی،لا 284،یان ” مام شالیار و پوره نازناز، لا 290″. به‌ڵام تێكهه‌ڵكێشێكی جوان و جۆره هاڕمۆنییه‌ك چێكراوه كه هه‌مووی به‌سه‌ر یه‌كه‌وه خه‌یاڵ و بابه‌تی سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه له خۆ ده‌گرن. ئه‌وه‌ی له‌م رۆمانه تێگه‌یشتین، به‌ده‌ر له شێوازی ژیانی خێزانه‌كان باس له كولتوری هاوبه‌ش و جیاوازی ئه‌و میلله‌تانه ده‌كات كه به‌یه‌كه‌وه‌ن یان هاوسنوورن و به كۆمه‌ڵێك جیاوازیشه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كتری هه‌ڵده‌كه‌ن و ده‌شێ كه‌سانی سه‌ر به‌م دوو كولتوره جیاوازه له نێو یه‌ك ماڵ و وه‌ك یه‌ك خێزان به‌یه‌كه‌وه بژیێن. یان خۆشه‌ویستیێكی پڕ له رۆمانسی له‌م نێوانه‌دا به‌رهه‌مبێت، هه‌ر بۆ نموونه، كارۆلینی په‌روه‌رده‌ی رۆژئاوا، ده‌كه‌وێته نێو عه‌شقێكی رۆژهه‌ڵاتیانه. ئه‌وه‌ی گرنگه له‌م رۆمانه‌دا و هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر كراوه و وه‌ك ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م رۆمانه زۆرترین پانتایی داگیركردووه، پێكهاته‌ی خێزانێكی كوردی – ئه‌رمه‌نییه، كه نهێنییه‌كانی ناو ژیانی تایبه‌تی هه‌ریه‌كه‌یان ده‌بێته په‌یامی سه‌ره‌كیی رۆمانه‌كه. ئه‌م لایه‌نه شاراوه و تاریكه‌ی ناو ژیانی هه‌ر پاڵه‌وانێك وات لێده‌كات زۆر قووڵببیته‌وه، واتا به ته‌واوی پێچاوپێچه‌كانی ناو ژیانی هه‌ریه‌كێك به چاو و خه‌یاڵێكی رۆشنه‌وه ته‌ی بكه‌ی. له ماوه‌ی خوێندنه‌وه‌دا ته‌واو هه‌ست ده‌كه‌یت بوویته موسافیرێكی خه‌یاڵی. واهه‌ست ده‌كه‌یت له‌ماڵێكدایت و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك مرۆڤی خه‌یاڵی هاوده‌می. هه‌ریه‌كه‌ی باس له ئه‌ندێشه‌ی خۆی ده‌كات و سواری سه‌ر باڵی خه‌یاڵه نه‌ورسییه‌كانی ده‌بێت و ده‌ریا به‌ده‌ریا ده‌بڕێت تا خه‌یاڵه‌كانی تری به‌رامبه‌ر ته‌واوكات. به‌شێوه‌یێكی گشتی چنینی رایه‌ڵه‌كانی خه‌یاڵ زۆر هونه‌رییانه‌یه، ئه‌وه‌ی به‌هێزتریشی كردووه ئه‌و ده‌ربڕینه فه‌لسه‌فیانه‌یه كه ناوه ناوه له سه‌ر زمانی یه‌كێك ده‌پژێ. یان پڕكردنییه‌تی به‌و ئه‌فسانانه‌ی مێژووی كۆنی رۆژهه‌ڵات بیرده‌خه‌نه‌وه. یان ئه‌و وه‌سفه‌ی له هه‌ندێك رسته‌دا سه‌رسامانه راتده‌گرێت” ئه‌و دڵانه‌ی ده‌فڕن هێنده ته‌نك ده‌بنه‌وه كه هیچیان له‌سه‌ر نانووسرێ، لا 28″ یان” له به‌شی ( با) دا كه وه‌سفئامێزه ، لا103-104-105″.یان” روخساری ژه‌نیار مورادبه‌گ له زاری كاكۆ وه( ئه‌و ده‌موچاوه بێگه‌رد و ساكاره‌ی ده‌بووه كێڵگه‌ی مین و له‌هه‌ر كام لاوه سه‌یرت كردبا پێتدا ده‌ته‌قییه‌وه، لا 111″. یان ” كاكۆ سه‌ره‌تا حه‌ز له‌و وێنانه ده‌كات بابی له وشه بۆی دروست ده‌كات، لا 14″.یان ” عاشقه‌كان ته‌مه‌ن كورتترین نه‌وه‌ی مرۆڤن، لا 127″ له‌گه‌ڵ ئه‌م رسته جوان و پڕ له وه‌سف و سه‌رسامكه‌رانه‌شدا له هێندێك شوێندا هه‌ست به له‌نگی زمان ده‌كه‌ین” با كراسه فش و ره‌نگاوره‌نگه‌كانمان پڕ با ده‌كات، لا 140″ یان” هه‌موو كاروانه‌كه، سپی بوون و خوێنی هه‌موو له‌شیان داچۆڕاو تا ئه‌ژنۆیان خوێن دابه‌زی، هه‌موو وه‌ك په‌یكه‌ری سپی ده‌یانڕوانییه یه‌كتری، به‌یه‌ك ده‌نگ گوتیان:، لا 135″ یان ” به‌فر هه‌موو كێوه‌كانی داپۆشیبوو، رۆژێكی خۆش بوو، لا 208″ له‌نگییه‌ك له هاتنی ئه‌م دوو رسته‌یه به‌دوای یه‌كدا هه‌یه. هه‌روه‌ها چڕكردنه‌وه‌ی خه‌یاڵ و فیكر و ئاره‌زووی ده‌ربڕین له خاڵێكدا یه‌كده‌گرنه‌وه و گوزارشتێكی جوان به‌رهه‌مدێت. یان رۆماننووس هاتووه په‌یوه‌ندییه‌كی دیالێكتیكی به‌هێزی له نێوان قه‌شه جۆلیۆس و كاكۆ‌و كارۆلین و باخه‌واندا دروستكردووه تا بتوانێ قسه له‌سه‌ر یه‌كه‌م سێوی پڕ بیانوو بكات، كه ئاده‌می پێ له به‌هه‌شت ده‌ركرا هه‌ر ئه‌م سێوه‌شه كه ئه‌وان ناویان ناوه ( سێوی ئاخیره‌ت) .”سێوی ئاخیره‌ت ده‌وایه‌كی دیكه‌یه بۆ ئینسان تا بیباته‌وه بۆ به‌هه‌شت. سێوێك بمانباته‌وه ناو رێگاكانی خۆشه‌ویستی، لا 56. له‌م رۆمانه‌دا سنوورێك نه‌ماوه‌ته‌وه له‌نێوان ژیان و مردن … واقیع و خه‌یاڵ ، هه‌روه‌ها گرێچنكراوه به كۆمه‌ڵێك سیمبول كه ده‌شێ ئێمه له‌م رۆمان‌دا به جۆرێكی تر كۆده‌كانیان بكه‌ینه‌وه و هه‌ندێك بۆخۆیان ده‌دوێن و هێندێكیشیان پێویستیان به‌دواداگه‌ڕان هه‌یه و ئه‌وانی تریش به نهێنی ده‌مێننه‌وه تا كۆتایی رۆمانه‌كه. ده‌كرێت له‌به‌ر گرنگی ئه‌و ده‌فته‌ره به‌رگ چه‌رمه‌ی دایكی كاكۆ ( ئارتووش- ئارتۆش) كه قورسایی سێبه‌ری به‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌م رۆمانه‌دا دیاره، بڵێین ئه‌مه یه‌كێكه له ده‌زووه هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی چنینی رسته‌كانی ئه‌م رۆمانه. كه باس له تراژیدیای ئه‌رمه‌نه‌كان ده‌كات له گرتن و كوشتن و سووتاندن. له‌م رۆمانه‌دا رۆماننووس پێچه‌وانه‌ی رۆمانی سه‌مه‌رقه‌ندی ئه‌مین مه‌علوف ته‌لیسمه‌كه ده‌شكێنێ، كه‌چی ئه‌مین مه‌علوف له رۆمانی سه‌مه‌رقه‌ند سیحری ناو كه‌شكۆڵه‌كه به‌تاڵ ناكاته‌وه‌و هه‌موومان له چاوه‌ڕوانی دۆزینه‌وه‌ی رسته‌كانی ناو كه‌شكۆڵه‌كه جێده‌هێڵێ. كه‌واته په‌یامی ناو رۆمانه‌كه، كه بۆته بابه‌تی سه‌ره‌كیش تێیدا گێڕانه‌وه‌ی رووداوه مێژووییه‌كانه به زمانێكی جیاوازتر له زمانی زانستی مێژوویی، ئه‌مه‌ش شێوازێكی جوانی ناو جیهانبینی ئه‌ده‌به كه زۆر نووسه‌ر كاری به‌پێزیان له‌سه‌ركردووه. ده‌كرێت له‌و په‌یامه‌وه ئاسانتر تێبگه‌ین كه ده‌ڵێت” ئه‌ی ئه‌رمه‌نی له‌هه‌ر جێگایه‌ك هه‌بی، پێ به خۆڵه‌مێشدا مه‌نێ، ده‌شێ گریانێك له ناخیدا نووستبێ!! لا 108″ . به‌ڵام ئایا خوێنه‌ری كورد هاوشێوه‌ی ئه‌م رسته‌یه‌ی له شیعری به‌رزی “سه‌ربازی ونی” عه‌بدوڵا په‌شێو به‌رچاو نه‌كه‌وتووه؟، بێگومان به‌ڵێ، چونكه كورد و ئه‌رمه‌ن له مێژوودا هاوقه‌ده‌ربوونه. ئه‌گه‌ر كورد له مێژوویێكی نزیكدا رووبه‌ڕووی ئه‌نفال و جینۆساید بووبێته‌وه ئه‌وا ئه‌رمه‌ن هه‌مان نه‌هامه‌تیان بینیوه و رۆماننووس زۆر جوان وێنای كردووه و ئه‌و توانیویه‌تی له كه‌مترین كاراكته‌ر زۆرترین رووداو بگێڕێته‌وه. ئه‌گه‌ر سه‌رنجی به‌شی ( مووس لا 186) بده‌ین ده‌بینین ده‌چێته خانه‌ی گێڕانه‌وه‌یێكی مێژوویی، كه دواجار ده‌بێته په‌یامێكی دیاری ناو ئه‌م رۆمانه، دیاره پێشتریش له‌لایه‌ن چه‌ندین نووسه‌ر و رۆمانووسه‌وه كار له‌سه‌ر ئه‌م په‌یامه‌كراوه كه ئاماژه بۆ ئه‌رمه‌نه‌كان بكات. دیارترینیان رۆمانه‌كانی ئیبراهیمی یونسی به‌ڕه‌گه‌ز كوردی فارسی نووسن، هه‌موو هه‌وڵه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره به‌رز ده‌نرخێنرێن و جوانن…له‌وانه‌ش جوانتر تێكهه‌ڵكێشكردن و به فه‌نتازیاكردنی وێنه‌كان له‌لایه‌ن نووسه‌رانه‌وه. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌و خه‌یاڵه‌ی ئێمه هه‌مانه بۆ ئه‌نفال و كاره تراژیدیاكانی… له‌م رۆمانه‌شدا نووسه‌ر به ئاوێته‌كردنی ژیانی ( كورد – ئه‌رمه‌ن ) و لێكدانی زه‌مه‌نه‌كان، ده‌مانباته نێو فه‌زایه‌كی تراژیدی، كه گرێچنكراوه به رسته‌ی شیعری و فه‌لسه‌فیی و ئه‌فسانه‌ئامێز و ته‌نانه‌ت هێندێك سروتی ئایینی و پرانسیپه‌كانی ناو كولتوری رۆژهه‌ڵات – رۆژئاوا و خه‌یاڵێكی فراوان كه مۆسیقا بۆشاییه‌كانی پڕده‌كاته‌وه.. له‌لایه‌كی تره‌وه لێكچوونی پاڵه‌وانه‌كان له رۆمانێك بۆ رۆمانێكی تر و هاوشێوه‌بوونی بابه‌ته‌كانیش زۆرجار دووباره‌بۆته‌وه، بۆیه هه‌ر له سیاقی ئه‌م بابه‌ته‌دا لێكچوونی زۆر هه‌یه له نێوان وێنه‌كانی ئه‌م رۆمانه‌و رۆمانی نزا بۆ ئارمێنی ئیبراهیمی یونسی، وه‌كو ئه‌ڤینتوو له رۆمانی پێنجه‌مین كتێب و ئارمێن له رۆمانی نزا بۆ ئارمێن. شێخ له رۆمانی پێنجه‌مین كتێب و شێر ئاغا له رۆمانی نزا بۆ ئارمێن ، یه‌عقوب له رۆمانی پێنجه‌مین كتێب و رێوی – رووبیك له رۆمانی نزا بۆ ئارمێن. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای چیرۆكه هاوشێوه‌كه‌یان. هه‌روه‌ها لێكچوونی مورادی ژه‌نیار به‌گ له‌گه‌ڵ پاڵه‌وانه‌كانی ناو رۆمانه‌كانی گابریل گارسیا ماركیز له پێشبڕكێی رابواردن له‌گه‌ڵ سۆزانییه‌كاندا به تایبه‌ت له رۆمانی به‌یادی سۆزانیه غه‌مباره‌كانم، باسه‌یری ئه‌م دوو رسته‌یه بكه‌ین” ژه‌نیار سه‌رده‌مێك ناو و نیشان و كورته پێناسێكی هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ی ده‌نووسی كه سه‌رجێی له‌گه‌ڵ ده‌كردن….. هه‌تا په‌نجا و شه‌ش كه‌سیان به‌رده‌وام بوو…،ئه‌م رۆمانه، لا 163″ئه‌وه‌ی تر “له بیست ساڵیه‌وه ده‌ستمكرد به نووسینه‌وه‌ی لیستێك له‌ناو و شوێن و ته‌مه‌نی ئه‌و ئافره‌تانه‌ی له‌گه‌ڵیاندا رامبواردبوو . ته‌نانه‌ت هه‌ندێك تێبینی سه‌یریشم تۆماركردبوو….. تاوه‌كو په‌نجا ساڵیم له‌گه‌ڵ پێنج سه‌د و چوارده ئافره‌تدا خه‌وتبووم،…رۆمانی به‌یادی سۆزانیه غه‌مباره‌كانم، لا 17″. هه‌روه‌ها بیركه‌وتنه‌وه‌ی جه‌نه‌ڕالی پایز به‌هۆی هه‌ڵكۆڵینی ناو له‌سه‌ر دار، لا247″. ئه‌مه جگه له به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌كی هوشیارانه‌ی ژیان و به‌سه‌رهاته‌كانی ئه‌نفالكراوه كورده‌كان كه كۆمه‌ڵێك رسته‌ی به‌پێز و وێنه‌ی شیاوی لێخواستوون كه له زمانی شایه‌تحاڵه‌كانه‌وه راگه‌یه‌نراون و لێره له‌م رۆمانه‌دا به‌شێوازێكی جوان ته‌وزیفكراون، نموونه‌ی هه‌ره به‌رچاویش نیشاندانی سه‌گ وه‌ك لاشه خۆر له لا 182 و بیرهێنانه‌وه‌ی سه‌گه ڕه‌شی نوگره سه‌لمان دوا ماڵی ئه‌نفالكراوه كورده‌كان. له به‌شێكی ئه‌م رۆمانه‌دا وێنه‌ی مرۆڤی ئه‌وروپی وا پیشانده‌دات كه من گومانم له‌م ته‌وزیفكردنه هه‌یه و پێموایه یه‌ك لایه‌نی بۆ مه‌سه‌له‌كه‌ی رووانیووه كه ده‌ڵێت” من ویستم وه‌ك ئاده‌میزادێك بژیم و خه‌ریكی هه‌ناسه و گه‌وره‌بوونی خۆم بم و عه‌قلێكی ئه‌وروپاییم هه‌بێ و هه‌موو دنیا بمرێ بڵێم: كێشه‌ی خۆتانه و ده‌ست له كێك خواردنی خۆم هه‌ڵنه‌گرم، لا 169″. !!.ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ی بۆ بێموبالات نیشاندانی مرۆڤی ئه‌وروپی بێت ئه‌وا نیشانه‌ی پرسیاری ده‌كه‌وێته سه‌ر، به‌ڵام ده‌شێ له پشتی ئه‌و په‌یامه‌وه بیه‌وێ ئه‌وه‌مان پێبڵێت: خێرا تێكه‌ڵبوونی كورده له‌گه‌ڵ كولتوری رۆژئاوا و له‌خۆدا به‌رجه‌سته‌كردنی به‌بێ كێشه و نه نه‌واندنی هیچ ته‌عه‌سوبێكی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینه. هه‌ر له‌پاڵ ئه‌م په‌یامه‌دا (چاوه‌ڕوانی) پانتایێكی فراوانی پێدراوه تا ئازادانه بتوانێ مورادیفه‌كانی ئه‌نفال و جینۆساید ئاماژه پێبكات… بێگومان ئه‌نفال روونترین ئاوێنه‌ی به‌رده‌م چاوه‌ڕوانییه… له دوای ئه‌نفالكردن چاوه‌ڕوانی قوڵتتر بووه‌وه، مانایه‌كی فراوانتری به‌خۆوه بینی. ئه‌ویش وه‌ك ده‌یان چه‌مكی تر كه‌وته نێو فه‌رهه‌نگی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی… هه‌ر چاوه‌ڕوانییه خه‌یاڵی مرۆڤ پڕ باڵتر ده‌كات، زۆرجار ئه‌سرین و زۆرجاریش ئاهێكی سارد له‌سینه‌دا ئازاد ده‌كات …بۆیه بێحیكمه‌ت نیه كارۆلین له دوا رسته‌ی به‌شی چاوه‌ڕوانی ئه‌م رۆمانه‌دا ده‌ڵێت:” ژیان به‌رگه‌ی چاوه‌ڕوانی ناگرێت، لا 248″. هه‌روه‌ها ره‌شبینی وه‌ك دیوێكی تری چاوه‌ڕوانی له ده‌ربڕینه‌كانی جیمس پۆڵ بڕاونی وێنه‌گر به تۆخی باسی لێوه‌كراوه و ده‌ڵێت:” حه‌زم ده‌كرد وه‌ك ئه‌و سه‌دان منداڵ و گه‌نجه سه‌رم بخه‌نه سه‌ر ته‌ختی قه‌سابه‌كان و سه‌رم ببڕن، لا 19- 20″. بێگومان دروستبوونی وێنایه‌كی وا بۆ وێنه‌گرێكی به ئه‌زموونی وه‌ك ئه‌م پیاوه له دوای بینینی ده‌یان رووداوی تراژیدیی سه‌رهه‌ڵده‌دات كه رووبه‌ڕووی ئه‌رمه‌نه‌كان ده‌بێته‌وه. به‌ڵام له به‌رامبه‌ر تراژیدیایه‌كی هاوشێوه‌دا كاكۆی باوك كورد په‌شیمانی دایده‌گرێ له رسته‌یه‌كدا ده‌ڵێت: چیدی نامه‌وێ خوێنی باوكم به ئازادی له‌ناو جه‌سته‌ی مندا بگه‌ڕێ ، نا ، نامه‌وێ خوێنی كورد ئیدی بمكوژێ و هه‌موو رۆژێكم مردن و ترس و ریسوایی بێ، لا 288..
هه‌روه‌ها له‌به‌شێكی تری ئه‌م رۆمانه‌و له لا250 باس له ئارتووشه‌كان ده‌كات و ده‌ڵێت: هه‌ر هه‌موویان له وشه‌ی نهێنی ده‌ترسن… نهێنی ژیانی ئینسان وێران ده‌كات و به‌خته‌وه‌ری لێده‌ستێنێ” …ئه‌م چه‌ند رسته‌یه پێچه‌وانه‌ی ژیانی ئارتووشه‌كانه ، چونكه ده‌بێت ئه‌وان نهێنی پارێزبن تا بژیێن تا بتوانن خۆ حه‌شارده‌ن تا رزگاریان بێت ئه‌وه‌تا له به‌شێكی ئه‌م رۆمانه له‌سه‌ر شاردنه‌وه‌ی رازی خۆیان چ ده‌ڵێن”ئێستا دێن لێت ده‌پرسن ، بڵێ من موسڵمانم ، بڵێ پێغه‌مبه‌ری من موحه‌مه‌ده، ئه‌و نێردراوی خودایه، بڵێ خودا دنیای له‌به‌ر خاتری خۆشه‌ویستی ئه‌و دروستكردووه، بڵێ ژنه‌كانی، باوه‌ڕه‌كانی، خزم و كه‌سیم خۆشده‌وێن، بڵێ باوه‌ڕم به زیندووبوونه‌وه هه‌یه، بڵێ كتێبی من قورئانه، بڵێ باوه‌ڕم به چاره‌نووس هه‌یه.لا 193″. دواجار ئه‌مه گۆڕینی ئایینه له سریانی بۆ ئیسلام له ژێر هه‌ڕه‌شه، كه ئه‌مه گێڕانه‌وه‌یه‌كی مێژوویی رووته‌و ته‌لقینكردنی سریانیێكه بۆ به ئیسلامی‌بوون. له‌م رۆمانه‌دا كه چه‌ند گێڕه‌ره‌وه‌یه‌ك هه‌ن له‌وانه ناز جه‌واهێرخان یه‌كێكیانه كه پاڵه‌وانێكی سه‌ره‌كیی رۆمانه‌كه‌یه، بۆیه گێڕانه‌وه و قسه‌كانی ده‌كرێت ببنه به‌شێك له كۆ گوتاری ئه‌م رۆمانه و هه‌ر له‌ڕێی ئامۆژگاریێكیدا بۆ كاكۆ ده‌ڵێت: ” هاوار بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌چێته ناو حیكایه‌تێكه‌وه تێیدا له‌دایك نه‌بوو… . ئه‌و حیكایه‌تانه به ئه‌ندازه و پێوانه ده‌ژین و ده‌گێڕدرێنه‌وه. تۆش ته‌نها گوێیان بۆ بگره، مه‌چۆ ناویانه‌وه… .لا 170″. له‌م په‌ره‌گرافه‌دا به‌دیارده‌كه‌وێت كه‌وا ئه‌م چیرۆكه، چیرۆكێكی پیرۆزكراو و موقه‌ده‌سه، نه‌زیاده هه‌ڵده‌گرێ، نه‌ده‌كرێ لێی كه‌مكرێته‌وه. ئه‌مه‌ش دواجار په‌یامێكی ئاینییه له زاری ئاینپه‌روه‌رێكی ساده ده‌بێژرێ. ده‌كرێت به‌دووه‌م په‌ره‌گراف كه له، لا 133 دا له‌باره‌ی وێنه‌ی سه‌ید حوسێنی جیهانگیره‌وه ده‌گوترێت ئه‌مه پشتڕاستبكرێته‌وه. یان كه‌ده‌ڵێت: با خوێنی منیش برژێ، خوێنی من هیچ له خوێنی ئه‌و وێنه‌یه گرنگتر نیه، لا 134″. یان ئه‌و قودسیه‌ته‌ی دراوه‌ته ئه‌سپ و به ئه‌سپی شه‌هید ناوبراوه، لا135 له هه‌مان كاتدا، له لا 228دا وشه‌ی (خه‌ریكه بتۆپم)ی به‌كارهێناوه، ئه‌م جێگۆڕكێ پێكردنه یاریكردنه به قودسییه‌تێك كه باوه‌ڕ و زمان به‌رهه‌میان هێناوه. هه‌روه‌ها رۆماننووس، له لا 218 دۆنادۆنیشی به گیانی كاراكته‌ره‌كاندا كردووه تا زیاتر بیرۆكه به‌كارهاتووه‌كان لێكنزیككاته‌وه یان هه‌ر له‌هه‌مان لاپه‌ڕه‌شدا چۆته سه‌ر ئه‌و بیردۆزه‌یه‌ی كه ده‌ڵێت: مرۆڤ له كۆمه‌ڵه تیشكێك پێكهاتووه” سه‌ید حوسێن رووی نه‌ده‌بینرا هه‌موو له‌شی ببووه هه‌زاران باڵنده‌ی رووناكی، لا 219″.
له‌نێو ئه‌و هه‌موو جه‌نجاڵییه‌ی له رۆمانه‌كه‌دا هه‌یه، مۆسیقا فه‌رامۆش نه‌كراوه و كیشوه‌رێكی تری بۆ مۆسیقا دۆزیوه‌ته‌وه و له رسته‌یه‌كی پڕ مانادا ئاوا گوزارشتی لێكراوه” ئه‌و كپییه‌ی به‌فره تاكه شتێكه كه مۆسیقا هیچی پێنابه‌خشێ و هیچیشی لێ حاڵی نابێ، لا 177″. له هه‌مووشی جوانتر ناونانی كۆپڵه مۆسیقایه‌كانه به‌ناوی شیاو، ئه‌وه‌ی له هه‌موویان زیاتر جێی سه‌رسامیم بوو ” ئاهه‌نگی په‌ڕه‌نده‌ی سه‌ر ده‌ریابوو، لا304″.له‌به‌ر چیرۆكه پڕ توێكڵه‌كه‌ی كه لێره دووباره‌ی ناكه‌مه‌وه، به‌ڵام دیسان ئه‌وه جه‌ختكراوه‌ته‌وه كه مۆسیقا ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌نگ و خوسته‌كانی سروشته، ئه‌مه چینییه‌كانیش په‌یڕه‌وییان لێكردووه و له شارستانێتی ئه‌وان بۆ ته‌واوی ئه‌و میلله‌تانه گوزه‌ری كردووه كه به‌جۆرێك له جۆره‌كان له‌ژێر كاریگه‌ری شارستانێتی ئه‌وان دابوونه، به‌ڵًگه‌ی ئه‌مه‌ش له زنجیره ته‌مسیللی دۆنگ یی كۆرییه‌كان به‌دیار ده‌كه‌وێت، كاتێك ژه‌نیاره‌كان له‌سه‌ر ئاوازی باڵنده‌كان ئامێره‌كانیان ده‌ژه‌نن.. ئه‌مه تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی زۆر گرنگ بووه له‌لایان. هه‌روه‌ها گۆشه‌یه‌كی تر له‌م رۆمانه‌دا سیحری ژماره‌كانه به‌و نهێنییه‌ی له‌گه‌ڵ خۆدا هه‌ڵیده‌گرن.. به تایبه‌ت ژماره ( 13 ) كه له به‌شی (نوور) دا چه‌ندباره‌بووه‌ته‌وه، ئه‌م ژماره لێره‌دا به‌پێچه‌وانه‌وه شووم نیه، به‌ڵكو بۆته كۆدی مۆسیقایه‌كی پڕ سیحر….”مۆسیقا” له‌دوای ( 13 ) رۆژ ئێشكگرتن به‌دیار په‌یكه‌ری ره‌نج سورخی ده‌شنه‌ون”. له به‌شێكی تر په‌یامی رۆمانه‌كه‌دا ئه‌وه تێده‌گه‌ین كه‌وا رۆژهه‌ڵات ئێستاش مایه‌ی سه‌رسامبوونه، “ئه‌و وڵاته‌ی بۆی چووی پڕپڕه له‌و ده‌فته‌رانه، بابت له‌به‌ریان هه‌ڵاتووه و تۆش به‌ره‌وپیریان چووی، لا 190″ ئه‌مه له‌سه‌ر زاری (ئارتووش كورده- ئارتۆش كورده) دایكی كاكۆ به كاكۆ گوتراوه، ئاماژه‌یه بۆ سه‌ره‌تاكانی ده‌ركه‌وتنی كتێبه پڕ ئه‌فسوونه‌كانی رۆژهه‌ڵات به كتێبه ئاینییه‌كانیشه‌وه. یان له‌لایه‌كی تره‌وه توانجه بۆ باوكی كاكۆ، كه به‌خێرایی تێكه‌ڵ به كولتوری رۆژئاوا ده‌بێت و ئاوا له‌به‌رده‌م موحسینی ئه‌تایی باس له ژیان و چاره‌نووسی خۆی ده‌كات” ئاغا شیرازی تۆ ئێستا ناوی شاره‌كه‌ی خۆت به قونه‌وه‌یه، من وڵاته‌كه‌م و تایفه‌كه‌م و گونده‌كه‌شمان له‌بیرچۆته‌وه…كێشه‌ی كه‌س ناكه‌مه هی خۆم، سه‌د كه‌س بكوژرێت ئاوڕ ناده‌مه‌وه، ده‌ڵێم: كێشه‌ی خۆیانه… گوێ له كۆنسێرت ده‌گرم و بۆ فیلمێكی به‌ناوبانگ شه‌و له‌سه‌ره‌ی بلیت بڕیندا ده‌خه‌وم. كۆڵانه و كۆڵان به‌دوای قونچكه جگه‌ره‌یه‌كدا به‌دوای كلینكسێكی پیس و فڕێدراودا ده‌گه‌ڕێم، گه‌ڵا له‌به‌ر من له‌كاتی وه‌ریندا ناگاته زه‌وی هه‌ڵیده‌گرمه‌وه. سه‌ری ساڵان به‌هه‌ر نرخێك بێت به‌رگی بابه نوئێل ده‌كڕم و له‌به‌ری ده‌كه‌م و منداڵان ده‌خه‌مه پێكه‌نین… لا 275- 276″.
له‌به‌شێكی تری رۆمانه‌كه‌دا رۆماننووس ته‌واو كه‌وتۆته هۆنینه‌وه‌ی وتارێكی مێژوویی – سیاسی كه تێیدا ئه‌و رۆژانه به نه‌فره‌ت ده‌كات كه كوردی تێدا رووبه‌ڕووی تراژیدیابۆته‌وه. ئه‌و ده‌یه‌وێ خۆی ده‌رهاوێ له وه‌ها فه‌زایه‌ك، ده‌یه‌وێ ئه‌م رووداوانه‌ی رابردوو له ئاینده‌دا به‌ربینی نه‌گرن و نه‌چێته‌وه‌سه‌ریان،. ئه‌وه‌ی له‌م به‌شه‌دا تێبینی ده‌كرێ و به جیاواز له‌گه‌ڵ كۆ گوتاری رۆمانه‌كه جیاواز ده‌رده‌كه‌وێت، زه‌مه‌نه.. من تا ئێره وام هه‌ستده‌كرد له‌نێو فه‌زای زه‌مه‌نێكدا گوێبیستی كۆ رووداوه‌كان ده‌بم كه زه‌مه‌نی تراژیدیای ئه‌رمه‌نه‌كان به‌ده‌ستی عوسمانییه‌كانه، كه‌چی لێره و له‌م به‌شه‌دا و به‌دیاریكراویش له دووه‌مین په‌ره‌گرافی، لا 228 دا رۆماننووس له زاری كاكۆوه ده‌مانهێنێته‌وه سه‌ر پێناسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد كه خۆ له ئه‌نفال و كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه ده‌بینێته‌وه. له‌م په‌یامه‌دا رۆماننووس بیر له كاڵبوونه‌وه ده‌كات… ئه‌م كاڵبوونه‌وه‌یه .. ئه‌م هه‌موو نه‌فره‌ته له تۆڵه‌كردنه‌وه، هیچ نیه جگه له‌وه‌ی پێمان بڵێت با مێژوو جارێكی تر دووباره نه‌بێته‌وه. ئه‌مه له‌لایه‌ك له‌لاكه‌ی تر كورتكردنه‌وه و تێكهه‌ڵكێشكردنی دوو زه‌مه‌نه كه ماوه‌ی نێوانیان سه‌د ساڵێك ده‌بێت، كه هه‌ردوو زه‌مه‌نه‌كه گوزارشت له یه‌ك رووداو ده‌كه‌ن. كه‌واته ده‌توانین بڵێین له‌م رۆمانه‌دا تراژیدیای ئه‌رمه‌نه‌كان كراوه به به‌هانه تا له كونی ئه‌م ده‌رزییه‌وه باس له تراژیدیای نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی بكات. هه‌روه‌ك ده‌بینین دووباره بوونه‌وه‌ی رۆڵی ئه‌وكامێرامانه‌ی كه وێنه‌ی عومه‌ری خاوه‌ر ده‌گرێت و ناوبانگێكی گه‌وره به‌م وێنه‌یه‌وه په‌یداده‌كات له كه‌سێتی جیمس پۆڵ بڕاون (ئه‌و پیاوه‌ی وێنه‌ی چووه سه‌ر به‌رگی كتێب و لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می رۆژنامه‌كان، لا 19 ) ده‌بینینه‌وه. یان كێ ده‌ڵێ ئه‌و فۆتۆگرافه‌ره توركه كه وێنه‌ی عومه‌ری خاوه‌ری به‌جیهانیكرد هه‌مان جیمس پۆڵ بڕاون نیه كه له توركیادا وێنه‌ی قوربیانیانی ئه‌رمه‌نی ده‌گرێت ؟ . هه‌رچه‌نده ته‌كنیكی نووسینه‌كه پێچه‌وانه‌كه‌یمان پێده‌ڵێت به‌ڵام ئێمه ئه‌وه به فێڵێكی ئه‌ده‌بی تێده‌گه‌ین. ئه‌و به‌ناویه‌كداچوونی تراژیدیایانه لای رۆماننووس ستایلێكی تری داوه‌تێ ئه‌ویش هاتنه ناو یه‌ك چوارچێوه‌ی ژیانه له نێوان ژه‌نیاری موراد به‌گی به ره‌گه‌ز كورد و ئارتووش یان ئارتۆشی به‌ڕه‌گه‌ز ئه‌رمه‌نیی و كۆكردنه‌وه‌یانه له بۆته‌ی یه‌ك خێزانی به‌خته‌وه‌ردا. به‌رهه‌می ئه‌م دووانه‌ش كاكۆیه، كه له سه‌ره‌تای رۆمانه‌كه تا دوا پنتی له‌گه‌ڵماندا دێت و هه‌ڵگری په‌یامه راسته‌قینه‌كه‌ی ناو ئه‌و رۆمانه‌یه به كۆمه‌ڵێك نهێنی كه بۆ كردنه‌وه‌ی گرێیه‌كانی ئه‌م نهێنیانه ده‌بێت زمانێكی تر بزانین ئه‌ویش زمانی ئه‌فسانه‌كانه. له دوا سه‌رنجه‌كانمدا و له به‌شێكی تری سه‌رنجڕاكێش له رۆمانه‌كه‌دا كاركردنی رۆمانووسه له‌سه‌ر ئیرۆتیك و سێكس، كه زیاتر به ژیانی ژه‌نیاری مورادبه‌گی به‌ستۆته‌وه.. ئه‌و پیاوه كورده‌ی رۆژئاوای كردۆته دوا مه‌نزلی خۆی و پیاوه‌تیی و نێرینه‌یی خۆی له‌وێ تاقیده‌كاته‌وه و سۆزه‌كانی نیشتمان له به‌رامبه‌ر سۆزی باوه‌شی كچێكی نه‌شمیل په‌نهانده‌كات. هه‌روه‌ها ئاماژه‌كردن به كاوڕی دولی ئاماژه‌كردنه به پێشكه‌وتنه‌كانی زانست، كه هه‌رچه‌نده زۆر هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر نه‌كراوه‌ته‌وه.لا 91″.
ئه‌فسانه:
گرنگی زۆری پێدراوه و بۆته هۆكاری توندبوونی تۆنی مۆسیقا و په‌رتكردنی خه‌یاڵ… له په‌ره‌گرافێكدا ده‌ڵێت” شیعرێك نووسراوه‌ته‌وه گوایه عاشقێك سه‌د‌و هه‌شتاوچوار رۆژ له‌ده‌وری ئه‌و ماڵه ماوه‌ته‌وه هه‌ر به په‌نجه‌كانی به‌بێ به‌كارهێنانی ئاسن و چه‌كووچ ئه‌و شیعره‌ی له‌سه‌ر ئه‌و به‌رده هه‌ڵكه‌ندووه، لا 35″ یان ” له‌به‌رده‌م ده‌رگای ماڵه‌كه له‌سه‌ر گه‌ڵایه‌كی گه‌وره كه زه‌مه‌ن نه‌یتوانی بوو ره‌نگی به ته‌واوی بسڕێته‌وه به‌مووی سه‌ر نووسرابوو( تا مردن مۆسیقا)، لا 37″ یان خانووه‌كه‌ی ئۆڕانۆس له هه‌مان لاپه‌ڕه‌دا یان باڵنده‌ی ئه‌فسانه‌یی( تۆس) ئه‌و باڵندانه‌ی ته‌نها له‌سه‌ر ئاو ده‌ژین ئه‌ویش ئاوی ئیمان، لا 41″ یان كه‌نیسه‌ی جۆلیۆس كه هه‌میشه هه‌ڵم و ته‌م دایپۆشیووه، لا 43″ یان ده‌فته‌ره به‌رگ چه‌رمه‌كه‌ی ئارتووش كورده ” ده‌شێ شارێكی سه‌ربه‌خۆ یان وڵاتێكی ون یان نه‌ته‌وه‌یه‌كی له‌ده‌ستچوو بێت، لا 104″ یان له لاپه‌ڕه 220 دا كه به‌شی (منداڵ) ه له‌م به‌شه‌دا سه‌ره‌داوه‌كانی تێدا ده‌ستنیشانكردوون كه بوونه‌ته هۆی هۆنینه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكه و ئه‌وه‌ی تێشیدا باڵاده‌سته ئه‌فسانه‌یه و رۆڵی كه‌سه ئه‌فسوونیه‌كانیش به‌ر پیره‌ژنێك و منداڵێك بڕاوه كه یه‌كێكیان له دروستكردنی كارێزی هه‌زار ده‌ریا و رواندنی ئه‌م وێنه‌یه له خه‌یاڵی تاك به‌تاكی خه‌ڵكه‌كه ده‌ستی هه‌یه، ئه‌وه‌ی تریشیان ره‌نگكردنی جیهانه به عه‌قڵی منداڵێكه‌وه، هه‌روه‌ك له بڕگه‌یه‌كدا ده‌ڵێت: منداڵی ئازیز هه‌زار شوكور تۆ نه‌بای گوڵه‌باخ ئه‌و سووریه‌ی له‌كوێ ده‌هێنا، تۆ نه‌بای یه‌ك ره‌نگ جیهانی كۆتایی پێدێنا، بینینی بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ی ده‌كوشت”. ئه‌م رستانه بێگومان رسته‌ی شیعریشن..هه‌روه‌ها مرواری ئه‌فسووناوی “ئه‌و مروارییه‌ی ره‌نگێك نیه بۆ وێنه‌گرتن، لا133″.هه‌روه‌ها پێچه‌وانه‌بوونه‌وه له‌گه‌ڵ پرانسیپه‌كانی ئایین” ئه‌و توانیبووی مردنی خۆی بووه‌ستێنێ و مۆڵه‌تی لێوه‌رگرێ، لا 156″. هه‌روه‌ها نهێنی گوڵه سوڵتانی لا 147″، كه به‌ڕای من جوانترین گوڵی خه‌یاڵكرده به‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی خۆیه‌وه، هه‌ر ده‌ڵێی گوڵێكه و رۆماننووس له باخچه‌كانی به‌هه‌شت خواستوویه‌تی. هه‌روه‌ها داری ئه‌فسوناوی ناو حه‌وشه‌كه، كچی ناز جه‌واهێرخان ده‌ڵێ:” دایه، دارێكی ئاواش، هه‌ر ئاوا پرچ شۆڕ له دڵی مندا روواوه، رۆژێك لق و گه‌ڵاكانی له سنگمه‌وه دێنه‌ده‌ر، لا 237 یان گه‌نجیبوونی باخه‌وان، لا 248. كه لێره‌دا بازدانێكی وشیارانه به‌سه‌ر پێوانه‌كانی ساڵكراوه و گه‌نجێتی له نێو چوارچێوه‌ی ژماره و پێوانه‌كان ده‌رهێنراوه و به‌ستراوه‌ته‌وه به‌جاویدانی باخه‌وه. یان نهێنی ده‌ركه‌وتنی ئۆرانۆس و ئه‌فسانه‌ی كلیل و ده‌رگا حه‌رامكراوه‌كان، لا 314. هه‌روه‌ها له لا 170 ناڕۆشنییه‌ك له‌م په‌ره‌گرافه‌دا به‌دیده‌كرێت كه ده‌ڵێت: ئێمه ته‌نها له‌وه نه‌گه‌یشتین، كه بۆچی شه‌ره‌فه‌دین كه تا ئه‌وپه‌ڕی په‌ژمورده و غه‌مگین و بێده‌سه‌ڵات بوو ئه‌و رۆژه له كارێزه‌كه هاته‌ده‌ر و مه‌لا یارۆ وشكه له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو توانا و شاره‌زاییه‌ی نه‌هاته‌وه‌ده‌رێ و به قووڵایی كارێزه‌كه‌داچوو. له كاتێكدا له‌چه‌ند رسته‌یێكی پێشتردا ئه‌وه‌نووسراوه” هه‌رچه‌ند كه‌س بچنه ناو ئه‌و كارێزه ته‌نها یه‌كێكیان دێنه‌ده‌ر”.
كورته چیرۆك:
مۆسیقاژه‌ن” لا 34، 35
ئه‌و كوڕێكی وریا‌و داهێنه‌ربووه، به‌یانیان زوو له‌گه‌ڵا باڵنده‌كان له‌خه‌و هه‌ستاوه و ئاوازێكی نه‌رم و پڕ سیحری لێداوه، خه‌ڵكی ئه‌و شاره ده‌هاتن و له‌په‌نا دیوار و باخچه‌كانی ده‌وری ماڵه‌كه‌ی داده‌نیشتن. ئه‌ویش بێ‌ئاگا و ته‌نها بۆخۆی له‌و شه‌وه ده‌هاتن و چاوه‌ڕێی به‌ئاگاهاتنی باڵنده‌كان و ژه‌نیاره لاوه‌كه‌یان ده‌كرد، ئه‌و ژن و پیاوانه‌ی سه‌رده‌مێك بوو خۆشه‌ویستیان بیرچووبۆوه ده‌هاتن و له‌بن دارێك به‌دیار گوڵێكه‌وه داده‌نیشتن تا له‌گه‌ڵ سپێده چاوكرانه‌وه‌ی گوڵه‌كه‌وه، ژه‌نینی مۆسیقاكه ببیستن”.
سیمبول:
هه‌رچه‌نده ده‌ستنیشانكردنی سیمبوله‌كانی ئه‌و رۆمانه كارێكی ئاسان نیه، به‌ڵام ده‌كرێ ئاماژه بۆ فڕین بكه‌ین وه‌ك ره‌مزێك بۆ ئازادی و تێگه‌یشتنێكی كلاسیكی بۆی. یان به‌ردی شووشه‌یی ” تاكه شووشه‌ی ره‌ش له‌شێوه‌ی خۆی له دنیادا، ئه‌و عاشقانه‌ی زیاره‌تی ئه‌و به‌رده ده‌كه‌ن هیچیان كه‌متر نیه له‌وانه‌ی به‌دوای نامه‌كه‌یدا ده‌گه‌ڕێن، لا 63 یان ره‌نگی ئه‌و به‌رده زاڵ ده‌بێ به‌سه‌ر ره‌نگه‌كانی دی، لا 65″. ده‌كرێت زیاره‌تكردنی ئه‌و به‌رده ره‌شه شووشه‌ییه و تاقانه‌كه‌ی له دنیا و پیرۆزییه‌كه‌ی خوازراوبێت.. هه‌روه‌ك چۆن له رسته‌یه‌كدا ده‌ڵێت” ئه‌و كارێزه بۆ ئێمه ئاوی زمزمه، لا 142 . هه‌روه‌ها كامێرا بۆته سیمبول و له‌م رسته‌یه‌دا پێناسه‌ی بۆكراوه” ئه‌وه سندوقی رۆحی هه‌زاران منداڵی ئه‌رمه‌نییه، لا 77″. شیعر له نێو ئه‌م رۆمانه‌دا:
ستاتیكای نێو ئه‌م رۆمانه به‌شێكی زۆری له‌و رسته شیعرییانه‌دایه كه هه‌وڵمداوه ده‌ریانبێنم كه به‌شێكیان له به‌شی( خۆر)دا له، لا 27 به‌دیارده‌كه‌ون” ده‌ڕۆم به‌سه‌ر پشتی هه‌وره‌كاندا ده‌ڕۆم ، ده‌چمه ناوهه‌تاو…..من ده‌ڕۆم به پۆست یه‌ك باره خۆر‌ت بۆ ده‌نێرم، به‌نامه پارچه‌یه‌كت خۆر بۆ حه‌واڵه ده‌كه‌م….من ته‌نها فڕین ده‌زانم فڕین، لا 27 و 28″.یان ” وه‌ك به هه‌ڵم بوونی ئاونگ و ته‌ڕایی سه‌ر گه‌ڵا و ئاره‌قكردنه‌وه‌ی نێرگز، لا 34″. یان ” قه‌شه جۆلیۆس پڕ ده‌بێت، پڕ ده‌بێت له مۆسیقای باران، ئیدی پێویست ناكات به‌دوای تارمایی پشت وشه‌كاندا بگه‌ڕێ، لا 53″. یان دیسانه‌وه كچێك به كراسی ئاودامانی كه‌سكه‌وه، به‌ڵێ به هه‌مان كراسی ئاودامانی كه‌سكه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له دڵۆپه‌كانی باران دروست بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی باران بێت و له هه‌وادا راوه‌ستابێت،لا53″ یان” سێوێك بمانباته‌وه ناو رێگاكانی خۆشه‌ویستی، سێوێك ده‌ستمان بگرێ ، كچێ كارۆلین، كچی به‌فر و سه‌ما ئێمه كوێرین كوێر، من له‌بیرم چۆته‌وه ره‌نگی چاوه‌كانی تۆ چۆنن، نازانم له‌رینه‌وه‌ی ده‌نگت چۆنه، نا سێوێكمان ده‌وێت، پێی ده‌ڵێین سێوی ئاخیره‌ت، سێوێك ناوی من و تۆ پێكه‌وه بنووسێنێته‌وه، سێوێك ده‌سته‌كانمان پڕ ته‌زوو كاته‌وه و پێستمان بخرۆشێنێ، لا 56″. یان ” كچێ هه‌موو دنیا جێده‌هێڵم ودێمه‌وه لای تۆ، لا 75″. یان ” له‌دوای میهره‌بانی خودا ژن و ته‌نها ژن ئارامبه‌خشه، لا 127″. یان ” وه‌ستابوون پێڵاوێك له هه‌ور بكڕن ،لا215 ، له راستیدا له‌كۆی ئه‌م به‌شه‌دا واتا ( به‌شی ئه‌نفال) قه‌سیده‌یه‌كی خه‌وتوو له‌سه‌ر ئه‌نفال خۆی مه‌لاسداوه. یان ” ته‌مه‌نی تۆ به‌شی چاوه‌ڕوانی ناكات… . بڕوانه كۆلكه زێڕینه چۆن له‌سه‌ر به‌فره‌كه‌وه هه‌ستاوه‌ته پێ … . ئاو ره‌نگه‌كانی هه‌موو دنیا دابه‌ش ده‌كات… .لا 216″. یان مروارییه‌كی پێیه هه‌موو ره‌نگه‌كانی دنیا له مروارییه‌وه دێنه‌ده‌ر..ده‌ڕۆم با ده‌ریاكان رێگا ون نه‌كه‌ن… . ئه‌و باڵندانه ده‌نیشن پڕ پڕن له رووناكی، لا 218″.یان ئه‌و شیعره‌ی رۆماننووس خۆی نووسیویه‌تی له، لا 230″.یان ” چ شیرینه باران و هه‌تاو پێكه‌وه، لا268″.یان ” ده‌نگی مۆسیقا هێمن تێده‌په‌ڕێ… . سێبه‌ری باڵنده‌یه‌ك كه‌وتۆته سه‌ر رێگایه‌كی گڵ…مۆسیقا ده‌ڕوات و باڵنده‌ش نا. ته‌نها سێبه‌ره‌كه‌ی ده‌ڕوات، لا286″.
وێنه جوانه‌كانی ناو ئه‌م رۆمانه:
” بارانێك به‌خوڕ له‌شوێن پێیه‌ك ده‌گه‌ڕێ پڕیكاته‌وه، لا 31″. یان بسكێك نیه دڵێك هه‌میشه بۆی له لێدان بوه‌ستێ، لا 31″. یان” بێ ده‌نگی به مانای ئه‌و كاته‌ی له‌شێوه‌ی ته‌یرێكی سه‌د ره‌نگدا نووستبوو، لا 33″. یان” ئه‌و رۆحه رۆژهه‌ڵاتییه پڕ گه‌شكه و رامانه وه‌ك پیاوێك به ئاگا نایه بكۆخێت و گوره‌ی بێت، وه‌ك منداڵێك به ئاگا نایه، له‌گه‌ڵ جووڵه‌كردنی بداته گریان، یان هه‌ستێته سه‌رپێ، وه‌ك كچێك به‌ئاگا نایه قژی به‌لایه‌كدا بخات و باوێشك بدا. ئه‌و رۆحه برینداره وه‌ك كانییه‌ك وه‌ك به‌هه‌ڵمبوونی ئاوی ده‌ریا به ئاسته‌م چاو ده‌كاته‌وه، لا 33″. یان ” ده‌یه‌وێ چوارچێوه‌ی په‌نجه‌ره‌كه ببێته چوارچێوه بۆ وێنه‌كه‌ش، لا 39″. یان ” ئه‌وان تێپه‌ڕین و زه‌مه‌نیان بۆ رێگه چۆڵه‌كان جێهێشت، لا 71″. یان ” وه‌ك قامیش بایه‌ك لێم بدا ناڵه‌م دێت، لا 80″.
هه‌ڵه‌كانی زمان و چاپی ناو ئه‌م رۆمانه:
” وه‌ك ئه‌ندازه‌یه‌كی زه‌ویناس: وه‌ك ئه‌ندازیارێكی زه‌ویناس، لا 28″ یان ” زه‌وی بۆو شوێنه‌ت ده‌با : زه‌وی بۆ ئه‌و شوێنه‌ت ده‌با، لا 28 و57 و 155 و 190″ ئه‌م( بۆ وه) چه‌ندین جاری‌تر دووباره‌بووه‌ته‌وه.یان” كارۆلین ده‌سته‌كانی ده‌كوشێ: كارۆلین ده‌سته‌كانی ده‌گوشێ، لا 29″.یان رۆژێك هه‌ست و شعوری دوای وێنه‌كانی جیمس بڕاون : هه‌ست و شعور هه‌مان شتن، لا 29″. یان خۆ ساغكردنه‌وه له نێوان هه‌ردوو وشه‌ی ” قه‌ره‌باڵغ و قه‌ڵه‌باڵغ یان دێ و گوند یان ته‌یر و مه‌ل و باڵنده یان باخ و باغ یان كۆخ و كووخ یان چیرۆك و چیڕۆك و حیكایه‌ت یان عه‌شق و عشق و عیشق، لا 43 یان بژیت و بژیێت، لا 34 و 42و 78 یان فنلند، لا87 و فلنده، لا 88 و فیلنده، لا 90 و فینله‌ندا ” یان ” بووركان: بوركان، لا 33″ یان ” كپه‌ییه: كپییه، لا 33″. یان” بۆ چركه‌یه‌ك رێگه‌ی ئه‌و رۆحه ته‌نها وێرانكه‌رییان نه‌ده‌دا: وێرانكه‌ره‌یه‌یان نه‌ده‌دا. یان به‌ریه‌كه‌وتندا: به‌ریه‌ككه‌وتندا، لا 33″. یان ” یه‌كه‌مپه‌نجه و نینۆكی: نینۆكه‌كه زیاده‌یه، لا34″. یان ” فڕێدابوونه: فڕێدرابوونه، لا 35″. یان بۆیه پێی ده‌ڵێت، ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه به‌ئینته‌رێكی هه‌ڵه لێكجیاكراونه‌ته‌وه، لا 38″. یان هاورێیان: هاوڕێیان، لا 38″. یان ” بۆ چی: بۆچی، لا 43″. یان به‌سه‌ری رووتی : به‌سه‌ر رووتی، لا 46″. یان ” له‌گه‌ڵڕ: له‌گه‌ڵ، لا 50 و 153و 175 یان” پۆڵڕ: پۆڵ، لا 71 و 73و 80″و 186 و 234. یان” ئه‌وتا : ئه‌وه‌تا، لا 51″ یان” گه‌شه‌كه‌ی كاكۆ: گه‌شكه‌ی كاكۆ، لا 52″ یانقژه: قژ، لا 67″ یان” ئه‌مر: فه‌رمان، لا 54″ یان” به‌ند و یه‌خسیر ، یه‌كێكیان زیاده‌یه، لا 55″ یان” له‌وه تێده‌گاته: له‌وه تێده‌گات، لا 57″ یان” ده‌هات: ده‌هاته خوار، لا 58″ یان” رازابووه: رازابووه‌وه، لا 61″ یان” خه‌ونه ساده‌كانی ئه‌وانم كرد چه‌ند دڵۆپه فرمێسكێكی سارد: كرده، لا 71″. یان” رێز: ریز، لا 73″. یان ” كامێره: كامێرا، لا 73″. یان ” پیاوه‌كان له‌ناو باراندا تلیسابوونه‌وه: له‌به‌ر باراندا ، لا 73″. یان ” نه‌خنكێ : نه‌خنكێی، لا 80″ یان ” ئارتووش یان ئارتۆش، لا 75 و 80 و 84 یان ” ره‌ش كاته‌وه: رۆژ كاته‌وه، لا 82″ یان ” ماڵه: ماڵ، لا 89″. یان ” هێوژین، لا87 یان هیۆژین، لا90 و 93″. یان ” من جێده‌هێڵێ: جێم ده‌هێڵێ، لا 90″ یان”بڵاوبوونه‌وه: بڵاوده‌بنه‌وه یان بڵاوبوونه‌ته‌وه، لا 91″ یان ” سحر یان سیحر، لا 91″ یان ” ده‌یدۆزینه‌وه: ده‌یدۆزنه‌وه، لا 97″. یان” ده‌یهێناته‌وه: ده‌یگێڕان، لا 100″. یان ” كێم و جه‌ڕاعه‌ت، هه‌ردووكیان یه‌ك واتان، لا 101″. یان” له‌سه‌ر چه‌رمه قاوه‌ییه ره‌شه‌كه‌ی به‌رگی، ئه‌مه بۆ خۆی جێده‌هێڵم كامه‌یان هه‌ڵده‌بژێرێ، لا 105″ یان ” تۆ‌و: تۆ، لا 107″. ” به رێ كه‌م: به‌ڕێكه‌م، لا 107″. یان ماڵئاوای: ماڵئاوایی، لا 107″.” یان خۆڵه مێشه‌كه‌دا: خۆڵه‌مێشه‌كه‌دا ،لا 107″. یان ” ئازارێكه‌و: ئازارێكه‌وه، لا 111″. یان ” خه‌مووكی: خه‌مۆكی و دورست: دروست، لا 114″.یان” دیبینێ: ده‌یبینێ ، لا 117″. یان ” به‌رده‌خۆێ: به‌رده‌خوێ، لا 119″. یان ” ئاساوارێك: ئاسه‌وارێك یان شوێنه‌وارێك، لا 124 .”یان” بێگا: پێده‌چێت مه‌به‌ستی بێ‌ئاگا بێت، لا 127″ یان ” سیحر بانووكه: سیحر بانوو، كه. یان ” فڕێ: فڕێی. یان ” مارین مۆرۆ: مارلین مۆنرۆ . ئه‌مانه له لا 132″. یان ” رێزه‌دار: ریزه‌دار، لا 133″. یان” له‌ناوچبین: له‌ناو بچین، لا 134″. یان” باپێش: “با”پێش ، لا 140″. یان” له هه‌یبه‌تان: له هه‌ژمه‌تان ، لا 143″. یان ” نه‌ببو: نه‌ببوو، لا 147″. یان ” تێدای : تێدایه، لا 150″. یان” رۆژكه : رۆژ، كه یان رۆژه‌كه، لا 155″. یان” پشتیكانه‌وه: پشتیه‌كانه‌وه، لا 155″. یان ” گونده : گوند، لا 156″. یان ” گه‌رم و گۆڕی : گه‌رم و گوڕی، لا 163″. یان ” رازی ده‌به‌ن : رازی ده‌بن، لا 162″. یان ” هه‌ڵنێنا : هه‌ڵێنا، لا 163″. یان” هه‌ر دوو كیان: هه‌ردووكیان، لا 163″. یان” ئاسنیگه‌ر: ئاسنگه‌ر ، لا 168″ یان ” له باوه‌شی دایكت و: پێده‌چێت باوكت له‌بیركرابێت یان ( و ) ه‌كه زیاده، لا 168″. یان ” ده‌گه‌ڕێته‌و: ده‌گه‌ڕێته‌وه ، لا 171″ یان ” دڵ گه‌وره‌ترین ژن: دڵگه‌وره‌ترین ژن ، چونكه ئه‌مه یه‌ك وشه‌ی لێكدراوه، لا 173″ یان ” باشه سیحربانوو به‌و هه‌موو بۆن و به‌هه‌شتییه‌وه له‌و رۆحه لیتاوییه‌دا چی ده‌كات…. ئێستا وا گومان ده‌كرێت كه‌وا رۆحی سیحربانوو رۆحێكی لیتاوییه كه‌چی به پێچه‌وانه‌وه مه‌به‌سته‌كه ئه‌وه‌یه كه بڵێ: سیحربانوو به‌و هه‌موو بۆنه به‌هه‌شتییه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م رۆحه لیتاوییه چی ده‌كات، كه ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه بۆ رۆحی په‌ژموورده‌ی كاكۆی ژه‌نیاری موراد به‌گ، كه له په‌ره‌گرافی پێشتردا ئاماژه‌ی بۆكراوه. لا 172″. یان” نیشاندا : نیشانده و با ئاگا هاتی : به ئاگا هاتی، لا 176 یان “ئه‌و ده‌فته‌ر : ئه‌و ده‌فته‌ره، لا 189″. یان” شایانه : شاهانه، لا 186″. یان” له قه‌ڵایی دڵمدا : له قه‌ڵای دڵمدا، لا 191.”یان” باڵنده یه‌كیه‌تی : باڵنده‌یه‌كیه‌تی یان، هه‌وا یه‌كدا : هه‌وایه‌كدا، ئه‌مانه هه‌ردووكیان یه‌ك وشه‌ن لێكدانه‌بڕاون، به لێككردنه‌وه‌یان واتایان ده‌گۆڕدرێت، لا 201″. یان ” به گاڵته‌و : به گاڵته‌وه، لا 203″یان ” فێڵڕ : فێڵ، لا 204″. یان ” ده‌ویست : ده‌یه‌ویست یان ده‌یویست، لا 205″ یان ” هاتبوو: هاتبووه، لا 207″ یان” ئه‌م رۆژ مه‌ڕۆ: ئه‌مڕۆكه‌ش مه‌ڕۆ یان ته‌ماشه : ته‌ماشا .لا 208″ یان ” سه‌ردانه‌پۆشراوكه : سه‌ردانه‌پۆشراو، كه، لا 211″ یان” خوی : خۆی، لا 214″ یان ” كڵۆ به‌فر: كلوو به‌فر، چونكه كڵۆ بۆ شه‌كر به‌كاردێت. لا 215″ یان” ئه‌شكه‌وتی هه‌زار ده‌ریاوه، : ئه‌شكه‌وتی هه‌زار ده‌ریا، لا 220″ یان ” ببنه: ببینه، لا 222″ یان ” جاریكی دیكه: جارێكی دیكه،لا 224″ یان” كوژراو: كوژراو و، لا 228″ یان ” ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ی: ده‌گه‌ڕێته‌وه، لا 233″ یان ” شه‌ره‌فه‌دینی چاو به‌خوێن، شه‌ره‌فه‌دینی روومه‌ت به‌خوێن كامه‌یان راستترن، لا 234؟ یان” له تیشێرته‌كه‌یه‌و: له تیشێرته‌كه‌یه‌وه یان له تیشێرته‌كه‌وه، لا 244″ یان ” هه‌موو به‌یه‌ك ده‌نگ ده‌یانگوت بردیشی، به‌ڵام نه‌یانده‌گوت، لا 236″. یان” ئاوه‌ده‌نه: ئاوه‌دانه، لا 245″ یان ” ریزێكی زۆریان لێده‌گرت: رێزێكی زۆریان لێده‌گرت، لا 250″ یان ” نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌یه‌وه: نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌وه، لا 251″ یان ” مه‌به‌ستان : مه‌به‌ستتان یان ته‌ركه دینا: ته‌ركه دنیا، لا 258″ یان ” پڵنگێكیدا : پڵنگێكدا،لا 261″ یان ” تامه‌زۆری : تامه‌زرۆیی، لا 270″ یان ” به گه‌ریمییه‌كی : به گه‌رمییه‌كی، لا 272″یان ” خودایه هێنده‌ی دووكه‌ڵێكی ئه‌و تووتنه نه‌رم و سپی و بۆنداره…تووتن ئه‌گه‌ر باش وه‌سفبكرێت، ده‌ڵێن : زه‌رده ده‌ڵێی زێڕه نه‌وه‌ك سپی. لا 276″ یان ” ژه‌نیار ته‌ریقایه‌وه : ژه‌نیار ته‌ریقبووه‌وه، لا 277″ یان ” رێزدارێكدا : ریزه دارێكدا یان ” بارانه كه : بارانه‌كه، لا 282″یان ” خۆڵڕ : خۆڵ یان خۆیانه : خۆیان یان حه‌وانه‌ی : حه‌وانه‌وه‌ی، لا 303″یان” نۆبووك : نه‌وبووك ، لا 296″ یان ” دۆزه‌خه : دۆزه‌خ، لا 299″ یان ” سه‌بیلی درێژ و باریك و پڕ نه‌خشی پیاوێكی ریش سپی، لێره مه‌به‌ست دارسیگاره یان بڵێین له‌گه‌ڵ ئه‌م وه‌سفه‌دا ئه‌و راستتره له‌وه‌ی سه‌بیل ( پایپ) به‌كارهاتبا. لا 296″ یان ” هه‌ڵمژێ : هه‌ڵمژی، لا 304″ یان ” خانه‌وه‌ده : خانه‌واده یان خێزان. یان كاشییه‌كی شینی كاڵ هه‌یه، پێنج كاشی به‌چوارده‌وریدا لابرێ : راستتر ده‌بوو بیگوتبا چوار كاشی به‌ده‌وریدا لابرێ، لا 305″ یان ” ده‌چوون : ده‌چووه یان ” بیبنێ : بیبینێ یان ” رۆح ویژدانی : رۆح و ویژدانی، لا306 ” یان ” بالێی ده‌دان : “با” لێی ده‌دان یان ده‌كاته‌وه‌به : ده‌كاته‌وه به، لا 313″یان ” ده‌چێته‌وه و ناویه‌ك: ده‌چێته‌وه ناویه‌ك، لا 314″ یان ” بارێكی: باریكی، لا 315″ یان ” لۆت: لوت ،لا 316″ یان ” چل و رۆژ : چل رۆژ یان شارده : شاره، لا317 ” یان ” به‌هشت : به‌هه‌شت، لا 319″ . ئه‌مه و له‌زۆرشوێن ره‌چاونه‌كردنی خاڵبه‌ندی. هیوام به‌رده‌وامییه بۆ نووسه‌ر.