به ڕۆمانكردنی مێژوو ….
به ڕۆمانكردنی مێژوو له ڕۆمانی (وێڵگه‌ی یاده‌وه‌رییه گریمانكراوه‌كان)ی (یوسف عیزه‌دین)دا
هۆشمه‌ندی به‌ڵایه‌كی گه‌وره‌ی ئێمه‌ی مرۆڤه، به‌ده‌رله‌وه دنیا بوونێكی تری هه‌یه، بوونێكی بێده‌نگ و پرسیار، بوونێك كه ئاژه‌ڵه‌كان تێیدا به‌خته‌وه‌رن.
(وێڵگه‌ی یاده‌وه‌رییه گریمانكراوه‌كان)
به‌ش به‌حاڵی خۆم پێم وایه ئه‌مڕۆ له ناو نووسینی كوردیدا كه‌من ئه‌و تێكستانه‌ی خاوه‌نی دونیابینییه‌كی فراوان و گرژی و ئاڵۆزییه‌كی وه‌هان كه خوێنه‌ر تووشی تێڕامان و پرسیار و ڕاڕایی و نیگه‌رانی ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به بازاڕیبوونی نووسین و ئه‌و لێشاوه زۆره‌ی نووسینه‌وه هه‌یه، كه بوونی هه‌یه و ڕۆژانه لێره و له‌وێ گله‌یی و ناڕه‌زایی خوێنه‌ران و نووسه‌رانی له باره‌وه ده‌بیسترێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ناكاته‌وه ئه‌وه‌ی بڵێین تێكستی گرنگ و جددی بوونی نییه، چونكه نووسینی نه‌مر له هه‌ر سه‌رده‌م قۆناغێكدا هه‌ڵگری خه‌سڵه‌ت و ناوه‌ڕۆكێكی وه‌هایه كه ڕۆحی نه‌مری پێده‌به‌خشێت.
(وێڵگه‌ی یاده‌وه‌رییه گریمانكراوه‌كان) كه له‌لایه‌ن نووسه‌ر (یوسف عیزه‌دینه‌وه) نووسراوه و یه‌كێكه له‌و ڕۆمانانه‌ی كه به‌م دواییانه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی، له‌گه‌ڵ چه‌ندین كتێبی دیكه‌دا چاپ و بڵاویكرده‌وه، هه‌ڵبه‌ته ئه‌م نووسینه‌ی ئێمه نه ده‌چێته قاڵبی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی وردی ته‌واوی ڕه‌گه‌ز و پێكهاته‌كانی ئه‌م ڕۆمانه‌وه، نه ده‌شچێته قاڵبی پیاهه‌ڵدانی كوێرانه و بێئاگایانه‌وه، به‌ڵكو ته‌نیا ڕانانێكه له دیدی خۆمه‌وه وه‌ك خوێنه‌رێكی ئه‌و ڕۆمانه، چونكه ڕۆمانه‌كه قسه و باسی زۆر هه‌ڵده‌گرێت و ده‌كرێت له‌لایه‌ن كه‌سی دیكه و له كات و شوێنی دیكه‌دا قسه‌ی له باره‌وه بكرێت، لێره‌دا به‌كورتی له‌سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی ده‌وه‌ستین و شتێكی كه‌می له باره‌وه ده‌ڵێین.
سه‌ره‌تا
سه‌ره‌تای ئه‌م رۆمانه به هاتنه گۆی كاراكته‌ری سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه ده‌ست پێده‌كات و هه‌ر خۆشی شتێك له مه‌ودای كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی ڕوون ده‌كاته‌وه و ده‌لێت: من فه‌رهاد تاجوری دووه‌مم…….
ده‌بینین نوسه‌ر له ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه له زاری كاراكته‌ری سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌وه ده‌ست ده‌كات به چوونه نێو گێڕانه‌وه‌وه، كه ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌رچی ته‌كنیكێكی نامۆ نییه له ڕابردوودا به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌رییانه نوسه‌ر توانیویه‌تی به‌كاری بخات بۆ زیاتر جوانكردنی شێوازی گێڕانه‌وه، دواتر و هه‌ر له قسه‌كانی ئه‌م كاراكته‌ره‌وه وا ده‌رده‌كه‌وێت كه شتێك ڕوویداوه، واته گێڕانه‌وه كاتێك ده‌ست پێده‌كات كه ڕووداو ڕویداوه، كه ئه‌مه‌ش جارێكی دیكه ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌كی كاریگه‌ر و سه‌رنج ڕاكێش، زۆرینه‌ی كات ئه‌مجۆره له‌سه‌ره‌تای ڕۆمان توانای ڕاكێشانێكی زۆری خوێنه‌ری هه‌یه بۆ نێو جیهانی ڕۆمانه‌كه.
بیرۆكه
ئه‌گه‌ر ته‌ماشای كاره‌كانی پێشووی ئه‌م نووسه‌ره بكه‌ین، ده‌بینین هه‌میشه تێكسته‌كانی هه‌ڵگری بیرۆكه و ئامانجگه‌لێكی گرنگن و نووسه‌ر زۆر به ئاگایی و وریاییه‌وه هه‌ڵیبژاردوون بۆ كاركردن، واته مه‌به‌ستی نووسه‌ر ته‌نیا نووسین نییه، به‌ڵكو ئامانج و بیرۆكه‌یه‌كه و ده‌یه‌وێت له ڕێگه‌ی نووسینه‌وه بیخاته ڕوو، زۆرینه‌ی كات كاركردنی ئه‌م نوسه‌ره كاركردنه‌وه‌یه له نێو مێژوودا، واته گۆڕینی مێژووه بۆ ئه‌ده‌ب، له نێو ئه‌ده‌بی جیهاندا (بۆرخیس)نمونه‌ی هه‌ر دیاری ئه‌م جۆره كار كردنه‌یه، له نێو ئه‌ده‌بی ئێمه‌شدا هه‌ریه‌ك له (عه‌تا محمد، یوسف عیزه‌دین، ئاكۆ كه‌ریم معروف، نه‌جات نوری) نمونه‌ی ئه‌و نوسه‌رانه‌ن كه ئه‌زموونی خۆیان له نێو ئه‌م جۆره له نووسینی چیرۆك تاقی كردۆته‌وه و هه‌ر یه‌كه‌یان چه‌ندین چیرۆك و ڕۆمانیان به‌م شێوازه نووسیوه.
ئه‌م ڕۆمانه‌ی یوسق عیزه‌دینیش ده‌چێنه خانه‌ی شێوازی كاركردنه‌وه له مێژوودا، له‌م ڕۆمانه‌دا نوسه‌ر گه‌لێك بابه‌تی گرنگی مێژووی ده‌هێنێت و له دید و ڕه‌هه‌ندی جیاوازه‌وه كاریان تێدا ده‌كاته‌وه و له هه‌ندێ شوێنیش‌دا خوێندنه‌وه‌ی جیاواز بۆ مێژوو و ده‌كاته‌وه و سه‌رجه‌می ئه‌و باسه نوسراو و ده‌ما و ده‌م و مێژووییانه هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و سه‌ر له نوێ بونیادیان ده‌نێته‌وه و مانای دیكه‌یان پێده‌به‌خشێت، كاتێك خوێنه‌ر به‌ر وشه و ڕسته و واتاكانی ئه‌م تێكسته ده‌كه‌وێت، ده‌بینێت هه‌ندێك ڕووداوی مێژوویی به جۆرێكیتر ده‌گێڕدرێته‌وه، جیاواز له‌و گێڕانانه‌وه‌ی پێشوو، له‌به‌ر یه‌كترازاندنی مێژوو و دروستكردنه‌وه‌ی له‌م تێكسته‌دا به‌جۆرێك له‌گه‌ڵ فه‌نتازیا و ته‌كنیكی ڕۆمانه‌كه‌دا یه‌كانگیربووه، كه هه‌رگیز هه‌ست به له‌نگی و ناڕێكی ناكه‌یت له نێوانیاندا، واته بیرۆكه وه‌كو خوێن به ته‌واوی ده‌مار و موولوله‌كانی فۆڕم و ناوه‌ڕۆك و ته‌كنیكی ڕۆمانه‌كه‌دا بڵاوبۆته‌وه و پێكڕا مانا و ده‌لاله‌ته‌كان پێكده‌هێنن، ئه‌گه‌رچی خوێنه‌ر له هه‌ندێ شوێندا هه‌ست به له‌تبوون و پچڕبوونی گێڕانه‌وه ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ش نابێته كه‌م و كوڕی و دواتر و دوای خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی تێكسته هه‌ست ده‌كه‌یت جۆرێكه له ته‌كنیكی گێڕاه‌وه، تێكستی تازه‌ش زۆرینه‌ی به‌م شێوه‌یه‌یه، كه ئه‌ویش په‌یوه‌سته به زه‌ینی په‌رش و زاكیره‌ی ته‌فرتونابووی مرۆڤی تازه‌وه.
گرنگه نوسه‌ر به‌رله‌وه‌ی ده‌ست به‌نووسینی هه‌ر تێكستێك بكات، بزانێت ئامانجی چییه و ده‌یه‌وێت چی بنووسێت، واته نووسین ئامانجێكی له پشته‌وه بێت كه نووسین خۆی نه‌بێت، یان به مانایه‌كیتر نووسین له پێناو نووسیندا نه‌بێت، به‌ڵكو نووسین له پێناو ئامانجدا بێت، گه‌لێكجار به‌ر ئه‌و تێكستانه ده‌كه‌وین كه ئامانج لێی ڕوون نییه و نازانین نوسه‌ر ده‌یه‌وێت چیمان پێبڵێت، یان بیرۆكه‌یه‌ك له پشت نووسینه‌كه‌وه هه‌یه به‌ڵام نوسه‌ر ناتوانێت به ڕێگایه‌كی دروست بیگه‌ێنێته خوێنه‌ر، ئه‌مه ئه‌و جۆره له نووسین ده‌گرێته‌وه كه عه‌قڵێكی باشی له پشته‌وه نییه، ئه‌گه‌رچی پڕۆسه‌ی نووسین پڕۆسه‌یه‌كی ئاڵۆز و پڕ له كێشمه‌كێشم و ڕاڕاییه، به‌ڵام كه نوسه‌ر توانای كردنه‌وه‌ی گرێ و نه‌زانراوه‌كانی نه‌بێت و هۆشیار نه‌بێت به‌رامبه‌ر به نوسین، ده‌كه‌وێته هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌وه، به كورتی ده‌مانه‌وێت بڵێین زۆرجار بوونی بیرۆكه به‌س نییه بۆ ئه‌وه‌ی نووسه‌ر بتوانێت تێكستێكی باش به‌رهه‌مبهێنێت، به‌ڵكو قودره‌تی ئه‌و به‌سه‌ر نووسیندا گه‌لێك گرنگه.
گومان له نووسین هه‌وڵێكه بۆ گه‌یشتن و به نووسین، نوسه‌ر هه‌تاكو خاوه‌نی گومان و قه‌له‌قی بێت له نووسین زیاتر ده‌توانێت له نووسین تێبگات و نهێنییه‌كانی كه‌شف بكات، خۆشبه‌ختانه هه‌ر له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م لاپه‌ڕه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌وه نوسه‌ر هێند به ئاگاییه‌وه سه‌ره‌تایه‌كی گرنگ بۆ بیرۆكه‌ی نووسینه‌كه‌ی ده‌خوڵفێنێت، كه خوێنه‌ر نه‌توانێت هه‌روا به ئاسانی ده‌ستبه‌رداری بێت، ئه‌مه‌ش خاڵێكی گرنگی نووسینی سه‌ركه‌وتووه، به‌ش به‌ش و لاپه‌ڕه دوای لاپه‌ڕه بیرۆكه زیاتر ڕوون ده‌بێته‌وه و ڕووداوه بچوكه‌كان ڕامانده‌كێشن بۆ ڕووداوه گه‌وره‌كان و له‌وێوه به‌كێشمان ده‌كه‌ن بۆ ترۆپكی ئاڵۆزی بابه‌ته‌كه، نه‌ك هه‌ر له‌لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌مه‌وه تێبگه‌ین كه نووسه‌ر ئامانج و بیرۆكه‌ی له‌م نووسینه چییه، یاخود تاكو به‌ره‌پێش بچین زیاتر هه‌ست به‌وه بكه‌ین كه نوسه‌ر بیرۆكه‌ی كاره‌كه‌ی بیرچۆته‌وه و شتێك ده‌ڵێت كه له‌سه‌رتای نوسینه‌كه‌یدا دژی بووه.
ئه‌دمۆسفێر(كه‌شی گشتی)
كه‌ش له‌م ڕۆمانه‌دا ناجێگیره، واته كه‌شێك نییه له سه‌ره‌تاوه تاكو كۆتایی خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ خۆیدا په‌لكێش بكات و گۆڕان و جێگۆڕكێ به‌خۆیه‌وه نه‌بینێت، كه‌شی ئه‌م ڕۆمانه كه‌شێكی جیوه‌ییه واته هه‌ر ده‌مه و له بار‌و دۆخێكدایاری ده‌كات، ئه‌میش جارێكی‌تر له خزمه‌ت گه‌یاندن و باشتر گێڕانه‌وه‌ی بیرۆكه‌ی سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه‌دایه، چونكه هه‌ركات كه‌ش جه‌قیبه‌ست و گۆڕان و جیاوازی به‌خۆوه نه‌بینی ئه‌وا خوێنه‌ر ناتوانێت له خوێندنه‌وه به‌رده‌وامبێت و ده‌ستبه‌رداری ته‌واوی ڕه‌گه‌زه‌كانی تری تێكسته‌كه ده‌بێت، كه ئه‌مه‌ش چه‌ندینجار ڕووبه‌ڕوومان بۆته‌وه، ئه‌گه‌رچی هه‌ر تێكستێك خاوه‌نی كه‌شی خۆیه‌تی، به‌ڵام گرنگه نووسه‌ر یتوانێت كه‌شێكی پڕ له به‌ها و ئێسته‌تیك بخوڵقێنێت و خوێنه‌ر به كه‌شێك ئاشنا بكات كه پێشتر پێی ئاشنا نییه.
ئه‌م ڕۆمانه خاوه‌نی كه‌شێكی هێند ئه‌فسووناویی و جادووییه، كه خوێنه‌ر هه‌ست ده‌كات له‌به‌رده‌م جیهانێكدایه پێشتر ده‌ركی پێنه‌كردووه، دواتر هه‌ر له ڕێگه‌ی كه‌شه‌وه بڕێكی باش له جوانی به‌رهه‌مدێت، دواتریش تێكشكاندن و په‌رش و له‌تكردنی زه‌مه‌ن و جێگۆڕكێ به زه‌مه‌ن واته ئاڵوگۆڕكردنی ڕووداوه مێژووییه‌كان، یاریكردن به مانا ته‌قلیدییه‌كانی مێژوو هاوكات له هه‌ندێ جێگه‌دا به ئێستا كردنی مێژوو یان ڕابردوو، دیسانه‌وه ئێسته‌تیك و به‌های ئێسته‌تیكی ده‌گێڕێته‌وه بۆ تێكسته‌كه و چێژێكی باش ده‌به‌خشێت و پاشان ئه‌م جوانییه‌ش ده‌بێته كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ خزمه‌تكردنی ڕاسته‌وخۆی گێڕانه‌وه‌ی بیرۆكه و گه‌یاندنی به‌خوێنه‌ر.
كۆتایی
كۆتایی ڕۆمانه كۆتاییه‌كی داخراو نییه، واته سه‌رجه‌می گێڕانه‌وه و ڕووداوه‌كان كۆتایی پێنایه‌ت و خوێنه‌ر بگه‌ێنێته دڵنیایی، به‌ڵكو نوسه‌ر چاره‌سه‌ری ته‌واوی گرفت و ئاڵۆزییه‌كان ناكات و پرسیارگه‌لێكی زۆر به هه‌ڵواسراوی ده‌هێڵێته‌وه، چه‌ندین گومان و ڕه‌هه‌ندی نه‌دۆزراوه ده‌مێنێته‌وه كه ده‌كرێت له‌لایه‌ن خوێنه‌ره‌وه خوێندنه‌وه و ڕاڤه‌ی جیاوازی بۆ بكرێت، دواجار ئه‌مه‌ش ده‌بێته خه‌سڵه‌تێكی به‌رچاوی تێكسته‌كه و ده‌بێته هۆكارێك بۆ زیندوویی كۆتایی ڕۆمانه‌كه و ته‌واوی تێكسته‌كه.
ئه‌م نوسینه له ژماره (52)ی گۆڤاری (گه‌لاوێژی نوێ)دا بڵاوبۆته‌وه.
Dastan.barzan@gmail.com