له‌باره‌ی دیوانه‌كه‌ی ته‌ڵعه‌ت تاهیره‌وه
د. سه‌روه‌ر عه‌بدولڵا
گوزه‌رێك به‌نێو نێوه جوانه‌كانه‌وه
گه‌ر شاعیر نه‌یه‌وێت وه‌ك په‌ناهه‌نده‌یه‌ك به سفت و سوكی به‌ره‌و وێستگه‌كانی خوێنه‌ر ڕێبكا ، گه‌ر نه‌یه‌وێت خۆی و ورده پریاسكه‌ی په‌یڤه‌كانی له ژێر بارانی ترس و دڵه‌ڕاوكێ ته‌ڕ ببێت ، گه‌ر نه‌یه‌وێت خه‌ونه ورد و درشته‌كانی بكاته میسینجه‌رێك له نێوان خۆی و گشت شار و شه‌قام وكوچه‌و كۆڵان و هه‌ساره‌كانی ئه‌م گه‌ردوونه ، ئه‌وا جه‌سته‌ی ئه‌و شیعره‌ی له باخه‌ڵی چاكێته‌كه‌ی خۆیدا هه‌ڵیگرتووه ، به بریندار و شكست و پڕ نشوستی ده‌یگه‌یه‌نێته به‌ر ده‌رگه‌ی داخراوی ماڵی خوێنه‌ر. كه‌واته شاعیری ڕاستینه به میكرۆكڕۆمی ڕۆحی خۆی هه‌میشه له وێناكردنی مان ونه‌مانی خودی خۆی دایه ، هاوسات هه‌میشه هه‌ڵوه‌دا و متووی ئه‌و ساته وه‌خته‌یه به ده‌نگ و گوڵوازی ڕه‌نگی خۆی ، بگاته خوێنه‌رو به هێوری گوزه‌ر به‌نێو نێوه جوانه‌كانییه‌وه بكات ، و باوه‌ڕی ڕه‌های به‌وه هه‌بێت ڕۆیشتن به شوێن پێی شه‌یتانی شیعردا ، ڕۆیشتنێك نییه به نێو كێڵگه‌ی مین وقه‌زاوقه‌ده‌ردا ، ئه‌م ڕۆیشتنه ئاره‌زوویه‌كه ، نیقمه‌ت نییه‌و نیعمه‌ته ، ڕه‌شمه‌ی متمانه بۆ ویستی ئاره‌زوو و ئازادی به‌ڕه‌لڵا ده‌كات و له‌ززه‌تی نیوان ژن و پیاو ، دوای نه‌رمه باران خۆشتر ده‌كات و بۆنی پێده‌شت و په‌لكه‌گیاكانیشی ده‌تباته وڵاتی سیدهارتا و یان نیگای شته‌كان بۆ زه‌مه‌نی یه‌كه‌م له‌دایكبوون ده‌گه‌ڕێنێته‌وه ، عه‌قڵیش له‌و مانا رێساییه‌ی ڕزگارده‌كات ، كه غه‌یری مرۆڤ بكاته سه‌رچاوه‌ی هه‌بوون و نه‌بوون ، ئه‌و مانا بێ مانایه سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یه‌ی هه‌زاران ساڵه مرۆڤی گوناح له‌خشته ده‌بات. شاعیری راستینه ئه‌و شاعیره‌یه له زنجیره‌یه‌ك ئه‌زموونی شیعری بێ‌شومار پرۆسه‌ی نووسینی خۆی ده‌باته سه‌ر ، خۆ ئه‌گه‌ر د‌رك به شكستی ئه‌زموونێك له ئه‌زموونه‌كانی خۆی بكات ، ئه‌وا خۆی له بوون بزر ناكات ، میننه‌تباری هه‌توانێ نابێ پینه‌و پاساو بۆ ساتمه‌كه‌ی بكا ، به‌ڵكو شیعری ئه‌و شاعیره وه‌ك جوتمیلی كاتژمێرێك كه ده‌گاته چركۆچكه‌ی سفر ، دیسانه‌وه سه‌ر له‌نوێ بۆ ئه‌زموونێك یا بۆ تێكستێكی تازه ده‌په‌ڕێته‌وه ، وه‌ك شه‌پۆڵه‌كانی پۆسایدۆنێك ناتوانێت بێده‌نگ وبێڕه‌نگ هه‌ڵبكات.
جیهانی ڕاستینه‌ی شیعری ته‌ڵعه‌ت تاهیر له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌نێو رۆحی ئه‌م پۆسایدۆنه شێت وشین شه‌ڕانگێزه‌دا له دایكده‌بێت ، له نێو ده‌سته‌ی ملیاكه‌تان و به‌ره‌ِلڵاییی و خه‌فه‌ت و سه‌ركێشی و ڕاستگۆیی و درۆگۆیی و بێداری و نه‌داری و برسییه‌تی و چه‌توونی یاخه‌گیرییه‌وه گه‌وره ده‌بێت ، گه‌وره ده‌بێت و بۆیه له ئاكاریشیدا گه‌دا مه‌نتیق ده‌بێت ، زووتر له‌واده‌ی خۆی تێكه‌ڵ به‌و خه‌ونه عه‌جایبه ده‌بێت كه ئه‌زموونی شاعیرانی به‌رله‌خۆی به كه‌شتیه‌كی له‌كه‌ڵككه‌وتوو تێبگات و به خه‌ون بكه‌وێته وێزه‌یان ، و بیه‌وێت له ناو زه‌ریایێكی زه‌به‌للاحدا شكست به‌و كه‌شتتیه‌ی ئه‌وان بێنێت و هه‌زاران میل بۆ ژێره‌وه‌ی ده‌ریا ئاوه‌ژۆی بكاته‌وه‌و هه‌ر هه‌موویان له قولڵایی پۆسایدۆنه‌كه‌ی خۆیدا نوقم بكا ، وا دیار بوو خه‌ونه‌كه‌ی ئه‌و كه‌وتبووه ژێر كاریگه‌ری خه‌ون و ئاره‌زووه هه‌رزه‌كار و شپرزه و زووه‌كانی ئارتۆر ڕامبۆ.
ته‌ڵعه‌ت تاهیر ئه‌و شاعیره بوو كه هه‌رگیز نه‌یده‌ویست پێ له ئه‌سكه‌له‌ی شاعیرانی به‌ر له‌خۆی یان هاوڕۆژانی خۆی بنێت ، به‌هه‌مان ئه‌و ئه‌سكه‌له په‌ڕپووته بپه‌ڕێته‌وه به‌ری ئه‌وبه‌ر. ئه‌و شاعیره گه‌رچی ئه‌وكاتاتانه‌ی ده‌ستی به شیعر نووسین كرد ئه‌وه‌نده كڵوڵمه‌زه‌نده نه‌بوو له‌وه‌ی بزانێت شیعر هه‌رته‌نها له‌لایه‌ن شاعیرانه‌وه هه‌ڵناسه‌نگێندرێت ، ڕه‌خنه‌كارو تیوریستی شیعریش هه‌یه ، له هه‌موویانیشه‌وه له پیشترو گرنگتر خوێنه‌ر هه‌یه ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له گرێكوێره‌ی گرنگی دیدو بۆچوونی شاعیرانی چوارده‌وره‌ی خۆیشی نه‌ده‌بووه‌وه ، تا ڕادده‌یه‌ك بێ‌باك نه‌بوو له ناوه‌نده شیعرییه‌كه‌دا له‌وه‌ی ئه‌و وه‌ك شاعیرێكی ڕچه‌شكێن دانیپێدا بنێن یان دانیپیدا نه‌نێن ، دواتر ئه‌م شاعیره و ورده ورده له ناوه‌راستی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو زێتر كه‌وته گه‌شه‌پێدانی ڕۆشنبیری خۆی و كه‌وته ئه‌وه‌ی كه‌متر چه‌توون بێت ، به‌ڵام بێباكتر به‌نێو كۆلانه جوانه‌كانی شیعردا تێبپه‌رێت و زیاتر له‌وه‌ش ، له‌وه تێگه‌یشت جیهانی شیعر و شاعیران نه‌كه‌شتییه نه سه‌وڵا و به‌له‌م, به‌ڵكو ئه‌و جیهانه تایبه‌ته خاكێكی سه‌وزی فرێوده‌ره و ئه‌و خۆیشی یه‌كێكه له هاوڵاتییه‌كانی ناوه‌وه‌ی و ناسنامه‌ی شارستانییه‌تییه‌كه‌یشی ژماره‌یه‌كی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. خاكێكه هه‌موو شتێكی تێدایه خه‌ون و شاعیر‌و شه‌راب و شیعر‌و میعرو ژن و پیاو و ناپیاو و نه‌فره‌تی و سه‌قه‌تی و سه‌قه‌می ، مه‌ستی و به‌خت و به‌خته‌وه‌ری ، خاكێكه شه‌قامی شاره‌كانی پڕه له به‌ڕه‌لڵایی و بێهووده‌یی و ته‌نانه‌ت دزو ئایدز و عه‌شق و فه‌نا و سه‌ما و سینه‌ما و ئاین و دوككانی توحه‌فیشی تێدایه ، تاقه شت كه تیایدا نه‌بێت ، هه‌ر ته‌نها ڕاستینه‌یه ، كه به هه‌ق تیایدا نییه ، نه‌بوونی ئه‌مه‌شیان بۆ ته‌ڵعه‌ت كێشه‌یه‌كی زۆر گه‌وره نه‌بوو ، چونكه ئه‌و خۆی هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا لێی بێزار بوو ، حه‌زی ده‌كرد هه‌ر ته‌نها ئێسك و پروسكه‌كه‌ی ڕاستینه ببینێت بۆ ئه‌وه‌ی بۆی بكرێت به شیعر راستینه‌یه‌كی دیكه بۆ كاراكته‌ره‌كانی ئه‌م زه‌مینه بینا بكات. به‌م شێوه‌یه ئه‌م كوڕه گه‌نجه‌ی سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو بۆ ئه‌ده‌ب بووه سه‌ییاح و سالووك و ڕه‌میده و گه‌ڕیده و له شیعریشدا زووتر له سات و واده‌ی سروشتی خۆی بووه شاعیرێكی خاوه‌ن جیهانبینی و فه‌رهه‌نگی تایبه‌تی خۆی و ترازاو له كایه‌ی به‌رجه‌سته‌كردنی تێگه‌و تێڕامان له بوون و نه‌بوونی شته ورد‌و درشته‌كانی ده‌ور به خۆی.
ئه‌وه‌ی زۆر جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه كه‌وا ئه‌زموونی شیعری ته‌ڵعه‌ت تاهیر یه‌كێكه له‌و ئه‌زموونه دیارانه‌ی به نێو سه‌ختترین قۆناغی شیعری كوردیدا تێپه‌ڕیوه ، ئه‌م سه‌ختییه‌ش له‌وه‌دا خۆی گوزارشت ده‌كات كه‌وا له‌كاتێكدا شیعری كوردی له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كان هێشتا زۆری پێویست بوو له كۆتوبه‌ندی زمان و گوزارشتكرنی سێنتیمێنتالی و نالۆژیكی زمانی شیعری ده‌ربێت ، شاعیرێكی وه‌ك ته‌ڵعه‌ت تاهیر هه‌ر زوو دركی به‌وه كرد شیعر له به‌ری شاعیر له دایك ده‌بێت ، به‌ڵام له به‌ری ئه‌وبه‌ر كه جیهانی خوێنه‌ره ده‌ژیێت و ئا له‌وێ ڕۆح به‌خۆوه ده‌گرێت و بوون بۆ خۆی له لای ئه‌و كه وه‌رگره به‌ده‌ستدێنێت. له كاتێكدا زۆرینه‌ی كه‌ڵه شاعیرانی كورد له‌كه‌لی سێنتیمێنتالیزمی خۆیان نه‌ده‌هاتنه خوارێ ، به‌ڵكو به ڕه‌وت و ئاراسته‌یێكی زۆر دروستیشیان ده‌زانی و شانازمه‌ندبوون به ده‌سته‌واژه‌یه‌كی سه‌یر كه ئه‌و مانایه‌ی به‌خۆوه ده‌گرت ، كه‌وا ئه‌وان شیعر بۆ خۆیان ده‌نووسن یان به‌شێوه‌یه‌كی ڕیائامێز له‌لایه‌ن هه‌ر یه‌كه‌یانه‌وه وا ده‌گوترا: ئێمه شیعر نانووسین به‌ڵكو ده‌ماننووسێته‌وه ، به واتایه‌كی دیكه ویست و ئیراده‌ی ئه‌وان خواوه‌ندی شیعر ده‌یئاژوا ، به‌م شێوه‌یه‌ش ئه‌م چه‌مكه ئه‌و پاساوه‌ی لێكه‌وته‌وه ، كه‌وا ئه‌و ستایله‌ی ئه‌وان پێڕه‌وی ده‌كه‌ن بۆ نووسین و داڕشتنی شیعری ، ستایلێكی موقه‌دده‌سه‌و ڕاستترو دروستتره له هه‌ر نووسین وئه‌زموونێكی دیكه‌ی شیعری ، هه‌لی گوڕینی بۆ نییه.
بێڕیایی ، ده‌توانین بڵێن ته‌ڵعه‌ت تاهیر له پێشه‌نگی ئه‌و شاعیرانه‌یه ، كه بێباكانه لاملی له‌م پیرۆزییه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م ستایله باوه‌ی كاتی خۆی كرد‌و هه‌ربۆیه‌ش زۆر له شاعیرانی هاوزه‌مه‌نی ئه‌و به وردی چاودێری ئه‌زموونه‌كه‌ی ئه‌ویان ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی بزانن به‌كێوه‌ی ده‌گه‌یه‌نێت ، به‌كامه هه‌ڵدێری ده‌بات.
له به‌هاری ساڵی 1992 بۆ یه‌كه‌م جار له به‌رده‌م قاوه‌خانه‌كه‌ی مه‌چكۆ به ناسینی ته‌ڵعه‌ت تاهیر ئاشنا بووم ، براده‌رێكی زۆر ئازیز ڕاسته‌وخۆ به‌یه‌كدی ناساندین ، منیش دوای ناسینه ڕاسته‌خۆكه ، له‌م براده‌ره ئازیزه‌م زۆر گله‌ییباربووم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بوایه زۆر زووتر ئه‌م یاخه‌گیره‌ی به من بناساندبووایه. ئه‌وسا ته‌ڵعه‌ت تاهیر گه‌نجێكی باریكه‌له‌ی بیست ساڵه‌ی چه‌توون و سالووك بوو ، موفلیسیش له پاره‌و پوول به‌ڵام زه‌نگین به خه‌می خوێندنه‌وه و خۆ پێگه‌یاندن ، بێ‌باك و سه‌ربه‌رزو هه‌میشه وه‌ك ئێستای خه‌یاڵ به‌ڕه‌لڵا و فره‌وان ، ئه‌و جیهانی وه‌ك ئیستای به كۆمێدیایه‌كی مرۆڤایه‌تی ده‌بینی ، ئه‌و هه‌میشه ده‌یتوانی به خه‌یاڵه فره‌وانه‌كه‌ی هه‌موو ئه‌م گه‌ردوونه له یه‌ك تێكستیدا كۆلۆنیال وكونترۆڵ بكات ، بێئه‌وه‌ی یه‌ك سه‌ربازیش له هه‌ردوولادا بریندار ببێت یا به دیل بگیرێت . به‌ڵام له هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه بوو ته‌ڵعه‌تی شاعیر هه‌میشه له‌وه سڵی نه‌ده‌كرده‌وه به خوێنی خۆشی بێت كتێبێكی به ده‌ست بكه‌وێت ، به‌خواستنه‌وه بێت یا به كڕین ، كتێبێك بێت شتێكی تیا بێت كه‌وا هێشتا كه‌س به‌ر له ئه‌و نه‌یدۆزیبووبێته‌وه ، ئه‌و هه‌ر له‌وساوه ئاماژه‌كانی زیره‌كی و خه‌می گه‌ڕان به‌دوای په‌نهانیی و كلیله‌كانی شیعری پێوه دیاربوو. وبه‌كه‌سێ نه‌ده‌چوو ساده و ساكار بێت و پێ له ته‌خته‌ی چرووك بنێت.
ته‌ڵعه‌ت له ساته وه‌ختێكدا ده‌ستی به نووسینی شیعری كرد ، ئه‌زموونی شیعری سینتیمێنتالزمی كوردی له ناوه‌ڕاستی هه‌شتا و نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا گه‌یشتبووه ئاستێكی زۆر بڵند و ئه‌سته‌م بوو ئه‌زموونێكی جیاوازی وا هه‌بێت بتوانێت به ساناهی لێیه‌وه بترازێت. جگه له‌مه‌ش ناوه‌ندی شیعری كوردی تژی بوو له ئه‌زموونی به بڕشت و سه‌رنج ڕاكیش و زه‌نگین.
ناكرێت ئاوه‌ها به ساناهی باس له چۆنییه‌تی پڕۆسه‌ی نوسینی شیعری بكه‌ین لای ته‌ڵعه‌ت ، ئه‌م ستراتیژییه‌ته ده‌كرێت زۆر سه‌ركه‌وتوتر بێت ، كاتێك له چوارچێوه‌ی چه‌ند تێزێكی زانستی كاری بۆ بكرێت ، به‌ڵام خۆ ده‌كرێت ڕوو له چه‌ند سه‌ره‌داوێك بكه‌ین و باسیان لێوه بكه‌ین كه‌وا چۆن ئه‌م شاعیره كه‌ره‌سته خاوه‌كانی خۆی له قوڵایی كانه‌كانی ڕۆح ده‌ردێنێ و ده‌یكا به تێكستێكی مۆزائیكی و خوێنه‌ر له‌گه‌ڵا فینجانێ قاوه یان پیاڵه‌یه‌ك چادا له بالكۆنه‌كه‌ی خۆیدا هه‌موو دونیای لێبه‌دیاركه‌وێت.
شیعری ته‌ڵعه‌ت هه‌مووی له گه‌مه‌یه‌كی بازنه‌یی سه‌یر ده‌چێت ، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بیرۆكه‌ی تێكست خۆی ئاشكرا ده‌كات به‌ڵام زۆر به زه‌حمه‌ت قوڵایی خۆی وه‌ده‌ست ده‌دات ، خوێنه‌ری ئاسایی وای بۆ ده‌چێت له تێكسته‌كه حاڵی بووه ، به‌ڵام هه‌ر زوو له‌م تێگه‌یشتنه‌ی بێهووده ده‌بێت و دیسانه‌وه و دووباره به تێكسته‌كه‌دا ده‌چێته‌وه‌و شتی دیكه‌ی لێده‌چنێته‌وه‌و هه‌ڵده‌كڕێنێته‌وه ، ئا به‌م شێوه‌یه شیعری ته‌ڵعه‌ت دیالێكتی پێوه‌ندی خۆی له گه‌ڵ خوێنه‌ر زۆر به سفت و سوكی دروستده‌كات ، دۆزینه‌وه‌ی ناسنامه و مۆنادای ئه‌م جۆره پێوه‌ندییه نیگه‌رانه‌ش به زه‌حمه‌ت ده‌كرێت له‌م په‌له‌په‌لییه‌ی پێشه‌كی نووسینه ناونیشانێكی زۆر دروستی بۆ بدۆزینه‌وه ، بێگومان باشتره كارنامه‌ی ئه‌كادیمی دیكه به هه‌وڵ و خۆته‌رخانكردن بتوانن به‌دوای ئه‌م ناسنامه‌یه‌دا بگه‌ڕێن و كاری زۆر فره‌وانتری له باره‌یه‌وه بكه‌ن ، بۆیه‌ش من له‌م لایه‌نه‌وه ده‌رگاكه‌ی خۆیندنه‌وه‌م به فره‌واتر به‌جێده‌هێڵم بۆ ئه‌و لێكۆله‌ره جیددیانه‌ی له بارن بۆ ئه‌وه‌ی كاری ئێركیۆلوژی دیكه له پانتاییه‌كانی ئه‌زموونی شیعری ئه‌م شاعیره ڕچه‌شكێنه به ئه‌نجام بگه‌یه‌نن .
شیعره‌كانی ته‌ڵعه‌ت تاهیر هه‌ندێ جار ئه‌و مه‌ودایه‌ی به خۆوه‌ده‌گرت ، دواتر لاسایی بكرێته‌وه یان ده‌با باشتر بیڵێین بوو به ئه‌رنۆمێنتكارێك كه‌سانێك به شوێن په‌نجه‌ی ئه‌زموونه‌كه‌ی ئه‌ودا بچن و بتوانن كیمیای خۆڵه‌میش له كیمیای عه‌شق جیا بكه‌نه‌وه و ده‌نكه هه‌نارێك له دیامۆندێكی سوور جوانتر ببینن و خه‌ونێك به دووربینێك نه‌گۆڕنه‌وه ، هێشووه ترێیه‌ك به‌هادارتر بێت لایان له ده‌فته‌ره دۆلاریك و به‌هه‌شتێك خۆشه‌ویستی و دۆزه‌خیك رق نه‌خه‌نه دوو چاوی ته‌رازوویه‌كه‌وه ، ئه‌زموونی شیعری ئه‌م شاعیره له كۆتاییه‌كانی ده‌یه‌ی یه‌كه‌می ئه‌م سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌مه‌ی ئێمه ، ورده ورده چووه خانه‌ی ڕچه‌شكاندنێك كه‌وا كه‌سانێك هه‌وڵبده‌ن ئه‌گه‌ر نه‌شتوانن چنینی خۆیان به‌جێ په‌نجه‌ی ئه‌ودا ببه‌ن ، ئه‌وا به شوێن پێی ئه‌ودا رێبكه‌ن ، له جێكه‌وته‌و لێكه‌وتكانیشیدا سوود وه‌ربگرن ، به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان تێبگه‌ن ، كه‌وا چركه‌یه‌ك له نووسینی ئازاد به پۆستێكی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م وڵاته‌ی نه‌گۆڕنه‌وه ، پڕۆسه‌یه‌كی شیعری به پڕۆژه‌یه‌كی بازرگانی نه‌گۆڕنه‌وه. شیعر بكرێته مێسنجه‌رێكی نێوان خود و خه‌ون ، نه‌وه‌ك نێوان خود و خۆخافڵاندن ، جه‌سته و بوونیش ماڵی ئه‌و خوده بێ كه ناوی شاعیره نه‌وه‌ك هی شاعیر بێ بۆ ده‌سه‌ڵات و خۆخه‌ڵه‌تاندن.
شیعره‌كانی ته‌ڵعه‌ت ده‌كرێت زیاتر له خوێندنه‌وه‌یه‌كیان بۆ بكرێت و له‌وه‌ش زیاتر ده‌كرێت ببێته بواری دامه‌زراندن بۆ پڕۆسه‌ی نووسینی دیكه. هه‌رچه‌نده بۆ ڕاڤه‌كردنی تێكستێكی شیعری پێویستیمان به پانتاییه‌كی فره‌وان هه‌یه بۆ نووسین ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به باشی ده‌زانم فرسه‌تێك بقۆزمه‌وه‌و منیش وه‌ك هه‌ر خوێنه‌رێكی دیكه له پیاسه‌یه‌كی كورتدا لای یه‌كه یه‌كه‌ی شیعره‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه شیعرییه ڕابووه‌ستم و زۆر زۆر به كورتی شتێك بڵێم سه‌باره‌ت به ئه‌زموونه‌كه‌یانه‌وه.
شیعری (وه‌رزێك پێش هاتنی ڤێرجیل) حه‌سره‌تیكی گه‌ردوونیی شاعیره و پرسیار له نێو پرسیار دروست ده‌كات ، خودی ده‌نگی شاعیر ده‌بێته میتامۆرفیوسی كه‌سایه‌تی دانتێ و كه‌سایه‌تی خۆشه‌ویسته ئه‌گه‌رییه‌كه‌یشی به‌ده‌وری خۆی میتامۆرفیوسی پیاتریس ده‌بێته‌وه. هه‌ریه‌كێكیش له‌م دوو ته‌وه‌ره دوو كایه‌ی سه‌ره‌كی دیالێكتی شیعره‌كه پێكده‌هێنن و تێكڕای ڕێساكان دروستده‌كه‌ن ، ئه‌م دێنامیكییه‌ته هه‌ر له سه‌ره‌تای تێكسته‌كه‌وه به‌رده‌وامده‌بێت تاوه‌كو كۆتاییه‌كه‌ی. ئه‌گه‌ر ئه‌م حه‌سره‌ته له‌م تێكسته‌دا دوور بێت له ڕوونی واتایی رێَساكانی ئه‌وا له تێكستی (له به‌رده‌م سێوه‌كه‌ی بۆدلێردا) ریساكان ڕوونتر ده‌بنه‌وه‌و ده‌نگی شیعری تیایدا زه‌ڵاڵتر ده‌بێته‌وه‌و ده‌گاته ئه‌و ئاسته‌ی پرسیاره شیعرییه‌كانی نێو تێكسته‌كه ڕۆحێكی نكوڵئامێز به‌خۆیه‌وه بگرێت ، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان زیره‌كانه‌تر دوو حاڵه‌تی به‌رجه‌سته‌كاری ده‌دۆزێته‌وه بۆ پێكهێنانی دوو كایه‌ی پێكهێنه‌ری دیالێكتی تێكست ئه‌وانیش بۆدلیر وه‌ك ماسكێك ، كه ئاستێك له ئاسته‌كانی گوتاربه‌خش پێكده‌هێنێت و سێوه‌كه وه‌ك ماسكی دووه‌م كه وه‌ك ئاستی گوتارگرێك دێته پێشه‌وه ، و ئه‌گه‌ر یه‌كینه‌یی هامانجی تێكست پارو پارچه‌كانی دوو كایه‌ی تێكسته‌كه كۆبكاته‌وه ، ئه‌وا تێكستی (سروودێكی دیكه‌ی سوله‌یمان) به هه‌مان ستراتیژییه‌تی ئه‌زموونه‌كانی پێشوو خودی خۆی ده‌كاته‌وه ، و هه‌ر كۆپله‌یه‌كی لێی بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی بیرۆكه‌یه‌ك تایبه‌ت كردووه ، به‌ڵام دیسانه‌وه هاماجی گشتی گوتار هه‌ڵده‌ستێت به كۆكردنه‌وه‌ی كۆپله‌كان ، له‌م تێكسته‌شدا كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م كۆپلانه هه‌ر ئاوه‌ها سانا نییه ، ئه‌مه‌شیان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر یه‌كێك لێیان له بازنه‌یه‌كی جیاواز له‌گه‌ڵ ئه‌ویدیكه‌دا بسووڕێته‌وه. تێكستی (رۆژێ له رۆژان ده‌بم به خۆم) یه‌كه‌مین تێكستی شاعیره ، كه بتوانێت له ستراتیژییه‌تی یه‌ك هامانجی ده‌ربچێت ، ئه‌ویش چونكه ده‌نگی شیعری خودی خۆی ده‌كاته چه‌قی بره‌وییه شیعرییه‌كه‌ی و ماسك له ده‌سته‌واژی مانا فره‌وانه‌كان ده‌توێته‌وه ، به‌ڵام شاعیر له نێوان بوون به خۆ و نه‌بوون به خۆ ، په‌نجه‌ره‌و ده‌رگای پرسیار بۆ هه‌موو وه‌ڵام سه‌رنجێك به كراوه‌یی به‌جێده‌هێڵیت. له تێكستی (به بۆنه‌ی چۆله‌كه‌یه‌ك به‌سه‌ر شانی داهۆڵه‌وه) ده‌نگی شیعری به دوای ئه‌و سۆزه مرۆڤایه‌تییه قووڵه‌دا ده‌گه‌ڕیت ، كه بكرێت ئه‌و پێوه‌ندییه تایبه‌ته‌ی نێوان خود و مناڵه‌كه‌یه‌وه هه‌یه بكاته ئاستێك له ئاسته‌كانی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی زنجیره‌یه‌ك خه‌ون وپه‌نهاییه‌كانی كومێدیای بێخه‌تایی و خواییه‌كانی ئاكاری سروشتی هه‌ست و نه‌ست و ویستی مرۆڤ ، جوانی ئه‌م تێكسته له‌و توانا به‌هێزه‌یدایه ویسته‌كانی منداڵێك له‌ویسته‌كانی شیعرێك منداڵتر نه‌كاته‌وه به‌ڵكو له ته‌ندانس و پارسه‌نگێكی جوان بیانهێڵێته‌وه و خوێنه‌ریش له‌وان منداڵتر بكاته‌وه ، وشاعیریش له ئاست دیالێكتی هه‌ردوو لایان خۆی ئاماده بكا بۆ شیعرێكی دیكه. له تێكستی (ئه‌گه‌ر له‌وێیت .. دێم) ده‌نگی شیعری دیسانه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لۆژیكی پرسیاركردن هه‌روه‌ها بۆ وه‌ستان به‌رامبه‌ر حاڵه‌تی سه‌رسورمان ، ئه‌مه‌ش لایه‌نێكی نێگه‌تیڤ نییه ، له ستراتیژییه‌تی نووسینی شیعریدا ، به مه‌رجیك شعرییه‌ت بۆ مانا بدۆزێته‌وه یان مانا له شیعرییه‌ت نه‌دزێته‌وه ، له‌م تێكسته‌دا زه‌مه‌ن وه‌ك حاڵتێكی ناوێزه به‌رجه‌سته ده‌كرێت ، به‌ڵام له‌سه‌ره‌وه‌ی جوانی نه‌وه‌ك ناشیرنی ، به‌م شێوه‌یه كه‌ره‌سته‌ی گوزارشت وابه‌سته‌ی ئه‌و پنته جوانانه ده‌كات كه ده‌نگی شیعری بۆ كرده‌ی جوانی ده‌یهێنێته ناو ماڵی تێكست. له تیكستی (تۆ و به‌س ، تۆ و هتد ..) دیسانه‌وه په‌رده له ڕووی ئاستی جیهانبینی گه‌ردوونی هه‌ڵده‌داته‌وه ، دیالێكتی خود وخود ده‌نگی شیعری ده‌گه‌یه‌نێته‌وه ئه‌و ڕاستییه ئه‌زه‌لییه‌ی كه‌وا مرۆڤ هه‌میشه كرده‌ی خاكه‌و خاكیش هه‌م نه‌وه‌كه‌یه‌تی و هه‌م باپیرییه‌تی ، ئه‌مه‌و جگه له‌وه‌ی مرۆڤ به‌رامبه‌ر ئه‌و مه‌حاڵییه ئه‌زه‌لییه ده‌هێڵێته‌وه ، كه ناهێڵێت ئاوه‌ها به ساناهی له زه‌مه‌نێكه‌وه بۆ بۆ ئه‌ویدیكه‌یان بڕوات . ئه‌گه‌رچی تیكستی (له‌به‌ر ئاوازێك نایه‌وێ ببێته گۆرانی) له ڕووی جیهانبینییه‌وه تا ڕادده‌یه‌ك هه‌ندێ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی تێكسته‌كه‌ی پێشووی پێوه دیاره كه ئه‌مه‌ش شتێكی ئاساییه ، به‌ڵام جیاوازی سه‌ره‌كی له‌گه‌ڵیدا ئه‌وه‌یه له تێكسته‌دا زمان ساده‌تر ده‌بێته‌وه بۆ شته ورده‌كانی ڕۆژانه‌و مادده‌ی دیتراوو هه‌ستپێكراو ده‌بنه كه‌ره‌سته‌ی یه‌كه پێكهێنه‌ره‌كانی شیعری و دروستكردنی ڕێسا سه‌ره‌كییه‌كانی. ڕه‌نگه بۆ هه‌ندێ خوێنه‌ر تیكستی ( پایزی زه‌عیم ) تا ڕادده‌یه‌ك جێگه‌ی سه‌رنج بێت ، ئه‌مه‌ش ئیمڕۆ ڕاسته ، چونكه هه‌موو گوتارێكی شیعری ناكرێت ناسنامه‌ی خوی وه‌ده‌ست بێنێت له ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی لای خوێنه‌ر ، ئه‌م تێكسته له زنجیره‌یه‌ك ریسای واتائامێزی جوان و زیندوو پێكدێت ، كه ڕاسته‌وخو گوزارشت له ڕه‌وتی سۆسیۆپۆله‌تیكی جیهانی ئیمڕۆمان ده‌كات ، سه‌ركرده‌و ڕابه‌رو زه‌عیم به تایبه‌ت له وڵاتانی و رۆژهه‌لات و هه‌رێمه‌كانییانه‌وه ئاوه‌ها وه‌ك چۆن له نێو تێكسته‌كه‌ی ته‌ڵعه‌تدا گوزارشتی لێكراوه به سروشتی سه‌ره‌كی خۆیان ده‌خوێنرێنه‌وه.
ته‌ڵعه‌ت ، شیعر ناینووسێته‌وه ، به‌ڵكو راستینه‌یه‌كه شیعر ده‌یخوێنێته‌وه ، به‌ڵام له په‌ڕگه‌یه‌ك له په‌ڕگه‌كانی ئه‌م گه‌ردوونه مه‌لعوونه ئه‌زه‌لییه زۆر جوانه‌یه ، په‌نجه‌كانی ئه‌م شاعیره ڕووی زه‌مه‌نمان پێده‌ناسێنێ ، به سه‌ر پشت سیمرخێكی چینییه‌وه ئه‌م گه‌ردوونه‌مان پێده‌ناسێنێ و هه‌ندێ جاریش به میترۆیه‌كی ئه‌فسووناوی هه‌موو جیهانی ژێر زه‌مینمان پێئاشنا ده‌كات ، یان به به‌له‌مێكی دزراوی نه‌دزراو ده‌مانگه‌یه‌نێته دورگه‌كه‌ی كالیبسۆو به هه‌موو كژه جوانه‌كانی ئه‌ویمان ده‌ناسێنی ، ئه‌و شاعیره تێكست ده‌نووسێته‌وه و میژووش ئه‌و ده‌نووسێته‌وه.
هه‌ولێر 1/5/2011
.