Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
راگەیاندنێک بێ باسکی ئازادی

راگەیاندنێک بێ باسکی ئازادی

Closed
by August 7, 2011 گشتی

 

 

بێگومان هەموومان لەسەر ئەوە کۆکین کە بێ ئازادی رۆژنامەوانی و راگەیاندن، لە ئاست و بوارەکانی تریشدا ئازادی بوونی نییە.
سلڤادۆر دو ماداریاگا رۆژۆ کە نووسەرێکی ئیسپانی بوو، لە نێوان ساڵانی (1886-1978)دا ژیا، دەڵێت:
هەموو ئازادییەکانی تر لە کرداردا پەیوەستن بە ئازادی راگەیاندنەوە.  ئەو پیاوە جگە لەوەی نووسەر بوو، سیاسەتوانیش بوو. هەروەها کەسێک بوو لە دژبەرانی فرانکۆ (1892-1975).
پێموایە زۆربەمان لەسەر ئەوە کۆکین راگەیاندنی ئازاد لە وەڵاتی ئێمە بوونی نییە. کاتێک دەڵێم: زۆربەمان ئەگەر بە شێوەیەکی نافەرمی قسە بکەین. خۆ ئەگەر ئازادی رادەربڕین هەبێت، رەنگبێ هەموومان هەمان قسە بکەین/بنووسین.
راستییەکەی کاتێک دەنووسم “راگەیاندنی ئازاد لە وەڵاتی ئێمە بوونی نییە” دەزانم زۆر کەس کە بە پێچەوانەوە بیر دەکەنەوە چ دەڵێن و چ کاردانەوەیەکیان دەبێت. بەڵام ئەوەی من دەینووسم/دەیڵێم لە خۆشەویستی ئازادییەوە سەرچاوە دەگرێت. خۆشەویستییەک کە دەخوازم هەموو رووبەرێکی نیشتمانەکەم بگرێتەوە. جیاوازی بۆچوونیش بەشێکی گرنگی ژیان و کارە، لەبەرئەوە کاردانەوە بەرانبەر بەو بۆچوونەی من هەر چەشنێک بێت، نابێت بە مایەی دڵتەنگیم. 
سەرتڵی هەموو کاردانەوە و نرخاندنەکان لە رۆژئاوا سەبارەت بە رژێمە سەرکوتکەرەکانی عەرەب لە نەبوونی ئازادی راگەیاندندا چڕ دەبێتەوە. هەموو رەخنەکانی رۆژئاوا لە سیستەمی دەسەڵاتدارێتی عەرەبی لە نەبوونی ئازادی راگەیاندنەوە رێچکە دەگرێت. ئیتر ئازادی راگەیاندن پێداویستی رۆژە و ناسنامەی دیموکراسی هەموو سیستەم و وەڵاتێکە، کاتێک ئازادی راگەیاندن نەبوو، هیچ سیمایەکی جوانی نوژەن و یەکسانی نییە. هیچ شتێکیش لەوە بێ هودە تر نییە لە دنیای رووبەدەر و زەلالی ئیمڕۆدا هەوڵ بدەین راگەیاندنی پەیوەست و گیرۆدە بە بنەماکانی حیزب و دەسەڵاتەوە بە راگەیاندنی ئازاد پێناسە بکەین. کاتێکیش خەڵک ئەو پێناسەیە پەسەند نەکات، ئەوا خۆمانی لێ لووتەلا بکەین. هەوڵێکە بێ هودە. 
ئەم قسانەم سەبارەت بە میدیای کوردی بە بۆنەی گرێدانی کۆنگرەی رۆژنامەوانانی کوردەوەیە. کۆنگرەیەک زۆرتر باسی کاری بیرۆکراتی سەندیکایەکی تێدا دەکرێت، نەک باس لە دروستکردنی راگەیاندنێکی ئازاد. بە داخەوە زۆرینەی ئەو کۆنگرانە جگە لە لیستۆکێکی حیزبەکان زیاتر هیچی تر نین. لیستۆکێک پێشتر بڕیاری هەموو هەنگاوەکانی یارییەکە دەدرێت، بڕیار لە دەرەوەی ئەو سیمایانەی ئامادە دەبن. دەنا لە بری ئەوەی بەر لە کۆنگرە هەر لایەنە و نوێنەری خۆی بۆ هەموو پۆستەکان ئامادە بکات، دەبوو ئەو کۆنگرەیە و بەشدارە بەڕێزەکانی خەمی ئازادی راگەیاندن و چیتر قەتیس نەبوونی ئەو راگەیاندنە لەو رەوشەی کە تێیدایە بخۆن.
کێشەی ئێمە ئەوەیە راگەیاندنی ئازاد و بێ لایەن نییە. هەموو کەناڵەکانی ئێمە بە حیزبی و نا حیزبیانەوە، زانیاری رووت و رەها نابەخشن، زانیارییەک نابەخشن کە هەیە و خەڵک پێویستە ئاگادارییان بێت. هەموو رەنگ و کەناڵەکان ئەو زانیارییە دەبەخشن کە خۆیان مەیلیان لەسەرە و کە لە چوارچێوەیە “میزاج و بەرژەوەندی”خۆیاندایە.
دەبێت لە وەڵاتی ئێمە میدیا لەو تەڵزگەیە رزگار بکرێت.
لە بری ئەوەی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانانی کورددا بیر لە رزگارکردنی میدیا بکرێتەوە، کەچی هەر لەسەرەتاوە حیزبەکانی ئێمە پۆستەکانی ئەو رێکخراوە لە نێو خۆیاندا یەکلا دەکەنەوە. جگە لە رەوشێکی غەمگین هیچی تر نییە، ئەو بارەی کە رۆژنامەوان و رێکحراوەکە و میدیای ئێمەی تێکەوتووە. 
گەلۆ وا پێویست نییە کە حیزبەکان وازیان لەو یارییە بهێنایە، یاریکردن بە هەموو سەندیکا و هەموو رێکخراوەکان؟ ئەوەی مایەی غەمگینییە و حاڵی نابین بۆ ئەم پارتانەی ئێمە تەنانەت لەم کاتەیشدا کە رۆژهەڵات دەهەژێت دەستبەرداری کارکردن نابن بەو شێوازە زیانبەخشە؟
ستیوارد ئاسۆپ (1914-1974) گۆشەنووس و شیرۆڤەکاری سیاسیی ئەمەریکایی، باشی بۆ چووە کە گوتویەتی:
” پێویستە راگەیاندن ئازاد بێت. ئازاد لە بواری گوتنی هەموو شتێکدا، بۆ ئەوەی هەندێک کەس ئەو ئازادییەیان نەبێت، هەموو شتێک بکەن.”  
دەبوو لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی کورددا قسە لەسەر ئەو ئازادییە بکرێت. دەبوو باس لەوە بکرێت و بە روونی بگوترێت، لە دنیای ئیمڕۆدا بێ باسکی ئازادی راگەیاندن هێزی فڕینی نییە. بێ راگەیاندنی ئازادییش کەس ناتوانێ بانگەشەی یەکسانی و دیمۆکراسی بکات. لە باری نەبوونی راگەیاندنی ئازاددا، بانگەشەی لەو جۆرە نەکردنی لە کردنی باشترە.

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.