Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
میرات! … ن/جەلال قادر

میرات! … ن/جەلال قادر

Closed
by August 11, 2011 چیرۆک

لەگەل تەواو بوونی پرسەی دایکم ، خوشک و برابچوکەکەم بوو بە کێشەیان لەسەر مەسەلەی دابەشکردنی میرات . لەبەر ئەوەی میراتەکە ئەوەندە زۆرنەبوو،  تەنیا داوای من ئەوەبوو دوو سەرینەکەی دایک و باوکم بدەنێ تا  لەگەل بۆنیان بنووم . خوشک و براکەم گالتەیان بە عەقلی مندا کردو  وتیان : سەرینەکان بۆتۆ.
پاشان خوشکەکەم توڕە بوو وتی : مادام برایەک میرات وەرناگرێ دەبێت میراتەکە بەشبکەین بەسەر دووان.
کەللە ڕەقی و پیسکەیی ودەمەقاڵێی برا بچوکەکەم و خوشکەکەم دراوسێکانی بێزارکرد . ناچار ئەوانش هاتن تا قسەیەکی خێربکەن و کۆتایی بەم کێشەیە بهێنن .
شەو درەنگ داهات کێشەکە  کۆتایی نەهات و هاوسێکان گەڕانەوە مالی خۆیان . منیش دوو سەرینەکەی دایک و باوکم هەلگرت بە خوشک و براکەم وت : من دەڕۆم . بەس خوا رەحمی کرد میراتەکەمان  دوو هەزار دۆلارێ بوو، ئەگەر بیست سی هەزار دۆلاربوایە دەبوایە خوێنمان بڕشتایە .
ئەو شەوە هەولمدا کێشەی میرات و خوشک و براکەم لە بیرخۆم بەرمەوە . سەرم خستە سەر سەرینەکە و تێر بۆنی دایک و باوکم کرد وەک مندالێ  گریام و فرمێسکەکانم سەرینەکانی تەڕ کرد . دلم ئەوەندە خۆش بوو، نازانم چۆن خەوم لێکەوت . بەیانی زوو لەگەل دەنگە دەنگی خوشک و براکەم بێدار بوومەوە.
چایی و ماستی بەیانیان لەگەل خۆیان هێنابوو ، منیش سەرم سوڕمابوو لەم کارەیان . ئەوان لە هەموو تەمەنی ژیانیان لە منیان نەپرسیوە ئەمجارە چۆن ڕێگایان ونکردووە و هاتوون بۆلام ؟
خوشکەکەم وتی : دایک و باوکمان نەماوە ئیتر دەبێت ئێمە ئاگامان لەیەکتربێت .
وتم : ئێوە دوێنێ شەو ئابرووتان بردم لە پێش چاو هاوسێکان .
وتیان : ئێمە پێکهاتین ، کێشەمان نەماوە هەر ئەو خوشک و برایەی جارانیین .
وتم :  دەباشە ئێوە نانی خۆتان بخۆن تا من دوشێک دەکەم !
وتیان : نا هەرئاوێک بەدەموچاوت داکە چونکە ئێمە ئیشمان پێتە.
وتم : ئیشی چی ؟
خوشکەکەم وتی : تۆ بچۆ دەم و چاوت بشۆ!
ناچار چووم دەم و چاوم شۆری بەلام ترسم لەو خوشک وبرایەم هەبوو کە شتێکیان لەبن سەر بێت!
چایەکەم بەدەستەوە بوو براکەم وتی : دەزانی کاکە ئێمە گومانمان هەیە کە دایە و باوە پارەی وشکەیان هەبێت لە شوێنێک .
وتم : چۆن ئەم گومانەتان لا دروست بوو؟
وتیان : دایە هەندێک پارەی وشکە و خشل وزێری هەبوو دیار نەماون .
وتم : جا دایە لای ئێوە دەژیا ، کەواتە ئێوە دەزانن لە کوێ دایناوە!
وتیان : ئێمە گومان لە شوێنێک دەکەین کە تیای شاردبێتەوە !
وتم : شوێن وەک کوێ؟
وتیان : ناو سەرینەکان !
وتم : هەرئەم بوختانە مابوو..بەم بەیانییە هاتوون سەرودلم بگرن.
وتیان : جا بۆ تووڕەدەبیت ، ئێمە دەلێین ئەگەر لەسەرینەکە بێت ئەوە بەشی دەکەین.
وتم : شتی وانییە ، هەلسن بڕۆنە دەرەوە دەی.
وتیان : ناچینە دەرەوە تا ناو سەرینەکان نەپشکنین!
وتم : چییە بەزمەکەی دوێنێ شەوە .
وتیان : تۆبۆ تووڕە دەبیت؟ ئەی دوێنێ شەو هەر تۆ نەبووی بە هاوسێکانت دەگووت من سەرینەکانم بەسە.
وتم : ئەی ئێوە هاتوون سەرینەکانم لێبسێنن .
وتیان : نەخێر ، ئێمە هاتووین سەرینەکان هەلتەکێنین بەلکو پارە و خشلەکانی تیا بوو!
وتم : ئێوە بێئابروون . دەتانەوێ یادگارییەکانش لەناوبەرن . ئێوە ئەوەی وشەی خۆشەویستییە لە گیانتانە نییە ، پارە بەری چاوی گرتوون ، حاشا خوشک وبرای من نین.
وتیان : باشە ئێمە سەرینەکان دەپشکنین پاشان دەتوانی حاشامان لێبکەیت .
وتم : ئێوە خوشک و برایەتی دەگۆڕنەوە بە پارە . وەرن سەرینەکان بەرن لە کۆلم بنەوە .
هەردوکیان تاوی سەرینەکەیان دا توند لە باوەشیان گرت . وتم : ئینجا بڕۆنە دەرەوە.
وتیان : نەخێر لەپێش چاوت دەیکەینەوە ، ئەگەر شتێکی تیابوو بەشی دەکەین!
وتم : نەخێر، من هیچم لێتان ناوێت ، ناشمەوێ ببینم سەرینەکانی دایک وباوکم لەپێش چاوم هەلدڕن.
خوشکەکەم وتی : خۆم بۆت دەدوورمەوە .
هەرچەند لێان پاڕامەوە و خۆم تووڕە کرد ، بە قسەیان نەکردم . لە پێش چاوم هەردوو سەرینەکەیان هەلدڕی پەڕە مووچەکانشیان پشکنی هیچیان نەدۆزی .
پێموتن : توخوا ئێوە شەرم لەخۆتان ناکەن؟ بڕۆنە دەرەوە !
هەر دووکیانم پالنایە دەرەوە و حاشام لێکردن .  وەک بالندەیەکی پاککراو لە ناو پەڕە موچەکان گریام بۆ سەرینەکان!
 لە پشت دەرگای حەوشە گوێم لێبوو برا و خوشکەکەم دەیانوت : ئەی باشە دەبێ دایە و باوە لە کوێ ئەو زێروخشلەی شاردبێتەوە ؟!

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.