Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ڕۆمانەکەم و زەمەنی کوشتن

ڕۆمانەکەم و زەمەنی کوشتن

Closed
by August 11, 2011 ئەدەب

کەلە مانگی سێپتمبەری 2010 دا هاتمەوە بۆ کوردستان، ڕاستیتان  دەوێت هیچ نەمابوو لەم دنیا فراوانەدا دڵی پێخۆش بکەم جگە لە ئەدەب و دوو کوڕەجوانەکەم نەبێت، لەهەمانکاتدا بوونی هەردووکیان لەژیانمدا پابەندن بەئازاریکی گەورەوە، ئەدەب وەک خۆی بەشێکە لەو ئازارە پڕ چێژەی نوسەر لەژیانی خۆیدا لەگەڵیدا دەژی، لەهەمانکاتیشدا هێزیکی تێکدەرە لەبەرامبەر ژیانی ئاسایی، بێگومان لەنێوان  ژیانێکی ئاسایی وەک خەڵک و ژیانت وەک نوسەرێک جەهەنەمیک هەیە، دەبێت هەموو ڕۆژێک، گەر نەڵێم چەندجاریک لەڕۆژێکدا، پێدا هاتوچۆ بکەیت. بەهەشت شوێنێکە جێگەی نابێتەوە لەژیانی ڕۆماننوسەکاندا، لەبەر ئەوە کەجانتا پڕتەقاڵیە پڕ کتێبەکەم و لاپتۆپ و جانتا شانیەکەم هەڵگرت، بیرم لەوە کردەوە کەهیچ نەماوە دڵی پێخۆش بکەم، جگە لەو ڕۆمانە ناتەواوە نەبێت چەند ساڵێکە لەگەڵ پاڵەوانەکانیدا لەجەنگدام.  لەفڕۆکەخانەی (میونشن) بیرم لەڕۆمانەکەم دەکردەوە، لەیەکێک لەپاڵەوانەکانی، کەناوی (ئەدۆنیسی شۆڕشگێرە)، سەیر لەوەدایە لەهەمانکاتیشدا بیرم لە ژێنوای کوڕە گەورە دوانزە ساڵیەکەم و نالی پێنچ ساڵان، هەناسەکەم، ڕۆحەکەم  دەکردەوە.. بۆچی ئەم ئەم بیرکردنەوەیە لەئەدۆنیسی شۆڕشگێڕ کەلەڕۆمانەکەدا بەئەدۆنیسی کوڕ ناویش دەبرێت جەنجاڵی کردبووم. ئەدۆنیسی کوڕ ، یان چاکتر وایە بڵێم ئەدۆنیسی شۆڕشگێڕ، کوڕی (ئەدۆنیسی شاعیرە) کەلەڕۆمانەکدا لەشەستەکانی سەدەی بیستدا لەسلیمانی و لەبەردەم ماڵی خۆیدا، بەرچەقۆدەردرێت و دەکوژرێت،  تراژیدیاکە لەوەدایە لەبەردەم   کوڕەکەی خۆیدا دەکوژرێت، ئەدۆنیسی منداڵ  ئەم دیمەنە دەبینێت و لەداهاتوودا ئەو برینە قوڵە بەوە سارێژ دەکاتەوە، کەدەبێت بەشۆڕشگێڕ و وەک خۆی دەڵێت: ئەو تەنها بۆ کوشتن دەکوژێت..ئەم دوو خواوەندە، ئەم کوڕو باوکە، لەدووزەمەنی جیاوازەوە هاتوون و دەگەڕینەوە بۆ ئەو دیوو سنووری دنیای بینراو و فانی ئێمە. ئەم دوو ئەدۆنیسە بەنێو زەمەنی کوشتندا تێدەپەڕن، کەناوی بەشێکە لەبەشەکانی ڕۆمانەکەم. ئەدۆنیسی باوک دەمێکە لەقەسیدەدا پێش بینی کوشتنی خۆی کردبوو  لەقەسیدەیەکدا دەڵێت :
ڕەنگەکان تێکەڵی بەیانی کوشتنم دەبێت، ئەی گیاکانی خواوەند
من بەنێو ئێوەدا تێپەڕیم..
(بڕوانە:  ئەودیوو سنوور ،باڵەفڕە بەنێو دارستانەکانی مانگدا..ل٥٦٣)
وابزانم کۆتاییم بەفەسڵی (زەمەنی کوشتن) هێنابوو، کەفەسڵی دوانزەهەمین بوو لەڕۆمانەکەمدا، ئیدی بڕیارمدابوو چیتر نەگەڕێمەوە بۆ کوشتن و زەمەنەکانی، نەک لەبەر ئەوەی هیلاکم دەکات، بەپێچەوانەوە منیش وەک نەوەکەی خۆم، کوڕی ئەو زەمەنەم و سەرەڕای ئەم هەموو ساڵەم لەمەنفای ئەوروپایدا، هێشتا واهەستدەکەم کەژیانی ئاسایی (باری نائاساییە) و باری ئاسایی ئەو زۆرانبازیە خوێناویەی سیاسەت و نانە لەسەر جادەو کۆڵانەکان. لەفڕۆکەخانەی (میونشن) لەچاوەواڕانیکردنی  فڕیندا، ئەم هەستە قوڵەم بەژیان لەنێو باری نائاسایدا وای لێکردم کە بەشێکی گرنگی کتێبەکانم لەجانتاگەورەکەدا دەربهێنم و بیخەمە جانتاکای پشتمەوە. بەتایبەت کتێبە فەلسەفیەکان کەلەڕووی نرخیشەوە گران کەوتبوون لەسەرم، کتێبەکانی بیرمەندانی وەک (پیتەر سڵۆتێردایک، نیچە، هابرماز، فۆکۆ و  ئۆمبیرتۆ ئیکۆ. لەگەڵ  ڕۆمانە گەورەکەی (ڕۆبرێرتۆ بۆلانۆ)ی نوسەری ئەمریکای لاتینی  کەناونیشانەکەی  2666  دووهەزاو شەش سەد و شەست و شەسە. ڕۆمانێکی سەیرە وبەقەبارەش زیاتر لەهەزار لاپەڕە دەبێت.  تەنانەت بیجامەیەک وپانتۆڵیک و خاولیەکیشم کردە نێو جانتای شانەکەمەوە، سەیرە مرۆڤ لەنێو جەرگەی ئەڵمانیادا وەها بیربکاتەوە، خۆم پێکەنینم بەو کارە کرد کەخەریکی بووم، بەڵام ئەم هەستە بەنائارامیەی لەڕۆحی هەموو ڕۆمانوسێکدا هەیە، ئەوەندە سەیرە کەناتوانی زاڵبیت بەسەریدا. دیارە من تەندرابووم بەزەمەنی کوشتن، هەروەها بەزەمەنی بەجێهشتنی دایکم کەمانگێک بەر لەهاتنەوەم ئەم دنیا فانیەی بەجێهێشت. دایکم بەجوانی ژیاو بەجوانیش کۆچیکرد، بەڕاوەستاویەوە ژیا وەک ئافرەتێکی ئازا لەبەرامبەر ئازاری جێهێشتنی من و خوشکەکەم لەمەنفاکاندا،  بێگومان گەورەترین ئازاریشی برا پێشمەرگەکەم بوو، کەلەم ڕێگایەدا قاچێکی لەدەستدابوو، بەڵام ئەوە هێزی ژیانی دایکم بوو کەهەمووانی تەنیبۆوە  و مردنەکەشی ئەوەندە هێمن بوو، لەچاوەڕوانی کەسماندا نەبوو. ئیدی من خۆم و ڕۆمانێکی ناتەواو کەچەند ساڵیکە بەدابڕاوی کارم لەسەر دەکرد، لەگەڵ ئازاری بەجێهێشتنی منداڵەکانمدا کەنەمدەزانی کەی دەیانبینمەوە، بڕیارمدابوو ئەم مەنفایە جێبهێڵم، بەڵام ئایا لەکوردستان دەمێنمەوە؟، ڕۆمانەکەم تەواو دەبێت یان ئاوەها دەمێنتەوە؟، دەگەڕێمەوە یان نا؟، بۆکوێ دەگەڕێمەوە؟…هەموو ئەمانەم بەکراوەیی جێهێشتبوو، بەڵام ئەو قسەیەی (سڵۆتێردایک) بەردەوام دەیهێنام ودەیبردم ئەویش ئەو ژیانە نوێیە کەلەنێومدا لەدایک دەبێت، بەڵام هەموو لەدایکبوونێک بەئازارە، سڵۆتێردایک دەڵێت: ئەوە هێزی ژیانیکی نوێیە لەنێو ژیانی ئێستادا گەمەی خۆی دەکات. بەهەر حاڵ من و لاپتۆپەکەم وجانتاکەی شانم لەمن نەبوونەوە، سەیر لەوەدا بوو لەفڕۆکەکەدا هەستمکرد لەسەفەری ئەمجارەمدا شتێکی نوێ ڕوودەدات، بەڵام نەمدەزانی چییە!، ئەڵمان دەڵێت:(هەستیکە لەسکمدایە)، بەمانای هەستیپێدەکەین، بەڵام نازانین چیە و چۆن دەبێت. لەدابەزینمدا لەسلێمانی جانتا پڕتەقاڵیە گەورەکەم نەگەیشتبوو، بەپێچەوانەی نەفەرەکانی ترەوە من بەپێکەنینەوە پێشوازیم لەئەو هەواڵە ناخۆشە کرد. چونکە هەستمکرد کەباری نائاسایی هێشتا درێژبونەوەی هەیە، ئەوەی چەند کاتژمێریک لەمیونشن گاڵتەم پێدەهات و بەخەیاڵی تێدەگەیشتم، لەسلێمانی بوو بەڕیاڵیستی. ئەو دروشمەی خۆپیشاندانی خوێندکارانی فەڕەنسا وئەوروپام بیرکەوتەوە کەدەیانگووت: خەیاڵ دەبێت بەڕیالستی،  فانتازیا دەسەڵاتە.. ئەوەی لەمیوشن فانتازیا بوو لە سلیمانی ڕیالستی بوو..
لەدوای گەیشتنم  لەژوورەکەی نوێیەکەی دایکمدا گیرسامەوە، کەجار جارە بۆنی درەختە شەوبۆکە لەبەرەبەیاندا وەئاگای دەکردمەوە، دەمەوێت ئەوە بڵێم من دواجار کەدایکم بینی لەژووری نوسینەکەی مندا بوو کەدوای جێهێشتنم بۆ مەنفاکان لەوێدا دوعای خێری بۆ بۆ دەکردین، لەخانووە کۆنەکە پڕ سیحرەکەی کارێزەوشکی ڕۆحم، کەهەموو ئێوارەیەک بەتاریکی دەچوومە سەر دارو و پەردووکەی و گوێم لەو دەنگانەی منداڵیم دەکرد کەهێشتا لەوێ مابونەوە، جار جارەش دەگریام، پاشان بەپێ هەڵدەکشامەوە بۆ خانووە تازەکەی ماڵی باوکم لەکوردسات. ئیدی لەژێر تەمی بیرکردنی منداڵەکانمدا، بەتایبەت کوڕە بچوکەم  خەوم لێدەکەوت،  نالی کەبەم تەمەنە پێنچ ساڵیەوە لەوە تێندەگەیشت بۆچی باوکی لەپڕ ڕۆیشتووە، لەتەلفۆندا پێیدەگووتم بابە تۆ لەکوێیت؟ .. منیش لەدوای هەموو تەلفۆنیک بەردەوام ئەم ڕستەیەی نالی گیان لەسەرمدا دەنگی دەدایەوە.. لەژێر میهرەبانی ڕۆحی دایکم ودەنگی کوڕەکانم، نیوەشەوان تابەرەبەیان بەشەکانی دیکەی ڕۆمانەکەم نوسی. ڕاستیتان دەوێت کەبرای ئازیزم (ئیدریس عومەر )  بڕیاریدا ئەم ڕۆمانە قەبەیەم بۆ چاپبکات و بەموغامەرە تێدەگەیشت، چونکە خۆی گووتەنی: کێ ئەمڕۆ لەکوردستاندا لەبەر سیاسەت و شەڕی حیزبەکان، ڕۆمانیکی شەش سەد لاپەڕی دەخوێنتەوە!، بەڵام ئازایانە بڕیاڕیدا بۆم چاپبکات، نهێنیەکە لەوەدایە، کاتێک پێیگووتم بۆتی چاپدەکەم من ڕۆمانەکەم تەواو نەبوو، هێشتا نەمدەزانی تەواو دەبێت یان وازی لێدێنم، بەڵام من گووتم باشە باپاکنوسی بکەم، ئیدی کافتریای پەپولە وکتێبخانەی گشتی و ژوورەکەی دایکم  و بۆنی گوڵە شەبۆکان فیگوری ڕۆمانەکامی ژیاندەوە و بەردەوام بووم لەگێڕانەوەی چیرۆکی ئەوان، تا دواجار کەڕۆمانەکەم بڵاوبۆوە هەناسەم هەڵکێشا چونکە لەڕۆمانەکە ڕزگارم بوو. سەیر لەوەدابوو لەحەڤدەی شوبات کەفیشەکی لقی چوار بەسەرماندا گیزەی کرد، هەستمکرد زەمەنی کوشتن هێشتا نەک لەڕۆمانەکەی مندا ،بەڵکو لەڕۆحی مرۆڤەکانی ئەم دەڤەرەدا درێژبونەوەی هەیە، چەندە هەستم بەغەمباری کرد، ئەوەندەش سەرسام بووم بەتێکەڵبوونی سنورەکانی ئەدەب و ژیان لەنێو یەکتریدا، هێشتا ئێمە لەزەمەنی کوشتندا دەژین، بیرم لەئەدۆنیسی باوک و کوڕ کردەوە…

 

ئیسماعیل حەمەئەمین
نورنبێرگ 27. Juni 2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.