
هاوشێوه‌كانی سه‌لیم جه‌وده‌ت
دوای سێ مانگ له پرۆڤه‌كردن، گروپی شانۆیی (ره‌ش) بڕیاریاندا 29-9-2010 یه‌كه‌م رۆژی نمایشكردنی شانۆگه‌رییه‌كه‌یان بێت. ( شانۆگه‌ری ده‌نگی پێی مردن دێت ) به‌پێچه‌وانه‌ی شانۆگه‌رییه‌كۆمیدییه‌كانه‌وه رێژه‌یه‌كی كه‌م له خه‌ڵكی چاوه‌ڕوانی نمایشه‌كه‌بوون، شانۆگه‌رییه تراژیدییه‌كان هه‌میشه بینه‌ریان كه‌مه و ئه‌م میلله‌ته عاشقی پێكه‌نین و گاڵته‌جاڕین، بۆیه ئه‌م جۆره كارانه بینه‌ری تایبه‌تییان هه‌یه. به‌هه‌رحاڵ (عیرفان ئه‌شڕه‌ف) ده‌رهێنه‌ری شانۆگه‌رییه‌كه چه‌ند رۆژێك به‌ر له نمایشه‌كه، هه‌واڵی نمایشكردنی شانۆگه‌رییه‌كه‌ی به هه‌موو ته‌له‌فیزۆن و رادیوێ و رۆژنامه‌كان دابوو .
ئه‌و به‌ره‌به‌یانییه به‌ر له ده‌ستپێكردنی شانۆگه‌رییه‌كه، مردن بۆ كارێكی خۆی به‌سواری ماتۆڕێكی بچووك گه‌یشته شوێنی مه‌به‌ست و له‌سه‌ر یه‌كێ له شه‌قامه‌كانی ئه‌م شاره‌دا سه‌ری له شۆفێری تاكسییه‌ك شێواند و ئه‌جه‌لی كه‌سێكی پێ ده‌سنیشان كرد، بڕوانه ئه‌وه ئه‌جه‌له یان رێكه‌وتێكی غه‌مگین، ئه‌و به‌یانییه ئه‌گه‌ر سه‌لیم جه‌وده‌ت به پێ نه‌چووبایه بۆ هۆڵه‌كه، ره‌نگه مردنی بۆ په‌نجاساڵی دی دواكه‌وتبایه. ئا له‌م كاته‌دا مردن دێته سه‌رسه‌رم و ئه‌م رسته‌یه‌م به زۆر پێده‌نووسرێته‌وه:
(كاتژمێر ده‌ی سه‌ر له به‌یانی رۆژی 29-9-2010 دواهه‌مین وێستگه‌ی ژیانی سه‌لیم جه‌وده‌ت بوو، له هه‌ر كوێیه‌ك بووایه ده‌بوو بمرێ.)
بینه‌ران له‌نێو هۆڵه‌كه‌دا دانیشتوون و چاوه‌ڕوانی نمایشه‌كه‌ن، (عیرفان ئه‌شڕه‌ف) له‌و دیوی په‌رده‌ی هۆڵه‌كه‌وه بێ ئۆقره له هاتوو و چۆدایه و به روخسارێكی توڕه‌وه ده‌ڵێت و ده‌ڵێت: “بۆ نه‌هاتی ئاخر سه‌لیم بۆ نه‌هاتی”. مۆبایله‌كه‌ی له گیرفانی ده‌ردێنێت و زه‌نگ بۆ (سه‌لیم) لێده‌دات و كه‌س وه‌ڵام ناداته‌وه، عیرفان به روخسارێكی گرژه‌وه ڕوو له ئه‌كته‌ره‌كان ده‌كات و ده‌ڵێت: “هه‌ر له‌خۆشی ناگرێت وه‌ڵامم بداته‌وه”. ئا له‌و كه‌ین و به‌ینه‌دا له مۆبایله‌كه‌ی سه‌لیمه‌وه ته‌له‌فۆنێك بۆ عیرفان ده‌كرێت:
– ئه‌لو، سڵاو، تۆ زه‌نگت بۆ ئه‌م ژماره‌یه لێدابوو؟
– به‌ڵی، جه‌نابتان كێن؟ ئه‌وه موبایلی سه‌لیمه، ئه‌ی خۆیان له كوێن؟
-من ئه‌فسه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌م. به‌ر له نیو كاتژمێر ئاگاداركراینه‌وه كه كه‌سێك تاكسییه‌كی نیسان صه‌نی لێی داوه و ئه‌م مۆبایله له گیرفانیدا بووه.
– به‌ڕاسته، چۆن وا ده‌بێ، ئه‌ی ئێستا چۆنه؟ له‌كوێیه؟
– به‌داخه‌وه به‌رله چه‌ند ساتێك له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی بۆ بیمارستان گیانی سپارد…
عیرفان ئه‌شره‌ف له‌حه‌ژمه‌تا سه‌ری لێ ده‌شێوێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ور ببینێت، هاوار ده‌كات سه‌لیم مرد، له هاواری خه‌ڵكی ناو هۆڵه‌كه راده‌چڵكێن و ئیتر ده‌بێت به هه‌راو هۆسه‌یه‌ك كه‌س كه‌سی نه‌ده‌ناسی.
# # # # #
له‌دوای مردنی (سه‌لیم جه‌وده‌ت)ه‌وه، ده‌رهێنه‌ر بیر له‌وه ده‌كاته‌وه كه بۆ هاوشێوه‌یه‌كی (سه‌لیم جه‌وده‌ت) بگه‌ڕێت، زۆری لا مه‌به‌ست بوو كه‌سێك بدۆزێته‌وه، كه‌شێوه‌ی (سه‌لیم)ی تێدا بێت، هه‌فته‌یه‌ك له‌پاش مردنی (سه‌لیم)، له‌و په‌ڕی نائومێدی و غه‌مگینییه‌وه، به‌یانییه‌ك وه‌ك هه‌موو رۆژه‌كانی رابردوو له‌ماڵ ده‌چێته‌ده‌ره‌وه، به‌و هیوایه‌ی كه هاوشێوه‌یه‌كی سه‌لیم بدۆزێته‌وه. هێنده به‌نێو بازاڕه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت، هێنده له رووخساری پیاوه‌كانی نێو بازاڕ ده‌ڕوانێت ماندوو ده‌بێت. كزه با یه‌كی فێنك له‌رزی لێ دێنێت و ئیدی نائومێدانه روو له یه‌كێ له مه‌یخانه‌كانی شار ده‌كات، به مه‌به‌ستی خواردنه‌وه. له پێچێَكی تاریكی مه‌یخانه‌دا داده‌نیشێت، هێشتا شاگردی مه‌یخانه‌كه به‌رۆكی نه‌گرتووه، له‌سه‌ر یه‌كێ له‌مێزه‌كان روخساری كه‌سێك ده‌بینێ، ده‌قا و ده‌ق له سه‌لیم جه‌وده‌ت ده‌چوو، بینینی ئه‌و كه‌سه حۆشبه‌ختی كرد، كاتێك شاگردی مه‌یخانه‌كه له‌به‌رده‌میدا قووتبووه‌وه تا داواكارییه‌كانی بۆ جێبه‌جێ بكات، (عیرفان ئه‌شره‌ف) به‌بێ ئه‌وه‌ی روو له شاگرده‌كه بكات، وتی:
– دوو بیره و چاره‌كێ ویسكی و قاپی نۆكاوم بۆ بێنه.
(عیرفان) جگه له‌مه‌زه‌كه، هیچی نه‌خوارده‌وه و نه‌یده‌ویست سه‌رخۆشبێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئاگای له هاوشێوه‌كه‌ی سه‌لیم جه‌وده‌ت نه‌بڕێت، ئێ ناشبێت هیچ نه‌خواته‌وه. به‌رده‌وام نۆكاو و مه‌زه‌ی ده‌خوارد و چاودێری هاوشێوه‌كه‌ی سه‌لیم جه‌وده‌تی ده‌كرد. له چاوه‌ڕوانی هه‌ستانیدا، ئۆقره‌ی نه‌مابوو، هاوشێوه‌كه‌ی (سه‌لیم) پیاوێكی خۆش مه‌شره‌ب و گاڵته‌جاڕ بوو. به پێچه‌وانه‌ی (سه‌لیم)ه‌وه ویسكی خۆرێكی عه‌جایب بوو. كاتژمێر گه‌یشته یانزه‌ی شه‌و، هاوشێوه‌كه‌ی (سه‌لیم) له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا به سه‌رخۆشی له مه‌یخانه‌كه چوونه ده‌ره‌وه، هه‌ریه‌كه‌و به‌لایه‌كدا رۆیشتن. (عیرفان ئه‌شره‌ف) كه‌وته دوای هاوشێوه‌كه‌ی (سه‌لیم). هاوشێوه‌كه‌ی سه‌لیم ماڵی خۆی بۆ نه‌ده‌دۆزرایه‌وه، هه‌رجاره له ده‌رگایه‌كی ده‌دا و خاوه‌ن ماڵێك پاڵێكی پێوه ده‌نا و به پشتا ده‌كه‌وت. (عیرفان) هه‌ر به دوایه‌وه بوو. ئه‌و شه‌وه هاوشێوه‌كه‌ی (سه‌لیم) تا به‌ره به‌یان هێڵنجی ده‌دا و وه‌نه‌وز ده‌یگرت و ئه‌ی ناڵاند تاوێك ده‌ڕۆیشت و ده‌كه‌وت. به‌ره‌به‌یان له پاڵ دیواری كۆڵانێكدا خه‌وی لێ كه‌وت. (عیرفان)یش بیست مه‌تر له‌ولاتره‌وه شانی‌دا به‌دیواره‌وه. له چاوه‌ڕوانی بێداربوونه‌وه‌ی ئه‌ودا، جگه‌ره‌ی ده‌كێشا و له‌سه‌رما هه‌ڵده‌له‌رزی. هاوشێوه‌كه‌ی (سه‌لیم) وه‌ك ئه‌وه‌ی له سه‌ر دۆشه‌كێكی لۆكه نووستبێت، تا كاتژمێر ده‌ی سه‌رله‌به‌یانی خه‌وت. كاتێك بێداربووه‌وه، عیرفان چوو بۆ لای و سڵاوی لێ كرد. هاوشێوه‌كه‌ی (سه‌لیم) به خه‌واڵوییه‌وه وتی:
– تۆ كێی ؟ چیت ده‌وێت؟
– هیچ، حه‌ز ده‌كه‌م یارمه‌تیت بده‌م.
– بۆ من چییییییمه چیمه، تا تۆ یارمه‌تیم بده‌یت؟
– تۆ هه‌سته با بڕۆینه‌وه بۆ ماڵ.
– ناچمه‌وه ماڵ تازه بۆ برۆمه‌وه؟ تێرخه‌و بووم .
– باشه كه‌س و كارت نییه؟ كه‌س به‌دواتا ناگه‌ڕێت؟
– پف كه‌س و كار……!
له‌دوای ئه‌و رۆژه‌وه (عیرفان ئه‌شره‌ف) زیاتر له مانگێك چاودێری هاوشێوه‌كه‌ی (سه‌لیمی) كرد و ده‌یویست ده‌رفه‌تێك بقۆزێنێته‌وه و تێیبگه‌ێینێت كه كارێكی وه‌ها گرنگی پێیه. ئه‌و ده‌رفه‌ته هه‌ڵنه‌ده‌كه‌وت وهه‌میشه سه‌رخۆشبوو.
هاوشێوه‌كه‌ی (سه‌لیم) پیاوێكی ته‌مه‌ن سی و سێ ساڵ بوو. هه‌میشه له مه‌یخانه‌كانه‌وه به مه‌ستی شه‌و و رۆژی ده‌كرده‌وه). (عیرفان ئه‌شڕه‌ف) له هاوشێوه‌ی یه‌كه‌می (سه‌لیم جه‌وده‌ت) نائومێدبوو. دیسانه‌وه به‌نێو روخساره‌كانی بازِاردا گه‌ڕا تا (سه‌لیم جه‌وده‌ت)ێكی تر بدۆزێته‌وه. ئه‌م جاره‌یان له رێگای گۆڤارێكه‌وه، رۆژنامه‌نووسێكی ته‌مه‌ن سی و یه‌ك ساڵی دۆزییه‌وه كه له یه‌كێ له گۆڤاره‌كانی ئه‌م شاره‌دا وتاری ده‌نووسی. هاوشێوه‌ی دووه‌می (سه‌لیم) ناوی (ئیسماعیل) بوو. به (ئیسماعیلی هه‌مه‌چه‌شنه) ناسرابوو. ئه‌م نازناوه‌شی له‌وه‌وه بۆ مابووه‌وه كه له زۆربه‌ی رۆژنامه‌كان وتاری بڵاو ده‌كرده‌وه، وتاره‌كانیشی هه‌ر یه‌ك له ئاوازێك بوو. جارێك له سه‌ر كاره‌با ده‌ینووسی و جارێك له‌سه‌ر نه‌وت و له پڕ وتارێكی درێژی له سه‌ر هونه‌ری شێوه‌كاری ده‌نووسی. (عیرفان) بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته هه‌وڵه‌كانی خۆی خسته گڕ و هه‌رچی كرد سوودی نه‌بوو. (ئیسماعیلی هه‌مه‌چه‌شنه) به دوو هه‌فته مه‌شهه‌دێكی بۆ ئه‌زبه‌ر نه‌كرا و له كاتی پرۆڤه‌دا (عیرفان) (ئیسماعیل) به پاڵ ده‌كاته ده‌ره‌وه.
چه‌ند رۆژێك له‌پاش ئه‌و ئێواره‌یه، له گه‌شتێكیدا بۆ بازاڕی مریشكفرۆشه‌كان پیاوێك ده‌بینێت كه مریشكێكی شامی له باوه‌شدایه و له‌دوای كڕیار ده‌گرێت. (عیرفان) كاتێك به‌ره‌و رووی ده‌ڕوات، وا هه‌ست ده‌كات ڕووبه‌ڕووی سه‌لیم ده‌بێته‌وه، كابراش لای وایه كڕیاره. به‌زمانێكی بازاڕی ده‌ڵێ: وه‌ره حه‌و برا مریشكی شامییه.
عیرفان پێی ده‌ڵێت: مریشكه‌كه بایی چه‌نده من دوو ئه‌وه‌نده‌ت ده‌ده‌مێ به‌ڵام به‌مه‌رجێك كارێكم هه‌یه بۆم جێبه‌جێ بكه‌یت.
هاوشێوه‌كه‌ی (سه‌لیم)یش به تامه‌زرۆوه ده‌ڵێت:
– ئه‌مركه حه‌و برا.
– من عیرفان ئه‌شره‌فم ده‌رهێنه‌ری شانۆم پێویستم به‌تۆیه ده‌ورێكم بۆ ببینیت.
هاوشێوه‌كه‌ی سه‌لیم قاقا پێده‌كه‌نێت:
-وه‌ڵاهی وامزانی موشته‌ریت، به‌خوا عه‌نتیكه‌یه، یه‌عنی ئه‌مبه‌یته ناو ته‌له‌فیزۆنه‌وه.
– نا، نا. ئه‌مه شانۆیه له‌هۆڵدا نمایش ده‌كرێت.
– رۆژی چه‌ندم ده‌ست ده‌كه‌وێت ؟
– هیچ، ئه‌مه بۆ خزمه‌تی هونه‌ره.
هاوشێوه‌كه‌ی (سه‌لیم) تا هێزی تێدابوو جڕتێكی بۆ لێدا و (عیرفان) خۆشی نه‌یزانی چۆن ده‌ربازی بوو. دواهه‌مین هه‌وڵی (عیرفان) له رۆژه‌كانی كۆتایی پاییزدابوو. له یه‌كێ له باخچه‌كانی شاردا هاوشێوه‌یه‌كی (سه‌لیم)ی دۆزییه‌وه. ئه‌و هاوشێوه‌یه‌ی (سه‌لیم) ناوی (موراد سه‌میر)بوو كه ته‌مه‌نی سی و حه‌وت ساڵ بوو. هێنده له (سه‌لیم جه‌وده‌ت) ده‌چوو، ده‌تگوت (سه‌لیم)ـه و زیندوو بۆه‌ته‌وه. (موراد) خوێنه‌وارێكی زیره‌ك بوو، بێ ئیش و كار ده‌سووڕایه‌وه. هه‌میشه له دوای ئیش ده‌گه‌ڕا. ئه‌گه‌رچی ئه‌و كۆلێژی ئابووری ته‌واوكردبوو، وه‌لێ خوێنه‌رێكی جیدی ئه‌ده‌ب و فیكریش بوو. ئه‌مه ئه‌و كه‌سه بوو كه (عیرفان) بۆی ده‌گه‌ڕا. ده‌قا و ده‌ق له (سه‌لیم) ده‌چوو. ته‌نها یه‌ك چاویلكه‌ی به‌س بوو، بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به (سه‌لیم).
موراد به ماوه‌یه‌كی زۆر كورت نه‌ك هه‌ر ئه‌و مه‌شهه‌دانه‌ی تایبه‌تبوون به‌خۆی بگره ته‌واوی ده‌قه‌كه‌ی ئه‌زبه‌ر كرد، به‌جۆرێك ده‌جووڵایه‌وه له ئه‌كته‌رێكی شاره‌زای دنیای شانۆ ده‌چوو. دوای چه‌ند مانگێك له پرۆڤه‌كردن له‌كاتژمێر ده‌ی سه‌ر له به‌یانی 5-1-2011په‌رده لاده‌درێت و ئه‌كته‌ره‌كان ده‌بیندرێن. ئه‌وانه‌ی كه بۆ ته‌نها جارێك بینه‌ری شانۆگه‌رییه‌كانی گروپی شانۆی(ره‌ش) بوون، له بینینی (موراد سه‌میر)دا سه‌ریان سوڕما، وه‌ك ئه‌وه‌ی ( سه‌لیم جه‌وده‌ت )له مردن گه‌ڕابێته‌وه.
ئه‌كته‌ره‌كان:
(موراد سه‌میر) له‌ده‌وری (سه‌لیم جه‌وده‌ت)دا، كه ده‌وری (حه‌كیمی خه‌یاڵی) ده‌بینێ، رێگا له‌مردنی كچی سه‌رۆك بگرێ..
كچی سه‌رۆك
سه‌رۆك
پزیشكێك كه كێبڕكێی حه‌كیمی خه‌یاڵی ده‌كرد
مردن
# # # # # #
دیمه‌نی یه‌كه‌م
(حه‌كیمی خه‌یاڵ) رووی كردووه‌ته سه‌رۆك پێی ده‌ڵێت:
– گه‌ووره‌م رێگام بده من به‌خه‌یاڵ مردن فریو ده‌ده‌م و كچه تاقانه‌كه‌ت رزگار ده‌كه‌م، ده‌توانم له‌خه‌یاڵدا هاوشێوه‌یه‌كی كچه‌كه‌ت بخولقێنم و سه‌ر له مردن بشێوێنم.
پزیشكه‌كه: سه‌رۆك كۆمار تۆ پیاوێكی پێشكه‌وتوو خواز و ژیری، ئه‌م پیاوه نه حه‌كیمه و نه پزیشك، له سیحربازێك به‌ولاوه هیچی تر نییه. تۆ چۆن باوه‌ڕ به خورافیات ده‌كه‌یت.؟
حه‌كیمی خه‌یاڵ: تۆ قه‌سابی نه‌ك پزیشك، تۆ ناتوانی چاره‌سه‌ری خۆت بكه‌یت. سه‌رۆك تكا ئه‌كه‌م باوه‌ڕی پێ مه‌كه، ئه‌مه هه‌ر ئه‌و پزیشكه‌یه له‌كاتی جه‌نگه‌كاندا برینداره‌كانی بۆ چاره‌سه‌ر نه‌ده‌كرا و ده‌یكوشتن. به‌ڵێنت ده‌ده‌می هێزی گۆچانه‌كه‌ی موسام هه‌یه بۆ رێگری له مردن.
سه‌رۆك: ئێوه چین؟ لاچن، دوور كه‌ونه‌وه. به‌هۆی كێبركێی نێوانتان خه‌ریكه كچه‌كه‌م له یاد ده‌كه‌ن. خودایه یارمه‌تیم بده، له‌نێوان په‌ڕجو و عه‌قڵدا چاره‌سه‌رێ بۆ كچه‌كه‌م..
كچی سه‌رۆك: ئاه… ئاه… باوكه، ئازار كوشتمی فریام كه‌وه..
((مردن له‌كراسێكی سپی‌دا به رووخسارێكی ترسناكه‌وه به‌ره‌و كچی سه‌رۆك هه‌نگاو ده‌نێ و ده‌ڵێت)): شایه‌تمان بێنه كچی سه‌رۆك ئێستا دوا ساته‌كانی ته‌مه‌نی تۆیه..
حه‌كیمی خه‌یاڵ له‌و ساته‌دا هاوارده‌كات و ده‌ڵێت: (ئه‌ی ئه‌فسانه‌ی مه‌زن، ئه‌ی په‌رجوو یارمه‌تیم بده). له‌و ساته‌دا (حه‌كیمی خه‌یاڵ) یه‌كه‌م سیحری خۆی ئه‌نجام ده‌دات و ده‌سره ره‌شه‌كه‌ی له گیرفانی ده‌ر ده‌هێنێ، به‌یه‌ك راوه‌شاندن كچێك له وه‌همه‌وه ده‌خولقێنێ، كچێك كه هاوشێوه‌ی كچی سه‌رۆكه، ده‌قاوده‌ق له‌و ده‌چێ..
به‌و كاره‌ی (حه‌كیمی خه‌یاڵ) مردن سه‌ری لێ ده‌شێوێت، كارئه‌كته‌ری (مردن) هێنده توڕه ده‌بێت كه خه‌ریكه (حه‌كیمی خه‌یاڵ) ده‌كوژێت، به‌ڵام نا، ناتوانێ ئه‌و فه‌رمانی مردنی پێ نییه و ته‌نها جێبه‌جێ كه‌ره.
مردن: خودایه یارمه‌تیم بده، سیحرێكم پێببه‌خشه تا بتوانم ئه‌و نێچیره‌ت بۆ راوبكه‌م كه داوات كردوه.
سه‌رۆك: مردن تكات لێ ده‌كه‌م وازبێنه، بست به بستی ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته‌ت ده‌ده‌مێ له به‌رانبه‌ر ئازاد كردنی كچه‌كه‌مدا.
پزیشكه‌كه: گه‌وره‌م، جه‌نابی سه‌رۆك چاره‌سه‌ری كچه‌كه‌ت به‌م ده‌رزییه‌ی ده‌ستی منه نه‌ك به‌و سیحر وخورافیاتانه..
((له‌و كاته‌دا پزیشكه‌كه بۆ لای كچی سه‌رۆك ده‌چوو، مردن له‌نێوان كچی سه‌رۆك و هاوشێوه سیحرییه‌كه‌یدا راوه‌ستابوو تا راسته‌قینه‌كه‌یان بدۆزێته‌وه، حه‌كیمی خه‌یاڵ له سه‌ركورسییه‌ك پشتی دابووه‌وه و جگه‌ره‌یه‌كی داگیرساندبوو و رووی له بینه‌رانی نێو هۆڵه‌كه كردبوو، جارجاره ده‌یوت بروانن چۆن سه‌رم لێ شێواندوون، نه‌مردن و نه پزیشك ناتوانن كچی راسته‌قینه‌ی سه‌رۆك بدۆزنه‌وه. سه‌رۆك له به‌رده‌م مردن‌دا له‌سه‌رچۆك دانیشتبوو و ده‌پاڕایه‌وه.))
ئا له‌و كاته‌دا، له‌و چركه‌ساته‌دا (سه‌لیم جه‌وده‌ت) دوای ئه‌و چه‌ند مانگه له مردنی له ساتێك‌دا له سه‌ر شانۆ بینرا، جلێكی سه‌رتاپا قاوه‌یی له‌به‌ردابوو، وه‌ك ئه‌و به‌یانییه‌ی كه مردن له یه‌كێ له شه‌قامه‌كانی شار رێگای پێگرت. له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی (سه‌لیم جه‌وده‌ت)، یه‌كه‌م كه‌س كه راچڵه‌كا موراد سه‌میر بوو، به‌بینینی (سه‌لیم جه‌وده‌ت) رووخساری زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕا و هاواری ده‌كرد:
ئاوێنه‌یه‌كم بۆ بێنن..
(مردن) و (كچی سه‌رۆك) و (سه‌رۆك) و (پزیشكه‌كه) و (عیرفان ئه‌شره‌ف) و بینه‌رانی نێو هۆڵه‌كه حه‌په‌سابوون، ده‌میان داچه‌قاندبوو. له‌و ساته‌دا (سه‌لیم جه‌وده‌ت) ده‌ستی نایه گه‌رووی (كچی سه‌رۆك). لێره‌وه كه‌شی نێو هۆڵه‌كه به‌ته‌واوی شێوا و بوو به‌هات و هاوار و غه‌ڵبه غه‌ڵب. هه‌ندێك له ترسا بۆ لای ده‌رگای هۆڵه‌كه رایان ده‌كرد و هه‌ندێك له ژێر كورسییه‌كانی نێو هۆڵه‌كه‌دا خۆیان حه‌شار دابوو. ده‌ركه‌وتنی (سه‌لیم جه‌وده‌ت) دوو خوله‌ك زیاتری نه‌خایاند. له دوای دوو خوله‌ك ونبوو. (كچی سه‌رۆك) له سه‌ر زه‌وییه‌كه شل وخاو كه‌وتبوو. (عیرفان ئه‌شره‌ف) هاواری كرد: “تاڤگه مرد”. له‌دوای ئه‌و رسته‌یه‌ی ئه‌و دۆخه‌كه به‌ته‌واوی شێوا، یه‌كێ هاواری ده‌كرد: “كچی سه‌رۆك مرد”. یه‌كێ ده‌یوت: “تاڤگه مرد”. “نه‌مردووه بووراوه‌ته‌وه”. “مرد تاڤگه مرد”. “كچی سه‌رۆك مرد”..
**********************