
سه‌رده‌مێكی نوێی موسته‌شاره‌كان
تا ئێستا له فه‌رهه‌نگی سیاسی كورد ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی خائین یان جاش و مسته‌شار هه‌یه، بریتیه له‌و كلتوره سیاسیه‌ی له‌شاخدا پێناسی بۆ ده‌كرا، واته جاش ئه‌و كه‌سانه بوون كه دژی پێشمه‌رگه شه‌ڕیان ده‌كرد و ده‌كه‌وتنه پێش ده‌بابه‌ی دوژمن و، هێرشیان ده‌كرده سه‌ر پێشمه‌رگه، واته لێكدانه‌وه و بۆچوونه‌كان ده‌رهه‌ق به “جاش، مسته‌شار و خائین” لێكدانه‌وه‌یه‌كی عورفی سیاسی بوون. به‌ڵام دوای راپه‌رینی گه‌لی كوردستان، ئه‌م ده‌سته‌واژه و ئیدیۆمانه ده‌ستكاری نه‌كران و له‌و كه‌سانه‌ش قهتیسكران كه په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌عس هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌م ده‌سته‌واژانه كه‌وتنه‌به‌ر گومان، ئاخۆ پێوه‌ری جاشایه‌تی چییه و كێن؟؟ كاتێ كهسێَك، به‌رپرسێك بۆ مه‌به‌ستی مانه‌وه و درێژه‌دان به ژیانی سیاسی و حزبی و…..، په‌نا بۆ دوژمنی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ببات، هه‌مان ناوی به‌باڵا ده‌بڕدرێ؟ پاشان چۆن كه‌سانێك ناوبنێین جاش و خائین و به‌عسی، له كاتێكدا هه‌ندێك له‌وانه‌ی ئه‌م ناوه‌یان پێبڕاوه، ره‌نگه ئێستا كاربه‌ده‌ست و فهرمانرهوابن و داوای ئازادیش بكه‌ن؟ كه‌واته بۆچوونی پێش راپه‌رین جیاوازه له‌گه‌ڵ دوای راپه‌رین، هه‌ڵبه‌ت له‌وه‌شدا به‌رژه‌وه‌ندی مرۆڤه‌كان واده‌خوازێ، زۆركات په‌نا بۆ هه‌ندێك شت ببات كه به‌لای زۆرێك له ئه‌ندامانی حزب و گه‌له‌كه‌شی قێزه‌ون بن. به‌عسیه‌كانی عێراق، ئه‌و حزبانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا هاتنه‌وه عێراق، به جاش و خائین داده‌نێن، به‌ڵام به‌لای سه‌ركرده‌كان خۆیان، ئه‌وان شۆرشگێرن. بهڵًكو خائین به‌عسیه‌كان و شوێنكهوتهكانیانن. به‌لای بزووتنه‌وه‌ی تالیبانی ئه‌فغانی، كارازای و شا مه‌سعود و ئه‌وانی دیكه‌ی له‌گه‌ڵ سوپا و ده‌بابه‌ی ئه‌مریكی گه‌رانه‌وه مورته‌د و زه‌ندیقن، به‌ڵام كاربه‌ده‌سته‌كانی خۆیان ناو ده‌نێن شۆشگێڕ و ئاشتیخواز.
كه‌واته جاش و موسته‌شار و خائین و ئازادیخواز كێن، له مرۆدا جیاوازی چیه له نێوانیان؟؟ پێموایه كوشتنی مرۆڤ هیچ بیانوویه‌كی ناوێت و هه‌ر چۆنێك بێًت شتێكی بێپاساوه، چونكه ده‌شێ هێزێك یان لایه‌نێك بۆ درێژه‌دان به مانه‌وه‌ی خۆی په‌نا بۆ دوژمنه‌كه‌ی ببات له‌پێناو له‌ناوبردنی دوژمنی یه‌كه‌می، لێره‌دا پێناس و لێكدانه‌وه‌مان بۆ جاش و ئازادیخواز، گریمانه‌ی دیكه‌ی تێده‌كه‌وێت، ئایا كاتێك بۆ مه‌رامی هێشتنه‌وه یان به‌رقه‌راركردنی ئازادی (به‌بۆچوونی ئه‌و لایه‌نانه‌ی په‌نا بۆ دوژمن ده‌به‌ن)، بۆچی كارێكی ناره‌وایه؟ په‌نا بردنی گه‌لانی عێراق بۆ ئه‌مریكا له‌پێناو روخانی سه‌دام كارێكی خراپ بوو، به‌دڵنیاییه‌وه نه‌خێر. كه‌واته به پێی ئه‌م لێكدانه‌وه‌ی دوایی بێ، زه‌مان و مه‌كان بریار له‌سه‌ر بوون و نه‌بوون و هه‌روه‌ها سه‌لماندنی جاشایه‌تی و خائین ده‌ده‌ن. بۆیه ده‌كرێ بڵێین ده‌سته‌واژه و پێناسی جاشایه‌تی لێكدانه‌وه‌یه‌كی لاستیكیه، یان مه‌تاتیه، ده‌شێ له بارودۆخێكدا شۆرشگێڕ بیت، به‌ڵام كاتێ بۆت نه‌گونجا و هه‌ره‌شه‌ی له‌ناو چوونت له‌سه‌ر بوو، ببیته جاش.
نه‌وه‌ی دوای راپه‌رین، ئه‌وه‌نده ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌رو سه‌ربرده‌ی “جاش و-مسته‌شار”و به‌عسی و خیانه‌ت نه‌بوو و نییه، چونكه به‌لایانه‌وه گرنگ دابینكردنی ئازادی بێ‌سنوور ونان و كار و خزمه‌تگوزاریه، ئیتر باكی به‌وه نه‌ماوه كێ له دوێنێ ده‌ستی دوژمنی هێنایه كوردستان یان كێ دوژمنی له‌شاره‌كان وه‌ده‌رنا. له‌م سۆنگه‌شه‌وه ئه‌مرۆ بابه‌تی مسته‌شار و جاش جارێكی دیكه بوونه‌ته رۆژه‌ڤ، كه له‌سه‌ر ئاستی كوردستان یاسایه‌ك نییه بۆ لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی پیاوی به‌عس بوون یان جاش یان خائین بوون، به‌ڵام له‌ناو حكومه‌تی عێراق یاسایه‌ك هه‌یه كه پێی ده‌وترێت”ریشه‌كێشكردنی به‌عس”، كه مافی ئه‌وه ناداته ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌گه‌ڵ به‌عس ده‌ستیان هه‌بوه یان خه‌ڵكی عێراقیان كوشتووه، پۆستی حه‌ساسیان هه‌بێت. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و هه‌قیقه‌ته بزانین له كوردستان، هه‌ر له‌دوای راپه‌رین بێگه‌رانه‌وه بۆ رای گشتی خه‌ڵكی سته‌مدیده و كوژراوی ده‌ست پیاوانی به‌عس، بریاری لێخۆشبوونی بۆ ته‌واوی ئه‌و كه‌سانه ده‌ركرا كه له‌گه‌ڵ به‌عس بوون، ده‌شێت بوترێت مه‌رامێكی سیاسی حزبه‌كان بووه، واته مافی عه‌وامی خه‌ڵك نه‌دراوه، بۆیه به‌هۆی نه‌بوونی یاسایه‌كی گشتی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم، تا ته‌واوی تۆمه‌تباران بگرێته‌وه، جگه له‌مافی شه‌خسی و خێزانی، ئاسان نییه حكومه‌ت خۆی ئه‌و كه‌سانه دادگایی بكات، چونكه ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌مرۆ له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵاتن، هه‌ر ئه‌وان بوون دوێنی بریاری لێخۆش‌بوونیان بۆ مسته‌شار و جاشه‌كان ده‌ركرد، ئیتر چۆن ئه‌مرۆكه له‌سه‌ر داوای خه‌ڵك ئه‌و كه‌سانه ده‌ستگیر ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه تۆماركردنی داوای شه‌خسیه، یان داوا له‌م لیژنه‌ی له‌ناو حكومه‌تی عێراقدا هه‌یه و كار ده‌كات بۆ ریشه‌كێشكردنی به‌عس بكرێ، تاوه‌كو به‌شوێن داخوازی خه‌ڵكی كوردستان دابچێت، ئه‌وه‌ش پاش هه‌ڵگرتنی حه‌سانه و گره‌نتی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی تۆمه‌تبارن به كوشتنی مرۆڤه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد وكوردستان، چونكه هه‌ندێك له‌و جاش و مسته‌شارانه، ده‌شێ له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندی سه‌رۆك حزبێك یا به‌رپرسێك گه‌رابنه‌وه كوردستان و زه‌مانه‌تی ئه‌وه‌شیان پێدرابێت، كه ده‌ستگیر ناكرێن، دیاره له‌ناو كوردانیش عورفی عه‌شایه‌ری تا ئێستا پتر زاڵه له‌وه‌ی گوێرایه‌ڵی بكرێت بۆ یاسا وه‌زعییه‌كان، بۆیه چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی پێیان ده‌وترێت خائین و جاش و مسته‌شار، له‌سۆنگه‌ی گره‌نتی و هزری عه‌شایه‌ری وحهسانهدا، كارێكی ئاسان نییه.
ستار باقی