گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سامان كه‌ریم
“به‌بێ هاتنه‌مه‌یدانی بزوتنه‌وه‌ی كرێكاری.. ئاسۆیه‌كی رۆشن له‌به‌رده‌م ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا نابینم ئه‌مه‌ش ئه‌ركی ئێمه‌یه”
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سامان كه‌ریم سكرتێری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی عێراق
سه‌باره‌ت به خۆپیشاندانه‌كانی به‌غداو شاره‌كانی تری عێراق
دوای به سه‌ركه‌وتن گه‌یشتنی هه‌نگاوی یه‌كه‌می شۆڕش له تونس‌و میسر‌و روخاندنی سه‌رانی ده‌سه‌ڵات له‌م دوو وڵاته‌دا، وه‌ك زۆرێك له وڵاتانی تری ناوچه‌كه، به‌غداو شاره‌كانی تری عێراقیش كه‌متازۆر بوونه شانۆی خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ریی. سه‌رباری هه‌ڵكشان‌و داكشانهكانی، ئه‌م خۆپیشاندانانه تاكو ئیستا هه‌فتانه به‌تایبه‌ت له به‌غدای پایته‌خت هه‌ر به‌رده‌وامه. به‌مه‌به‌ستی تیشك خستنه سه‌ر ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌و زانینی هه‌ڵوێستی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی عێراق له‌سه‌ری، ئه‌م گفتوگۆیه‌مان له‌گه‌ڵا سامان كه‌ریم سكرتێری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی ناوبراودا سازدا.
سه‌عید ئه‌حمه‌د: ئه‌م بزووتنه‌وه‌و خۆپیشاندانانه كهیو چۆن سه‌ریان هه‌ڵدا؟ له‌م چه‌ند مانگه‌دا چ ره‌وتێكیان بڕیووه‌و به‌كوێ گه‌یشتوون؟
سامان كه‌ریم: وه‌ك سه‌رجه‌م وولاتانی عه‌ره‌بی خۆپیشاندانه‌كانی عێراق، پێشینه‌ی چینایهتیو ناڕه‌زایه‌تی خۆی هه‌یه. 8ساڵ به‌سه‌ر ئیحتلالو ده‌سه‌لاتی بورژوزای تائیفی-قه‌ومیدا تێپه‌ر ده‌بێت، تا ئێستا له‌گه‌ره‌كێكی گه‌وره‌ی وه‌كو ئهعهزهمییهی به‌غدا ڕۆژانه دوو سه‌عات كاره‌بای “وه‌ته‌نی” هه‌یه، لهعامریه رۆژانه 4سه‌عات كاره‌با هه‌یه، ئه‌مه جگه له شاره‌كانی باشور‌و ژماره‌یه‌كی زۆر له شارۆچكه‌كان كه له‌و كاته‌ش كه‌متریان به‌ر ده‌كه‌وێت. ئایا ته‌نها نه‌بونی كاره‌با كافی نییه، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌لك بێته دهنگو ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببڕێت؟ به‌بڕوای من ئه‌وه به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی له واقعیه‌تی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئه‌مڕۆی عێراق تێبگه‌ین.
به‌لام مه‌سه‌له‌كه هه‌ر به‌وه‌نده ناوه‌ستێت، له كهمیو گرانی سوتهمهنییهكانهوه بگره وه‌ك بهنزینوغاز تا ده‌گاته بیكارییهكی هیجگار فراوان‌و به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی پێداویستیه‌كانی ژیان‌و كه‌می كرێ‌و…تا، كوشتن له‌سه‌ر شوناسی تائیفی‌و ڕه‌شه كوژی‌و تا دیار نه‌بونی چاره‌نوسی ده‌یان هه‌زار زیندانی كه زۆربه‌یان بۆ ماوه‌ی 4 تا 5 ساڵه نه پرسیاریان لیكراوه و نهچارهنوسیان دیاره وه به‌شی زۆریان ته‌نانه‌ت شوینه‌كانیان دیار نییه، فه‌سادی سهرسوهێنهرو هه‌ڵلوشینی زۆربه‌ی بودجه‌ی وولات له‌لایه‌ن ئه‌ژدیهاكانی ده‌سه‌لاتی بورژوازییه‌وه… ئه‌مانه بناغه‌و واقعیه‌تی كۆمه‌لایه‌تی سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندانه‌كانی ئێستای عێراق دیاری ده‌كه‌ن.
بۆیه پێش 25ی شوبات كه به‌رۆژی ده‌ستپێكردنی خۆپیشاندانه‌كانی عێراق ناسراوه، جه‌ماوه‌ری ناڕازی عێراق له زۆر شوێن په‌لاماری داموده‌زگاكانی حكومه‌تیان دا بۆنمونه له 14ی شوبات له شاری كوت كۆشكی مه‌جلیسی پاریزگایان سوتاند، له چه‌ندین ناحیه‌و قه‌زای دیكه به‌هه‌مان شێوه له‌وانه حه‌ویجه، به‌له‌د، مانگرتنی كرێكارانی شه‌ریكه‌ی جلود بۆ ماوه‌ی 10 رۆژ له كۆتایی مانگی كانونی دووه‌می ئه‌مساڵدا ، 9ی شوبات له قه‌زای به‌دره له پاریزگاری كوت خۆپیشاندانیكی گه‌وره بوو وه دروشمی وه‌ك “نا نا بۆ برسێتی، موچه‌مان مشتیك خۆڵه له چاو موچه‌ی په‌رله‌ماندا” به‌رزكردوه.. تا 25ی شوبات ئه‌م باره به‌رده‌وامه.
له‌ماوه‌ی چه‌ند سالی ڕابوردودا جه‌ماوه‌ری بهشمهینهتو كرێكارانی عێراق هاتونه‌ته مه‌یدان، له‌دژی برسێتی‌و بێكاری‌و چنگی كۆنه‌په‌رستانه‌ی ئه‌خلاقیات‌و دابونه‌ریتی داڕزیوی كۆمه‌لایه‌تی كه به‌هۆی هیزو بزوتنه‌وه بۆرژوازییه ئیسلامییه جۆاروجۆرو هیزه قه‌ومییه عه‌ره‌بیه‌كانه‌وه داسه‌پاوه به‌سه‌ریاندا. به‌بڕوای من ئه‌وه هۆی سه‌ره‌كی په‌یوه‌ستبوونی عێراقه به بزوتنه‌وه‌ی شۆرشگیرانه‌ی ناوچه‌كه‌وه. لیره‌وه كاریگه‌ری شۆرشی میسر‌و تونس بۆ خه‌لكی عێراق مانای واقعی خۆی په‌یدا ده‌كات.
زه‌مینه كۆمه‌لایه‌تییه‌كان له تونس‌و عێراق‌و میسر به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌مان زه‌مینه‌ن. كاریگه‌ری شۆرشیش وه‌ك كاریگه‌ری هه‌لومه‌رجی كۆنه‌په‌رستانه یان دژی شۆرش وایه، بۆ سه‌ر وولاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه. به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌وه ئیزافه بكه‌ین كه عێراق به شیك بوه له سیسته‌می سیاسی‌و جوگرافیایی جیهانی عه‌ره‌ب.
بۆ به‌شی دووه‌می پرسیاره‌كه‌تان، كه خۆپیشاندانه‌كان به‌كوێ گه‌یشتوه‌و چ ڕهوتیكیان بڕیوه؟ خۆپیشاندان وه‌كو دیارده‌و كاریكی ڕیكخراوهیی كۆمه‌لایه‌تی، له‌لایه‌ك كاریگه‌ری داده‌نێت له‌سه‌ر كۆمهلگاو هیزه سیاسیه‌كان وه له‌لایه‌كی دیكه‌وه كاریگه‌ری ده‌خریته سه‌ر. خۆپیشاندانه‌كان تا ئێستا هه‌موو ڕۆژانی هه‌ینی له شاری به‌غداو ناوبه‌ناویش له شاره‌كانی دیكه وه‌كو ناصریهو ئهنبارو موصل و به‌صره‌و دیوانیه و شارۆچكه‌كانی ده‌وروبه‌ریان به‌رده‌وامه، له‌م نیوه‌شدا ناڕه‌زایه‌تی كرێكاری له چه‌ندین كه‌رتی جیاوازدا ده‌بینین وه‌كو كاره‌باو شه‌ریكه‌ی نه‌وتی باشور‌و شوینه‌كانی دیكه….
خۆپیشاندانه‌كان تا ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی یه‌كگرتوو ریكخراو نیین چ له‌باری دروشمه‌وه وه چ له‌باری ڕێكخراوه‌یی‌و رابهریكردنییهوه. له‌م نیوه‌دا زۆر هۆكار ده‌وری خۆی ده‌بینێت، من ته‌نها ئاماژه به دوان له‌وانه ده‌كه‌م، یه‌كێكیان بونی بێتهجروبهییهكی هیجگار فراوانه له كاری رێكخراوه‌یی‌و خه‌باتی جه‌ماوه‌ریدا له نێو ریزی لاوان وكرێكاراندا، دیاره لیره‌دا پێویسته زوعفی كۆمۆنیزمی ریكخراویش ئاماژه پیبكه‌ین. خه‌ڵكی عیراق ماوه‌ی 40 ساڵه له‌سایه‌ی سه‌ركوت‌و بێمافی سیاسی‌و كۆمه‌لایه‌تی و چه‌ندین جه‌نگی گه‌وره‌و ئابلوقه‌ی ئابوری‌دا ژیانیان به‌سه‌ر بردوه، ئه‌مه كاریگه‌رییه‌كی كوشنده‌ی داناوه به‌سه‌ر خه‌باتی جهماوهریو كریكارییهوه، تازه ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی كۆنه‌په‌رستانه‌ی ئه‌م چه‌ند ساله‌ی بۆ زیاد بكه‌ین سه‌باره‌ت به قولبونه‌وه‌ی ململانێی تائیفی ئه‌وه‌نده‌ی تر هه‌لومه‌رجه‌كه به‌زه‌ره‌ری خه‌باتی جه‌ماوه‌ری ته‌واو ده‌بێت. دووه‌میان: فه‌رزكردنی فه‌زای ترس و سه‌ركوت به‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كاندا، نه‌ك ته‌نها له‌باره‌ی ڕاونانو زیندانی كردن‌و به‌دواداچونی ههلسوراوانو سه‌رانی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه، به‌لكو ناردنی سه‌ده‌ها ئهلقهلهگوێی حكومهتو میلیشیا ئیسلامییه‌كان بۆ نیو خۆپیشاندانه‌كان به‌مه‌به‌ستی ڕاوكردنی ههلسوراوانو لادانی خۆپیشاندانه‌كان له‌سه‌ر رێگای خۆیان. لیره‌دا پێویسته ئاماژه به‌وه بكه‌م فه‌زای ترس‌و سه‌ركوت له لایه‌ن میلشیاكانه‌وه جیبهجێدهكرێت، نه‌ك سوپای ده‌وڵه‌ته‌وه. بۆیه ترسی خه‌ڵك له‌وانه‌یه نه‌ك له‌حكومه‌ت. به‌بڕوای من ترس له حكومه‌ت شكاوه. به‌لام حكومه‌ت خۆی بۆ نیشاندانی هه‌یبه‌تی خۆی میلیشاكان به‌كار ده‌هێنیت، به‌تایبه‌ت میلیشایی حزبی ده‌عوه سه‌ر به مالكی‌و میلیشای صه‌در بۆ كاری تایبه‌تی كڕینی هه‌ڵسوڕاوان‌و تیكدانی سیاسانه‌ی ریزی خۆپیشانده‌ران…
بۆیه خۆپیشاندانه‌كان تا ئیستا له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاتی بورژوازی به‌غداوه نه‌توانراوه به‌ته‌واوی سه‌ركوت بكرێت، به‌لام توانراوه به‌ر به فراوانبونهوهو ریكخراوبونی بگیرێت‌و له ئه‌لقه‌یه‌كی به‌رته‌سكدا قه‌تیس بكرێته‌وه.
سه‌عید ئه‌حمه‌د: ئامانجی ئه‌م خۆپیشاندانانه چییه؟ پێكهاته‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌و هێزه به‌شداربووه‌كانی چییه؟ خاڵه جیاواز‌و هاوبه‌شه‌كانی له‌گه‌ڵا خۆپیشاندانه‌كانی كوردستان له‌چیدایه؟
سامان كه‌ریم: ئامانجی خۆپیشاندانه‌كان به‌گشتی فه‌رزكردنی خواسته‌كانی خه‌لكی عێراقه. ئه‌و خواستانه‌ی كه هه‌ر ئێستا زۆر پێویستن و له‌راستیدا ژیانكردن به‌بێ جیبهجێكردنیان زۆر گران ده‌وه‌ستێت له سه‌ر روحیهتو ژیانی خه‌لكی عێراق هه‌روه‌ك تا ئێستا بوه. ئامانجه‌كانی خۆپیشانده‌ران وه خه‌لكی عێراق به‌گشتی ئه‌وه‌یه كه‌مێك به ئاسوده‌یی بژین له‌سایه‌ی هه‌لومه‌رجێكی تاڕاده‌یه‌ك گونجاوتر له‌وه‌ی كه‌هه‌یه، په‌یداكردنی كار، زه‌مانی بێكاری، دابینكردنی كاره‌با، ئازادكردنی ئه‌و زیندانییانه‌ی كه تائیستا هیچ تاوانێكیان له‌سه‌ر ئیسپات نه‌كراوه… یان خواستی هه‌لوه‌شانه‌وه‌ی یاسای ته‌مویلی زاتی…. به‌هه‌رحال ده‌یانه‌وێت ریفۆرمێكی ریشه‌یی له ژیانی خۆیاندا پیك بهێنن.
به‌شداربوانی خۆپیشاندانه‌كان، چین‌و تویژه جیاوازه‌كان ده‌گریته خۆی، به‌لام هیزه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی توێژی لاوان‌و بێكارانه تائێستا. لاوان به‌تایبه‌تی ئه‌و لاوانه‌ی كه ده‌كری له‌ڕوی كاری سیاسیانه‌وه به لاوانی شه‌قام ناویان به‌رین. كرێكاران تائێستا وه‌ك بزوتنه‌وه‌و هیزیكی چینایه‌تی خۆیان نه‌خستۆته پال ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه، وه ئه‌مه لاوازییه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌یه.
بناغه‌ی كۆمه‌لایه‌تی‌و سیاسی خۆپیشاندانه‌كانی كوردستان‌و عێراق جیاوازی سه‌ره‌كی نییه. له هه‌ردوولا 17ی شوباتی سلیمانی‌و 25 ی شوباتی به‌غدا، ئیمه شاهیدی ژماره‌یه‌ك خواستی له‌یه‌كچوو و لێك نزیكین، كه له ناوه‌رۆكدا، به‌گشتی خواستی نان‌و ئازادییه… له‌باری رێكخستنیه‌وه، به‌هه‌مان شێوه ڕهوتو هیزو حزبه جیاوازه‌كان‌و گروپه جیاوازه‌كانی لاوان‌و كه‌سانی سه‌ربه‌خۆ تیایدا به‌شدارن، له‌مباره‌وه جیاوازیه‌ك هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه هیزه ئیسلامییه سیاسیه‌كان له به‌غدا وباشور دهسهلاتدارنو به‌م پێیه حزوریان نییه له نێو ناره‌زایه‌تییه‌كاندا، له‌كوردستان حوزوریان بوو وه ڕۆژانی هه‌ینی خۆپیشاندانه‌كانیان ده‌كرده مزگه‌وت، له به‌غدا ئه‌م دیارده‌یه نییه. له‌كوردستان ناره‌زایه‌تییه‌كان له شاری سلیمانی‌و ده‌وروبه‌ی بوو، وه له‌سلیمانی هه‌موو رۆژیك بوو، به‌لام له به‌غدا ته‌نها رۆژانی هه‌ینییه، له‌شاره‌كانی دیكه‌ی عیراقیش ناوبه‌ناو ناره‌زایه‌تی هه‌یه، واته سه‌راسه‌ری تره. تا ئیستا له به‌غداو شاره‌كانی دیكه ناره‌زایه‌تیه‌كان گه‌شه‌یان نه‌كردوه بۆ نێو گهرهكو كارگه‌كان، له‌مباره‌وه زیاتر له كوردستان‌و میصر‌و تونسی پێش روخانی مبارهكو بن عه‌لییه‌وه نزیكه.
سه‌عید ئه‌حمه‌د: رۆڵی چینی كرێكاری عێراق له‌م بزووتنه‌وه‌یه‌دا چییه؟ هه‌ڵوێستی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی عێراق چییه؟
سامان كه‌ریم: ڕۆلی چینی كرێكار له‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا نزیكه له نه‌بوونه‌وه. به‌لام ناكرێ ڕۆلی چینی كریكار له م چوارچێوه‌یه‌وه دهربكێشین. كۆسپه سه‌ره‌كیه‌كانی نیو بزوتنه‌وه‌ی چینی كرێكار قهدیمیترو پایه‌یی ترن. من پیم وایه له‌عێراقدا به‌بێ هاتنه مه‌یدانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه وه‌ك هیزیكی سیاسی و رابه‌ری ناره‌زایه‌تییه‌كان، به ئاسۆ و ئامانجی رۆشنی خۆیه‌وه، ناتوانین له‌ئاستی كۆمه‌لایه‌تیدا باسی گه‌شه كردن‌و فراوانبونهوهو به‌هیز بونی ناره‌زایه‌تیه‌كان بكه‌ین. پێویسته ئاماژه به‌وه بكه‌م هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا بۆنمونه له 9ی ئایاری ئه‌مساڵدا بۆ یه‌كه‌مجار له‌ماوه‌ی 8 سالی ڕابوردودا مانگرتنێكی گه‌وره‌ی كریكاری بوو له هه‌ر چوار حه‌قله نه‌وتییه گه‌وره‌كانی به‌صره، پێكه‌وه هه‌موویان وه له ڕۆژیكدا، كه نیشانه‌یه‌ك نیشان ده‌دات له ئاستێك له ریكخراوبونی سه‌ره‌تایی له نیو ئه‌م به‌شه‌ی كرێكاراندا. به‌لام خواسته‌كانیان ته‌نها تایبه‌ت بوو به خواستی كه‌رتی خۆیان‌و په‌یوه‌ندییه‌كی نه‌بوو به ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خه‌ڵكه‌وه.
سیاسه‌تی ئیمه سه‌باره‌ت به ناره‌زایه‌تییه‌كان رۆشنه، له‌مباره‌وه ئیمه پلاتفۆرمی عه‌مه‌لی حزبمان له به‌رده‌ستدایه كه بڕیاری پلینۆمی كۆمیته‌ی مه‌ركه‌زی له‌پشته و به‌لگه‌نامه‌یه‌كی ئیستراتیژی حزبه بۆ رینوینی كردن‌و رابهریكردنو ئاسۆداركردنی سیاسی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌و قۆناغه جیاوازه‌كانی كه ده‌یبڕێت. ئیمه له‌باری سیاسییه‌وه هیزیكی هاوبه‌شین له‌م بزوتنهوهیهداو كاری خۆمان به‌پێی ئه‌و پلاتفۆرمه ده‌به‌ینه پێشه‌وه. سیاسه‌تی سه‌ره‌كیمان فراوانكردنهوهو بردنهپێشهوهو رابه‌ریكردنی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌یه له ئاستی كۆمه‌لایه‌تیدا. ئیمه وه‌ك هیزیكی كۆمۆنیستی ئیستراتیژمان سه‌رخستنی شورشی كۆمۆنیستیه له‌ریگای شۆرشی كرێكارییه‌وه، هه‌ر كارێك له‌م نیوه‌دا له‌چوارچیوه‌ی هه‌لومه‌رجی شۆرشگیرانه‌ی ئه‌مرۆدا پراتیكی بكه‌ین وه‌ك به‌شێك له‌و ئامانجه هه‌نگاوی بۆ ده‌نێین.
سه‌عید ئه‌حمه‌د: ئایا تائێستا ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه توانیویه‌تی به هیچ یه‌كێك له ئامانجه‌كانی بگات؟ مامه‌ڵه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق‌و هێزه سیاسیهكانو به‌دیاریكراوی حكومه‌تی عێراق چۆن بووه به‌رامبه‌ر به خۆپیشاندانه‌كان؟ هه‌ڵوێستی هێزه كوردیه‌كانی نێو په‌رله‌مان چی بووه؟
سامان كه‌ریم: هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه هه‌ندی ئامانجی بڕگهییو ناپایه‌داری خۆی به ده‌ست هێنا. له‌باری سیاسیه‌وه ئامانجێكی گرنگی پێكا ئه‌ویش شكاندنی په‌رده‌ی ترس بوو كه زاڵ بوو به‌سه‌ر خه‌لكدا، له‌به‌رامبه‌ر حكومه‌تدا، ئه‌مرۆ ئه‌و ترسه تا ڕاده‌یه‌كی به‌رچاو كه‌م بۆته‌وه. پاشان ده‌ركردنی ژماره‌یه‌ك له پاریزگارو به‌رپرسی بالای حكومه‌ت، بریاردانی حكومه‌ت بۆ دامه‌زراندنی 288 هه‌زار كهسو به‌تایبه‌ت ده‌رچوانی زانكۆ و په‌یمانگاكان، زیادكردنی مه‌واده‌كانی بیتاقه‌ی ته‌موینی، پیدانی 15000 دینار بۆ هه‌ر فهردیكی عیراقی كه ئه‌مه یه‌كجار بوو، وه‌ستاندنی قانونی ته‌حویلی كریكاران بۆ فه‌رمانبه‌ران (نه‌ك ئیلغا كردنه‌وه‌ی) واته له‌مه‌ودا ئه‌و قانونه نه‌ماوه، به‌لام ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه كه ئه‌وانه‌ی كراوان به فه‌رمانبه‌ر تازه فه‌رمانبه‌رن… وه زه‌ختی خه‌لكی له‌سه‌ر حكومهتو ده‌زگاكانی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیادی كردوه… ئه‌مانه ده‌كریت وه‌كو ژماره‌یه‌ك ده‌ستكه‌وتی بچوك‌و برگه‌یی سه‌یر بكه‌ین، كه هیچیان پایه‌دار نیین، تا ئیستا.
مامه‌ڵه‌ی هیزه‌كانی حكومه‌تی عێراق له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تییه‌كاندا له‌سه‌ره‌تاوه، به‌كارهێنانی هێزێكی لغاو به‌ربوو بوو، بهكوشتنو برینداركردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له كوت‌و دیوانیه‌و موصل‌و به‌غدا ده‌ستیان پێكرد له‌گه‌ل زینداینكردنو فڕاندانی ژماره‌یه‌كی هیجگار زۆر كه له ناوه‌راستی مانگی ئایاردا گه‌یشته نزیكه‌ی 1200 كه‌س له زیندانی… له‌گه‌ل ئه‌مه‌داو به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی كه خۆپیشاندانه‌كان به‌رده‌وام بوون سیاسه‌تیكی تریان پیادهكردو تا ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی سیستماتیك ده‌یبه‌نه پێشه‌وه، ئه‌ویش ناردنی ئهلقهلهگوێو نۆكه‌رانی به‌ڵته‌جی خۆیانه بۆ نێو خۆپیشاندهرانو كۆبونه‌وه‌كانی هه‌ڵسوراوان… ئه‌مه‌ش نه‌ك وه‌ك هێزێكی حكومه‌ت به‌ڵكو وه‌ك هێزی كتله‌ی ده‌وڵه‌تی قانون، یان حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی جه‌ناحی مالیكی له‌راستیدا ئه‌م حكومه‌ته ملیشیاكانی سه‌ر به سه‌رۆكی خۆی ده‌نێرێت به‌ناوی حكومه‌ته‌وه… كاری ئه‌م نۆكه‌ره بهڵتهجیانه له دوو ئاستدا ده‌چیته پێشه‌وه: له‌لایه‌ك چاودهگێڕنو ته‌عقیبی هه‌ڵسوراوان وسه‌رانی ناره‌زایه‌تییه‌كان ده‌كه‌ن، وێنه‌یان ده‌گرن و باسه‌كانیان تۆمار ده‌كه‌ن، له‌لایه‌كی دیكه‌وه وه‌كو عهصابهو به‌ڵته‌جی په‌لامار ده‌ده‌ن یان له نێو ساحه‌ی ته‌حریرو ده‌وروبه‌ری كه‌مین ده‌نێنه‌وه بۆ ئه‌وكه‌سانه‌ی كه له نیو ساحه‌كه‌دا دیاری‌یان كردوون، جا یان دهیانفڕینن یان به‌باشی داركارییان ده‌كه‌ن، ئه‌م كارانه‌شیان به به‌رچاوی پۆلیس و سوپا‌و هیزه ئه‌منییه‌كانه‌وه ده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌نده‌ی بگه‌رێته‌وه بۆ هیزه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی نێو په‌رله‌مان، هه‌مان ههڵویسیتان هه‌یه وه بووه كه له‌كوردستان له به‌رانبه‌ر خۆپیشاندانه‌كاندا نواندیان. ئه‌وان ناتوانن هه‌ڵویستێكی دیكه‌یان هه‌بێت، ناكرێت خۆت خۆپیشانده‌ر بكوژیتو بیفڕینیتو داوا له یه‌كێكی دیكه بكه‌یت، كه به‌لوتف بجولێته‌وه له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا. به‌لام ئه‌وان له ئاستی ئاشكرادا و له‌سه‌ر كه‌ناڵه فه‌زاییه عه‌ره‌بییه‌كان تا بۆیان بكرێت خۆیان له‌م باسانه ناده‌ن.
سه‌عید ئه‌حمه‌د: ئاسۆی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌و خۆپیشاندانه‌كان چۆن ئه‌بینن؟ نه‌خشه‌ی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری بۆ به‌سه‌ركه‌وتن گه‌یاندنی چییه؟ چه‌نده گه‌شبینن به چوونه‌پێشه‌وه‌ی نهخشهكهتان؟
سامان كه‌ریم: باوه‌ری شه‌خسی من ئه‌وه‌یه، هه‌روه‌ك له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێدا. به‌بێ هاتنه‌مه‌یدانی بزوتنه‌وه‌ی كریكاری وه‌ك هیزێكی سیاسی رۆشن و هه‌ڵگری خواستی ناره‌زایه‌تییه‌كان كه حه‌تمه‌ن به‌شێكن له خواستی ئه‌وانیش، من ئاسۆیه‌كی رۆشن له‌به‌رده‌م ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا نابینم، كه ئه‌مه‌ش ئه‌ركی ئێمه‌یه. به هۆی هۆكاره سیاسی‌و كۆمه‌لایه‌تیه‌كان‌و هه‌لومه‌رجی سه‌ختی ژیان وگوزهرانو بێمافیه سیاسی‌و ئابورییهكانو فه‌سادی له ڕادهبهردهرهوه، له‌وانه‌یه خۆپیشاندانه‌كان به‌رده‌وام بن، به‌لام به‌رده‌وام بونی خۆپیشاندانه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا‌و پاش زیاتر له چوار مانگ‌و له‌م ئاسته بهرتهسكهدا ناگات به‌هیچ، ده‌توانی عاملیكی فشار بێت‌و به‌س. خۆپیشاندانه‌كان ئه‌گه‌ر بێت‌و هێزێكی كۆمه‌لایه‌تی ڕیشهداكوتاو به‌هیزی كۆمه‌ڵگا له پشتی نهبێتو خۆی پێ نهناسێـتهوهو پاریزگاری لێ نه‌كات، ئه‌وه بێ گومان ئه‌گه‌ر فراوان‌و گه‌وره‌ش بێته‌وه، كه من وای نابینم، دیسان ئهنجامهكانو ده‌سته‌كه‌وته‌كانی پایه‌دار نابن‌و نا‌توانیت ئاسۆیه‌كی سیاسی رۆشن‌و چاره‌نوسێكی دیاری هه‌بێت. خۆ له خۆپیشاندانه‌كانی میسر گه‌وره‌تر نابن، به‌لام به حوكمی ئه‌وه‌ی تا ئێستاش كرێكاران‌و به‌تایبه‌ت به‌شی پێشره‌وو كۆمۆنیستی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه نه‌بوونه‌ته خاوه‌نی سه‌ره‌كی ئه‌م ناره‌زایه‌تیانه، واته چینی كریكار تا ئێستا به‌وینه‌ی هێزیكی سیاسیی سهربهخۆو رۆشن ده‌رنه‌كه‌وتوه، بۆیه ئه‌نجامیكی وای نه‌بوه كه ره‌نگدانه‌وه‌ی خواست‌و ویسته‌كانی خه‌لكی میسر بیت كه له شۆرشدا به‌رزیان كرده‌وه. ته‌نانه‌ت رۆژی 29ی ته‌موز ئه‌و هه‌ینیه‌ی كه ناسراوبو به هه‌ینی” یه‌گرتنی ریز” لهمصر له نزیك مه‌یدانی حریهو مزگه‌وتی رفاعیهوه، سه‌دان كه‌سی سه‌ر به میلیشیا ئیسلامیه‌كان به دهمامكو چه‌كه‌وه دابه‌زینه نیو مه‌یدانه‌وه… ئه‌مه هه‌میشه واقعیه‌تی خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌كه كه گشتی بیتو پێشوه‌خت نه‌خشه‌ی بۆ نهكێشرابێتو هیزی ریكخراوی ئاماده نه‌بیت بۆی.
هه‌روه‌ك له‌سه‌ره‌وه باسمان كرد، ئیمه نه‌خشه‌و پلاتفۆرمی حزبمان هه‌یه. له‌مباره‌وه داوا له خۆینه‌ران ده‌كه‌م بگه‌رینه‌وه بۆ سایتی حزب‌و رۆژنامه‌كانی. به‌لام ئه‌وه‌نده‌ی لیره‌دا بوار هه‌یه، باسی بكه‌م ئه‌وه‌یه كه:
یه‌كه‌م: ناره‌زایه‌تییه‌كان فراوان بكه‌ینه‌وه، هیزی تازه‌ی پێوه په‌یوه‌ست بكه‌ین‌و دوباره ئه‌م هیزه به‌رهه‌م بێته‌وه. به‌تایبه‌ت فراوانكردنهوهو گه‌شه‌پێدانی لهگهرهكو كارگه‌و فه‌رمانگه ده‌وڵه‌تییه‌كان….
دووه‌م: رێكخستنی خه‌لك وه كریكاران به ده‌وری ریكخراوه‌كانی خۆیان و هه‌ر فۆرمیكی گونجاوی ریكخراوه‌یی كه بگونجێت له سه‌ره‌تاوه بۆ ریكخراوبونیان، به‌مه‌رجێك پایه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئیراده‌و بریاری خه‌لك وه‌ستابێت. ئامانج ریكخستنی خه‌لك‌و كریكارانه له شوراكانی خۆیاندا….
سێهه‌م: فۆكه‌س كردنه سه‌ر خواستی زۆر سه‌ره‌كی‌و هه‌روه‌ها ناوچه یان گه‌ره‌كێكی دیاریكراو. بۆنمونه له ئێستادا ئیمه له‌سه‌ر دوو خواستی سه‌ره‌كی خه‌لك، خه‌ریكی ریكخستن‌و هاندانین، خواسته‌كانی كاره‌باو دابینكردنی كار یان بیمه‌ی بێكاری… هه‌روه‌ها له‌سه‌ر یه‌ك دوو ناوچه‌ی به‌غدا فۆكه‌سی ئیمه زیاتره…
چواره‌م: نا گوتن به هه‌موو داموده‌زگا و ریكخراوه‌كان كه ریگرن له به‌رده‌م كاری ریكخراوه‌یی كریكاران‌و جه‌ماوه‌ردا. واته نا گوتن به ریكخراوه زهردهكانو هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌رو ئیراده‌ی كریكاران‌و لاوان‌و ژنان‌و فه‌رمانبه‌ران پێكهاتون‌و خه‌باتكردن له پیناو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یان و دامه‌زراندنی ئه‌لته‌رناتیڤی پشت به‌ستوو به بڕیار‌و ئیراده‌ی خۆیان.
پێنجه‌م: هه‌ركاتیك ئه‌و چوار خاله‌ی سه‌ره‌وه جێبهجێبون به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌وكات به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمی هه‌ڵوه‌شانه‌ی مه‌جلیسی پارێزگاكان وه‌ك شیعارێكی سه‌ره‌كی هه‌ر شارێك بهرزبكریتهوه. واته كاتێك خه‌ڵك ئه‌لته‌رناتیڤی خۆی به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان دامه‌زراندوه، له گهرهكو مه‌یدانه‌كانی كاردا ئه‌وكات له ئاستی شاردا ده‌توانێت به ئیراده‌و بڕیاری خۆی كار بكات‌و خۆی به‌رێوه به‌رێت…
ئه‌مه وه‌كو به‌رنامه‌یه‌كی كورت‌و قۆناغی یه‌كه‌می ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه له لایه‌ن ئیمه‌وه داریژراوهو به‌شی كۆتایی پلاتفۆرمی ئیمه پێكدههێنیت.
به‌بڕوای من كاتێك گه‌شبینی نه‌بێت نوسینی نه‌خشه مانای نییه. به‌م پێیه ئیمه خۆشبینو گه‌شبینین له‌به‌رانبه‌ر كارێكدا كه دهیكهینو ڕایدهپهڕینین. بۆ ئاگاداریتان به‌شی سه‌ره‌كی كاری ئێمه ساحه‌ی ته‌حریر نییه له به‌غدا، به‌ڵكو كاركردنه له‌نێو گه‌ره‌كه كان… له‌م نێوه‌شدا تهمهركوزی خۆمان هه‌یه. كاری سه‌ختمان له به‌رده‌مدایه، نه‌خشه‌ڕیگای سه‌ركه‌وتنمان كێشاوه، ماوه‌ته‌وه كاركردن به ناونیشانی هیزێكی خاوه‌ن ته‌قلیدو ره‌وشی كۆمۆنیستی وكاری كۆمۆنیستی له نێو كرێكاراندا. ئه‌مه‌ش به‌رنامه‌ی هه‌ر ئێستای ئێمه‌یه. له كۆتاییدا زۆر سوپاس‌و بۆ تۆی خۆشهویستو بلاوكراوه‌ی ئۆكتۆبه‌ر. 8/8/2011