خوێندنه‌وه …. ئه‌حمه‌دی مه‌لا
بیستن له پێش قسه‌کردن و خوێندنه‌وه له پێش نووسین، به‌مجۆره ئه‌م خانه‌به‌ندییه له پرۆسه‌کانی زمانفێربووندا ئه‌نجام ده‌درێن. ئه‌گه‌ر بێت و منداڵ، به بیستن و پاشان به لاسایی و دووباره‌کردنه‌وه، ورده ورده به قسه‌کردن ئاشنا ببێت و پراکتیزه‌ی بکات، ئه‌ندامانی خێزان، دایک و باوک به تایبه‌تی، له‌م پرۆسه‌یه‌دا رۆڵی گرینگ و له‌به‌رچاویان ده‌بێت ؛ به‌ڵام خوێندنه‌وه و نووسین له دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌ییه‌کاندا ئاشنای ده‌بێت که له‌وه پێش پلانیان بۆ داڕێژراوه و له لایه‌ن پسپۆرانی په‌روه‌رده‌وه خه‌مڵێندراون و تاقیکراوه‌نه‌ته‌وه و به درێژایی رۆژگاریش، له رێی ئه‌زموونه که‌ڵه‌که‌بووه‌کاندا، گۆڕانکارییان به‌سه‌ردا هاتووه تا بوونه‌ته مادده‌یه‌ک که له گه‌ڵ زیره‌کیی منداڵ و توانا و لێهاتووه‌کانی دا له مامه‌ڵه‌کردندا بێت.
خوێندنه‌وه گرینگیی زۆری هه‌یه و هه‌ندێجاریش له‌گه‌ڵ رۆشنبیریشدا به تێرمی “خوێنده‌وار” مورادیف ده‌وه‌ستێت و هه‌روه‌ها له چه‌ند رووه‌یه‌کیشه‌وه، کۆمه‌ڵگاکان به پێوه‌ری سه‌ودابوون و راده‌ی ئاره‌زوو و خولیابوونیان به خوێندنه‌وه له گه‌ڵ یه‌کتر به‌راورد ده‌کرێت. ئه‌گه‌ر فه‌ره‌نسییه‌کان له ناو میترۆ و پاس و شه‌مه‌نه‌فه‌ره‌کاندا به سه‌ر رۆمانێکی شه‌ش سه‌د لاپه‌ڕه‌ییدا بنووشتێنه‌وه و کاتی خۆیان له نێو ئامێره‌کانی هاتوچۆدا به خوێندنه‌وه‌وه به‌سه‌ر به‌ر‌ن، ئه‌وه ئه‌م دیارده‌یه زۆر که‌متر له کۆمه‌ڵگای ئیسپانی هه‌ستی پێده‌کرێت، به پێچه‌وانه‌شه‌وه له زۆربه‌ی فارغۆنی شه‌مه‌نه‌فه‌رکاندا، چه‌ندین شاشه‌ی ته‌له‌ڤیزیۆن هه‌ڵده‌واسرێن، موسافیر به‌مجۆره خۆی به کات به‌سه‌ربردن راده‌هێنێت. یا له گۆمه‌ڵگای نه‌مساوییدا، له قوتابخانه‌کاندا رۆژێک بۆ خوێندنه‌وه ته‌رخان ده‌کرێت ؛ دایک‌وباوکی فێرکار به‌شدار ده‌بن، هه‌موو له ده‌وری مێوانی مه‌زن :”کتێب” کۆ ده‌بنه‌وه. دروستکردنی په‌یوه‌ندی له نێوان دایک و باوک له لایه‌ک و فێرکار و مامۆستاش له لایه‌کی دی، گرینگیی کۆمه‌ڵه‌گا بۆ خوێندنه‌وه ئاشکرا ده‌کات.
ئه‌مه هه‌وڵێکه بۆ ئه‌وه‌ی کتێب له جوغزه دامه‌زراوییه‌که‌ی رزگار کرێت و ببێته خولیابوونێکی ته‌ندروست ؛ له حاله‌تی زۆره‌ملێیه‌وه ببێه حه‌ز و ئاره‌زوو، رزگارکردنی قوتابی له‌وه‌ی که ته‌نها له رووی نمره و ده‌رچوون و ده‌رنه‌چوون سه‌یری لاپه‌ڕه‌کانی کتێب بکات. بۆ ئه‌وه‌ی به‌ها بنه‌ڕه‌تیی و جه‌وهه‌رییه‌که‌ی کتێب بگه‌ڕێندرێته‌وه، ئه‌و دیده به‌ربڵاوبکرێت و له داوه‌کانی گه‌یشتن به پله و پایه‌و و نمره وه‌رگرتن و چوونه فڵان کۆلێژ و فیساره په‌یمانگا قوتار بکرێت، به‌ڵکو ببێته هه‌وڵ و ته‌قه‌للایه‌ک بۆ که‌شفکردنی نووسه‌رێک، ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی شێواز و ستایلێک و خۆئاشناکردن به جیهانبینییه‌کی دیکه، له پێناو دۆزینه‌وه ئاکار و روخساری قۆناغێکی نووسین که له بۆته‌یدا دیدێکی دیکه‌ی هه‌ڵگرتووه و له نێو لۆچه‌کانی پێنووسێکی ده‌گمه‌ن خۆی حه‌شارداوه. که‌شفکردنی له‌ززه‌تێکه که خوێنه‌ر له گه‌ڵ نووسه‌ردا به‌شداریی تیا ده‌کات. دوجار له پێناو خه‌مڵاندنی باخچه ناوه‌کییه‌کانی تاکدا به‌کارده‌هێنرێت و یارمه‌تی ئینسانه‌کان ده‌دات له به‌رینکردنی ئاسۆی بیرکردنه‌وه و فراونکردنی پانتاییه‌کانی خه‌یاڵ و ئاوه‌ڵاکردنی ده‌روازه‌کانی مه‌عریفه جوداوازه‌کان.
چۆن ئه‌م خولیایه بۆ کتێب و خوێندنه‌وه‌ی، له لای ئێمه شکۆفه ده‌کات؟ چۆن کۆتایی ساڵی خوێندن به ئه‌ڵقه‌ی خوێندنه‌وه له گه‌ڵ سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو گرێ ده‌درێت؟ چۆن به‌شێکی پشووی هاوینه، ئه‌و بۆشاییانه‌ی که له نێوان دوو قۆناغدا دروست ده‌بن به خوێندنه‌وه پڕ بکرێته‌وه؟ کتێب نه‌بێته ئه‌و غه‌ریبه‌ی که له سه‌ره‌تای قۆناغی قوتابخانه به غه‌ریبییه‌وه ده‌ستی بۆ ببه‌ین!
هه‌ر وه‌که چۆن له سیاسه‌تدا باس له ئۆتۆنۆمی و خۆبه‌ڕێوه‌بردن و دابه‌شکردنی سه‌لاحییه‌ته‌کان ده‌کرێت، به پێویست ده‌زانرێت پانتاییه‌کی فراوانیش بدرێته قوتابخانه و سه‌نته‌ر و مه‌ڵبه‌نده په‌روه‌رده‌ییه‌کان، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م سه‌لاحییه‌تانه به شێوه‌یه‌کی پله‌یی و به پێی پێداویستی و هه‌ڵسه‌نگاندن و جێگۆڕکێی شوێنه‌کان دابڕێژرێت. له‌م نێونده ئازادییه‌کی له‌به‌رچاو بدرێته مامۆستا بۆ ئه‌وه‌ی له پاڵ کتێبی زمانی کوردی و رێزمان و داڕشتندا که له لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه داده‌ندرێت، مامۆستا له گه‌ڵ قووتابیانیدا، چه‌ندین کتێبی دیکه‌ی هاوچه‌رخ سه‌باره‌ت به مادده‌ی خوێندنه‌وه هه‌ڵبژێردرێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ببێته به‌شێک له پرۆگرامی ساڵی خوێندن.
به واتایه‌کی دی، له پاڵ پرۆگرامه هاوبه‌شه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، مامۆستا هه‌ڵبژارده‌یه‌ک بۆ خوێندنه‌وه ته‌رخان بکات : رۆمان و شانۆنامه و کورته‌چیرۆک و شیعر و بابه‌تی رۆژنامه‌وانی هتد. که به زمانی کوردی له‌م په‌نجا ساڵه‌ی دوایی نووسرابێتن، وێڕای هه‌ڵبژارده‌یه‌ک له ته‌رجه‌مه‌ی ئه‌و رۆمان و چیرۆک و شانۆنامانه‌ی که به زمانانی دی نووسرابێتن و ته‌رجه‌مه‌ی کوردی کرابێتن و ده‌کرێن. به‌مه قوتابی، له لایه‌ک ئاشنای ره‌وتی نووسینی هاوچه‌رخی کوردی ده‌بێت و هه‌روه‌ها ئاگادارییه‌کیش له‌مه‌ڕ گه‌وره نووسه‌رانی جیهان په‌یدا ده‌کات. به واتایه‌کی دی، له رێی زمانی کوردییه‌وه ئاشنای ده‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌بێت. ئه‌م پرۆسه‌یه وه‌کو راهێنانێکی لێدێت که له رێگایه‌وه قوتابی ئیش له‌سه‌ر چێژ و تواناکانی خۆی ده‌کات و هه‌روه‌ها ده‌بێته هانده‌رێک بۆ ئه‌وه‌ی توێشووی زیاتری پێ بێت بۆ قۆناغه‌کانی داهاتوو.
سووده‌کانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش له چه‌ند خاڵێکدا خۆی ئاشکرا ده‌کات : له لایه‌ک لێپرسراویی قوتابی به‌رامبه‌ر به‌و کتێبه‌ی هه‌ڵیبژاردووه قووڵتر ده‌کات، دروستکردنی په‌یوه‌ندییه‌کی دیکه له نێوان قوتابی و مامۆستا که له‌سه‌ر بناغه‌ی دیالۆگ و هه‌ڵبژاردن و رانمایی په‌یوه‌ست بووبێت. به‌مه قوتابی له ئه‌زبه‌رکردن و دووباره‌کارێکی بێ سه‌وداوه ده‌بێته قوتابییه‌کی به‌رهه‌مێنه‌ر و چالاک. له لایه‌کی تریشه‌وه، ئه‌م پرۆسه‌یه گه‌شه به بازاری کتێبی ئه‌ده‌بی ده‌دات و نووسه‌رانی کوردیش له جوغزه داخراوه‌کانی خۆیان رزگار ده‌کات، ئیتر هه‌ر خۆیان نابن به نووسه‌ر و خوێنه‌ری خۆیان، به‌ڵکو کتێبی کوردی به سه‌ر دونیای په‌روه‌رده‌وه ده‌کرێته‌وه که ئاینده‌یه‌کی پرشنگداری ده‌بێت. کتێب ده‌بێته ئه‌ڵقه‌یه‌ک له نێوان قوتابیان و نووسه‌ران و بازاری کتێب. ره‌نگه به‌مه‌ش له ده‌ستی مۆنۆپۆلکردنی دامه‌زراوه تایبه‌تییه‌کان ده‌رده‌کرێت بچێته خانه‌ی ره‌واجدان به کتێب و نووسه‌ران.
هه‌روه‌ها له وانه‌ی خوێندنه‌وه‌دا، مامۆستایان ده‌توانن له قۆناغه‌کانی خوێندندا چه‌ندین کۆڕ ئاماده بکه‌ن و نووسه‌ران و شاعیران بۆ ئه‌و کۆڕانه داوه‌ت بکرێن و له نزیکه‌وه قوتابی له گه‌ڵ نووسه‌رانی ئه‌و کتێبانه‌ی که خوێندویانه‌ته‌وه ئاشنا بکرێن. دروستکردنی ئه‌م په‌یوه‌ندییه نوێیه له نێوان قوتابیان و کتێب له ئاستی خوێندنه‌وه به زۆرملییه‌وه ده‌بێت خوێندنه‌وه‌ی خۆبه‌خه‌شی، کتێب له سه‌ر ره‌فه‌ی ئه‌ستێره‌کانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه داده‌به‌زرێنرێته خواره‌وه، داده‌به‌زێته سه‌ر ئاستی واقیعی مامۆستایان و قووتابیان، چونکه هه‌ر ئه‌وانن لێپرسراوی راسته‌قینه. دروستکردنی ئه‌م په‌یوه‌ندییه نوێیه له زۆر ئاستدا ره‌نگدانه‌وه‌ی پۆزه‌تیفی ده‌بێت، ده‌کرێت له‌م خاڵانه‌دا به‌رجه‌سته بکرێن :
پته‌وکردنی په‌یوه‌ندی نێوان قوتابی وکتێب؛
لێپرسراوکردنی زیاتری قوتابیان به‌رامبه‌ر به خوێندنه‌وه؛
هاندانی مامۆستایان بۆ ئه‌وه‌ی له ناونیشانی نوێ بگه‌ڕێن؛
دابه‌شکردنی سه‌لاحییه‌تی په‌روه‌رده و به‌خشینی ئۆتۆنۆمی به قوتابخانه و سه‌نته‌ره په‌روه‌رده‌ییه‌کان؛
هاندانی و ره‌واجپێدانی کتێبی کوردی و نووسه‌ران؛
خوێنده‌وارکردنی کۆمه‌ڵگا و ئازادکردنی کتێب ؛
کردنی قوتابخانه به وه‌رشه‌یه‌ک و لابۆرێک بۆ که‌شفکردن قه‌ڵه‌می نوێ.
چونکه قوتابی ئیمرۆ، فه‌رمانبه‌ر و مامۆستا و کارگێری سبه‌ینێیه، ئه‌گه‌ر بێت و به شێوه‌یه‌کی ته‌ندروست فێری خۆێندنه‌وه بکرێت ببێته خوێنده‌وار و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی که له‌گه‌ڵ کتێب له قۆناغه‌کانی قوتابخانه دروستی کردووه، به ته‌واوبوونی و داخستنی ده‌رگای دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌یییه‌کان ناپچڕێت و بۆ ژیانی ئاینده‌شی په‌یوه‌ندییه‌کی نوێی له گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌دا ده‌بێت و به‌مه کۆمه‌ڵگا له ئاسۆی کۆمه‌ڵگایه‌کی خوێنده‌وار نزیکده‌کاته‌وه.
مامۆستای زمان و ئه‌ده‌بییاتی فه‌ره‌نسی له زانکۆی کاستییا لا مانچا/ئیسپانیا
ئه‌م بابه‌ته له ژماره‌ی 15 لۆمۆندی دیپلۆماتیک بڵاوبۆته‌وه.