شانۆنامه‌ی كڵاوی سه‌خره‌جن
نووسینی : ڕێبین ئه‌حمه‌د خدر
شانۆنامه‌یه‌كی یه‌ك په‌رده‌ییه
كه‌سه‌كان :
نه‌خۆشی یه‌كه‌م
نه‌خۆشی دووه‌م
قه‌ڕه‌ویڵه‌یه‌ك له‌ناوه‌ڕاستی شانۆ ده‌بینرێ، سه‌رچه‌فێكی گوڵ گوڵی جوان، پیاوێكی كه‌مێ قه‌ڵه‌و و ڕه‌نگ زه‌رد له‌سه‌ر قه‌ڕه‌وێڵه‌كه دانیشتووه، به‌ته‌واوی دیارنییه ته‌مه‌نی چه‌ند ده‌بێت، به‌ڵام له چل به‌ره‌و سه‌ره‌وه ڕۆیشتووه،په‌نجه‌كانی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌ده‌ن شتێك بژمێرێ.لای چه‌پی شانۆ به دیواره‌كه‌وه: ژماره‌یه‌ك كاغه‌ز و وێنه‌ی جۆراو جۆر ته‌نانه‌ت ڕه‌ش و سپیش هه‌ڵواسراون، هه‌موویان به ده‌وری وێنه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌وه‌ن كه دوورنییه تابلۆیه‌كی كۆپیكراوبێت.ده‌سته‌راستی شانۆ ئاڵۆز ته‌نانه‌ت پیسیش ده‌رده‌كه‌وێت كانتۆرێكی جل و دوو بوخچه له‌سه‌ری…ته‌شتێك ئاو و زۆپایه‌كی عه‌لایه‌دینیش له‌نزیك پانكه‌یه‌كی ئه‌رزی داننراوه، ڕادیۆیه‌كی گه‌وره، له‌ملاو ئه‌ملاش شتی تر هه‌یه، بۆ نموونه له‌پشت قه‌ڕه‌وێڵه‌كه تاقێكی بچكۆله هه‌یه و چه‌ندان كتێبی كۆنی تۆز لێنیشتووی گرتوونه‌ته خۆی.له ده‌سته ڕاسته‌وه ده‌رگایه‌ك هه‌یه و له ده‌سته چه‌پیش هه‌ر نزیك به وێنه و كاغه‌زه‌كان په‌نجه‌ره‌یه‌ك هه‌یه، شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌كه به ڕه‌ش ڕه‌نگ كراوه.
پیاوێكی پیری سیس و باریك هاوشێوه‌ی ئه‌وكه‌سانه‌ی جارێكی تر مه‌رگ ده‌رفه‌تیان پێده‌دا-ده‌رفه‌تی چی..وه‌ك ئێسكه په‌یكه‌رێكی ترسناك له ده‌رگاكه‌وه دێته ژووره‌وه.ئه‌وه‌نده به‌زه‌حمه‌ت ڕێگا ده‌برێ قاچه‌كانی چه‌ماونه‌ته‌وه و هه‌نسك ده‌دا،كاغه‌زێكیشی به‌ده‌سته‌وه‌یه .پیاوه كه‌مێ قه‌ڵه‌و و ڕه‌نگ زه‌رده‌كه‌ی سه‌ر قه‌ڕه‌وێڵه هه‌ر خه‌ریكی یاری كردنه به په‌نجه‌كانی.به‌ره‌و ڕووی پیاوه شێوه ئیسكه په‌یكه‌ره‌كه ده‌یه‌وێت قسه‌بكات.
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: ( له‌كاتێكدا سه‌یری پیاوه پیره‌په‌یكه‌ره‌كه ده‌كات) ئه‌م كاغه‌زه‌ش هه‌ڵده‌واسی؟
نه‌خۆشی دووه‌م: هه‌ڵیده‌واسم..هه‌ڵیده‌واسم..(هه‌ڵده‌له‌رزێ).
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: دووباره خه‌ریكی ژماردن بووم، به‌ڵام هه‌ر نه‌مزانی..نه‌مزانی..بۆچی..؟(پاڵده‌داته‌وه) بۆ ناتوانم چیتر شته‌كان
بژمێرم ( سه‌ری بۆ لای پیاوه هێسكییه‌كه لارده‌كاته‌وه-كه خه‌ریكه به بزمار كاغه‌زه‌كه له‌دیوارده‌دا) من ده‌مویست بزانم چه‌ند ڕۆژه هاتووم بۆ ئێره..نه‌مزانی…(ته‌قه ته‌قی چه‌كوچه‌كه دێت) دووباره‌ی ده‌ست به‌ژماردن ده‌كه‌مه‌وه..دووباره…
نه‌خۆشی دووه‌م: چ گرنگییه‌كی هه‌یه پاڵه‌وان..؟ (ئێستا هه‌وڵده‌دات ئه‌و كاغه‌زه‌ی هه‌ڵیواسیوه بیخوێنێته‌وه) هیچ گرنگی نییه.
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: گرنگی …گرنگی بۆ نییه؟ ( ده‌سته‌كانی ده‌كا به‌مست) چ شتێ گرینگی هه‌یه؟ وه‌ڵامبده‌وه..بۆ نابێ بزانم
چه‌نده‌بێت له‌نه‌خۆشخانه‌وه هه‌ڵاتووین…نابێ؟
نه‌خۆشی دووه‌م:( له‌ژێر كاغه‌ز و وێنه‌كان داده‌نیشێ) گریمان ئه‌ویشت زانی…باوای دابنێین یه‌ك رۆژه له نه‌خۆشخانه
هه‌ڵاتووین..دواتر ده‌زانم..شتی تریشت ده‌وێ..ژماردنی تر…ئه‌وه‌ی كه چه‌نده ژنه‌كه‌ت مردووه-چه‌ند ده‌بێت باوكت خۆیكوشتووه و له‌كه‌یه‌وه براكه‌ت كوژراوه‌و دایكت…ئیتر هه‌موو شتێكت ده‌وێ..وازبێنه..ژماره‌كان هیچ نین..
نه‌خۆشی یه‌كه‌م : به‌ڵام باوكه نوێیه‌كه‌م له‌گه‌ڵ تۆمه (دووباره هه‌ڵده‌ستێته‌وه و له‌سه‌ر قه‌ڕه‌وێڵه‌كه داده‌نیشێ-به‌خه‌مبارییه‌وه)
باوكه‌كه‌م پێموایه مردن ئه‌وه‌یه كه چیتر نه‌توانین بژمێرین.
نه‌خۆشی دووه‌م: ده‌ی باشه باسی مه‌رگ مه‌كه-باسی شتێك بكه كه لێمانه‌وه دووربێ (ڕاده‌كشێت و سه‌ر ده‌نێت به
دیواره‌كه‌وه) بمبووره من كه‌مێك ده‌خه‌وم..
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: چۆن باسی نه‌كه‌م..ناتوانم ناتوانم…سه‌یرمكه..خه‌وی چی هه‌میشه تارمایی ئه‌و پیاوه‌م له‌به‌رچاوه كه
له‌نه‌خۆشخانه‌كه پێموت من ئاگام لێت ده‌بێ و دكتۆره‌كانت بۆ بانگ ده‌كه‌م..ئه‌و زۆر حاڵی خراپ بوو..ده‌ستی خسته ناو ده‌ستمه‌وه و وتی كچه‌كه‌م له‌كوێ یه؟ چیم وت..گریام.. وتم خه‌ریكی یاریكردنه، هه‌میشه دێته به‌رچاوم دڵنیام ئێستا مردووه. ئێمه جێ‌مان هێشت…مه‌خه‌وه..مه‌خه‌وه…تۆ وتت ده‌ڕۆین و ده‌ڕۆین…
نه‌خۆشی دووه‌م: من ده‌خه‌وم.
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: تۆ وتت له‌م نه‌خۆشخانه بۆگه‌نه ڕاده‌كه‌ین و ده‌چینه ماڵه كۆنه‌كه‌ی من..وتت ماڵێكی كۆنم هه‌یه و جارووبار
بنیاده‌مێكی خێرۆمه‌ند ڕاده‌سپێرم..سه‌رێك له‌باخچه‌ی ماڵه‌كه‌مبدا و چاوێك له‌شتوومه‌كه‌كانم بكات…وتت…ئه‌ی نه‌توت.؟
نه‌خۆشی دووه‌م: من ده‌خه‌وم.
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: وتت من به‌درێژایی ته‌مه‌نم نه‌خۆشبووم و دكتۆره‌كان ڕێم پێ ناده‌ن نه‌خۆشخانه جێ بهێڵم..پێمده‌ڵێن
ده‌مریت..گه‌ر بڕۆیت ده‌مری..وتت من بیری ماڵه‌كه‌مم كردووه بیری ده‌ره‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌م كردووه-ده‌مه‌وێ بۆ تاهه‌تایه له دكتۆر و چاره‌سه‌ره‌كان هه‌ڵبێم…منیشت هاندا له‌گه‌ڵت بێم..پێت وتم تۆش ده‌مری…تۆش..زۆر باسی ئه‌م ماڵه و پیسی نه‌خۆشه‌كانت بۆ كردم-باوكه‌كه‌م ئه‌مانه‌ت هه‌موو وتن…مه‌خه‌وه..مه..
نه‌خۆشی دووه‌م: (كه‌مێك ده‌جووڵێ و خۆی ده‌خاته سه‌ر ته‌نیشت-ده‌ست ده‌خاته ژێر سه‌رییه‌وه) تۆش بخه‌وه.
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: ( خۆی به‌رزده‌كاته‌وه و ده‌ست به‌پشتیه‌وه ده‌گرێ، به‌شێوه‌یه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێ شتێك هه‌ڵبگرێ،
هه‌ڵده‌ستێ و له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌كه ڕاده‌وه‌ستێ-توڕه و ڕه‌نگ په‌ڕیو..ده‌ست به‌رز ده‌كاته‌وه) تۆ پلانه‌كه‌ت دانا پیره‌مێرد..به‌منت وت كوڕی خۆم..(لاسایی ده‌نگی پیره‌مێرده‌كه ده‌كاته‌وه و خۆی ده‌له‌رزێنێت) كوڕی خۆم به‌یه‌كه‌وه ده‌ڕۆین و هه‌وای پاك هه‌ڵده‌مژین..تۆ بۆ ئه‌مكاره باشیت..وه‌ك من ته‌نها و نه‌خۆش..هه‌ردووكمان..له‌م بۆنی خوێن وهێڵنج و… ڕشانه‌وه ڕزگارده‌بین و گه‌ر چركه‌یه‌كیشبێ..به‌ئارامی ده‌ژین…ئه‌مانه‌ت كرد…منت…منت ( گریان گه‌رووی گرتووه) منت ئاوا لێره دیلكرد ئێستا ته‌نانه‌ت ناتوانم ئه‌وه‌نده‌ش بڕۆم بگه‌مه به‌رده‌رگا..دكتۆره‌كه..پێی وتم..ئا…به‌ر له‌وه‌ی هه‌ڵبێین و پلانه نه‌فره‌تیه‌كه‌ی تۆ جێ به‌جێ بكه‌ین..پێی وتم پێویستت به‌خوێنه…وتی..(خۆی پێ ناگیرێ و به‌ده‌م گریانه‌وه ده‌كه‌وێته سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌كه و ته‌قه‌ی
قه‌ڕه‌ویڵه‌كه ده‌نگێكی گه‌وره په‌یدا ده‌كات..پیاوه پیره‌كه ڕاده‌په‌ڕێ)..من ئێستا برسیم…بۆگه‌نم..نه‌خۆشم…كوا هه‌وای پاك؟كوا؟ من خوێنم نه‌ماوه و ده‌مرم…من ناتوانم بژمێرم…
نه‌خۆشی دووه‌م: نان ده‌خۆی…؟ خواردنت بۆ بێنم..؟(ده‌یه‌وێ هه‌ڵسێت..ناتوانێت..دووباره هه‌وڵده‌دات..پشتی به‌رزده‌كاته‌وه
و ئه‌ژنۆكانی چه‌ماوه..به‌رده‌بێته‌وه..) ئای..ئای..ده‌ستم شكا..ئه‌م ده‌سته‌م ..ئه‌م ده‌سته‌م..(خۆی ده‌خاته سه‌ر سك..) ئای…ی…
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: (خه‌مباره و..چاوی بڕیوه‌ته سه‌ره‌وه) ده‌ستت شكا..ناتوانی خواردن بێنی …ناتوانی..هه‌میشه ده‌ڵێی با
شته‌كان هه‌مووی له ئێمه نزیك بن..با خواردن له ئێمه‌وه نزیك بێ، ئه‌و خواردنه‌ی جاروبار هاوسێیه‌كان ده‌یهێنن و ئێمه‌ش وه‌ك سه‌گ گلی ده‌ده‌ینه‌وه و كه‌م كه‌م ده‌یخۆین..جاری وایه ئه‌وه‌نده كۆن ده‌بێ بۆنی مردووی لێ دێت، ئێمه‌ش به‌هه‌مانشێوه ..خواردنه‌كه‌ش قێز له‌ئێمه ده‌كاته‌وه و ده‌یه‌وێت فڕێمانبدات، ئێمه تیاچووین باوكه..تیاچووین..تازه هه‌موو شته‌كانیش له ئێمه نزیك بن، ته‌نانه‌ت هه‌موو شته‌كانیش بهێنینه ناوخۆمان هه‌ر لێمانه‌وه دوورن ..زۆر دوور..خواردنیش بخۆین هه‌ر برسین..باوكه..گوێبگره و مه‌گری..ده‌ترسم..زۆر ده‌ترسم چاكیش ببینه‌وه…نه‌زانین و ئاگامان لێ نه‌بێ…
نه‌خۆشی دووه‌م: براگیان..باوكم..( له‌سه‌ر قوون خۆی ده‌خشێنێ بۆ ئه‌وه‌ی بگات به خواردنه‌كه) باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه
چیتر ساغه‌كان نه‌بینین..ئه‌ی وانییه؟ وایه..وا…ساغه‌كان ده‌ردێكی كوشنده‌ن بۆ ئێمه..وتم من و تۆش لێره خه‌ڵوه‌تێك بۆ نه‌خۆشی خۆمان دروست ده‌كه‌ین..(ماندووه-ئێستا گه‌یشتۆته به‌رانبه‌ر قه‌ڕه‌وێڵه‌كه-ڕوی كردۆته هاوڕێكه‌یی و هه‌وڵده‌دات بڕوات) تاوه‌كو ساغێكمان لێ دیاربێ نازانین چه‌ند نه‌خۆشین..ته‌نانه‌ت نازانین كام شوێنمان ئازاری هه‌یه..تۆ ده‌زانی چیته..؟ ده‌زانی…؟..دڵنیام نازانی نه‌خۆشییه‌كه‌ت چییه وه‌كو من..نه‌خۆشی من ئه‌وه‌یه نازانم چیمه…پزیشكه‌كان باسی خوێن ده‌كه‌ن..باسی جگه‌ره و گه‌ده ده‌كه‌ن..ئه‌وان باسی ئه‌و كچه ناكه‌ن كه زۆر به‌ڕێزانه و عاشقانه (لێره‌دا ده‌نگی خۆی به‌رز و شاعیرانه ڕاده‌گرێت..) زۆر جوان نامه‌م بۆی نارد و وتم خۆشمده‌وێی…(خۆی به‌رزده‌كاته‌وه و ده‌كه‌وێته‌وه) نامه‌كه‌ی دڕاند..تف و نه‌عله‌تی لێكردم..پزیشكه‌كان باسی دڵ ده‌كه‌ن، به‌ڵام باسی دڵی ئه‌و خوشكه به‌سته‌زمانه‌ی من ناكه‌ن كه له‌تاو خۆشه‌ویستی ..من لام شه‌رم نییه…باسی ده‌كه‌م له‌تاو خۆشه‌ویستی كوڕێك فێی لێهات و كه‌وته سه‌ر سفره‌كه..سه‌ری ده‌كێشا به په‌نجه‌ره‌كاندا.. دواتر سووتا.. .پزیشك كه‌ی باسی سووتانی ئه‌م دڵه
ده‌كات…كه‌ی..؟( خۆی درێژ ده‌كات..له‌كاتێكدا ده‌ست بۆ خواردنه‌كه ده‌بات له‌پڕمه‌ی گریان ده‌دات)..ئای..
(ساتێك بێ ده‌نگی )
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: ( فرمێسكه‌كانی ده‌سڕێ –به نائومێدییه‌وه) ئێمه نه‌خۆشین..ئێمه ناتوانین بژمێرین…
نه‌خۆشی دووه‌م: مرۆڤ لێره ناتوانێ نه‌خۆشبێ..ناتوانێ..ئیتر ده‌چیته كوێ ڕۆڵه‌م..هاوڕێم..مرۆڤی به‌خته‌وه‌ر لێره ئه‌وه‌یه
خه‌ڵوه‌تێكی هه‌بێ و ده‌رگا له كه‌س نه‌كاته‌وه…ژوورێكی تاریك ( ڕاكشاوه و ده‌ستی چه‌پی به‌رزكردۆته‌وه) بێ ئه‌وه‌ی كه‌س لێی بپرسێ..فه‌رامۆشی..فه‌رامۆشی…چونكه گه‌ر وا نه‌كه‌یت گه‌ر خۆت خه‌ڵوه‌تێكی وا دروست نه‌كه‌یت ده‌كه‌ویه پیسترین خه‌ڵوه‌ته‌وه ..گه‌ر خۆت ته‌نهایی هه‌ڵنه‌بژێری، ته‌نهاییه‌ك به‌رۆكت ده‌گرێ بۆگه‌نت ده‌كا..مرۆڤ هه‌یه له‌منداڵییه‌وه به تاسه‌ی ماچێكه‌وه گه‌وره ده‌بێ و حه‌زی ئه‌و ماچه نه‌خۆشی ده‌كات و ده‌یكوژێ..ئاه.. نه‌خۆشی یه‌كه‌م: ئا واده‌ڵێن..ڕێك وایه..واده‌ڵێن..(دووباره داده‌نیشێته‌وه و –خۆی ڕێك ده‌خات) من گله‌یی له‌تۆ ناكه‌م، له‌تۆ تێده‌گه‌م..(وه‌ك كه‌سێكی ساغ خۆی نیشان ده‌دا و كه‌مێك پێده‌كه‌نێ) به‌ڵام ئێمه كه هه‌میشه نه‌خۆشین و نه‌خۆشین خواش لێمان بێ ئومێدبووه، ده‌تبینی هه‌موو نه‌خۆشه‌كان هاواری خوایان ده‌كرد..یه‌كێك له نه‌خۆشه‌كان له‌نزیك من بوو..ده‌زانی كامه ده‌ڵێم..ئه‌وه‌ی كه نه‌یده‌توانی قسه‌بكات و زمانی نه‌ده‌گه‌ڕا..ئا..ئه‌و به ئاماژه به منی ده‌وت..تۆ له‌بری من هاواری خوا بكا…هاها..ئه‌مه سه‌یره هاوڕێم وانییه..؟ وایه…پێموایه و ..ده‌شترسم..بیڵێم…نا بۆ بترسم..نا..ب..
نه‌خۆشی دووه‌م: له‌چی ده‌ترسی..؟ بیڵێ..بیڵێ..
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: پێموایه..(ده‌كێشێ به قه‌ڕوێڵه‌كه‌دا) ئه‌م هاواركردنه…
نه‌خۆشی دووه‌م: (ده‌ستی گه‌یشتووه به خواردنه‌كه‌و سه‌رپۆشی مه‌نجه‌ڵه‌كه لاده‌دا-هه‌وڵده‌دا دابنیشێ) كامه هاواركردن؟
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: (به‌په‌له قسه‌كان ده‌كات) ئه‌وه‌ی كه هاواری خوا ده‌كه‌ین..و سه‌ر به‌رزده‌كه‌ینه‌وه…ئه‌وه…ئه‌وه..وه‌ك ئه‌و كه‌سه
واین..كه كه‌وتۆته چاڵێكی قووڵه‌وه…
نه‌خۆشی دووه‌م: ئێ..( خواردنه‌كه ده‌جوێ..) ده‌ی…ئه‌م چاڵه چییه؟
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: كه كه‌وتۆته چاڵێكی قووڵه‌وه و هه‌ر له سه‌ره‌وه ده‌ڕوانێت..به‌ڵكو هیوایه‌ك..كه‌سێك…
نه‌خۆشی دووه‌م: ئه‌ها..یان وه‌ك كه‌سێك له ده‌می چاڵه‌كه‌وه سه‌یری خواره‌وه بكا…ئاواش ده‌بێ..(ده‌ست له‌خواردنه‌كه
هه‌ڵده‌گرێ) دۆڵمه‌یه..بیخۆ..(خۆی درێژده‌كاو ده‌ستێ له‌مه‌نجه‌ڵكه ده‌دا و فڕێده‌داته به‌رده‌می-ئه‌ویش خۆی
شۆڕ ده‌كاته‌وه و مه‌نجه‌ڵه‌كه له‌ته‌نیشت خۆی داده‌نێ)…ئیتر ئه‌وه كاری ئێمه‌یه..بۆته كارمان..باس له بۆشایی
و ته‌نهایی و ئاسمان بكه‌ین…هه‌موو ڕۆژێك ..هه‌موو ڕۆژێك..
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: باوكه‌كه‌م ئه‌مه‌ش كاره-كاری ته‌واو ( خواردنه‌كه ده‌خواو..باشتر ده‌رده‌كه‌وێت..شێوه‌ی كه‌سێكی ڕێك و
ڕه‌سمی وه‌رده‌گرێت..ده‌نگی خۆی به‌رزده‌كاته‌وه..) بۆ ئه‌وانیتر چ كارێك ده‌كه‌ن..؟ئه‌وانه‌ی شه‌و و ڕۆژ به‌دوای پاره‌وه‌ن..ئ ه‌وانه‌ی نقومی بازاڕی گه‌وره‌و…چی و چی بوون…ئه‌مانه كوا كارن..به‌ڵام ئه‌وان ده‌توانن بژمێرن..ئه‌مانه ئامانجییان كوا..؟..قازانج و سوود ..ته‌نها ئامانجییان ئه‌وه‌یه بمێننه‌وه..بمێننه‌وه..و ..خۆیان و كوڕ و كچ و نه‌وه نازداره‌كانییان..له‌وه بێكارتر په‌یدا نابێت كه ته‌نها ئامانجی ئه‌وه‌یه بژی …بێ ئه‌وه‌ی بزانێ بۆ..له‌پێناو خێزانێكی به‌خته‌وه‌ر..هاهاها..( له‌گه‌ڵ پێكه‌نینه‌كه ده‌ستی به‌ر مه‌نجه‌ڵه‌كه ده‌كه‌وێت و دۆڵمه‌كان ده‌ڕژێن…داده‌نه‌وێته‌وه ..كۆیان بكاته‌وه…)..خێزانێكی نه‌خۆش..نه‌خۆش..وه‌ك ئێمه..بێ مانا..
نه‌خۆشی دووه‌م: به‌خته‌وه‌ر…به‌خته‌وه‌ر…( پاڵاده‌داته‌وه و ده‌ست ده‌خاته ژێر سه‌ری-ڕوو له‌بینه‌ران) كاتێ ده‌رگاكه داده‌خرێت
ئیتر ته‌واو..هه‌موو ئه‌م باخچه و كۆڵانانه زیاده‌ن…هه‌موویان…ئێمه ته‌نها…یه‌ك شه‌قاممان پێویسته..شه‌قامێكی باریك كه هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه پێیدابڕۆین…هه‌موو هه‌موو ژووره‌كان زیاده‌ن…هه‌موو..،یه‌ك ژوور بۆ ئێمه به‌سه…یه‌ك گۆڕیش..، به‌رده‌می یه‌ك..هه‌موومان به‌منداڵی به‌دوای یه‌ك په‌پووله‌دا ڕاده‌كه‌ین..هه‌مان گوڵ ده‌ده‌ین له به‌رۆكمان..هه‌مووشمان له قه‌ڵایه‌كی سه‌ختدا مه‌حكومكراو…یه‌ك یه‌ك (ده‌ست ده‌كێشێ به ئه‌رزه‌كه‌دا) دوو دوو پۆل پۆل له‌دیواری قه‌ڵاكه‌وه ده‌كه‌وینه خوار…دوو…دوو…یه‌ك…(ده‌ست له ده‌مووچاوی خۆیده‌دا..ئینجا له كراسه‌كه‌ی…هه‌ڵده‌ستێته‌وه..و په‌شۆكاوه…)…من گه‌رمامه…من …زۆر گه‌رمامه…زۆر..
( ساتێك بێ ده‌نگی )
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: ( ڕووی وه‌رگێڕاوه بۆ تاقی كتێبه‌كان-لاسایی پیره پیاو ده‌كاته‌وه..ئه‌مه ده‌ڵێته‌وه –یه‌ك یه‌ك..دوو
..دوو..یه‌ك..-پیره‌پیاو پانكه‌كه‌ی داگیرساندووه و له‌نزیكییه‌وه دانیشتووه…وه‌ك ئه‌وه‌ی باوه‌ش له پانكه‌كه بدات…)..به‌ڵام من ناتوانم..ناتوانم…یه‌ك….دوو…یه..
نه‌خۆشی دووه‌م: (قۆپچه‌كانی كراسه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه..سینگی ڕووه‌و پانكه) وازی لێبینه.
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: بۆ..بۆ وازی لێبێنم؟
نه‌خۆشی دووه‌م: (به‌بێزارییه‌وه) چونكه ئازاری زیاتره.
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: (كه‌مێك هه‌ڵده‌ستێته‌وه و ده‌ستی چه‌پی به قه‌ڕه‌وێڵه‌كه‌وه ده‌گرێ-ده‌ست ده‌با بۆ كتێبه‌كان..كتێبێك
ڕاده‌كێشێ و سێ دانه به‌رده‌بنه‌وه..دووباره ده‌كه‌وێته‌وه سه‌ر قه‌ڕه‌وێڵه‌كه ..كتێبه‌كان هه‌ڵده‌گرێته‌وه) شیرین و فه‌رهاد.. ( سه‌ری ده‌خورێنێت)..ئه‌ننا كارنینا..( كه‌مێك ده‌وه‌ستێت) له چاوه‌ڕوانی گۆدۆدا….، ئه‌مانه كتێبه‌كانن..شتێك بخوێنمه‌وه باوكه؟ من خوێندنه‌وه‌م باشه..پیمبڵێ بزانم چۆن ده‌یخوێنمه‌وه..
نه‌خۆشی دووه‌م: (هه‌ر له‌نزیك پانكه‌وه دانیشتووه و بێتاقه‌ته..ده‌ستی بۆ ده‌می ده‌با و حه‌بێك ئاودیو ده‌كات) هیچ مه‌خوێنه‌وه.
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: (ده‌نگی به‌رزده‌كاته‌وه و وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی بسه‌پێنێ..یه‌كێك له كتێبه‌كان ده‌كاته‌وه) ئاننا ده‌نگی خۆی به‌رز
كرده‌وه ..ئه‌وه لای من گرینگ نییه، بۆ هه‌ردووكمان ته‌نها یه‌ك شت گرینگه..ئه‌ویش
ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌یه..كه له‌نێوانماندایه..پێویسته گوێ به خه‌ڵك نه‌ده‌ین…..،( كتێبه‌كه داده‌نێت و ڕووی
خۆی وه‌رده‌گێڕێت –سه‌یری هاوڕێكه‌ی ده‌كات) چۆن بوو پیره‌پیاو ؟ ده‌نگم چۆنه…؟ باشه..باشه..
نه‌خۆشی دووه‌م: ده‌نگت باشه..ئه‌م كتێبه شتێكی هێنامه‌وه یاد..
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: ( پێده‌كه‌نێت) چیت دێنێته‌وه یاد پیره پیاو..تۆ بیره‌وه‌ریشت ماوه؟ ماوته..؟ وه‌ڵاممبده‌وه.
نه‌خۆشی دووه‌م: نازانم..ڕه‌نگه..( به‌روو گرژییه‌وه) ڕه‌نگه هه‌ر هی خه‌یاڵی خۆمبن…
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: ئائا…وایه..هه‌مووی خه‌یاڵه ماندووه‌كه‌ی خۆتن..(پێده‌كه‌نێت) بیره‌وه‌ر چی..یان هی كه‌سێكیترن…
كه‌سَیكی تر…
نه‌خۆشی دووه‌م: كه‌سێكی تر؟
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: به‌ڵێ كه‌سێكی تر…من خۆم گاڵته‌م به بیره‌وه‌ری دێت..گومانم هه‌یه ڕۆژێك منداڵبووبم..تۆ قه‌ت منداڵ
بوویت..؟( ده‌ست بۆ پیره‌مێرده‌كه درێژ ده‌كات) له‌گه‌ڵ تۆمه…
نه‌خۆشی دووه‌م: من..بیرم…من ..نازانم..
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: هه‌موومان…ئا..هه‌موومان بیره‌وه‌ری ئه‌وانیتر ده‌گێڕینه‌وه..ئه‌وانیتر كێن؟ نازانم كه‌سانێك كه نه‌ماندیون؟ یان
دیومانن…چوزانم…بیره‌وه‌ری یه‌كێكی تر ده‌گێڕینه‌وه و ده‌یكه‌ین به‌هی خۆمان…
نه‌خۆشی دووه‌م: بیره‌وه‌رییه‌كانمان له‌یه‌ك ده‌چن. تۆ ئاوا بڵێ ڕۆڵه.
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: بوه‌سته..پیاوێكی نه‌خۆشم له‌بیره..شتێكی له‌باره‌ی گه‌نجێتی خۆی بۆ ئێمه ده‌گێڕایه‌وه..باسی كار و
هه‌وڵدانه‌كانی خۆی بۆ ده‌كردین له‌ناكاو..( شاگه‌شكه ده‌بێت) له‌ناكاو وتی ئه‌مانه‌ی باسییان ده‌كه‌م هه‌موو به‌ر له‌منداڵبوونه‌كه‌م ڕوویان داوه…هاهاها…نه‌گبه‌ته توومه‌ز بیره‌وه‌ری دایكی بوو كردبووی به‌هی خۆی…هاها..ئه‌مه‌ش ئه‌مه‌ش كه باسم كرد ڕه‌نگه هی خۆم نه‌بێ…ئه‌مه‌ش..ئه‌مه‌ش…ئێمه..خۆمان له‌یادناچێت..ئه‌مه هه‌ڵه‌یه پیره‌مێرد..به‌ڵكو شتێكی وا له ژیانماندا ڕوونادات له‌زه‌تی بیرهێنانه‌وه‌ی هه‌بێت..ته‌نها ئازاره و ئازار..ئازاره‌كانیش ده‌ستاو ده‌ست ده‌كه‌ن و له‌هه‌موومان ڕاده‌كه‌ن..كه‌س نادۆزنه‌وه بیانگێڕێته‌وه…كه‌س تاقه‌تی نییه..كه‌س..وه‌ك ئێمه كه‌یادی ڕۆژانی نه‌خۆشیمان ناكه‌ینه‌وه..چونكه هه‌میشه
نه‌خۆشین..ئێمه بیره‌وه‌رییمان نییه..ئێمه ناتوانین بژمێرین…
نه‌خۆشی دووه‌م: بیره‌وه‌ریمان هه‌یه، به‌ڵام ته‌نها یه‌ك بیره‌وه‌ری و به‌س..یه‌ك یادگاری تاوه‌كو ده‌مرین..هه‌ر ئه‌م یادگارییه له
خه‌یاڵی خۆماندا ده‌سكاری ده‌كه‌ین و نوێی ده‌كه‌ینه‌وه..هه‌ر ڕۆژێك توانای ئه‌م نوێكردنه‌وه‌مان نه‌ما ئیتر ده‌كه‌وین..ده‌كه‌وین و ده‌گرین..ده‌گرین و ته‌مه‌ننا ده‌كه‌ین بمرین..( هه‌ردوو ده‌ست به‌سه‌رییه‌وه ده‌گرێت) هه‌ندێك ڕووداو و ئازار هه‌ن ته‌نها بۆ ئه‌وه ده‌یانگێڕینه‌وه، تاوه‌كو گوناه به‌رانبه‌ر ئه‌و ساتانه نه‌كه‌ین، كه‌واته ئێمه ئازاره‌كانیشمان خۆشده‌وێن یان هه‌وڵده‌ده‌ین خۆشمان بوێن..شادییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ده‌ڕۆن…هه‌مووشتێك هه‌یه..هه‌مووشتێك..به‌ڵام ئازاره‌كان له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌مانبه‌ن..شادییه‌كان به‌شێك له ئێمه ون ده‌كه‌ن..كام به‌ش؟ نازانم..(ڕاده‌كشێ و ده‌نگی نزم ده‌بێت) ئه‌وه سه‌ختتره ئازاره‌كان هه‌وڵی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌موو پارچه ونبووه‌كانیشمان ده‌ده‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی به‌ده‌ستی خۆشمان له‌خۆمان دابڕیون و فڕێمان داون…هه‌موو شتێك هه‌یه هه‌موو شتێ…به‌ڵام ئێره ( ده‌ستی به‌ده‌وری خۆیدا ده‌سوڕێنێت و هه‌ناسه‌ی ته‌نگه) ئێره سه‌رتاپا بۆشاییه…
(ساتێك بێده‌نگی)
نه‌خۆشی یه‌كه‌م:( خۆی بردۆته‌وه ناوخۆی و هه‌ردوو ده‌ستی خستوونه‌ته ناویه‌ك) تێده‌گه‌م..تێده‌گه‌م…سه‌رتاپای..بۆشاییه،
( به‌شه‌رمه‌وه) باوكه؟
نه‌خۆشی دووه‌م: ( له‌سه‌ر پشت ڕاكشاوه و چاوی بڕیوه‌ته سه‌ره‌وه-پێیه‌كانی به خوار پانكه‌كه‌وه ناون) ها..چیت ده‌وێ ؟
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: باوكه..ده‌توانیت..هه‌نگاوبنێیت؟..ده‌توانی هه‌ڵسییه‌وه..؟
نه‌خۆشی دووه‌م: بۆ؟
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: چونكه…سه‌رمامه..زۆر سه‌رمامه..خه‌ریكه ڕه‌ق ده‌بم..زۆپاكه‌م ده‌وێ..ئای له‌م سه‌رمایه..گوومانم نییه
له‌ده‌ره‌وه به‌فره…(خۆی گرمۆڵه ده‌كات و ڕاده‌كشێت..سه‌رچه‌فه‌كه به‌خۆی داده‌دات) به‌فرێكی زۆر..
نه‌خۆشی دووه‌م: دیسان سه‌رماته…دیسان..( به زه‌حمه‌ت هه‌ڵده‌ستێته‌وه..له‌سه‌ر چۆك ده‌ڕوات..ده‌ست ده‌گرێ به
عه‌لایه‌دینه‌كه‌وه..وه‌ك ئه‌وه‌ی عاره‌بانه‌یه‌ك پاڵبنێ و ورده ورده..) ده‌بێ پێیبكه‌ین…كوا شقارته‌كه..(ده‌ست له زۆپاكه به‌رده‌دا و گیرفانه‌كانی ده‌گه‌ڕێت) ئه‌وه‌تا..شقارته‌كه‌م لایه..ئه‌وا هاتم..په‌له‌مه‌كه…(دووباره پاڵ به زۆپاكه‌وه ده‌نێت..پیاوی سه‌ر قه‌ڕه‌وێله‌كه فوو ده‌كاته ناو ده‌سته‌كانی و خه‌مباره..)…به‌ڵێ بۆشاییه..به‌ڵێ…به‌ڵام ئێره شوێنێكی باشه..خه‌ڵوه( ئاخر پاڵ به زۆپاكه‌وه ده‌نێت و ده‌گاته لای قه‌ڕه‌وێڵه‌كه..خۆی شۆڕده‌كاته‌وه و زۆپاكه داده‌گیرسێنێ..)خه‌ڵوه‌تێكی باشه..ئه‌مه زۆپا..ئاه..
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: هاتی..هاوڕێكه‌م…هێشتا نزیكتری بكه‌وه..هێشتا..خه‌ریكه ده‌بمه سه‌هۆڵ…( ده‌سته‌كانی له بان زۆپاكه
ڕاده‌گرێت..و كه‌مێ داده‌نه‌وێته‌وه..پیاوه پیره‌كه خۆی له زۆپاكه دوور ده‌گرێت و پشت ده‌دا به قه‌ڕه‌وێڵه‌كه..) باریوه…دڵنیام ده‌ره‌وه هه‌مووی به‌فره‌و ئێمه‌ش كه‌وتووینه ژێر به‌فره‌كه..(ده‌ستێكی وه‌ك ئاماژه به‌رزده‌كاته‌وه) ئێستا له‌ژێر به‌فرێكی ئه‌ستوورداین..ده‌ره‌وه هه‌مووی سپییه…به سه‌ربازه سپیه‌كان گه‌مارۆدراوین..ده‌مانكوژن…به‌ڵامئێمه.. نه‌خۆشین… وای. .لێره‌ش ڕاده‌كه‌ین..ئیتر به‌سه…
نه‌خۆشی دووه‌م: ( به بێزارییه‌وه) ڕابكه‌ین؟ بۆ كوێ؟
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: بۆ ئاسمان..نازانم…نازانم…نه‌خۆشخانه‌كه..خۆشتربوو..ئه‌ی وانییه..؟ئێمه له‌وێ هه‌ڵاتین.. تۆ وتت..ماڵه‌كه‌م..ئه‌مه‌ش ماڵه‌كه‌ت..ده‌ڵێی له‌ناو هه‌ورداین..من..(كۆخه‌یه‌كی توند ده‌یگرێ) كێ له‌گه‌ڵ ئه‌م واقیعه هه‌ڵده‌كات؟ من هه‌ڵناكه‌م..ئه‌م واقیعه ونمان ده‌كات..لێره ته‌نها غه‌رقی خه‌یاڵ و قسه‌ی پڕوپووچ ده‌بین..ته‌نها..من قه‌ت منداڵیش نه‌بووم..قه‌ت..
نه‌خۆشی دووه‌م: زۆرجار واقیع شته ڕاسته‌قینه‌كان ون ده‌كات و حیكایه‌ته‌كان ده‌گۆڕێت، چونكه خاوه‌نی ڕێسا‌و سنووری
تایبه‌تییه..به‌پێی ئه‌م ڕێسا‌و سنوورانه‌ش شته‌كان له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌گونجێنێت..و..
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: ڕێسا ڕێسا..من منداڵ نه‌بووم..من نازانم له‌كوێوه هاتووم..هه‌موو شته‌كان هه‌ر ئاوا ده‌ستیان پێكرد..ڕێك
وه‌كو ئێستا هه‌ر ئاوا..وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ر لێره‌بووبم..هه‌ر له‌نه‌خۆشخانه‌بووبم..هه‌ر وه‌ك یه‌كن..هه‌موو شوێنه‌كان..( چاوه‌كانی ده‌نوقێنێ) نه‌خۆشیی هه‌موو شوێنه‌كان ده‌كا به‌یه‌ك شوێن..یه‌ك شوێنیش ده‌كا به هه‌موو شوێنه‌كان..
نه‌خۆشی دووه‌م: (به‌ده‌ست باوه‌شینه له‌خۆی ده‌كات) منداڵیی…ڕۆڵه..مرۆڤ كاتێ له‌دایك ده‌بێت هه‌ر به‌و شێوه‌ی كه تۆ
ده‌یڵێی..هه‌وڵده‌ده‌ن ئاشنای بكه‌ن به شوێنه‌كان..له‌هه‌ر شوێنه و شتێكی بۆ ده‌هێنن تاوه‌كو ببێته خاوه‌نی سه‌ره‌تایه‌ك..مرۆڤ زۆر گیرۆده‌ی سه‌ره‌تایه زۆر..ئه‌گه‌رنا هاتن بۆ نێو ژیان شتێكی ئه‌سته‌مه گه‌ر له ژیان دا كه‌سانێك نه‌بینی به‌ده‌وروبه‌رته‌وه..هه‌ر ئه‌وانه‌ی كه به‌ر له‌تۆ هاتوون ده‌بنه هۆی فریودانی تۆ، چونكه وات لێده‌كه‌ن چاوپۆشی له‌هه‌سته‌كانی خۆت بكه‌یت و ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر تاقیكردنه‌وه‌كانی ئه‌وانیتر درێژه به ژیان بده‌ی..واته ژیان شێوه ده‌دا به‌مرۆڤ..ئا..شێوه‌ی پێده‌دا و شتێكی حاشا هه‌ڵنه‌گره ونی ده‌كات ، تاوه‌كو به‌رگه بگرێت…
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: ون ده‌بین..ون ده‌بین..من تێناگه‌م..تۆش تێناگه‌ی له‌م شتانه تێناگه‌ی..كه‌واته ئێمه تیاده‌چین..یان..
نه‌خۆشی دووه‌م: ئای هاوڕێی من..ڕۆڵه‌ی من ئێمه له‌هه‌ر شتێك نه‌گه‌ین ده‌ڵێین له له‌ناوچوون نزیكه، یان له‌هه‌رشتێك
تێنه‌گه‌یشتین هه‌وڵده‌ده‌ین له‌ناوی ببه‌ین (ده‌ست له‌كراسه‌كه‌ی ده‌دات) من ده‌ڕۆم..
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: بۆ كوێ ده‌ڕۆی؟
نه‌خۆشی دووه‌م: (خۆی ده‌جوڵێنێت تا بڕوات) گه‌رمامه لێمگه‌ڕێ..خه‌ریكه ئه‌م زۆپایه ده‌مسووتێنێ.
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: ئای..به‌دبه‌ختییه..ئێمه دوو نه‌خۆشین ناتوانین له‌یه‌ك ئاووهه‌وادا دابنیشین، مه‌ڕۆ تكایه با كه‌مێك لای
یه‌كتره‌وه‌بین..له‌نزیك یه‌ك..باوكه مه‌ڕۆ..
نه‌خۆشی دووه‌م: (خۆی له پانكه‌كه نزیك ده‌كاته‌وه و داده‌نیشێت-ده‌ست بۆ ڕادۆیه‌كه ده‌بات) له‌نزیك یه‌كین..بوه‌سته بزانم
ڕادیۆكه چی ده‌ڵێ..بوه‌سته..
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: ڕادیۆ…ئیش ده‌كات..ئیش ده‌كات؟
نه‌خۆشی دووه‌م: (ده‌نگی خشه خشی ڕادیۆكه‌دێت) بوه‌سته..ڕه‌نگه.
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: بیخه سه‌ر گۆرانییه‌ك..گۆرانییه‌ك باس له ڕێگایه‌كی باریك بكات بۆ كێوێك..به‌ڵێ له‌وێدا باڵنده و دره‌خت و
كانییه‌كان با هه‌بن..یان گۆرانییه‌ك باس له گه‌ڕه‌كه كۆنه‌كان بكات..له‌و شوێنانه‌ی هه‌میشه منداڵێك پایسكلێكی شینی پێیه و پێده‌كه‌نێ..نانا..دۆزیمه‌وه..گۆرانییه‌ك باسی چی بكات دۆزیمه‌وه…(ده‌سته‌كانی به‌رزده‌كاته‌وه و خۆشحاڵه-هێشتا ده‌نگی ڕادیۆكه ته‌نها خشه‌خشێكه و جارجار ده‌نگێكی لێوه دێت وه‌ك ئه‌وه‌ی هاوارێكی دووربێ..)..بیخه سه‌رگۆرانییه‌ك ( كه‌مێك خۆی به‌رز ده‌كاته‌وه) با باس له‌و كڵاوه بكات كه له حیكایه‌ته كۆنه‌كانی ئێمه‌دا هه‌یه..
نه‌خۆشی دووه‌م: (ڕادیۆكه ده‌كوژێنێنێته‌وه –به خه‌مگینییه‌وه) هیچ گۆرانییه‌ك نییه، هیچ. كام كڵاو؟
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: ( ده‌ست ده‌گرێ به‌سه‌رییه‌وه) ئه‌و كڵاوه‌ی هه‌ركه‌س له‌سه‌ری ده‌كات ون ده‌بێت..ئا ون ده‌بێت ده‌چێته
شوێنێكی تر..دنیایه‌كی تر…كڵاوی …كڵاوی.. ناوه‌كه‌م بیرنییه…
نه‌خۆشی دووه‌م: كڵاوی سه‌خره‌جن؟
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: ئۆه..به‌ڵێ..به‌ڵێ…با له‌گۆرانییه‌كه‌دا ئه‌وه هه‌بێت، توخوا با ئه‌م كڵاوه هه‌بێت..ئێمه پێویستمان به‌م كڵاوه‌یه،
هه‌ردووكمان..( به‌پێكه‌نینه‌وه) كڵاوه‌كه له‌سه‌ر ده‌كه‌ین و ون ده‌بین..ون ده‌بین و ئیتر ئاوا نابین..لێره ده‌ڕۆین ..كڵاوه‌كه ده‌مانبات بۆ شوێنێكی ئه‌فسووناویی و جوان…له‌شوێنێك سه‌ر ده‌ردێنین كه زۆپا و پانكه و قه‌ڕه‌وێله‌ی لێ نه‌بێ..شوێنێك كه چیتر خه‌یاڵمان نه‌ڕوات ( ده‌ست ده‌جوڵێنێت و خۆشحاڵه) حه‌ب و فرمێسك..فڕێده‌ده‌ین، ئای باوكه گیان چه‌ند حه‌زم له‌م كڵاوه‌یه ( به خه‌مگینیه‌وه سه‌ر نه‌وی ده‌كات و ده‌نگی نزم ده‌بێته‌وه) باوكه له‌هه‌مووی گرینگتر ئه‌وه‌ی ئه‌و كڵاوه ده‌یكات بۆ ئێمه ئه‌وه‌یه..له شوێنێك سه‌ر ده‌ردێنین ده‌بینی كه ئیتر نه‌خۆش نین..
نه‌خۆشی دووه‌م: هیچ گۆرانییه‌ك نییه، هیچ كڵاوێكیش.
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: ( خه‌مناكه و ڕاده‌كشێت)..هیچ كڵاوێك..هیچ..
نه‌خۆشی دووه‌م:( به‌هێواشی پانكه‌كه ده‌كوژێنێته‌وه) من ده‌ڕۆم..من ده‌ڕۆمه ژووره‌كه‌یتر.
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: ( سه‌رچه‌فه‌كه فڕێده‌دا و ڕاده‌په‌ڕێ) ده‌ڕۆی…تۆ ده‌توانی هه‌نگاوبنێی…وه‌ك من نیت…بۆ كوێ ده‌ڕۆی؟
نه‌خۆشی دووه‌م: ژووره‌كه‌یتر.
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: نا..نا..ئێستا ئیتر ده‌ڕۆیت و به‌جێمدێڵی دڵنیام…ده‌چیته‌وه نه‌خۆشخانه..یان هه‌ر شوێنێك، شوێنێك كه منی
لێ نه‌بم.وانییه؟ وانییه باوكه…؟ باوكه جێمده‌هێڵی؟
نه‌خۆشی دووه‌م: نا..ژووره‌كه‌یتر..له‌وێ ده‌نووسم.
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: وانییه..وانییه. ده‌ڕۆیت و من لێره له‌م بۆشاییه و له‌م ماڵه بۆگه‌نه‌تدا به‌جێده‌هێڵی.لێم ده‌گه‌ڕێی تا له‌سه‌ر ئه‌م
قه‌ڕه‌وێڵه داده‌ڕزێم و كرم لێمده‌دا..واده‌كه‌ی دڵنیام..ده‌زانیت كه من ئیتر ناتوانم به ڕێگادا بڕۆم.ئه‌وه ده‌زانیت. خۆت لێره ڕزگارده‌كه‌یت..( فرمێسك ده‌ڕێژێ) هه‌رگیز نایه‌یته‌وه.
نه‌خۆشی دووه‌م: ( كه‌مێك خۆی به‌رزده‌كاته‌وه و به‌دانیشتنه‌وه ..هێواش هێواش به‌ره‌و ده‌رگاكه ده‌ڕوا) ده‌نووسم.
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: چی ده‌نووسی؟ چ شتێك گرینگه تا بینووسی؟ ( به‌توڕه‌ییه‌وه) نووسین مانای چییه..ئێمه بۆگه‌ن بووین، شێت
بوویت و خه‌ریكی گاڵته‌وگه‌پی.شێت بوویت پیره‌مێرد، منت له‌نه‌خۆشخانه هه‌ڵگرت و وتت ئێمه ده‌مرین.وتت ماڵه‌كه‌م ماڵه‌كه‌م. ئێستاش ده‌ڕۆیی و جێمده‌هێڵی؟(پیره‌مێرد لێره‌دا كه‌مێك هه‌ستاوه‌ته‌وه و به‌له‌رزه‌وه له‌سه‌ر پێ ده‌ڕوا – به‌ڵام جار جاره داده‌نیشێ و پشووده‌دا) واز له‌كاغه‌زی پڕوپووچ بهێنه..وازبێنه…مه‌ڕۆ و جێم مه‌هێڵه تكایه.
نه‌خۆشی دووه‌م: ده‌ڕۆمه ژووره‌كه‌یتر و كه‌مێك ده‌نووسم.منیش ناتوانم بڕۆم، من ده‌ترسم تۆ جێمبهێڵی.پێموایه ئه‌وه‌ش
ده‌كه‌یت..ده‌یكه‌یت وانییه؟ (دانیشتۆته‌وه) من ده‌بێ چاودێریت بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه نه‌كه‌یت.هه‌میشه ئه‌و ترسه‌م هه‌یه، ده‌ڵێم چونكه تۆ هێشتا پیر نه‌بوویت ئێستا نا ئێستا ئه‌م ماڵه جێده‌هێڵی و ده‌ڕۆیت.ئێمه هه‌ردووكمان وه‌ك یه‌ك واین.نه من خزمه‌تكاری تۆم ، نه‌تۆش هی من.( هه‌ڵده‌ستێته‌وه) ده‌زانم توڕه‌یت و ئه‌مه‌ش حه‌قی خۆته..به‌ڵام ئه‌مه‌م بیره كاتێ باسی ماڵه‌كه‌مم كرد، تۆ خۆت وتت منیش له‌گه‌ڵ خۆت به‌ره‌و ده‌مه‌وێت لێره ڕزگاربم..وتت چیتر به‌رگه‌ی بۆنی ده‌رمان و خوێن ناگرم، ئێمه له بۆشاییداین و به‌یه‌كه‌وه‌ش به‌ندنین.له‌و ڕۆژانه‌دابوو…ئا..كاتێ كه‌تۆش چوویته ژووره‌كه‌یتر و من كه‌وتبووم..وتم ئیتر ڕۆیشتووه..به‌ڵام ئێمه ناڕۆین..من ده‌چم كه‌مێك ده‌نووسم..
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: ڕاسته..ڕاسته..به‌ڵام چی ده‌نووسی؟ خۆ ئێمه بوونمان هه‌ر دیارنییه.
نه‌خۆشی دووه‌م: هاوڕێی من.(داده‌نیشێته‌وه) وایه ئێمه ڕه‌نگه هه‌ر بوونمان نه‌بێت،ته‌نانه‌ت زۆر جار واشمان لێدێت نه‌زانین
له‌كوێ یه‌كتریمان ناسیوه، ئه‌مه گرینگ نییه، به‌ڵام من كاتێ ده‌كه‌ومه خه‌یاڵی ئه‌وه‌ی ڕیشه‌م دیارنییه تاڕاده‌یه‌ك خۆشحاڵده‌بم، ده‌توانم كتێبێك له‌سه‌ر ئه‌و خۆشحاڵبوونه بنووسم..مه‌به‌ستم هه‌مان ئه‌و شتانه‌یه كه تۆ باسییان ده‌كه‌ی..ئه‌وه‌ی كه ده‌ڵێی هه‌ستناكه‌م مناڵ بووبم یان بوونمان دیارنییه..(له ده‌رگاكه نزیك ده‌بێته‌وه) چی ده‌نووسم..چی ده‌نووسم..؟ نازانم. نووسین ته‌واو چێژم پێده‌دات.چێژێك كه له‌هیچ شتێكی تر ده‌ستناكه‌وێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی واده‌كات من بنووسم بوونی چێژه‌كه نییه، ترسانه له‌وه‌ی ئه‌و چێژه له‌ده‌ست بده‌م.
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: كه‌واته ده‌ترسی؟
نه‌خۆشی دووه‌م: به‌ڵێ ده‌ترسم چێژه‌كه له‌ده‌ست بده‌م.(له‌ده‌رگاكه ده‌چێته ده‌ره‌وه).
(ساتێك بێ ده‌نگی)
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: (دانیشتووه و له‌گه‌ڵ خۆی قسه ده‌كات) ئێره هه‌ر چۆنێ بێ باشتره له نه‌خۆشخانه، من هه‌رگیز ناڕۆم،
به‌ته‌نهاش بێ لێره ده‌مێنمه‌وه.ئا ده‌مێنمه‌وه.به‌ڵام ئه‌م پیره پیاوه به‌وه من توڕه ده‌كات كه ده‌ڵێت ده‌نووسم، دووباره و دووباره.ئه‌گینا بابڕوات.من و ئه‌و له‌گه‌ڵ یه‌كدا هه‌ر ته‌نهایین ( كتێبێك هه‌ڵده‌گرێت) ڕاستی هیچ ترسم نییه له‌وه‌ی بڕوات، دڵنیام ئه‌ویش هه‌روایه.(كتێبه‌كه داده‌نێته‌وه) به‌ڵام هه‌ر فێربووین فێر..كاتێ یه‌كێك ده‌ڕوا..هاواربكه‌ین و بڵێین.توخوا به‌جێم مه‌هێڵه بێ تۆ ده‌مرم.( پێده‌كه‌نێت) هاهاها.له‌بۆشاییدا كێ به‌هانای كێ دێت.( كۆخه‌یه‌كی توند- ده‌ست به ده‌مییه‌وه ده‌نێت) ئاه..دیسان دیسان كۆخه‌كه خوێنی له‌گه‌ڵه.هه‌موو خوێنی جه‌سته‌م له‌ده‌ممه‌وه دێته ده‌ر..ئه‌مه چییه.ئه‌م شته سووره به‌رده‌وام له‌من ده‌ڕوا، ئاساییه..هیچ ناترسم..بابڕوات..ئاوێكی سوور..زۆریترم هه‌یه..به‌وه‌ش كۆتاییم پێ نایه..با هه‌موو شته‌كان بڕۆن ( لێره‌دا ده‌نگی خۆی به‌رز ده‌كاته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی شیعر بخوێنێته‌وه-ڕوو ده‌كاته كه‌ل و په‌له‌كان) هه‌مووتان بڕۆن..ئه‌و كاغه‌زانه‌ی به دیواره‌وه‌ن..ئه‌و تابلۆیه‌ی كه‌س نازانێت له‌چی ده‌چیت و چیت..مه‌نجه‌ڵه بۆگه‌ن و پیره‌كه..زۆپا و پانكه‌ی به‌سته‌زمان.. ته‌شته..ئاه..ئه‌ی قه‌ڕه‌وێڵه‌ی پشت چه‌ماوه كه وه‌ك هه‌سپێكی بریندار منت گرتۆته خۆ .. ڕادیۆ لاڵ و په‌نجه‌ره‌ی جگه‌ر سووتاو..ده‌رگا..ده‌رگا..هه‌مووتان..بڕۆن..له‌شوێنێكی تردا دوور له‌من..له منی نه‌گبه‌ت بحه‌سێنه‌وه ( ده‌نگی نزم ده‌كاته‌وه‌و به نائومێدییه‌وه) به‌ڵام ئێوه‌ش..ئێوه‌ش وه‌ك من ..وه‌ك ئه‌م پیره‌مێرده داماوه ناتوانن به ڕێگادا … بڕۆن..ئێوه‌ش نه‌خۆشن..
( ده‌نگه ده‌نگێگ دێ-وه‌ك هاواركردنی كه‌سێك..له‌پڕ پیره‌پیاو له ده‌رگاكه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت
ته‌نها نیوه‌ی جه‌سته‌ی كه‌وتۆته سه‌ر شانۆ و ئه‌وه‌یتر له‌ده‌ره‌وه‌یه..ڕه‌نگی به ته‌واوی په‌ڕیوه و
كاغه‌زێك له‌نێو ده‌ستیدایه..خۆی تاو ده‌دا به‌ره‌و پێشه‌وه‌بێت ).
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: ( ڕاده‌په‌ڕێت و مه‌نجه‌ڵه‌كه فڕیده‌دات-هه‌ڵده‌ستێته‌وه سه‌ر چۆك) ئاه..ئه‌مه چییه..هاوڕێكه‌م..كه‌سه‌كه‌م ئه‌مه
چیت لێهاتووه؟
نه‌خۆشی دووه‌م: هیچ نییه..هیچ..(زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاوه) حاڵم خراپه زۆر..ده‌مه‌وێ بێمه ژووره‌وه..دێمه ژووره‌وه..
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: من..من ناتوانم بێمه‌لات..ناتوانم هه‌ڵسم…ده‌ست به‌دیواره‌كه‌وه بگره…
نه‌خۆشی دووه‌م: (كاغه‌زه‌كه‌ی ده‌ستی به‌رزده‌كاته‌وه) ده‌بێت هه‌ڵیواسم..دێمه ژووره‌وه.
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: ده‌ی ده‌توانی (خۆی ده‌باته پێشه‌وه) ئاوا (پیره پیاوه‌كه خۆی ده‌كشێنێته‌وه تا به‌گوڕتر به‌ره‌وه ژووره‌كه بێت)
ئایا كه‌وتیته خواره‌وه؟
نه‌خۆشی دووه‌م: نا.
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: (توڕه‌یه) حه‌به‌كه بخۆ.
نه‌خۆشی دووه‌م: لام نییه،لێم كه‌وتووه.
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: (ده‌گری).من ناتوانم یارمه‌تیت بده‌م.
نه‌خۆشی دووه‌م: وه‌ك منداڵ ..به‌س بگری.
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: ئێمه نه‌خۆشین، ئێمه له چاره‌سه‌ر هه‌ڵاتووین.
نه‌خۆشی دووه‌م: (كه‌مێكی تر دێته پێشه‌وه) ده‌بێ ئه‌مه هه‌ڵواسم.گرینگ نییه نه‌خۆشین.ئیتر مه‌گری براكه‌م.
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: (فرمێسكه‌كانی ده‌سڕێ و به وره‌وه) ناگریم..تۆ هاوڕێی منی..من میوانی ماڵه‌كه‌تم..ده‌ی زیاتر..
نه‌خۆشی دووه‌م: ( كه‌مێكی تر دێته پێشه‌وه-ده‌نگی نووساوه) ده‌ڵێی له سكی دایك دێمه ده‌ره‌وه.
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: دڵنیام ده‌توانی.
نه‌خۆشی دووه‌م: (ورده ورده باشتر دێته پێشه‌وه-ئێستا قاچه‌كانی دیارن) ئه‌وا هاتم..به‌ڵێ ( به‌ته‌واوی دێته ژووره‌وه-له‌سه‌ر
سك به‌هێواشی ده‌ڕوا و كه‌مێك ده‌له‌رزێت) بینیت هاوڕێكه‌م دووباره گه‌ڕامه‌وه ژووره‌كه (پێده‌كه‌نێت).
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: (ده‌ست ده‌داته كتێبێك) بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مێك هێوربیته‌وه كه‌مێكت بۆ ده‌خوێنمه‌وه.
نه‌خۆشی دووه‌م: بیخوێنه‌وه..بیخوێنه‌وه.
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: نانا ..ناخوێنمه‌وه خۆم قسه‌ت بۆ ده‌كه‌م.ده‌ڵێم ئێستا( به‌ئومێده‌وه ده‌ست به‌رز ده‌كاته‌وه) ئێستا له ده‌شتێكی
سه‌وزدا..كچێك ڕاده‌كات و گۆناكانی سووربوونه‌ته‌وه..دڵی زۆر باش لێده‌دات و نه‌خۆشیش نییه…ئای له‌و ڕاكردنه جوانه.. ڕه‌نگه به‌ره‌و دره‌ختی سه‌ر گرده‌كه ڕابكات ..پرچی له‌دواوه شه‌پۆل ده‌دات و ..ئێواره‌یه..ئه‌م ده‌شته زۆر دووره له‌نه‌خۆشخانه‌كان..ته‌نانه‌ت بۆنی هیچ ده‌رمانێكیش به مانگ و ساڵ ناگاته ئه‌م ده‌شته..خوێن هه‌ر ته‌نها له جه‌سته‌ی ئه‌م كچه‌دا ڕێگای خۆی ده‌دۆزێته‌وه..له دڵیشدا هه‌زار پرسیار و.. .خۆشه‌ویستی..به‌ڵێ خۆشه‌ویستی له ده‌ماره‌كانی ده‌ڕژێ..( پیره‌پیاو هێواش هێواش باشتر دێته پێشه‌وه و له قه‌ڕه‌وێڵه‌كه‌ش نزیك ده‌بێته‌وه..به‌ڵام پیره‌پیاو وا ئاڕاسته‌ی گرتووه كه به نزیكی قه‌ڕه‌وێڵه‌كه‌دا به‌ره‌و دیواره‌كه بڕوات..) یان له خانووێكی بچكۆله‌دا له ژووری دواوه..په‌نجه‌ره‌یه‌كی گه‌وره..منداڵێك كتێبێكی پێیه‌و ده‌یخوێنێته‌وه..بارانیش به‌خوڕ به‌سه‌ر دار قه‌یسییه‌كه‌دا ده‌بارێت..منداڵه‌كه ده‌خوێنێته‌وه و پێده‌كه‌نێت (پیره‌مێرد به‌رده‌وامه له ڕۆیشتن) ئای له پێكه‌نینی ئه‌و منداڵه به‌و چیڕۆكه پێده‌كه‌نێت كه كه‌روێشكه هاروهاجه‌كه گوێز له سمۆره‌كه
ده‌شارێته‌وه..
نه‌خۆشی دووه‌م: ( هه‌ناسه‌ی ته‌نگ بووه و سه‌ری خستۆته سه‌ر ئه‌رزه‌كه) ئیتر ده‌مرم.
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: (ڕووده‌كاته پیره پیاوه‌كه) هاوڕێكه‌م وا مه‌ڵێ..(پیره‌پیاو بێده‌نگه) باوكه.
نه‌خۆشی دووه‌م: (ده‌نگی هه‌ناسه‌ی به‌رز ده‌بێته‌وه ) ئای..ی..
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: دێمه لات..ئێستا دێمه لات..(پیره‌پیاو ته‌واو بێده‌نگه-ده‌نگی هه‌ناسه‌شی ده‌بڕێت) ئه‌وا هاتم ..به‌ڵام من چۆن
له‌م قه‌ڕه‌ویڵه‌یه بتوانم بێمه خوار (قاچه‌كانی به‌رده‌داته‌وه) قاچه‌كانم كارناكه‌ن..مردوون..به‌ڵام دێمه لات..ناهێڵم بمریت..من میوانی تۆم..ئه‌م ژووره جوانه هی تۆیه ته‌نانه‌ت ئه‌م زۆپایه‌ش (زۆپاكه به‌ده‌ست دوور ده‌خاته‌وه) لێره‌وه دێم..ئیستا ئیستا..( پیره پیاوه‌كه هه‌ر بێده‌نگه و ناجوڵێته‌وه) ده‌بێت بێم ( تاو ده‌داته‌خۆی-ده‌یه‌وێت بۆ ئاماده‌باشی هاتنه‌خواره‌وه‌كه تا سێ بژمێرێ) یه‌ك..یه‌ك…ناتوانم ناتوانم بژمێرم..ئاه..(به‌ره‌و پێشه‌وه دێت و به‌توندی ده‌كه‌وێته خواره‌وه) ئای ئای خوایه..جه‌سته‌م شكا هه‌موو جه‌سته‌م..( له‌سه‌ر سك ده‌ڕوا ) قاچم شكاوه..قاچم..هاوڕێكه‌م..مردوویت؟ (پیره‌پیاو بێده‌نگه) ئێستا دێمه
لات.. كه‌مێكی تر خۆت ڕاگره..(ده‌ست بۆ پیره پیاو درێژ ده‌كات و سه‌ری ده‌جوڵێنێت-هێواش هێواش دێته به‌رانبه‌ری) ئیتر هه‌سته..
نه‌خۆشی دووه‌م: ( ڕاده‌په‌ڕێت..و سه‌ر بۆ لای پیاوه كه‌مێ قه‌ڵه‌و و ڕه‌نگ زه‌رده‌كه ده‌سوڕێنێت-هه‌ردووكیان
له‌سه‌ر سك به‌رانبه‌ر یه‌ك) من له‌كوێم؟
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: تۆ لێره‌یت..وابزانم خه‌وتبوویت..له ده‌رگاكه‌وه هاتی و…
نه‌خۆشی دووه‌م: تۆ كێی…؟ پیمبڵێ تۆ لێره چی ده‌كه‌ی ؟ من چیم لێهاتووه؟
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: من…من كێم؟ من هاوڕێكه‌تم ئه‌وه‌ی له‌نه‌خۆشخانه به‌یه‌كه‌وه ڕامانكرد و وتت ئه‌م ماڵه هی..
نه‌خۆشی دووه‌م: كام نه‌خۆشخانه (هه‌ناسه‌ی ته‌نگه ) تۆ چیی ده‌ڵێی..من شێت ده‌كه‌یت..من دوێنێ لێره ده‌منووسی و
دكتۆره‌كه‌م هاته سه‌ردانم..ئا..دكتۆره‌كه خۆی هات چونكه هاوڕێمه و من ناساغ بووم..ئه‌م ماڵه بۆ وای
لێهاتووه..(سه‌یری خۆی ده‌كات) ئه‌ی من..من بۆ وام لێهاتووه…ئه‌مه من نیم..
نه‌خۆشی یه‌كه‌م : دووباره وات لێهاته‌وه..دووباره به‌زمه‌كه‌یه.
نه‌خۆشی دووه‌م: به‌زمی چی (ده‌نگی نزم و توڕه) تۆ كێی ؟
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: من كه‌س نیم ئه‌ی تۆ كێی….؟ده‌زانم چی ده‌ڵێی بوه‌سته…تۆ دوێنێ ده‌تنووسی و دكتۆره‌كه هات..پێی وتی
ئاگاداری خۆتبه و نووسین كه‌مبكه‌وه..تۆس شێتانه ده‌تنووسی و دوای ئه‌وه هه‌ر شتێكی جوانت بنووسیایه..ده‌هاتی له‌م دیواره هه‌ڵتده‌واسی و به‌ده‌نگ ده‌تخوێنده‌وه..تایبه‌ت ئه‌و دێڕانه‌ت هه‌ڵده‌واسین كه پێتوابوو كه‌س ناتوانێ بیاننوسێ..جار جار نیگاریشتده‌كێشاو زۆر باشیش ده‌تخوێنده‌وه..ئێوارانیش ده‌چوویته باخی لای كتێبخانه‌كه..له‌وێ جاروبار كچێكت ده‌بینی.. كچێكت ده‌بینی و شه‌یدای بووی…ئیتر به‌سه..ئه‌مه به‌زمی تۆیه…ئه‌ی من كێم…من ؟
نه‌خۆشی دووه‌م: ( بێده‌نگ ده‌بێ وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌وی لێبكه‌وێت) ئای..
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: بخه‌وه..هاوڕێكه‌م..ئێستا وه‌ك خۆتت لێدێته‌وه..وه‌ك خۆت، ئێمه ده‌بێ نه‌خۆشبین (هه‌ردوو ده‌ستی له‌ژێر
چه‌ناگه داناون) ده‌بێ نه‌خۆشبین و به‌ئاگا نه‌یه‌ینه‌وه..ده‌بێ له‌م جیهانه‌دا بژین، گه‌ر نه‌خۆش نه‌بین ده‌مرین (ده‌ست له پیره‌پیاوه‌كه ده‌دات) ئێستا هه‌ڵسه..هه‌ڵسه..با به‌دوای حه‌به‌كه‌دا بگه‌ڕێین..
نه‌خۆشی دووه‌م: ( سه‌ر به‌رزده‌كاته‌وه ) ده‌بێ كاغازه‌كه هه‌ڵواسم.
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: (ده‌ست بۆ كاغه‌زه‌كه ده‌بات و سه‌یری ده‌كات) كوا خۆ ئه‌مه هیچی لێ نه‌نووسراوه باوكه..چی هه‌ڵده‌واسی ؟
هیچی لێ نه‌نووسراوه…وازبێنه ئێمه نه‌خۆشین..من ناتوانم بژمێرم..وازبێنه..
نه‌خۆشی دووه‌م: (خۆی كه‌مێ به‌رزده‌كاته‌وه-كاغه‌زه‌كه توند ده‌گرێ..وه‌ك ئه‌وه‌ی ساغ بێت به‌یه‌ك جار هه‌ڵده‌ستێته‌وه سه‌رپێ )
ده‌بێ هه‌ڵیواسم..
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: (تووشی سه‌رسوڕمان دێت و هاوارده‌كات) وای تۆ چاك بوویته‌وه..تۆ ساغیت (ده‌یه‌وێت خۆیشی هه‌ڵسێت )
ئای خوایه‌گیان ئه‌م پیره پیاوه چاك بۆته‌وه (پیره پیاو له‌جێی خۆی وه‌ستاوه و سه‌یری دیواره‌كه ده‌كات)
منیش ده‌بێت ساغ بم..(سه‌ری ده‌سوڕێنێت و سه‌یری دیواره‌كه ده‌كات)..منیش..
نه‌خۆشی دووه‌م: ( به‌ره‌و دیواره‌كه ڕاده‌كات ) هه‌ڵیده‌واسم ( به‌ر له‌وه‌ی بگات به دیواره‌كه ده‌كه‌وێت) ئای ..من..ناتوانم..
(ده‌ست ده‌كوتێ بۆ كاغه‌زه‌كه و نایدۆزێته‌وه) كاغه‌زه‌كه…كاغه‌زه‌كه…
نه‌خۆشی یه‌كه‌م: وای..هاوڕێكه‌م…ئێمه ساغ نین..(هه‌ردووكیان كه‌وتوون) ئێمه نه‌خۆشین..من سه‌رمامه..دڵنیام له‌ده‌ره‌وه به‌فر
ده‌بارێت…من نه‌خۆشم و سه‌رمامه…( پیره‌پیاو هه‌ناسه ده‌دات) سه‌رمامه و ناتوانم بژمێرم..
– تاریكی –
( په‌رده داده‌درێته‌وه )
+ كڵاوی سه‌خره‌جن: كڵاوێكه له نێو حیكایه‌ته فۆلكلۆرییه‌كانی كوردی..كاتێ پاڵه‌وانه‌كان له‌سه‌ری خۆیان ده‌كه‌ن..ون ده‌بن، زۆر جار ئه‌م كڵاوه ده‌بێته ڕزگاركه‌ر و جێگای ئومێد..له‌لایه‌ن جنۆكه و په‌رییه‌كان ده‌به‌خشرێ به پاڵه‌وانان.