Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
پاراستنی ڕۆژئاوا … ڕزگار عومەر

پاراستنی ڕۆژئاوا … ڕزگار عومەر

Closed

پاش بلاوبوونەوە هەواڵی تەقینەوەو کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لەخەڵکی سیڤیل وبێ تاوان لە ووڵاتی نەرویچ ، هەڵوێستی باو و هاوبەشی زۆربەی میدیا زەبەلاحەکانی ڕۆژئاوا هەلبژاردنی بێ دەنگی و فەرامۆش کردن بوو . میدیا لە ڕۆژئاوادا وای خەڵك ڕاهێناوە کە لە کاتی ڕوودانی کارەسات و پەلاماری تیرۆریستیدا : گوێگران و بینەران و خوێنەرانی خۆی کاس بکا بە سەدان شی کردنەوەی سیاسی کە لە لایەن ئەو کەسانە پێشکەش دەکرێ کە ڕیز دەبەستن بۆ میوانداری لە بەرنامە سیاسیەکان . ئەمجارە دەنگێکی جدیمان نەبینی کە مامەڵە لە گەڵ ئەم کارەسات و پەلامارە وەکو ” هەڕەشە بۆ سەر شارستانیەتی ڕۆژئاوا ” ڕیز بکا ، چونکە تیرۆریستەکە لە باری سیاسی و نەژادەوە کەسێکی ” بێگانە ” نەبوو، ئەو کەسێکی سپی پێستی ئاسایی بوو ، کە ئەندامی بزوتنەوەیەکی ڕاستڕەوە لە نەرویج.

لەسەرەتای دەست پێکردنی شەڕی سارد تا ئەمڕۆ ، هاوڵاتی ئاسایی لە ڕۆژئاوا بە  دەستی میدیا و بەشی زۆری سیاسەت مەدارانی بە یەک چەمکی یەک لایەنەو پیرۆزکراو ڕاهێنراوە کە چەندە ” بەها ” کانی ڕۆژئاوا لە بابەتی : دیموکراسی ، پێکەوە ژیانی کلتورەکان گرنگیەکی بێ سنووریان هەیە .
 ڕەنگە بۆ کەسێک کە لە ڕۆژائاوا دەژی( بەچاو پۆشین لەوەی پەناهەندەیە یان خەڵکی ولاتەکەیە) لەگەڵ ئەو بۆچوونە رازی بێت کە ئیمکانی نیە بەراوردی کۆنترۆڵی دەزگای دەوڵەت و رژێمەکان بکرێت لە زۆربەی وڵاتانی دونیا لە گەڵ سەربەخۆبوونی میدیا لە ڕۆژئاوا . بەلام ، ڕاستی ئەوەی لە مەیدانی کردەوەدا دەگوزەرێ تەواو پێچەوانەی ئەو بۆچوونەیە کە نوقمی خۆشباوەڕیە . دەزگا میدیا زەبەلاحەکان لە رۆژئاوا مامەڵەیەکی ئایدیۆلۆژی دیاری کراو دەکەن بە پێ ی ” پێویستیە سیاسیەکان ” لە گەڵ هەموو ئەو ڕوداوانەی کە گرنگی جیهانیان هەیە. نموونەیەکی سادەو دووبارە کە پشتگیری ئەو بۆچونە بکا ، ڕۆڵی میدیایە لە خوڵقاندنی ” دوژمن ” لە ڕای گشتیدا، دوژمنێک کە دەکرێ بکرێتە بیانوو بۆ حەق بوونی ئەجێندا سیاسی و ئابوری و میلتاریستەکانی دەولەتانی ڕۆژئاوا لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا .

تا ئەم نزیکانەش ، کۆتایی نەوەدەکان ، لە ووڵاتێکی وەکو کەنەدا کەس باوەڕی پێنەدەکردی ئەگەر قسەت لەسەر ئەوە کردبا کە هەندێ کەس هەن لە کەنەدا لە یادی ڕۆژی لە دایک بوونی هیتلەر ئاهەنگ دەگێڕن ! ئێستا ئەمە واقیعەو کەسیش پێ ی وانیە ئەمە هەڕەشەیە بۆ سەر ” بەها ” کانی لیبرالیزم ، لە کاتێکدا خودی دەوڵەت بە ڕەسمی هەموو ساڵێک یادی ئەو سەربازانە دەکاتەوە کە لە ڕزگار کردنی ئەوروپا لە ژێر چنگی هیتلەرو نازیەت گیانیان لە دەست دا . بە پێ ئەو زانیاری وداتایانەی لە رۆژنامەکان دەست دەکەوێ هەر ئێستا (5000) وێب سایت هەیە کە تاقە کاریان بڵاوکردنەوەی ڕەیسزم و ڕقە دژ بە پەناهەندەو جولەکە، میدیا ئەمە بە هەڕەشە بۆ سەر ” بەها ” کان وئاسایشی ڕۆژئاوا پێناسە ناکا . بەلام ، تەواو بوونی ڤیزای جووتیارێکی مەکسیکی کە تەنیا بۆ کارکردن لێرەیە ، یان ڕێکردنی کچێکی موحەجەبە بە نێو دانیشگاو قوتابخانەدا ، دەشێ هەر بە دەستی ئەم میدیایە وا گەورە بکرێت تا ئاستی ” هەڕەشە ” .

لە ئەورپا بارودۆخەکە خراپترە ،  لە ئایدیۆلۆژیای حیزب و بزوتنەوە راستڕەوەکان جا چ لە حکومەت بن یان لە ژێر چەتری ئۆپۆزسیۆن بن ، ناسنامەی پەناهەندە شێوێندراوە بۆ ناسنامەی ” داگیرکەر ” ی شارستانیەتی ڕۆژئاوا. لەم بارودۆخە میدیا دەتوانێ هەڵوێستێکی تر هەڵبژێرێ ، میدیا دەتوانێ بڵێ شەپۆڵەکانی پەناهەندە ڕۆڵیان هەبوو وەکو ” کرێکاری هەرزان ” لە دابین کردنی پێویستیەکانی بازاڕی کار . میدیا دەتوانێ باس لەوە بکا فاکتێکی سەرەکی لە دوا شەپۆڵی کۆچ بۆ ڕۆژئاوا هۆی ئەو هەموو شەڕانە بوو کە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لە پشتی هەڵگیرساندن و درێژە پیدانی بوون لە زۆربەی ئەو ووڵاتانەی پەناهەندە بەجێ ی هێشتوون .
ئایا مێژوو نووسێکی سەربەخۆ لە ڕۆژئاوا دەست دەکەوێ کە بتوانێ خۆی لەو ڕاستیە بەڵگە نەویستە بشارێتەوە ، کە زۆربەی ڕێکخراوە تیرۆریستەکانی نێو لیستە ئەمنیەکان خۆی ڕۆژئاوا چ وەکو عەقڵ چ وەکو دەست لە پشتی دروست کردنیان بوو ؟  دروست کردنی دەوڵەتەکانی سعودیەو پاکستان وچەکدار کردنیان ، میوانداری کردنی خومەینی لە پاریس و نوقم کردنی لە گرنگی پێدانی میدیاو ئامادە کردنی وەکو تاقە لیدەری شۆرش لە ئێران ، هەمووی لە کارە نایابەکانی رۆژئاوا بوون .

تا کەی هاوڵاتی لە رٶژئاوا دەتوانێ ئەم بێدەنگیە کوشندەو ئەم دوو ڕوویەی میدیا قبوڵ بکا ؟ ئایا کاتەکە گونجاو نیە بۆ هەلبژاردنی هەڵوێستێکی تر لە بەرامبەر ئەم بێدەنگیە ، بۆچی هاوڵاتی لە رۆژئاوا دەبێ گڵۆپی سەوز هەڵکا بۆ تێپەڕبوونی ئەم بێدەنگیە کە دەبێتە خشتێک لە دروست کردنی مێژویەکی درۆینە ؟ ئایا کاتەکە گونجاو نیە کە لیستەکانی ڕۆژئاوا تازە بکرێتەوەو هەموو ڕێکخراوە رەیسیستەکان و راستڕەوە توندڕەوەکانیش ی لە خۆی بگرێت ؟ ئایا سەردەمی ئەوە نیە ، بڵێن هەڕەشە تەنیا لەدەرەوە نایەت بەڵکو لە ناوەوەیە ! ئایا لەم مێژووی ئەمڕۆمان گونجاوتر دەست دەکەوێ کە بڵێین ئەندێشەو چەمکی ” پارێزگاری لە ڕۆژئاوا ” لە بناغەوە هەڵوەشێندرێ ! هەموو دەزانین ئەگەر خۆمانی لێ نەبان نەکەین ، کە کوێرە دێیەک لە باشورو باکوری دونیا ناتوانێ سەرچاوەی هەڕەشە بێت بۆ سەر ڕۆژئاوا ، ئایا ئازایەتیەکی وا لە رۆژئاوا دروست دەبێت کە دروشم بگۆڕێت و بڵێت با ڕۆژئاوا لە هەڕەشەکانی رۆژئاوا بپارێزین ؟

     ڕزگار عومەر
orezgar@yahoo.ca

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.