Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
(گه‌ران به‌دوای ناسنامه‌له‌ شیعری*تۆكێی باریكان ئیسماعیل*دا)

(گه‌ران به‌دوای ناسنامه‌له‌ شیعری*تۆكێی باریكان ئیسماعیل*دا)

Closed
by August 25, 2011 ئەدەب

له‌دوای ئه‌وه‌ی به‌ری دره‌ختێكی حه‌رامیان خواردو گوناهیان كرد‌و فرێ درانه‌ سه‌ر زه‌وی, ئیدی چیرۆكی نه‌هامه‌تیه‌كانی ژن, وه‌ك بوونه‌وه‌رێك ده‌ستی پێ كرد.گه‌رچی پیاو هه‌ڵه‌كه‌ی كرد‌وبه‌ری داره‌حه‌رامه‌كه‌ی خوارد,كه‌چی بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ ئه‌و كه‌وته‌ به‌رنه‌فره‌ت.له‌و ساته‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌تای مه‌رگه‌ساته‌كانی ژن ده‌ست پێده‌كات,هه‌میشه‌ ناسنامه‌ی ئه‌و مرۆڤه‌,ناسنامه‌ی كه‌سێكی گوناهكار بوه‌,كه‌هه‌ڵه‌و تاوانێكی كردوه‌.ئیدی له‌ په‌راوێزی ئه‌و هه‌ڵه‌ی خۆیدا,ناسنامه‌ی ئه‌و له‌ دنیابینی پیاودا ناسنامه‌ی كه‌سێكی تاوانباره‌.كه‌سێك كه‌ چیتر له‌ ئاستی شوناسدا,هاوتای پیاو نییه‌و نابێت.بۆیه‌شه‌ هه‌میشه‌ شه‌ری ژن له‌گه‌ڵ پیاودا,هه‌وڵدان بوه‌ بۆ گێرانه‌وه‌ی ئه‌و ناسنامه‌یه‌.له‌دنیابینی پیاودا,ژن ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ كۆمه‌لایه‌تیه‌ نییه‌,كه‌هاوتای پیاوه‌ له‌ رووی شوناسی مرۆڤانه‌ی خۆی.به‌ڵكو شوناسێكی تری هه‌یه‌,ئه‌ویش بونه‌وه‌رێكه‌ له‌خزمه‌ت پیاو.بۆیه‌شه‌ هێنده‌ی وه‌ك,كاڵایه‌ك كه‌له‌خزمه‌تی ئه‌ودایه‌ ده‌روانێته‌ ژن,هێنده‌ وه‌ك مرۆڤ تێی ناروانێت, كه‌ ناسنامه‌ی خۆی هه‌یه‌.كاتێ‌ مرۆڤیش بوه‌ خاوه‌ن ناسنامه‌,ئیدی ده‌بێته‌ خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی دیكه‌ش وه‌ك,ئازادی ‌وسه‌ربه‌خۆیی‌وماف‌وژیان.لێره‌وه‌ش ده‌بینین هه‌میشه‌, جه‌نگی ژن له‌ پێناو گێرانه‌وه‌ی ئه‌و ناسنامه‌یه‌ بوه‌,له‌ سته‌م‌و كلتووری پیاو سالاری.ناسنامه‌یه‌ك كه‌ ئیدی شوناسی مرۆڤ ده‌به‌خشێته‌وه‌ به‌ ژن‌و چیتر,وه‌ك كاڵایه‌ك بوونی نابێت له‌ خزمه‌تی پیاودا. شیعری (تۆكێی) له‌ ناوه‌رۆكدا,هه‌ڵگری ئه‌و گوتاره‌یه‌ كه‌باسمان كرد.كه‌ ئه‌ویش گوتاری پرسیار له‌ ناسنامه‌ی خودو,هه‌وڵدان بۆ گێرانه‌وه‌ی ئه‌و ناسنامه‌یه‌.ناونیشانی شیعره‌كه‌,كه‌ شێوازی پرسیاری هه‌یه‌,جۆرێك له‌وه‌ستانه‌وه‌ی تیاده‌بینرێت,له‌ به‌رامبه‌ر قه‌ده‌رێكی مرۆڤدا,له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی ئه‌و,كه‌ ئه‌ویش قه‌ده‌ری بوون‌وهاتنه‌ نێو  ژیانه‌.به‌ده‌ربرینێكی تر,شاعیر له‌ شێوه‌ی سكاڵا‌ودادگاییكردنێكی خودیدا,جۆرێ له‌ رووبه‌رووبونه‌وه‌‌و په‌شیمانی ده‌رده‌برێت,له‌ بوون‌وژیانی ژندا.به‌ومانایه‌ی كه‌ژن هاتۆته‌ بوون‌ودروستكراوه‌,ئیدی چۆن ده‌بێت,كاره‌كته‌رێكی بێ ناسنامه‌و چه‌وساوه‌ بێت.دیاره‌ له‌ كۆ مه‌لگا رۆژهه‌ڵاتیه‌كان به‌ گشتی‌وكوردیش وه‌ك به‌ شێك له‌و كۆمه‌لگایانه‌,هه‌میشه‌ ژن مرۆڤێكی چه‌وساوه‌و پله‌دوو بوه‌.مرۆڤێك بێ ناسنامه‌ له‌ دنیابینی پیاووكۆمه‌ڵگه‌دا,بێگومان كاتێ‌ مرۆڤیش له‌ ئاستی بووندا ناسنامه‌ی نه‌بوو, ئیدی ئه‌و مافانه‌شی نابێت,كه‌ ئه‌و ناسنامه‌یه‌ پێی ده‌به‌خشێت.بۆیه‌ شاعیر له‌ شیعری(تۆكێی)دا,كه‌ده‌لاله‌تێكی پرسار ئامێزی هه‌یه‌,هه‌وڵی ناساندنی ئه‌و ناسنامه‌یه‌ی خۆی,وه‌ك سیمبولێك بۆ كۆی ناسنامه‌ی ژنه‌كانی تری كۆمه‌ڵگاكه‌ی ده‌دات.له‌ په‌راوێزی ئه‌م گوتاره‌شه‌وه‌ ده‌یه‌وێت,به‌ پیاو بڵێت,كه‌ ئێمه‌ش هه‌ین.شاعیر وه‌ك ژنێك,له‌ ململانێ دایه‌,بۆ گێرانه‌وه‌و ناساندنی ئه‌و ناسنامه‌یه‌.به‌ڵام پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌,كه‌ ئاخۆشه‌ری به‌ده‌ست هێنانه‌وه‌ی ئه‌و ناسنامه‌یه‌, هێنده‌ ئاسانه‌؟ به‌ده‌ربرینێكی تر چۆن بتوانێت,ئه‌وناسنامه‌یه‌ بینا بكات؟شاعیر ده‌زانێ‌ به‌ بێ ئه‌و پرسیاره‌ فه‌لسه‌فی‌وئه‌نتۆلۆژیه‌ی كه‌ مرۆڤ ده‌بێت له‌ خۆی بكات,ئه‌سته‌مه‌ بتوانێت ئه‌و ناسنامه‌یه‌ بینا بكات.به‌ومانایه‌ی كاتێ‌ مرۆڤ پرسیار له‌ چیه‌تی ژیانی خۆی ده‌كات,ئیدی له‌وێوه‌ به‌دوای ئه‌و ناسنامه‌یه‌ ده‌گه‌رێت,كه‌ جارێكی تر ئه‌و شوناسه‌ی پێده‌ به‌ خشێته‌وه‌,كه‌ ئه‌ویش هاوتای پیاوه‌.له‌ راستیدا له‌ كۆمه‌ڵگای كوردیدا,ئه‌وناسنامه‌یه‌ی ژن هه‌میشه‌ ناسنامه‌یه‌كی ونبوه‌,به‌ومانایه‌ی له‌ دنیابینی پیاودا,ته‌نانه‌ت خودی كۆمه‌لگاش كه‌ كۆمه‌لگایه‌كی په‌تریاكیه‌, ژن وه‌ك مرۆڤ بێ ناسنامه‌یه‌.یاخود هه‌میشه‌,به‌رامبه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ ده‌كرێته‌وه‌,كه‌ئه‌و كێیه‌,له‌ ئاست بوونه‌وه‌رێكی تر كه‌ پیاوه‌.ئه‌مه‌ش له‌ ئاستی سایكۆلۆژیدا ژن ده‌خاته‌,به‌رده‌م ئه‌و واقیعه‌ كه‌ده‌بێ وه‌ڵامی هه‌بێت بۆ ئه‌و پرسیاره‌.ئه‌گه‌رچی زۆربه‌كه‌می ژن له‌ كۆمه‌لگای ئێمه‌دا, هه‌وڵی به‌ ئازادی ناساندنی ئه‌و ناسنامه‌یه‌ی خۆی ده‌دات.چونكه‌ ئه‌مه‌ شه‌رێكی سه‌خته‌و قوربانی دانی ده‌وێت.به‌ده‌ربرینێكی تر به‌گژداچوونه‌وه‌ی كلتوری پیاوسالاری‌وگێرانه‌وه‌ی ناسنامه‌ بۆژن له‌ ئاست پیاودا,به‌بێ پرسیار له‌خود‌وسه‌ربه‌ستیه‌كانی ژیان ئه‌سته‌مه‌.بۆیه‌ یه‌كه‌مین هه‌نگاوی ئه‌و بیناكردنه‌ی ناسنامه‌,به‌ ئازادكردنی خودوجه‌سته‌ی ژن ده‌ست پێده‌كات,له‌ هێزی پیاودا.به‌ده‌برینێكی تر ژن نابێته‌ خاوه‌نی ئه‌و ناسنامه‌ تاكایه‌تیه‌ی خۆی,ئه‌گه‌ر مولكایه‌تی خۆی له‌ پیاو نه‌سێنێته‌وه‌.چونكه‌ هه‌میشه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ژن وه‌ك بونه‌وه‌رێك مولكیه‌تی له‌ده‌ست پیاودایه‌,كاتێ‌ له‌ رووی خاوه‌نداریه‌تیشه‌وه‌,مرۆڤ خاوه‌نی شتێك بوو,ئیدی مافی ئه‌وه‌شی ده‌بێت,چۆنی بوێت به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ بكات.واته‌ سه‌ربه‌ستیه‌كانی ژیانی له‌وێوه‌ ده‌ست پێده‌كات,كه‌ پیاو بۆی داناوه‌. لێره‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ناسنامه‌یه‌ی خۆی,وه‌ده‌ست بێنێته‌وه‌ ده‌بێ هه‌وڵی ئازادكردنی بوون‌وژیانی خۆی بدات,له‌ده‌ست پیاودا.به‌بێ رزگاربوون له‌و مولكیه‌ته‌ی كه‌ باسمان كرد,هه‌رگیز سه‌ربه‌ستیه‌كانی خود,ده‌سته‌به‌ر نابن.به‌بێ ژیانیش له‌ دۆخێكی سه‌ربه‌ستیدا,هه‌رگیز ناسنامه‌ی خود بینا ناكرێت.چونكه‌ شوناس‌و ناسنامه‌,ده‌ره‌نجامی ئازادی‌وسه‌ربه‌ستیه‌كانی مرۆڤه‌ له‌ ژیاندا.كاتێ‌ مرۆڤیش بوه‌ خاوه‌ن ناسنامه‌ی تایبه‌تی خۆی,ئیدی سنووره‌كانی بوون‌وژیانیشی له‌ده‌ست خۆیدایه‌.بۆیه‌ گوتاری هه‌ره‌ سه‌ره‌كی له‌و ده‌قه‌دا,كاركردن‌وگه‌رانه‌ به‌دوای ئه‌و ناسنامه‌ خودیه‌,كه‌دواجار بیناكردنی, ژن له‌ مرۆڤێكی بێ ماف‌وچه‌وساوه‌وبگره‌ كۆیله‌و ژێرده‌سته‌ش,ده‌باته‌ قۆناغی مرۆڤبوون به‌ هه‌موو تایبه‌تمه‌ندیه‌كانیه‌وه‌.بۆیه‌ شاعیر ئازادانه‌ ده‌ڵێ‌:_

له‌وه‌ته‌ی تۆم جێهێشتووه‌..
هه‌ست به‌ ئاسوده‌یی ده‌كه‌م..
له‌و كاته‌ی دڵم له‌ تۆسه‌نده‌وه‌..
خۆم‌وژیانم بیركه‌وته‌وه‌…
بێ خه‌مم…بێ ترسم له‌وشه‌كانت…
هه‌رچی ده‌لێی..هه‌رچی ده‌كه‌ی سه‌ربه‌رزم…

ئه‌گه‌رچی دابران‌وجێ هێشتن,وه‌ك حاله‌تێك هه‌میشه‌ مرۆڤ له‌ رووی كۆمه‌ڵایه‌تی‌وسۆزه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌,بارێكی سایكۆلۆژی قورس‌ورووبه‌رووی غه‌ریبی ده‌كه‌نه‌وه‌.به‌ده‌ربرینێكی تر كاتێ‌ مرۆڤ له‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی داده‌برێت به‌هه‌ر هۆیه‌كه‌وه‌ بێت,ئیدی تووشی خه‌فه‌ت‌وغه‌ریبیه‌كی گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌.بگره‌ ئه‌سته‌میشه‌ به‌رگه‌ی ئه‌‌و دابرانه‌ بگرێت. كه‌چی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌,له‌وكۆپڵه‌ شیعریه‌دا, شاعیربه‌خۆشننودیه‌وه‌,باسی ئه‌و دوركه‌وتنه‌وه‌یه‌‌و جێهێشتنه‌ ده‌كات.دیاره‌ شاعیر ده‌زانێت,هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی‌وخۆشه‌ویستی نێوان ژن‌وهه‌ردوو ره‌گه‌زی جیا,له‌ كۆمه‌لگه‌ی كورده‌واریدا سه‌ره‌نجامی به‌كۆیله‌بوونی ژن كۆتایی دێت.به‌ده‌ربرینێكی ترئازادیه‌كانی ژن وه‌ك مرۆڤ ,له‌وێوه‌ كۆتایی دێت كاتێ‌ له‌رووی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌,به‌ره‌گه‌زه‌كه‌ی جیا له‌خۆی كه‌ پیاوه‌, ئیدی ده‌بێته‌ موڵكی ئه‌و.لێره‌دا كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌نییه‌ كه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ دروست ده‌بێت له‌رووی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سایكۆلۆژیه‌وه‌,به‌ڵكو كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌,ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ نوێیه‌ سه‌ره‌تای به‌كۆیله‌بوونی ژن‌وزه‌وت كردنی ئازادیه‌كانیه‌تی.ئه‌مه‌ش درێژه‌ دانه‌ به‌و كلتووره‌ په‌تریاكیه‌ی, كه‌ ژن وه‌ك كاڵایه‌ك له‌خزمه‌ت پیاودا ده‌بینێت‌و هه‌موو ئازادیه‌كانی له‌وێوه‌ ده‌ست پێده‌كه‌ن, كه‌ پیاو بۆی دیار ده‌كات. به‌ده‌برینێكی تر ژن وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی چه‌وساوه‌,مه‌رگه‌ساته‌كانی له‌ یه‌كه‌م رۆژی چاوهه‌ڵێنانیه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات,كاتێ‌ به‌چه‌ندین گوتاری تابۆوحه‌رام جۆش ده‌درێت.كاتێكیش ده‌چێته‌ نێوته‌مه‌نێكی دیكه‌وه‌ ئیدی بوونی ئه‌و له‌ده‌ست خۆیدانییه‌,به‌ڵكو له‌ده‌ست كه‌ سانێكی دیكه‌یه‌.كاتێكیش ده‌یه‌وێت ئه‌و ژینگه‌ په‌روه‌رده‌یه‌ كه‌ خێزانه‌, جێبێڵێت بۆ ژینگه‌یه‌كی تركه‌ ئه‌ویش, په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوو ره‌گه‌زی جیاوازه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا,به‌مه‌به‌ستی ده‌رچوون له‌و زیندانه‌و بیناكردنی ناسنامه‌‌وگه‌یشتن به‌ ئازادی‌و سه‌ربه‌ستی,ئیدی نه‌ك هه‌ر به‌و سه‌ربه‌ستیه‌ ناگات,به‌ڵكو له‌ زیندانێكه‌وه‌ ده‌چێته‌ نێو زیندانێكی تر.شاعیر ده‌زانێت بۆ ئه‌وه‌ی بگات به‌و ئازادی‌وسه‌ربه‌ستیه‌ی خود,ده‌بێ ژینگه‌ی ئه‌و زیندانه‌ جێبێڵێت كه‌ پیاو بۆ ی دروست كردوه‌.به‌ده‌ربرینێكی تر شاعیر ده‌زانێ‌ گه‌یشتنی ژن به‌ ناسنامه‌ی خود‌وئازادیه‌كانی خۆی ,به‌بێ پچراندنی ئه‌و رایه‌له‌ به‌ پیاوه‌وه‌ مه‌حاڵه‌. بۆیه‌شه‌ ده‌بینین ئه‌و به‌و دابران‌و جێهێشتنه‌ نه‌ك هه‌ر خه‌فه‌تبار نییه‌,بگره‌ خۆشحاڵیشه‌. له‌راستیشدا بۆ مرۆڤ ئازادی گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌یه‌ له‌ ژیان.هه‌موو دنیا هی مرۆڤ بێت, كه‌ ئازادی نه‌بوو مانای وایه‌ هیچی نییه‌. به‌ڵام لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ,ئایا گه‌یشتن به‌و ئازادیه‌, ئاسانه‌؟ به‌ده‌ربرینێكی تر كاتێ‌ ژن له‌ كۆمه‌ڵگا په‌تریاكیه‌كان به‌گشتی‌وكۆمه‌لگای ئێمه‌ش به‌ تایبه‌تیدا,به‌گژ سته‌می پیاو سالاری ده‌چێته‌وه‌و شه‌ری ناسنامه‌ی خۆی ده‌كات‌وپشت ده‌كاته‌ كلتوورو ترادیسیۆنی خێڵه‌كیانه‌, ئایا رووبه‌رووی هیچ ئاسته‌نگێك نابێته‌وه‌؟بێگومان, ده‌كه‌وێته‌وه‌ به‌ر نه‌فره‌تی كۆمه‌ڵگا.به‌لام له‌ پێناو گه‌یشتن به‌و ناسنامه‌و ئازادیه‌ ده‌بێ‌ ئه‌و قوربانیه‌ بدات‌و وێرای ئه‌مه‌ باكیشی پێ نه‌بێت.هه‌روه‌ك شاعیر خۆشی ده‌ڵێ‌:_

بێ خه‌مم..
بێ ترسم له‌وشه‌كانت…
هه‌رچی ده‌ڵێی…
هه‌رچی ده‌كه‌ی هه‌ر سه‌ربه‌رزم…

لێره‌دا ده‌بێ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌ین,كه‌ یه‌كێك له‌ تێروانینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ هه‌ره‌دواكه‌وتوه‌كانی پیاو له‌ كۆمه‌ڵگای كوردیدا ئه‌وه‌یه‌, كه‌هه‌میشه‌ چه‌مكی ئازادی‌وسه‌ربه‌ستیه‌كانی ژن له‌به‌ره‌ڵاییدا ده‌بینێت.به‌ومانایه‌ی كاتێ‌ ژن هه‌وڵی ئازادیه‌كانی خۆی وه‌ك مرۆڤ ده‌دات,ئیدی له‌ تێروانینی پیاودا داوای ژیانێكی بێ مۆراڵ‌وسه‌ربه‌ست‌وبێ په‌یوه‌ست بوون ده‌كات.له‌راستیدا ئه‌مه‌ تێروانینی به‌ شێكی هه‌ره‌زۆری پیاوه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای كوردیدا,ته‌نانه‌ت به‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌ له‌ژێر ماسكی تێگه‌یشتن‌وروناكبیری‌ورۆشنبیریشه‌وه‌خۆیان مه‌ڵاس داوه‌‌و ده‌یانه‌وێت به‌وشوناسه‌وه‌ ژن چه‌واشه‌ بكه‌ن.!!له‌ كاتێكدا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌,ئازادیه‌كانی ژن ره‌هه‌ندێكی دیكه‌ی هه‌یه‌, كه‌ ئه‌ویش یه‌كسانیه‌ له‌ ئه‌رك‌ومافدا له‌گه‌ڵ پیاو.ئازادیه‌كانی ژن هه‌وڵێكه‌, بۆتێكشكاندنی ئه‌و دیدگا په‌تریاكیه‌ی پیاوكه‌هه‌میشه‌ لای وایه‌ ژن ئامێرێكه‌ له‌ خزمه‌ت ئه‌وداو ئه‌ركی ژن ته‌نهاخزمه‌تكردنی پیاوه‌.ئازادیه‌كانی ژن گه‌رانه‌ به‌دوای ناسنامه‌ی خۆیدا,سرینه‌وه‌ی ئه‌و دنیابینیه‌ی پیاوه‌ كه‌ هه‌میشه‌ ژن كورت‌و بچوك ده‌كاته‌وه‌ بۆ سێكس‌و تێركردنی غه‌ریزه‌كانی.لێره‌وه‌ش  ژن ناتوانێ‌ به‌و مافانه‌ی بگات, ئه‌گه‌ر ناسنامه‌ی خۆی نه‌بێت,ناشتوانێ‌ ناسنامه‌ی هه‌بێت,ئه‌گه‌ر شه‌ری لابردنی ئه‌و ته‌وق وزنجیره‌ نه‌كات كه‌ پیاوله‌ ملی كردوه‌‌و ئازادی به‌ ده‌ست نه‌هێنێت.ده‌نا مانای وانییه‌ كاتێ‌ ژن له‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا داوای ئازادی ده‌كات بۆ خۆی,ئیدی كاره‌سات ده‌خولقێت.به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و ده‌یه‌وێت دواجار شوناسی ئه‌و, شوناسی مرۆڤبێت به‌ ته‌نیا,نه‌ك شوناسێك له‌ سه‌ر دیدگای ره‌گه‌زی بونیاد بنرێت.چونكه‌ ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ژنمان كرد وه‌ك مرۆڤ,ئه‌وا چیمان بۆخۆمان ویست, ئه‌وه‌شمان بۆ ئه‌و ده‌وێت.
شاعیر له‌ شیعره‌كه‌یدا,ئه‌و په‌یامه‌ مرۆڤدۆستیه‌ ئاراسته‌ ده‌كات ,كه‌ پێویسته‌ مرۆڤ هه‌ڵگری بێت.به‌ده‌ربرینێكی تر بوونی مرۆڤ له‌ ژیانیدا,په‌یوه‌سته‌ به‌و ره‌هه‌نده‌ مرۆڤدۆستیه‌ی كه‌ له‌ ناخ‌وهزرو ده‌روونی دایه‌.به‌و مانایه‌ی له‌و روانگه‌ مرۆڤدۆستیه‌ بروانێته‌ ژیانی كه‌سانی تر.بۆیه‌ شه‌ كاتێ‌ مرۆڤ ده‌بێته‌ هه‌ڵگری ئه‌و دیدگایه‌,ئیدی دائه‌ماڵدرێت له‌و تێروانین‌وهه‌ستی خۆپه‌رستی‌ونه‌رجسیه‌ته‌ كه‌ له‌ ناخیدایه‌.هه‌ربۆیه‌شه‌ مانا‌وبوونی مرۆڤانه‌ی مرۆڤ په‌یوه‌سته‌ به‌و خه‌سڵه‌ته‌ مرۆڤدۆستیانه‌وه‌ك, خۆشه‌ویستی‌ومیهره‌بانی‌وته‌ماشاكردنی مرۆڤ وه‌ك خۆی.بۆیه‌ شاعیر مرۆڤ ده‌خاته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیاریه‌تێكی گه‌وره‌ له‌رووی كۆمه‌ڵایه‌تی.به‌وه‌ی چۆن ده‌توانێ‌ ده‌ستی بچێته‌ تاوان‌وشه‌رانگێزیه‌ت‌وخوێن رشتنی كه‌سانی تر.بۆیه‌ شاعیر به‌هه‌ستێكی سه‌ر سامییه‌وه‌ ده‌پرسێ:_

كه‌سێك مرۆڤ بێ..
چۆن ده‌توانێ‌..
گول َهه‌ڵبوه‌رێنێ‌!!؟

شاعیر لێره‌دا,ئاماژه‌ بۆ یه‌كێ‌ له‌ دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی نێوكۆمه‌ڵگای ئێمه‌ ده‌كات,كه‌تاراده‌یه‌كی زۆر بوه‌ به‌ كلتوورێك, كه‌ ئه‌ویش دیارده‌ی كوشتنی ژنه‌,به‌ هه‌رپاساوێكه‌وه‌بێت.شاعیر جه‌سته‌ی ژن به‌ گوڵ ده‌چوێنێت.به‌و مانایه‌ی گوڵ خاسیه‌تی جوانی‌وناسكی‌وبۆنخۆشی هه‌یه‌.ئیدی له‌ دیدی شاعیردا ژن ئه‌و گوڵه‌یه‌, كه‌ چۆن ده‌بێت,هه‌ڵبوه‌رێندرێت.وێرای ئه‌مه‌ش گوڵ وه‌ك دره‌ختێكی سروشتی هه‌میشه‌ سیفه‌تی جوانكاری به‌ ژیان ده‌دات به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی.ئێمه‌ كاتیچ له‌ شوێنگه‌و ژینگه‌یه‌ك ده‌ژین,كه‌ رازاوه‌ته‌وه‌ به‌گوڵ,چه‌ند له‌ رووی ده‌روونیه‌وه‌ هه‌ست به‌ ئاسوده‌یی ده‌كه‌ین.جگه‌ له‌وه‌ی هێزێكی سیحریانه‌ی جوانیش به‌و شوێنه‌ ده‌دات.بۆیه‌ ئه‌گه‌ر گوڵ له‌رووی سروشتی سمبول بێت بۆ جوانكردنی ژیان,ئه‌وا ژنیش له‌ رووی ده‌روونیه‌وه‌ سیمبولێكه‌ بۆ جوانتركردنی ژیانی پیاو.ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ك له‌ لایه‌كی تره‌وه‌,وه‌ك باسمان كرد,هه‌موو ماهیه‌تی مرۆڤ له‌و خاسیه‌ته‌ مرۆڤدۆستانه‌ی دایه‌ كه‌ هه‌ڵگریه‌تی,به‌ومانایه‌ی ده‌بێت خۆشه‌ویستی‌وسۆزومیهره‌بانی هه‌بێت له‌ ژیاندا.كاتێ‌ مرۆڤێكیش بوه‌ هه‌ڵًگری ئه‌‌و خاسیه‌تانه‌  ئیدی به‌ دڵنیایه‌وه‌,ژیاندۆستانه‌و مرۆڤدۆستانه‌ ده‌ژیت‌وئازاری ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی نادات.بۆیه‌ په‌یامی شاعیر هوشیاركردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌ له‌وه‌ی دیدگایه‌كی مرۆڤدۆستانه‌ی هه‌بێت,بگره‌ بۆ مرۆڤ‌وته‌نانه‌ت سروشتیش.

بێگومان وه‌ك باسمان كرد,گوتاری ئه‌و شیعره‌ گه‌رانه‌ به‌دوای ناسنامه‌.ناسنامه‌ وه‌ك شوناسێك كه‌ ده‌بێته‌ سمبولێك بۆ بوونی مرۆڤ,به‌هه‌ردوو ره‌گه‌زی جیاوازه‌وه‌.لێره‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی ژن بگاته‌ ئه‌و ناسنامه‌یه‌,ده‌بێ قوربانی بدات‌وبه‌گژ سته‌م‌وكلتووری په‌تریاكیانه‌ دابچێته‌وه‌.ده‌بێ‌ كار بكات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دیدگا مرۆڤدۆستیه‌ له‌ دنیابینی پیاودا بینا بكات, كه‌ ژنیش هاوتای پیاوه‌.وه‌ك ئه‌ویش مرۆڤه‌.به‌ڵام به‌ ته‌نیا لێره‌دا ئه‌و ناسنامه‌یه‌ گرنگ نییه‌. به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ئازایه‌تی نیشاندانی ئه‌و ناسنامه‌یه‌ش گرنگه‌.به‌ده‌ربرینێكی تر ده‌بێ بوونی خۆی له‌ ژیان بسه‌لمێنێت.تاكو ئه‌و دنیابینیه‌ی پیاو تێكبشكێنێ,كه‌ پێی وایه‌ ژن لاواز‌وبێ ده‌سه‌ڵاته‌و به‌ ته‌ نیا ناتوانێ‌ هیچ بكات,ئه‌گه‌ر پیاو له‌ پشتیه‌وه‌ نه‌بێت.له‌كاتێكدا ژن خۆشی ده‌توانێ‌ ئه‌و بوونایه‌تیه‌ی خۆی بسه‌لمێنێت.هه‌روه‌ك شاعیر ده‌ڵێ:_
كه‌ سایه‌تی‌وبه‌رزی سه‌رم…
له‌ئازادی‌وئاره‌زووی ژیانم دایه‌…
ناوی من…
ده‌نگی من..
روح‌وهه‌ناسه‌ی گه‌رمی من…
له‌ده‌ستی ئازادی‌وجورئه‌تی چاوه‌كانم دایه‌…

ئه‌مه‌ش وه‌ڵامه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێیان وایه‌.ژن وه‌ك بوونه‌وه‌رێك لااوازه‌وشوناسی ئه‌و له‌ شوناسی پیاودایه‌‌و, ناتوانێت هاوشێوه‌وهاوتای پیاو بێت له‌ ژیاندا. له‌ كۆتاییدا ده‌مه‌وێ‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م, كه‌ ئه‌وه‌ندی وه‌ك خوێنه‌رێك تێبینم كردبێت,هه‌ست ده‌كه‌م ,باریكان وه‌ك شاعیرێك جورئه‌تێكی جوانی هه‌یه‌ له‌نووسین. ئه‌مه‌ش ئه‌و خاڵه‌یه‌ كه‌نووسینی ژن جیاده‌كاته‌وه‌ له‌ پیاو.چونكه‌ كه‌م نین ئه‌و نووسه‌ره‌ ژنانه‌ی له‌ نێوه‌نده‌كه‌دا به‌ هه‌ناسه‌ی پیاو ده‌نووسن….

تێبینی/ تۆكێی؟شیعرێكی شاعیر باریكان ئیسماعیله‌, له‌ ژماره‌(945)رۆژی 27/7/2011 هه‌فته‌نامه‌ی رێگای كوردستان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌….

*سه‌دیق سه‌عید رواندزی*

Previous
Next