
ئایدیۆلۆجی ئه‌نارکیزم
ئه‌نارکیزم ڕه‌وتێکی دیاریکراوی هزرییە له هزری کۆمه‌ڵایه‌تییدا، که په‌یڕه‌وانی خوازیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی چه‌پاوڵگه‌رییه (monopolies) ئابوورییه‌کان و له‌ناوبردنی گشت ده‌زگه ڕامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تییه سه‌رکوتگه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ن. له‌بری سیسته‌می ئابووریی سه‌رمایه‌داری، ئه‌نارکیسته‌کان خوازیاری کۆمه‌ڵه ئازاده‌کانی گشت هێزه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ن، له‌سه‌ر بنه‌مای کاری هه‌ره‌وه‌زی، که تاکه ئامانجیان، دابینکردنی پێداویستییه‌کانی هه‌موو ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگه‌یه. ئه‌وان له‌بری ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه هه‌نووکه‌ییه‌کان و دەزگە ڕامیارییە دابڕاو و بیرۆکراتیكه‌کانیان، خوازیاری فیدراسیۆنی کۆمیونیتییە ئازاده‌کانن، که له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌رژه‌وه‌ندێتی ئابووریی و کۆمه‌ڵایه‌تییان پێکه‌وه په‌یوه‌ستن و به هاریکاری بەرامبەرانە و ڕێکه‌وتنی ئازادانه، کاروباره‌کانیان جێبه‌جێ دەکه‌ن.
هه‌ر که‌سێك بە وردبینیییەوە له گه‌شه‌ی ئابووریی و ڕامیاریی سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌نووکه‌یی بکۆڵێته‌وه، بۆی ده‌رده‌که‌وێت که ئه‌م ئامانجانه له بیرۆکەی یوتۆپیایی کەمایەتییەکی خەیاڵپەروەرەوە سه‌رچاوه ناگرن، به‌ڵکو سه‌ره‌نجامی لوجیکییانه‌ی توێژینه‌وه‌ی قوڵی ناڕێکییه کۆمڵایه‌تییه جێکه‌وته‌کانن، که له‌ته‌ك هه‌ر قۆناخێکی تازه‌ی بارودۆخی کۆمه‌ڵایه‌تیی هەنووکەییدا، خۆیان به شێوه‌یه‌کی ئاشکراتر و زیانمەندتر دەخەنەڕوو. سه‌رمایه‌داری چه‌پاوڵگه‌رانەی هاوچه‌رخ و ده‌وڵه‌ته سه‌رتاپاگیره‌کان، ته‌نیا دواقۆناخی په‌ره‌سه‌ندنێکن، که به ناچاریی بە لووتکه‌ی دەگات و دەرباز و کۆتاییه‌کی دیکەی نابێت.
په‌ره‌سه‌ندنی نه‌هامه‌تباری سیسته‌می ئابووریی هه‌نوووکه‌یی، که بووه‌ته هۆی که‌ڵه‌که‌کردنی تەواوی سامانی کۆمه‌ڵایه‌تی له ده‌ستی که‌مایه‌تیکی به‌رته‌ر و سه‌رکوتی به‌رده‌وامی جه‌ماوه‌ری به‌رینی خه‌ڵك، بواری بۆ کاردانه‌وه‌ی ڕامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌نووکه‌یی ڕه‌خساندووه و ته‌نانه‌ت له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه بووه‌ته هاوه‌ڵدوانه‌ی. سیسته‌می هه‌نووکه‌یی، به‌رژه‌وه‌ندی زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی، کردۆته قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی چه‌ند که‌سێك و سه‌ره‌نجام به‌شێوه‌یه‌کی سیستیماتیك، په‌یوه‌ندی ڕاستینه‌ی نێوان مرۆڤه‌کانی له‌نێو بردووه. خه‌ڵکی ئەوەی له بیری کردووه، که پیشه‌سازی بۆخۆی ئامانج نییه، به‌ڵکو ده‌بێت ته‌نیا ئامرازێك بێت بۆ دابینکردنی ژیانی مرۆڤ و که‌ره‌سته پێویستەکان و ده‌سه‌به‌رکردنی هه‌لی به‌هره‌مه‌ندبوون له ڕۆشنبیرییه‌کی باڵاتری کولتووری. له هه‌ر کوێ پیشه‌سازی ببێته هه‌موو شتێك، له‌وێنده‌رێ کار گرنگی ئاکاریی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات و مرۆڤ ده‌بێته هیچ، لێره‌وه ڕێڕه‌وی سه‌رکوتگه‌رانه‌ی ئابووریی ده‌ست پێده‌کات، که نه‌هامه‌تباریی شێوازه‌کانی کارکردن هیچیان له سه‌رکوتگه‌ریی ڕامیاریی که‌متر نابێت. له‌ڕاستیدا سه‌رکوتی ڕامیاریی و ئابووریی، هه‌ردووك به‌شێوه‌یه‌کی هاوتا ته‌واوکه‌ری یه‌کدین و له یه‌ك سه‌رچه‌شمه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێن.
سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی هاوچەرخ، له ناوه‌وه‌ڕا، ڕێکخستنی کۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌ر وڵاتێكی به‌سه‌ر چینی دژبه‌یه‌کدا دابه‌شاندووه و له ده‌ره‌وه‌ش ڕا، بازنه هاوبه‌شه ڕۆشنبیرییه‌کانی، له نه‌ته‌وه دژبه‌یه‌که‌کاندا تێكشکاندووه؛ هه‌ردووك، چینه‌کان و نه‌ته‌وه‌کان، له دوژمنایەتییەکی بێکۆتاییدا ڕووبەڕووی یه‌کدی ده‌بنەوە و به‌هۆی جه‌نگه بەردەوامەکانیانەوە ژیانی کۆمه‌ڵایەتییان لە بارگرژیی به‌رده‌وامدا ڕاگرتووه. دوو جه‌نگی جیهانی له نیو سه‌ده‌دا و شوێنەوارە ترسناکه‌کانیان و مه‌ترسی بەردەوامی هه‌رساته ڕوودانی جه‌نگه تازه‌کان، که ئه‌وڕۆکه باڵی به‌سه‌ر هه‌موو گه‌لاندا کێشاوە، ته‌نیا سه‌ره‌نجامی لۆجیکیانه‌ی وه‌ها بارودۆخێکی له توانابه‌ده‌رن، که بۆی هەیە ببێتە هۆی نه‌هامه‌تیی زیاتری جیهانی. هۆکاری ئاشکرای ئه‌وه‌یە، که ئه‌وڕکه زۆربه‌ی ده‌وڵه‌ته‌کان وابەستەەن، به‌شێکی زۆر له داهاتی ساڵانه‌ی بەرهەمی کۆمەلایەتی بۆ به‌ناو پارێزگاری نه‌ته‌وه‌یی و دانه‌وه‌ی قه‌رزی جه‌نگه‌کانی پێشووتر بخه‌نه‌لاوه، ئەمە سه‌لمێنه‌ری ناله‌باری و چاره‌هه‌ڵنه‌گری بارودۆخی ئه‌وڕۆکه‌ییه؛ پێویستە بۆ هه‌ر که‌سێك ڕوون بێت، ئاساییشێك که ده‌وڵه‌ت پاگه‌نده‌ی دابینکردنی بۆ تاکه‌کان ده‌کات، خه‌رجی له سوودی زیاتره.
ده‌سه‌ڵاتی گەشەسێنی دابڕاوی بیرۆکراسی ڕامیاریی، کە له‌لانکه‌وه تا گۆڕ ژیانی مرۆڤ، چاودێری و سه‌رپه‌رستی ده‌کات، ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێگری زیاتر له‌سه‌ر ڕێی هاریکاری نێوان مرۆڤەکان دروست ده‌کات. سیسته‌مێك که له هه‌ر کارکردێکیدا خۆشگوزەرانی به‌شێکی زۆری خه‌ڵك و تەنانەت نه‌ته‌وه‌کان به قوربانی هه‌وه‌سی خۆپه‌رستیی له‌پێناو ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندی ئابووریی که‌مایه‌تییه‌کی بچووك ده‌کات و به‌پێی پێداویستی ده‌بێته هۆی تێكدانی په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایتییه‌کان و هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگی هه‌ر که‌س و لایەك دژی هه‌مووان. ئه‌م سیسته‌مه ته‌نیا ڕێکخەری (نەزمبەخشی) ده‌سته‌بژێرانی دیار و کاردانەوەی کۆمەڵایەتییە، که ئه‌وڕۆکه به‌رجه‌سته‌بوونی ته‌واوه‌تی له فاشیزمی نوێ و ده‌وڵه‌تی سه‌راپاگیردا ده‌رده‌که‌وێت. زۆر له ده‌سه‌ڵاتخوازی پاشایه‌تی بێچه‌ندوچوونی سه‌ده‌کانی رابوردوو تێپەڕیکردووە و هەوڵ دەدات هه‌موو چالاکییه مرۆییه‌کان بخاتە ژێر ڕکێفی ده‌وڵه‌تەوە. ” هەموو شتێك بۆ ده‌وڵه‌ت؛ هەموو شتێك له ڕێی ده‌وڵه‌ته‌وه؛ هیج شتێك بەبێ ده‌وڵه‌ت نابێت!” تیئۆلۆگی (اللاهوتی) بووه‌ته بیرۆکەی دووبارەبووی ڕامیاریی نوێ، که جیاوازی سیستەمەکەی له‌ته‌ك تیئۆلۆگی (اللاهوتیة) کلیساییدا ”خوا هه‌موو شتێكە و مرۆڤ هیچ”، لە باوەڕی ڕامیاریی نوێ‌دا دەکاتە ”ده‌وڵه‌ت هه‌موو شتێکه و هاووڵاتی هیچ” نییە. به هه‌مان شێوه، کە ده‌ربڕینی “ویستی خوا” بۆ ڕه‌وایه‌تیدان به ویستی (ئیرادەی) چینە بەرتەرەکان بەکار دەبرا، هەرواش ئه‌وڕۆکه‌ش له‌پشت په‌رده‌ی ”ویستی ده‌وڵه‌ت”ه‌وه، ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندی خۆپه‌رستانه‌ی ئه‌وانه شاردراوه‌ته‌وه، کە خۆیان ڕاسپیردراو دەبینن، ئەم ویستە بە تێگەیشتنی خۆیان لێکبدەنەوە و به‌سه‌ر خه‌ڵکدا بیسەپێنن.
له ئه‌نارکیزمی هاوچه‌رخدا، دوو ڕه‌وتی گه‌وره به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، که لە پێش و له ده‌می شۆڕشی فه‌ره‌نسه‌دا، ئاوا دەربڕینێکی بەرجەستەی لە ژیانی ڕۆشنبیریی ئەوروپادا هەبوون : سۆشیالیزم و لیبرالیزم. سۆشیالیزمی هاوچه‌رخ کاتێك گەشەی کرد، که چاودێرانی وردبینی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی به دڵنیاییەکی زۆره‌وه بۆیان ده‌رکه‌وت، که دەستوورە ڕامیارییەکان و گۆڕینی شێوەکانی میرایەتی (حکومه‌ت) هیچ کات ناتوانن ڕیشه‌ی گرفتە گه‌وره‌که، کە به ”پرسی کۆمه‌ڵایه‌تی” ناوی ده‌به‌ین، چاره‌سه‌ر بکەن. لایەنگرانی به‌م سه‌ره‌نجامه گه‌یشتن، که یەکسانی کۆمەلایەتیی و باری ئابووریی لە بەرژەوەندی هەمووان لە توانادا نییە، تا کاتێك کە خه‌ڵك له‌سه‌ر بنچینه‌ی دارابوون و دارانەبوونی خاوەندارێتی به‌سه‌ر چینه‌کاندا دابه‌ش بووبن، چینگەلێك کە لەئارادابوونیان پێشوەخت هەر بیرۆکەیەکی کۆمەڵگەی کەتواریی دوور دەخاتەوە. به‌م جۆره ئەو بڕوایە گەشە دەکات، که ته‌نیا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی چەپاوڵگەرییە ئابوورییه‌کان و دامەزراندنی خاوه‌ندارێتی هاوبه‌شی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان، مەرجی لەتوانادابوونی هاتنەدی دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تییە، تەنیا بەو مەرجە کۆمه‌ڵگه، دەبێتە کۆمەڵگه‌یه‌کی ڕاستینه و ئامانج لە کاری مرۆڤ، به‌هره‌کێشی نایێت، به‌ڵکو لەپێناو به‌خته‌وه‌ری هه‌موواندا ده‌بێت. به‌ڵام هه‌ر کە سۆسیالیزم دەستی بە کۆکردنه‌وه‌ی هێزه‌کانی کرد و بوو بە بزاڤێك، بە هۆی کارایی هەلومەرجی کۆمەڵایەتییەوە لە وڵاتانی جۆراوجۆردا، له پڕ هەندێك جیاوازی له تێڕوانیندا ده‌رکه‌وتن. ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه، که هه‌موو چەمکە ڕامیارییەکان، له تیئۆکراسییەوە (فەرمانڕەوایی ئایینی-theocracy) تا ئیمپراتۆری و دیکتاتۆری، کارایی‌یان له‌سه‌ر به‌شگه‌لێکی دیاریکراوی بزاڤی سۆشیالیستی داناوە.
لە هەمان کاتدا، دوو ڕه‌وتی گه‌وره‌ی دیکە لە هزری ڕامیارییدا، کارایی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یان له‌سه‌ر په‌ره‌سه‌ندنی بۆچوونه سۆشیالیستییه‌کان دانا: لیبرالیزم، بە توندی هۆشمەندانی پێشکەوتووی وڵاتانی ئه‌نگلۆساکسۆن، به‌تایبه‌تی هۆڵه‌نده و ئیسپانیا و چەمکی دێمۆکراسی هەژان، ئەوەی که ڕۆسۆ له ”ڕێکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تی”ی‌دا ده‌ری بڕیبوو و هەروا کارایی بەرچاوی لەسەر نوێنەرانی لەنێو ڕابەرانی ژاکوبینگه‌ری فه‌ره‌نسه‌دا دانابوو. لە کاتیكدا کە لیبرالیزم له تیئۆرییە کۆمەڵایەتییەکانیدا لە تاکه‌وه ده‌ستی پێده‌کرد و هیواداربوو، کە ڕادەی کاکردەکانی ده‌وڵه‌ت تا کەمترین ڕادە سنووردار بکات، لە بەرامبەردا دێمۆکراسی له‌سەر چەمکێکی ئەبستراکتی کۆمەڵگەرایانە پێداگری کرد، ویستی گشتی ”general will”ی ڕۆسۆ، کە هەوڵی دەدا له ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌دا پیادەی بکات. لیبرالیزم و دێمۆکراسی چه‌مکی به‌رجه‌سته‌ی ڕامیاریی بوون، به‌ڵام له‌وێوه که لایه‌نگرانی سه‌ره‌کی هەردووك زۆر به‌که‌می پرسه ئابوورییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یان لەبەرچاو دەگرت، په‌ره‌سه‌ندنی فرەتری ئەو بارودۆخە، به‌کرده‌وه نەیدەتوانی لەتەك بنه‌ما سه‌ره‌تاییه‌کانی دێمۆکراسی بگونجێت و هەروا کەمتر لەتەك ئەوانەی لیبرالیزمدا دەهاتەوە. دێمۆکراسی بە دروشمی ”یه‌کسانی هه‌موو هاووڵاتیان له‌به‌رده‌م یاسا” و لیبرالیزم، بە دروشمی ”مافی مرۆڤ به‌سه‌ر خۆدا بوون”، هه‌دووكیان لە که‌توارییه‌کانی ئابووری سه‌رمایه‌داریدا شکستیان خوارد. تا کاتێك که میلیۆنان مرۆڤ له هه‌ر وڵاتێک‌دا ناچارن، کاری خۆیان به که‌مایه‌تییه‌که‌ی که‌می دارا‌کان بفرۆشن و ئه‌گه‌ر کڕیارێك به‌ده‌ستنه‌هێنن، تووشی خراپترین نه‌هامه‌تی ده‌بن، ئەوەی پێی دەوترێت “یه‌کسانی هەمووان له‌به‌ردەم یاسا”، هه‌ر لەو کاتەوەی کە یاساکان لەلایەن ئه‌وانەوە ده‌نووسرێنەوە، که خۆیان بە خاوه‌نی سامانی کۆمه‌ڵایه‌تی دەزانن، تەنیا فێڵێكە لەوانەی کە بڕوایان پێی هەیە. به‌ڵام هەروا لە هەمان ڕێوە، ناتوانرێت قسه له “مافی تاك بەسەر خۆیدا” بکرێت، ئەو مافە لەوێدا کۆتایی دێت، کاتێك کە کەسێك بۆ ئەوەی نەمرێت، ناچار بێت خۆی بخاتە ژێر ڕکێفی ئابووریی که‌سێکی دیکەوە.
لە خاڵی ناوکۆیی لەتەك لیبرالیزمدا، ئه‌نارکیزم نوێنەرایەتی بۆچوونی ”کامه‌رانی و خۆشگوزاری تاك دەبێت له گشت پرسە کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا پێوه‌ر بێت” دەکات. هه‌روه‌ها، وه‌ك خاڵی ناوکۆیی لەتەك نوێنەرایەتی فراوانی تێڕوانینی لیبرالی، ئەنارکیزم هەمان بۆچوونی ”که‌مکردنه‌وه‌ی ڕۆڵ و کارکردەکانی میرایەتی، تا کەمترین ئاست”ی هه‌یه. لایەنگرانی تا ئەوپەڕی ڕادە پەیگیرییان لەسەر ئەم بیرۆکەیە کردووە و خوازیاری لەنێوبردنی هەموو دامودەزگەکانی دەسەڵاتی ڕامیاریی له ژیانی کۆمه‌ڵایەتیدا بوون. کاتێك جێفرسۆن [Jefferson ] چەمکی بناخه‌یی لیبرالیزمی به‌م شێوه‌یه ده‌رده‌بڕێت ” باشترین میرایەتی ئه‌وه‌یه، که که‌مترین فه‌رمانڕه‌وایی هەبێت ”. لای ئه‌نارکیستەکانیش وەك سۆرۆ (Thoreau) ده‌ڵێت : “ باشترین میرایەتی ئەوەیە، که له بنه‌ڕه‌ته‌وه هیچ فه‌رمانروایی ناکات”.
وەك خاڵی ناوکۆیی لەتەك بنیاتنەرانی سۆشیالیزم‌دا، ئه‌نارکیسته‌کان خوازیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گشت فۆرم و شێوه‌کانی پاوانگه‌ری ئابووریین و پێداگری لەسەر خاوه‌ندارێتی هاوبه‌شی زه‌مین و گشت ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان ده‌کەن، به‌جۆرێك که سوودوه‌رگرتن لێیان، به‌بێ هه‌ڵاواردن، بۆ هه‌مووان لوا‌و بێت؛ لەوێوە کە ئازادی کەسیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی، ته‌نیا له‌سه‌ر بناخەی هه‌لومه‌رجی یه‌کسانی ئابووریی بۆ هه‌مووان دەتوانرێت ده‌سه‌به‌ر بکرێت. له‌نێو خودی بزاڤی سۆشیالیستیشدا، ئه‌نارکیسته‌کان نوێنەرایەتی ئەو ڕوانگه‌یە دەکەن، که خه‌بات دژی سه‌رمایه‌داری، لە هەمانکاتدا ده‌بێت خه‌بات بێت دژ بە گشت ده‌زگه سه‌رکوتگه‌رییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیارییش، چونکە به درێژایی مێژوو، به‌هره‌کێشی ئابووریی، هه‌رده‌م شان بە شانی چه‌وسانه‌وه‌ی ڕامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تی بووه. به‌هره‌کێشیی مرۆڤ لە مرۆڤ و زاڵبوونی (domination) مرۆڤ به‌سه‌ر مرۆڤدا، هاوەڵدوانەن و هەریەکەیان مه‌رجی مانه‌وه‌ی ئەوی دیکەیانە.
تا کاتێك لەنێو کۆمه‌ڵگه‌دا دوو دەستەی دژبەیەکی دارا و نه‌دار لە ڕووبەڕووبوونەدا بن، ده‌وڵه‌ت وەك ئامرازی پارێزگارییکردن لە بەرتەرییەکانی که‌مایه‌تی دارا، پێویستییەکی بێچەندوچوون دەبێت، تاوەکو بتوانێت پارێزگاریی لە خاوەنداییەتەکەی خۆی بکات. کاتێك ئه‌و باره نادادوەرانە کۆمه‌ڵایه‌تییه نامێنێت و نه‌زمی باشتری بەڕێوەبەرایەتی شتەکان جێی دەگرێتەوە، لەوێدا هیچ مافێکی تایبه‌ت به فه‌رمی ناناسرێت و تەنیا ئامانجی سەرەکیی بەرژوەندی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە دەبێت، دەبێت به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کاروباری ئابورریی و کۆمه‌ڵایه‌تیی جێگەی فه‌رمانڕه‌وایی سەرووخەڵکیی بگرێتەوە، یا وەك سانت سیمۆن (Saint Simon) دەڵێت ”ڕۆژگارێك دێت، کاتێك کە هونه‌ری فه‌رمانڕه‌واییکردن بەسەر مرۆڤدا ئاسەواری نامێنێت، هونه‌رێکی نوێ جێگه‌ی ده‌گریته‌وه، هونه‌ری به‌رێوه‌به‌بردنی شتەکان”. لەم ڕووەوە، ده‌توانرێت ئه‌نارکیزم به جۆرێك له سۆشیالیزمی خۆبه‌خشانه (voluntary Socialism) دابنرێت.
ئه‌مە ئەو تیئۆرییه‌ش دەگرێتەوە کە لەلایەن کارل مارکس و په‌یڕه‌وانییەوە داڕێژراوە، ئەوەی که ده‌وڵه‌ت، له شێوه‌ی دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا‌دا، قۆناخێکی پێویستی [بێچەندوچوونی] گواستنه‌وه‌یه بەرەو کۆمه‌ڵگەی بێ‌چین، کە تێیدا ئه‌و ده‌وڵه‌ته، پاش کۆتاییهاتن بە ململانێ چینایه‌تییەکان و له‌ناوچوونی خودی چینه‌کان، بەخۆی خۆی هه‌ڵده‌وه‌شینێته‌وه و له‌سه‌ر تابلۆکان ون ده‌بێت. ئه‌م چەمکه، له‌مه‌ڕ سروشتی کەتواریی ده‌وڵه‌ت و گرنگیی لە مێژووی هۆکارەکانی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریدا، بەتەواوی بە هه‌ڵه‌دا چووە، بەتەنیا سەرەنجامی لۆجیکیانەی ئەوەیە، کە بە ماتریالیزمی ئابووریی ناودەبرێت، کە لە هەموو دیاردە مێژوویەکاندا، تەنیا کارایی بێچەندوچوون (بێگەڕانەوە)ی شێوازەکانی بەرهمهێنانی ئەو ساتە دەبینێت. لەژێر کارایی ئەم تیئۆریەدا خەڵكی وەك ”سەرخانێکی بێوێنەی دادوەرانە و ڕامیارانەی ژێرخانی ئابووری”، گشت جۆرە جیاوازەکانی ده‌وڵه‌ت و شێوه‌کانی دیکەی ده‌زگه‌کۆمه‌ڵایەتییەکانی لەبەرچاو گرت. له ڕاستیدا هه‌ر به‌شێك له مێژوو هه‌زاران نموونه‌ی ئەو ڕێگەیانەمان بۆ دەخاتە ڕوو، که تیایاندا گەشەکردنی ئابووریی وڵاتان بە هۆی دەوڵەت و ڕامیاریی دەسەڵاتەکەیەوە، چەندین سەدە دواکەوتووە.
بەر لە سه‌رهه‌ڵدانی پاشایه‌تیی کلیسایی، ئیسپانیا، پێشکه‌وتووترین وڵاتی ئەوروپایی بوو و له زۆربه‌ی بواره‌کانی به‌رهه‌مهێنانی ئابوورییدا، لە پله‌ی یه‌که‌مدا بوو. به‌ڵام پاش تێپەڕبوونی سه‌ده‌یه‌ك بەسەر سه‌رکەوتنی پاشایه‌تی مه‌سیحییدا، زۆربه‌ی پیشه‌سازییه‌کانی تەفروتونا بوون؛ ئه‌وی کە مابووه‌وه، له خراپترین باردا بوو. له زۆربه‌ی پیشەسازییه‌کاندا، گه‌ڕابوونه‌وه سه‌ر شێوازه سەرەتاییەکانی به‌رهه‌مهێنان. کشتوکاڵ له‌ناو چوو، کاناڵه‌کان و جۆگه‌کان وێران بوون و ناوچه‌گه‌لێكی زۆر له وڵات بووبوونه بیابان. سەرکوتگەریی خانزادان له ئەوروپا، به ”فەرمانە ئابوورییە” گەللایی (ئەحمەقانە)ەکانی و ”یاسادانانی پیشەسازی”ی، که بچووکترین لادانی له شێوه پێشتر دیاریکراوه‌کانی به‌رهه‌مهێناندا به تووندی سزا ده‌دا و مۆڵه‌تی هیچ داهێنان و پێشخستێکی نەده‌دا، بۆ ماوەی چه‌ندین سه‌ده له وڵاتانی ئەوروپایی به‌ری به پێشکه‌وتنی پیشه‌سازیی گرتبوو و بووبووە ڕێگری گەشەی سروشتییانەی. ته‌نانه‌ت هەنووکەش پاش ئه‌زموونی ترسناکی دوو جه‌نگی جیهانی، ڕامیاریی دەسەڵاتی دەوڵەتە نەتەوەیییە گەورەکان جێگیر دەبێت و دەبێتە گه‌وره‌ترین ڕێگری بەردەم نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی ئابووری ئەوروپا.
له ڕوسیا، سەرەڕای ئەوەی که دیکتاتۆری به‌ناو پرۆلیتاریا که‌تواریی بووه‌ته‌وە، ئامانجە تایبەتەکانی پارت به‌ری به‌هه‌ر جۆره ڕێکخستنه‌وه‌یه‌کی نوێی ڕاستینەی سۆشیالیستیی ژیانی ئابووریی گرتووه و وڵاتی ناچار بەکۆیلایەتی سه‌رمایه‌داری-دوڵه‌تی کردووە. دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا، که سادە بڕواکان پێیانوابوو قۆناخێکی ناچاریی گواستنەوەیە بەرەو به سۆشیالیزمی ڕاسته‌قینه، ئه‌وڕۆکه وەرگۆڕاوە بۆ سه‌رکوتێکی ترسناك و ئیمپریالیزمێکی نوێ، که لە هیچ شتێکدا لەتەك دەوڵە فاشیستەکاندا جیاوازی نییە. پاگه‌نده‌ی ئەوە، تا کاتێك که کۆمه‌ڵگه هێشتا به‌سه‌ر چینی دژبەیەکدا دابه‌ش بووبێت، هەر دەبێت دەوڵەت درێژەی هەبێت، له‌به‌ر ڕۆشنایی گشت ئه‌زموونه مێژوویه‌کاندا، لە نوکته‌یه‌کی بێتام بەولاوەتر نییه.
هه‌موو جۆرێك له ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی، بۆ پاراستنی ئەوەی کە لەپێناویدا سەریهەڵداوە، جۆرێکی تایبه‌ت له کۆیله‌تی مرۆڤ دەسەپێنێت. دەوڵەت بەڕووی دەرەوەدا، بەو جۆرەی کە دەرکەوێت، له په‌یوه‌ند به دەوڵەتانی دیکە، بۆ ڕەوایەتیدان بەبوونی خۆی، جۆره دوژمنایه‌تییه‌کی ده‌ستکرد دروست دەکات، هه‌روا له ناوه‌وه‌ش ڕا، وەك مەرجی سەرەکی مانەوەی، کۆمەڵگە بەسەر هۆز و توێژ و چینه‌کاندا دابەش دەکات. گه‌شه‌ی بیرۆکراسی بۆلشه‌ڤیکی له ڕوسیا، له‌ژێر نێوی دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا – که هیچ کات، بێجگه له دیکتاتۆری تاقمێکی بچووك به‌سه‌ر پرۆلیتاریا و ته‌واوی خەڵکی ڕوسیادا، شتێکی دیکە نه‌بووه- تەنیا نموونه‌یه‌کی تازەیە له ئه‌زموونه کۆنە مێژووییه‌کان، که بێئەژمار هه‌موو جارێك خۆی دووباره کردووه‌ته‌وه. ئەم چینە سه‌روه‌رە تازەیە، که تاکو ئه‌وڕۆکه به خێرایی به‌ره‌و ئاریستۆکراسییەکی نوێ گەشە دەکات، به هه‌مان ڕۆشنی، که چین و توێژە بەرتەرەکان لە وڵاتانی دیکە له جەماوەری خه‌ڵك جیان، له جەماوەری جوتیاران و کرێکارانی ڕوسیه جیا بووەته‌وه. ئه‌م باره هێشتاکە تواناپروکینتر ده‌بێت، کاتێك که دەوڵەتی سه‌رکوتگه‌ر، مافی سکاڵاکردنی چینه‌کانی خواره‌وه لە بارودۆخی جێگیر ڕەت بکاتەوە و هه‌ر ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕێنێك بە مه‌ترسییەك بۆ سەر گیانیان تەواو بێت.
به‌ڵام تەنانەت پلەیەکی بەرزتریش لە یه‌کسانی ئابووریی، له‌وه‌ی که له ڕوسیا بوونی هەیە، ناتوانێت مسۆگه‌رییه‌ك بێت، له به‌رامبه‌ر نادادوه‌ری ڕامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تیی. به ته‌نیا یه‌کسانی ئابووری، ناکاتە ئازادی کۆمه‌ڵایه‌تی. ڕێك هه‌ر ئه‌م خاڵه‌یه، که هیچ یه‌ك له فێرگە سۆشیالیستییه دەسەلاتگەراکان لێی تێنه‌گه‌یشتوون. لە زینداندا، لە تەکیەدا (الدير – cloister) ، یا سەربازگەکاندا پلەیەکی بەرز لە یەکسانی ئابووریی بەدی دەکرێت، هەروەك چۆن گشت زیندانیان لە زیندانێکدا، هەمان سەرپەنا، هەمان خواردن، هەمان پۆشاك (uniform) و هەمان ئەركیان بۆ دیاری دەکرێت. ده‌وڵه‌تی کۆنی ئینکا (Inca) له پێرۆ و ده‌وڵه‌تی یەسوعی (Jesuit) له پاراگوای، دابینکاری یه‌کسانی ئابوورییان بۆ هه‌موو دانیشتوانیان، وەك سیستەمێکی جێگیر، دابین کردبوو، به‌ڵام له‌ته‌ك ئه‌وه‌شدا، لەوێدا دڕندەترین سه‌رکوتگری سەروەر بوو و مرۆڤ وەك ڕۆبۆت کایەی دەستی سەران بوو و هیچ کارایی لەسەر بڕیارەکانی نەبوو. بەبێ هۆ نه‌بوو، که پرۆدۆ‌ن لە ”سۆشیالیزم”ی بێ ئازادی‌دا، خراپترین شێوە لە شێوەکانی کۆیله‌تی بەدی دەکرد. ئارەزووی دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تیی، ته‌نیا کاتێك ده‌توانێت به دروستی پەرەبسێنێت و کارایی دابنێت، که هه‌ستی ئازادیخوازیی و لێپرسراوه‌تی له مرۆڤدا گه‌شه بکات و پشتی پێ ببەستێت. به واتایه‌کی دیکە، سۆشیالیزم یا ئازادیخوازانەیە یا هەر بوونی نییە. له بەفەرمیناسینی ئەم ڕاستییەدا، به‌ڕاستی و قوڵی بەڵگەکانی دروستی ئه‌نارکیزم ده‌گه‌ین.
ده‌زگه‌کان له ژیانی کۆمه‌ڵگه‌دا هەمان کار دەکەن، که ئه‌ندامه فیزیکییه‌کان لە گژوگیا و گیانداراندا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، ئه‌وان ئه‌ندامەکانی جه‌سته‌ی کۆمه‌ڵگه‌ن. ئه‌ندامه‌کان به شێوەی خۆسەرانە گەشە ناکه‌ن، به‌ڵکو بنەڕەتیان بۆ هه‌ندێك پێداویستی دیاریکراوی دەوروبەری مادیی و کۆمەڵایەتیی دەگەڕێتەوە. گۆڕانی هه‌لومه‌رجی ژیان، گۆڕانی ئه‌ندامەکان بەرهەم دەهێنێت. به‌ڵام ئه‌ندامـێك، هه‌میشه ئه‌رکێكی دیاریکراو یا پەیوەندیدار ئەنجام دەدات، که لەپێناو ئەنجامدانیدا گەشەی کردووە. هەروەها هەر لەتەك ئەوەی کە چیدی ئەرکەکەی بۆ بوونەوەرەکە پێویستی نامێنێت، بەرە بەرە لەنێو دەچێت یا دەگەڕێتەوە دۆخە سەرەتاییەکەی.
هه‌مان شت بەسەر ده‌زگه کۆمه‌لایه‌تییه‌کاندا دەگونجێت. ئه‌وانیش، به شێوەیەکی خۆسەرانە دروست نابن، به‌ڵکو بۆ دابینکردنی پێداویستی دیاریکراوی کۆمه‌ڵایەتی دێنە بوون. هەر لەم ڕێگەیەوە دەوڵەتی هاوچەرخ گەشەی کردووە، پاش ئەوەی که بەرتەرییە ئابوورییەکان و دابه‌شبوونە چینایه‌تییەکان و لەتەکیدا یەکانگیر بوون، دەستی بە بەرجەستەکردنی هەرچی زیاتری خۆی لە چوارچێوەی سیستەمی کۆمەڵایەتیی کۆندا کرد. چینه دارا تازه دروستبووه‌کان پێویستییان به ئامرازی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی هه‌بوو، بۆ ئەوەی پارێزگاری له بەرتەرییە ئابووریی و کۆمه‌ڵایه‌تییەکانی خۆیان لە بەرامبەر جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکدا بکه‌ن. به‌م جۆره هه‌لومه‌رجی کۆمه‌ڵایه‌تیی گونجاو بۆ گەشەکردنی ده‌وڵه‌تی هاوچەرخ، وه‌ك دەزگەی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی، بۆ سه‌رکوتکردنی چینە ناداراکان و ژێرچەپۆکخستنیان پێكهات: ئەم ئەرکە هۆی سەرەکی بوونییەتی. لە ڕەوتی گەشەکردنە مێژووییەکەیدا شێوه دەرەکییەکانی گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه، به‌ڵام هەردەم ئەرکەکانی وەك خۆیان ماوه‌ته‌وه. تەنانەت بەردەوام خۆیان بەو ئەندازە فراوانکردووەتەوە، کە پشتیوانگەرانی خوازیاریبوون، کە خۆیان لە بواری چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەدا بخەنە گەڕ. ڕێك به‌و جۆره‌ی که ناتوانرێت کارکردی ئه‌ندامێکی ژیان خۆسەرانه بگۆڕدرێت، بۆ نموونه، که‌س ناتوانێت به چاوانی ببیستێت یا به گوێیه‌کانی ببینێت، هه‌رواش له توانای هیچ که‌سێکدا نییه، بتوانێت بە حەزی خۆی دەزگەی چه‌وسانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، [دەوڵەت]، بگۆڕیت بە ئامرازی ڕزگارکردنی چه‌وساوان.
ئه‌نارکیزم ڕێگه‌چاره‌ی ئامادەکراوی هه‌موو گرفته مرۆییه‌کان نییه، یا ئوتۆپیای نه‌زمی کۆمه‌ڵایه‌تی بێ که‌موکوڕیی نییە (به‌و شێوەی کە زۆر جار ناوبراوە)، لەو کاتەوەی، بەپێی بنچینەکانی، هەموو نەخشەڕێژیی و چەمکە بێچەندووچوونەکان ڕەتدەکاتەوە، باوه‌ڕی به هیچ ڕاستییه‌کی بێچه‌ندوچوون یا هیچ دوائامانجێکی دیاریکراو بۆ پێشکه‌وتنی مرۆڤایەتی نییه، به‌ڵکو باوه‌ڕی به پێگەیینی (الكمال- perfectibility) ناکۆتای شێوازە کۆمه‌ڵایه‌تییەکان و هه‌لومه‌رجەکانی ژیانی مرۆڤ هه‌یه، که هه‌رده‌م له دووی شێوەی باڵاتری خۆدەربڕینن و لەبەر ئەم هۆیە، هیچ که‌س ناتوانێت هیچ پێناسەیەكی کۆتایی یا ئامانجێکی دیاریکراویان بۆ دەستنیشان بکات. ترسناکترینی شێوه‌کانی ده‌سه‌ڵات ڕێك هه‌ر ئه‌وه‌یانه، که هەردەم هه‌وڵ دەدات بە زۆر هەمەڕەنگی شێوه‌کانی ژیانی کۆمه‌لایه‌تی له‌نێو چوارچێوەی دیاریکراو و بنەمای (قواعد-norm) تایبەتدا بیگونجێنێت. هه‌رچەندێك لایه‌نگرانی خۆیان به به‌هێزتر بزانن، هەوڵدەدەن هەرچی زیاتر بوارەکان ژیانی کۆمه‌ڵایەتی بخه‌نه خزمه‌تی خۆیانه‌وه. کارایی له‌سه‌ر کارکردی گشت هێزه ڕۆشنبیرە داهێنەرەکان گه‌وجگه‌رانه‌تر ده‌بێت و لە هەمووی خراپتر کارایییەتی لەسەر پێشکه‌وتنی هزریی و کۆمه‌ڵایه‌تی و پێشبینی سەردەمی ئێمە، بە ڕۆشنییەکی ترسێنەرەوە نیشانی دەدات، کە بۆی هەیە چ دێوودرنجێکی ترسناکی هۆبز لێڤیاسان (Thomas Hobbes’ Leviathan) گەشە پێبدرێت. زاڵبوونی ته‌واوەتی ده‌زگه‌ی ڕامیاریی به‌سه‌ر هۆش و جه‌سته‌ی مرۆڤه‌کان و لە قاڵبدانی تێڕوانین و هه‌ست و ڕه‌فتارە مرۆییەکاندا، تەنیا به‌پێی بنەما سەپاوەکانی سه‌روه‌ران و دواجار مراندنی گشت کولتورە هزرییە ڕاستینەکان، مەیسەر دەبێت.
ئه‌نارکیزم ته‌نیا دان بە واتای ڕێژه‌یی بۆچوونه‌کان، دەزگەکان و هه‌لومه‌رجه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا دەنێت. هەر لەبەرئەوەیە، کە سیسته‌مێکی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆداخەر و و جێگیر نییه، به‌ڵکو ئاراستەیەکی دیاریکراوە له گەشەی مێژوویی مرۆڤایەتیدا، که بەپێچەوانەی دەمڕاستی هزری گشت دەزگە ئایینی و ڕامیارییه‌کانەوە، لەپێناو گەشەی ئازادانەی به‌ربه‌ستنەکراوی تاکەکان و هێزه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان تێده‌کۆشێت. هەروەها لای ئەنارکیستەکان ته‌نانه‌ت ئازادیش ڕێژەییە نه‌ك چه‌مکێکی بێچه‌ندوچوون، بەو پێیەی، کە به‌رده‌وام تێده‌کۆشێت ڕەهەندەکانی فراوانتر بکات و لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە کارایی لەسەر بازنەکانی دیکە دابنێت. بۆ ئهنارکیستەکان، ئازادی چه‌مکیکی ئەبستراکتی فیلۆسۆفیی نییه، به‌ڵکو توانایەکی بەرجەستەی زیندوویە، بۆ بەدیهێنانی پەرەپێدانی تەواوەتی هەموو توانایی و بەهرەکانی گشت مرۆڤێك، که سروشت پێی به‌خشیوە، تاوەکو لەبواری کۆمه‌ڵایەتییدا بیانخاتە گەڕ. ئەم گەشەی سروشتییانەی مرۆڤ چەندێك کەمتر لەلایەن دەستەمۆگەرانی کلیسایی و ڕامیاریی دەستیتێوەربدرێت، که‌سێتی تاکه‌کان کارامه‌تر و هاوسه‌نگتر ده‌بێت و لەوەش زیاتر ئاستی هوشیاری کۆمه‌ڵگه پەرەدەسێنێت. له‌به‌ر ئه‌م هۆیەیه، که هه‌موو سه‌رده‌مە ڕۆشنبیرییە گەورەکان لە مێژوودا، سه‌رده‌می لاوازیی ڕامیاری بوون، لەبەرئەوەی سیسته‌مه ڕامیارییه‌کان هه‌میشه لەسەر بنەمای میکانیکی دامەزراون نەك گەشەی ئۆرگانیکی هێزە کۆمەڵایەتییەکان. ده‌وڵه‌ت و ڕۆشنبیری دژەبەیەکن، لەتوانادا نییە پێکه‌وه بگونجێندرێن. نییتشه (Nietzsche)، که ئه‌نارکیست نه‌بوو، زۆر بە ڕۆشنی دانی بەمەدا نا، کاتێك کە نووسی “سەرەنجام هیچ که‌س ناتوانێت زیاتر له‌وه‌ی که هه‌یه‌تی، خه‌رج بکات. ئه‌مه بۆ تاکه‌سه‌کانیش هەر وایە، بۆ نه‌ته‌وه‌کانیش هەر وایە. ئه‌گه‌ر کەسێك خۆی بخاتە پێناو دەسەڵات، لوتکەی ڕامیاری، کشتکاری، بازرگانی، پارلامانتاریزم یا کاروباری سه‌ربازی– ئه‌گه‌ر کەسێك ئەو هەمووە هۆکارانە، پەیگیری و ویست و خۆ-سەروەری (self-mastery) بخاتە لاوە، تاکو خودێکی ڕاستەقینە بۆ شتێك پێکبهێنێت، ئیدی بۆ شتەکانی دیکە هیچی نییە. کو‌لتوور و ده‌وڵه‌ت -بوار نەدەن لەو بارەوە، که‌س بخەڵەتێت- دوژمنی یه‌کدین: دوڵه‌تی کولتووری تەنیا بیرۆکەیەکی هاوچه‌رخه. یەکیان لەسەر ئەوی دیکەیان دەژی، یەکیان لەسەر حسابی ئەوی دیکەیان پەرەدەسێنێت. هه‌موو سه‌رده‌مه‌کانی هەڵکشانی [پڕشنگداری] کو‌لتوور، سه‌رده‌می داکشانی [پوکانەوەی] ڕامیاریین. هه‌رچییه‌ك لە هەستی کولتوورییدا گەورە [پڕشنگدار] بێت، ناڕامیارییه، بەڵکو دژه ڕامیارییشه”.
له هەر شوێنێك کارای ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاری له‌سه‌ر هێزه داهێنه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵگه تا کەمترین ئاست کەم بکرێتەوە، لەوێدا ڕۆشنبیری به‌باشترین شێوە پەرەدەسێنێت، چونکه سەروەری ڕامیاریی هه‌میشه هەوڵ بۆ یه‌كجۆرکردن دەدات و ده‌خوازێت هه‌موو لایه‌نێك لە لایەنەکانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی بخاته ژێرڕکێفی خۆی. لێرەدایە، کە ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی ده‌که‌وێته ناکۆکییه‌کی بێچەندوچوون لەبەرامبەر چاوەڕوانییە پەرەپێدەرە کولتوورییە ئافه‌رێنه‌ره‌کاندا، که هەردەم لە گەڕاندان بەدوای شێوە و مەیدانی نوێی چالاکی کۆمەڵایەتی و ئازادی دەربرین وزۆرێکی دیکە – فرەلایەنی و ئاڵوگۆڕی به‌رده‌وامی شته‌کان، پێویستییەکی زیندوون بۆ کۆمەڵگە، بەهەمان ڕادەی پێویستبوونی فۆرمە بەستووەکان [نەگۆڕەکان]، ڕێنوێنییە مردووەکان و سەرکوتی بیرۆکەکان بۆ پارێزگاری لە دەسەڵاتی ڕامیاریی. هه‌موو کارێكی سه‌رکه‌وتوو، کارایی لەسەر ئارەزوومەندی بۆ هەڵکشان [پێگەیین] زیاتر و سروشی قوڵتر دادەنێت، هه‌ر فۆرمێکی نوێ دەبێتە مژەدەری ئەگەری پێشکه‌وتنی نوێ. به‌ڵام ده‌سه‌ڵات هه‌رده‌م هه‌وڵ ده‌دات شته‌کان به‌و جۆره‌ی که هه‌ن، بە خەیاڵ ئاسوودەییەوە لەنگەرخستوو، بیانهێڵێته‌وه. بە درێژایی مێژوو، ئه‌مه هۆکاری گشت شۆڕشه‌کان بووە. دەسەڵات تەنیا خەریکی وێرانگه‌رییه، هه‌رده‌م لە هەوڵی یەخسیرکردنی هەموو دیارده‌یەك لە دیاردەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی بووە، لەنێو کۆتوبەندی بنەماکانیدا. دەربرینی هزریی دەسەڵات دۆگمایەکی مردووە، فۆرمە فیزیکییەکەی هێزیکی دڕەندەیە. ئه‌م گه‌وجییەی ئامانجەکانی، هەروا مۆری خۆی له نوێنه‌رانی ده‌دات و به زۆری دەیانکاتە گه‌مژه و دڕنده، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌رچی لە بنەڕەتدا خاوه‌نی باشترین بەهرە بوو بن. که‌سێك که بە بەردەوامی هه‌وڵبدات بەزۆر هەموو شتێك بترنجێنێتە نێو سیستەمی میکانیکییەوە، دواجار به‌خۆشی ده‌بێت بە ده‌زگه‌یه‌ك و هه‌موو هه‌سته مرۆییه‌کانی له ده‌ست ده‌دات.
هه‌ر له‌م تێگه‌یشتنه‌وە بوو، که ئەناکیزمی هاوچەرخ له‌دایك بوو و هێزی ئاکاریی خۆی خستەڕوو. ته‌نیا ئازادی ده‌توانێت لە کاری گه‌وره‌دا سروشبەخشی مرۆڤ بێت و ئاڵوگۆڕی هزری و کۆمه‌ڵایه‌تی بێنێتە بوون. هونه‌ری کەسی فەرمانڕەوا، هیچ کات هونه‌ری فێرکردن و سروشبەخشین نەبووە بۆ ڕێکخستنی نوێی ژیان. ناچارییەکی دڵتەنگگەرانە، که [هونەری فەرمانڕەوایی] ده‌یسه‌پێنێت، ته‌نیا فەرماندانێکی سه‌ربازیی بێگیانە و هه‌ر جۆره داهێنانێك له ده‌می له‌دایکبووندا لەبار دەبات و تەنیا کۆیلە باردەهێنێت، نەك کەسی ئازاد. ئازادی کرۆکی ژیانه، هێزی به‌ره‌وپێشبه‌رە لە هه‌موو په‌ره‌سه‌ندنە هزریی و کۆمه‌ڵایەتییەکاندا، ئافەرێنەری هه‌موو ئاسۆیەکی نوێیە بۆ داهاتووی مرۆڤایەتی. ئازادی مرۆڤ له به‌هره‌کێشی ئابووریی و سەرکوتی هزریی و ڕامیاریی، کۆمه‌ڵایه‌تی، که له فیلۆسۆفی ئه‌نارکیزمدا لە بەرزترین ئاستدا دەربڕدراوە، مەرجی یەکەمی گەشەکردنی باڵاترین کولتووری کۆمەڵایەتی و مرۆڤایه‌تی نوێیه.
* ئەم وەرگیانە لەتەك دەقە ئینگلیزییەکەی بەراورد کراوە..
سەرچاوەی دەقە ئینگلیزییەکەی :
http://theanarchistlibrary.org/HTML/Rudolf_Rocker__Anarchism_and_Anarcho-Syndicalism.html#toc1
سەرچاوەی دەقە ئاڵمانییەکەی : http://www.anarchismus.at/txt2/rocker4.htm
سەرچاوەی دەقە فارسییەکەی : http//khushe.org ، بەداخەوە لە ئیستادا ئەم سایتە نەماوە.