
ئۆپۆزیسیۆن له پێناوی چیدا ڕژایه سه‌ر شه‌قام؟
(که‌ی ڕاپه‌ڕین ده‌ست پێ ده‌کات؟ ئه‌و وه‌خته‌ی بۆشایی ده‌که‌وێته نێوان واقیع و خواستی
خه‌ڵکه‌وه و تا بۆشایییه‌که فراوانتر بێت، ڕاپه‌ڕین توندوتیژیی زیاتر به خۆیه‌وه ده‌بینێت.)
ده‌زانم له ئه‌نجامی گوتنی هه‌قه‌وه، ئازارم پێ ده‌گات، به‌ڵام له‌وه‌یش دڵنیام ئه‌و ئازاره‌ی له ئه‌نجامی نهگوتنییهوه پێم ده‌گات، دژوارتره. ئاخر ئه‌گه‌ر له‌به‌ر گوتنی قسه‌یه‌کی هه‌ق بشکوژرێم، هێشتا ئه‌هوه‌نتره له‌وه‌ی له سۆنگه‌ی نهگوتنییهوه، به‌ده‌م حه‌سره‌ته‌وه گینگڵ بده‌م. ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌کم بۆ کردن پێ بێت و نه‌یکه‌م و هه‌ر پیش بخۆمه‌وه، هه‌ست ده‌که‌م له ناو پێستی خۆمدا جێم نابێته‌وه. بۆ نووسه‌ر گرنگ ئه‌وه‌یه، له هیچ هه‌لومه‌رجێکدا دێڕێکی له دژی خواستی خۆی نهنووسبێت و هه‌رگیز له پێناوی قازانجی خۆیدا، وشه‌یه‌کی نه‌خستبێته ڕسته‌یه‌که‌وه.
حیزبی سته‌مکار و مێگه‌ل له شتێکدا له یه‌ک ده‌چن، هه‌ردوو لایان، ڕکیان له ڕۆشنبیر ده‌بێته‌وه، ئاخر ده‌ستی هه‌ردوو لایان ده‌خاته ڕوو. ئه‌گه‌ر به‌سه‌ر خۆمانه‌وه، ڕۆڵی سانسۆر ده‌بینین، ئه‌وه بێجگه له کۆیله هیچی دیکه نین و با خۆمان پێ ڕۆشنبیر نه‌بێت. خۆکوشتن هه‌ر ئه‌وه نییه، به گولله‌یه‌ک کۆتایی به ژیانی خۆمان بهێنین، رووسۆ گوته‌نی: (ئه‌وه‌یشه له‌سه‌ر کۆیلایه‌تی ڕابێین و هیچ کۆششێک بۆ دابینکردنی ئازادی نه‌که‌ین.) ئه‌و کۆیلانه‌ی چه‌پڵه بۆ سته‌مکار لێ ده‌ده‌ن، ئه‌وه تف له ڕووخساری خۆیان ده‌که‌ن.
ئه‌گه‌ر گۆڕانکاری وه‌ک په‌تایه‌ک له ڕێی ڤایرۆسه‌وه بڵاو ببێته‌وه، ئه‌وا ئه‌و ڤایرۆسه ڕۆشنبیر بڵاوی ده‌کاته‌وه، نه‌ک حیزب. ڕۆشنبیر بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ڕۆشناییی تیشکی ویژ‌دانیدا ڕه‌وتار بکات، پێویسته سه‌ربه‌خۆ بێت. سه‌ربه‌خۆیی شتێکه له خودی ئینساندایه نه‌ک له ده‌ره‌وه‌ی خود، بۆیه ئه‌وی سه‌ر به حیزب بێت، ئیدی حیزبه‌که گۆڕانخواز بێت یان کۆنه‌پارێز، با گومانی له‌وه نه‌بێت که سه‌ربه‌خۆ نییه. له‌ناو نووسه‌رانیشدا وه‌ک چۆن که‌سانی سه‌ربه‌حیزب هه‌ن، که‌سانی سه‌ربه‌خۆیش هه‌ن. نزیکه‌ی هه‌میشه ئه‌و نووسه‌رانه‌ی له بواری ئه‌ده‌بی گاڵته‌جاڕیدا داهێنه‌رن، که‌سانی سه‌ربه‌خۆن، ئاخر نووسه‌ری کۆمێدیا گاڵته‌ی به حیزبیش دێت و ڕه‌نگه ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ی لای خه‌ڵکی وه‌ک کاریزما سه‌رنجی ده‌درێت، لای وی مایه‌ی گاڵته‌جاڕی بێت.
*
لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ ئه‌وه ڕژابوونه سه‌ر شه‌قام، تا ته‌قه‌یان لێ بکرێت و دواتر ته‌قه‌که‌ران به دادگا بدرێن، تا بوودجه‌یان ڕابگیرێت و دواتر وه‌ری بگرنه‌وه، تا سزای سیاسی بدرێن و دواتر ئه‌منستی بیانگرێته‌وه، تا هه‌ندێکیان به نایاسایی لێ ده‌ستگیر بکرێت و دواتر به‌ڵێنیان پێ بدرێت، ئیدی به یاسایی لێیان ده‌گیرێت!
ئۆپۆزیسیۆن له پێناوی ئه‌و ده‌ستکه‌وته مه‌زنانه‌دا بوو، دوو مانگ و قسوور ئه‌و خه‌ڵکه‌یان سه‌رقاڵ کردبوو؟ ئه‌دی هه‌ینیی تووڕه‌یی بوو به چی؟ ئه‌دی نه‌یانده‌گوت، چی له تونس و میسر گوزه‌را، له هه‌رێمی کوردستانیش ڕوو ده‌دات؟ ئاخۆ چۆن وه‌ڵامی که‌سوکاری شه‌هیدان ده‌ده‌نه‌وه؟ ئه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆن کردی سووکایه‌تی بوو به خوێنی خه‌ڵکی کورد و ته‌نانه‌ت سووکایه‌تی بوو به ئه‌زموونی شۆڕشگێڕانه‌ی جه‌ماوه‌ری تونس و میسریش.
له ته‌ممووزی 1952 به دواوه، ئه‌و مه‌یدانه‌ی قاهیره، که شۆڕشگێڕانی له ئامێز گرت، ناوی ئازادی بووه، دواتر ئه‌وه سادات بوو له سه‌روه‌ختی فه‌رمانڕه‌واییی خۆیدا، ناوی لێ نا مه‌یدانی سادات، به‌ڵام ئه‌و ناوه، ناوێکی فه‌رمی بوو، میللی نه‌بوو، ئاخر قه‌ت میلله‌ت پێی نه‌ده‌گوت مه‌یدانی سادات، هه‌ر ئازادی پێ ده‌گوت. که‌واته ئه‌وه شۆڕشی 25 ی یه‌نایه‌ری 2011 نه‌بوو، ناوی ئازادی له‌و مه‌یدانه بنێت، به‌ڵکوو مه‌یدانه‌که شه‌ست ساڵیک بوو، ناوی ئازادیی لێ نرابوو.
به‌رده‌رکی سه‌را ناوێکی پیرۆزی دیرۆکییه و گۆڕینی ناوه‌که‌ی به سه‌رای ئازادی، زاده‌ی لاساییکردنه‌وه‌یه‌کی نه‌زانانه بوو. به‌رده‌رکی سه‌را هه‌ر هیچ نه‌بێ له‌به‌ر ڕێزلێنان له شیعری شێخ ڕه‌زا، پیره‌مێرد، گۆران و سامی شۆڕش، که‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه بیگۆڕێت. ئاخۆ ئه‌وانه‌ی ناوی به‌رده‌رکی سه‌رایان گۆڕی، ده‌توانن پێمان بڵێن، کوردیان له چی ئازاد کرد؟ گۆڕینی ناوی به‌رده‌رکی سه‌را، سووک سه‌رنجدانی دیرۆکی میلله‌تی کورد بوو، سووکایه‌تیکردن بوو به خه‌باتی کورد و به شیعری کوردییش.
له ڕوانگه‌ی (مونتیسکیۆ)وه (سته‌مکاری و فه‌نده‌مه‌نتالیزم، ته‌واوکه‌ری یه‌کترین.) ئه‌وه بۆیه به درێژایی مێژوو ئه‌وانه‌ی بازرگانییان به ئایینه‌وه کردووه، دۆستی نزیکی سته‌مکاران بوون. ئه‌و پێوه‌ندییه قووڵه‌ی نێوان گۆڕان و ئیسلامی سیاسی، هه‌مان ئه‌و دۆستایه‌تییه دێرینه به‌تینه‌ی نێوان سته‌مکاران و پیاوانی ئایینه. به داخوازی و پێشمهرجهکانیاندا دیاره، ئه‌وه‌ی له کوردستان هه‌یه، ئۆپۆزیسیۆن نییه، کاریکاتێری ئۆپۆزیسیۆنه و به‌شێکه له‌و دیکۆره‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ نمایش‌کردنی گه‌مه‌ی دێمۆکراسی پێویستی پێی ده‌بێت.
28. 08. 2011
هه‌ولێر
حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن