
په‌پووله، گوڵه به ده‌م فڕینه‌وه
حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
(نزیکه‌ی وه‌ک مه‌حاڵ وایه، به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی ببینینه‌وه،
لاساییکردنه‌وه‌ی ده‌قێکی دیکه نه‌بێت،
یان شتێکی له تێکستێکی تر قه‌رز نه‌کردبێت،
یان به ده‌ستکارییه‌وه، سه‌رله‌نوێ نووسینه‌وه و
گێڕانه‌وه‌ی شیعرێک یان چیرۆکێکی دێرین نه‌بێت.)(1)
ئیدی له ئه‌ده‌بی کوردیش‌دا ئه‌وه ته‌نیا هه‌ر پیاو نییه که پرسیار ده‌ورووژێنێت و ئه‌و شته ده‌ڵێت، زۆربه لێی بێده‌نگن. ئیدی ژنیش خوێنه‌ر تووشی دڵه‌ڕاوکێ ده‌کات و به ده‌ستی گومان، دره‌ختی (یه‌قین)ی ده‌هه‌ژێنێت. ئیدی ژنیش ڕاستگۆیانه خودی خۆی ده‌نووسێته‌وه، بوێرانه کۆچ به‌ره‌و نادیار ده‌کات و ئیدی ژنیش نه سڵ له تێکشکاندنی بته‌کان ده‌کاته‌وه، نه ڕێز له شته پیرۆزه ساخته‌کان ده‌گرێت. (ناڵه عه‌بدولڕه‌حمان) ده‌ڵێت:
(به دیار ته‌مه‌نی خورمایهکهوه دانیشتم
که ڕه‌نگی له ڕه‌نگی قژم ده‌چێ،
ناو‌کی له گلێنه‌ی چاوه‌کانم ده‌کا،
فرمێسکه‌کانی له شه‌کراوی ڕۆحم ده‌چێ
کاتێ پیاوێ له دووره‌وه به نیگا گه‌رمه‌کانی
گازی لێ ده‌گرێ. ل10)
ڕه‌نگه ئه‌وه کارێکی گه‌له‌ک ئاسان بێت که هه‌ست به‌وه بکه‌ین، بنووسی ئه‌و شیعره، مێیه. هه‌یه وای بۆ ده‌چێت، له کۆمه‌ڵگه‌ی بابسالاردا، ژنیش به‌و زمانه ده‌نووسێت که پیاو دایهێناوه، هه‌یه پێی وایه نووسین هیچ پێوه‌ندییه‌کی به ڕه‌گه‌زه‌وه نییه، ئاخر نووسین شتێکه ده‌که‌وێته نێوان ڕووناکی و تاریکییه‌وه، شتێکه له نێوان واقیع و خه‌وندا دێت و ده‌چێت، شتێکه له نێوان نێر و مێدا هاتوچۆیه‌تی و ناناسرێته‌وه سه‌ر به کام ڕه‌گه‌زیانه. (مه‌نسووره عیززه‌دین) که ڕۆماننووسێکی میسرییه ده‌بێژێت: (سه‌روه‌ختی نووسین، من له ڕووی ڕه‌گه‌زه‌وه خۆم بێلایه‌ن ده‌که‌م.) ئه‌ز پێم وایه، به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی چونکه زاده‌ی نووسینه‌وه‌ی خوده، بۆیه گه‌واهی له‌سه‌ر ڕه‌گه‌زی بنووسهکهیشی ده‌دات و خوێنه‌ر پێویستی به هۆشیارییه‌کی قووڵ نابێت، بۆ ناسینه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی بنووسی تێکسته ئه‌ده‌بییه‌کان.
مه‌رج نییه که سه‌باره‌ت به جه‌سته قسه‌مان کرد، ئیدی وا لێک بدرێته‌وه که خه‌ریکی قسه‌کردنین ده‌رباره‌ی سێکس. ئێرۆتیکایش ئه‌وه نییه، ڕووهه‌ڵماڵراوانه باس له چه‌پاندن یان تێربوونی سێکسی بکه‌ین. یه‌کێک له جیاوازییه‌کانی نێوان ئێرۆتیکا و پۆڕنۆگرافی ئه‌وه‌یه، یه‌که‌میان داهێنانه و دووه‌میان نواندنی زه‌بروزه‌نگه دژ به ژنان. ئێرۆتیکا، گوڵی ژیانه له سه‌روه‌ختی گه‌شانه‌وه‌دا، وه‌لێ پۆڕنۆگرافی، زینده‌به‌چاڵکردنی مه‌عنه‌ویی ژنانه. ئێمه ژنی وا شک ده‌به‌ین، له تێکسته‌کانیدا ته‌واو ئازاده، به‌ڵام ئازادیی له واقیعدا ده‌کرێت به پێوانه نه‌ک ئازادیی نێو ده‌ق. له ڕوانگه‌ی (ترۆتسکی)یه‌وه، ئه‌وه نائومێدییه وا ده‌کات، چین و توێژه چه‌وساوه‌کان هانا بۆ گوته‌ی ناشیرین ببه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه لووتبڵندییه وای له چین و ده‌سته‌ی باڵا و ده‌سه‌ڵاتدار کردووه به زمانێکی دزێو بدوێن.
ئه‌دره‌سی قه‌سیده‌کانم
زه‌مه‌نی شێتبوونی پیاوێکی (سۆزانی)یه
که ئاوڕ له یاساکانی خوایش ناداته‌وه
له به‌رانبه‌ر ژنێکدا چۆک داده‌دا. ل41
وشه‌ی (سۆزانی) له‌و شیعره‌ی (ناڵه عه‌بدولڕه‌حمان)دا، زاده‌ی ئه‌و چه‌وسانه‌وه درێژخایه‌نه‌یه که له کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریدا، ژنی هه‌راسان و هیوابڕاو کردووه. ئه‌گه‌ر (ئه‌حمه‌د به‌لحاج) گوته‌نی: (جیاوازیی نێوان سۆفی و متهسهوویف ئه‌وه بێت که یه‌که‌میان شاره‌زای هونه‌ری ژیانه و دووه‌میان پێوه‌ندیی خۆی به ژیانی سه‌ر زه‌وینه‌وه پساندووه،) ئه‌وا جیاوازیی نێوان شیعرنووس و شاعیر ئه‌وه‌یه، ئه‌میان شیعر ده‌نووسێت و ئه‌ویان شیعر ده‌ینووسێته‌وه. وه‌ک چۆن گورگ هه‌یه خۆی له پێستی مه‌ڕدا نیشان ده‌دات، ئاوه‌هایش هه‌م سۆفیی ساخته هه‌یه و هه‌م شیعرنووسی قه‌ڵب. وه‌ک چۆن متهسهوویف ڕێی تایبه‌ت به خۆی به‌ره‌و لای خودا ده‌دۆزێته‌وه، شاعیریش لاسایی شاعیرانی پێش خۆی ناکاته‌وه، ئه‌زموونی خۆی ده‌نووسێته‌وه، ئاخر له شیعردا نه ڕێسای نه‌مر هه‌یه، نه هیچ شاعیرێکی دێرین ده‌بێته باوک بۆ شاعیرێکی نوێ.
(پیاو به‌ر له‌وه‌ی باوه‌ڕ به خوا بهێنێ،
باوه‌ڕی به ژن هێناوه. ل21)
له زۆر زماندا (پیاو) ته‌نیا به مانای (نێر) نایه‌ت، به مانای (ئینسان)یش دێت، ڕه‌نگه تاکه زمانێک که (ئینسان)(2) تێیدا مێ بێت، سوێدی بێت. له کۆمه‌ڵگه دواکه‌وتووه‌کاندا، وا باوه که بیرکردنه‌وه، په‌یڤین و نووسین، کاره‌یلی پیاون، ئیشه‌کانی ژنیش بریتین له گوێگرتن، خاوێنکردنه‌وه‌ی ناو ماڵ، ئاماده‌کردنی خۆراک، تێرکردنی ئاره‌زووی پیاو و به‌خێوکردنی منداڵ. گه‌رچی فێمینیزم جۆری هێنده زۆره، ئه‌گه‌ر بڵێم له ژماره نایه، زێده‌ڕۆییم نه‌کردووه، ته‌نیا بۆ نموونه: سۆسیال فێمینیزم، لیبرال فێمینیزم، پۆستکۆڵۆنیال فێمینیزم و ڕادیکال فێمینیزم، وه‌لێ شتی گرنگ و هاوبه‌ش له‌و بزووتنه‌وه‌یدا، خه‌باتکردنه بۆ دابینکردنی یه‌کسانی له نێوان ژن و پیاودا.
هه‌قه ئه‌وه‌یش بڵێم، کرۆکی هیچ کام له ڕێبازه‌کانی فێمینیزم بریتی نییه له دژایه‌تیکردنی پیاو. فێمینیسته ڕادیکاله‌کان به توندی دژی ئه‌و بۆچوونه ده‌بنه‌وه که پێی وایه، کارکردن له بواره‌کانی هونه‌ر، فه‌لسه‌فه، سیاسه‌ت و ئه‌ده‌بدا، ته‌نیا له پیاوان ده‌وه‌شێته‌وه، ئه‌وه بۆیه هه‌وڵ ده‌ده‌ن له هه‌موو ئه‌و بوارانه‌دا (به زمانێکی تایبه‌ت به ژن) چالاکی بنوێنن.
(تیوفیل گۆتێ) (1811 – 1872) ده‌بێژێت: (نیشتمان ئه‌و وڵاته نییه که تێیدا له دایک ده‌بین، ئه‌و وڵاته‌یه که خۆمانی تێدا ده‌بینینه‌وه.) ئایا ژن ئه‌و وڵاته به نیشتمانی خۆی ده‌زانێت که تێیدا دووچاری چه‌وساندنه‌وه ده‌بێته‌وه؟ ئه‌وپه‌ڕی جه‌هل ئه‌وه‌یه، وای بۆ بچین، به هۆی سهرکوتکردنییهوه، ده‌توانین وا بکه‌ین، ژن به پاکژی بمێنێته‌وه، ئاخر زه‌وتکردنی ئازادی، هه‌رگیز نابێته هه‌وێنی سه‌رهه‌ڵدانی شتێکی پاک و جوان.
(بۆنی مه‌مکه‌کانت له بۆنی به‌هه‌شت ده‌چێ،
ئه‌ی که وایه نوێژ بۆ چی ده‌کا
که ئامێزی منیش بۆ خۆی عهدهنێک بێ! ل16)
(ئۆدن) هیچی نه‌کرد ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت، زمانی ئینگلیزیی له خڵته پاکژ کرده‌وه، (ڕێلکه)یش وه‌ک (ڕۆبیرت موزیل) ده‌ڵێت: هیچی نه‌کرد، ئه‌وه نه‌بێت شیعری ئهڵمانیاییی گه‌یانده باڵاترین جێگه. لایه‌نی گه‌شی شیعری (ناڵه عه‌بدولڕه‌حمان) ئه‌وه‌یه، هه‌رچه‌نده شیعری درێژ ده‌نووسێت، که‌چی به درێژایی شیعره‌کانی هه‌ست به هه‌بوونی کڵپه‌یه‌ک ده‌که‌ین، مه‌گه‌ر به کورتهشیعرهوه، دیار بێت. (ناڵه عه‌بدولڕه‌حمان) نه له‌گه‌ڵ ڕێڕه‌وی ڕووباردا مه‌له ده‌کات، نه دژ به ڕه‌وتی زێ، ئاخر ئه‌و سه‌رقاڵی لایه‌نگرتن یان دژایه‌تیکردنی ئه‌م یان ئه‌و دیارده نییه، خه‌ریکی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی ژیانی خۆی و ته‌یکردنی زه‌ریاچه‌ی خودی خۆیه‌تی. ئه‌وه بۆیه ئه‌گه‌ر بۆ کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی نێو شیعری بگه‌ڕێین، ئه‌و پرسیارانه‌ن که له ناخی خۆیه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێن و ڕاستگۆیانه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێک جار وه‌ک ئهنارک فێمینیستێک، ده‌یانورووژێنێت.
19. 10. 2009
(1) Pia Bergström, Kvinnokamp på liv oh död, Aftonbladet 14. 10. 2009 Stockholm.
(2) människa
(3) ناڵه عه‌بدولڕه‌حمان، ئه‌و پیاوانه‌ی له‌ناو ڕه‌نگی تابلۆکانمدا سه‌ما ده‌که‌ن، له بڵاوکراوه‌کانی یه‌کیه‌تیی نووسه‌رانی کورد_ دهۆک، چاپخانه‌ی هاوار 2009 دهۆک.
(4) ناونیشانی باسه‌که، گوته‌ی (ڕۆدۆڵف شتاینه‌ر)ه.