دەبێت عەلی كیمیاییو سوڵتان هاشم و…..
دەبێت عەلی كیمیاییو سوڵتان هاشم و
حوسێن رەشید تكریتی بە سزای گەل بگەن
جەوهەر نامیق سالم…..
رۆژی 21/8/2006 گەورە لێپرسراوانی سەردەمی رژێمی لەناو چووی سەددام "عەلی حەسن المجید لێپرسراوی حیزبی بەعسو حاكمی دەسەڵات رەهای قۆناخی هەڵمەتەكانی ئەنفال لە كوردستانو سوڵتان هاشم قائید فەیلەقو وەزیری بەرگری عێراقو حوسێن رەشید التكریتی جێگری سوپاسالاری عێراقو سابیر عەبدوالعەزیز الدوری بەڕێوەبەری دەزگای ئیستخبارات و فەرحان موگلك الجبوری سەرۆكی ئیستخباراتی عەسكەری باكوور (كوردستان)و تاهیر تەوفیق العانی پارێزگاری مووسڵ)، كە لەنێوان (1987-1988)" تاوانی ئەنفالكردنی (182) هەزار كوردی بێ گوناهو كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجەو دەیان تاوانی دیكەیان ئەنجام دابوو، بەپێی یاسا، دران بە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق.
بەدرێژایی (61) دانیشتنی دادگاكە كە (11) مانگی خایاند و، پاش پێداچوونەوە بە زۆربەی زۆری زیاتر لە (18) تەنی بەڵگەنامەی دامودەزگا فەرمیو حیزبیو سیخورییەكانی رژێمی فاشی سەددام، سەدان نووسراوو دێكۆمێنتو فیلمی ڤیدیۆی دەزگا پەیوەندارەكانی ئەو سەردەمەیان خرایەڕوو، كە هەر هەمووی، راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ، گەواهی كردەوە دڕندانەكانی ئەو تاوانبارانەیان دەدا، جگە لە دەیان داواكار (مدعی)و شاهیدعەیان لە كەسوكاری ئەنفالكراوەكانو تێكوشەرانی ناوچە پەیوەندارەكان، وەكو پێشمەرگەو هاووڵاتی زەرەرمەندی كارەساتی ئەنفالو هەڵەبجەی شەهید، سەرەڕای ئامادەبوونی چەندین پسپۆرو زانای بواری چەكی كۆكوژو جینۆسایدو گۆڕی بەكۆمەڵ كە لەبەردەم دەستەی سەرۆكایەتی دادگاو بەئامادەبوونى تاوانبارانو، بەرامبەر كامیراكانی تەلەفزیۆنە ئاسمانییەكان، راو بۆچوونو موعایەنەتی مەیدانی خۆیان لەسەر كردەوەكانی ئەنفالو جینۆسایدكردنی خەڵكی كوردستان بەپێی بواری پسپۆرییان خستەڕوو. دەستەی داواكاری گشتیی دادگاو، دەستەی داكۆكیكار كە كۆمەڵە پارێزەرێكى تێكوشەرو خۆبەختكەری كورد بوونو پێكهاتبوون لە، پارێزەرانی بەڕێز: (مستەفا عەسكەری، محەممەد سالح ئامێدی، عەبدولڕەحمان زێباری، مستەفا عەلی ئەحمەد، گۆران ئەدهەم رەحیم، هەدار زوبێر بارزانی، ئەیاد ئیسماعیل كاكەیی) پەردەیان لەسەر گشت تاوانەكانی تاوانباران هەڵداوەو داوایان كرد تاوانباران بەتاوانی قڕكردنی كورد، كە بەپێی نەخشەو پیلانێكی دارێژراو ئەنجام دراوەو، هەموو جۆرە چەكێك بەكار هێنراوە بەچەكی كۆكوژیشەوە، سزا بدرین، مەعلومیشە ئەو تاوانانە كە دەرهەق بە كورد پیادەكراوە ، تاوانی ( قڕكردنی بە كوَمەلأ و جەنگ و دژی مرۆڤایەتییە)و، تاوانباران نكۆڵیان لە بەشداریو رۆڵی خۆیان نەكرد لەو تاوانانە و،بگرە شانازیشیان پێوە دەكرد.!
رۆژی 24/6/2007، دادگای ناوبراو، تاوانبارانی ئەنفالى بەتاوانی جینۆسایدكردن و تاوانەكانی جەنگو دژی مرۆڤایەتی… تاد، بڕیاری لەسێدارە دانی هەر یەك لە (عەلی حەسەن المجیدو سوڵتان هاشمو حوسێن رەشید تكریتی)داو، سزای هەتا هەتاییشى بۆ (ێابر عبدالعزیز الدوریو فەرحان موتڵەگ)ی بڕیەوەو (تاهیر تەوفیق العانی)یشى ئازاد كرد.
ئەم دڕندانە كۆكردنەوەی (182) هەزار مرۆڤی كورد (لە مندالأو ئافرەتو پیاوو پیروو جوانی)ی ئەو دێهاتانەى كە سوپای عیًَراق دەستی زالأ بوو بەسەریانداو، رەوانەكردنیان بۆ كۆگا كۆمەلأ كوژییەكانیانو، لەوێشەوە بۆ گۆڕە بەكۆمەڵەكان لەبیابانو جێگا نادیارەكانی سەرتاسەری عێراق، بەئەركێكی نیشتمانیو پیرۆزیان وەسفدەكردو، بۆ یەك جاریش لەو كردەوە چەپەڵانەیان پەشیمان نەبوونەوە..!
لە 5/9/2007 دادگای تێهەلچوونەوە (تمییز) سزاكانی پەسند كردو، بۆ هیچ دەسەڵاتێكو لایەنو كەسایەتییەك نییە دەستكاری حوكمی داداگای باڵای تاوانەكانی عێراق بكات پاش ئەوەی پلەی یەكلایى كەرەوە (دەرەجەی قاتیعانە)ی خۆی وەرگرت.
بەپێی بڕگەی (2)ی ماددەی (27)ی یاسای ژمارە (10)ی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق، دەبوایە سزای لەسێدارەدانی ئەو (3) تاوانبارە لەماوەی (30) رۆژدا جێبەجێبكرێت (لەڕۆژی پەسندكردنی سزاكان لەلایەن داداگای تێهەڵچوونەوەی عێراق (تمییز- 5/9/2007)، كەچی وا زیاتر لە (6) مانگ بەسەر وادەی یاسایی سزاكە تێپەڕیو بەپێچەوانەی داكۆكی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانو ویستی خەڵكی كوردستان بەتایبەتیو عێراق بەگشتیو، بێ گوێدان بە هەستو ئازارو ئاهو فیغانی گشت كەسوكارو پاشماوەكانی ئەنفالكراوەكانمانو، بەدەر لەداكۆكی شەقامی كوردستانیو عێراقی لەمەڕ گرنگىو پێویستى گەیاندانی ئەو (3) تاوانبارە بە سزای گەل، ئەنجوومەنی سەرۆكایەتی بەتەحدید واخەریكی مرداركردنەوەی ئەو حوكمەیەو، لەدوای بیانوو حیلە شەرعیو پینەو پەڕو دەگەرێت.
ئەنجوومەنی سەرۆكایەتی كۆماری عێراقو ئەنجوومەنی وەزیران چ لەسەر دەسەڵاتو چ وەكو گەمەیەكی سیاسیو حیزبیو تایفەگەری، لەمێژەوە ناكۆكیان لەنێواندایە. دۆسیەی لەسێدارەدانی ئەو (3) تاوانبارە وەك كارتێك بووەتە یەك لە جوغزەكانی ململانێیەكانیانو، هەروەكو ئاماژەمان بۆ كرد:
1. جێبەجێكردنی ئەو حوكمە لەدەسەڵاتی (دەسەڵاتی جێبەجێكردن)ە. دەسەڵاتی جێبەجێكردنیش پێكهاتووە لە ئەنجوومەنی سەرۆكایەتیو ئەنجوومەنی وەزیران.
2. ئەنجوومەنی وەزیران چەند جار هەڵوێستی خۆی پیشانداوەو، ئامادەیە سزای لەسێدارەدانەكە بەسەر (عەلی كیمیاییو سوڵتان هاشمو حوسێن رەشید تكریتی) جێبەجێكات وەك یەك پاكێت، لەوەش زیاتر نیگەرانە لەبەر هەڵویستی ئەنجوومەنی سەرۆكایەتیو، واش وەسفدەكرێت كە هەڵوێستی (سەرۆكایەتی كۆمار) كارتێكی فشاری سیاسیو حیزبایەتیو تایفەگەری تەسكەو، دەستێوەردانە لەدەسەڵاتی سەرۆكى ئەنجوومەنی وەزیرانو، جۆرە فشارو ئیبتیزازێكەو، بووەتە كێشەیەكی ململانیو دووبەرەكی وتاكو ئەو رادەیەى دەستەی سەرۆكایەتی كۆمار، لەو بارەیەوە داوای رای دادگای باڵای فیدرالی كردووە. سەرچاوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران جەخت لەوە دەكەنەوە گوایە دادگای فیدرال رایگەیاندووە، كە حوكمی تاوانبارانی ئەنفال دروستەو دەكرێ بێ گەڕانەوە بۆ دەستەی سەرۆكایەتی بڕیارەكە جێبەجێبكرێت، بەپێچەوانەی ئەمە سەرچاوەكانی دەستەی سەرۆكایەتی كۆمار جەخت لەسەر ئەوە دەكەن، گوایە دادگای باڵای فیدرال رای وایە كە جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانی ئەو (3) تاوانبارە پێوێستی بە (مەرسوومێكی كۆماری) هەیەو، ئەوەی ئاشكرایە لەناو دەستەی سەرۆكایەتی كۆماریش (3) بۆچوونی جودا هەیە:
• یەكەمین سەرۆك كۆمارە، كە بەبۆنەو بێ بۆنە سوورە لەسەر ئەوەی كە ئەو ئامادە نییە ئیمزا لەسەر حوكمی لەسێدارە دان بكات. پاساویشی بۆ ئەمە ئەوەیە گوایە سكرتێری یەكێتیی نیشتیمانی كوردستانەو یەكێتیش ئەندامە لە سوشیال ئینترناشیناڵ، لەوێش ئیمزای دیكومێنتێكی كردووە كە داوای هەڵگرتنی سزای لەسێدارەدان دەكەن. ئەو حورمەتی ئیمزای خۆی دەگرێتو، دەڵێت (من بڕیاری لەسێدارەدان واژۆ ناكەمو، بەلایەوە، (سوڵتان هاشم): " ئەفسەرێكی بەڕێزەو ئەو فەرمانەكانی سەددام حوسێنی جێبەجێكردووە وەك سەربازێكو، نەیتوانیوە سەرپێچی لێبكات"، لەوەش زیاتر دەڵێت (ئێمە مووعاریزی لەسێدارەدانی ئەوین). بەداخەوە ناچارم بۆ جاری دووەم دووپاتی بكەمەوە كە ئەم پاساوانەی جەنابی سەرۆك كۆماری عێراق نە یاساییەو نە مەنتیقییەو، كاتی خۆیشی ئەم لایانانەمان روونكردۆتەوە. ئومێدەوارم جەنابی سەرۆك كۆمار وەك نوێنەری ئێمەی كوردستانییەكان بە كەسوكاری ئەنفالكراوەكانو رۆحی بێ گەردی ئەو (182) هەزار شەهیدانەو، هەستو سۆزی شەقامی كوردستانیو نەتەوایەتیشمانیەوە، چیتر مانیعو رێگر نەبێت لە جێبەجێكردنی حوكمی دادگای باڵاى تاوانەكان كە بەسەر ئەو (3) تاوانبارانە سەپێندراوە.! بەچی یاساو مافێك تاوانبارێكى وەكو (سوڵتان هاشم) كە لە (8) ئۆپەراسیۆنی ئەنفالدا بەشدار بووە وەكو قائید فەیلەقو هەر بۆ ئەمەش لەخوارووی عێراقەوە گواستراوەتەوە بۆ كوردستانو، خۆیو سەربازەكانی (182) هەزار ژنو مندالأو جوانو پیری كوردیان وەكو مریشكو پەز كۆكردەوەو جەڵەبی كردوون بۆ قەسابخانەكانی سەددامی خوێنڕێژ، هەروەها (حوسێن رەشید تكریتی وەكو جێگری سوپاسالاری سەددام)، دەڵێین بە چ یاساو مافو ویژدانێك ئەم تاوانبارانە رەدئیعتیبار بكرێنەوەو، وەسفبكرین بە ئازا (شوجاع)و لێهاتوو، جیابكرێنەوەو هەوڵی رزگاركردنیان بدرێت لە سزای گەل..؟!
• جێگری سەرۆك كۆمار (د.عادل عبدالمهدى)، هەروەكو زانراوە نەك هەر سوورە لەسەر جێبەجێكردنی ئەو حوكمە بەڵكو ئامادەیشە لەجیاتی سەرۆك كۆماریش ئیمزای بكات.
• جێگری سەرۆك كۆمار (د. تارق الهاشمی)، لەگەلأ جێبەجێكردنی سزاكان نییەو، دیارە زبان حالی توێژێكی عەرەبی سوننەی ناوەوەو دەرەوەی دەسەڵاتی ناوەندەو، هەر لەسەرەتاوە دژی داداگاییكردنی سەرانی تاوانباری رژێمی لەناوچووی سەددامن. الهاشمی كێشەی (سوڵتان هاشمو حوسێن رەشید تكریتی) وەكو كارتی فشار دژ بە بەرامبەرەكانی بەكار دێنێت، جارێك بەناوى ئەوەى كە نابێت ئەفسەرەكانی رژێمی سەددام دادگایی بكرێن بە بیانووى ئەوەی گوایە ئەمانە سەربازنو فەرمانی سەرووی خۆیان جێبەجێكردووەو، جارێكی دیكە بەناوی (ئاشتبوونەوەی نیشتمانی) وەكو بڵێیت ئەو ئەفسەرە تاوانبارانە كە لەتاوانەكانی ئەنفالو جینۆساید كردنی خەڵكی كوردستان بەشدار بوونەو، دارودەستەو گورزوەشینو نینۆكی سەددام بوون بۆ ئەو هەموو تاوانانەو، پێشەنگی گشت جەنگەكانی بوون لەكوردستانو هەروەها دژی ئێرانو كوێتیش، دەبێت دوور بن لە لێپرسینەوەو دادگایی كردنیان لەسەر ئەو تاوانانە كە راستەوخۆ بەشداریان كردووە، بەواتایەكی تر دەبێت ئەم تاوانبارانە بەدەربن لەیاسا. ئەم دیدو بۆچوونە دژی بنەماكانی دەستووری هەمیشەیی كۆماری عێراقە…!!
بۆ ئەم تاوانبارانە لەسەر حیسابی عەرەبی سوننە لەقەڵەم بدرێنو، بۆ (ئاشتبوونەوەی نیشتمانی) گریبدرێت بە چارەنووسی ئەم تاوانبارانە، كە هەموو ژیانی پیشەییو سیاسیو ئیداریان تەرخان كردبوو بۆ تێكدانی نیشتمان…؟
یان بە چ پێوەرێك سوڵتان هاشمو نموونەى سوڵتان هاشم بەئازا (شجاع)و لێهاتوو لەقەڵەم بدرێن لەكاتێكدا لەبەر پلەو پایەو رازی بوونی خوێنڕێژێكو فاشییەكى وەك سەددام ئامادە بوون زیاتر لە (182) ژنو منداڵو پیر جوانی كورد راپێچ كەنو بیانێرن بۆ كۆگای كۆمەڵكوژیو ئەوەی خواو گشت پرەنسیپەكانی ئایینیو مرۆڤایەتی نەهی لێكردووە ئەم تاوانبارانەو دڕندەكانیان دەرهەق بەو بێ تاوانانە ئەنجامیان داوەو، زیاتر لە (4500) گوندو شارۆچكەی كوردستانمانیان كاوڵكردووەو ژێرخانی ئابووریو كۆمەڵایەتیمانیان تێكوپێكداوە. ئەگەر سوڵتان هاشم (شجاع) بوو، بۆ لەبەر رۆحی خۆی زیاتر (182) هەزار مرۆڤی بێ گوناهی كوردی كردە قوربانی..؟ یان ئەگەر ئەوەندە لێهاتوو ئازا (شجاع) بوو، بۆ وەكو وەزیری بەرگری كۆمارى عێراق، بەرگری لە عێراق نەكرد كاتێك سوپای ئەمریكاو هاوپەیمانانی داگیریان كردو هەڵهاتو تەسلیم بوو….؟! ئەمانە ئەگەر دەستیان بڕوات ئەو دڕندانەن كە ئەنفالو كیمیابارانی هەڵەبجەیان كردو، ئەگەر لێیانقەوما ئەوە ئەو كەسانەن كە رازین وا بەسەرشۆڕی بژین. سوڵتان هاشمو حوسێن رەشید التكریتی وەكو (عەلی كیمیاییو بەرزانو تاها رەمەزانو خەزرەجیو سامەرائیو تاریق عەزیز)و سەدانو هەزارانی دیكەلە ئەفسەرە پلەدارو لێپرسراوە پایەبەرزەكانی بازنەكانی سەددام،پەروەردەو دەرچووی قوتابخانەی حیزبی بەعسی فاشینو لەمنداڵدانی بیرو هزرو میزاجی ئەواندا لەدایكبوونەو پێیانگرتووەو بوون بەو دڕندانە. ئەمانە كەسانی دكتاتۆرو فاشیو ملهورو خۆویستو كورت بینو مەغروورن،لەكاتی دەسەڵاتدا حیساب بۆ كەس ناكەن وەلێ كە شكانو بێ دەسەڵات بوون، ئەوە بەهەموو نۆكەرییەكو ملشۆرییەك رازین.شەرمو پیاوەتی لای ئەمانەبوونی نییە. ئەمانە ژنو منداڵكوژ.! سەیر لەوەدایەكە (تاریق الهاشمی) لەسەرەتای ئەمساڵ سەردانی هەڵەبجەی شەهیدی كرد، مەدالیای شەهیدی نەمر (عومەری خاوەر)ی پێشكەش كرا…
3. تاكو ئێستا ئەو (3) تاوانبارە لای ئەمریكییەكاننو ئامادە نین تەسلیمی حكومەتی عێراقی بكەن. هەرچی بێت هۆكار، هەڵوێستی كاربەدەستانی ئەمریكی ناتەبایە لەگەڵ یاساو دەستووری هەمیشەیی كۆماری عێراق، كە هەمیشە سەرانی ئەمریكا بە (بوش)ەوەش جەختی لەسەر دەكەن، جگە لەوەش بێڕێزییە لە ویستو خواستی خەڵكی كوردستانو برینداركردنی هەستی نەتەوەیەكی زیاتر لە (40) ملیۆنییەو، سووكایەتی كردنە بەتراجیدیاكانی ئەنفالو هەڵەبجە، واتە جینۆسایدكردنی كوردوپەراوێز كردنی، ئەمەش یەك لەو بنەما سەرەكییانەیە كە گوزارش لەنیازو ویستی ئیداری (بوش) دەكا دەرهەق بەخەڵكی كوردستانو، درێژەپێدەری بوونی هەمان سیاسەتی كۆنی ئەمریكایە سەبارەت بەهاوكاریو بەهێزكردنو پشتگیریان بۆ سەددامو رژێمە فاشییەكەیو چاوپۆشیو پاساودانی گشت تاوانەكانی سەردەمی ئەو رژێمە فاشیەیە بەتایبەتی دژ بە میللەتی كورد، هەر لەریككەوتننامە شوومەكەی جەزائیرى 1975 تاكو شەڕی ئیراقو ئێرانو كاوڵكردنی كوردستانو ئەنفالو جینۆساید كردنمانو شەڕی كوێتو، كۆڕەوە ملیۆنیەكەی 1991و (رێگرتن لە رزگاركردنی ناوچە تەعریبكراوەكانمان)و هەوڵی سنووردار كردنو بچوككردنەوەى رۆڵو پێگەو دەسەڵاتی كورد لە ناوەندوپشتگیری لە گەندەڵیو گیانی بەرەڵاییو هاوكاریو هەماهەنگى لەگەلأ سوپای توركیا بۆ تێكدانی ژێرخانی ئابووریو داگیركردنی وڵاتەكەمانو لەبار بردنی ئەم ئەزموونەو… تاد. سەیرە ئیدارەى بوش لەبەر رووداوی 11/ ئەیلولی 2001و، لەدەستدانی دوو هەزار هاووڵاتی خۆی (ئەگەر چی كەم تەرخەمی و درزە ئەمنیەكانی خودی ئەمریكا هوَكاری سەرەكی ئەو رووداواوە بوو) ، دوو وڵاتی داگیر كرد. دوو رژێمی گۆڕی. تاكو ئێستا زیاتر لە (4) هەزار سەربازی فەرمی ئەمریكی گیانیان لەدەستداوەو بەدەیان هەزاری دیكەیان بریندارو سەقەت بوون و،خەرجی مانگانەی جەنگەكەیشی 12 ملیارد دوَلارە و، قوربانییەكانی هاووڵاتیانى عێراق یەك ملیۆنی تێپەڕ كردووەو، و، سەرەڕای خاپووركردنی ژێرخانی ئابووریو شەڕی ناوخۆیی تایفەگەریو رەگەزیو بڵاوبوونەوەو زیاد بوونی كردەوەو رۆشنبیرى تیرۆرو توندوتێژی لەناوچەكەو لەعێراقو بوونی ئەم وڵاتە بە ناوەندێكی راكێشانى تیرۆر (جەزبی ئیرهاب) جگە لە زەرەرو زیانی ماددیو مەعنەوی، ئێژین بۆ بۆ (2) هەزار هاووڵاتی خۆی ئەم هەموو بەزمەی دروستكردوە..؟و، بۆ دەبێ بەرامبەر بە تاوانبارانی قڕكردنی زیاتر لە (182) كوردی بێ تاوان وا بێ هەڵویست بێتو، دووریش نییە فشاركەریش بێت بۆ ئەوەی سوڵتان هاشمو حوسێن رەشید تكریتی لەسێدارە نەدرێن…؟!
4. چ بێت هۆو هۆكارو مەبەستە سیاسیو مەزهەبی لەپشت دواخستنی جێبەجێكردنی حوكمی دادگای باڵای تاوانەكان (پاش ئەوەی هەموو قۆناخەكانی یاسایی خۆی بڕیوەو حوكمەكەش پلەى یەكلاییەكەرەوە "دەرەجەی قەتعی" وەرگرتووە)و، جیاكردنەوەی (عەلی كیمیایی)و پەسەندكردنی سزاكەی لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتیو، راگرتنی جێبەجێكردنی سزای (سوڵتان هاشمو حوسێن رەشید تكریتی)، لادانە لەیاسای دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقو دەستێوەردانو تەجاوزە لەلایەن (دەستەی سەرۆكایەتی)ەوە لەسەر دەسەڵاتی دادوەریو، ناكۆكە (مخالفە) لەگەڵ بنەماكانی دەستووری هەمیشەیی عێراق.
ئەوەی لائێمەو شەقامی كوردستانی بە تەحدید جێگای سەرسوورمانو نیگەرانییە، خۆگێلكردنی سەرانی فەرمی كوردستانە یان هەڵهاتنو بگرە پاساودانەوەی هەندێكیانە، چ لەدواخستن یا جێبەجێنەكردنی سزاكان یان وەسفكردنی گشت كێشەكە بەكێشەیەكی یاسایی نەك سیاسی. بەچ دەسەڵاتو مەنتیقێك سەرۆك كۆمارو جێگرێكی، وا بەزەقی یاساو بنەمای دەستوور پێشێل دەكەن بۆ چەند تاوانبارێك، كە بەدەیان بەڵگەو بە دانپێدانانى (ئیعترافی) خۆیان سەپەرشتو جێبەجێكەری لەناوبردنی زیاتر لە (182) مرۆڤی كوردی بی تاوانن…!
بۆ (سوڵتان هاشم) ئەفسەرێكی (شجاع)و (بەڕێز) بێت یان وەكو ئەفسەرێك فەرمانی سەرووی خۆی جێبەجیًَكردووە واتە فەرمانی (سەددام)ی جیًَبەجێكردووە..؟ ئەگەر وایە بۆ تەها جەزراویو شابەندەر و بەرزانی برای سەددام لەسێدارە دران..؟ ئەگەر بەم مەنتیقە بڕۆین خۆ (عەلی كیمیایی)یش فەرمانی سەددامی جێبەجێكردووەو، دەیان تاوانباری دیكەی سەرانی رژێمی لەناوچووی سەددام هەر هەمان شت..!
ئەگەر راستە (سوڵتان هاشم) نۆكەری بۆ (CIA) كردووە یان دەزگایەكی دیكەی سیخوڕی ئەمریكی یان پەیوەندی بە بەرهەڵستكاری عێراقییەوە هەبووە، یان بە سەرانی كورد یان عەرەبی عێراق لە بەرهەڵستكارانی سەددامی دوێنێو سەرانی عێراق یان كوردستانی ئەمڕۆ، دەڵێین بۆ پێش یان لەكاتی دادگاییكردنی ئەو تاوانبارە بەڵگەكان نەخرانەڕوو یان ؟! بۆ كەسێك لەوانەى كە ئەمڕۆ بەرگرى لێدەكەن نەهاتنە بەردەمی دادگاو لەبەرچاوی خەڵكی عێراقو كوردستانو جیهان هەڵوێستى (سەلیمی) ئەو تاوانبارە روونبكەمەوە…؟!
بۆ (6) مانگ دەچێت ئەم كێشەیە دوادەخرێتو هەوڵی ئەوە دەدرێت بە (تقسیت)، لەبیری خەڵكی كوردستانو عێراقی ببەنەوە…!
لەوتارێكماندا لەژێر ناونیشانی (بەرێز سەرۆكی كۆمار ئەگەر ئیمزاشی ناكەی ئاسانكاربە) كە لەهەفتەنامەی (میدیا)ى ژمارە (315) لە 20/11/2007، لاپەڕە (6) بڵاوكرایەوە، بەدوورو درێژی باسی ئەم كێشەیەمان كردووەو، ئەودەم بەئێستایشەوە داوامان لەدەستەیی ئەنجوومەنی سەرۆكایەتی كرد كۆتایی بەو نەخشەی دواخستنی جیبَەجێكردنی سزاكان بێنن…
بەش بەحاڵی خۆمان زیاتر ئەم داخوازییە رووبەڕووی بەڕێز سەرۆك كۆماری عێراق دەكەینەوە بەو پێیەى كە ئەو لەو پۆستەدا نوێنەری لیستی هاوپەیمانی كوردستانەو، دەبێت لەهەموو ئەوانی دیكە سوورتر بێت لە بەدەنگهاتنەوەی خەڵكی كوردستانو، كێشەكە دوورخاتەوە لەگەمەی سیاسیو تایفەگەریو ململانێی نێوان دەستەی سەرۆكایەتیو سەرۆك وەزیران و، بەرژەوەندی كاتی ئیدارەی بوش لەعێراق.
ئەم هەڵوێستە نەك تەنها رێز نەگرتنە لەهەستو خواستی بەدەیان ملیۆن كوردستانیو عێراقیو مرۆڤ دۆستی ئەم جیهانە بەڵكو بەئاشكراو بەزەقی پێشێلكردنی دەستوورو یاسایەو شكاندنی حورمەتی دەسەڵاتی دادوەرییەو بەتەحدید لادانە لەحوكمی یاسای دادگای باڵای تاوانەكانى عێراق، كە بەپێی ئەو یاسایە، حوكمەكانی ئەم دادگایە نە قابیلی دواخستنەو نە راگرتنو نە دەستكاری كردنی واتە لێبووردن یان سووككردن.. تاد
وەكو هەنگاوی یەكەم،لەم رۆژانە دەستەی سەرۆكایەتی، بڕیاری جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانی (علی حەسەن المجید)ی راگەیاند، كەچی چارەنووسی لەسێدارەدانی تاوانباران (سوڵتان هاشمو حوسێن رەشید تكریتی) تاكو ئێستا بەهەڵپەسێردراوى ماوەتەوە، ئەمەش جۆرە فەرقو جیاوازیەكە لەنێوان (3) تاوانبار كە لەلایەن یەك دادگاوەو بەچەندین تاوانی وەك یەك لەوانە تاوانی كۆمەڵكوژیو جینۆسایدكردنی خەڵكی كوردستان، سزای لەسێدارەدانیان لەسەر دراوەو دادگای تێهەڵچوونەوە پەسندی كردووەو حوكمەكەش یەكلاییكەرەوەیە (قاتیعانیە).
(عەلی كیمیاییو سوڵتان هاشمو حوسێن رەشید تكریتی) 3 تاوانباری سەرەكین لەتاوانى ئەنفالو كیمیاباران كردنی خەڵكی كوردستانو خاپووركردنی ژێرخانی بەهەموو دەرئەنجامەكانییەوە لە دەستدرێژى (ئیغتێاب)و تاڵان (فەرهوود) كردنی سەروەت سامانو راگوێزانو ژیانی كوێرەوەریو زەلیلیو… تاد، خەڵكی كوردستان.
سزاكانی (كیمیاییو سوڵتان هاشمو تكریتی)، بەپێی بڕگەو ماددەكانی یاسای ژمارە (10)ى ساڵی 2005 یاسای دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق، كە لەخوارەوە ئاماژەی بۆ دەكەین حوكم دراونو، بەدەلالەتی مادەی (15- یەكەمو دووەم)و ماددەی (24)ى یاسای ناوبراوی سەرەوەو، بەپشتبەستن بەماددەكانی (406 -1 -أ-ب- و)و، (421-أ -ب -د)و (1393- 1- ج)و (182-د)و چەندین بڕگەو ماددەی دیكەی یاسای سازاكانی عێراقی ژمارە (111)ی ساڵی 1969ی هەمواركراو:
1. بڕگەكانی ماددەی (11- یەكەم)ی ئەو یاسایە. كە تایبەتە بەتاوانەكانی قڕكردنو كۆكوژی (جریمە الابادە الجماعیە).
2. بڕگەكانی ماددەی (12- یەكەم)ی ئەو یاسایە. كە تایبەتە بە تاوانەكانی دژی مرۆڤایەتی (جریمە چد الانسانیە).
3. بڕگەكانی ماددەی (13- یەكەم- دوەم- چوارەم)ى ئەو یاسایە، كە تایبەتە بە تاوانەكانی جەنگ (جرائم چد الحرب).
وكو پرنسیپ بەندە هەر لە سەرتاوە بە باشم زانی جێبەجێكردنی سزاكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق جێبەجێنەكرێت تاكوكێشەی تاوانبارانی ئەنفال وهەڵەبجەوبارزانیەكان و فیلیەكان ، كوَتایی پێ دییت وەلی سەددام و بەرزان و جەزراوی .. لە سیدارە دران و،هەموو مرۆڤێكی خاوەن ویژدان پێشوازی لەبڕیاری سەرۆكایەتی كۆماری عێراق دەكات سەبارەت بەجێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانی تاوانبارێكى وەك (عەلی كیمیایی) وەلێ جیاكردنەوەی (عەلی كیمیایی)و دواخستنی جێبەجێكردنی هەمان سزای عەلی كیمیایی بەسەر (سوڵتان هاشمو حوسێن رەشید تكریتی)، بڕیارێكی نایاساییو دژی ماددەی (27)ی یاسای ژمارە (10)ە، واتە یاسای (دادگای باڵای تاوانەكانى كۆماری عێراق)و بڕگە (1)و (8)ی ماددەی (73)ی دەستوورەو، تەجاوزێكی دیكەی دەستەی سەرۆكایەتی كۆمارە لەسەر دەسەڵاتی یاسادانان. بە پێی ئەو دەسەڵاتانە كە هەیانە ، لەسەر دەسەڵاتی فەرمی هەرێمی كوردستانە بەسەرۆكایەتی هەرێمو حكومەتو پەرلەمانی كوردستانەوە،وەك لادانێكی دەسەڵاتی ناوەند لەدەستوور بۆ كێشەیەك كە پەیوەندی راستەوخۆى بە پرسی كوردو موقەدەساتی نەتەوەیەكەوە هەیە بەپەلە:
1- داوا لەدەسەڵاتی جێبەجێكردنی كۆمارى عێراق بكات بەهەمان شێوەی (عەلی كیمیایی)، (سوڵتان هاشمو حوسێن رەشید تكریتی)یش بگەن بەسزای خۆیانو حوكمی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق وەك یەك پاكێت جێبەجێبكەن.
2- جوقت لە سەر نوێنەرانی لیستی هاوپەیمانی كوردستان لەدەسەڵاتی كارگێڕی بەهەردوو باڵەكەیەوەو لە ئەنجوومەنی نوێنەران یكات كە، رۆڵی خۆیان ببیننو پێداگرن لەسەر جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانی (سوڵتان هاشمو حوسێن رەشید تكریتی)و، ئەگەر ئەنجوومەنی سەرۆكایەتی كۆمار، سووربوون لەسەر هەڵوێستی ئێستای خۆیان بانگ بكرێن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانو، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، ئەگەر هەر سوور بن لەسەر هەڵوێستی خۆیان ئیجرائاتى یاساییان لەگەڵدا بكرێت هەروەكو لەدەستووردا هاتووە. ولە سەر :
3- دەسەڵاتی فەرمی كورد لەبەغداو هەرێمی كوردستانە كە لەدەرەوە فشار بخاتە سەر ئیدارەی بوش بۆ ئەوەی چیتر ئەو دوو تاوانبارە نەپارێزێتو تەسلیمی حكومەتی عێراقیان بكاتو كۆسپو تەگەرە دروست نەكات لەبەردەم جێبەجێكردنی ئەو سزایەو، دەستهەڵگرن لەپێشێلكردنی دەستوورو یاساكانی كۆماری عێراقو، چیتر هەوڵی لاوازو مرداركردنەوەی تراجیدییەكانمان نەدەن كە خودی دەسەڵاتی ئەمریكی لە زۆر بواریدا هاوكارو بەشدارو چاوپۆش بووە.هەروەها لە سەر :
4- ناوەندەكانی پەیوەندار بەكێشەی ئەنفال بەتەحدیدو گشت رێكخراوەكانی مەدەنی لەكوردستانو لەدەرەوەو لایەنە سیاسییەكانو گشت هاووڵاتیێكی ئەم كوردستانە، ئەم پێشێلكردنەو ئەم كورد بەكەم زانینە لەهەر لایەك بێت، بەهەند وەربگرنو هەموو شێوەو شێوازیێكی ئاشتییانەی شارستانیو یاسایی بەكار بێنن وەكو فشارو پرۆتێست، لەسەرو دژ بەوانە كە هەوڵی دواخستنو خاوكردنەوەی سزاكان دەدەنو،داوای پەلەكردن لە جێبەجێكردنی ئەو سزایانە بەسەر دوو تاوانبارەكانی دیكەیش بكرێت و،
5- لەسەر دەزگا جیاجیاكانی راگەیاندنی كوردستانە دەستكەن بە هەڵمەتێكی فراوانو هەمەلایەنانە لەمەڕ هۆشیاركردنەوەی شەقامی كوردستانیو تەعبیئەكردنی، هەروەها ریسواكردنی ئەو دامودەزگایانە كە هەوڵی جێبەجێنەكردن یان خاوكردنەوەی سزاكان دەدەن.
گرنگی ئەم هەڵۆیستانەو ئەو هەڵمەتە زیاتر لەوە دایە كە رۆژی 29/2/2008 ئەنجوومەنی سەرۆكایەتی كۆمار بەدەر لەیاسا، لەسێدرەدانی عەلی كیمیایی بەفەرمی پەسند كردو، چارەنووسی هەردوو تاوانبارانی دیكە واتە (سوڵتان هاشمو حوسێن رەشید تكریتی)ى وەكو خۆی هێلاوەتەوەو، لەكاتكێدا وتەبێژی حكومەتی عێراق عەلی دەباغ رایگەیاند كە (د.نوری مالكی) بڕیاری دەستەی سەرۆكایەتی بەدابەشكردنی سزاكان قەبوڵ ناكاتو جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە دەبێت هەر (3) تاوانباران پێكەوە لە سێدارە بدرێنو، بۆ دەسەڵاتی سەرۆكایەتی نییە نە سزاكان دابەش كاتو نە دەستكاریانیش بكات.
مالكی پێی وایە كە پێویستە گشت تاوانبارانی دۆسیەی ئەنفال بە یەك جار تەسلیم بكرێن، بەو پێیەی كە لەیەك دۆسیەدا تاوانبارنو، سزای هەرسێكیان وەك یەك وایە (لەسێدارە دانە)و تاوانەكانیانیش وەك یەك وایە ئەویش (تاوانی قڕكردنو كۆكوژی= جرائم الابادە الجماعیە)و (تاوانى دژی مرۆڤایەتی= جرائم چد الانسانیە)و (تاوانی دژی جەنگ= جرائم چد الحرب)ە. هەڵوێستی (مالكی) لەم بارەیەوە جێگای رێزە (تەقدیرە)و پێویستی بەپشتگیری گشت لایەنەكانی پەیوەندار هەیەو لەپێش هەموویانەوە دەسەڵاتی فەرمی كوردستانو میدیاكانو شەقامی كوردستانی.
تۆ بلێت ئیدی تاوان لەو تاوانانە گەورەتر هەبێت كە ئەم دڕندانە دژ بە خەڵكی كوردستان ئەنجامیان داوە. ئەگەر لایەنە فەرمییەكانی كوردستان حیزبو رێكخراوەكانو دەزگاكانی راگەیاندن لەمە بێدەنگ بنو نەیكەن بە هەرا، باشە ئیدی لەسەر چی بەدەنگ دێن..!
15/3/2008