شێتى تروپكى پاكێتى ئینسانە…..پێشڕەو حەمید
( كەس شێـت نییە تەناها شێت خۆى نەبێت )
مرۆڤ لەهەرشتێكدا ئازاد بێت, ئەوا لەوەیاندا مەحاڵە بەئازادى شێت بون بۆ خۆێى هەڵبژێرێت, شێت بون یان شێتى لەهەمو كاتەكانیدا ناسنامەیەكە ( مرۆڤ ) ناتوانێت ڕەهایانە هەڵگرى بێت, بەومانایەى هیچ مرۆڤێك خوا ستێكى نیە بۆشێت بوون.
دیارە قسەكردنى من بەم خێراى یە لەسەر ئەم حاڵەتە قسەكردن نیە لەسەر ئەو شێت بونە سەتحییەى كەهەندىَ جار بەمرۆڤێك دەوترێت كە تاڕادەى گریان عاشقانە مەعشوقەكەى لەڕۆحیدا دەژێنێت و مەزنانە ئامێزى بۆدەكاتەوە , یان لەكاتى پەرچەكردارێكدا بەمرۆڤێك دەگوترێت كە كارو كردارەكردەوەكانى نائاسایانە بەرجەسەتە دەكات و ئەو پێناسەیەى پىَ دەبەخشێت و دواجار پێى دەگوترێت تۆ مرۆڤێكى شێتى !!بەڵكو من دەمەوێت قسە لەسەر فەزاى ئەو كۆمەڵگەیەبكەم كە مرۆڤێك هەربەڕاست لەڕوى دەرونى یەوە ناجێگیرەو مرۆڤە ئاسایەكانى تر , بە ( شێت ) ناو زەندى دەكەن , هەرلەبەر ئەوەى لەدەرەوەى ئیرادەى خۆى وەك مرۆڤێكى ئاسایى لەهەموو ڕوەكانى ترەوە ژیان ناگوزەرێنێت و نائاسایانە مامەڵە دەكات لەگەڵ بونەوەرەكانى ترو هەمو شتەكانى چواردەورى خۆیدا.
مامەڵە كردنى مرۆڤەئاسایەكان لەگەڵ ( مرۆڤە پاكەكان ) دا كە ناویان لێناون ( شێت ) لە ڕوئیاى كۆمەڵگەیەكەوە بۆ یەكێكى تر و لەناوچە یەكەوە بۆ ناوچەیەكى تر جیاوازیان هەیە و ماناكانى ژیان دۆستى و مرۆڤ دوستى لە خوێندنەوەى تاكەكانى ئەو كۆمەڵگەیە و كولتورى ئەو كۆمەڵگەیەوە دەبنە ئاوێنەیەك بۆ ئاشكرا كردنى ڕوخسارى جیاوازى یەكان .
بەختەوەرترین مرۆڤى ( شێت ) ئەو مرۆڤەیە كە لەفەزایەكدا ژیان بگوزەرێنێـت ,كەسەرشەقامەكانى پڕبن لە مرۆڤى بەخشندە و خاڵیى بێت لە بونەوەرى توڕِِِِِِِِِِِەو مرۆڤى بە بەردبوو, بەڵام داماوترین ( شێت ) ئەو كائینە گوناهەیە كە لە كۆمەڵگایەكى وەك كۆمەڵگایى كوردیدا و لەسەر شەقامێك ژیان بگوزەرێنێت , كە چواردەورەكەى پڕبێـت لەمرۆڤى بێكارو هەڵچوو دەرون گەرم و توڕەو (یەئس ) بوو.
مرۆڤى شێت لە كۆمەڵگەى كوردیدا مرۆڤێكى غەدر لێكراوە, زهنى ) خۆیى غەدرى لێكردوە كە بەشێتى خولقاوە و لەنێو كولتورێكدا بەجىَ ماوە كە پڕە لەدڵ ڕەقى مرۆڤكانى تر بەرامبەریان و خودى كۆمەڵگا غەدرێكى نائینسانیانە دەكات بەرامبەریان كە هەمیشە دەكەوێتە بەردەم گاڵتە پێكردن و سو ك تەماشاكردنیان لەلایەن مرۆڤەئاسایەكانى ترى ناو پێك هاتە جیا جیاكانى خۆیى, هەریەكێك لەئێمە ڕۆژانە هەست بەو ئازارانەدەكەین كە مرۆڤەشێتەكانى ئەم كۆمەڵگەیە بەدەست ڕەفتارو كردەوە نا مرۆڤایەتى یەكانى هەمان كۆمەڵگە دەیبینن و بە دڕندانەترین شێوە گاڵە بەجەستەو هەستیانەوەدەكەن , ڕەنگە هەمان بێت خۆیندنەوە بۆ مرۆڤى شێت بەو چەشنەبكات كە هەستیان نیە هەربۆیە پێیان دەگوترێت شێت ؟!بەڵام ئەم خوێندنەوەیە تاڕادەیەكى زۆر هەڵەیە؟؟ چونكە زۆرجار مرۆڤى شێت لەكاتى قسەكردندا زۆر شت دەڵێن و هەندىَ خوێندنەوە دەكەن مەحاڵە مرۆڤى كامڵ بیان كات یان هەستیان پىَ بكات , كەمن بۆخۆم گومانم هەیە لەوەى مرۆڤى كامڵ بە مانا هەستیاریەكەى خۆیى لەنێو ئەم پانتایەدا بونى هەبێت.
كائینێكى تر كە نایەكسانیەكانى سروشت و غەدرى ئیلاهى شوناسى ( شێت ) ى پێبەخشیوە ( ئافرەتە ) ئافرەتەشێتەكانى ترى ئەم كۆمەڵگەیە لەپیاوەشێتەكانى تر گوناهترو چەوساوەترن؟!چونكە پیاوشەنسى چونەدەرەوەو هاتنەسەرشەقام و كۆڵانەكانى هەیە و دەتوانێـت بەئارەزوى خۆیى لەگەڵ بیركردنەوە پڕلە بەرائەتەكانى خۆێدا پیاسەیەك بكات و لە هەرشوێنكێدا ویستى ڕابكشێت و سەرخەوێك بشكێنیت , بەڵام ئەوا بۆ (ئافرەتى شێت ) مەحاڵە ؟! چونكە یان لەزیندانى ماڵەوە جارێكى تر زیندانى دەكرێتەوە دەست و قاچەكانى دەبەستنەوە, یان قورسترین كارى پێدەكەن و هەرجارەو بەبیانوى شتێكەوە دارێك دەكێشن بەسەریاندا , یان ئەو ئافرەتانەى كەدەكەونە بەر ڕق و توڕەبونەكانى خێزان و كەسوكارەكانیانەوە و بەرەڵایى سەر شەقام و كۆڵانەكانیان دەكەن , دەبنە گوناه ترین بونەوەرى سەرزەوى؟! چونكە ئافرەتى ئاسایى لە كۆمەڵگایى ئێمەدا دەچەو سێنرینەوەو سوكایەتیان پێدەكەن و نا عەدالەتى دەكرێت بەرامبەریان , ئەوا ئیدى چاوەڕوانى چى بكرێت لە خودى ئەم كۆمەڵگایە كە پاداشتى ( ئافرەتێكى شێت) بوو بكات و ڕێزى لێبگرێت,؟؟ كىَ هەیە لە ئێمە چەندین چیرۆك و بەسەرهاتى ئەو ئافرەتە شێتانەى نەبیستبێت كە كەوتونەتە بەر دڕندەیى حەزە نا ئینسانى یەكانى مرۆڤە ( عاقڵەكان ) ى ئەم فەزایەوە؟؟ گوناهى ئەو ئافرەتە ( شێت ) ا نە چى بوو كە بەبىَ ویستى خۆیان سكیان پڕكراو چارەنوسێكى نادیاریان بەخشى یە كۆرپەكانى ناوە وەیان ؟؟.
شێت بوونى مرۆڤ شتێكە لەدەرەوەى ئیرادەى خودى مرۆڤدایە , دەبێت مرۆڤەكانى تر ڕێزیان بگرن و سۆزو خۆسەویستى بەیسەریاندا ببارێنن و حكومەتیش ئەركى ئەخلاقى و ئینسانى خۆیەتى شوێنێكى تایبەتیان بۆ دابین بكات و ڕزگاریان بكات لە گاڵتەو سوكایەتى پێكردن , نەك خودى حكومەت خۆیشى ببێتە تەماشا كارو بەشدارى ئەو گاڵتەو سوكایەتى پێكردنەبكات ؟! چونكە شێت ئەو مرۆڤەیە كەڕێزى مرۆڤ ناگرێـت و سوكایەتى بە مرۆڤەوەدەكات , ئەو مرۆڤەیشى بە غەدرى ڕۆژگارشێت بوە مرۆڤێكە بەرائەتى لێدەبارێت و شێتبونیشى دەبێتە تروپكى پاكێتى ئینسانەیانەى خۆى .
پێشكەش بەو ئافرتەى كە لە سەر شەقامەكانى شارى دەربەندیخان 6 ساڵە زستان بەڕێدەكات و هیچ كام لەڕیكخراوەكانى ژنان نەیان توانى بۆساتیكیش لەخەمەكانى كەم بكەنەوە .