Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
یەکگرتنەوەی بەرد و پەیڤ و هاوار بەیەکدی

یەکگرتنەوەی بەرد و پەیڤ و هاوار بەیەکدی

Closed
by September 9, 2011 گشتی

یەکگرتنەوەی بەرد و پەیڤ و هاوار بەیەکدی
لەپێناو دروستکردنی ئازادی دا
ئازاد حەمە/ پاریس

 

 

 


خەباتی سەر شەقام خەباتی خەڵکانێکە خاوەنی تانک و تۆپ و تەقەمەنی قوورس نین و ئەوی هەیانە پەیڤ و بەردە و ، لانەی ڕاستەقینەشیان سەرجادەکان و چەکی دەستیشیان وشە و بەرد و هاوارە (قیژە). گشت ئەوانەش ئەو ئامرازە سادە و سەرەتاییانەبوون کۆششکرا لەلایەن ئایاریەکانەوە بۆ دروستکردنی ئازادی وەگەڕخرێت. دروستکردنی ئازادی ململانەێکی قووڵ و درێژخایەنە و نە بەیەک کەس و نەش بە ماوەێ کەم دێتەدروستکردن. بۆئەوەی ئایاری 1968ی پاریسیش ببێت بە ئایاری ململانێ  لەنێوان خودی خۆ و ئەویتردا ئایاریەکان کەوتنە ناو جۆرە ململانێیێ دوو جەمسەرییەوە کە سەرێکیان بریتیبوو لەوەی ئایاریەکان، کە لاوان دەگرێتەوە، ویستییان بۆخۆتاقیکردنەوە لەتەک خۆیاندا بکەونە دووبەرەکایەتی تا ئەو خودە کۆن و لاواز و سستەی ساڵانێکە لەناخیانا نووستووە و مەیلی بۆ گۆڕان لە ئاستێ هیچدایە دەربێنن. هەرچی جەمسەری دووەمە خۆی لەوەدا پووختدەکردەوە بکەوێتە بەربەرەکانێ لەتەک ئەویتردا، لەتەک ئەو ئەویترەی ئەم خودەی نامۆ و دەستبەسەرکردووە. هەرلێرەشەوە مەیلی ئایاریەکان بۆ گۆڕان و بۆ هێنانەدونیای ئازادی، لە کۆمەڵگەێ کە بەدەست هێزە بەدە سیاسییە کۆن و نەرێتیەکانەوە دەیناڵاند ، هاتەدونیاوە.
جێگای ئاماژەپێدانە، ویست بۆ ئازادی بۆ ئایاریەکان ویست ببوو بۆ دروستکردنی شتێ نوێ، بۆ ئەو شتەی نییە، ئەمەش وایکردبوو بکەونە سەر شەقامەکان. هەروەها جەغتی ئایاریەکان لەسەر واتای ئازادی و کردنی ئەم واتایە بە سەریباس و بنی باسی گووتار و دروشم و قیژەکانی سەرجادەکانیان لە پاریس و لە شارەکانی تری فەڕەنسا وێنەێ ئەوتۆی لەسەر ئەو واتایە دروستکردبوو کە تاکی فەڕەنسی پاش ڕووداوەکانی ئایار بێ ئازادی ئەستەمی ئەستەمەکانە کاتەکانی بگوزەرێت. ئەم گشت جەغتەش لە واتای ئازادی بۆ هاوڵاتیانی فەڕەنسی هیواێک بوو بۆ دەربازبوون لە تەنگژەکان و مانادان بە ژیان، بەژیانژیان لە کۆمەڵگەدا.
وەکیتریش جەغتلەو لایەنەش دەکەین، ئایاری 68 زۆرترین بایەخی خۆی خستەسەر ئازادی، ئازادیەکانی تاک و ئازادیە جۆراوجۆرەکانی تاکیش. ئازادی لە شوێنی کار، ئازادی لە حەرەمی زانکۆکان، ئازادی لە ناو خێزان و گشت بوارەکانی تری ژیان. زۆرترین شتێکیش کە ئایاری 68 کاریگەری لەسەربەجێهێشت پێوەندی نێوان فەڕەنسی و بێگانە و هەروەها ئافرەت و پیاو بوو کە ئەوەش بەشێکە لەو تێگەیشتنەی لەو دەمەدا بۆ واتای ئازادی هەبوو.
ئەوی کە وتراش بەو مانایەشدێت، زۆرینەی ئایاریەکان دەیانویست لەڕێگای واتای ئازادییەوە، لەڕێگای بایەخدان بە ئازادییەوە، متمانە بۆ گۆمەڵگە، بۆ پێوەندیەکانی نێو تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە و بۆ تاک و کۆی ئەم کۆمەڵگەیەش بگێڕنەوە. چونکە ئەزموونی فەڕەنسیەکان ئەوەی فێرکردبوون تەنیا لەڕێگای وەدووکەوتنی ئازادییەوە دەشێ هیواکان بهێنرێنەدی. ئەو دەمەش هیواکان دێنەدی متمانە لە کۆمەڵگە، لەنێوان تاک و دەسەڵاتدا دروستدەبێت. ئازادی و متمانە وەک دوو واتای پێکەوەگرێدراو لە ساتەوەختی خۆپیشاندانەکانا گەرمترین گفتووگۆی سیاسییان لەسەربوو. ئازادی بۆ تاکەکانی کۆمەڵ و ئازادی بۆ گشت بوارەکانی ژیان. متمانەش باسێکبوو کە پێویستبوو سەرنجی بخرێتەسەر تا لەنێوان هاوڵاتی و تاکەکانی کۆمەڵگە دروستکرێت. بۆیە کارکردنی خۆپیشاندەرانی پاریس بۆ هێنانەدی ئازادی وایپێویستدەکرد بزووتنەوەی قوتابیانی ئایار هەوڵبدات خۆیبکات بە بزووتنەوەێ گشتگیر و هەروەها خۆشی بە خاوەنی گشت ئەو کێشە مرۆی و ئیتیکییانە بزانێت کە چەوسانەوە و داگیرکردن و نامۆی لە کۆمەڵگەدا دروستدەکەن.
بۆیە مەیل بۆ ئازادی بۆ دروستکردنی متمانە لەنێوان سیاسی و هاوڵاتی بۆ ئایاریەکان کێشەگەلێبوون دەبایە چارەسەرکرێن. گشت ئەو چالاکییانەش ئایاریەکان لەسەر شەقامەکانی پاریس ئەنجامیاندەدا ئامانج لێی خولقانی ئەو ئازادیە بوو کە ببوو بە ویستێ ڕەها و تاوتوێکردنی مەحاڵ بوو. چونکە تاوتوێکردنی ئازادی خودی ئازادی دەخاتە نێوان هەبوون و نەبوونەوە. ئەمەش لەبەرئەوەی ئەو دەمەی ئازادی نییە ژیانی کۆمەڵایەتی تاک و کۆ لە کۆمەڵگە دووچاری کێشەی جۆراوجۆری سیاسی و ئابووری و بگرە دەوروونی و سێکسیش دەبێتەوە.
بەگشتیش ئایاریەکان خاوەنی گەلێ وانەی بەپێزن لەسەر واتای ئازادی و مانای سەرفرازی تاک لە کۆمەڵگە. خۆپیشاندەران لەدەمووەختی ڕووداوەکانی ئایاری پاریس پێیانوابوو ئازادی شتێکە لەنێوان بوون و نەبووندا.واتە، ئازادی یان هەیە و یاخودیش لەبنڕا نییە، ئەو دەمەش کە ئازادی دەبێت پێویستە بەتەواوەتی هەبێت نەک بەنیوەچڵی. ئازادی تاککەس شتێ نیمچەی نیە و ، ئایاریەکانیش دەیانویست خۆیان لەوڕوەوە یەکلاکەنەوە کە ئەودەمەی ئازادی دەبێت یان بەجۆرێ گشتی و سەرتاسەری دەبێت و گشت و زۆرینەش دەگرێتەوە و یانیش ئازادی بوونی نابێت. کەواتە، بۆ خۆپیشاندەرانی 1968 ی پاریس ئازادی ئەو شتەبوو نەدەکرا بکرێت بە دوو کەرتەوە، شتێکی بدرێت و یان هەبێت و ئەویدیشی نەبێت. تێگەیشتنی ئایاریستەکان بۆ واتا گەلێکی وەک ئازادی، سەربەخۆی، سەرفرازی و تەنانەت بەختەوەری و شادیش تێگەیشتنێ فەلسەفیانەبووە و ئەو تێگەیشتنە دیوی سیاسی خۆشی هەبووە. هەروەها ئایاریستەکان وەک نەوەی شۆڕشی فەڕەنسی لەوەحاڵیببوون ئازادی لەژیانی تاک دا بێئەندازە کاریگەر و وروژێنەرە بۆیە پێیانواببوو دەستهەلگرتن لە ئازادی ئەستەمە و سنوورێ لەنێوان بوون و نەبوونی ئازادیدا هەمیشە هەیە کە ئەوەش ئەو مانایە دەبەخشێت کە ئازادی یان هەیە و یانیش نییە، ئەو دەمەی ئازادیش نابێت شتێ دی شوێنی ئازادی دەگرێتەوە کە نا-ئازادییە.
بۆ پتر ڕاڤەکردنی ئەوی لایسەرەوە ئەوەش دەلێین: تێگەیشتنی ئایاریستەکان بۆ ئازادی تێگەیشتنێ سەرپێی و لاواز نەبووە بەڵکو تێگەیشتنیان بۆ ئازادی پێوەندی بە ژینگەی سیاسی و ئابووری و ئەکادیمی وڵاتەوە هەبووە. بۆیە کاتێک خۆپیشاندانەکان لە ئایاری 1968 دا دەستبەکاربوون زۆرترین بایەخ بە واتای وەک “ئازادی”  درا و جەغتی بەردەوامی خۆپیشاندەرانیش لەسەر مانای تاک و شوێنی ئەم تاکە لە کۆمەڵگە بەهەموو دامەزراوەکانیەوە (خێزان، زانکۆ، کارگە) جۆرە کۆششێبوو بۆ دەربازکردنی تاک لەو ستەم و نامۆییەی ئەو دامەزراوانە ڕۆژانە دووچاریدەکەن.
هەروەک پێشتریش ئاماژەمان پێکردووە ، ئازادی بۆ ئایاریەکان واتە هۆشمەندی و لەلاێتر ئازادی ئاگاییە لەسەر ئەو شتەی کە پێویستە. واتە ئەو شتەی کە پێویستە بۆ هەموان هەرئەوەیە کە ئەم هەموانەی ، واتە خۆپیشاندەرانی، هێناوەتە سەرجادەکان. وەکیتریش ، ئەوەی کە ئەم هەموانە هاتوونەتە سەرجادەکان ئەوەش بەخۆی هۆشیارییە. ئەمەش ئەو دەرهاویشتەیە لای ئێمە دروستدەکات کە بڵێین: بۆ ئایاریستەکان زێدە گرینگبووە بزانن بۆ لەسەر شەقامەکان کۆبوونەتەوە و، ئەوەش کە گەر ئەم کۆبوونەوەیە لەپێناو هێنانەدی پێویستیێک، ئەو شتەی پێویستە نەبێت، نەبوونی باشترە. ئەمەش لەسەرێترەوە بەو تێگەیشتنەش دێت، بۆهەموو خۆپیشاندەرێک پێویستە لەوە بگات بۆ لەوێیە ، بۆ لەو شوێنەیە کە هەموانی لێیە. گەر پێویستیێک بۆ ئەو هەبوونە لەئارادانەبێت ئازادی کە هەمیشە داواێکە لە داوا گرینگەکانی خۆپیشاندەران بێ جەوهەر دەمێنێتەوە. هاوکات بائەوەش بێژین، واتای ئازادی تەنێ لەتەک هوشیاریدا ڕێدەکا و ئەم هۆشیاریەش پێویستە لە بوارێکا چەقبەستوو کرێت. هەر تایبەت بەم لایەنە هەڵەشناکەین بۆئەوەبچین، ئازادی مەیلێکە بۆئەو شتەی کە پێویستە هەبێت کە لەبنەڕەتدا نییە. واتە ، گەر ئازادی هەبایە کەس نەدەڕژایە سەرجادەکان و ئایاری 1968 یش لەدایکنەدەبوو.
گشت ئەوی لایسەرەوەش ووترا بەرەو ئەوەشمان دەبات جەغتلەکەین کە بۆ خۆپیشاندەرانی پاریس  گرینگببوو بایەخ بەوەبدەن کە مرۆڤ تاکێ ئازادە و هەر ئەم ئازادییەشە تاکە شتێکە مرۆیی مرۆڤ دەپارێزێ. ئازادی کە لای فەڕەنسیەکان واتاێ هێژایە یەکێکە لەو واتایانەی شۆڕشی فەڕەنسی و بزووتنەوەی ڕۆشنگەری فەڕەنسی جەغتی لەسەرکردووە.
کەوابێت، ئازادی، ئازادی ڕاستەقینە نەک بەشمەککراو، کە دێت گشت نەهامەتی و ناتەبایەکان ڕادەماڵێت و زێدێ زۆر بۆ یەکسانی و پێکەوەژیان و هاوتاێتی لە کۆمەلکە چێدەبێت کە لەژێرڕکێفی نا-ئازادی دا گشت ئەوانە ئەستەمە دەرک بە بوونیان بکرێت. ئەزموونی سیاسی پێشتری فەڕەنسیەکانیش (لە شۆڕەشەکانی تر) بۆ ئایاریەکان ئەوەی یەکلاکردبوەوە کارکردن بۆ دروستکردنی ئازادی لەیەک کاتدا کارکردنە بۆ هێنایەکایەوەی هەڵاوگۆڕانی کۆمەڵایەتییش. بەمجۆرەبێت هاواری قووتابیان و کرێکارانی پاریس لە ئایاری 1968 دا بۆ بەدیهێنانی خەونە کۆمەڵایەتیەکان بوو، خەونی باشگوزەرانی و گۆڕینی ژیانی بێئایندەیانەی قووتابیان و کرێکاران لە زانکۆ و کارگەکانا. هاوارەکان بۆ گۆڕینی دۆز بوو، ئەو دۆزەی تەنێ بە سەرهەڵدانی ئازادی دەکرا بێتەدی. ئەمەش هەلومەرجێ وایدروستکرد ئازادی بەهۆی هاوار و بەردهەلدانەوە شیاوکرێت. ئەمەش لەسەرێترەوە داکۆکیبوو لەو تێگەیشتنە سیاسییەی بۆ واتای ئازادی هەیە کە ئازادی نادرێت و بەڵکو وەردەگیرێت. ئەو ئازادیەی ئایاریەکان وەریانگرت بەهاتنەسەر شەقام و بە بەردهەڵدان چێکرا. ئەم جۆرە ئازادیە کە لەڕێگای زەبرەوە لەدایکبوو ئازادیێ پێویستبوو بۆ نەوەێک هیوایێ زۆریان بە ئازادی بوو.
پێشتریش لە ڕوونکردنەوەی دروشمەکانی ئایاری 1968 باسمانلەوەکرد کە ئایاریەکان  بە ئاشکرا داوا لەیەکتربکەن “هاوارکە”. بۆ ئایاریەکان ئەمە داواێکی ڕەوابووە و سەرجادەکانیش بۆئەوان بۆ ئەوەبووە هاواریتیاکرێت. کاتێکیش هاواردەکرێت دەنگێک بەرزدەبێتەوە دوژمنی هێمنی و بێدەنگیە. ئەو وەختەش کە هاوار هەیە خامۆشی و کپی یەک لەسەر جادەکانا زەڕە نرخیان نییە. ئەڵبەتە ئەوە ڕوونە کە هاوار لە ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکانا یان لە کارکردە شۆڕشگێڕییەکانا کە لەسەر شەقامەکانا دەگوزەرێت مەغزای خۆی هەیە. چونکە هاوار لەوێڕا هەوڵێکە بۆدامرکانەوەی دەروون و خۆدەربازکردن لەو پەستانەی بەسەر ڕۆحەوەیە. لەهەمانکاتدا هاوار هێماێکیشە بۆ قیژان بەسەر ئەویتر و بەسەر  ئەو ستەمەی ساڵەهایە پیادەی گشت ژیان لە کۆمەڵگە دەکات. جێگای سەرنجیشە، هاوار دەکارێ دەرگاش لە گۆڕان بکاتەوە ئەڵبەتە دەشکارێ مژدەهێنەریشبێت. زۆرجاریش تەنیا هاواری سەرشەقامەکان دەتوانێ هەژان دروستکا و تۆقان لە دەروونی ئەوانە سەوزکات کە بێدادی و چەوسانەوە بەرهەمدێنن. هاواری سەرشەقامەکان لەبەرئەوە گرینگە چونکە هاواری زۆرینەیە پێکەوە و لەیەک کات و شوێنیشدا دەکرێت، هەروەها هاوار دەشێ بەوجۆرەش ببینرێت کە هەڕەشەی گشتە لەو نوخبەیەی زۆرینە دەچەوسێنێتەوە. هاوار دەبێت هەبێت تائەویتر فێری گوێگرتن بێت. هاوار بۆئەوەیە متمانە بگەڕێتەوە و سنوور بۆ ترۆکردن و کپکردن دانرێت. هاوار پێویستی بە گەرووە ، گەرووش تەنیا لەسەر شەقامەکانا دەکارێ وەگەڕکەوێت. کەواتە، ئەو هاوارەی دەکرێت هەموان یەکدەخا و لەیەک شوێنیش کۆیاندەکاتەوە.
ئەوەش کە لایسەرەوە وترا لەسەرێترەوە نیشانەیە لەسەر ئەوەی، تێگەیشتنی ئایاریەکان بۆ ئیدیای ئازادی بۆ هێنانەکایەوەی پاڕادیمێ ئیتیکی نوێ(لێرە مەبەست لە نوێ نوێی ترە ، جیالەوی هەیە) بوو کە هێنانە دی ئەوەش بۆ ئایاریەکان تەنێ بە ڕژانە سەرجادەکان شیاودەکرا. بۆیە پیێداگیری بەردەوامی خۆپیشاندەران لەسەر ئازادی تاک ، ئازادی جەستەی ئەم تاکە، هۆشمەندیێ ڕەخنەی لەسەر واتای ئازادی پێکهێنا کە تاهەنووکەش لە کۆمەڵگەی هاوچەرخی فەڕەنسی گەشەی پێدەدرێت. بەڵام ئەستەم بوو ئەم لایەنە شیاوکرێت گەر هێنانی ئازادیێ ڕەها بۆ کۆمەڵگە نەبێت بە یەکێ لە پرینسیپە سەرەکیەکانی ئایاریەکان. ئەم پرنسیپەش ئەو دەمە پراکتیزەبوو کە گشت پێکەوە لەسەر شەقامەکانا کۆببووبنەوە.
بۆ زێتر شیکردنەوەی قسەکانی لایسەرەوەمان ئەوەش ئێژین، ئەو دەمەی خۆپیشاندانەکانی ئایار کەوتەسەرپێ کچەلاوەکانی پاریس زۆرترین داکۆکیان لە واتای ئازادی دەکرد. ئازادی ئەوکات بۆ ئافرەتانی پاریس زۆرترین مانای هەبوو. ئەڵبەتە، وەک بەشێکیش لە دەرکەوتەکانی واتای ئازادی و ئایاری 68 ی پاریس دەکرێ ئاماژە بە کاریگەری گەورەی تێگەیشتن بۆ ئازادی مافی ئافرەتانەوە بکرێت. چونکە قۆناغی دۆگۆلی لە ژیانی سیاسی مرۆڤی فەڕەنسی وەک قۆناغێ زێدە داخراو و کۆنسێەرڤەتیڤ تەماشادەکرێ سەبارەت بە مامەڵەکردنی ئەم قۆناغە لەتەک ئافرەت دا. ئافرەت لەژێرسایەی دۆگۆلیزم مافی جیابوونەوەی نەبوو ، جیابوونەوەی یەکلایەنە، هەروەها مافی لەباربردنی مناڵیشی هەر نەبوو، ئەمەو ئافرەت بۆیشی نەبوو لە شوێنی کار و شوێنە ڕەسمیەکانا بۆنموونەپانتۆل لەبەرکات هەروەها بۆیشی نەبوو شەوان تا درەنگ لە دەرەوەبێت و ، چەندین شتیتریشی بۆنەبوو.
بۆیە تائێستاش واتەماشای ئایاری 68 ی فەڕەنسی دەکرێت کە گرینگیێ زۆری بە مانای بە ئافرەتبوون و ئازادی ئافرەت دا. ئەم ڕووداوە کە کاریگەری گەورەی بەسەر ئازادیەکانی ئافرەتەوە بەجێهێشت ڕێگای لەبەردەم تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی و ئیتیکی نوێ لەبارەی مێ وە دروستکرد. بەهۆی ئەم ڕووداوەوە ئافرەت هەستی بەبوونی خۆیکرد و کۆمەڵگەی فەڕەنسی کە زۆر نەرێتی بوو و لەژێرکاریگەری کڵێسەی کاتۆلیکیدا ئافرەتی قۆرخکردبوو جۆرێتر لە پێوەندی لەنێوان ژن و پیاوا دروستکردبوو بۆیە ویست بۆ ئازادی تاکە ڕێگاچارەبوون لەبەردەم هەڵوەشانەوەی ئەو نەرێتە و گۆڕینی ئیتیکی کۆمەڵایەتی فەڕەنسی لە ماڵ و لە دەرەوە. ئەمەش وادەکات گەلێ وایبۆبچن ئافرەتی فەڕەنسی تائێستاش لەگەلێ ڕوەوە قەرزاری ئەو ڕووداوەیە و سەربەستی ئافرەت و مافی ئافرەت لە جیابوونەوە یان شووکردن و یان مافی بۆ موڵکایەتی و میراتهەڵگرتنەوە و هەروەها مافی لە حەپخواردن بۆئەوەی مناڵی نەبێت ئەو دیاردانەن ئەو ڕووداوە لەتەک خۆیداهێنای. دووریش نییە دانیێل کۆهن-بەندیت لەسەر هەقبێت کە دەڵێت: بزووتنەوەی ئایار ویستی شێوازی ژیان بگۆرێت تا دەسەڵات (1). وەلێ گۆڕینی ئەو شێوازی ژیانە تەنێ بە مسۆگەرکردنی ئازادیەکان دەکرا شیاوکرێت. چونکە ئەو کاتەی ئازادی قەدەغەدەکرێت و تابۆکان لە نەشونمادادەبن بێمافی زۆرترین داڵدە بۆخۆیدەدۆزێتەوە. بۆئەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو بێمافییە دانرێت پێویستدەکات ئازادی بێتەکایەوە. ئەو وەختەی ئازادیش دێتەکایەوە گشت شتەکان دەخرێنە ژێرگفتووگۆوە، زمان دێتەگۆ و چاوەکان توانای بینین و پشکنینیشیاندەبێت.
ئازادیەکان لە دەمووەختی ئایارا بە ئاسانی و لەخۆڕا نەهاتنەدی. جەفاێ زۆر لەسەر شەقامەکانا درا، نەوەێک بۆ ماوەی 6 هەفتە شەونخوونی لەسەر جادەکانا کرد و  ئامادەبوو ڕووبەڕوی گشت جەور و زبریێکی دەسەڵات ببێتەوە. ئەمانیش لەلایەن خۆیانەوە تووندییان بەکاربرد و پێکدادانی جۆراوجۆریان دروستکرد. ڕاستە کاردانەوەکانی دەسەڵات لەتەک ڕووداوەکانا هاوکۆک بوو بەڵام گشت جارێک کە ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزەکانی پۆلیس و خۆپیشاندەرانا ڕوویدەدا زبری و توڕەی نوێی لەگەڵ خۆ بۆ ئایاریەکان دەهێنا، بۆئەوەی ئەو زبری و تووڕەییەش بەتاڵکرێتەوە هاوار و بەرد هەڵدان تاکە ڕێگایێک ببوون لەبەردەم خۆپیشاندەران تا بەوی تر بڵێین: بەسە و چیدی ئێمە بەرگەی نادادپەروەری ناگرین.
هەروەک پێشتریش وتمان “شەقام ئەو کات شوێنێ بوو بۆ خۆدامرکانەوە و بەتاڵکردنەوەی تووڕەییەکان. تووڕەییەکان کە گەیشتبوونە لوتکە پێویستیان بە بەتاڵکردنەوە بوو. بیرماننەچێت ئەو دەمەی ئایاری 1968 لەسەر جادەکانی پاریس لەدایکبوو بیست ساڵێک بەسەر جەنگی جیهانی دوودا تێپەڕیبوو ئەو جەنگەی برینێ زۆری لەناخی کەسوکاری خۆپیشاندەرانا دروستکردبوو بۆیە خۆپیشاندەران لە ڕژێمەسیاسیەکانی ئەورووپا و ئەو دامودەزگا نەرێتیانەش ئەو ڕژێمانەیان سەرپەرشتیدەکرد بەتۆڵەبوون. بۆیە ڕۆژئاوا دەمێبوو نەوەێکی تووڕەی هەبوو، نەوەێک پێویستی بەخۆبەتاڵکردنەوەبوو. ئایاری 1968 یش ئەو شوێنەی بۆ خۆبەتاڵکردنەوە مسۆگەرکرد. شەقامەکانی پاریس بۆ بەرد توڕهەڵدان و هوتاف چڕین ، دیوارەکانی ئەم شارە بۆ پەیڤ داتاشین و ڕووبەڕووبونەوە لەتەک دەسەڵات ڕووبەڕێکیان بۆ خۆبەتاڵکردنەوە شیاوکرد”. لەوەسەیرترە، ئایاریەکان پێیوانوابوو بەردتووڕهەڵدان چرکەی چێژوەرگرتنە و خەسڵەتی سەرەکی ئەم چێژەش لەوەدا خۆیچڕدەکاتەوە هەموان هەمانشتدەکەن. واتە هەموان بەرد لە نەیارانیان دەگرن.
پێشتریش تایبەت بە مانا و سیمبۆلی بەردهەڵدان لەماوەی خۆپیشاندانەکانی 1968 ئەوەمان وت کە پێوەندی نێوان بەرد و خۆپیشاندەران پێوەندیێ ڕۆمانسی بووە. ئایاریستەکان لەدەمووەختی خۆپیشاندانەکانا تاپێیانکراوە بەردیانهەڵداوە ئەڵبەتە ئەوەش زۆرترین پێکدادان و تووندی خستەوە و پۆلیسی فەڕەنسی بێڕادە بێزار و ماندووکرد. ئەودەمە بەرد تاکە چەکی قووتابیان ببوو لەوەشبگەڕێتەوە دروشمەکان لەسەرجادەکانا تەواوکەری بەرد بوون. بەردهاویشتن لەلایەن قووتابیانەوە دەنگێ سیاسی بوو ، ئەو هاوارەبوو دەیانویست پێکەوەبیکەن. چونکە بۆ بەرد تووڕهەڵدەران لەودەمەدا ئەوی فریادڕەسبوو بەرد بوو نەک گفتووگۆ. ڕاستە بەرد شتێ ڕەق و نابەلەدە و هێمای تووندییە وەلێ ئەودەمەی گفتووگۆکان ناتوانن تێگەیشتن دروستکەن بەرد ئەوە دەکات. بەرد  لەدەمووەختی ڕووداوەکانی ئایارا ڕێگاێبوو بۆ خۆجیاکردنەوە لە دەسەڵات و وتنی ئەوی نەووتراوە. لەبەرئەوەی دیالۆگ ئاڕاستەی هەڵەی وەرگرتبوو دیالۆگ لەبنڕا تاکلایەنانە بوو و بگرە مژدەهێنەریش نەبوو بۆیە بەرد تووڕدان لەحاڵەتیوادا ئومێدێ بۆ دیالۆگکردن دەگەڕێنێتەوە. واتە لەڕێگای بەرد تووڕهەڵدانەوە ئایاریستەکان دەیانویست هیوا بەوەببخەشن کە نیازیانە بهێننەسەرپێ ، کە ئەوەش چاکسازی بوو لە گشت کۆمەڵگەی فەڕەنسی. ئەم چاکسازیەش لەڕێگای بەردهەڵدانەوە هەوڵدرا شیاوکرێت ، ئەڵبەتە لە ڕێگای ئەو دروشمانەشەوە کە بەردئاسا دەدران بەلاگوێی دەسەڵاتدا.
لایەنێ تر کە دەکرێ لە بەرد هەڵدانی مانگی ئایاری 1968 دا ببینرێتەوە ئەوەیە، کە ئامادەبوونێک لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بۆ پێکدادان لەتەک دەسەڵاتدا و دروستکردنێ دۆزێ لە بەرهەڵستکاری و بەیەکاچوونەوە هەببوو. هەر لەو دەمەی ئایاری 1968 تیایا هاتەدونیاوە سیاسەت شوێنی گەلێ ئومێدبوو و، شەقامیش بۆ پیادەکردنی ئەم ئومێدە بزووێنەرترین شوێن بوو. سیاسەتی ئەو ساتەوەختە لەسەر جادەکانا ، کە لە جەنگاوەری (میلیتانتی) چەقیبەستبوو، پێوەندیێ زۆری بەو دۆزەشەوەبوو هێزە سیاسیە بەدەکان، ڕژێمە سیاسیە ڕاستڕەو و کۆمۆنیستەکان، لە جیهانا پیادەیاندەکرد. واتە، هەڵە مێژوویەکانی لەشکری سوور لە بۆداپشت و پراگ و هەروەها بەدیەکانی ئەمەریکا لە ڤێتنام و ئەمەریکای لاتین لە شەقامەکانی ڕۆژئاوا بارێ دەروونی ئەوتۆی هێنابووە ئاراوە گرووپی سیاسی جۆراوجۆری چەپی توودڕەوانە (بەتایبەت ماوی و ترۆتسکی) بێنەسەرپێی و لەسەرجادەکانا خۆپیشاندانی جۆربەجۆر دروستکەن و ئامادەبن لەئاست تووندیەکانی دەسەڵاتە سیاسییەکان بن و ، لێرەشەوە دەشێ بووترێ بەرد بۆ خۆپیشاندەران ، بەتایبەت ئایاریستەکان، جێی چەندین جۆر لە چەک و تەقەمەنی گرتبوەوە و تاکە ئامرازێکیش بوو بۆ پێکدادان لەتەک پیاوەکانی ڕژێمدا.
ئەوکاتەش کە قسەمان لە دروشمەکان کرد سەرنجمان خستەسەرئەوەی بەرد هەیبەتی خۆی لە لافیتەکانا هەبووە و کاتێ ئایاریەکان دەڵێن : “خۆشمدەوێیت؟ ئۆی، بەڵام بە بەردەکانی سەرجادەوە پیێمیبڵێ” یاخود “جوانترین پەیکەر ئەو بەردە چوارگۆشەیەیە کە دەیدا بەدەمووچاوی پۆلیسێکا” دەبینین پێوەندیکردن بە بەردەوە یان بەرد توڕدان و بەرد بەدەستەوەگرتن وەک شتێ ئازیز و هێمابەخش خۆی نیشاندەدا و مانای جۆراوجۆر لە تووڕدانەکیدا دەبینرێتەوە.
وەک دوا قسەش لەسەر دروشمی لایسەرەوە و فەلسەفەی بەردهاویشتن ئەوەش دەڵێین، ناکرێ ئەوەمانبیرچێت کە لەکاتی خۆپیشاندانەکانی ئایاری 1968 دا زۆرترین بەرد لە پۆلیس و دامەزراوەکانی دەوڵەت گیرا. زۆرترین بەرد لەسەر شەقامەکان کۆبوونەوە و بەردگرتنیش لە دەسەڵات زۆرترین زەبری لێکەوتەوە.
هەروەک پێشتریش وتمان، بۆ ئایاری 1968 ئەودەمە بەرد مانای هەبوو چونکە خۆپیشاندانەکە خۆپیشاندانێ گەورەبوو و ، ملیۆنەهاش بەشداریانتیادادەکرد و هەچ بەردێکیش کە لە پۆلیس دەگیرا زەبرێێکی لەلایەن پۆلیسەوە لێوەوەبەردەهات. مانگرەکان لە گەڕەکەکانی دەوروبەری سۆربۆن بۆئەوەی سەکۆێک بۆ بەردهەڵدان دروستکەن ئۆتۆمۆبیلەکانی ئەو ناوچانەیان کۆدەکردەوە تا مەتاریس(بەریکاد)ی لێدروستکەن و لەپشتئەوانەشەوە دەستیاندەکرد بە خۆشاردنەوە و بەرد هەڵدان. بۆیە و هەقی خۆیەتی لێرە جەغتلەوەبکەین ئەو ئازادیەی پاش ڕووداوەکانی ئایاری 1968ی پاریس لەدایکبوو بە زەبری بەرد و ئەو لافیتە بەردئاسا و مارشانەوە دروستبوو کە پەیڤ و گەرووی ئایاریەکانی بەیەکترتێکەڵدەکرد.

1.Michael M. Seidman.The imaginary revolution: Parisian students and workers in 1968. Berghahn Books .2004، p. 8.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.