
له‌مافی چاره‌ی خۆنوسینه‌وه تادامه‌زراندنی قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆ
“گرفته‌كانی گوتاری سیاسی له‌باشوری كوردستان”
سه‌لام عه‌بدولكه‌ریم
مامۆستای زانكۆ‌و خوێندكاری دكتۆرا
زانكۆی سلێمانی
Salam_80jornalist@yahoo.com
سه‌ره‌تا
ماوه‌یه‌كه له‌میدیای كوردیدا قسه‌و باس له‌مه‌سه‌له‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌كرێ‌و تائێستا ئه‌م پرسه به‌رده‌وامی هه‌یه‌و یه‌كێك له‌و خه‌ونانه‌یه، كهبۆنهوهی داهاتو درێژ ده‌بێته‌وه، هه‌ندێك توند‌و هێندێكیتریش شێلگیرانه لێیده‌ڕوانن، به‌ڵام به‌بڕوای ئێمه له‌م نێوه‌ندا ئه‌م بابه‌ته پێویستی بهگۆشهنیگایهكی ئه‌كادیمی‌و بابه‌تی هه‌یه بۆئه‌وه‌ی سه‌ره‌تاو گرفت‌و رێگه‌چاره‌كانی بخرێنه‌ڕو، ئه‌گه‌رنا ده‌وڵه‌تی كوردی شمه‌كێكی هاوردهنیو به‌خششێكی رۆژئاوایی نیه، كه‌به‌هۆی ئاماده‌یی ئهمریكاو هاوپه‌یمانه‌كانیه‌وه له‌ناوچه‌كه‌دا به‌كورد ببه‌خشرێت، به‌ڵكو به‌رجه‌سته‌بونی ئه‌و ده‌وڵه‌ته یه‌كسانه بهخهباتو خوێن.
خاڵی بنه‌ڕه‌تی بایه‌خپێدانی ئه‌م شیكاریه
به‌ر له‌وه‌ی بچینه نێو وه‌ها بابه‌تێكه‌وه، ده‌بێ بپرسین ئاخۆ له‌باشوری كوردستان‌و لای سه‌ركردایه‌تی سیاسی ئه‌م ههرێَمهو پارته سیاسیه‌كان پرسی ده‌وڵه‌تی كوردی بونی هه‌یه؟ ئایا به‌ر له‌دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی كار كراوه بۆئه‌وه‌ی بنه‌ماكانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته وه‌ك سه‌ره‌تاو بناغه‌یه‌ك ئاماده بكرێن؟ به‌مانایه‌كیتر ئایا هه‌ست به‌زه‌مینه‌سازی به‌ره‌و ده‌وڵه‌تداری ده‌كرێت؟ ئاخۆ كایه سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌م دۆخه‌و له‌م قۆناغه‌دا یارمه‌تیده‌رن بۆئه‌وه‌ی پرسی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی ببێته پرسێكی گهرمو گوڕی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی؟ ئایا به‌مانای وشه سه‌ركرده‌مان هه‌یه له‌ئاستی وه‌ها مه‌سه‌له‌یه‌كی هه‌ستیاردا بێت‌و وه‌زیفه‌ی سیاسی خۆی بۆته‌رخان بكات، وه‌كچۆن له‌باشوری سۆدان‌و هه‌ندێ ناوچه‌ی تر له‌ماوه‌ی رابردودا كاری بۆكراو بو به‌ئه‌مری واقیع؟
مافی چاره‌ی خۆنوسین وه‌ك سه‌ره‌تاو زههمینهی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت
هه‌مو قسه‌كردنێك له‌دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی به‌بێ قسه‌كردن له‌سه‌ر مافی چاره‌ی خۆنوسین، كارێكی بێهوده‌یه، چونكه دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت پێویستی به‌رای خه‌ڵك هه‌یه، به‌ڵام ئایا له‌باشوری كوردستان‌و له‌هه‌رێمی كوردستان رای خه‌ڵك هیچ سهنگو قورساییه‌كی لای ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌و حزبه فه‌رمانڕه‌واكان هه‌یه؟ ئایا له‌پرسه چارهنوسسازو ههستیارو نیشتمانیه‌كاندا خه‌ڵك مه‌رجه‌عی بڕیار‌و هه‌ڵوێسته یان به‌رژه‌وه‌ندی حزبهكانو لۆژیكی مه‌كته‌ب سیاسی؟ ئایا چین‌و توێژه جیاوازه‌كانی خه‌ڵك له‌بڕیاری سیاسی‌دا به‌شداریان پێده‌كرێت؟ بێگومان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه نه‌خێره، چونكه بناغه‌ی ئه‌م كێشانه ئه‌وه‌یه كه‌سیاسه‌ت لێره له‌لایه‌ك هه‌م شێوه‌یه‌كی هه‌ره‌می هه‌یه‌و ستونیه، نه‌ك ئاسۆیی‌و تاكه‌كه‌س ده‌یكات‌و هه‌م لهلایهكیتریشهوه دامه‌زراوه‌و ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی بۆپرسه سیاسیه‌كان بونی نیه، تاوه‌كو له‌لایه‌ك رۆڵی راوێژكاری بگێڕێت‌و لهلایهكیتریشهوه رۆڵی مه‌رجه‌ع ببینێت، كه لهكاتو ساتی پێویستی كاركردنی سیاسی‌دا دهسهڵاتو حزبه سیاسیه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه بۆی. كه‌وابو له‌م كاته‌دا ئه‌وه‌ی ته‌حه‌كوم به‌سه‌ر روداو‌و پێشهاته سیاسیه‌كانه‌وه ده‌كات بریتیه له‌لۆژیكی حزبی‌و به‌رژه‌وه‌ندی مه‌كته‌ب سیاسی حزبه‌كان، كه له‌ساده‌ترین پێناسه‌دا بریتیه له‌چه‌ند گروپێگی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیگه‌را، بۆیه مه‌ترسی گه‌وره‌ی سیاسه‌تكردن له‌باشوری كوردستان له‌به‌رده‌م مسه‌له‌ی مافی چاره‌ی خۆنوسین وه‌ك سه‌ره‌تاو زه‌مینه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت بریتیه لهبهشهخسكردنی سیاسهتو فه‌رمانڕه‌وایی، چونكه ئه‌و پێوه‌ره‌ی كهدهستنیشانی گوتاری نه‌ته‌وه‌یی كوردی له‌ئاستی جیهانیو ناوچهییو نێوخۆیی عێراق‌و كوردستان ده‌كات، بریتی نیه له‌ستراتیژی نهتهوهییو نیشتمانی، به‌ڵكو بریتیه له‌ستراتیژی حزبایهتیو به‌رژه‌وه‌ندی دو هێزی ده‌سه‌ڵاتداری سیاسی فه‌رمانڕه‌وا هه‌م له‌سه‌ر ئاستی كوردستان‌و هه‌م له‌سه‌ر ئاستی به‌شداری له‌كابینه‌كانی حكومه‌تی عێراق له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراقه‌وه2003. بۆیه ئه‌م مۆدێله لهسیاسهتكردنو فهرمانڕهواییكردنه له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ڵگری گرفتی گه‌وره‌یه لهسیاسهتكردنو گه‌مه‌و موناوه‌ره‌ی سیاسی‌و به‌پله‌ی یه‌كه‌میش به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی گروپگهرای خۆیدایه نه‌ك نه‌ته‌وه، به‌مه‌ش ناتوانێ نه‌ك ده‌وڵه‌تی كوردی دابمه‌زرێنێت، به‌ڵكو مافی چاره‌ی خۆنوسینیش وه‌ك ساده‌ترین مافی سیاسی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان له‌به‌رامبه‌ر هێزه سیاسیه‌كانی عێراقدا بچهسپێنێو ته‌نانه‌ت باسیشی لێوه بكات.
كاتێكیش مافی چاره‌ی خۆنوسین وه‌ك سه‌ره‌تاو زه‌مینه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت وێنا ده‌كه‌ین، گرنگیهكهی له‌وه‌دایه كه‌بڕیاری سیاسی لهتاكهكهسو حزبه‌وه بخه‌ینه‌وه ده‌ستی خودی خه‌ڵك خۆی، ئه‌وكاته له‌بری ئه‌وه‌ی بهرژهوهندیو حه‌زو خواست‌و ئاره‌زوی تاكه‌كه‌سی نێو حزبێك یان دو حزب بڕیار له‌چاره‌نوسی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بدات، خودی نه‌ته‌وه خۆی‌و به‌رژه‌وه‌ندی نهتهوهییو ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی بڕیار ده‌دات، بۆیه حزبه فه‌رمانڕه‌واكانی باشوری كوردستان ئه‌م راستیه باش ده‌زانن، بۆیه هه‌رزو بزوتنه‌وه‌ی ریفراندۆمیان سهرنگومكردو نه‌یانهێشت كار بكات‌و نزیكه‌ی ئه‌و 2 ملیۆن ئیمزایهش، كه له‌هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانیه‌كه‌ی 2005ی عێراقدا كۆیان كردبویه‌وه له‌ژێر زه‌مینی برهژهوهندیه حزبیه‌كانی خۆیان‌و له‌ترسی وڵاتانی دراوسێ شاردیانه‌وه.
مافی چاره‌ی خۆنوسین..پێناسه‌و زه‌مینه‌ی سهرههڵدانو په‌یوه‌ندی به‌مه‌سه‌له‌ی كورده‌وه
ئه‌م چه‌مكه پره‌نسیپێكی سیاسی‌و یاسایی نێوده‌وڵه‌تیه، كه له‌سه‌ده‌ی 19 گوزراشتبو له‌وه‌ی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك مافی بونیاتنانی ده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێت، به‌ڵام له‌سه‌ده‌ی 20 ئه‌م چه‌مكه په‌ره‌ی سه‌ندو ئاماژه بو به‌وه‌ی هه‌ر گه‌لێك مافی سروشتی خۆیه‌تی، ئایندهی سیاسی ههڵبژێرێتو بڕیار له‌جۆری ئه‌و ده‌سه‌ڵات یان شێوه‌ی ده‌وڵه‌ته بدات، كهفهرمانڕهوایی دهكاتو ملكه‌چی ده‌بێت، ئه‌وه‌ش له‌رێگه‌ی راپرسی‌و ریفراندۆمێكی سهربهرستانهوه، به‌بێ ده‌ستێوه‌ردانی دهرهكیو له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی هێزێكی بێلایه‌ندا، كه‌زۆربه‌ی كات ئه‌و هێ.ه نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانه.(بڕوانه عبدالوهاب الكیالی واخرون: الموسوعه السیاسه، ج2، المۆسسه العربیه للدراسات والنشر، بیروت-لبنان، ص555).
بۆیه‌كه‌مجار شۆڕشی فه‌ره‌نسی 1789 به‌شێوه‌ی تیۆری ئاماژه‌ی بۆئه‌م مافه كردوه، به‌ڵام زیاتر له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 20و له‌سه‌روبه‌ندی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیدا گه‌شه‌ی كرد‌و له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تی خرایه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، كه ئه‌وكات له14 چوارده به‌نده‌كه‌ی ودرۆ ویڵسنی سه‌رۆك كۆماری ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا خۆی ده‌بینیه‌وه‌و جاڕیدا، كه‌هه‌مو گه‌لێك مافی بڕیاردانی لهچارهنوسو بونیاتنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه. ئه‌م جاڕنامه‌یه‌ی ویڵسن یه‌كه‌مین به‌ڵگه‌نامه‌ی جیهانی فه‌رمی بو، شه‌قڵی ره‌وایه‌تی به‌سه‌ر مافی چاره‌ی خۆنوسینی گه‌لاندا بسه‌پێنێت. كاتێكیش جه‌نگ كۆتایی هاتو هاوپه‌یمانان له‌كۆنگره‌ی ئاشتی پاریس كۆبونه‌وه‌و شه‌ریف پاشای خه‌ندانیش به‌نوێنه‌رایه‌تی كورد به‌شداری كرد‌و داوای مافی چاره‌ی خۆنوسینی كرد، توانرا له‌په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ردا هه‌ردو به‌ندی(62و 64) له‌وباره‌وه ته‌رخان بكرێت، كه‌تیایدا باس له‌دامه‌زراندنی قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ له‌به‌شی هه‌ره زۆری ناوچه كوردنشینه‌كانی باكوری كوردستان دهكرێتو دوای ساڵێك له‌رێگه‌ی ریفراندۆمێكه‌وه دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه خۆیان بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نوسی خۆیان دهدهنو دیاریده‌كه‌ن.(بڕوانه د.سعد بشیر اسكندر: الدیمقراگیه وحق تقریر المصیر القومی، دراسه نڤریه وپائقیه مع اشارات خاصه بالمساله الكردیه، منشورات مكتب الفكر والتوعیه فی الاتحاد الوگنی الكردستانی، 2004، السلیمانیه، ص19). ئه‌گه‌رچی له‌كاتی خۆیدا به‌هۆی هه‌ندێ هۆكاری تره‌وه نه‌توانرا ئه‌و په‌یماننامه‌یه جێبه‌جێبكرێت، كه‌ئێره شوێنی باسكردنی نیه، به‌ڵام به‌ڵگه‌یه بۆئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی كورد هه‌م له‌رابردوو هه‌م له‌ئێستاشدا، ده‌توانرێ كار له‌سه‌ر ئه‌و پره‌نسیپه بكرێت‌و مه‌سه‌له‌ی كورد له‌عێراقدا یه‌كلایی بكرێته‌وه، به‌ڵام بۆچی‌و چۆن؟ ئه‌وه به‌شێك له‌وه‌ڵامی شیكاری ئێمه ده‌بێت له‌م نوسینه‌دا.
بۆچی تائێستا له‌باشوری كوردستان كار بۆهێنانه ئارای مافی چاره‌ی خۆنوسین نه‌كراوه؟
له‌راستیدا بیانو زۆرن لای ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌و دو حزبه فه‌رمانڕه‌واكه‌ی باشوری كوردستان له‌به‌رامبه‌ر هه‌م مه‌سه‌له‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی‌و هه‌م له‌به‌رامبه‌ر مافی چاره‌ی خۆنوسنیشدا، ئه‌گه‌رچی مافی چاره‌ی خۆنوسین یه‌كێك له‌دروشم‌و داوا سیاسیه‌كانی یه‌كێك له‌و دو هێزه سیاسیه‌یه(یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان)، به‌ڵام بێده‌نگبونی ئه‌م حزبه‌و توانه‌وه‌ی له‌بۆته‌ی عێراقیبونو باوه‌شكردن به‌پۆست سیادی‌و حكومیه‌كانی به‌غدا، ئه‌و راستیه‌ی بۆسهلماندین، كه‌ته‌نها مره‌كه‌بی سهركاغهزهو له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع بونی نیه. هاوكات پوخته‌ی بیانوی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كورد له‌باشوری كوردستان چه‌ند خاڵێكه، له‌وانه:
1- راگهیاندنو دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی له‌لایه‌ن وڵاتانی ئیقلیمیه‌وه قبوڵ ناكرێت.
2- بڕیاردان له‌په‌یڕه‌وكردنی مافی چاره‌ی خۆنوسین پێویستی به‌پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌و له‌م قۆناغه‌شدا ئه‌مریكا له‌گه‌ڵیدا نیه.
3- له‌ڕوی ئابوریه‌وه كوردستان ئه‌و داهاته‌ی نیه بتوانێت له‌ساته‌وه‌ختی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی‌و دروستبونی گه‌مارۆی ئابوری ئیقلیمی خۆی بژێنێت.
4- له‌ئێستادا كورد له‌چوارچێوه‌ی عێراقدایه‌و عێراقیش سیستمێكی فیدراڵی هه‌یه‌و هه‌رێمی كوردستان هه‌رێمێكی فیدراڵه له‌و چوارچێوه‌یه‌دا.
5- له‌گه‌ڵ هه‌ندێ بیانوو پاساوی دیكه…
له‌راستیدا ئێمه به‌پله‌ی یه‌كه‌م قسه له‌سه‌ر قۆناغی راپه‌ڕین ده‌كه‌ین، پاشانیش له‌قۆناغی دوای روخانی رژێمی به‌عس واته 2003و ساته‌وه‌ختی دامهزراندنو بونیاتنانه‌وه‌ی دوباره‌ی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی عێراق.
هه‌رچی قۆناغی یه‌كه‌مه تاراده‌یه‌ك ده‌كرێ ئه‌وه قبوڵ بكرێت، كه‌قۆناغێكی سه‌ره‌تایی بوه‌و دواتریش پڕبوه له‌شه‌ڕی ناوخۆ‌و ململانێی توندی سیاسی، كه‌ده‌رفه‌تی باسكردن له‌مه‌سه‌له‌ی مافی چاره‌ی خۆنوسین نه‌بوه‌و رژێمی بهعسیسزمیش هێشتا له‌سه‌ر حوكم مابو، به‌ڵام له‌قۆناغی دوای روخانی رژێمی بهعسو نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی به‌غدا هیچ پاساوێكی لۆژیكی‌و بابه‌تی نیه، كه‌ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌و دو حزبه فه‌رمانڕه‌واكه‌ی باشوری كوردستان له‌مباره‌وه بیهێننهوهو به‌رپرسیارێتی خۆیان لێدوربخه‌نه‌وه، چونكه له‌دوای 2003:
یه‌كه‌م- شتێك به‌ناوی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی له‌عێراقدا بونی نه‌ما.
دوه‌م- بۆشاییه‌كی سیاسی‌و ئیداری ئه‌وه‌نده گه‌وره دروستبو، ته‌نانه‌ت ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكاش پێشبینی نه‌ده‌كرد، به‌و خێرایه پڕ بكرێته‌وه، ئه‌گه‌ر فاكته‌ری كوردی نه‌بوایه.
سێیه‌م- هه‌رێمی كوردستان به‌رێژه‌یه‌كی یه‌كجار گه‌وره هێمنو سهقامگیربو له‌ڕوی سیاسی‌و كۆمهڵاتیهوهو ئاماده‌یی باشیش بۆقبوڵكردنو كار بۆكردنی هه‌بو.
به‌ڵام سه‌رباری ئه‌مانه‌و شتی دیكه‌ش بۆنه‌كرا؟ به‌بڕوای ئێمه په‌یوه‌ندی به‌عه‌قڵیه‌تی سیاسی كوردی‌و هه‌ردو حزبه فه‌رمانڕه‌واكه‌ی كوردستان‌و ئه‌و مۆدێله سیاسه‌تكردن به‌ناوی نه‌ته‌وه‌وه هه‌یه، كه‌یه‌كێتی‌و پارتی له‌رابردوو ئێستاشدا په‌یڕه‌وی لێده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رنا ئه بیانوانه بناغه‌ی واقیعیان نیه، چونكه هیچ نه‌بێت ده‌توانرا، له‌كاتی دوباره دروستكردنه‌وه‌ی عێراق‌و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند، به‌شداری كورد یان یه‌كێك له‌مه‌رجه سه‌ره‌كیه یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كانی كورد بریتی بوایه له‌چه‌سپاندنی مافی چاره‌ی خۆنوسین لهدهستورو لهرێكهوتنهكانی نێوان كورد‌و هێزه سیاسیه‌كانی عێراق تاماوه‌یه‌كی دیاریكراو، نه‌ك سپاردنی چاره‌نوسی نه‌ته‌وه‌یه‌كی به‌شمه‌ینه‌ت به‌ئاینده‌یه‌كی نادیار‌و قه‌زاو قه‌ده‌ر، وه‌كچۆن باشوری سودان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند كاری له‌سه‌ر كرد‌و به‌كرداریش له‌مساڵدا به‌رهه‌مه‌كه‌یان چنیه‌وه. بۆیه به‌ر له‌هه‌ر شتێكی‌تر عه‌قڵ رۆڵێكی گرنگ ده‌گێڕێت لهسهربهخۆكردنو ئازادكردنی نه‌ته‌وه‌دا، كه‌ئێمه لێیبێبهشین. هه‌رچی بیانوی مه‌سه‌له‌ی نه‌توانینی خۆبژێوی هه‌رێمی كوردستانه، ئه‌وه‌ش دیسان هه‌مو ئه‌و نهوتو سامانه سروشتیانه‌ی له‌هه‌رێمه‌كه‌دا هه‌ن ئه‌وه كاڵده‌كه‌نه‌وه، كهبیانویهكی واقیعی بێت‌و نه‌توانرێت چاره‌سه‌ر بكرێت‌و بونی ئه‌و هه‌مو كۆمپانیا بیانه‌ی له‌ئێستادا له‌هه‌رێم كاری وه‌به‌رهێنان دهكهنو دۆزینه‌وه‌ی ده‌یان بیره نهوتو سامانی سروشتی دیكه شاهێدی ئه‌م قسه‌یه‌ن، پاشان له‌ساده‌ترین بهراوردا ره‌وشی ئابوری ئێمه باشه یان باشوری سودان؟ هه‌رچی بیانوی فیدراڵی عێراق‌و هه‌رێمی كوردستانه، ئه‌وه‌یه كه‌هێشتا ئه‌م فیدراڵیه‌ته جێگه‌ی خۆی نه‌گرتوه‌و لای زۆرێك له‌هێزه سیاسه‌كانی عێراق جێگه‌ی قبوڵ نیه، به‌مالیكی سه‌ره‌ك وه‌زیرانیشه‌وه، كه له‌لێدوانێكی رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌تدا ئه‌م راستیه‌ی راگهیاندو ئه‌مه ته‌نها لای كورد هه‌یه‌و یاریكردنی ئه‌و هێزانه به‌ماده‌ی 140و ملنه‌دان بۆچوار بابه‌ته سه‌ره‌كیه‌ی وتوێژی كورد‌و به‌غدا به‌ڵگه‌یه‌كی تری به‌هێزی ئه‌م بابه‌ته‌یه(یاسای نهوتو غاز، هێزی پێشمه‌رگه، ماده‌ی 140، چاره‌نوسی ناوچه جێناكۆكه‌كان).
ئه‌وه‌ش كه‌په‌یوه‌ندی به‌وڵاتانی ئیقلیمی‌و ئه‌مریكاوه هه‌یه، باشترین به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، كهدهریدهخات ئایندهی ئێمه له‌باشوری كوردستان نادیاره، چونكه تائه‌م ساته‌وه‌خته هیچ رێكه‌وتنێكی نوسراو‌و به‌ڵگه‌نامه‌یی به‌تایبه‌ت له‌نێوان ئێمه‌و ئه‌مریكا نیه‌و ته‌نها قسه‌ی سه‌ر زارهكیو ته‌كتیكی كاتی‌و روداوه‌كانی دوای ئازادی عێراق‌و پێشتریش دوای راپه‌رینی به‌هاری 1991 ئاماژه‌ی ئه‌م راستیهنو شكستی دیپلۆماسهیتی كورد له‌م به‌شه‌ی كوردستاندا ده‌خاته‌ڕو. بۆیه له‌م نێوه‌نده‌دا بۆئه‌وه‌ی بتوانین پرسی مافی چاره‌ی خۆنوسین بكه‌ینه پرسێكی گشتی‌و جه‌ماوه‌ری، پێویستمان به‌چه‌ند رێگه چاره‌یه‌كی گرنگ هه‌یه.
رێگه‌چاره‌كانی كاركردن بۆپهیڕهوكردنی مافی چاره‌ی خۆنوسین
له‌دونیای دیموكراسیداو هه‌ر هێزێك كه‌خۆی به‌نزیك لهسیاسهتكردنی دیموكراسی‌و مه‌ده‌نیه‌وه له‌قه‌ڵه‌م بدات، ئه‌و راستیه باش ده‌زانێت كه‌بناغه‌ی ئه‌و سیستمه گه‌له‌و مه‌سه‌له چارهنوسسازو هه‌ستیاره‌كان به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆگه‌ل بڕیاری له‌سه‌ر نادرێت یان لانیكه‌م چین‌و توێژه جیاوازه‌كانی خه‌ڵك به‌شداری ده‌كه‌ن له‌بڕیاری سیاسی‌دا، راسته ئیراده‌ی گه‌ل له‌هه‌رێمی كوردستان له‌چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌ماندا به‌رجه‌سته‌بوه، به‌ڵام به‌هۆی پیاده‌كردنی بنه‌مای زۆرینه‌و كه‌مینه‌وه، ئه‌و دو هێزه سیاسیه‌ی، كهههژمونیان به‌سه‌ر به‌شداری كورد له‌به‌غداو پهیوهندیو كایه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی كوردستاندا كردوه، ئه‌و دامه‌زراوه ههستیارهشیان له‌نێوان خۆیان دابه‌شكردوه‌و به‌شێكی هه‌ره زۆری مه‌سه‌له‌و بابه‌ته گرنگه‌كان به‌ر له‌وه‌ی به‌ئیراده‌ی خه‌ڵك‌و گوتار‌و ستراتیژی نه‌ته‌وه‌ییدا تێپه‌ڕێت، به‌فلته‌ری رێكه‌وتننامه ستراتیژیه‌كه‌ی نێوان خۆیاندا تێده‌په‌ڕێت، كه‌هێشتا وردهكاریو خاڵه‌كانی رون نه‌كراوه‌ته‌وه‌و ته‌نانه‌ت ژماره‌یه‌كی ده‌گمه‌نی نزیكی دو سه‌ركرده‌كه‌ش شتێكی لێده‌زانن، نه‌ك هه‌موی. بۆیه له‌مكاته‌دا هه‌نگاوی یه‌كه‌م بریتیه له‌تێپه‌ڕاندنی ئه‌مجۆره سیاسهتكردنهو گه‌ڕانه‌وه بۆرای خه‌ڵك‌و په‌رله‌مان به‌بێ ره‌چاوكردنی بنه‌مای زۆرینه‌و كه‌مینه‌و جگه له‌په‌رله‌مانیش پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نێكی فراوانی میللی له‌سه‌رتاسه‌ری باشوری كوردستاندا. هه‌روه‌ها رزگاركردنی مه‌رجه‌عیه‌تی بڕیاردانی نه‌ته‌وه‌یی له‌مه‌كته‌ب سیاسی دو حزبه‌وه بۆخه‌ڵك خۆی. هاوكات ئاشكراكردنی هه‌مو ئه‌و رێكه‌وتنه شاراوه‌و تهمو مژراویانهی هه‌رێم چ له‌گه‌ڵ هێزه سیاسیه‌كانی عێراق‌و چ له‌گه‌ڵ توركیا‌و ئێران، كه‌به‌شێكیان په‌یوه‌ندیان به‌م پرسه‌وه هه‌یه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێویسته ده‌یان ناتوهندی لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی دابمه‌زرێت، بۆئه‌وه‌ی ئه‌وان به‌سیاسیه‌كانی كورد چی بكهنو چی نه‌كه‌ن، نه‌ك بڕیار‌و خواست‌و ئاره‌زوو به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌كه‌سێك زۆربه‌ی كات بڕیار بدات. هه‌روه‌ها له‌و وتوێژانه‌ی له‌نێ,ان ههرێمو ده‌سه‌ڵاتی ناوهندو ئه‌مریكا له‌ئێستاو داهاتودا ئه‌نجام ده‌درێن، پرسی مافی چاره‌ی خۆنوسین بكری ـه مه‌رجێكی پێشوه‌خت‌و تهوهریچكی سه‌ره‌كی وتوێژ. جگه له‌مانه زیندوكردنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی ریفراندۆم‌و دابینكردنی هه‌مو پێداویستیه مادی‌و مهعنهویو ئیداریه‌كان بۆی بۆئه‌وه‌ی له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ببێته دیفاكتۆو زۆر رێگه چاره‌ی تریش، كه‌هه‌مویان به‌ستراونه‌ته‌وه به‌وه‌ی تاچه‌ند ئه‌م دو هێزه‌و سیاسیه‌كانی كورد ئاماده‌ن واز له‌به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نه‌ته‌وه‌دا بهێنن، بۆئه‌وه‌ی هیچ نه‌بێت له‌هه‌نگاوی سه‌ره‌تا مافی چاره‌ی خۆنوسین له‌نه‌بونه‌وه بهێنینه بون‌و بیكه‌ینه بناغه‌ی دامه‌زراندنی قه‌واره‌و ده‌وڵه‌تێكی كوردی، كه كارێكی مه‌حاڵ نیه، وه‌ك ته‌یموری رۆژههڵاتو كۆسۆڤۆو باشوری سودان.
تێبینی:
ئه‌م وتاره تایبه‌ت به‌ماڵپه‌ڕی چاوی خه‌ڵك نوسراوه‌و دواتر بۆرۆژنامه‌ی هاوڵاتی نێردراوه.