Skip to Content

Thursday, August 18th, 2022

دوای ١٠ساڵ بەسەر ١١ سێبتەمبەردا

Closed
by September 11, 2011 گشتی


ئەمریکا لەجەنگی دژە تیرۆرەوە بۆ جەنگی دژە شۆڕش!

دوای دە ساڵ بەسەر کرەدەوەی تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەردا، ئێستا جەنگی دژە تیرۆر، بەرەو ئەوە دەڕوات جێگەی خۆی بدات بەجەنگ دژی شۆڕش.
کردەوەی تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەر و لە خوێن هەڵکێشان و هەزاران ئینسانی بێتاوان و بەکەلاوەکردنی چەند تاوەرێک لە دەسەڵاتی ئابوری و سیاسی و سیخوری دەوڵەتی ئەمریکادا، لەلایەن رێخکراوی  قاعیدەی تیرۆریستی دەست پەروەرەدەی خودی ئەمریکاو خۆرئاوادا، بووە سەرەتای دەورەیەک و هەلێکی مێژوویی تا ئەمریکا لە ڕیگایەوە جێگاو رێگای روولەخواری ئەوکاتەی خۆی لە دنیادا، پێناسە بکاتەوە و توانایی و هەژموونی سیاسی و ئابوری و سەربازی و دیبلۆماسیەکەی نیشانی نەیارەکانی لە دنیادا بداتەوە.
 بۆ ئەمریکا جەنگی دژە تیرۆر، ئەو فۆرمۆلبەندییە بوو کە بەدەستیەوە گرت و لەماوەیەکی کورتدا شەیپوری جەنگ دژی تیرۆری! لە دنیادا لێدا، سەرەتا ئەفغانستان و پاشان عێراق کرانە نۆبەرەی جەنگی دژە تیرۆر. هەردوو دەسەڵاتی تاڵیبان و بەعس، وەلانران و لەو نێوەشدا، ئاسەواریك لە مەدەنیەت، ژێربینای ئابوری، خزمەتگوزارییەکان و ژیانی ئاسایی … نەمایەوە. کلور کلور ئینسانی بێتاوان لە ئاگری جەنگ و پاشان لە بەیەکدادانی تیرۆریستیدا بونە قەرەبروت. دەیان و سەدان بەچکە سەدام، سەدان باندی تیرۆریستی شیوە تاڵیبانی، سەریان بەرزکردەوە. ژینگەی تیرۆر فراونترو بەرینتر بۆووە. کۆمەڵگای بەشەری نائەمن کرا. هەموو گۆشەو کەنارێکی دنیا بوونە دورگەی نائارام و ترس هەڵگرتوو. هەواڵی کردەوە و شەرە تیرۆریستەکان بوونە سەردێری یەکەم هەوڵی نزیک بەیەک دەهەی میدیای بینراو بیستراو نوسراو…تاد.
جەنگی دژە تیرۆر، دنیای دابەشی دوو بەرەی جەنگی تیرۆریستەکان کرد، تیرۆریزمی نێودەوڵەتی بەسەرکردایەتی ئەمریکا و تیرۆریزمی کوێرانەی رەوتگەلی ئیسلامی. لەم نێوەدا پاشەوپاش گەرانەوەیەکی گەورە بەسەر کۆمەڵگای ئینسانیدا، سەپێنرا. هیزو قوتبی مۆدێرن و ئینسانی جێگایەکی بەرجەستەی بۆ نەهێڵرایەوە… هەموو رووداو کێشمەکێشێکی ناو ئەم گۆی زەوییە کەوتە ژێرکاریگەری ئەم جەنگی تیرۆرستییە تا ئەو ڕادەیەیی دەستێوەردانی ئەمریکا لەزوربەی زۆری جەنگ و کیشمەکیش و روداوەکانی دنیادا، بووە راستیەکی حاشا هەڵنەگر. هیچ جموجۆل و رووداو جەنگ و ڕوبەروبوونەوەیەک نەما مۆری هەژمونی ئەمریکا پێوە نەلکێ.
بەکورتیەکەی سەرباری بەرگری و ڕاوەستانەوەی نەیارەکانی ئەمریکا و شەپۆلێک لە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری لە دژی سیاسەتی جەنگی ئەمریکاو دەست تێوەردانەکانی،  دنیا کەوتە ژێر رکێفی دوبارەی باڵادەستی ئەمریکا بە پشتیوانی هاوپەیمانەکانی.  ئەوە ئەمریکا بوو کە بڕیاری لە دیموکرات بوون و تیرۆریست بوونی وڵاتانی دنیا و حزب و رەوتگەلی سیاسی دەدا، چەندین وڵات سەدان حزب و لایەن و کەسایەتی لیستی ناو فایلی تیرۆر کران.
دنیای شارستانی، خوازیارانی ئازادی و بەرابەری، ئۆردوی ئینسان دۆست و دژی جەنگ…ئیرادەیان بەهەند نەگیرا، بوونە هیز و دەنگی گوێێ لێنەگیراو تاڕادەیەک کەنار خراو و شاراوە، لە چاو بۆمب و چەک و نائارامی دنیادا.
ئەم کەنار خستنەی دنیا شارستانی، ئەم هەموو ملهوڕی نواندن و جەنگ و بەیەکدادانە تیرۆرستییە، کە لەژێر ناوی گێرانەوەی ئارامی و کۆتایی بە تیرۆریزمدا، وەرێخرا…  نەیتوانی ئارامی بۆ  دنیا بگێرێتەوە، بە پێچەوانەوە جەنگ و ملهوری سەربازی بووە هۆی ئەوەی دنیا نائارام تر، خەلک برسی تر، دیکتاتۆرەکان سەربزێو ترو رەوتگەل و لایەنە ئیسلامیەکان فراوانتر و دڕندەتر …بن.
ئەم ستراتیجە سیاسیی و ئابورییەی و سەربازییەی ئەمریکای دوای ١١ سێبتەمبەر، زۆری نەخایاند رەوتی روولەنشیوی بەدوای خۆیدا هێنا، تالیبانەکانی ئەفغان سەریان بڵند کردەوە و تیرۆر بەردەوامی پەیداکردەوەو ئاسەواریک لە دیموکراسی تیادا سەوز نەبوو، عیراق بۆوە سەزەمینێکی جەنگ و بەیەکدادانی تیرۆرستی و سەهەلدانی دەیان سەرە زەرقاوی و سەدام حسین و توتەڵەی خزمەتچی ئێرانی ئیسلامی، توانایی سەربازی ئەمریکا نەیتوانی بەرگەی جەنگی درێژماوە بگرێت و ناکامیەکەی بۆ دنیا سەلما. پشتیوانی نێودەوڵەتیەکەی دارماو هاوپەیمانەکانی پاشەکشەی سەربازی و پاشان سیاسییان ڕاگەیاند، توانای ئابوری ئەمریکا لەم دۆخەدا بەرەو دارمان ڕۆشت. دەستڕۆشتویی  سیاسی و دەخالەتی سیاسی ئەمریکا بە شۆرشی تونس و پاشان میسر…داکوژانی خۆی نمایش کرد و ‌هێزی شاراوەی شۆرشی برسیەکان  خوازیارانی ئازادی و و ئیرادە ئەمریکاو دنیای سەراسیمەکرد، پێشتریش داروخانی ئابووری ئەمریکا کە لە ٢٠٠٨ و دەستی پێکرد، کە تائێستا درێژەی هەیەو ڕێگاکان بۆدەرچوون لێی لە تونێلێکی داخراودا گیر دەخۆن.
ئیستا دوور لە ملهوری ئەمریکاو لەدەرەوەی ویست و توانایی ئەو و جەنگی تیرۆریستی، شۆڕش لەدنیای عەرەب لە کڵپەو پەرەسەندندایە، زین العابدین ی تونس و حوسنی موبارەکی میسرو دیکتاتۆری دۆستی ئەمریکا، بەدەستی جەماوەر و بە شۆڕشی جەماوەری ڕاونران و شۆرشیش بەردەوامە تا شۆڕشی جەماوەری دەسەتەمۆی بن عەلی و حوسنی موبارەکەکانی تر لە بەرگی تردا نەبن. لیباو سوریای دژی ئەمریکایی و پشت بەستوو بە ئیسلامیەکان و قەبائیلەکان…قوتبی ئیسلامی لە دارمانی کۆتاییدان.
ئەمریکاو غەرب لە بەرامبەر بەشەپۆلی ئەم شۆڕشانەدا، ئێستا هیزی دژە شۆڕشن…دەیانەوێ لە رێگای دەستێوەردانی سیاسی راستەوخۆ و ناڕاستەوەخۆ یان دەستیوەردانی سەربازیدا، ئیرادەی گۆڕانگاریی بەدەستی جەماوەری راپەریوو، لە بارببەن و هەروەکو ئەوەی لە لیبیادا دەستیان بۆبرد، ئەمەش نە بۆپشیوانی لە ڕاپەرێن و شۆڕش، بەڵکە بۆ بەرگرتن بە شۆرش و راپەرین…وەکو هەوڵێک بۆ گێرانەوەی دەورو دەخالەتیان.
ئەگەر پێشتر ئەمریکا بڕیاری ڕوخاندن و جەنگی لەدژی ئەم دەوڵەت و لایەنی سیاسی دەخستە دەستورەوە، ئێستا خەڵکی توڕە و خوازیاری ئازادی، دۆستەکانی ئەمریکا بە هێزی وەگەرخستویی جەماوەریان رەوانەی زبڵدانی مێژوو دەکەن. 
ئەگەر لەدەورانی جەنگی تیرۆرستی و باڵادەستی ئەمریکادا، ئەمریکاو غەرب  دروستکەرو بڕیاردەری یەکلایکرنەوەی کێشەو ململانێی دنیا بوون، ئیستا کاتی خەڵکە کە لەخوارەوە بۆ هەڵپێچانی دیکتاتۆرەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا، میژووی نوێ دروست دەکەن.
ئیستا ئەمریکاو غەرب هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە شۆڕشەکانی ناوچەکە دەستەمۆ بکەن و بەر بگرن بەسەرهەڵدانی شۆڕش لە وڵاتانی تری دنیادا، وە بوەستنەوە بەرووی هەڵسانی جەماوەریدا. دیکتاتۆریەتی شاراوەی ئەمریکا وغەرب و… لە ئامادە سازیدایە تا لەوشوێنەی پێویستی کرد، هێزەکانیان بەربدەنە گیانی ئۆردوی توڕەکان و برسیەکانی کۆمەڵگا و بە ئاژاوەگێر لەقەڵەمیان بدەن. بە ئاژاوەگێر نیشاندانی لاوانی بەریتانی و کوشتنی خۆپیشاندەران و دەستگیری هەزارن کەسی و هەڕەشەی برێنی پاروی دەمی لاوانی خۆپێشاندەرو بڕینی تۆڕی فەیس بوک و داباراندنی ١٦ هەزار پولیس لە پاڵ ئامادەباشی دەزگای نائاسایی دەوڵەتیدا… تەنها گۆشەیەک لە دیکتاتۆریەتی دەسەڵاتی بەریتانی بوو.
ئیستا ئیتر داکوژانی رەونەقی ئابوری ئەمریکاو سەرجەم سەرمایەداری دنیا، هاوکاتە لەگەڵ پلە پلە داکوژانی ئاسۆی دەخالەتگەری سیاسیاندا. شۆڕشی برسیەکان بەپێچەوانەی بانگەشەی ئیستای ئەمریکاو غەرب، چەندە لە دژی دیکتاتۆری بێپەردەی وڵاتەکانی سەر بە کەمپی خۆیەتی، ‌هیندەش دژی ئەو دیموکراتییە کە دیفد کامیرۆن لە دنیای غەربدا، نمونەیەکی بەرجەستەیەتی.
ترسی شۆڕش ئیستا نەک لە وڵاتانی دنیای عەربیدا، بەڵکە ترس لە شۆرش لە یۆنان و ئیسپانیا، پرتوگال و ئیتالیا…تاد، ئەو تارمایەیە کە بۆرژوازی لەسەراسەری دنیادا، هەراسان کردوە، ئیستا جەنگی دژە تیرۆر لە جەرگەی جەنگی دژی شۆڕشدا، روو لە کزی و توانەوەیە… ئیسلامی سیاسیش لەدۆخی ئیرادەنواندنی جەماوەریی و شۆڕشدا بۆ نان و ئازادی و لەرێگای بڕاوبەخۆبوونەوە ، بن بەست و بێ ئاسۆیە.

١٠ سێبتەمبەر ٢٠١١
       
                                                              عەبدوڵا مەحمود
abdulla.mahmud@gmail.com

Previous
Next