شەریعەتى پەروانە…. سوارە نەجمەدین
كاتێك پێی گووتم دەیەوێت خەوێكى سەیرم بۆیگێڕێتەوە, خۆم بۆ ئەوە ئامادەكرد, بیكەم بە چیرۆك, ئەوكات تەنها بە كەرەستەى چیرۆكم دەزانى, (لە ڕاستیدا دەمتوانى بە هەر شتێكى دیكە بمەوێت بیكەم), بەڵام ئێستا دان بەودا دەنێم (خەون) لە (خەون) بەولاوە هیچ شتێكى دیكەى لێ دەرناچێت, خەونیش بۆخۆى هونەرە, هەروەك چیرۆك و ڕۆمان بەشێكە لە وێژە.
بۆ خواردنەوەى قاوە هۆڵى كتێبخوێندنەوەكەمان بە جێهێشت وبۆ كافتریایی كتێبخانە بەڕێكەوتین, وەكو ئەوەى هەردووكمان پەلەى شتێكمان بێت, داواى دوو قاوەمانكرد و كەوتینە گفتوگۆ:
گووتى(مرۆڤ هەرگیز لە خەونەكان تێ ناگات, لە یەك كات و بەیەك جەستە, لە دوو دونیای جیاوازدا دەژى)
گووتم(لە بوونى خۆمان لە خەونەكاندا دڵنیاین, گرفت لە دونیای خەونەكانەوە دەست پێ دەكات,لە خەوبینینەوە تێدەگەیت, مرۆڤ زیاتر لە دونیایەكى هەیە, دەكرىَ خەونەكان ئەو دونیا بێت, بەڵام بەهەشتە یان دۆزەخ؟ نازانم, گەر وانەبێت دونیای سێهەمە, ئەمەش پێ دەچێت لە چەشنى ئەو دونیایە بێت, كە لە ئەندێشەماندا وێنەى دەكەین.)
دەستى كرد بە گێڕانەوەى خەونەكە:
((دەمویست پارت دروست بكەم, لەگەڵ پیرەمێردێكى دونیادیەدا لە گفتوگۆدابووین, سەیرە!! مرۆڤ لەم ژیانە پێویستى بە هەوڵدان و چالاكى هەیە, ڕەنگە لەبەرئەوەبێت, لە دواى مردنەوە ژیان هەیە, بەڵام ئەگەر لە دواى مردنیشەوە لە هەوڵ و تەقەلادا بێت, كەوابوو مردنێكى دیكەش هەیە.))
خەونەكەم پێ بڕى (پێدەچێت لە دەوراندابین, دواى چەند ژیانێكى دیكە بگەڕێینەوە سەر زەمین, سەیر لەوەدایە لە دواى مردنەوە مەبەستت بێت, پارت دروستبكەیت, چما نایەكسانى و بۆشاییەك هەیە پڕیبكەیتەوە؟.)
لە ڕووخساریدا وادەردەكەوت, وەڵامى لا نەبێت, بۆیە درێژەیدا بەگێڕانەوەكەى:
((من و پیرەمێردەكە كارئەكتەرى سەرەكى خەونەكە بووین, لە دروستكردنى پارتەكەدا دوو بۆچوونى جیاوازمان هەبوو, من دەمگووت: مرۆڤان زۆرن جەستەیان لە ناسكى و ڕووحیان لە بێدەنگى پێكهاتووە, ژیان لاى ئەوان بە شەریعەتى پەپوولە بەڕێوە دەچێت, دڵیان لە حیكەمەتى ئەوین بەولاوە هیچى ترى تیادا نیە, ئەمانیش پێویستیان بەوە هەیە, لە ئێوارەیەكى پایزدا, گەڵایەكى زەرد بكەن بە دروشم و پارتێك دروست بكەن.
پیرەمێرەكە گووتى: پێوەرەكانى سیاسی ناسكى و جوانى و بەخشندەى نییە, وێنەكردن و شاردنەوەى هەموو ڕاستیەكانە, فەرامۆشكردن و پێشێلكردنى ئەوانەى چواردەورت خاڵى سەرەكى پێكانى مەبەستەكەتە,( پڕكردنەوەى بۆشایی و زەروریەتى دروستبوون) تەنها كەرەستەن بۆ دەست پێكردن, دەنا سیاسەت لە ناو حیزبدایە و حیزبیش نغرۆى سیاسەتە, هەردووكیشیان داماڵدراون لە موقەدەسات, ئەوەى تۆ دەیڵێیت خەیاڵە, پێچەوانەى واقعە, دەنا سیاسەت مرۆڤى ناسكى ناوێت و دڕندەى دەوێت, بێدەنگى ناوێت و بێڕەوشتى دەوێت, پەپوولەى ناوێت و ڕێوى كەوڵ شێرى دەوێت, سیاسەت ئەوین نیە و بەڵام ئەوین سیاسەتى دەوێت,))
ڕێگەم لە درێژەپێدانى گێڕانەوەكەى گرت و دیسان خەونەكەم پێبڕى: ئەگەر ئەو بۆچوونە هەڵبژێرین, كە دونیایى خەون دواى مردنە و ئەودونیاییە, كە باسی دەكەین و لێی دەترسین ئەوە دڵنیاین خاڵیە لە ئەوین و خۆشەویستى, بیستوومە لە بەهەشت و دۆزەخ هیچ جۆرە سۆزێك نیە, كەوابوو خودا پێویستى بە ئۆپۆزیسیۆن و پارتێكى ئەوین هەیە.
شاگردى كافتریاكە دوو قاوەكەى بۆ داناین و هاوڕێكەم دەستى پێكردەوە.
پیرەمێردەكە دەیویست پارتێًكى سیاسی دروست بكات, كەوابوو خودا پێویستى دیكەشى كەمە, پیرەمێردێكى زۆرزان بوو, دەیگووت: دەبێت دەست لە بەرژەوەندى گشتى هەڵبگرین, ئەوەى ئێمە دەمانەوێت گەیشتن بە لوتكەیە, مەرجى سەرەكیشى ئەوەیە گوێ بە چواردەور و ژێر پێ نەدەین, هیچ كات لە سیاستدا هیچ شتێك پیرۆزنەبووە, بوونێكى ناپیرۆز هەیە, هەموو كارێك شەرعى و ڕێگا پێدراوە, بوونیەتى پیرۆز بەبێ دەستكارى نامێنێتەوە.
هاوڕێكەم وەكو ئەوەى لەگەڵ منى بێت گووتى: كەوابوو لەو دونیا زۆرشتى دیكەش كەمە.
گووتم: گەر ئەوەى لە خەونەكانمادایە واقى پاش مردن بێت, دان بەو حەقیقەتەدا بنێین بەڵام كىَ دەڵێت ئێمە لەو بۆچوونەدا ڕاستین؟.
لێی گەڕام تا درێژەبدات بە خەونەكەى
(( ئاراِستەى قسەكانمان بەتەواوى پێچەوانەى یەكتربوو, من ئەوم بە پیر دەزانى و سەبارت بە هێز دەمگووت: چەك و سەرباز ڕاستە هێزن, هێزى سیاسیش دەكرێ دان بەوەدا بنێین (درۆ و بەدڕەوشتى و ناعەدالەتی)ە, بەڵام ئەو هێزەى لە خۆشەویستیدا هەیە, زۆر لەو هێزە گەورەترە كە بتوانێت ژیان داگیربكات, فراوانترین هێزە لە هەموو جیهاندا, بۆ دەستكەوتنى كەمترین مانددبوونى دەوێت, بەڵىَ عەشق بچوكترین هێزە جیهان داگیربكات, لە دڵى مرۆڤێكدا جێگاى دەبێتەوە و سنوورەكانى گەردوونیش دەگرێتەوە.
پیرەمێردەكە گووتى: گەنجى لە سیاسەتدا نەهامەتیە, گەوهەرى سیاسەت لە پیریدایە, پیربوونیش نیە, بەڵكو كامڵبوونە,مرۆڤى سیاسی دەمرێت, بەڵام پیر نابێت و لە پێناكەوێت, تۆ هێشتا گەنجیت, ئەوین و سیاسەت پێكەوە كۆنابنەوە, دوو ڕەگەزى پێچەوانەن, هەرچۆن ناتوانین دوو واتاى پێچەوانە لە دێرێكدا كۆبكەینەوە, دوو ئاڕستەى دژیش نابنە پارتێك.
وەكو ئەوەى پێم بڵێت تەواو بووم, ماوەیەكى بێدەنگى تێپەراِند و منیش دەنگى پرسیاركردنم بەرزبووەوە, (ئەى دواتر دوو پارتى جیاوازتان دروستكرد؟)
گووتى: نا… خەبەرم بووەوە.
بەڵام دواجار نازانم, خەونە یان چیرۆك, دەشتوانین بەگفتوگۆیشى ناوبەرین.
– سلێمانى
بەهارى 2006