نەزەند بەگیخانى: شیعر حەقیقەتى منە….. سازدانى: زانیار محەممەد
ئایا پەیوەستییەك هەیە لە نێوان شیعر‌و خود؟ ئەدى ئەو هەموو شیعرەى لەسەر شتە خودییەكان نووسراون ما‌نایان چییە؟ ئەدى بۆچى شیعر هەر باسى تەنیایىو بەختەوەرىو دڵشكانو عیشق دەكات، وەلىَ هێشتاكە دەگەڕێتەوە لایان‌و دەیەوێت خود ڕ‌ازى بكات؟ ئایا خود هى شیعرە، یاخود شیعر هى خودە؟ شاعیر ئاوێزانبوونى شیعر‌و خود نییە؟. (زەنگوڵى وتن) كتێبێكى نوێى (نەزەند بەگیخانى)یە. نەزەند لە ڕێى شیعرەكانى ناو ئەم دیوانەیەوە دەگەڕێتەوە لاى خود، لەوێڕا مانا‌و جوانى‌و هێمنى دەدۆزێتەوە. ئەوەى گرنگە لە ئەزموونى شیعرى نەزەندداو بە تایبەت لەم دیوانەیدا پەیبردنە بە ڕەهەندى دیكەى گوتن، تۆماركردنى هەستى شاعیرێك كە خود دەدۆزێتەوە، كە دەگاتە لووتكە، كە سەما دەكات. لە ڕێى شیعرەكانییەوە گەشتدەكات بۆ ئەو جوگرافیایانەى كە تەنیا لە ڕێى شیعرەوە مرۆڤ دەیانگاتىَ. ئەو جێگایانەى بە باغچە دەچن، بە زەریایەكى پڕى ماسى، بە ئاوێنەیەك كە لێیەوە وجوودى خۆمانى تێدا دەبینین. ئەم كتێبە كتێبى نووسینەوەى خودە، كتێبى چوونەوە بۆ ئەو كۆڵانانەى هێشتا منداڵى گەمەیان تێدا دەكات، هێشتاكە خەون دەبینێت، دەفڕێت. دەربارەى ئەو هەموو بەرائەتو خەونو مانایەى كە لەو كتێبەیدایە، ئەومان دوواند، گوتەكانى هەر بە شیعر دەچن، جودا لەوەى پڕ مەعریفەن. كە وەڵامەكانى وى دەخوێنینەوە وادەزانین قەسیدەیەكمان خوێندووەتەوە، ئا تەنیا قەسیدەیەك، قەسیدەیەكى نەمر.
هاوڵاتى: شیعر نووسین لای تۆ (ئه‌حمه‌دی مه‌لا) وته‌نی 'له به‌رده‌وامیدان به ژیانه‌وه' سه‌رچاوه ده‌گرێت؟ ترسی مردنه لای تۆ شیعر ده‌خولقێنێت؟ ئاخود چی؟
نەزەند بەگیخانى: مردن وه‌کو پانتاییه‌ک، فه‌زایه‌کی په‌نهان و ته‌مومژاوی و نادیار، فه‌زایه‌کی پڕ له لوغزو نهێنی زۆر سه‌رنجڕاکێشه‌و نووسینیش گوزاره‌یه له تێڕامان له‌و پانیاییه‌ی که هه‌موومان ده‌گرێته‌وه. پانتاییه‌ک که هه‌موومان پێی ده‌گه‌ین و که‌سیش لێی ناگه‌ڕێته‌وه. نووسین هه‌وڵیکه بۆ تێگه‌ییشتن و شیته‌ڵکردنی فۆرم و هێڵ و ئاماژه نهێنیه‌کانی ئه‌و فه‌زایه. من ترسم نیه له مردن به‌قه‌د ئه‌وه‌ی فزولیم بۆ بڕینی نهێنییه په‌نهانییه‌کانی. کاتێ به‌ره‌وڕووی نهێنی و گرێ ده‌بینه‌وه، پێویستیمان به هه‌وڵی زیاتر هه‌یه بۆ تێگه‌ییشتن و گه‌ییشتن به‌و پانتاییه په‌نهانه، بۆ داهێنان. شیعر وه‌کو سیحر هه‌ڵمان ده‌گرێ و ده‌مانپه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌ودیو، ئه‌و دیوی با و نهێنی و شته مه‌لموسه‌کان. ده‌رگایه‌که به‌ره‌و مه‌ودا نادیاره‌کانی زه‌مه‌ن، به‌ره‌و رابردوو و داهاتوو. له‌م ده‌رگایه‌وه من ئاماژه‌یه‌ک جێده‌هێڵم که خودی من ده‌ڵێته‌وه، من تۆمار ده‌کات له‌ناو زه‌مه‌ن، له مێژوو. به‌مه‌ش من ته‌جاوزی مردن ده‌که‌م. ته‌نها مردنی خۆم نا، به‌ڵکو مردنی خۆشه‌ویستانیش.
من وه‌کو چه‌مک زۆر له‌گه‌ڵ مه‌رگدا ده‌ژیم، ئه‌مه‌ش له‌وانه‌یه په‌یوه‌ندیی به ژیانی تایبه‌تی منه‌وه هه‌بێت که هه‌ر له منداڵیه‌وه مه‌رگی ئازیزانم بینیوه: مه‌رگی باوک و دواتر سێ برا. ده‌زانی کاتێ که‌سێکی خۆشه‌ویستت ده‌مرێ که له‌گه‌ڵ تۆ له هه‌مان ژوور‌و به‌رهه‌یوان و باخچه‌و کۆڵان ژیاوه، پێکه‌وه یاریتان کردووه، شه‌ڕتان کردووه، زیزبوون له یه‌كتری و دواتر له‌ناو پێکه‌نینێکی به‌گوڕ به‌یه‌کتری ئاشتبوونه‌ته‌وه، که‌سێک که کۆمه‌ڵێک بیره‌وه‌ری هاوبه‌ش کۆتان ده‌کاته‌وه، که‌سێک که تۆ ئاشنای به خه‌ون و خه‌م و ئاره‌زووه‌کانی، دوای مردنی ئه‌و که‌سه تۆ پڕ ده‌بیت له پرسیار، له رامان، رامان و پرسیاری منداڵانه‌و دواتر میتافیزیکی: کوا ئه‌وی براو خۆشه‌ویست بۆ کوێ چوو؟ روو له کوێ بکه‌م بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی دیکه بیبینم، له ئامێزی بگرم؟ له‌گه‌ڕان به‌دوای وه‌ڵامدا تۆ ده‌بی به قه‌دیسێک و ده‌ست له ئاسمان ده‌ده‌یت و رۆده‌چیته ناو خاک و شاده‌ماره‌کانی زه‌مین، توخمه‌کانی گه‌ردوون ده‌پشکنی، بۆی ده‌گه‌ڕێی و له کۆتاییدا به غیاب ده‌گه‌یت. ئا لێره‌دا شیعر چه‌شنی دره‌ختێکی بڵند دێته رێگات و پێیدا هه‌ڵده‌گژێی و خۆت ده‌گه‌یه‌نیته ئه‌وی نادیار، له‌گه‌ڵی داده‌نیشی و ده‌دوێی و ده‌گرێی و پێده‌که‌نی. پاشان دێیته‌وه لای خۆت. لای خۆڵ، لای خودا. ئه‌مه هه‌ستیارییه‌که یا هۆشیارییه‌که که له‌گه‌ڵ منداڵ گه‌وره ده‌بێت. له بیرمه که منداڵ بووم، گۆڕستانی جووله‌كه‌ی شاری کۆیه‌یان له‌شێوه‌ی زه‌وی دابه‌ش کرد به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌رانی میری بۆ خانوو دروستکردن. له‌کاتی بناغه‌لێدان، رۆژانه هه‌واڵی دۆزینه‌وه‌ی که‌لله سه‌رو په‌یکه‌ره ئێسقان له لایه‌ن کرێکارانه‌وه به‌ناو خه‌ڵکی شار بڵاو ده‌بووەوه هاوتا له‌گه‌ڵ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌نگوستیله‌و ملوانکه‌و پارچه ئاڵتون که جووله‌که‌كان وه‌کو عاده‌تێک له‌گه‌ڵ که‌سانی خۆشه‌ویستیان ناشتبوویان. ئه‌و گۆڕستانه که ئێستا به‌شێکه له گه‌ڕه‌کی جه‌معیه‌ی کۆیه ده‌که‌وته نێوان ره‌زی شاخی مشکه‌ی زێدی من و ئه‌و مه‌کته‌به‌ی که من لێم ده‌خوێند، بۆیه رۆژانه پێیدا تێده‌په‌ڕیم. هه‌ڵکه‌ندنی ئه‌و گۆڕانه بۆ من ببوو به دالغه‌و خولیایه‌ك و له‌کاتی گوزه‌رکردنمدا به‌وێ ده‌وه‌ستام و سه‌رنجی خاکم ده‌داو ده‌ستم له‌و زه‌ویه رووته ده‌دا، چنگم پڕ ده‌کرد له خۆڵ و لێی راده‌مام و له‌ناویا به‌دوای رووخساری یه‌كێکدا ده‌گه‌ڕام. رووخساری خۆشه‌ویستێک، نیگای ژنێکی عاشق، کوڕی دایکێکی ره‌شپۆش، هاوسه‌ری بێوه‌ژنێکی کۆسکه‌وتوو و لانه‌واز. من چنگم پڕ ده‌کرد له خۆڵ و لێمده‌ڕوانی و راده‌مام و پرسیارم ده‌کرد. هه‌ر ئه‌و پرسیارانه دواتر بوون به ئیلهامی شیعر. وه‌ڵامیش له‌و فه‌زا په‌نهانیه فۆرمێکه‌و هه‌رگیز پێیناگه‌ین، یا ده‌یزانین و نامانه‌وێ بیدرکێنین. کاتێ له لازارۆسیان پرسی (مه‌به‌ستم ئه‌و پیاوه‌یه که مه‌سیح زیندووی ده‌کاته‌وه) جیاوازی چیه له نێوان ژیان و مردن، ده‌زانی چی وه‌ڵام دایه‌وه: هیچ، هیچ جیاوازییه‌ک نیه.
ئه‌م هۆشیارییه به‌رانبه‌ر به چه‌مکی مه‌رگ له رووی کۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه گرنگی خۆی هه‌یه، چونکه ده‌بێته هۆی دروستکردنی مه‌سافه له‌گه‌ڵ واقیعی مه‌لموس و راسته‌وخۆ که له لای ئێمه وا له مرۆڤ ده‌کات هه‌میشه وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شانۆ بێت ته‌مسیل بکات. دروستکردنی مه‌سافه له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره واقیعه مرۆڤ ده‌هێنێته‌وه لای خۆی، ئاشتی ده‌کاته‌وه به خود. مرۆڤ لێره‌دا ده‌توانێ خۆی بێت، هه‌موو کرده‌یه‌كی داهێنانیش له خودبوونه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت.
هاوڵاتى: شیعر بۆ به‌رهه‌مهێنانی مانای دیکه‌یه؟ یان بۆ تێکدانی ماناکانه؟ په‌یوه‌ندی له نێوان شیعر‌و مانادا هه‌یه؟
نەزەند بەگیخانى: شیعر تێکه‌ڵیه‌که له ئاماژه‌و ئیماژو هێماو ریتم و ره‌نگ، وه‌کو پارچه مۆسیقایه‌ک ده‌ڕژێته ناوت، تێکه‌ڵ به رۆح ده‌بێ و ده‌تبا بۆ ئاستێکی دیکه، ئاوه‌ژووت ده‌کات، ده‌تپه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌ودیو. یا وه‌کو تابلۆیه‌ک ده‌تباته ناو پانتاییه‌ك، ده‌تکاته به‌شێک له‌خۆی، به‌شێک له هێڵ و ره‌نگ و فۆرمه‌كان و دوورت ده‌خاته‌وه، له‌خۆت نا، به‌ڵکو له واقیع، له واقیعی مه‌لموس و راسته‌وخۆ. لێره‌دا مانا گرنگ نیه، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی که تۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و شیعره به چ ئه‌زموونێکدا تێده‌په‌ڕی. که‌واته مه‌ودا ئێستێتکی و رۆحیه‌كان مانای شیعر پێشنیار ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ش له‌وانه‌یه له وشه‌یه‌ک، له وێنه‌یه‌كی شیعری، له ئاوازی دێرێکدا خۆی به‌رجه‌سته بکات.
زۆر وتراوه له‌سه‌ر شیعر‌و مانا‌و وه‌ڵامێکی دیارکراویش بۆ ئه‌مه نیه. مانای شیعر له‌وه‌دانیه که شاعیر چی ده‌ڵێ، به‌ڵکو له‌وه‌دایه که شیعره‌که چی به خوێنه‌ر ده‌ڵێ. شیعر وه‌کو وتار‌و په‌خشان و ریپۆرتاژ زانیاری نابه‌خشێ، به‌ڵام ده‌شێ مانا‌و ئایدیا پێشنیار بکات له رێگای وێناکردنی پارچه‌یه‌ك له ژیان، له نیگه‌رانییه‌کی وجوودی، له ساتێ، له دیمه‌نێ که لای خوێنه‌ر به شێوازی جیا به پێی جیاوازی رووانین و تێگه‌ییشتنی ئه‌و خۆی نه‌خش ده‌کات. لێره‌دا ماناکان یه‌ک مانا نین، ئه‌گه‌ر بۆ نموونه شیعرێک چیرۆکێک بگێڕێته‌وه، وه‌کو شیعری چاوشارکێ له به‌رگه‌ڵوو، ئه‌وه ئه‌و مانایه‌ی ئه‌و شیعره پێشنیاری ده‌کات، له خوێنه‌رێکه‌وه ده‌گۆڕی بۆ یه‌کێکی دیکه، به پێی رووانین و هه‌ستیاری و جوانبینی تاکی خوێنه‌ر.
کاتێ بۆ یه‌که‌م جار شیعرێک ده‌خوێنینه‌وه، بێگومان به‌دوای ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێین که ئه‌و شیعره چی ده‌ڵی؟ چ حاله‌تێکی ئینسانی یا ئازار‌و خه‌مێکی وجوودی ده‌وروژێنێ؟ یا به‌ره‌وڕووی چ پرسیارێکمان ده‌کاته‌وه؟ لێره‌دا پێویسته بیر له شاعیر‌و مێژووی شاعیر نه‌که‌ینه‌وه، به‌ڵکو بۆ ناو ئاماژه‌و هێماو ریتمی شیعره‌که لێژبینه‌وه تا له ناو خانه‌و چینه غامزو فره‌مه‌وداکانیدا بگه‌ینه پرسیارێک یا چه‌ند مانایه‌كی پێشنیارکراو. ده‌ڵێم چه‌ند مانایه‌ک، چونکه ده‌شێ شیعرێک له یه‌ك کاتدا کۆمه‌ڵێ مانا‌و دژه مانامان له لا بوروژێنێ، ئه‌مه‌ش ئه‌و جیاوازیه گه‌وره‌یه‌مان وه‌بیر ده‌هێنێته‌وه که له نێوان ریپۆرتاژ یا وتار‌و لێکۆڵینه‌وه‌دا هه‌یه که سه‌ر به یه‌ك مه‌وداو یه‌ک واتان. که‌واته له شیعردا له جیاتی گه‌ڕان به‌دوای مانا، ده‌بێ زیاتر له‌سه‌ر وشه‌و ئاواز‌و ئیماژو هێماکان بگیرسێینه‌وه نه‌ک مانایه‌کی گشتی تاکمه‌ودا که قه‌د نایگه‌ینێ و چونکه هه‌رگیز ناتوانین بزانین شاعیر له کاتی نووسینی شیعرێکی دیاریکراودا یا دانانی وشه‌یه‌ک له جیاتی یه‌کێکی دیکه بیری له‌چی کردووەته‌وەو ویستوویه‌تی چی بڵێ. ئه‌مه‌ش ئه‌وه پێشنیار ده‌کات که خوێنه‌ری شیعر بچێته ناو پانتایی شیعر‌و به رووانینی تایبه‌تی خۆیه‌وه لێی نزیک بێته‌وه تا مه‌ودا فراوانه‌کانی که‌شف بکات.
هاوڵاتى: له شیعره‌کانتدا گه‌مه کردن، سه‌رسامی، پرسیارکردنی منداڵانه هه‌یه له شته‌کان، له نه‌زانراوه‌کان، له راوه‌ستاوه‌کان. منداڵییه‌ک ماخۆلانیه‌تی و گه‌وره‌یی بڕێکجار هاوه‌ڵی ده‌کات. ئه‌دی تۆ له‌باره‌ی منداڵییه‌کی بزێو له شیعره‌کانتدا بدوێ که گومانی له مه‌نگییه‌کانه… ئایا گه‌وره‌بوون هه‌ڕه‌شه‌یه له‌به‌رده‌م ئه‌و منداڵێتییه‌ی که له شیعردا هه‌یه؟
نەزەند بەگیخانى: کاتێ باسی منداڵی ده‌که‌ین، باس له جیهانێکی ئه‌فسووناوی ده‌که‌ین له ده‌ره‌وه‌ی زه‌مه‌ن و شوێن، به‌ڵام له هه‌مان کات زۆر نزیک و هه‌میشه ئاماده له‌ناو خود. من که لێژده‌بمه‌وه ناو پانتایی خه‌وناوی منداڵی، دوو توخمی سیحرئامێز ده‌بینم که پێکهاته‌ی سه‌ره‌کیی منداڵی منن: ئه‌مانه‌ش بریتین له دایکم و ره‌زی شاخیمشکه. له رێگای ئه‌و دوو توخمه‌وه من ده‌گه‌م به منداڵی خۆم و زێد‌و خوداوه‌ند. منداڵیم له‌وێ له سه‌ر گردێکی شین دانیشتووه‌و ده‌نکه توو ده‌خوات، یا دره‌ختێکی باڵایه‌و پڕه له مۆسیقا‌و دره‌وشانه‌وه‌ی ئه‌ستێره، خوداوه‌ندێکی ژنیش ته‌ڕ به فرمێسک، ته‌ژی به جوانی و به‌رائه‌ت و ئیراده‌و میهره‌بانی رۆژانه به‌ده‌وریدا ده‌خولێته‌وه له سێبه‌ری سیاسییه‌کان و تارمایی قه‌ڵه‌ره‌شه‌کان که هه‌ڕه‌شه له بوون و ستاتوی ده‌که‌ن ده‌یپارێزێ. منداڵی فه‌زایه‌کی په‌نهان و پێباپان و لێوانلێوه له سیحر و سپه‌هی و ته‌لیسم که سه‌رچاوه‌ی ئیلهامی هه‌موو داهێنانێکه. به بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ منداڵی ناتوانین خۆمان بین، ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه ده‌شێ نۆستالژی بێت، به‌ڵام بۆ من پرسیاره، رامان و هۆشیاریه به‌رامبه‌ر به شته‌کان، به‌رامبه‌ر به بوون، له سه‌رووی هه‌موویه‌وه به‌رامبه‌ر به سووڕی زه‌مه‌ن، به مه‌رگ. له‌مه‌ش گرنگتر ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه هه‌ڵگرتنی منداڵیه له‌ناو خود به جۆرێک که له رووانینی گه‌وره‌بووماندا بۆ شته‌کان خۆی به‌رجه‌سته بکات، له ساته‌کانی ئێستاماندا سه‌ره‌تاتکێ بکات و بمانباته‌وه لای خودا‌و ناو فه‌زای ئه‌فسانه‌یی و ئه‌فسووناوی جاران، لای منداڵیی جیهان. ئه‌مه‌ش ره‌هه‌ندێکی جوانی و خه‌ون ئامێز به ئێستامان ده‌به‌خشێ که له یه‌ك کات ناسک و به‌هێزمان ده‌کات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی واقیع. چونکه ئه‌و سیحر‌و خه‌ونه له گه‌وره‌بوون ده‌مانپارێزن، واته ده‌مانپارێزن له تێکه‌ڵبوون به ناشیرینی و ناڕاستی و نادادوه‌رییه‌کان. ئه‌مه‌ش وه‌کو ئه‌وه نا که ببێته په‌رده‌یه‌ک و رووخساری حه‌قیقی واقیعمان لێبشارێته‌وه تا نه‌بینین و تێی نه‌گه‌ین، به‌ڵکو وه‌کو توخمێکی ئه‌فسانه‌یی که رووانینمان فراوان ده‌کات و وامان لێده‌کات جوانییه ساده‌کان بگرین، پێکه‌نینه به‌گوڕه‌کان بژیه‌نینه‌وه له‌ناو خۆمان، بگه‌ینه‌وه به راکردنه به‌تینه‌کان و سڵ نه‌که‌ینه‌وه له ره‌تبردن، له که‌وتن و نوشستییه‌کان. ئه‌و منداڵیه بۆ من که‌ره‌سته‌ی ژیانه، رۆژانه له‌گه‌ڵمه‌و زیندووه. تۆ ده‌زانی من شه‌وانه بۆ نه‌وزادی کوڕم چیڕۆکێکی منداڵی خۆم ده‌گێڕمه‌وه؟ ئه‌مه ته‌نها له‌وه‌وه نه‌هاتووه که ئێمه‌ی کورد کتێبی منداڵانمان به زمانی کوردی که‌مه، یا نیمانه، به‌ڵكو له زیندوویه‌تی ئه‌و توخمه‌و ئاره‌زووی گه‌رمی من بۆ به‌رزراگرتنی منداڵی دێت که له رێگای توانای گێڕانه‌وه‌و رامان و وتنه‌وه ره‌هه‌ندێکی دیکه نه‌ک هه‌ر به ئێستای خۆم، به‌ڵکو به ئێستای کوڕه‌که‌شم ده‌به‌خشم، ئه‌و ره‌هه‌نده‌ی که به هۆی پله‌یسته‌یشن و یاری کۆمپیوته‌ر له پانتایی منداڵانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا نیه. له‌و چیڕۆکانه‌ی منداڵی من جۆگه‌ی به‌رده‌م ره‌زی گه‌زه سه‌ما ده‌کات، رووباری شاخیمشکه گوڵ ده‌به‌خشێته‌وه ، ئاژه‌ڵه‌کان ده‌تریقێنه‌وه‌و بۆق و ماسی و باڵنده گۆرانی ده‌ڵێن. ده‌زانی نه‌وزادی کوڕم ئه‌وه‌نده هۆگری ئه‌و چیڕۆکانه‌یه که بۆ باوکی که ئیرله‌ندییه ده‌یانگێڕێته‌وه‌و ده‌ڵێ بابه گیان ده‌زانی له کێڵگه‌ی شاخیمشکه ئاژه‌ڵه‌كان قسه ده‌که‌ن، رووبار سه‌ما ده‌کات و ئاو ده‌بێ به په‌یژه‌و ماسی به‌سه‌ریا خلیسکانێ ده‌کات. ئه‌م پانتاییه ئه‌فسووناوییه زۆر پێویسته بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه جه‌نجاڵه، به‌ڵام دیاره بۆ وڕێنه‌و شاردنه‌وه‌ی وه‌جهی راسته‌قینه‌ی واقیع نیه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی بۆ زیادکردنی تێگه‌ییشتنمان و فراوانکردنی خوێندنه‌وه‌مان بۆ واقیع و جوانکردنی رووانینمانه بۆ ئێستا. تۆ فیلمی ماسییه گه‌وره‌كه‌ی (تیم بێرتن)ت نه‌بینیوه؟ ئه‌و فیلمه رێک باس له‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌کات: له رێگای په‌یوه‌ندی باوکێک و کوڕێک که زوو گه‌وره ده‌بێت و نایه‌وێت سیحری منداڵی و وتن و گوزاره‌کردن له پانتاییه‌کانی منداڵی ببینێ که باوکی ده‌یانڵێت. دوای مردنی باوکی، کوڕه‌که تێده‌گا که ئه‌و فه‌زا ئه‌فسووناویه توخمی سه‌ره‌کیی ژیانی باوکی بووه، ده‌بێ به توخمی سه‌ره‌کیی ژیانی ئه‌ویش، هی مرۆڤ.
هاوڵاتى: تۆ پێت وایه شیعر وه‌سیله‌یه‌که بۆ گه‌یشتن به خود؟ یان بۆ خولقاندنی خوده؟ یاخۆ بۆ نووسینه‌وه‌ی خوده؟
نەزەند بەگیخانى: شیعر حه‌قیقه‌تی منه. بۆ من شیعر پێویستییه‌كی رۆحی و ئێستێتیکی و عه‌قلیه. له رێگای شیعره‌وه من ده‌فڕم، ئاوه‌ژوو ده‌بم و دوور ده‌که‌ومه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی جوانتر‌و پڕتر بێمه‌وه لای خۆم، ناو کۆشی ژیان. من وه‌کو پیشه کاری لێکۆڵێنه‌وه ده‌كه‌م، لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌کادیمی. ئه‌وه‌ی من ده‌توانم له رێگای شیعره‌وه بیگه‌یه‌نم، زۆر گه‌وره‌ترو فره ره‌هه‌ندو جوانتره له‌وه‌ی که لێکۆڵێنه‌وه‌و وتاره‌کانم ده‌یڵێن. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته به فره ره‌هه‌ندی و سیحری شیعره‌وه‌و ده‌مانباته‌وه لای پرسیاری دووه‌مت ده‌رباره‌ی شیعر‌و مانا: من له شیعردا خۆم ده‌نووسمه‌وه، به‌ڵام خودێکی مێژوویی سه‌ر به رووداوه‌کان نا، به‌ڵكو خودێکی فراژوو، خوداوه‌ندانه، خودێکی پڕ له جوانی و وه‌جدو عیرفان. شیعر په‌یژه‌یه‌و پێیدا سه‌رده‌که‌وین، فراژوو ده‌بین و ده‌گه‌ینه لای خودا. من نزیکییه‌کی زۆر ده‌بینم له نێوان دین و شیعر، مه‌به‌ستم له دین رۆحانیه‌ته به‌و شێوه‌یه‌ی که سوفیه‌کان به‌رجه‌سته‌یان کردووه. کاتێ سه‌رده‌که‌وین به‌سه‌ر ئه‌و په‌یژه‌یه، نه‌ک ته‌نها باڵا ده‌بین، به‌ڵکو چه‌شنی سوره‌ییا داده‌گیرسێین و له رووخساری خۆماندا خودا ده‌بینین. ئه‌م گه‌ییشتنه به خود له یه‌ك کات خۆدۆزینه‌وه‌یه‌و ئافراندنی خودیشه.
هاوڵاتى: ئه‌و نادڵنیاییه له کوێوه دێت له به‌رامبه‌ر به شوێن و کات له شیعره‌کانتدا؟ پێت وایه ئه‌م دوو شته هه‌میشه له گۆڕاندان و نادڵنیایی ده‌خه‌نه‌وه؟
نەزەند بەگیخانى: من باس له دوو زه‌مه‌ن ده‌که‌م: زه‌مه‌نی مێژوویی و زه‌مه‌نی شیعری. له هی یه‌که‌میاندا مرۆڤ له‌گه‌ڵ سوڕی زه‌مه‌ن رێده‌کاو گه‌وره ده‌بێ، پیر ده‌بێ، ده‌مرێ. ژیان له‌م زه‌مه‌نه‌دا له که‌شێکی ماتێریالی و فیزیکیدا ده‌ست پێده‌کات و گه‌وره ده‌بێ و کۆتایی پێدێت. شوێنیش به پێی گۆڕانه مێژووییه‌کان ده‌گۆڕێن. هه‌موو شته‌کان سنوری په‌رژینکراو و ره‌نگی خۆیان هه‌یه. ئه‌تمۆسفیرێکی خنکێنه‌ر! به‌ڵام له زه‌مه‌نی شیعریدا، منی مرۆڤ ده‌بم به خودا. هه‌میشه منداڵ و ته‌ژی له به‌رائه‌ت و خه‌ون و سیحر‌و جوانییه‌کان ئاراسته‌ی زه‌مه‌ن ده‌گۆڕم. به‌ره‌ورووی مه‌رگ و پیری و نادادوه‌رییه‌كان ده‌بمه‌وه. هه‌میشه تێکه‌ڵم به توخمه ساده‌و ئه‌فسووناوییه‌كان. ته‌ژی له ناسک و جوانی و هێزێک که ده‌توانم چه‌شنی منداڵێک له به‌رانبه‌ر په‌ڕامووچه‌یه‌ک که له سووچێکی کۆڵان شنه‌بایه‌ك ده‌یجوولێنێته‌وه عه‌یامێک رابمێنم و ئاودیوی ناو سیمفۆنیا، ئاودیوی ناو دیمه‌نی بالیایه‌كی شکۆمه‌ندانه بم. له هه‌مان کات پڕ له وزه‌و تین بۆ هاتنه‌گۆو شکانی بێده‌نگی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی غه‌در و نادادوه‌ریه‌كان. من له شیعره‌کانم پرسیار له هه‌موو ئه‌مانه ده‌كه‌م، گوزاره‌یان لێده‌که‌م. شوێنه‌کان و ساته‌کان هه‌موویان پێکده‌چن، ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌ودا شیعرییه نه‌بێت که له ره‌نگ و بۆن و سیمایه‌كی دیکه‌یان هه‌ڵده‌کێشی. تێگه‌ییشتنمان بۆ ئه‌و دوو زه‌مه‌نه خالی نیه له هۆشیارییه‌كی سه‌ر به نادڵنیایی و ترس و نیگه‌رانیی وجوودی که ته‌نها به شیعر و داهێنان ده‌توانین ته‌جاوزیان بکه‌ین.
هاوڵاتى: ئه‌و هه‌سته چییه له شیعره‌کانتدا له به‌رامبه‌ر به ته‌نهایی و مردن؟ ترسه یاخود هه‌ستیاری شاعیرێکه؟ ئاخۆ خود له نێوان ته‌نهایی و مردن‌دا چی به‌سه‌ر دێت؟
نەزەند بەگیخانى: ئێمه‌ی مرۆڤ ته‌نهاین. ته‌نهاترین بوونه‌وه‌ری سه‌رزه‌مین. دوێنێ ئێواره له‌ناو چیمه‌نه‌که‌مان وه‌ستابووم و سه‌یری ئاسمانم ده‌کرد، له‌پڕ پۆلێ باڵنده‌ی زستانیم بینی پێکه‌وه له هێماو فۆرمێکی جیاواز‌و یه‌کگرتوودا هه‌ڵده‌فڕین. دراوسێکه‌م که جووتیاریكی فه‌ڕه‌نسیه له باخچه‌که‌یه‌وه سه‌یرێکی کردم و وتی ئه‌م هه‌ڵفڕینه گه‌له‌کیه نیشانه‌ی سه‌رمایه‌کی به‌تینه. به‌ڵی ئه‌و باڵندانه هێمای ساردی له ئاسمانی ئێمه‌دا نه‌خش ده‌که‌ن و ته‌نهایی و نه‌توانینی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه بۆ پێکه‌وه‌بوون ده‌هێننه‌وه بیرمان. ئه‌م پێکه‌وه‌بوونه به قه‌د ئه‌وه‌ی غه‌ریزه‌یه بۆ له‌گه‌ڵیه‌کبوون، بۆ خۆرزگارکردن و یه‌کتری پاراستن له سه‌رماو ته‌نهایی، هه‌وڵێکیشه بۆ جوانکردنی ساته‌كان، بۆ فراژووبوونی رۆح، بۆ پێکه‌وه‌بوونێکی هێمابه‌خش و پڕمانا له فه‌زایه‌کی پێپایان و قووڵ، نه‌ک وێرانکه‌رو پووچ. ئه‌گه‌ر له هۆشیارییه‌كی وجودیه‌وه باسی ته‌نهایی بکه‌ین: مرۆڤ به ته‌نهاو بێ ئیراده‌ی خۆی له دایک ده‌بێت و به ته‌نهاش سه‌رده‌نێته‌وه، یا له‌و هه‌ستیارییه شاعیریه‌ی که پێشتر قسه‌م له‌سه‌ر کرد، ده‌گه‌ینه یه‌ک ئه‌نجام: ته‌جاوزی ئه‌و ته‌نهاییه ته‌نها به پێکه‌وه‌بوون ناکرێت، به‌ڵکو به به‌خشینی مانا به بوون، به نه‌خشکردنی هێمایه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندو یه‌کانگیر له‌گه‌ڵ رۆح، به دیاریکردنی مه‌به‌ستێک بۆ ژیان ته‌جاوز ده‌کرێت. جا هه‌ر یه‌كێک له ئێمه به جۆرێک ئه‌و مانا‌و هێمایه به‌رجه‌سته ده‌کات و مه‌به‌ست دیاری ده‌کات و ریتمی خۆی له ئاسمانی بوون تۆمار ده‌کات. پرسیارکردن له‌مانه‌و گوزاره‌کردن لێیان له رێگای شیعره‌وه هه‌وڵێکه بۆ تێگه‌ییشتن له خۆمان، له حاله‌تی ئینسانی و ئازار‌و خه‌مه وجودیه‌کان، هه‌وڵێکه بۆ گه‌ییشتن به مه‌به‌ست. خودیش له‌م پرسیارکردن و هۆشیاری و وریاییه‌دا هه‌میشه زیندوو ده‌مێنێته‌وه‌و مه‌ودا نادیاره‌کانی مرۆڤ ده‌نووسێته‌وه.
هاوڵاتى: بۆچی پێیه‌کانت ئیدی ناتوانن بڕۆن؟ ئه‌مه ئیدی له شیعردا پێیه‌کانت ناڕۆن یان له واقیعدا پێیه‌کانت توانای رۆیشتنیان نه‌ماوه؟
نەزەند بەگیخانى: له‌م پرسیاره‌دا تۆی خوێنه‌ر به‌دوای ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێی که منی شاعیر له‌کاتی نووسینی ئه‌م شیعره بیرم له‌چی کردووەته‌وه، یا له چ حاله‌تێکی فیزیکی و ده‌روونی دابووم. ئه‌مه‌ش بۆ خوێنه‌ری وریا‌و هه‌ستیار قه‌ناعه‌ت نابه‌خشێ، چونکه تۆ دوور ده‌که‌وییه‌وه له‌و ره‌هه‌ندانه‌ی که شیعره‌که خۆی ده‌یه‌وێ بیانگه‌یه‌نێ یا پێشنیاریان بکات یا پرسیاریان له‌باره‌یه‌وه بکات.
"ئیتر ئه‌م پێیانه چیتر ناتوانن بڕۆنن، ته‌نها وه‌ک سه‌نگێک به زه‌وی ده‌که‌ون" دێرێکی شیعری "چیتر"ه که هه‌روه‌کو له سه‌ره‌تای شیعره‌که ئاماژه‌م پێداوه به کاریگه‌ری ئێلیه‌ت نووسراوه. من زۆر نزیکم له شیعره‌کانی ئێلیه‌ت و چه‌ند شیعرێکی ئه‌ویشم وه‌رگێڕاوه که له گۆڤاره‌کانی مه‌نفای کوردی سه‌ره‌تای ساڵانی 90 له ئه‌وروپا بڵاوبوونه‌ته‌وه. ئه‌م نه‌توانینه له به‌رده‌وامبوون ئه‌گه‌ر په‌ککه‌وتنێکی فیزیکی بێت، مردنی به مه‌به‌ستی ئه‌ندامێکی له‌ش بێت، تواندنه‌وه‌ی ئیراده‌یه‌کی ده‌ره‌کی بێت، ئه‌وه هه‌ڵایسان و دۆزینه‌وه‌ی هێزێکی ناوه‌کیشه، گه‌یشتنه به جه‌وهه‌رێکی دیکه. ته‌کانه بۆ گه‌یشتن به مه‌به‌ست، داگیرسانی ئیمانه که له شیعری چوارشه‌ممه خۆڵه‌مێشی ئێلیه‌ت له ئیمانی شاعیر به مه‌سیحیه‌ته‌وه دێت. ئه‌مه ئیمانه به ژیانێکی په‌نهان و قووڵ و جه‌وهه‌ری که ده‌که‌وێته ده‌ره‌وه‌ی واقیعی فیزیکی و ماتێریالی، ئه‌و واقیعه‌ی که تیایدا له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ن هه‌موو شته‌کان ده‌گه‌چرێن، کز ده‌بن و ده‌که‌ون. گه‌چران و له‌پێکه‌وتن و نه‌رۆیشتن لێره‌دا حه‌زی کوشتنی فیزیکه له پێناوی سه‌رفرازی رۆح و گه‌ییشتن به رۆحانیه‌ت.