کۆتر له سه‌روه‌ختی فڕین‌دا …حەمەسەعید حەسەن
ئه‌گه‌ر ئه‌وڕۆ بمرم
مۆبایلکه‌م هه‌شتا و نۆ مه‌سیج و
گیرفانم بیست پاوه‌ند و
دڵم تاقه پیاوێکی تێدایه.
(نیگار نادر)
شیعر چییه؟ یه‌کێک له پێناسه هه‌ره جوانه‌کانی شیعر، ئه‌وه‌ی (ئیبن ڕه‌شیق)ه که ده‌ڵێت: (شیعر ئه‌وه‌یه که ژنه‌وتن ده‌کاته بینین.) پێ ناچێت سه‌رده‌می ئیبن ڕه‌شیق شتێک هه‌بووبێت به ناوی (وێنه‌ی شیعری)یه‌وه، وه‌لێ ئه‌و بێ ئه‌وه‌ی ناوی بهێنێت، باسی وێنه‌ی شیعری ده‌کات، ئه‌وه بۆیه که گوێمان له‌و ڕسته شیعرییانه ده‌بێت که پشتیان به وێنه‌ی شیعری قایمه، به چاویش هه‌ست به بابه‌تی شیعره‌که ده‌که‌ین. شاعیر واقیع نانووسیته‌وه، کار له‌سه‌ر زمان ده‌کات و هه‌وڵی به شیعرکردنی واقیع ده‌دات. ئه‌دیب به گشتی و شاعیر به تایبه‌تی، زمان له خڵته خاوێن ده‌کاته‌وه، لێ ناگه‌ڕیت زمان له ئاوی جۆگه‌له‌یه‌کی لێڵ بچێت، کارێک ده‌کات، زمان وه‌ک ئاوی کانیی بناری چیا ڕوون بنوێنێت.
شاعیر وه‌ک چۆن بانگه‌شه بۆ شتی پووچ و سووک ناکات، هه‌ر وایش خه‌ریکی گوتنه‌وه‌ی ده‌رسی مۆراڵ نابێت. شاعیر به هۆی تێکسته‌کانییه‌وه، په‌یامێک، هێمایه‌ک یان بیرۆکه‌یه‌ک بۆ خوێنه‌ر ده‌نێرێت، ئه‌وه ئه‌رکی ڕه‌خنه‌کاره ڕووناکی بخاته سه‌ر تێکسته‌که و بۆ باشتر تێگه‌ییشتن له په‌یامی شاعیر، کۆمه‌ک به خوێنه‌ر بکات، ئاخر شیعر ئه‌گه‌ر ت. س. ئه‌لیه‌ت (1888 _ 1965) گوته‌نی: (زمانحاڵی ڕاستگۆی ئاڵۆزییه‌کانی شارستانیی نوێ بێت، ئه‌وا سه‌خت ده‌بێت) و خوێنه‌ر بۆ لێ تێگه‌ییشتنی، پێویستی به هاوکاریی ڕه‌خنه‌کار ده‌بێت. ڕێ ده‌که‌وێت، لێکدانه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌کار بۆ شیعرێک، ته‌نانه‌ت له خوێندنه‌وه‌ی خودی شاعیره‌که‌یشی دروستتر بێت، ئاخر جاری وا هه‌یه، مه‌کسیم ڕۆدنسۆن گوته‌نی: (ته‌واو نزیکبوونه‌وه وا ده‌کات، هه‌موو شتێک نه‌بینین،) دروست وه‌ک چۆن بۆ بینینی جه‌نگه‌ڵێک، پێویستمان به‌وه ده‌بێت، هه‌ندێک لێی دوور بکه‌وینه‌وه.
ڕه‌خنه‌کار که‌سێکه هه‌م بوێر و هه‌م ئۆبجێکتیڤیست، ئه‌وی جارێک به‌مدا هه‌ڵده‌دات و که‌ڕه‌تێک به‌ودا هه‌ڵده‌شاخێت، ڕه‌خنه‌کار نییه. سروشتی هه‌ندێک که‌س وایه، نه گه‌ردێک له گیانی لێبورده‌یییان تێدایه، نه ڕێز له هیچ ڕه‌خنه‌یه‌ک، ئه‌گه‌ر ئاڕاسته‌ی خۆیان کرابێت، ده‌گرن. بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه بکه‌ین، نه‌ک هه‌ر ده‌بێت به سنگێکی فراوان و گیانێکی وه‌رزشکارانه‌وه، گوێ بۆ ڕه‌خنه‌ی که‌سانی دیکه ڕادێرین، به‌ڵکوو پێویسته ناوبه‌ناو ببینه ڕه‌خنه‌گری خۆمان و ڕه‌خنه له خودی خۆمان بگرین. ئه‌گه‌ر پێمان وابێت، ڕه‌خنه بریتییه له دووانه‌ی ڕاست و هه‌ڵه، یان دروستتر، بریتییه له جیاکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه له ڕاست، ئه‌وا هه‌میشه خۆمان پێ ڕاست و ئه‌وی دیکه‌مان پێ هه‌ڵه ده‌بێت. بورخیس ده‌ڵێت: (هه‌میشه له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌خنانه‌دام که ئاڕاسته‌م ده‌کرێن، ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌ک که‌س ڕه‌خنه‌م لێ نه‌گرێت، حه‌ز ده‌که‌م، به ناوێکی خوازراوه‌وه، خۆم ڕه‌خنه‌یه‌کی توند له خۆم بگرم.) (*)
ئه‌وه سروشتی داهێنانه که جۆرێکه له نوێکردنه‌وه، ئه‌زموونگه‌ری، یاخیبوون و ته‌نانه‌ت شۆڕشیش. (بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی هه‌ته و نیته به من بچێ، ده ئه‌مجاره‌ش کراسه‌که‌م هه‌ڵده‌وه!) دوا کتێبی (نیگار نادر)ه که بریتییه له ده‌فته‌ری یادداشته ڕۆژانه‌یییه‌کانی، به درێژایی هه‌موو ڕۆژه‌کانی ساڵی 2006 که به گوێره‌ی زانیاریی من، ئه‌مه یه‌که‌مین جاره، شاعیرێک بێ ئه‌وه‌ی باز به سه‌ر تاقه ڕۆژێکدا بدات، بیره‌وه‌رییه‌کانی ساڵێکی ته‌واوی خۆی بنووسێته‌وه. لایه‌نێکی نوێی دیکه‌ی کتێبه‌که ئه‌وه‌یه، ڕووپه‌له‌کانی شێوه‌ی ڕۆژژمێریان هه‌یه، وه‌لێ لایه‌نی هه‌ره سه‌رنجڕاکێشی ، ئه‌و بوێرییه بێ وێنه‌یه که یه‌که‌مین جاره نووسینی کوردی به خۆیه‌وه ده‌بینێت.
نه‌رمایی گوێچکه‌م ڕامووسه!
زمانت ماچ ده‌که‌م، سه‌گبابی زمانخۆش.
چووم له بن دره‌ختێک ڕاکشام، وه‌کی بن تۆ، خۆش.
ماچێكت له مه‌مکی ڕاستم ده‌کرد و
ماچێکت له مه‌مکی چه‌پم، تا وه‌خه‌به‌رت هێنام.
له‌بن (تۆ)ڕا له ژیان ده‌ڕوانم،
ئای ژیان له‌بن تۆڕا
چه‌ند گه‌رم و جوانه، سه‌گباب! (**)
تا ئه‌م بیره‌وه‌رییانه‌ی نیگار نادر بڵاو نه‌کرابووه‌وه، هیچ شاعیرێکی کورد ئه‌وه‌نده‌ی قوبادی جه‌لیزاده، بوێرانه باسی له جه‌سته‌ی ژن و تینوویه‌تیی بۆ سێکس نه‌کردبوو، وه‌لێ به بڵاوبوونه‌وه‌ی (بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی هه‌ته و نیته به من بچێ، ده ئه‌مجاره‌ش کراسه‌که‌م هه‌ڵده‌وه!) کێبڕکێکارێکی ڕاسته‌قینه له قوباد په‌یدا ده‌بێت که وه‌ک هونه‌ری نووسین نا، وه‌لێ وه‌ک بوێریی ده‌ربڕین، نه‌ک هه‌ر هاوشانی ئه‌و ڕێ ده‌کات و به‌ڵکوو هه‌ندێک جار به‌جێشی ده‌هێڵێت.
ده‌سته‌یه‌ک قه‌ڵه‌مم هه‌یه بۆ نووسین و
ده‌سته‌یه‌ک پیاویش بۆ عه‌شق.
پیاوان وه‌ک چه‌پکه‌گوڵ وان،
هه‌ر بۆ دوو سێ ڕۆژ
ڕه‌نگیان جوانه و بۆنیان خۆش،
پاشان ده‌بێ فڕێیان ده‌ی.
له کتێبی (بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی هه‌ته و نیته به من بچێ، ده ئه‌مجاره‌ش کراسه‌که‌م هه‌ڵده‌وه!)ی (نیگار نادر)دا، (کۆتر) و (تامه‌زرۆیی بۆ فڕین) پانتایییه‌کی به‌رینیان داگیر کردووه. باڵنده به گشتی، سیمبۆلی ئازادییه، ئه‌وه بۆیه پیاوێک که له قه‌فه‌زی زێڕیندا به‌ند نه‌بێت، زوو زوو ده‌ڵێت: ئازادم وه‌ک مه‌ل. شه‌یدایی بۆ فڕینیش له ڕوانگه‌ی (فرۆید)ه‌وه، تامه‌زرۆیییه بۆ جووتبوون. نیگار نادر وێڕای کۆتر و فڕین، هانا بۆ گه‌لێک وشه‌ی دیکه‌یش ده‌بات که تایبه‌تن به باڵنده، وه‌ك: هێلانه، نیشتنه‌وه، هه‌ڵنیشتن، (گمه) که ده‌نگی کۆتره و (ته‌قله‌لێدان)یش که تایبه‌ته به جۆرێک کۆتر.
ده‌ستت بێنه له‌سه‌ر ناوکمی دانێ،
نه‌یبزێوی! نه بۆ خوارتر نه بۆ سه‌رتر،
ده‌نا کۆتره‌کانم هه‌ڵده‌فڕن.
نامه‌یه‌کت هاویشته سه‌ر سینگم،
نووسیبووت: کۆتر، گه‌ردنت ده‌مژم.
سه‌ر به سینگم بکه!
هێنده‌م نه‌ماوه له لات،
کۆتری وه‌ک من نابینیته‌وه، ها سه‌گباب.
له‌م به‌رهه‌مه‌ی نیگار نادردا گه‌لێک جار (سه‌گباب) پاته ده‌بێته‌وه، بڕوا ناکه‌م که‌س وه‌ک ئه‌و (سه‌گباب)ی وه‌ها شیرین و جوان له ڕسته‌دا جێ کردبێته‌وه و وای کردبێت، ئاوازی ئه‌و جنێوه له هی پێداهه‌ڵدان خۆشتر و به‌جۆشتر بێت. زێده‌گۆیی نییه گه‌ر بڵێم، خوێنه‌ر پڕ به دڵ حه‌زی لێیه پریشکی ئه‌و جنێوه‌ی به‌ر بکه‌وێت.
جنێوم پێ ده‌دا ئه‌و شۆخه هه‌رچه‌نده جنێو تاڵه
کوتوپڕ خۆش و شیرینی ده‌کا، لێوی شه‌کرباری.
قه‌ت بڕوا ناکه‌م، جنێوی شۆخه‌که‌ی (که‌مالی،) هێنده‌ی ئه‌وه‌ی نیگار نادر، خۆش و شیرین بووبێت. ئه‌و زمانه‌ی ن. ن پێی ده‌نووسێت، زمانێکی بێ گڕێوگۆڵ و پاراوه، وه‌لێ زۆر جار زیاد له پێویست ناوچه‌یییه و هه‌ندێک جاریش له‌بری ڕه‌چاوکردنی کورت‌بڕی، وشه‌ی هاوواتای دووباره کردووه‌ته‌وه، وه‌ک:
خۆشه‌ویستی و جغاره،
که‌م که‌س ده‌خوازێ (ته‌رکیان کا و ده‌ستبه‌رداریان بێت.) ته‌رکیان کا، زیاده‌یه. یان:
ده‌زانم له‌ناو خۆتدا
(شاردووتمه‌وه و حه‌شارت داوم.) شاردووتمه‌وه، زیاده‌یه. یان:
پیاوان (هه‌میشه) هه‌نار و مین (تێکه‌ڵ ده‌که‌ن و لێک ناکه‌نه‌وه.) لێک ناکه‌نه‌وه، زیاده‌یه و هه‌میشه بۆ (تێکه‌ڵ ده‌که‌ن،) دروسته، وه‌لێ بۆ (لێک ناکه‌نه‌وه،) چونکه نه‌رێنییه هه‌ڵه‌یه، (هه‌رگیز) له‌گه‌ڵ (مه‌نفی)دا دروسته.
نیگار نادر له کۆشیعری (هه‌موو ژته‌دا ژیونه‌ته‌وه)یشدا به هه‌مان ڕاشکاوی و به هه‌مان بوێریییه‌وه، خۆی نووسیوه‌ته‌وه، ڕاشکاوی و بوێریییه‌ک که شیاوی ئێره‌یی پێ بردنن. ژن که به نهێنی سیگار ده‌کێشێت، لای ئه‌م هێنده (سه‌ره‌ڕۆ)یه، به ئاشکرا سیگار، نێرگه‌له و (مه‌روانه) (***) ده‌کێشێت و شه‌رابیش ده‌نۆشێت:
ئه‌ز ژنه‌کم
سه‌ربه‌خۆ و بنبه‌خۆ،
ژنێکم بێ پیاو، بێ ئاوه‌ڵکراس،
ژنێکم عه‌شق بێ ته‌قه ده‌مگرێ.
نازانم له بن دره‌ختێک دانیشتووم
یان له بن پیاوێک،
لێ ده‌زانم، ژنێکی جووتم، ئه‌وڕۆ.(****)
بڕوام به‌وه‌یه که ژن زمانی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، هه‌ر شیعرێک به‌رهه‌می قه‌ڵه‌می ژن بێت و گه‌واهی له‌سه‌ر خاوه‌نه‌که‌ی نه‌دات که ژنه، ئه‌وا ئه‌و ژنه‌شاعیره، خۆی له زیندانی زمانی پیاوان قوتار نه‌کردووه و هێشتا دیلی ده‌ستی زمانی باوه که زمانی پیاوه. نیگار نادر وه‌ک ژنێکی بوێر، بێ ترس و دڵه‌ڕاوکێ، به زمانێک که هی مێیینه‌یه، گۆرانی بۆ ئه‌و پیاوه ده‌چڕێت که له هێلانه‌ی دڵیدایه.
27. 12. 2008
(*) مروة کریدیة، نقد النقد 23 دیسمبر 2008 إیلاف.
(*) نیگار نادر، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی هه‌ته و نیته به من بچێ، ده ئه‌مجاره‌ش کراسه‌که‌م هه‌ڵده‌وه، ده‌زگای ئاراس 2008 هه‌ولێر.
(***) سه‌رڕۆ، ده‌ربڕینی ن. ن خۆیه‌تی، مه‌روانه، جۆرێکه له تلیاک.
(****) نیگار نادر، هه‌موو ژته‌دا ژیونه‌ته‌وه، ده‌زگای ئاراس 2008 هه‌ولێر.