
کورد له سووریا چی بکات!؟ (به‌شی دووه‌م و کۆتایی)
ئه‌مڕۆ به‌شێک له‌و سیسته‌مه سیاسییانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به قه‌یرانێکی سیاسی جیددی تێده‌په‌ڕن. ناڕه‌زایه‌تییه جه‌ماوه‌رییه‌کان له ئاستێکی به‌رفراوان هاتونه‌ته مه‌یدانه‌وه له دژی ئه‌و ڕژیمانه‌ی که ده‌یان ساڵه به‌رقرارن. له هه‌موو ئه‌م ڕووداو و ڕاپه‌ڕینانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ناڕه‌زایه‌تی و ڕاپه‌ڕینه‌کانی خه‌ڵکی سووریا، دژی ڕژێمی به‌عس، له هه‌موویان گرنگتر‌و چاره‌نووسسازتره بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد. ئه‌م ڕووداوانه‌ی ئێستا، ده‌کرێ زه‌مینه‌یه‌کی له‌بار بخولقێنن بۆ کورد، که بتوانێ جولانهوهییهکی به‌رفراوان و کاریگه‌ر سازبکا. ئه‌م ڕاپه‌ڕین و ناڕه‌زایه‌تییه‌ی ئێستای خه‌ڵکی سووریا، ڕاپه‌ڕینێکی زۆر قووڵ و جیددییه.
ڕاپه‌ڕین بۆ ڕوویدا؟
پێویسته ڕۆشن بکرێته‌وه، که هۆکاره ئه‌سڵییه‌کانی سه‌رهه‌ڵدان و شکل‌گرتنی ئه‌م ڕاپهڕێنهی سووریا، که به (شورشی سووریا) ناوی ده‌برێ، کامانه‌ن. بێگوومان ئیستبداد و زوڵمێک، که ده‌یان ساڵه خه‌ڵکی سووریا له‌ژێریدا ده‌نالێنێ، هۆکاری ده‌ره‌کی ڕاسته‌وخۆی ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی ئاسایی سووریایه. وه‌لی ئه‌مه ئه‌سڵی کێشه‌که نییه، بۆ؟ چونکه ئیستبداد ئه‌نجامی سیاسه‌ت و تێڕوانین و فه‌لسه‌فه‌یه‌که، نه‌ک هۆکاری ئه‌سڵی. بۆیه پرسیار ئه‌وه‌یه، که ئه‌م ئیستبداد و زوڵموزۆره له کوێ سه‌رچاوه‌ی گرتووه؟ ئه‌م سیسته‌مه سیاسیه زاڵم و سته‌مکاره چۆن هاته کایه‌وه؟. سیسته‌می سیاسی ئێستای سووریا پاشخانێکی فیکری و مێژوویی هه‌یه. ئه‌م مێژووه‌ش گڕیدراوه به گه‌شه‌ی فیکری ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی و لووتکه‌ی ئه‌م گه‌شه‌کردنه‌ش، له سه‌ره‌تای ساڵانی شێسته‌کانی سه‌دده‌ی ڕابردوو، گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات بوو له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه. له سه‌ره‌تای ساڵانی شێسته‌کانی سه‌دده‌ی ڕابردوو. ده‌توانم بڵێم حیزبی به‌عسی عه‌ره‌بی ده‌ربڕی لووتکه‌ی گه‌شه‌ی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی بوو. ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی به‌گشتی و ئه‌زموونی ئه‌م حیزبه، چ له سووریا و چ له ئێراق، درزێکی گه‌وره‌ی سازکرد له نێوان ده‌وڵه‌تی مۆدێرنیته‌و ناسنامه‌ی هاووڵاتیبوون. بیری نه‌ته‌وه‌یی لای ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی و به‌تایبه‌تیش حیزبی به‌عس، زۆر ڕووکه‌شی بوو، به‌جۆرێک تێپه‌ڕی نه‌ده‌کرد له ده‌مارگیریی و بیری ناسیونالیزمی ره‌گه‌زی. ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی هه‌ر له‌سه‌ره‌تادا و پێش سه‌ربه‌خۆیی و دوای سه‌ربه‌خۆییش، به‌تاڵکرابووه‌وه له‌هه‌ر هه‌ستێکی نیشتمانی و ببوو به ڕه‌وتێکی ناسیۆنالیستی ڕه‌گه‌زپه‌رست. به‌مه‌ش، دوای سه‌ربه‌خۆیی له ئیستیعمار، له وڵاته تازه دامه‌زراوه‌کان نه‌توانرا وڵامێک بدرێته‌وه به کێشه‌کانی وه‌ک ئازادی، هاووڵاتیبوون، کێشه ئابووری و فهرههنگیو کولتوورییه‌کان. ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، له وڵاتانی عه‌ره‌بی، له‌وانه‌ش سووریا، نه‌یانتوانی ئه‌و ئامانجانه بێننه‌دی که قه‌رار بوو به‌دیبهێنن، ئه‌مه‌ش چونکه فیکره‌ی نیشتمانی، که له قۆناغی یه‌که‌مدا توانی هه‌ستی جه‌ماوه‌ر دژ به داگیرکه‌ران بجولێنێ و ڕێکبخا، دوایی خۆی خراپتر له داگیرکه‌ران پیشاندا، به‌جۆرێک، ئه‌م ده‌وڵه‌تانه، که تازه له داگیرکاری ڕزگاریان ببوو، یه‌که‌مین ئامانجێک که له‌به‌رده‌م خۆیان دانا، زوڵم و زۆرداری و جینۆساید‌و تواندنه‌وه‌ی میلله‌ت و نهتهوهکانیتر بوو. بۆیه هه‌رزوو ده‌رکه‌وت که ئه‌م ده‌وڵه‌تانه، به‌ناوی نوێگه‌ری نه‌ته‌وه‌یی و مۆدێرنیته، بوونه‌ته ئامرازێک بۆ ڕێکخسنتی توندوتیژی و سته‌مکاری و زوڵم له دژی کۆمه‌ڵ به گشتی و نهتهوهکانیتر به تایبه‌تی. به‌مشێوه‌یه ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی، له‌ژێرناوی مه‌ده‌نیه‌ت و پێشکه‌وتن و نوێگه‌ری و دژایه‌تی ئیمپریالیزم، ده‌وڵه‌تی ئیلیتێکی که‌مینه‌ی، که خۆیان به ڕۆشنبیرو مۆدێرن و هاوخهرخ داده‌نا، سازکرد، به‌ڵام له ڕاستیدا ده‌وڵه‌تی ناوچه‌گه‌ری و هۆزو تایفهبوو. بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌م ده‌وڵه‌تانه، که به‌تاڵبوو له‌هه‌ر مانایه‌کی سۆلیدارێتی، له‌جیاتی کێبڕکێ بکا له‌گه‌ڵ میللهتانیتر له‌سه‌ر پێشکه‌وتن و گه‌شه‌پێدان و داهێنان، که‌چی جه‌ماوه‌ری عه‌ره‌بی بێئومێدکرد و له‌ماوه‌یه‌کی زۆر که‌مدا بووه ڕه‌وتێکی ئایدۆلۆژی ڕه‌گه‌زپه‌رست. له‌جیاتی یه‌کگرتن و لێبورده‌یی به‌رهه‌م بێنێ، هه‌موو بنه‌ماکانی لێکترازان و دابه‌شبوون و ده‌رمارگیری ئایینی و تایفی و نه‌ته‌وه‌یی به‌رهه‌م هێنا، به‌جۆرێک ده‌ستیکرد به جیاوازیکردن له‌نێوان خه‌ڵک له‌سه‌ر بنه‌مای ئایدۆلۆژی و تایفی و ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی. به له‌باربردنی ده‌وڵه‌تی هاووڵاتی ئیتر فیکره‌ی نیشتمانپه‌روه‌ریش که‌مڕه‌نگ و بێهێزبوو. ئه‌مه وایکرد که خه‌ڵک بۆ دیاریکردنی ناسنامه و پێناسه‌ی خۆیان به‌دوای مهرجعیهتێکی نوێ بگه‌ڕێن. گه‌ڕانه‌وه بۆ مێژوو کاردانه‌وه‌یه‌ک بوو، له دژی سه‌رده‌م، بۆ گه‌ڕان به‌دوای سه‌روه‌ری له ڕابردووی ئیسلامی. لێره‌وه‌بوو، که جاریکی‌تر ئیسلام، وه‌ک سه‌رچاوه‌ی به‌هاکانی په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی و بیناکردنه‌وه‌ی روحی یه‌کگرتوویی ناوخۆیی جارێکی‌تر هاته‌وه ناو سیاسه‌ت. ئه‌نجامی ئه‌مه‌ش سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م ڕه‌وته ئایینیانه‌ن، که ئێستا له سووریا و ناوچه‌که قوڕسایی ڕاپه‌ڕین پێکده‌هێنن. له داهاتووشدا ڕه‌نگه ناوچه‌که و جیهان به‌ده‌ستیان بناڵێنن.
.
کورد و ڕاپه‌ڕین
کورد له سووریا ده‌بێ ویسهکانی ته‌نها له‌چوارچێوه‌ی مافه دیموکراتییه‌کاندا گه‌ڵاڵه نه‌کا، ئه‌گینا کارێکی له‌م بابه‌ته بێجگه له پاشکۆیه‌تی بۆ ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی و ڕه‌وتی سوونیگهرای ئیسلامی، هیچیتری لێشین نابێ. ڕۆیشتنی به‌عس و سه‌رکه‌وتنی ڕاپه‌ڕین، به‌بێ بوونی پرسی کورد به یه‌کێک له ویسته‌کانی ڕاپه‌ڕین، هاوته‌ریب نییه له‌گه‌ڵ به‌ده‌ستهێنانی مافه نهتهوهیهتییهکان. ته‌نانه‌ت دامه‌زراندنی دیموکراسیش له سووریا، ده‌کرێ هیچ مافێک بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد بهدینههێنێ. خۆ ئه‌وه تورکیا شاهیده، که چۆن وڵاتێکی دیموکراسییه، به‌س ئینکار له بوونی کورد ده‌کرێ. مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه که کورد دیفاع له دیموکراتیزه‌کردنی سووریا نه‌کا. من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که دیموکراسی به ته‌نها بۆ کورد، وه‌ک نه‌ته‌وه، چاره‌سه‌ر نییه. له دیموکراسیدا، ئه‌وه ئه‌گه‌ر سه‌ربکه‌وێ له سووریا، که من گوومانی زۆرم هه‌یه، ئه‌وا له باشترین حاله‌تدا کورده‌کان وه‌ک تاک ده‌بنه دانیشتوویه‌کی خاوه‌ن مافی هاووڵاتی و چه‌ند مافێکی کلتووری، له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێکی خاوه‌ن ناسنامه‌ی عه‌ره‌بی. ئه‌مه‌ش واده‌کا که پرسی کورد بێ چاره‌سه‌ر بمێنێته‌وه. بۆیه ئه‌مڕۆ کورد له سووریا ده‌بێ زۆر ڕاشکاوانه ماف و داواکارییه‌کانی بخاته ڕوو و به‌ده‌نگی به‌رز هاواربکا بۆ سه‌پاندنی مافه‌کانی. بۆ کورد، وه‌ک هه‌موو دانیشتوانیتری سووریا، گرنگه که مافه سیاسی و کۆمه‌ڵاتییه‌کان بچه‌سپێن، به‌ڵام هیچکامیان نابێ سه‌رکردایه‌تی و هه‌ڵسووڕاوانی کورد دوور بخاته‌وه له‌وه‌ی که ئه‌مانه په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆییان به ستراتیژی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه نییه. ئه‌مانه ده‌کرێ له‌لایه‌ن لایه‌نه عه‌ره‌بییه‌کانیش گه‌ڵاله بکرێن. کورد ده‌بێ ئاگای ئه‌وه‌بێت که ڕاپه‌ڕین و که‌سانی ڕاپه‌ڕیو و شۆرشگێری عه‌ره‌ب به ساده‌یی سه‌یرنه‌که‌ن و پێیانوابێ که داواکارانی ئه‌مڕۆی ئازادی ناتوانن دکتاتۆری به‌یانی بن له‌به‌رامبه‌ر کورد. دوور نییه، که شۆرشگێرانی ئه‌مڕۆ، بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان، به‌یانی زه‌بروزه‌نگ و کوشتن به‌کاربێنن.
تا ئێستا بزووتنه‌وه‌ی کوردی له سووریا په‌رشوبڵاوه و خاوه‌ن هه‌ڵوێستێکی یه‌کگرتوو نییه. ئه‌گه‌ر کورد ده‌یه‌وێ وه‌ک هێزێکی کاریگه‌ر له مه‌یداندا بێت و ویسته نهتهوهیهتییهکانی بکات به به‌شێک له ئه‌جندای ڕاپه‌ڕین، ده‌بێ یه‌کگرتوو و یه‌ک هه‌ڵوێست بێت. به‌ڕاستی بۆ کورد، له روانگه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه، ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌ی سووریا مۆرکیکی ئیسلامی سوونیگهرای عڕوبی و ناسیۆنالیزمی عروبی پێوه دیاره و بۆیه‌ش له داهاتوودا به ئاسانی دان به مافه‌کانی کورد نانێن. ئه‌م ڕاپه‌ڕینه ده‌توانێ بۆ کورد هه‌ڵێکی مێژوویی بخولقێنێ، به بێهێزکردنی ده‌وڵه‌ت و حکومه‌تی به‌عس تاڕاده‌ی ڕووخاندنی، که ئه‌مه‌ش واده‌کات، که کورد له کوردستانی سووریا ببێته خاوه‌ن ئیڕاده‌یه‌ک و هه‌ناسه‌یه‌کی جیددی بدا. ده‌کرێ به دیموکراتیزه‌کردنی سووریا له قازانج کورد بێت، به‌ڵام ته‌نها ئه‌وکاته، که کورد توانیبێتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه عه‌ره‌به‌کان گه‌ڵاڵه‌ی جێگهوپیگهی کوردی، له‌داهاتووی سووریادا، بڕانبێتهوه، ئه‌گینا به‌شداری کورد له ڕاپه‌ڕین و ڕووخانی به‌عس هیچ زهمانهتیکی بۆ داننان به مافه‌کانی تێدا نییه. ئه‌وه‌ی تائێستا ده‌بینرێ، ئه‌وه‌یه که مافه‌کانی کورد پشتگوێخراون و هیچ باسێک له‌سه‌ر مافی کورد له داهاتووی سووریادا نییه.
من پێموایه ڕژێمی به‌عس ده‌رووخێت، به‌س ئه‌گه‌ر نهشڕووخێت ، زۆر بێهێز ده‌بێ. پرسیار ئه‌وه‌یه، کورد چی بکا؟ کورد ده‌بێ پشتیوانی ڕووخانی به‌عس بکات، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌م پرسیاره‌شی له‌بیربێت، که ڕووخانی ئه‌م ڕژیمه و باروودۆخێک و هاوسه‌نگییه‌ک که دێته کایه‌وه، چه‌نده بوار ده‌خولقێنێ بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه نهتهوهیهتییهکان؟ ئه‌گه‌ر ئه‌م بواره‌ش ناخولقێنێ، چۆن وابکرێ که داواکاری و مافه‌کانی کورد به‌سه‌ر ئه‌جندای ئه‌م ڕاپه‌ڕینه بسه‌پێنرێ؟ پێموایه ئه‌مه ته‌نها به هه‌ڵسه‌نگاندنێکی دروستی هه‌ڵوێسته‌کان ده‌کرێ، له‌چوارچێوه‌ی بوونی ستراتیژیکی یه‌کگرتووی نه‌ته‌وه‌یی. کورد له سووریا ده‌بێ چه‌قی ناوه‌ندی سیاسه‌تی مه‌سه‌له‌ی سه‌روه‌ری سیاسی بێت، له‌م ڕاستایه‌شدا، ده‌کرێ به‌رنامه‌یه‌ک بۆ وڵاتێکی فره‌ناوه‌ندی سیاسی و ئیداری، وه‌ک فیدڕالیزم بێت یاخود هه‌رجۆره فۆڕمۆلهیهکیتر، که سه‌روه‌ری سیاسی بۆ کورد مسۆگه‌ر بکات، به‌گوێره‌ی هاوسه‌نگی هێزه‌کان، پێشکه‌ش بکا.
14 سێپتێمبه‌ری 2011 – هۆڵه‌ندا
ئیسماعیل ڕواندزی