
مارکسیزم و پرسی نه‌ته‌وه‌یی کورد…1
به‌شی یه‌که‌م
دوابه‌دوای شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی 1917 ی ڕووسیا و هاتنی به‌لشه‌فییه‌کان بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات, تێڕوانینی ئه‌وان بۆ مافی میلله‌تان له دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆیاندا جه‌ماوه‌رێکی سه‌رنجڕاکێشی په‌یدا کرد له ناو ئه‌و گه‌لانه‌ی که ڕوبه‌ڕووی چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی ببوونه‌وه. ئه‌و میلله‌تانه نیوه زیاتری دانیشتوانی ڕووسیای قه‌یسه‌رییان پێکده‌هێنا. دواتریش هه‌ر توانج و تێگه‌یشتنی مارکسیزم بوو که له چوار ده‌یه‌ی ڕابردوودا هێڵه ئایدۆلۆژییه‌کانی وه‌کو ناسیۆناست- چه‌پ و ناسیۆنالیست دژه- ئیمپریالیستی لێوه درووست بوون له ئه‌مریکای لاتین، ئه‌فریکا و خۆرهه‌ڵاتی ناویندا. گه‌لی کوردیش که دوای شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر و ئه‌و به‌رهه‌ڵستییه که‌مینه‌یه‌ی به‌رامبه‌ر داگیرکاری ئینگلیز ده‌یکرد له عێراقدا، هۆشدارییه‌کی به‌خۆدا هاتۆبۆه له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و چه‌وساندنه‌وه نه‌ته‌وایه‌تییه‌ی چه‌ندین ساڵ بوو له ژێر ناوی ئاینی گشتی و دابه‌شبوونی ئیمانیدا ڕوبه‌ڕووی کرابۆوه، ئه‌مه‌ش زه‌مینه‌یه‌کی دژه- داگیرکاری له ته‌ک ڕوناکبیران و ڕۆشنفکرانی ساڵانی دوای شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر درووست کرد له هه‌موو کوردستاندا، وای کرد کوردان وه‌کو زۆربه‌ی میلله‌تانی تری چه‌وساوه‌ی دنیا، له ده‌رگای مارکسیزم بده‌ن بۆ ئازادی و خۆیبوون و ڕزگاری نیشتمانیان، چونکه یه‌کێک له به‌نده گرنگه‌کان و مژده‌ی ئازادی به‌لشه‌فییه‌کان، مافی میلله‌تانی چه‌وساوه‌ی وه‌کو کورد بوو له دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆیاندا. ئه‌مڕۆ پرسه‌که ئه‌وه‌یه، ئایا سه‌رباری ئه‌و به‌خێرهاتنه گه‌رمه‌ی که له مارکسیزم کرا له‌لایه‌ن کورده‌وه، پارته چه‌پ و شوعییه‌کان له ڕاستیدا ئه‌وه‌نده خه‌مخۆری ئه‌و مافه بوون و پراکتیکانه هه‌نگاویان نا له پێناو جێبه‌جێکردنیدا؟ له‌ڕێگای گه‌ڕاندنه‌وه بۆ تێزه مارکسیسته کلاسیکیه‌کان و به‌لشه‌فییه‌کانی پێش هه‌ژمونی ستالینیزم، تێڕوانین و دیدگای فه‌لسه‌فه‌ی مارکسیزم بۆ پرسی نه‌ته‌وه‌یی کورد شۆرڤه ده‌که‌ین هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌و لادانه‌ی ستالینزم له مارکسیزمی ڕاسته‌قینه که هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆش نێگه‌تیڤانه له هه‌ناوی هه‌ندێک ئه‌حزابی شوعیدا کاریگه‌ری خۆیان جێهێشتووه. به‌رله‌وه‌ی ڕۆچینه قوڵایی بابه‌ته‌که‌وه پێویسته دان به‌و ڕاستییه مێژووییه‌دا بنێین که مافی میلله‌تان له دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆیاندا، هه‌رچه‌نده جێگۆڕکێیه‌کی ته‌ڵخی گچکه‌ی فکریشی پێوه دیاره له لایه‌ن لینینه‌وه که دواتر دێینه سه‌ر باسی، به‌ڵام به‌لشه‌فییه‌کانی پێش ستالین به لینین و ترۆتسکی و زینۆڤیڤ و ته‌واوی سه‌رکردایه‌تی شۆڕشی سۆسیالیستی ڕووسیا، ئه‌م مافه‌یان پراکتیک ده‌کرد و هه‌ڵوێستی سیاسیشیان بره‌ودان بوو به تێکۆشان دژی چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و بنبڕکردنی یه‌کجاره‌کی ئه‌و چه‌وساندنه‌وه‌یه، هه‌ر بۆیه مافی کوردانیش له ئه‌جێندا‌ی سیاسی به‌لشه‌فیه‌کاندا پێش زاڵبوونی سیسته‌می ستالینزم به‌سه‌ر ڕووسیا و بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی جیهانیدا خرایه جێبه‌جێکردنه‌وه، ئه‌وه‌بوو له ساڵی 1923 دا ده‌وڵه‌تی کوردان له سۆڤیه‌ت ڕاگه‌یه‌ندرا به ناوی (کوردستان ئوێزید) یان زیاتر ناسراوه به (کوردستانی سوور) و پایته‌خته‌که‌ی شاری لاچین بوو له ئازه‌ربایجان. سنووری ئه‌م کوردستانه له نێوان ئازه‌ربایجان و وڵاتی ئه‌رمه‌نیادا بوو، به‌ڵام هاوکات له‌گه‌ڵ سه‌رکه‌وتنی ستالین و بوخارین به سه‌ر باڵی چه‌پی ئۆپۆزسیۆن که ترۆتسکی سه‌رکردایه‌تی ده‌کردن، له ساڵی 1929دا کوردستانی سوور لابرا و له جێگای ئه‌و ده‌وڵه‌ته کوردییه، به‌ڕێوه‌بردنێکی نیمچه ئۆتۆنۆمیان دانا و له ساڵی 1930یشدا ئه‌ویش به‌ته‌واوه‌تی نه‌ما، به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی سۆڤیه‌تی ستالینست له ته‌ک ئێران و تورکیادا. ئیتر له دوای جێبه‌جێکردنی ئه‌جێندا ئابووری و سیاسییه‌کی ستالین و بوخارین که به ناو” به پرۆیتاریاکردنی” سۆڤیه‌ت بوو، سه‌دان هه‌زار جوتیاریان له ناو که‌مپی کارکردنی زۆره‌ملێیدا جێگیرکرد و له‌گه‌ڵ ئه‌وانیشدا کوردانی به‌رهه‌ڵستکاری سۆڤیه‌تیش وه‌کو جۆرجییه مه‌نشه‌فییه‌کان و مارکسیسته شؤڕشگێر و ئانارکیسته‌کانی کرۆنشتاد و ترۆتسکیسته‌کاندا که دژی هێڵی ستالینزم بوون تێکڕا چه‌وسێندنرانه‌وه، زیندانی کران، تیرۆرکران یان به پیلان کوژران. هه‌ژمونی ستالینزم به‌مه‌وه نه‌وه‌ستا و له کوردان نه‌گه‌ڕا دواتر له ساڵی 1944 دا هه‌موو کورده‌کانی سۆڤیه‌تی بڵاو کرده‌وه و به لێشاو ڕاگوێزی زۆره‌ملێی ناوچه‌کانی کازاکستانی کردن. لێره‌دا پرسێک لای مارکسیسته ته‌قلیدییه سۆڤیه‌تیه‌کان درووست ده‌بێت، باشه ئه‌گه‌ر ئه‌مه وایه بۆچی سۆڤیه‌ت دواتر داڵده‌ی بارزانییه‌کان و کوردانی هه‌ڵهاتووی پاشماوه‌ی شؤڕشی کۆماری مه‌هابادی کوردستانی ساڵی 1946 ی‌دا ؟ به‌ڵگه نه‌ویسته که ئه‌مه له به‌رژه‌وه‌ندی سۆڤییه‌ت خۆیدا بووه، هه‌روه‌کو چۆن ده‌وره‌ی په‌روه‌رده‌یی بۆ کادیرانی حزبی شوعی عێراقی ده‌کرده‌وه له بولگاریا و ڕۆمانیا وپۆڵۆنیا و وڵاتانی تری ڕؤژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا بۆ ئه‌وه‌ی له عێراق به حساب شۆڕشی سۆسیالیستی بکه‌ن و له هه‌مانکاتیشدا ده‌وره‌ی ئاژانسی زانیاری بۆ کادیرانی موخابه‌راتی به‌عس ده‌کرده‌وه تا نه‌یارانی به‌عس له‌ناو ببه‌ن، بێگومان به‌و شوعیانه‌شه‌وه که ده‌وراتی په‌روه‌رده‌ی به ناو شۆڕشگێریان بینیبوو و له زیندانه‌کانی به‌عسدا نه‌به‌ردانه به‌رگریان ده‌کرد و به ئیعدامیش ملیان بۆ فاشیزم دانه‌ده‌واند. بۆیه پێویسته له‌وه ئاگاداربین که هه‌ر کارێک سۆڤیه‌ت کردبێتی به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی کورد له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی بیرۆکراتی ستالینستی خۆیدا بووه و په‌یوه‌ندییه‌کی به مارکسیزم و پرسی نه‌ته‌وه‌یی کورده‌وه نه‌بووه. ئه‌و لادانه‌ی ستالین له مارکسیزم و دیموکراسی و پشتێکردنی ئه‌وان له کورد، دیاره ته‌نها کرۆکی ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌مان نییه، به‌ڵکو کاتێک ته‌ماشای مانیفێستی زۆرینه‌ی پارته شوعییه‌کان ده‌که‌ین و له لێدوان و ئارگومێنته‌کانیان ده‌کۆڵینه‌وه، وای داده‌نێن که به‌ته‌واوه‌تی وه‌ڵامی سیاسی پرسی نه‌ته‌وه‌یی کورد و نه‌ته‌وه هاوشێوه‌کانیان داوه‌ته‌وه. له پرۆگرامی مارکسیسته‌کانی خۆرهه‌ڵاتی ناویندا ئه‌و ئه‌حزابانه وای ده‌رده‌خه‌ن که ئه‌وه ئایدیاکانی مارکس و تێزه مارکسیسته‌کان بوون پێگه‌ی سیاسی ئه‌وانیان دیاری کردووه له سه‌ر مافی کورد له دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆیاندا، پێده‌چێت ئه‌مه تا مه‌ودایه‌ک ڕاستی تیادا بێت وه‌ک نه‌هێشتنی نه‌ژادپه‌رستی و یه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی و بنبڕکردنی ڕۆحی ناسیۆنالیست فاشیستی نه‌ته‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وا به‌سه‌ر کورده‌وه، به‌ڵام کاتێک چاو به مێژووی پراکتیکی سیاسی زۆربه‌ی ئه‌و پارته شوعییانه‌دا ده‌خشێنینه‌وه، ده‌بینین که له ڕاستیدا مارکسیزم و تێز و تێڕوانینه‌کانی خودی مارکس و ئه‌نگلس و ته‌نانه‌ت لینینیش له‌سه‌ر مافی میلله‌تان له دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆیاندا له ئه‌جێندا‌ی ئه‌و پارته شوعییانه‌دا وجودێکی نه‌بووه. سه‌یر نییه که هه‌ندێک جار پێگه‌ی مێژوویی سیاسی ئه‌و پارته شوعییانه زۆر توندر و شۆڤینی تر بووبێت له ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ر له به‌رامبه‌ر خه‌باتی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی چه‌وساوه بۆ سه‌ربه‌خۆی و خۆیبوون و ڕزگاری نیشتمانی . ڕه‌نگه لێره‌دا و به تایبه‌تی له ته‌ک مارکسیسته ته‌قلیدیه سۆڤیه‌تییه‌کاندا ئه‌و پرسه درووست ببێت، چۆن مارکسیسته‌کان ده‌کرێت ڕه‌خنه‌یه‌کی له‌وجۆره له مێژووی پارته کۆمنیسته‌کان بگرن؟ بێگومان وه‌ڵامه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که نه‌ک ده‌توانرێت به‌ڵکو زۆر گرنگ و پێویستیشه، چونکه وه‌ک مارکسیزم و زانستی ماتریالیزمی مێژوویی ده‌ریده‌خات، به‌بێ پێداچوونه‌وه به مێژوو و ڕه‌خنه‌گرتن له ڕابردوو، مه‌حاڵه هه‌نگاونان بۆ پێشه‌وه و ده‌کرێت بۆ چه‌نده‌هه‌مین باره هه‌مان ئه‌و هه‌ڵانه دووباره ببنه‌وه. بۆیه به‌ڵێ، زۆربه‌ی پارته شوعییه‌کان به‌تایبه‌تی له سووریا و تورکیا و ئێران‌دا، هه‌ندێک جار به‌ته‌واوه‌تی پێگه‌یه‌کی شۆڤینیان هه‌ڵبژاردووه له به‌رامبه‌ر مافی کوردان له دیاریکردنی قه‌ده‌ری خۆیاندا. که ده‌توانین به دوو جۆر لێکی بده‌ینه‌وه، یان لێتێنه‌گه‌یشتن بووه له مارکسیزم یان خۆگێلکردن بووه له پێناو ڕۆحی شۆڤینی سه‌رکردایه‌تی ئه‌و پارتانه.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان پاڵپشتییه‌کی یه‌کجار بێوێنه‌ی پارتی شوعی سووری‌یان ده‌کرد و ته‌نانه‌ت خالید به‌گداشی دامه‌زرێنه‌ر و سکرتێری گشتی پارته‌که کورد بوو، هه‌تاوه‌کو نووسینی ئه‌م بابه‌ته پارتی شوعی سووریا نه‌یکرد ڕۆژنامه‌یه‌ک ، نامیلکه‌یه‌ک ته‌نانه‌ت به‌یاننامه‌یه‌ک به زمانی کوردی بڵاو بکاته‌وه بۆ ئه‌و کوردانه‌ی پاڵپشتیان ده‌کرد و ڕوبه‌روی چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی ببونه‌وه له سووریا و ژماره‌یان زیاتر له سێ ملیۆنه. له تورکیاش به‌ر له‌وه‌ی ئیبراهیم کاپاکایه بێته ناو بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی تورکیه‌وه، شتێک نه‌بوو له سه‌ر پرسی نه‌ته‌وه‌یی کورد له‌ته‌ک چه‌پ له‌و وڵاته‌دا، ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی که نزیک به نیوه‌ی تورکیا کوردستانه. بێگومان لێردا له مێژووی پێش درووست بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌که‌که) ده‌دوێین. ئیبراهیم کاپاکایه به ئایدۆلۆژیا ماویست بوو و دواتر به هۆی خیلافی ئایدۆلۆژی له‌گه‌ڵ پارتی کۆمۆنیستی تورکیا که سه‌ر به سۆڤیه‌ت بوو له پارته‌که جیابۆوه. ئه‌م جیابوونه‌وه‌یه جیهانی بوو ته‌نها ناوچه‌یی نه‌بوو، له دوای هاتنی خرۆشۆڤ وه‌ک سکرتێری گشتی پارتی کۆمۆنیستی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت و ڕه‌خنه‌کانی ئه‌و له سیسته‌می پێش خۆی و که‌سایه‌تی ستالین که ستالینی وه‌ک خیانه‌تکار و دڕنده پێناسه کرد، ئیدی پارتی کۆمۆنیستی چین و ماویسته‌کانی دنیاش به‌دوایاندا سۆڤیه‌تیان به (ڕیڤیژینست) واته ئه‌وانه‌ی چاوپیاخشاندنه‌وه‌یان به مارکسیزم – لینینزمدا کردووه پێناسه ده‌کرد. بۆیه کاپاکایه‌ش پارتی کۆمۆنیستی تورکیای سه‌ر به سۆڤیه‌تی به ڕیڤیژینست ناساند و پارتی کۆمۆنیستی تورکیا (مارکسیست- لینیسیت) ی دامه‌زراند که به‌هۆی بڕوابوونیان به خه‌باتی گه‌ریللایی له شاخه‌کانی کوردستانه‌وه پێداگرییه‌کی جدییان له سه‌ر مافی کوردان ده‌کرد، به‌ڵام باڵی شۆڤینی له ناو چه‌پی تورکی هێنده به‌هێز بوو کاپاکایه له ڕاستیدا هێنده به کاریگه‌ر نه‌بوو ، بۆیه دواتر (په‌که‌که) که ئه‌وانیش خۆیان به مارکسیست- لینینیست ئه‌ژمار ده‌کرد پارتێکیان له چوارچێوه‌ی سۆسیالیست پان- کوردستانیزمدا له ساڵی 1978درووست کرد. ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت ، هه‌ندێک گرووپی گچکۆکه‌ی چه‌پی ترۆتسکیت و ماویست یان ئانه‌رکیست و ڕادیکاڵه‌کانی لێده‌رچێت له تورکیادا، چه‌پ هه‌یه به ” چه‌پی- تورک” خۆیان پێناسه ده‌که‌ن، به‌و واتایه‌ی بڕوایان به مارکسیزم هه‌یه به‌ڵام نه‌ک به مافی گه‌لی کورد له دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆیاندا. چه‌پی ئێران به گشتی له تێفکرین و ڕوانین و تێکۆشانیاندا له شوعییه‌کانی سووریا و تورکیا جیاوازتر بوون و تاڕاده‌یه‌کیش پێشوه‌تربوون و ئێستاش هه‌روان، به‌ڵام مێژووی پراکتیکی وان له‌سه‌روبه‌ندی هه‌لومه‌رجێکی تاقیکردنه‌وه‌دا نیشانی ده‌دات ئه‌وانیش زۆر نامارکسیستانه خه‌مساردبوون له سه‌ر جوداخوازی کورد و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان . له ساڵی 1979 که شۆڕشی گه‌لانی ئێران بوو دژی سیسته‌می پاشایه‌تی و چه‌پ و مارکسیسته‌کان سه‌ره‌تا سه‌رکردایه‌تییان ده‌کرد، زۆرینه‌ی پارته به کاریگه‌ره چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کانی ئێرانیش له ساڵی 1979 دا جیابونه‌وه‌ی کوردستانیان به دواکه‌وتووی و به ناسیۆنالیزم له قه‌ڵه‌مدا و دژی ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه وه‌ستانه‌وه، هه‌ر له پارتی توده که گه‌وره‌ترین پارتی کۆمۆنیست و جه‌ماوه‌ی بوو و سه‌ر به سۆڤیه‌ت بوو ، په‌یکار که ئه‌وانیش رێکخراوێکی مارکسیست – لینینست بوون ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵه‌ش که ڕێکخراوێکی تۆکمه‌ی مارکسیستی کوردی بوو، له ڕاستیدا کۆمه‌ڵه له‌گه‌ڵ خۆیدا قۆناغێکی تر و دنیابینیه‌کی نوێی هێنابووه ناو خه‌باتی چه‌په‌وه له ئیران‌دا، به‌ڵام ئه‌وانیش له ژێر ئه‌و کاریگه‌ریانه‌دا. فیدرالیزمیان بۆ کورد هه‌ڵبژارد له بری جیابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆیی، که له ڕاستیدا ئه‌وه سه‌ربه‌خۆییه مارکسیزم به‌رگری لێده‌کات و سه‌رسه‌ختانه له‌پێناویدا بانگه‌وازی تێکۆشان ده‌کات وه ئه‌و ده‌مانه له ئێران باڵی ناسیۆنالیست مه‌زهه‌بی کوردی که د.قاسملۆ سه‌رکردایه‌تی ده‌کرد و له پارتی دیموکراتی کوردستانی- ئێران‌دا خۆیان ده‌بینیه‌وه، ئه‌وانیش فیدرالیزمیان گه‌رک بوو نه‌ک سه‌ربه‌خۆیی، بۆیه زێده هه‌ڵه بوو که چه‌پی مارکسیست و شؤڕشگێره‌کان جیابوونه‌وه‌یان به ناسیۆنالیستی و دواکه‌وتوویی پێناسه ده‌کرد. هه‌نووکه کۆمه‌ڵه‌ی سازمانی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران له‌و هه‌ڵه مێژووییه پێم وایه تیێگه‌یشتووه و تاکه حزبی شۆڕشگێری مارکسیسته ئه‌مڕۆ له ئێران‌دا پراکتیکانه دروشمی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانی به‌رزکردۆته‌وه به هێڵێکی فکری تۆکمه‌ش ئاراسته‌ی ئه‌و داخوازییه دیموکراتیکه ده‌کات.
ماویەتی
لە ژمارە ٩٥٠ ی “ڕێگای کوردستان”دا بڵاوبۆتەوە
ڕۆژ ئه‌حمه‌د