
كه‌ڵكه‌ڵه‌ی نووسین …سواره نه‌جمه‌دین
نازانم بۆ! به‌ڵام ده‌بێت بنووسم، وه‌ك ژوولیا كاسترتن ده‌ڵێت: له به‌ر هه‌ر هۆكارێك بێت له ژێر فشاری ئه‌وه‌دام بنووسم. یان به پێچه‌وانه‌وه ناتوانم نه‌نووسم، تۆ كه به زیندانی كتێب رازی بوویت، ده‌بێت دان به تاوانی نووسیندا بنێیت، ده‌نووسم نازانم بۆچی، به‌ڵام ئه‌وه‌نده ده‌زانم كه ناتوانم نه‌نووسم، هه‌ر چۆن به بێ خوێندنه‌وه ناتوانی بنووسیت، كه نووسیت و خوێندیشتهوه ده‌بێت به‌رده‌وام بیت.
ئه‌وه بۆ چه‌ند مانگێك ده‌چێت هیچم نه‌نووسیوه، تاوانم ده‌ر هه‌ق به‌و كتێبانه كردووه كه نه‌ده‌بوو لێیان بێ ده‌نگ بم، هه‌ندێك كتێب هه‌یه كه ده‌یخوێنیته‌وه ناتوانی له بیری بكه‌یت، بۆیه جگه له نووسین چارت نییه، ببینه لێره‌دا نووسین ده‌بێته فریادره‌سێك كه تاوانی بێ ده‌نگیت له یه‌خه ده‌كاته‌وه، هه‌ندێ كتێب هه‌یه له باوه‌ڕه‌دام به ته‌نها ئه‌وه به‌س نییه كه بنووسیت، به‌ڵكو ده‌بێت له ده‌ستی نێیت و به شه‌قامه‌كانا هاوار بكه‌ی (خه‌ڵكینه ئه‌م گه‌وهه‌ره له ده‌ست خۆتان مه‌ده‌ن) هه‌ر وه‌ك هه‌ردوو رۆمانه‌كه‌ی”خالید حوسه‌ینی” و “توتنهوانهكه”ی “عه‌لی به‌در”، له‌و ماوه‌یه‌ی كه تێ په‌ڕێ چه‌ند رۆمانێكی دیكه‌شم خوێنده‌وه كه ده‌بوو ده‌ست بخه‌مه سه‌ر كه‌لێنه‌كانیان، چه‌ند سه‌رنجمدا نووسینێك نه نووسرا ئه‌و شتانه بڵێت كه من بینیوومه، درووست ئه‌مه‌ش كردمیهوه بیری دێڕێكی دیكه‌ی ” ژوولیا كاسترتن”ه‌وه كه ده‌ڵێت (یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی وایكرد بنووسم، ئه‌وه بوو، كه‌س ئه‌وه‌ی نه‌نووسی كه من حه‌زم ده‌كرد بیخوێنمه‌وه) یان به واتایه‌كی دیكه كه‌س ئه‌وه‌ی نه نووسی كه من ده‌مویست بینووسم و ئێستا ده‌ینووسم.
ئه‌وه‌ی وایكردووه رۆمان له چیرۆك و ژانه‌ره‌كانی دیكه‌ی ئه‌ده‌ب گرنگتر بێت، به ته‌نها قه‌باره گه‌وریه‌ی و سه‌ختی هونه‌ره‌كه‌ی نییه، به‌ڵكو خاڵی سه‌ره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌م كه‌س زاتی ئه‌وه ده‌كات ده‌ستی بۆ ببات و زڕه‌ی شكانی شوشهكهمان گوێ لێ نه‌بێت، ئه‌مه‌ش ده‌كاته ئه‌وه‌ی سه‌ر باری هه‌موو ره‌خنه‌یه‌ك، رۆمانووس هۆنه‌ری باڵا ده‌خوڵقێنێت، ئه‌و نه‌خشه‌ی ئه‌و له مافوری كتێبێكدا ده‌یچنێت، به ژانه‌ره‌كانی دی پیشان نادرێت.
لێره‌دا كه ده‌نووسم، دوو خاڵم له پێش چاوه، ئه‌و سه‌رنجانه‌م كه نهنگیهكیان له‌و رۆمانهنهدا درووستكردوه، له‌گه‌ڵ ئه‌و رۆمانانه‌ی شایه‌نی ستایشكردنن، نه‌ك هه‌ر به ته‌نها لام نه‌نگیه بگره به كاره‌ساتیشی ده‌زانم، كه وه‌رگێڕ مافی نووسه‌ر به خۆی بدات و ده‌ستكاری ده‌ق بكات، ئه‌م كاره‌ساته شانی هه‌ر دوو وه‌رگێڕی عه‌ره‌بی و كوردی رۆمانی “قه‌ڵا”ی “ئیسماعیل كاداریه”ه ده‌گرێته‌وه، كه مه‌خابن ئه‌و خهونهمیان كوشت كه زۆر ده‌مێكه ده‌مویست كارێكی ئه‌م رۆمانووسه بخوێنمه‌وه، چونكه هه‌ر له پێشه‌كیه‌كه‌ی وه‌رگێڕی كوردی “دلاوه‌ر عه‌بدوڵا”ه‌وه هاتووه (وه‌رگێڕی عه‌ره‌بی كه ناوی رۆمانه‌كه‌ی له “قه‌ڵا”ه‌وه كردووه به “ته‌پڵی باران” له‌و ئاسۆیه‌وه هاتووه كه ته‌واو له‌گه‌ڵ رۆمانه‌كه ئاوێته بووه) بێ ئاگا له‌وه‌ی نه كاری ئه‌وانه و نه مافی ئه‌وه‌شیان هه‌یه ناوی رۆمانێك بگۆڕن، له‌وه‌ش سه‌یرتر وه‌رگێڕی كوردی ده‌زانێت كه وه‌رگێڕی عه‌ره‌بی ئه‌م كاره‌ساته‌ی كردووه، به‌ڵام دێت و هه‌مان كار ئه‌نجام ده‌داته‌وه، ئیدی كه له پێشه‌كیدا ئه‌مه‌ت به‌رچاو بكه‌وێت چۆن له‌زه‌ت له رۆمانێك ده‌كه‌یت با چه‌ند ساڵیش بێت چاوه‌ڕوانی بیت؟!
وه‌رگێڕی رۆمانی قه‌ڵا یه‌كه‌م كاری نییه و پێشتر ده‌ستی بۆ شاكارێكی وه‌كو “دادگای”كافكا بردووه، به‌ڵام كه كۆلاره باز ده‌خوێنیته‌وه هێنده به كوردیه‌كی جوان نووسراوه، گومان ده‌كه‌ی وه‌رگێڕه‌كه‌ی پیشه‌ی سه‌ره‌كی وه‌رگێڕان نه‌بێت، هه‌ر ئه‌وه به ته‌نها به‌س نییه كه نزیكیهك له نێوان ئێره و ئه‌فغانستاندا هه‌یه، به‌ڵكو ئه‌وه كارامه‌یی و كوردیزانی ئارام سۆفی و ئازاد به‌رزنجیه كه وا ده‌كات خالید حوسه‌ینی ئه‌و چێژه ئه‌ده‌بییه‌ی هه‌بێت، ئه‌وان به ته‌نها ما‌نایان له دوو شاكاری جیهانیدا وه‌رنه‌گێڕاوه به‌ڵكو كاریشیان له‌سه‌ر زمان كردووه، به‌ڵام نه‌نگیه‌ك كه دیسان یه‌خه‌م ده‌گرێت و ناكرێت لێی بێ ده‌نگ بم، كاری ئه‌و دوو دهمهزراوهیهیه كه ئه‌ركی چاپكردنی ئه‌م دوو رۆمانه‌یان گرتۆته ئه‌ستۆ، سه‌یر له‌وه‌دایه كه رۆمانی “كۆلاره‌باز” كه باس له ژیانی پیاوان ده‌كات و دوور و نزیك په‌یوه‌ندی به ژنانه‌وه نییه، كه‌چی یه‌كێتی ژنانی كوردستان هه‌ڵده‌ستێت به چاپكردنی، وه رۆمانی “هه‌زار خۆری دره‌وشاوه” كه تایبه‌ته به بارودۆخی ژنانی ئه‌فغانستان و ته‌واوی رۆمانه‌كه بۆ ئه‌و باسه ته‌رخانكراوه له لایه‌ن ده‌زگای سه‌رده‌مه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه، ره‌نگه ته‌نها شتێ كه رۆمانی كۆلاره‌باز به ژنه‌وه ببه‌ستێته‌وه ئه‌وه‌بێت كه خاڵییه له ژن، جا ئه‌وه پرسیاره سهیرهكهیه كه یه‌كێتی ژنان بۆ له چاپدانی به ئه‌ركی خۆی زانیوه؟
*
ئێستا كه ده‌مه‌وێت ده‌رباره‌ی “چاوی گورگ”ی جه‌میل تۆران بنووسم، ئه‌و كوردانه‌ی به غه‌یره كوردی ده‌نووسن مه‌ودا بۆ ئه‌وه ناهێڵنه‌وه ده‌رباره‌ی رۆمانه‌كه بدوێم، یان بیر له وه‌رگێڕانه‌كه‌ی بكه‌مه‌وه، به‌ڵكو ته‌واوی خه‌یاڵم لای ئه‌و نووسه‌رانه‌یه كه هه‌ندێ جار به‌وه قه‌رزاربارمان ده‌كه‌ن كه به‌رگری له مافی كورد ده‌كه‌ن.
رۆمانی چاوی گورگ كارێكی ناوازه‌یه و بۆ سه‌ر چه‌ندین زمانی جیهانی وه‌رگێردراوه، له‌وه ناوازه‌تر ده‌بوو گه‌ر به كوردی بنووسرایه و ئه‌و زمانانه ناچاربكرانایه له كوردیه‌وه وه‌ریان بگێڕدایه، لێره‌دا ده‌پرسم، گه‌ر یه‌شار كه‌مال و سه‌لیم به‌ره‌كات و عه‌لی ئه‌شره‌ف ده‌روێشان و جه‌میل تۆران و چه‌ندانی دیكه به‌رهه‌مه‌كانیان به كوردی نووسیبایه، ئێستا ئه‌ده‌بیاتی كوردی له قۆناغ و ئاستێكی دیكه‌دا بوو؟ ئه‌وكات پێكه‌وه زۆر به ئاسانی ئه‌ده‌بیاتی كوردی ده‌بووه زه‌رووری و وه‌رگێڕی زمانه‌كانی دیكه ناچار ده‌بوون فێری كوردی ببن، كه‌ی ئه‌وه گرنگه ئه‌م رۆمان باسی چیاكانی كوردستان ده‌كات، یان ئه‌و چیرۆك پاڵه‌وانه‌كه‌ی كورده، گرنگی گه‌وره ئه‌وه‌یه ئه‌دیبه‌كه كورده و زه‌روریه‌تی گه‌وره بۆ ئه‌م قۆناغه ئه‌وه‌یه به كوردی بنووسی، گه‌ر مه‌سه‌له به‌رگریكردنه له كورد، ئه‌وا نه یه‌شار كه‌مالی كورد هێنده‌ی ئیسماعیل بێشكچی تورك و نه سه‌لیم به‌ره‌كات به ئه‌ندازه‌ی هادی عه‌له‌وی عه‌ره‌ب به‌رگریان له نه‌هامه‌تی كورد كردووه، بێشكچی به هۆی مه‌سه‌له‌ی كورده‌وه هێنده نازانرێت رێی ده‌كه‌وێته‌وه زیندان، هادی عه‌له‌ویش ناسنامه‌ی عه‌ره‌بێتی به خاتری كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه ده‌دڕێنێت، وه‌لێ ئه‌و ئه‌دیبه به‌رێزانه له به‌ر هه‌ر هۆكارێك بێت جورئه‌تی به كوردی نووسین ناكه‌ن، لێره‌دا پرسیاره‌كه به‌م جۆره‌ی لێ دێت(بۆ ده‌نووسن؟) هه‌ڵبه‌ت جگه له‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره هه‌موو نووسه‌رێك بێ ده‌نگ ده‌كات، هاوكات ئه‌مان ده‌بێت وه‌ڵامی دیكه‌شیان پێ بێت.
*
كه دێم قسه له سه‌ر چه‌ند وه‌رگێڕانێك ده‌كه‌م، گه‌ر خۆم گێل نه‌كه‌م، ده‌بێت به‌ر له هه‌ر شت له‌سه‌ر رۆمانێكی گرنگی وه‌ك “توتنهوانهكه” بووه‌ستم، به‌دڵنیاییه‌وه به‌سه‌ر پێوه نه هه‌قی خۆی ده‌دمێ و نه مانایه‌ك ده‌گه‌یه‌نم، بۆیه پێم باش له‌گه‌ڵ رۆمانی “چیرۆكێك له خۆشه‌ویستی و تاریكی” ی “ئامووس ئۆز”دا بیان گونجێنم و قسه له سه‌ر مانا بكه‌م، وه‌لێ ته‌نها سه‌رنجێك له‌م دوو وه‌رگێڕانه‌دا هه‌مبێت، ئه‌وه‌یه كه “شێرزاد هه‌ینی” به دانانی چه‌ند روونكردنه‌وه‌یه‌ك له بایه‌خی ئه‌و ده‌قه ناوازانه كه‌م ده‌كاته‌وه، چ پێویست ده‌كات بۆ ئه‌م كاره‌ی عه‌لی به‌در بنووسرێت (به‌ناوبانگترین رۆمان له جیهانی عه‌ره‌بیدا، به‌سه‌رهاتی جوله‌كه‌یه‌كی عێراقییه) ئه‌م شه‌رحه هێنده‌ی له ده‌قه‌كه كه‌م ده‌كاته‌وه ئه‌وه‌نده روونكردنه‌وه نییه بۆ خوێنه‌ری ئه‌ده‌ب، ئه‌م روونكردنه‌وه‌یه بۆ ئه‌و خوێنه‌رانه‌یه كه به منه‌ته‌وه ده‌خوێننه‌وه، خوێنه‌ر كه خوێندیه‌وه خۆی ده‌زانێت باسی جوله‌كه‌یه‌كی عێراق ده‌كات، یان له ئه‌نجامی به‌راورد كردنه‌وه بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه چیرۆكێك له خۆشه‌ویستی و تاریكی بیلۆگرافیای ئامووس ئۆزه.
*
له دوا ویسگه‌ی نووسینه‌كه‌م ئه‌و رۆمانانه داده‌به‌زن، كه له‌م ماوه‌یه‌دا نووسه‌رانی كورد به‌رهه‌میان هێنا، له دوای “جه‌مشیدخانی مامم”ه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام، “منداڵانی گه‌ره‌ك-هیوا قادر، هوتێل ئه‌وروپا-فه‌رهاد پیرباڵ، ژنێك به‌سه‌ر مناره‌وه- شێرزاد حه‌سه‌ن” شایه‌نی له سه‌ر وه‌ستانن و هه‌ر سێ نووسه‌ر به پێچه‌وانه‌ی به‌ختیار عه‌لیه‌وه رۆمانه‌كانی پێشوتریانیان تێپه‌راندووه، وه‌لێ جه‌مشید خانی مامم ئه‌زموونی نووسه‌رێكه كه بنووسی رۆمانی قه‌باره گه‌وره‌یه، نووسه‌ر هه‌یه ناتوانێت كورت بنووسێت و هه‌شه ده‌ستی به فراوانی راهاتووه، به‌ختیار له جۆری دووهه‌میانه، گه‌رچی خۆشی پێی وایه ئه‌مه وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه پێیان وایه به‌ختیار عه‌لی ناتوانێت كورت بنووسێت، به‌ڵام ئه‌م رووئیایه ده‌مانگه‌یه‌نێته دوو ئه‌نجام، یه‌كه‌میان لای ئه‌دیب رووحیه‌تی ته‌حه‌دا به زیان ده‌شكێته‌وه، دووه‌میان ره‌خنه‌گری كه خامه‌یه‌كی نه‌بوو ناچاره پرسیاری نامه‌نتق درووست بكات.