دیمانە لەگەڵ نووسەر حەکیم کاکەوەیس
م. حه‌كیم كاكه وه‌یس :
به‌ختیار عه‌لی، پیاوێكی به‌توانایه، كه‌شتییه‌كه و له گۆمێكدا قه‌تیسماوه و خۆی ڕێ به خۆی نادا بچێته ناو زه‌ریاوه
مامۆستا حه‌كیم كاكه وه‌یس نووسه‌رێكی زمان خۆش و چیرۆك نووسێكی به‌تواناو وه‌رگێڕێكی كارامه‌یه، ئه‌گه‌ر ئهونهبوایه زۆر زه‌حمه‌ت بوو كتێبه عه‌ره‌بیه سه‌خته‌كانی مامۆستا مه‌سعوود محه‌ممه‌د وه‌ربگێڕدرێنه سه‌ر زمانی كوردی. له‌م دیداره‌دا مامۆستا حه‌كیم باس له‌چه‌ند لایه‌نێكی رۆشنبیریی ژیانی خۆی له سوید و كوردستان ده‌كات و ئه‌زموونی چه‌ندان ساڵه‌ی نووسن و خوێندنه‌وه‌ی خۆی ده‌خاته ڕوو.
دیمانه: حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: سه‌ره‌تا حه‌زده‌كه‌م خۆت بناسێنی، حه‌كیم كاكه وه‌یس كێیه؟ له كوێ یه؟ ئێستا ڕۆژانی ژیانی چۆن ده‌گوزه‌رێنێ؟
حه‌كیم كاكه وه‌یس: ناوم (حه‌كیم عه‌بدوڵڵا كاكه‌وه‌یس)ه و له گوندی حه‌ساری گه‌وره‌ی نێزیك كه‌ركووك، ساڵی 1949 هاتوومه‌ته دنیاوه و ساڵی 1957 كه یه‌كه‌م قوتابخانه له گوندی داره‌مان كرایه‌وه له پۆلی یه‌كه‌می سه‌ره‌تاییه‌وه ده‌ستم به خوێندن كرد. داره‌مان، شه‌ش كیلۆمه‌تر زیاتر له حه‌ساره‌وه دووره و هه‌موو ڕۆژێ به پێ ده‌چووین و ده‌هاتینه‌وه، هه‌ندێ جاریش، ئه‌گه‌ر قوڕ و باران بوایه، به سواری كه‌ر ده‌چووین. ئاماده‌ییم له كه‌ركووك ته‌واو كردووه و ساڵی 1973 به‌شی بیركاریم له كۆلێژی زانستی زانكۆی سلێمانی ته‌واو كرد. له دوای خوێندنی زانكۆوه تا كۆتایی شۆڕشی ئهیلوول پێشمه‌رگه بووم. هاوینی 1975 له به‌غدا وه‌ك فه‌رمانبه‌ر ـ بهرنامووسی كۆمپیوته‌ر ـ له وه‌زاره‌تی پلاندانان دامه‌زرام و تا ساڵی 1980 به‌رده‌وام بووم ئه‌وجا له زاخۆ كرامه سه‌ربازی یه‌ده‌گ… دوای ماوه‌یه‌ك، كه شه‌ڕی عیراق ـ ئێران ده‌ستی پێ كرد، هه‌ر له زاخۆوه ڕام كرد. ڕاكردنهكهم له به‌ر یه‌ك هۆ بوو: پێیان گوتم ده‌بێ ببیته به‌عسی. ساڵی 1984 دوای پهتپهتێیهكی زۆر و ڕه‌فتاری نامرۆڤانه‌ی پیاوه‌كانی ئێران و سووریا، له سوید گیرسامه‌وه و بوومه په‌نابه‌ر و له ساڵی 2000ه‌وه به هۆی نه‌خۆشی دڵه‌وه خانه‌نشین كراوم. ئێستا له گونده‌كه‌ی خۆمان، له حه‌ساری گه‌وره نیشته‌جێم و له سه‌ر خانه‌نشینییه‌كه‌ی سوید ده‌ژێم. ڕۆژانی ژیانیشم به خوێندنه‌وه و نووسین و وه‌رگێڕان ده‌به‌مه سه‌ر.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: حه‌كیم كاكه وه‌یس ده‌ڵێن هیچ مرۆڤێك نیه كاریگه‌ری مرۆڤێكی تری به‌سه‌ره‌وه نه‌بێت، ده‌بێ حه‌كیم كاكه‌وه‌یس له‌ژێر كاریگه‌ری چ كه‌سایه‌تیه‌ك بیر بكاته‌وه‌و بنووسێ؟
حه‌كیم كاكه وه‌یس: مرۆڤ تا تێپه‌ڕاندنی ته‌مه‌نی گه‌نجایه‌تی، هه‌ر ماوه‌یه‌ك و به نوسه‌رێك و به بیردۆزێك و به بیرۆكه و ئایدۆلۆژیایه‌كه‌وه سه‌رسام ده‌بێ و جۆره بیرێك سه‌رقاڵی ده‌كا. وزه‌ی سۆز پهلهكێشی ده‌كا و به زۆر تاوێریدا ده‌ماڵێ… هێڕ ده‌بێ و ده‌ڕمێ و ڕاست ده‌بێته‌وه و هه‌ڵه ده‌كا و فێر ده‌بێ و هه‌ڵه ڕاست ده‌كاته‌وه و هه‌ڵه‌ی تازه ده‌كا و شتی تازه فێر ده‌بێ و كه‌شف ده‌كا و با ده‌داته‌وه. منیش وا بووم. سه‌رده‌می منداڵیم به‌ربه‌ره‌كانێی له‌شكری جنۆكه و شه‌یتانم ده‌كرد و چه‌كه هه‌ره به‌هێزه‌كه‌م (بیسمیللا) بوو و له نه‌نكمه‌وه بۆم مابۆوه، كه‌چی بیسمیللا خۆی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌زاندراو بوو و له دژی نهدیتتراویش به‌كار ده‌هێندرا، له هه‌موو شتێ زیاتر ده‌یترساندم. سنووری ترسی جنۆكه‌م به‌زاند و ترسی سه‌یته‌ره و ئه‌من سواری سه‌رم بوو. ماوه‌یه‌كی زۆر خه‌ریكی كتێبه‌كانی سیگمۆند فرۆید بووم كه له باره‌ی دهروونناسییهوهن، ئه‌و كتێبانه، به تایبه‌تی خهونلێكدانهوهكهی سوودی زۆری پێ گه‌یاندم. ماوه‌یه‌كیش خه‌ریكی كتێبه‌كانی نه‌جیب مه‌حفووز بووم… پێم وابێ هه‌موویانم خوێنده‌وه. به‌ڵام یه‌كه‌م كتێبیی عاره‌بیم كه خوێنده‌وه و كاریگه‌ری زۆری له سه‌رم هه‌بوو هی مسته‌فا لوتفی مه‌نفه‌لووتی بوو كه به هۆیه‌وه یه‌ك به دوای یه‌كدا كتێبه‌كانی تریم خوێندنه‌وه. مه‌نفه‌لووتی كاریگه‌رییه‌كی زۆری له سه‌ر عارهبییهكهم هه‌بوو و ئه‌و زمانه‌ی لام جوان كرد و ڕه‌نگه كاریگه‌ری له سه‌ر زمانه‌كه‌ی خۆشم هه‌بووبێ. كه ده‌ستم به نووسین كرد، زۆر له ژێر كاریگه‌ری محه‌مه‌د موكریدا بووم. ئه‌وجا په‌خشانه‌كانی مام هێمن. مامۆستا عه‌زیزگه‌ردی خوێندنه‌وه و نووسینی لێ جوان بوو و حه‌زم ده‌كرد منیش وه‌ك ئه‌و جوان بم كه قه‌ت نه‌متوانی وه‌ك ئه‌و بم. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خوێندنی قوتابخانه‌م عاره‌بی بوو و له هه‌موو ته‌مه‌نمدا سێ چوار مانگێك به كوردی خوێندوومه، كتێبی عاره‌بیم زیاتر ده‌خوێنده‌وه و پاشان له هاوینی 1975 به دواوه له به‌غدا به هۆی تێكهڵیمهوه له‌گه‌ڵ ڕووناكبیرانی كورد و به‌شداربوونم له كۆڕی ئه‌ده‌بی و هاودهمیم له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی سه‌ر به نووسین و خوێندنه‌وه‌دا، ئه‌گه‌رچی له بواری كۆمپیوته‌ردا باش پێشكهوتبووم، به‌ڵام بابه‌ت و كتێبی ئه‌ده‌بی كوردی به خۆم و خه‌م و ئازارهكانمهوه ڕایانكێشام و تا ئێستا بهریاننهداوم. ئه‌وجا هاوده‌ردیم له‌گه‌ڵ كورده ئاواره‌كانی به‌غدادا كه وه‌ك من ده‌رده‌ی شكستی شۆڕ‌شیان دیبوو، ڕێبازی بیركردنه‌وه و ئامانجی گۆڕیم.ده‌توانم بڵێم یه‌كه‌م چاوكردنهوهم (حاجی قادری كۆیی) مامۆستا مه‌سعوود محه‌مه‌د بوو و ئه‌و كتێبه ڕێی بیركردنه‌وه‌ی بۆ ڕووناك كردمه‌وه. به دوای ئه‌وه‌شدا مرۆڤ و ده‌وروبه‌ری ئه‌و زاته و كتێبه‌كانی تری. ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌مه له خۆم ڕابدیتایه پرسیار له‌و مامۆستا گه‌وره‌یه بكه‌م، به دڵنیاییه‌وه زووتر چاوم دكرایهوه و سوودی زیاترم لێی ده‌دیت، به‌ڵام منێك تازه خه‌تی بواری بیركاری و بابه‌تی زانستیم به‌ردابوو و له جیهانی بیركردنه‌وه و ئه‌ده‌بدا تازهكووره بووم، له خۆم ڕانه‌ده‌دیت ئه‌و هه‌نگاوه بنێم. ئه‌و سه‌رده‌مه ئه‌وه‌ی ماركسی نه‌بوایه، حاڵی به ده‌ست تۆمه‌تی كۆنهپهرستێتی و دواكه‌وتووییه‌وه حه‌لوه‌لا بوو. هه‌یه ئێستا له له پله‌ی باڵادا ده‌مڕاستی من و تۆیه، ئه‌و ده‌مه ده‌یگوت: سه‌خافه‌ته عه‌قڵی خۆت له بازنه‌ی قه‌ومیدا حه‌پس بكه‌یت! ئێمه له پرسه‌ی شۆڕشدا بووین و ئه‌وان ئاهه‌نگیان بۆ ماڵوێرانی كورد ده‌گێڕا تا ئه‌و ئه‌ژدیهایه‌ی ئێمه‌ی قووتدا، كه‌وته ڕاویان و بهوانیشیهوه دا. دوای ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و مرۆڤه مه‌زنه‌م خوێنده‌وه، كه‌وتمه ژێر كاریگه‌رییه‌وه و هه‌تا ئێستاش له به‌ر تیشكی بیری ئه‌و زاته ڕێی خۆم ده‌دۆزمه‌وه. زۆر له نووسه‌ره عارهبهكان سه‌رنجیان ڕاكێشاوم… له‌وانه تاها حوسێن و ئه‌حمه كه‌مال. پێش ئه‌وانیش ـ به حوكمی ته‌مه‌نی خۆم ـ له ژێر كاریگه‌ری مه‌نفه‌لووتی و مه‌حفووزدا بووم… شیعری جاهیلیشم ده‌خوێنده‌وه.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: ڕوو ده‌كه‌یته سوید‌و بۆ ماوه‌یه‌ك له‌وێ ده‌گیرسێیته‌وه، تا چه‌ند توانیت به ڕۆشنبیرو قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانی ئه‌م وڵاته ئاشنا بیت؟ یاخوود سوید بۆ تۆ چ مه‌ته‌ڵێكی هه‌ڵنه‌هاتووی هه‌ڵێنا؟
حه‌كیم كاكه وه‌یس: وه‌ك گوتم له ساڵی 1984 له سوید گیرسامه‌وه به‌ڵام له ڕاستیدا قه‌ت نهگیرسامهوه… هه‌میشه خه‌یاڵم له وڵاتی خۆم بوو، به تایبه‌تی گونده‌كه‌مان. به‌رده‌وام خه‌ونم پێوه‌ی ده‌دی. ئه‌و دانهبڕانهم له حه‌سار و كوردستان، بۆم بووه مایه‌ی كێشه و سهرهێشهیهكی زۆر. كاتێكیش به‌عس ڕووخاندی، له‌گه‌ڵیدا… له ناخه‌وه ڕووخام. هه‌رگیز نه‌متوانی تێكه‌ڵی كۆمه‌ڵگه‌ی سوید بم، چونكه هه‌رگیز نه‌متوانی له كۆمه‌ڵگه‌ی خۆم و له حه‌سار دابڕێم. به‌ڵام توانیم تا ئاستێك كه خۆم لێی ڕازیم سویدی فێر بم. ده‌توانم به سویدی بنووسم و كتێب وه‌ربگێڕم و قسه بكه‌م. له سه‌ره‌تادا كێشه‌ی گه‌وره‌م له‌گه‌ڵ ده‌نگی (ش)ی سویدیدا هه‌بوو. ئه‌و ده‌نگه، كه له نێوان (ش) و (خ)دایه و هیچیشیان نییه زۆر قورس بوو. كه بیر له‌و ده‌نگه ده‌كه‌مه‌وه ئه‌و ههرایهم بیر ده‌كه‌وێته‌وه كه نووسه‌رانی كورد له حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی پێشوودا له سه‌ر ناوی برێخت به‌رپایان كردبوو: ئه‌م ده‌یگوت (برێخت)ه و ئه‌و ده‌یگوت نه‌خێر (برێشت)ه! كه‌چی هیچیان نه‌بوو… ده‌نگێك بوو له نێوان (ش) و (خ)دا و بۆ گوتنی، ده‌بێ لێواری پانایی زمانت پانتر بكه‌یته‌وه و به مهڵاشووهوهی بنووسێنیت و بیڵێیت.
به ڕاستی سوید زۆری به من و به خه‌ڵكانی وه‌كو من به‌خشیوه.. له‌و دنیا پان و به‌رینه‌دا جێم شك نه‌ده‌برد تیایدا بگیرسێمه‌وه، سوید په‌نای دام و ئێستاش ژیانم له ڕێی سویده‌وه به‌ڕێوه ده‌چێ. ده‌كرێ بڵێم ئه‌گه‌ر مرۆڤ نیشتمانی یه‌كه‌م و دووه‌می هه‌بێ، نیشتمانی دووه‌می من سویده و ناتوانم به‌رانبه‌ر سوید وه‌فام نه‌بێ. مرۆڤ له سوید، ئه‌گه‌ر چاوی خۆی نه‌گرێ فێر ده‌بێ نیشتمانی خۆی خۆش بوێ و دلسۆزی بێ و به دڵسۆزی كاری بۆ بكا. مرۆ فێر ده‌بێ بۆ كاری خۆشی دڵسۆز بێ و ڕێزی به‌رانبه‌ر بگرێ و سنووری مافی خۆی بزانێ. به داخه‌وه له كوردستان په‌روه‌رده‌ی نیشتمانی زۆر كزه یا هه‌ر نییه. جێی سه‌رسوڕمانه پیره‌ژنێكی حه‌فتا هه‌شتا ساڵه بزانێ خاوێنی شه‌قامی گشتی وه‌ك ماڵه‌كه‌ی خۆی بپارێزێ و پیسی نه‌كا، به‌ڵام ته‌نانه‌ت ڕۆشنبیریش له كوردستاندا بیر له‌و شته (لاوه‌كییانه!) نه‌كاته‌وه. كێشه‌كه ئه‌وه‌یه كورد كه مه‌ست و به‌دمه‌ست و ئازادی سێكس و ئه‌و بابه‌تانه ده‌بینێ هه‌وڵ ده‌دا لاساییان بكاته‌وه به‌ڵام لاسایی دڵسۆزییان بۆ وڵاتی خۆیان ناكاته‌وه. ئه‌وه‌ش نازانێ پاشه‌رۆژی وڵاته‌كه له سه‌ر شانی خه‌ڵكانێك ده‌وه‌ستێ كه له ماڵه‌وه خه‌ریكی خۆئاماده‌كردنن بۆ پاشه‌ڕۆژ ده‌رناكه‌ون، بهدمهستهكانیش كاری لاوه‌كی به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن. خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته له‌وه حاڵین یه‌ك هاوڵاتی سه‌قه‌ت ده‌بێته بار به سه‌ر هه‌موویانه‌وه و ده‌بێ هه‌موویان باجه‌كه‌ی بده‌ن بۆیه گوته‌یه‌كی جوانیان هه‌یه: “منداڵی هه‌موان منداڵی هه‌موانن” و خۆیان به‌رانبه‌ریان به به‌رپرس ده‌زانن. بوونی په‌نابه‌ران له‌و وڵاته‌دا، له لایه‌كه‌وه ڕاسسته ناڕازییه‌كان به خۆیه‌وه سه‌رقاڵ ده‌كا و ئاگایان له كێشه‌كانی تری وڵاتی خۆیان ده‌بڕێ، له لایه‌كی تره‌وه بارگرانییه له سه‌ر ئابوورییان. به‌ڵام له ئه‌نجامدا، منداڵی په‌نابه‌رانیش ده‌بنه هی ئه‌وان و نه‌وه كۆنه‌كانی په‌نابه‌ران نامێنن. له وڵاتی ئێمه‌دا پلانی یه‌ك ڕۆژه نییه به‌ڵام پێ ده‌چێ ئه‌وان پلانی سه‌د ساڵه‌شیان هه‌بێ. ئێمه بۆ خۆمان ده‌ژێین و ئه‌وان بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو. مرۆڤی كوردی بێپه‌نا كه ده‌وری به دوژمن ته‌ندراوه چی بكا؟! سوید هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌رگری له مافی نه‌ته‌وه‌كان ده‌كا زه‌ره‌ر به خۆی نه‌گا و گرنگیش نییه كام حیزب وڵاته‌كه‌یان به‌ڕێوه ده‌با. وای ده‌زانم كه لای هه‌موو سویدییه‌كان، به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌كه‌یان له سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌یه. ئه‌وان ده‌توانن ژینگه پاك ڕاگرن یا پیسی بكه‌ن. به‌ڵام خه‌ڵكی دواكه‌وتوو مه‌گه‌ر بتوانێ به كه‌ره‌سه‌ی ئه‌وان ژینگه پیس بكا. ئێمه به بێ كه‌ره‌سه‌ی ئه‌وان ناتوانین ژینگه‌ش پیس بكه‌ین.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: له‌گه‌ڵ ئه‌مجه‌د شاكه‌لی دا ، له گفتووگۆێكی كراوه‌دا كۆمه‌ڵێك ته‌وه‌رو ده‌خنه‌ڕوو، به‌راوردێكی نێوان سوید و كوردستان ده‌كه‌ن، به‌ڵام وا هه‌ست ده‌كه‌م له به‌شێك له‌وه‌ڵامه‌كانی ئه‌مجه‌د شاكه‌لی دا غه‌در له كورد كراوه، وڵاتی سوید ده‌باته كه‌شكه‌ڵانی ئاسمان و كوردستانیش بهدواكهتوو له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا، له‌كاتێكدا هه‌رگیز كوردستان نابێته سوید! تۆ هیچ تهفسیرێكت بۆ ئه‌م باسه هه‌یه؟
حه‌كیم كاكه وه‌یس:كاك ئه‌مجه‌د شاكه‌لی پیاوێكی ڕووناكبیره و وه‌ك كاریگه‌ری ئه‌وروپای به سه‌ره‌وه هه‌یه، ڕه‌گیشی به كه‌له‌پووری وڵات و نه‌ته‌وه‌ی خۆیدا ڕۆچووه و ده‌زانێ ئێمه‌ی كورد به به‌راورد له‌گه‌ڵ سویدییهكاندا زۆر له دواوه‌ین. سویدییه‌كان، به پێچه‌وانه‌ی ئێمه‌وه كه وڵاتمان داگیر كراوه و وڵاتی كه‌سمان داگیر نه‌كردووه، له مێژووی دووریاندا وڵاتانیان داگیر كردووه به‌ڵام داگیر نه‌كراون. نه‌رویج هه‌تا سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی ڕابردوو هه‌ر له ژێر ده‌ستی سویددا بوو و سكۆنه، كه ناوچه‌ی باشووری سویده، له كۆندا هی دانیمارك بووه. كرێكاره نه‌خوێنده‌واره‌كانی سوید، ساڵی 1904 له به‌رده‌م په‌رله‌مانی سویددا خۆپیشاندانیان ده‌كرد و داوای ئازادییان بۆ نه‌رویجی ژێرده‌سته‌ی سوید ده‌كرد. ئێمه، دوای پتر له سه‌ده‌یه‌ك، نابینین ته‌نانه‌ت كۆمۆنستێكی عاره‌ب یا ڕۆشنبیرێكیشیان ئه‌و مافه به كورد ڕه‌وا ببینێ یا ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی هه‌بێ كه كرێكاری نه‌خوێنده‌واری سوید هه‌یانبوو. ئه‌وان جۆره شانازییه‌ك به خۆیانه‌وه ده‌كه‌ن و دڵیان به ڕابردووی خۆیان خۆشه. به‌ڵام ئێمه‌ی كورد مێژوویه‌كی دوور و درێژمان له‌گه‌ڵ موالێتی و كۆیلایه‌تی و جاشایه‌تیدا هه‌یه و ته‌نانه‌ت ژنیشمان به تاڵان براون. له غه‌زاكاندا ده‌یان هه‌زار ژنی كورد تاڵان كران. ته‌نانه‌ت كورد كه بوو به موسوڵمانیش، وه‌ك موالی باجی ده‌دا و له سه‌رده‌می ئهمهوییهكانیشدا ژنیان لێ تاڵان كرد جگه له‌و سه‌رده‌مه‌ی كه عومه‌ری كوڕی عه‌بدولعه‌زیز بووه خه‌لیفه‌ی ئه‌مه‌وی و ئه‌و زوڵمه‌ی له سه‌ر ناعارهبهكان هه‌ڵگرت. ئێمه میلله‌تێكین دوو سێ هه‌زار ساڵه ده‌چه‌وسێینه‌وه و هه‌ر ئه‌وه‌نده مه‌ودامان بووه بیر له مانه‌وه‌ی خۆمان بكه‌ینه‌وه. سه‌یر له‌وه‌دایه خۆمان ده‌ڵێین كورد به ئاره‌زووی خۆی بۆته موسوڵمان له كاتێكدا عارهبهكان خۆیان به زه‌بری شمشێر بوونه موسوڵمان. ئێمه‌ی كورد ڕۆژ له دوای ڕۆژ ده‌یسه‌لمێنین كه كۆیله و موالین و شایسته‌ی سه‌ربه‌خۆیی نین. ئه‌گه‌رچی یه‌ك دوو جاری تریشم گوتووه به‌ڵام دیسان ده‌یڵێمه‌وه كه ئێمه وه‌ك كۆیله‌كانی ئیتالیاش نین چونكه ئه‌وان سپارتاكۆسیان بۆ هه‌ڵكه‌وت تا تێبگه‌ن ژیان له ده‌ره‌وه‌ی كۆیلاتیشدا مومكینه، به‌ڵام ئێمه دوای یه‌كه‌م جه‌نگی جیهنی به ڕه‌سمی دابه‌ش كراین و دوای دووه‌م جه‌نگی جیهانیش، كه‌وتینه ژێر كاریگه‌ری سسته‌می سۆڤیه‌ته‌وه و له ناخه‌وه ده‌ستبه‌رداری سه‌ربه‌خۆیی بووین و كردمانه قوربانی خه‌یاڵێك پێی ده‌گوترا ئومهمییهت و جینایه‌تی و برایه‌تی گه‌لان. هه‌ر حیزبێكی كوردی و كوردستانی له دوای دووه‌م جه‌نگه‌وه دروست بووبێ، جگه له كاژیك و پاسۆك، به لای سه‌ربه‌خۆییدا نه‌چوونه. ئه‌و دووه‌ش، بازاڕیان له ناو عاشقانی سۆڤیه‌تدا كهساد بوو و وه‌ك فاشی و نازی به خه‌ڵك ناسێندران. له دوای ڕووخانی كۆماری كوردستانه‌وه، ئیتر كورد به لای ئه‌و ئازادییه‌دا نه‌چووه كه شایسته‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی وه‌ك كورد بێ! كه لێره و له‌وێ باسی سه‌ربه‌خۆیی كورد ده‌كرێ، شه‌رم داماندهگرێ و باوه‌ڕ بكه هه‌مانه بۆ ئه‌و (غه‌ڵه‌ته گه‌وره‌یه!) داوای لێبوردن له داگیری نیشتمانه‌كه‌مان ده‌كا.
هه‌ستی داماوی و كۆیلایه‌تی كورد گه‌یشتۆته سه‌ر مۆخ و ته‌نانه‌ت ئه‌ی ڕهقیبیشی لێ به زیاد ده‌گرن كه سروودێكی نه‌ته‌وه‌یی زۆر لاوازیشه: كورد نه‌مردووه… كورد ماوه! ئێمه هه‌ین! زندووین! ئحم، ئه‌وه‌تاین لێره!
كاك ئه‌مجه‌د ده‌زانێ كورد میلله‌تێكی دواكه‌وتووه و هه‌ستی ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی لای تاكه‌كانی كورد ئه‌وه‌نده لاوازه، وه‌خته بڵێم نییه. ئه‌و كه‌ره‌سانه‌ی دێنه كوردستانه‌وه نابنه هۆی پێشكه‌وتنی كورد. عه‌لی شه‌ریعه‌تی ده‌ڵێ: ته‌كنیك له وڵاتی ئێمه‌دا مێوانه به‌ڵام له وڵاتی خۆیاندا خاوه‌نماڵن. كورد ناوی هه‌موو كه‌رت و پارچه‌كانی شه‌غره و هه‌وجاڕ و كه‌ره‌سه‌ی گێره ده‌زانێ چونكه هی خۆین و به ده‌ستی خۆی به‌رهه‌می هێناون به‌ڵام وه‌ره ناوی یه‌ك پارچه یا كه‌ره‌سه‌ی ئۆتۆمبیل یا كه‌شتی به كوردی بێنه… ئۆتۆمبیل له سه‌دان پارچه پێكدێ و ناوی یه‌كێكیان كوردی نییه چونكه هی كورد نییه. میلله‌تی ئێمه خه‌ڵكێكی ڕه‌وه‌ند بوونه و به هۆی كاریگه‌ری زه‌رده‌شته‌وه بووه كوشتوكاڵی و له چاو وڵاته پێشهسازییهكانهوه خۆراكمان به ئاسانی ده‌ست كه‌وتووه و ژیانمان هه‌ر به ڕاو و به‌رهه‌می خاك مسۆگه‌ر بووه، بۆیه پێویستمان به ماندووبوونێكی ئه‌وتۆ نه‌بووه. كه‌چی خاكی سوید كه له دار و به‌فر پێكهاتووه و به ئاسانی بژێوی نه‌داوه، خه‌ڵكه‌كه‌ی ناچار بوونه به زه‌حمه‌تییه‌كی زیاتر بژێوی خۆیان به ده‌ست بێنن… ناچار بوونه بیر بكه‌نه‌وه و هه‌وڵ بده‌ن. به زه‌قی دیاره عاره‌ب به هۆی نه‌وته‌وه به بێ ماندووبوون بژێویان ده‌ست ده‌كه‌وێ و له ڕیزی دواكه‌وتووترین میلله‌تانی جیهانیشدان. سویدییه‌كان بوونه‌ته خاوه‌نی چه‌ته‌ی زه‌ریا و ته‌نانه‌ت له ده‌وروبه‌ری به‌غداش تاڵانیان كردووه و ئێمه‌ش ده‌ستمان له شاخه‌كان هه‌ڵنه‌گرتووه و له هه‌موو ته‌نگانه‌یه‌كدا په‌نامان بۆیان بردووه. باوه‌ڕ ناكه‌م میلله‌تێكی شاخنشین هه‌بێ وڵاتی هیچ میلله‌تێكی داگیر كردبێ، كه‌چی دانیشتووی بیابان به په‌لاماردان و تاڵانكرد به‌ڕێوه‌چوونه و وڵاتیان فره‌وان كردووه و خاكی خه‌ڵكیان داگیر كردووه. دواكه‌وتنی كورد هۆكاری خۆی هه‌یه و به لای منه‌وه یه‌كه‌م هۆكار ژێردهستییهكهیهتی.
كوردستان نابێته سوید چونكه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌وه، له هه‌موو بوارێكدا بیركردنه‌وه‌مان ڕووكه‌شه. لایه‌نی بیناسازی ئه‌مڕۆمان زه‌قترین دیارده‌ی دواكهوتنمانه: كاكم به ملیۆنان دۆلاری هه‌یه، كه‌چی خانووه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده‌ی جوانه باش نییه. نه بیری له ساردی و گه‌رمی كردۆته‌وه نه هه‌واگۆڕین… گرنگ ئه‌وه‌یه له خانووی دۆستێكی یا نه‌یارێكی جوانتر بێ. كه‌چی خانووی سوید، له كاتێكدا ده‌ره‌وه بیست پله له خوار سفره‌وه‌یه، به فانیلهیهكهوه تیایدا داده‌نیشیت… ئاگریش ناكه‌یته‌وه!
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: پێكدا پژانێك له نێوان تۆ و حه‌مه سعید حسن ڕووی داوه، هه‌ندێجار له سه‌ر (واو)ێك قیامه‌تتان له یه‌كتر هه‌ڵساندووه، من له ده‌رنجامی خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كانی هه‌ردوو لاتان بۆم ده‌ركه‌وت نووسراوی هه‌ردوكتان پاراوو به‌چێژن، به‌ڵام حه‌زده‌م بزانم ئه‌م جه‌ده‌له‌ی نێوانتان هه‌ڵچوونێكی شه‌خسی بووه له‌جیاتی خوێن رشتن وشه‌تان بۆ یه‌كتر وه‌شاندوه، یاخوود به جۆرێكی تر بووه ؟
حه‌كیم كاكه وه‌یس: داوای لێبوردن ده‌كه‌م، نامه‌وێ جنێوم پێ بدرێ…
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: جگه له‌و نامانه‌ی كه له نێوان تۆ و مسعود محمد دا ئاڵوگۆركراون، ئایا هیچ یادگاری و قسه‌یه‌كی ئه‌وتان لایه كه بۆیه‌كه‌مین جار لای ئێمه بیدركێنی؟
حه‌كیم كاكه وه‌یس: به داخه‌وه ته‌نها دوو جار به خزمه‌تی مامۆستا مه‌سعوود محه‌مه‌د گه‌یشتم. جاری یه‌كه‌م ساڵی 1997 بوو له ماڵی ئامۆزایه‌كی خۆی له هه‌ولێر. من به سه‌فه‌ر هاتبوومه‌وه كوردستان و ده‌تگوت له جیهانی خه‌وندا ده‌ژێم. مه‌ودای مانه‌وه‌م نه‌بوو و دیداره‌كه‌ش زۆری نه‌خایاند. جه‌نابی مامۆستا قسه‌ی ده‌كرد و منیش هه‌وڵم ده‌دا گوێ بگرم و وهریانگرم. زۆر به‌و پیاوه گه‌وره‌یه سه‌رسام بووم. جاری دووه‌میش له ده‌می نه‌خۆشییه‌كه‌یدا بوو كه ڕسته‌كانی پێ نه‌ده‌چوونه‌وه سه‌ر یه‌ك و ته‌نانه‌ت ناوی هه‌یبه سوڵتانیشی له بیر چووبوو و چه‌ندی ده‌كرد بۆی نه‌ده‌هات تا من بیرم خسته‌وه. دوای ئه‌و دیداره، ماوه‌یه‌كی زۆر له ناخه‌وه به‌نج بووم. ژیان چ مه‌ته‌ڵێكه! ئه‌و پیاوه گه‌وره‌یه له هه‌ر شوێنێك بوایه ده‌بوو له سه‌ر سه‌ران بێ كه‌چی حكوومه‌ته‌كه‌مان كه وه‌ك كه‌ڵه‌كی سه‌ر ئاوه ڕێزیان نه‌گرت. تۆ وه‌ره جورئه‌ت بكه‌یت و به كه‌سێكی وه‌ك ئه‌و بیرمه‌نده هه‌ڵكه‌وتووه بڵێی له هه‌ولێر مه‌مێنه، بۆ كوێ ده‌چیت بچۆ! ئه‌و ڕۆژه‌ی ئه‌وه گوترا، ده‌بوو نیشتمانه‌كه‌مان خۆی ڕه‌شپۆش بكا، چونكه به لای منه‌وه ئه‌وه، كاره‌ساتێكه وه‌ك كاره‌ساتی ئه‌نفال… ئاخر ئه‌گه‌ر خۆمان ههڵكهوتوویهكی ئاوها تێكبشكێنین چۆن له هه‌موو شتێك‌دا له به‌رده‌م دوژمنی خۆماندا تێكناشكێین؟!
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: مسعود محمد خودی خۆی له‌وه‌رگێرانی كتێبه عه‌ره‌بیه‌كانی خۆی بۆ سه‌ر كوردی دوچاری سه‌رسوڕمان بووه، هه‌ر چه‌ند جه‌نابت پێشینه‌یه‌كی باشت له بواری وه‌رگێران و نووسین دا هه‌یه، به‌ڵام خۆ له قه‌ره‌دانی وه‌رگێرانی ئه‌م جۆره نووسینه عه‌ره‌بیه خه‌ست و دژواره، كه هه‌ژار وته‌نی: (له دونیادا هیچ كه‌س وه‌ك ئه‌وی نه‌نووسیووه)، پێت وانیه جورئه‌تێكی باشی گه‌ره‌كه كه وابزانم تۆ یه‌كه‌م كه‌سی قه‌ڵه‌مت له‌م باسه‌دا كوتاوه؟
حه‌كیم كاكه وه‌یس :وه‌ك گوتم، خوێندنی من عاره‌بی بوو و له مزگه‌وتیش قورئانم ته‌واو كردووه و حه‌ز به زمانی عاره‌بی ده‌كه‌م و به عارهبیزانهكانیش سه‌رسامم. داڕشتنی عاره‌بی، ئه‌گه‌ر تام و بۆنی سه‌رده‌مه كۆنه‌كان نه‌دا پێم خۆش نییه. كه عارهبییهكهی مامۆستا مه‌سعوود محه‌مه‌دم ده‌خوێنده‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی بیرم له داڕشتنه‌كه‌ی ده‌كرده‌وه، بیرم به لای مه‌به‌ست و واتاكانیدا نه‌ده‌چوو. گه‌لێ جار بیرم له وه‌رگێڕانی یه‌ك ڕسته‌ی كردۆته‌وه… چه‌ندین ڕۆژ هێناومه و بردوومه: ئه‌مه چۆن ده‌كرێته كوردی. ئه‌و وه‌رگێڕانه، له ڕاستیدا كاری ئێستام نییه، به‌ڵكو له 1977 بیرم لێی كردۆته‌وه… بیركردنه‌وه له چۆنیه‌تی وه‌رگێڕانی ئه‌و عاره‌بییه. من له نامه‌یه‌كدا بۆ مامۆستا‌م نووسیبوو: ئه‌و عاره‌بییه به خۆشت ناكرێته كوردی. كه یه‌ك دوو لاپه‌ڕه‌ی ده‌ستخه‌تی مامۆستا‌م دیت هه‌وڵی دابوو (المجتمع البشری؟ لماژا یشبه مستشفی المجانین؟) بكاته كوردی، به‌ڵام ئازادییه‌كی به خۆی دابوو تا به كه‌یفی خۆی و سه‌لیقه كوردییه‌كه‌ی بكا. مامۆستا خۆی زۆر به‌و وه‌رگێڕانه‌وه ماندوو نه‌كردووه چونكه هه‌ردووك هی خۆی بوون، به مافی خۆشی زانیوه. به‌ڵام من چۆن كردمه كوردی؟! به هه‌لاكه‌ت و شه‌ونخوونی و ده‌ردی سه‌ر! چه‌ند جارێك كه قامووس و هه‌واڵه به گه‌واڵه ده‌ردی تیمار نه‌ده‌كردم، پرسیاری ڕسته‌یه‌ك یا وشه‌یه‌كم بۆ سایته عاره‌بییه ئه‌ده‌بییه‌كان ده‌نارد و ئه‌گه‌ر وهڵامهكهیانم به دڵ بوایه به كارم ده‌هێنا. ئه‌و سایته ئه‌ده‌بییانه عارهبیزانی چاكیان هه‌یه. مامۆستا له نامه‌یه‌كدا (الملك المعچوچ)ی به‌كار هێنابوو و منیش به (مه‌لیك) تێگه‌یشتم نه‌ك (مولك). دوای ئه‌وه‌ی له كتێبی (نه‌ته‌وایه‌تی كورد و ئیسلامه‌تییه‌كه‌ی) به ههڵهحاڵیبوونهوه په‌نام بۆی برد، له جێیه‌كدا دۆزیمه‌وه كه ده‌كاته ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بۆماوه‌ییه‌ی بنه‌ماڵه پاشایه‌تییه‌ی له باوكه‌وه بۆ ئه‌ولاد ده‌مێنێ و ده‌ستی لێ به‌رنادرێ. واته ده‌كاته ده‌سه‌ڵاتی بۆماوه‌یی… ویراسه.
ڕاسته جورئه‌ته… ڕه‌نگه جورئه‌تێكی خۆكوژانهش بێ، به‌ڵام وه‌ك له پێشه‌كی كتێبه‌كاندا باسم كردووه، ده‌زانم هه‌ڵه‌م زۆره. یه‌كه‌م جار له سایتی مامۆستادا بڵاو كرانه‌وه به‌و هیوایه‌ی كه‌سێك هه‌بێ سه‌رنجی خۆی بنووسێ و بنێرێ، به‌ڵام به داخه‌وه كه‌س نه‌بوو. جگه له دوو سێ خۆبه‌خش كه سایته‌كه‌ی مامۆستا به‌ڕێوه ده‌به‌ن، ئه‌وانیش كاك ئاسۆس كه‌مال و كاك كاروان عارف و كاك وریا مامڵهسی، كه سه‌رنجی جوانیان هه‌بوو و ڕاوبۆچوونیان له‌گه‌ڵمدا ئاڵوگۆڕ ده‌كرد، كه‌س هیچی نه‌گوت. به هه‌رحاڵ، ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ی من خزمه‌تێك بێ به كتێبخانه‌ی كوردی، ئه‌وه جێی شانازیمه و ئه‌گه‌ر كهتنێكیش بێ و كردبێتم، هه‌ر شانی خۆم ده‌گرێته‌وه.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا:ئه‌م نووسه‌ره كوردانه چۆن پێناسه ده‌كه‌ی: عه‌لائه‌دین سوجادی، محمدی خاڵ، هه‌ژاری موكریانی، مه‌لا عبدالكریمی موده‌ریس، صالح قه‌فتان، به‌ختار عه‌لی، شوكر مسته‌فا، شاكر فه‌تاح؟
حه‌كیم كاكه وه‌یس:نازانم چۆن خۆم بخه‌مه بارودۆخێكه‌وه ئه‌و ڕێزدارانه هه‌ڵسه‌نگێنم. من كێم تا قسه له سه‌ر سه‌ججادی و شوكور مسته‌فا بكه‌م؟! كه بیر له هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و زاتانه ده‌كه‌مه‌وه، هه‌ست ده‌كه‌م له زه‌ریایه‌كی شێتی بێبندا، له ناو كه‌شتییه‌كی بێچارۆگهی لهقولۆقدام و ده‌نگم هه‌ر به خوا ده‌گات. به‌ڵام كه ده‌مخه‌یته ئه‌و بواره‌وه، یا ده‌بێ دڵی تۆ بهێشێنم و بێده‌نگ بم، یا خۆمی لێده‌م.
عه‌لائه‌ددین سوجادی: وه‌ك ڕشته‌ی مرواری له مێژووی ئه‌ده‌بی كوردیدا مروارییه و دره‌وشانه‌وه‌ی خۆی هه‌یه. به‌خته‌وه‌ر بوو كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شه‌ڕه‌په‌ڕۆی نه‌دیت و كه‌س پێی نه‌گوت لێره مه‌مێنه و كێوه ده‌چیت بچۆ!… وه‌ك به مه‌سعوود محه‌مه‌د گوترا. وه‌ك شوكر مسته‌فا له كۆڕی زانیاریشه‌وه دانه‌به‌زییه چاخانه‌كان تا له ده‌ستبه‌تاڵیدا گوێ له ته‌ققه‌ی دۆمینه بگرێ. مرد و هیوایه‌كی له به‌رهه‌مه‌كانی گه‌وره‌تری له‌گه‌ڵ خۆیدا برده بن گڵه‌وه.
شێخ محه‌مه‌دی خاڵ: خزمه‌تی خۆی كرد و وه‌ك هه‌موو گهورهپیاوێكی كورد له بیر كرا.
هه‌ژاری موكریانی: ئه‌و خۆی هه‌نبانه بۆرینه‌ی وشه و زاراوه‌ی كوردی و به‌سه‌رهات بوو و هه‌ر ته‌رجه‌مه‌ی قورئان و شه‌ره‌فنامه‌ی هه‌بێ به‌سیه‌تی! جوانترین گوته‌ی ئه‌و پیاوه ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێ: هیوام ده‌خواست كوردیش پاشایه‌كی هه‌بوایه.
مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس: كاكه حه‌مه و كاك فاتیحی كوڕی نه‌بوونایه چی ده‌كرد؟! یا ئێمه چیمان بكردبا؟! من ناتوانم ئه‌و مامۆستا پایه‌داره به بێ كوڕه‌كانی به بیری خۆم بهێنمه‌وه. چه‌ند پێكه‌وه جوان و شیرین بوون. ماشه‌ڵڵا له‌وسا و له ئێستایان.
ساڵح قه‌فتان: زۆری له باره‌وه نازانم… كتێبێكی وه‌رگێڕدراوی هه‌یه… سه‌رقاڵی مێژوو بووه.
به‌ختیار عه‌لی: پیاوێكی به‌توانایه. كه‌شتییه‌كه و له گۆمێكدا قه‌تیسماوه و خۆی ڕێ به خۆی نادا بچێته ناو زه‌ریاوه. پێشنیاز ده‌كه‌م پێش هه‌موو نووسینێكی، هه‌ندێ له (چه‌پكێ له گوڵزاری نالی)ی مه‌سعوود محه‌مه‌د یا پێشه‌كی (تاریك و ڕوون)ی مام هێمن، یا ئه‌و پێشه‌كییه بخوێنێته‌وه كه هێمن بۆ شه‌ره‌فنامه‌ی نووسیوه و ته‌نها بیر له داڕشتنیان بكاته‌وه، ئه‌وجا ده‌ست به نووسین بكا.
شوكور مسته‌فا: ئیمامی وه‌رگێڕانی كوردی… به داخه‌وه ده‌ستی له به‌غدا هه‌ڵگرت و هاته سێبه‌ری ئه‌وانه‌ی نازانن قه‌دری پیاوی وه‌ك ئه‌و بگرن و بهداخیشهوهم كه ئه‌وه ده‌ڵێم. ئه‌و شاخه به‌رزه‌ی زمانی كوردی، له سای ده‌سه‌ڵاتی كوردیدا هێنده‌ی گردۆڵكهیهكیان لێ هێشته‌وه. ئه‌و قه‌ڵه‌مه به بڕشته، كه‌وته خوار مه‌جلیسی منداڵانه‌وه. له كۆڕی زانیارییه‌وه بۆ بازاڕی شێخه‌ڵڵا دابه‌زی. داخی گرانم بۆ شوكور مسته‌فا! ئێمه پیاوی وا ڕه‌وای خۆمان نابینین و ده‌یكه‌ینه قوربانی كه‌سانێك هه‌موو ڕۆژ و هه‌موو سه‌عاتێك ئاماده‌ی پیاوكوشتنن… حه‌زیان لێیه كۆیله بن و به‌رپرسی خه‌ڵكی كۆیله‌ش بن.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: حه‌زده‌كه‌ین به‌نووسراو و وه‌رگێڕدراوه‌كانی خۆتمان ئاشنا بكه‌ی، چه‌ند كتێبت نووسیوه؟ وه چه‌ند كتێبت وه‌رگێراوه؟ ئێستا چیت له‌ژێر ده‌ستدایه؟
حه‌كیم كاكه وه‌یس: كتێبه نووسراوه‌كانم: ته‌ونی جاڵجاڵۆكه ـ ڕۆمان، نه‌ته‌وایه‌تی كورد و ئیسلامه‌تییه‌كه‌ی ـ بابه‌تی فیكریی. وه‌رگێڕدراوه‌كان، له فارسییه‌وه، كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی (خێرت ده‌گاتێ)ی عه‌زیز نه‌سین. (له سویدییه‌وه): كێڵگه‌ی ئاژه‌ڵی جۆرج ئۆروێڵ، 1984ی جۆرج ئۆروێڵ، گهلهلوورانی جاك له‌نده‌ن، منداڵیی له كه‌مبۆدیای ژیمۆسیاك، گورگی ڕووتهڵانی هێرمان هێسه، كورته‌یه‌كی دۆن كیشۆتی سهرڤانتێس و له ئینگلیزییه‌وه: بازنه‌ی ترسی حوسێن سومێده و له عارهبیشهوه: هاوسه‌نگكردنه‌وه‌ی ته‌رازوویه‌كی سه‌نگه‌لا و زمانی كورد و لێكدانه‌وه‌ی مێژوو و كۆمه‌ڵگه‌ی ئاده‌میزاد، كه هی مامۆستا مه‌سعوود محه‌مه‌دن. چیرۆك و گوتاری نووسراو و وه‌رگێڕدراوی په‌رشوبڵاوم زۆرن. ده‌شزانم ئه‌وه‌ی زۆر بڵێ چاكیش ده‌ڵێ و خراپیش ده‌ڵێ.
ئێستا دوو كتێبم به ده‌سته‌وه‌ن له سویدیه‌وه ده‌یانكه‌مه كوردی: ده‌میان پێ داخرای كا ئێنهبێری و باسێكی ئه‌وین و تاریكی ئامووس ئوز. ئه‌وانه‌ش له سویدییه‌وه.
له ڕاستیدا، تاوان و سزای دۆستیۆڤسكیشم له سویدییه‌وه كردۆته كوردی به‌ڵام بڵاو نه‌كراوه‌ته‌وه.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: ئه‌م ئامۆژگاریه چیه كه له دوا وته‌ت دا ده‌ته‌وێت به گوێچكه‌ی نه‌وه‌ی نوێ‌دا بچرپێنی؟
حه‌كیم كاكه وه‌یس:من به‌ر له هه‌موو كه‌س ئامۆژگاری خۆم ده‌كه‌م: به‌ر له‌وه‌ی هه‌ر شتێ بم ده‌بێ كورد بم. كورد به دیلێتی هیچی بۆ مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی پێ ناكرێ. هیوادارم نه‌وه‌ی نوێ، ئه‌وه‌م لێ وه‌رگرن، وه‌ریشیناگرن كه‌یفی خۆیانه… با به بێ ئه‌وه‌ی له پۆستمۆدێرنایهتی تێبگه‌ن، به‌ر له‌وه‌ی هه‌ر شتێ بن پۆستمۆدێرنست بن! با به بێ حاڵی‌بوون له ئیسلام پۆستموسوڵمان بن! با له هه‌موو بوارێكدا پێش سه‌رده‌می خۆیان بكه‌ونه‌وه بواری ئازادی نه‌ته‌وایه‌تی نه‌بێ! هه‌موو كه‌س له بیركردنه‌وه‌دا ئازاده. منیش ئازادم، به‌ڵام ئازادییه‌ك له خۆم حه‌رام ده‌كه‌م زه‌ره‌ر به نه‌ته‌وایه‌تی كورد بگه‌یه‌نێ .