
واتا له شیعردا …به‌شی دووه‌م
زانا خه‌لیل
نوصحی نالی ره‌نگه هه‌ر كه‌س بیبیێ، بیكاته گوێ
چونكه نه‌زمی صاف و ورده، هه‌ر وه‌كو مروارییه
شیعری نالی ساف و ورده، وه‌كو مرواری وایه، كه‌وابێ شیعره‌كانی نالی هێنده شه‌فاف و دژه لێڵین و وه‌كو مرواری وان كه هه‌ر كه‌سێك بیخوێنێته‌وه تێیده‌گات، لێره‌دا هه‌مدیس (هه‌ر كه‌سێك) زێده‌ڕۆیی تێدایه، چونكه وه‌ك گوتمان كه‌سێك، به‌بێ بوونی مه‌عریفه‌ی شیعری ناتوانێ له نالی تێبگات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌رگری دانا حیساب بكه‌ین ئه‌وا ده‌توانرێ راستی قسه‌كه‌ی بسه‌لمێنین.. با ئه‌و به‌یته به زمانی ئێستا بنووسینه‌وه و ئه‌و قسه‌یه پشت راست بكه‌ینه‌وه كه ده‌ڵێ: شیعری كۆن (وه‌ك زه‌مان) له فه‌رهه‌نگدا ئاڵۆزه و له واتادا رۆشنه:
ره‌نگه هه‌ر كه‌سێك ئامۆژگاری نالی هه‌بێ له گوێی بگرێ
چونكه شیعری ساف و ورده وه‌كو مرواری وایه
لێره‌دا وه‌گر له‌به‌رده‌م واتایه‌كی ڕۆشن و دیار دایه، ره‌نگه ئه‌و به‌یته وه‌رگر ئاراسته بكات، ئاراسته به‌ره‌و په‌یامێكی دیاریكراوی نێرهرێك كه (نالی)یه، ئه‌و حاڵه‌ته له شیعری نوێ‌دا به ئیشكالییه‌ت داده‌نرێ، (نووسه‌ری ئه‌م ده‌قه”ئه‌مجۆره ده‌قانه”زمانێكی شیره‌خۆره ده‌كاته خزمه‌تكاری خۆی، زمانێكی فه‌رمانده‌رانه، خودههژێنانه)(1)..چونكه وه‌ك بارت باسی ده‌كات وه‌رگر به‌شداره له تێكستدا، بۆیه ده‌بێ ئه‌و ده‌رفه‌تی به‌شداریكردنه له نێنهرهوه بۆ وه‌رگر فه‌راهم بكرێ، به‌و واتایه‌ی كه وه‌رگر له مێشك و زه‌ینی خۆیدا تێكستێكیتر له‌و تێكسته درووست بكات، به‌ڵام لێره‌دا به‌و شێوه‌یه نییه، چونكه نالی بڕیاری داوه كه (هه‌ر كه‌سێك ئامۆژگاری نالی ببیستێ له گوێی ده‌گرێ، چونكه شیعری ساف و ورده و وه‌كو مرواری وایه) گرفت و كێشه لێره‌دا ئه‌وه‌یه كه (منی وه‌رگر) باوه‌ڕ به بڕیارێكی یه‌كلایه‌نه‌ی نێره‌ر نه‌هێنێ، له‌و حاڵه‌ته له‌به‌رده‌م كێشه‌یه‌كی بێ ڕێگاچاره ده‌سته‌وه‌ستان ده‌وه‌ستین..ئه‌وه‌ش گرفتێكیترمان بۆ دێنێته پێشه‌وه كه ئه‌ویش په‌یوه‌سته به له‌ززه‌تی تێكست..(ئه‌گه‌ر بمه‌وێ ده‌قێك به پێوه‌ری چێژ هه‌ڵسه‌نگێنم، ئیدی ناتوانم بڵێم كه ئه‌م ده‌قه باشه و ئه‌و ده‌قه خراپه، ئیدی نه حورمه‌تێك هه‌یه و نه ڕه‌خنه‌یه‌ك، چونكه هه‌ڵسوكه‌وتێكی ئه‌وتۆ هه‌میشه پێویستی به بوونی مه‌به‌ستێكی ڕێكارانه، كه‌ڵك وه‌رگرتنێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و زۆربه‌ی كاته‌كان ڕووكه‌شێكی فانتازیایی هه‌یه، من ناتوانم باش و خراپ درووست بكه‌م..)(2).
بۆیه لێره‌دا زانستیبوونی هه‌ڵسه‌نگاندنی تێكست جیا ده‌بێته‌وه له هه‌ڵسه‌نگاندن له‌سه‌ر بنه‌مای چێژ، به پێوه‌ركردنی چێژ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و خوێندنه‌وه‌ی تێكست، ده‌مانگه‌یه‌نێته ئه‌و بڕیاره‌ی كه بڵێین: (ئه‌م ده‌قه بۆ من ئه‌وه‌یه، ئه‌وه بۆ من نه بكهرانهیه و نه مه‌تریالانه، ئه‌وه بۆ من (نیتچشه)ییه، له بنه‌ڕه‌تدا هه‌میشه و به‌رده‌وام ئه‌م پرسیاره دێته گۆڕێ ئه‌وه بۆ من چییه؟)(3).. ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌یته‌ی نالی به‌و بنه‌مایه بخوێنینه‌وه ئه‌وه بۆچوونی جیا جیا درووست ده‌بێ..
نوكی خامه‌ی من كه بێته مهعنائاراییی كه‌مال
خه‌ت به خه‌ت ئیزهاری نه‌قشی صوره‌تی (مانی) ده‌كا
شیعره‌كانی نالی وه‌كو ئه‌و تابلۆیانه وان كه (مانی = هونه‌رمه‌ندێكی ئێرانی بووه ناوبانگی به وێنه‌ی جوان كێشان ده‌رچووه)(4).. كێشابێتی، واتای شیعره‌كانی هێنده ڕۆشن و ڕوونن كه هه‌ركه‌س ده‌توانێ تێیبگات و ناوه‌وه‌ی ببینێ.
نالی عه‌جه‌ب به قووه‌تی حیكمه‌ت ئه‌دا ده‌كا
مه‌عنایی زۆر و گه‌وره به له‌فزی كه‌م و بچوك
وه‌ك له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێكرد یه‌كێ له خاسییه‌ته‌كانی شیعری نوێی ئێستا له جیهاندا ئه‌وه‌یه كه بتوانرێ (مه‌عنای زۆر و گه‌وره به له‌فزی كه‌م و بچوك) بدرێ، ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه له شیعردا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێ كه خاسییه‌ته‌كانی داهێنان له شیعردا له یه‌كتری نزیكن، (واتای زۆر به وشه‌ی كه‌م) له شیعری زۆربه‌ی شاعیرانی داهێنه‌ری چاخی ئێستامان ده‌بینین و داهێنه‌رانی شیعر هه‌وڵی جددیان داوه بۆ پراكتیك كردنی ئه‌و بۆچوونه له‌نێو شیعره‌كانیان، به واتایهكیدی كورتبڕی و پڕ مه‌عنایی یه‌كێكه له‌و خاسییه‌تانه‌ی شیعری نوێی ئه‌وروپی، ده‌بێ ئه‌وه‌شمان له یاد بێ كه كورتبڕی داهێنراوی سه‌رده‌می شیعری نوێی ئه‌وروپی نییه، به‌ڵكو له مێژووی ئه‌ده‌بیاتی كیشوه‌ر و نهتهوهكانیتریشدا كورتبڕی هه‌م وه‌ك تێكست و هه‌مو وه‌ك ڕه‌وانبێژی و توێژینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه بوونی هه‌بووه، به‌رچاوترین نمونه‌ی ئه‌و جۆره ستایل و هونهرهیش له شیعردا (هایكۆ)یه. هایكۆ هونه‌رێكی شیعری نوێ نییه، جۆره شیعرێكی یابانییه له سه‌ده‌ی هه‌شته‌می زاینی سه‌ری هه‌ڵداوه، له حه‌ڤده بڕگه پێك دێت، 5-7-5 له سێ دێردا، به زمانێكی ساده ده‌نووسرێ، به شێوه‌یه‌كی گشتی هایكۆ له سه‌ده‌ی 17 به فره‌وانی له‌سه‌ر ده‌ستی (باشۆ) بڵاوبۆوه، كه داهێنه‌ری یه‌كه‌می ئه‌و هونه‌ره بوو به بێ ڕكابه‌ر، بۆسۆن 1716-1783 ی زاینی و ماسا ئۆكاشیكی 1867-1902ی زاینی به ڕێبه‌رانی ئه‌و هونه‌ره داده‌نرێن..
به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی گشتی له ده‌یه‌كانی بیست و سی سه‌ده‌ی ڕابردوو تا ئێستایش كێرڤی به‌رهه‌مهێنانی شیعری داستانی و شیعری درامی و شیعری شانۆیی و رۆمانه شیعر و داستانه شیعر و … تاد ڕوو له خوار، یا نه‌مانه.
هۆكاره‌كانی ئه‌و ئاكام و ئه‌نجامه‌یش زۆرن، له باسه‌كانی پێشوودا باسی یه‌كێ له‌و هۆكارانه‌مان كرد كه په‌یوه‌ندی به‌و گۆڕانكارییانه‌وه هه‌یه كه ڕیتم و موزیكی چاخ به‌رهه‌می هێناون، هه‌روه‌ها هۆیتر ئه‌وه‌یه كه كه‌ناڵه‌كانی نێره‌ر و بۆنێردراو له وه‌رگرتنی مه‌عریفه و چێژ به شێوه‌یه‌ك ڕوو له زیاده‌ییه كه كاری كردۆته سه‌ر ته‌واوی به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌ده‌بیات.
پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا و ته‌كنیكی هونه‌ری به نمونه سینه‌ما و ته‌له‌ڤزیۆن و ئینته‌رنێت و مۆبایل و ….تاد كاریگه‌ریی به‌رچاویان هه‌یه، به بۆچوونی ژنه نووسه‌ر و مامۆستای ئه‌ده‌بیاتی ئیتاڵی (ئیزابێلا كامێرا داڤیلتۆ) لاوازیی و بێڕهواجی ئه‌ده‌بیاتی عه‌ره‌بی له ئیتاڵیا و ئه‌وروپادا ئه‌و درێژدادڕییه بێ موبهڕیڕهیه كه له ئه‌ده‌بیاتی عه‌ره‌بیدا باوه.
به پێچه‌وانه‌وه شیعری نوێی ئه‌وروپی كار له‌سه‌ر كورتبڕی ده‌كات، ده‌یه‌وێ له بچووكترین پانتاییدا جوانترین ته‌لار و ئاپرتمان ئافه‌ریده بكات، به كه‌مترین كه‌رسته پاركێك درووست بكا كه رۆح له حاڵه‌تێكی ئاسایی بگوازێته‌وه بۆ حاڵه‌تێكی نائاسایی یا پێچه‌وانه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ پێوه‌رێكی سه‌د ده‌ر سه‌د نییه كه بتوانێ داهێنان له هه‌ندێ شیعری درێژیش بسه‌نێته‌وه، به‌ڵام وه‌ك گوتمان چه‌ند هۆیه‌ك هه‌ن كه ره‌واجی شیعری درێژیان كه‌مكردۆته‌وه، چه‌ند نمونه‌یه‌ك له‌سه‌ر كورتبڕی له شیعری نوێ و هاوچه‌رخی ئه‌وروپی:
(ئێریش فرید 1921-1988):
بێ گاڵته
گه‌نجه‌كان بۆ گاڵته
به‌رد له بۆقه‌كان ده‌گرن..
بۆقه‌كان
به جددی
ده‌مرن.(5)
رۆزا ئاوسلێندهر1901 – 1988
كلیلی من
كلیلی من
خانووه‌كه‌ی ونكرد.
من له ماڵێكه‌وه بۆ ماڵێك ده‌ڕۆم
كه‌چی به هیچیان ناكا.
من كلیلسازهكهم دۆزیه‌وه
كلیلی من
به گۆڕه‌كه‌ی ئه‌وی كرد.(6)
ژاك پرێڤێر (4/2/1900-11/4/1977)
نووسینی سه‌ر دیوار
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر تۆش
به چاوێكی جوانه‌وه
نه‌بینی
دیمه‌نه‌كه ناشرین نییه
ئه‌مه چاوی تۆیه
له‌وانه‌یه خراپ ببینێ.
ئالیكانت
پرته‌قاڵێك له‌سه‌ر مێزه‌كه
رۆبهكهت له‌سه‌ر مافووره‌كه
تۆش له‌ناو نوێنی من
لێره بوونێكی شیرینی زه‌مانه
فێنكایی شه‌و
گه‌رمیی ژیانی من.(7)
رافائیل ئالبرتی1902-1999
بۆ پیكاسۆ
خوا جیهانی خولقاند – وا ئه‌ڵێن –
له حهوتهمین رۆژدا
كاتێ به ئارامی، ماندوویی له جه‌سته به‌ده‌ركرد
له ناكاو به په‌له هه‌ستا
هه‌ستا و گوتی:
شتێكم فه‌رامۆش كردووه
چاوه‌كان و ده‌ستی پیكاسۆ.(8)
له ئه‌نجامی ئه‌و باسه‌دا ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی كه بڵێین:
یه‌كه‌م: هیچ شیعرێكی داهێنه‌رانه تا ئه‌و سنووره ئاڵۆز نییه كه “تێگهیشتنتێك یا چه‌ند تێگهیشتنێكت” بۆی نه‌بێ، ئه‌گه‌ر به باكگراوندێكی مه‌عریفی شیعرییه‌وه بخوێندرێته‌وه و هیچ شیعرێكی (داهێنه‌رانه‌ی شهفافیش) هێنده واقیعی و ئاسان نییه ئه‌گه‌ر به هه‌مان پێوه‌ری پێشوو بخوێندرێته‌وه..
دووه‌م: ئاڵۆزی و شه‌فافی له شیعردا له‌گه‌ڵ له‌دایكبوونی شیعر بوونی هه‌بووه و تا شیعریش بمێنێ به‌رده‌وام ده‌بێ.. وه‌ك له به‌شه‌كانی پێشوو باسمانكرد هه‌ندێجار كۆمه‌ڵێك هۆكار ده‌بن كه ڕه‌وتی شیعری له (شوێنزهمانێكی دیاریكراو)دا به ئاراسته‌یه‌كی لێك نزیك ببا، بۆ نمونه: له شیعری كلاسیكی كوردیدا هه‌ندێ پێوه‌ر هه‌بوو بۆ به شیعربوونی تێكست، یه‌كێ له‌وانه به‌كارهێنانی وشه‌كانی فه‌رهه‌نگی زمانه‌كانی ده‌وروبه‌ر بوو، كه ئه‌وه‌شیان جۆرێك ئاڵۆزیی له شیعردا بۆ وه‌رگران درووستده‌كرد، به‌ڵام ئه‌و په‌یڕه‌و لێكردنه له‌گه‌ڵ قۆناغه‌كاندا ده‌گۆڕێ.
سێیه‌م: ئه‌و فۆرمانه‌ی كه به شێوه‌یه‌كی گشتی به‌شدارن له درووستكردنی واتا له شیعری كلاسیك و شیعری هاوچه‌رخدا بریتین له‌و ستایلانه:
1- وشه‌ی ئاڵۆز و واتای ئاڵۆز.
2- وشه‌ی ئاڵۆز و واتای ئاسان.
3- وشه‌ی ئاسان و واتای ئاسان.
4- وشه‌ی ئاسان و واتای ئاڵۆز.
ئه‌گه‌ر شێوه دابهشكردنێكیتر بده‌ینه دنیای درووستكردنی واتا له‌سه‌ر بنه‌مای (چێژ) و خوێندنه‌وه‌ی (كه‌سی) بۆ تێكست ئه‌وا درووستكردن و ده‌ستنیشانكردنی واتا به هۆی جۆر و شێوازی زمان له شیعردا شێوهیهكیتر به خۆیه‌وه ده‌بینێ كه ئه‌ویش په‌یوه‌سته به جوانی و ناشرینی له زمان و واتادا، یا پرۆسه‌كه له درووستكردنی جوانی و ناشرینی له واتادا ئه‌و شێوانه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه:
1- وشه‌ی ئاڵۆز و واتای ئاڵۆزی ئێسته‌تیكی.
2- وشه‌ی ئاڵۆز و واتای ئاڵۆزی نائێسته‌تیكی.
3- وشه‌ی ئاڵۆز و واتای ئاسانی ئێسته‌تیكی.
4- وشه‌ی ئاڵۆز و واتای ئاسانی نائێسته‌تیكی.
5- وشه‌ی ئاسان و واتای ئاسانی ئێسته‌تیكی.
6- وشه‌ی ئاسان و واتای ئاسانی نائێسته‌تیكی.
7- وشه‌ی ئاسان و واتای ئاڵۆزی ئێسته‌تیكی.
8- وشه‌ی ئاسان و واتای ئاڵۆزی نائێسته‌تیكی.
كه‌وابێ ده‌توانرێ به‌هه‌ر شێوازێك بێ، جوانی له شیعردا درووستبكرێ، به‌و مه‌رجه‌ی ستوونه بنه‌ڕه‌تی و گرنگه‌كان كه هه‌وێنن بۆ ئێسته‌تیك، بوونی هه‌بێ له تێكستدا.. من لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌م، به چه‌ند نمونه‌یه‌كی شیعری ئه‌و بۆچوونه‌م بسه‌لمێنم:
1- وشه‌ی ئاڵۆز و واتای ئاڵۆزی ئێسته‌تیكی:
له سایه‌ی كوفری زوڵفت دڵ (فنا فی النور)ی ئیمانه
مه‌ڵێن زوڵمه‌ت خراپه، وه‌صلی په‌روانه له شه‌ودایه
(سایه، كوفر، فنا فی النور، ئیمان، زوڵمه‌ت، “- په‌روانه- له شیعره‌كانی پێشووتری دیوان قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه”) له دیوانی (نالی)دا مامۆستایان مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس و فاتیح عه‌بدولكه‌ریم ئه‌و وشانه‌یان شیكردۆته‌وه، كه‌وابێ ئه‌وه به‌ڵگه‌یه‌كه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌و وشانه، وشه‌ی ئاسان نین، بۆ تێگه‌یشتن له واتای بهیتهكهش به‌و شێوه‌یان لێكداوه‌ته‌وه:(به هۆی ئه‌وه‌وه كه هه‌ر شتێ به پێچه‌وانه‌كه‌یدا ئه‌ناسرێته‌وه، له سایه‌ی كافریی زوڵفتهوه كه ره‌شه و كافریش ره‌شه، دڵ له رووناكی باوه‌ڕدا تواوه‌ته‌وه، كه باوه‌ڕ له لای موسڵمانان رووناكییه له به‌رابه‌ری كافریدا. كه‌واته كه‌س نه‌ڵێ تاریكایی خراپه، په‌روانه‌ش به شه‌و نه‌بێ، به مه‌به‌ستی خۆی ناگا و به وه‌صلی مۆم شاد نابێ..تاد)(9).
كه له‌و لێكدانه‌وه‌یه بوونه‌ته‌وه، بیریان بۆ شتێكیترچووه و ده‌ڵین: ده‌توانرێ نیوه‌ی یه‌كه‌می به‌یته‌كه به‌و شێوه‌یه لێكبدرێته‌وه و ئه‌مه جگه له زاراوه‌ی (فنا فی النور) كه پهڕهگرافێكیان بۆ شیكردنه‌وه‌ی داناوه..كه‌وابێ ئێمه له‌به‌رده‌م بهیتێكداین كه هه‌م زمانی ئاڵۆزه و هه‌میش واتاكه‌ی، به‌ڵام به‌یتێكی ئێستهتیكییه.
2– وشه‌ی ئاڵۆز و واتای ئاڵۆزی نائێسته‌تیكی.
ئه‌و جۆره شێوازه له دیواندا به‌رچاو ناكه‌وێ، به‌لایه‌نی كه‌م بۆ من كه به وردی به دوایدا گه‌ڕام له دیوانی نالی‌دا، به‌ڵام له شیعری كۆن و نوێشدا لای هه‌ندێ شاعیر ئه‌و شێوازی گوزارشتكردنه بوونی هه‌یه.. هه‌وڵده‌ده‌م له باسی دواتر (واتا له شیعری نوێ‌دا) نمونه له‌و جۆره ستایله بێنمه‌وه.
3- وشه‌ی ئاڵۆز و واتای ئاسانی ئێسته‌تیكی:
سهودازهدهكهی زوڵفت، ئه‌زهاری له كن په‌شمه
دور له‌و گوڵه بێ خاره، گوڵزاری له كن په‌شمه
(واته: ئه‌و كه‌سه‌ی كه گرفتاری ده‌ردی خۆشه‌ویستیی زوڵفی ره‌شی تۆ بووبێ، گوڵی زه‌رد و سوری لا هیچ و پووچه و ماده‌م لای گوڵی بێ دڕكی روی تۆدا نه‌بێ، گوڵزاری به لاوه بێ بایه‌خه)(10).
لێره‌دا (سه‌ودازه‌ده و ئه‌زهار و كن و په‌شم و خار …) بۆ خوێنه‌ری ئاسایی زمانێكی گرانه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه مانای ئاڵۆزی وشه‌كانت شیكردوه، مانای به‌یته‌كه ئاسان و رۆشن ده‌بێ و جوانییه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێ.
4– وشه‌ی ئاڵۆز و واتای ئاسانی نائێسته‌تیكی:
ئه‌و جۆره ستایله له شیعری نوێ‌دا زۆر به‌رچاو ده‌كه‌وێ، بۆیه له‌باسی شیعری نوێ‌دا نمونه‌ی بۆ دێنه‌مه‌وه..
5- وشه‌ی ئاسان و واتای ئاسانی ئێسته‌تیكی.
كانی ده‌زێن به ئاو و، دره‌خت ئاوسن به با
شایی به‌هاره، بولبوله داماد و غونچه بوك
جگه له (داماد) كه به مانای (زاوا) دێ، هیچ وشهیهكیتری گران و ئاڵۆز له‌و به‌یته‌دا نابینینه‌وه، واتاكه‌شی دیار و ڕۆشنه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه (نالی له‌و شیعره‌یدا یه‌كێ له شاكاره‌كانی خۆی پیشانداوه، به‌هاری كردووه به شایی و له‌م شاییه‌دا بولبولی كردووه به زاوا و خونچه‌ی بۆ كردوه به بووك و، بای داراوسی دواڕۆژه‌كانی زستان و دره‌ختی ته‌ڕایی تێكهوتووهوهشی هێناوه بۆ پیشاندانی وێنه‌ی ئاوس بونی بووك پاش گواستنه‌وه‌ی و ، ته‌قینی كانی و ئاوی زۆر پیا هاتنیشی كردووه به مناڵه‌كه‌ی كه ئهیبێ)(11).
یا له‌و به‌یته:
بنواڕه بونی ئهووهڵت و چونی ئاخرت:
هاتی چ روت و قوت و، هه‌ڵاتی چ لوس و پوس
به هه‌مان شێوه به‌یتێك ده‌خوێنینه‌وه كه به وشه‌ی ئاسان گوتراوه و واتاكه‌شی به ئاسانی ده‌گات، به‌ڵام فه‌زایێكی پڕ له ئێسته‌تیكی و كه‌شێكی پڕ له جوانیی بۆ وه‌رگر درووستكردووه.
6– وشه‌ی ئاسان و واتای ئاسانی نائیستهتیكی
عومرێكه به میزانی ئه‌ده‌ب توحفه فرۆشم
زۆرم وت و كه‌س تێنه‌گه‌یی، ئێسته خه‌مۆشم
وا تێده‌گه‌ین كه ئه‌وه‌ی تا ئاستێكی نزمیش ئاگای له شیعر و ئه‌ده‌بیات بێ، له به‌رانبه‌ر واتای ئه‌و به‌یته ده‌سته‌وه‌ستان نه‌وه‌ستێ، به‌ڵكو هه‌موو وشه‌كانی ئه‌و به‌یته ڕۆشن و سانان، ئه‌گه‌رچی ره‌نگه (توحفه، خه‌مۆش) تا ئه‌و ئاسته نزمه زمانی خه‌ڵكی ئاسایی نه‌بن، به‌ڵام هه‌موو به‌یته‌كه به‌یه‌كه‌وه به‌یتێكی ئاسانه هه‌م له وشه و هه‌میش له واتا، به‌ڵام به‌یتێكی جوان نییه به‌و پێوه‌رانه‌ی كه بۆ شیعری جوان ده‌كرێن.. لێره‌دا ئه‌وه دووباره ده‌كه‌مه‌وه كه له‌و بڕیاردانه له‌سه‌ر ئێسته‌تیك بوون و نه‌بوون، چێژی وه‌رگر تێیدا رۆڵ ده‌بینێ، بێگومان جۆره‌كان و ئاسته‌كانی (چێژ)بردنیش به كۆمه‌ڵێك هۆوه په‌یوه‌سته، كه پێشینه‌ی زانیاری و تێگه‌یشتن دوو بنه‌مای سه‌ره‌كین له‌و بواره‌دا.
7– وشه‌ی ئاسان و واتای ئاڵۆزی ئێسته‌تیكی
له دوگمه‌ی سوخمه دوێنێ نوێژی شێوان
به‌یانی دا سفیده‌ی باغی سێوان
ئه‌گه‌ر ته‌ماشای وشه‌كان بكه‌ین ئاڵۆزییه‌كی ئه‌وتۆی پێوه دیار نییه، كه‌چی ئه‌و به‌یته، چه‌ندین خوێندوه‌ی جیا جیای له لایه‌ن مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس و فاتیح عه‌بدولكه‌ریم و مه‌سعود محه‌مه‌ده‌وه بۆ كراوه، كه ئه‌وه‌ش ده‌لاله‌ت و به‌ڵگه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی بڵێین كه به‌یتێك به وشه‌ی ئاسان نووسراوه به‌ڵام هه‌ڵگری واتای ئاڵۆز و فرهواتاییه و زیاتر له خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئێسته‌تیكی بۆ ده‌كرێ.
ساقی به مه‌یی كۆنه له‌سه‌ر عاده‌تی نه‌و به
بشكێنه به یه‌ك نه‌وبه دوصهد ماته‌می ته‌وبه
ئه‌و به‌یته‌ش ئه‌گه‌ر به رووكه‌ش ته‌ماشای بكه‌ین هێنده ئاڵۆز نییه له وشه‌كانیدا، به‌ڵام ئه‌وه‌نده ئاڵۆزه له واتادا كه به‌داخه‌وه له دیوانی نالی‌دا نه‌توانراوه لێكدانه‌وه‌یه‌كی جددی بۆ بكه‌ن، چونكه شكاندنی دوو سه‌د تۆبه به یه‌ك نۆبه و ساقی و مه‌یی و ..تاد له كلاسیك‌دا به تایبه‌تیش لای حافزی شیرازی و مه‌لای جزیری باسی لێوه كراوه، له‌وێوه ده‌توانین خوێندنه‌وه‌ی زۆر جیاتری له رووی ته‌سه‌وفه‌وه بۆ بكه‌ین كه مامۆستایان دوور و نزیك بۆی نه‌چوونه.
8– وشه‌ی ئاسان و واتای ئاڵۆزی نائێستهتكی:
دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و شێوه ستایله له درووستكردنی مانا له دیوانی نالی ده‌گمه‌نه، بۆیه پێویستیمان به نمونه‌یه‌كی ده‌ره‌وه‌ی دیوانی نالییه و باشتیریش وایه له شیعری هاوچه‌رخدا كه به‌شێكی زۆری له‌و جۆره شیعرانه تێدایه نمونه‌یه‌ك ده‌ربهێنین:
( په‌پووله‌یه‌ك له‌سه‌ر شانی ….
فڕییه سه‌ر شانی من
نیشتنه‌وه بۆنی خۆشی گڵهسهره
پێویستیه‌كانی ڕۆژ هه‌مووی جوانین
كاتژمێری قورمیشدار
ئاماده‌ت ده‌كات بۆ بێداركردنه‌وه‌ی په‌رده
تیشك به‌شی خۆی ده‌داتێ
نه‌یی قۆریه كه به‌ناو دڵی هه‌ڵوه‌دای كازێوه‌دا ڕه‌تده‌بێ ……….تاد
به بیانووی قووڵی شیعر و زۆر واتایی و فره ڕه‌هه‌ندی له واتادا، ته‌مومژێك باڵی به‌سه‌ر ئه‌و چه‌ند دێره‌ی سه‌ره‌وه‌دا كێشاوه كه ده‌كرێ كوشتنی واتا – واتاكانی لێبكه‌وێته‌وه، یاخود لێیكه‌وتۆته‌وه، ده‌كرێ بۆشایی گه‌وره له تێكسته‌كه‌دا بهێنێته كایه‌وه یاخود هێناویه‌ته كایه‌وه، ده‌شكرێ نه‌بوونی تێمهیهكی ئێسته‌تیكی و قووڵ و نه‌بوونی هیچ جۆره شیعریه‌تێكی لێبكه‌وێته‌وه یاخود هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی لێكه‌وتۆته‌وه ..)(12).
له‌نێو ئه‌و چه‌ند دێره‌دا هیچ وشه‌یه‌كی گران نابینین، كه‌چی بێ واتایی ده‌بینین، كه ده‌ڵێ:(نیشتنه‌وه بۆنی خۆشی گڵهسهره)..(نه‌یی قۆریه كه به‌ناو دڵی هه‌ڵوه‌دای كازێوه‌دا ڕه‌تده‌بێ) وه‌رگر ده‌خاته نێو فه‌زایه‌كی داخراو كه هیچ بۆچوونێكی نه‌مێنێ و هیچ ده‌رگایه‌كیش نه‌بێ بۆ چوونه ناو ئه‌تمۆسفێرێكی لهززهتئامێز.. له باسی داهاتوودا، واته به‌شی سێیه‌می ئه‌و گوتاره باس له واتا ده‌كه‌ین له شیعری نوێ‌دا.
1- چێژی ده‌ق، رۆلان بارت،وه‌رگێڕانی ئیسماعیل زارعی،چاپخانه‌ی مناره2007،ده‌زگای وه‌رگێڕان.ل25
2-هه‌مان سه‌رچاوه.ل34
3-هه‌مان سه‌رچاوه.
4- نالی، مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس و فاتیح عه‌بدولكه‌ریم، بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردستان – ئێران1979، ل104
5 – Von Bis nach Seit
6 – http://www.gedichte-garten.de/forum/ftopic108.html
7- ژاك پرێڤێر ، وه‌رگێڕانی د.فه‌رهاد پیرباڵ.
8- چوارده سه‌رۆك كۆماری شیعر، وه‌رگێڕانی:كامبیز كه‌ریمی،ئاراس 2006
9- نالی، مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس و فاتیح عه‌بدولكه‌ریم، بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردستان – ئێران1979، ل 474
10-هه‌مان سه‌رچاوه، ل 558
11-هه‌مان شهرچاوه؟
12- شیعر و هه‌نده‌سه، رۆژنامه‌ی ستایل، زانا خه‌لیل، شیعری سه‌باح ره‌نجده‌ر.