عیشق ئەو دۆزەخەى عیبادەتى بۆدەكەین
یوسف عەبدوڵا……
سوڵتانى عەشق پێى ووتم..
بەبینینى یەكەم ئە ستێرەى پێش مانگ
هەست بەهاتنى شەونەكەیت
ووتى..
بەرلەوەى مانگ دەركەوێت
سەڵاوات بۆئەستێرەنەدەیت.
تۆئەى عیشق..
پریت لەعیبادەتى عاشقەكان
لەبەرامبەر بىَ باكى دۆزەخدا
ئەى ئاگر..
چۆن دەتوانیت لەناختدا بم سووتێنی
گەرتۆئەو دۆزەخەنەبیت
من گشت شەوەكانم بەتۆوە بەسەردەبم
تۆش چەندبىَ باكى ئەى ئاگر
كاتێك پەپولە دەسوتێنیت
خۆزگەبمزانیایە بەسوتانم ئاسودە دەبیت
كەتۆخاوەنى دۆزەخ بیت؟
ئێستەش كەبەدیارتەوە دەگریم..
نەڵیت ئاگرپەرستەدلأ
تۆئەوكاتەلام پیرۆزبوویت كەباوكەگەورەمت نەسوتاند.
هێندەتۆم خۆش دەوێت..
برینەكانیشم بەتۆداخ دەكەم بۆسارێژبوون
دەست نوێژەكانم لەحزورى تۆدا وشك دەكەمەوە
لەنوێژەكانما دۆعا بۆئەم شیعرەدەكەم
كەنەچێتەجەهەنەمەوە
چونكەدێرەكانى پرن لەتۆ.
تەفسیرێك لەتۆداوەستاندومى
كەبەئایەتەكانى گوناهبارم دەكەیت
بەڵام من پێویستم
بەسنگى قەسیدەیەكە
كەپڕبێت لەهاوارەكانى جەهەنەم
گەرگوناهبار نەبوومایە..
بەهەشتت پێشكەش دەكردم
جەهەنەمت بەرپا نەدەكرد
چونكەلەم بیابانى گوناهەدا
چاوێك نەماوە فرمێسك بەئەوین ببەخشێت.
دەمەوێت سەرێك لە ئاسمانى بەزەیت بدەم ..
ئەستێرە بێنمەخوارەوە و لەم ماتەمە بەشدارى پێ بكەم
تاوەكو موحیبەتم لێ بكڕیت و
بەرلەوەى زەمانە داگیرم كات
خۆم ببەخشم بەتۆ
تۆش چامەیەك بۆ ئەو ئێوارەیە بنوسە..
كە نیگاكانت دڵیان دزیم و
نزا یان لە لێوەكانم وەراند
وەك درەختێكى رووت..
مەهێڵە ئاگرتەماشاى ڕوت بوونەوەت بكات
من سەرسام دەبم بەسروشتى ڕوت بوونەوەى بەردەم ئاگر
تۆش سەرسام تر بەدیمەنى ڕووت بوونەوەى ناوئاوەكان
من بەپیاسەكانى ڕۆح خۆشحاڵ دەبم
تۆش بەگەڕان بەناوباخچەدەستكردەكاندا ماندوودەبیت
هەرچەندە پڕین لەحیكایەتى شێتى و شپرزەیى
بەڵام بەئاشنابوونمان ناسك دەبینەوە
بەسەدان جار دەمگەیەنیتە سەرەمەرگ..
بەڵام ،گۆڕێك نى یە منى پێ بسپێرى
ناچار دەمبەیتەوە بۆزیندانێكى تەنها
كەبەخیانەتى نیگاكان دیل كراوە
زەلیلى دەستى ئێوارەم..
كاتێك لەگەڵى دا دەڕوَیت و
خۆرلەچاوەكانم وون دەكەیت
پرسیارى نیگاكانیش
بێ وەڵام لەنێوخەیاڵەكاندا سەمادەكەن.
ئەى ئەوەى كەمنت بەلاوە گرنگە..
بمبورە لەهەڵواسینت بەچیاسەختە كەى بێستوندا
بم بەخشە..
گەرلەمەجنون گەداتربم.
بەڵام..
چاوەڕێى ئەوبارانانەبكە
كەبەڕێوەن و هێشتاوەكو نەباریوون !
دەستەكانت بەومیحرابەئاشنابكە
كەلەگشت تاوانەكانت خوَش دەبێت
ڕولەوبەلەمى ڕزگاربوونە بكە..
كە لەدەریایەكى شڵەژاو بىَ ڕەحمدا
لەهەوڵى ڕزگاربوونى تۆدا شەپوَلەكان سڕیان كردووە
بۆگەرم كردنەوەى ڕۆحت
تەنهاهەناسەكانى شك دەبات.
لەم كەشتى نقووم بوونەشدا..
بەماچەكانى دەریا دڵخوَش مەبە
ئەى بىَ خەبەر لەخنكان !
بەرلەوەى بمسپێرى..
شوێن هەنگاوەكانى ئاوابوون مەكەوە
ئەى بىَ ئاگا لەئێوارە!
تۆكاتێك ستایش دەكرێیت..
ئیدى پاڕانەوەكانت لەسەر بەرماڵى زەلیل بوون هەڵبگرە
ئەى بىَ خەبەرلەخودا.!
گەرتۆئاسمانى سوڵتانەكانى منى..
بەم هەمووئەستێرەیەوە بۆپریت لەتاریكى؟
ئەى بىَ ئاگا لەدرێژى شەو!
* خەڵاتى دووەمى فیستیڤاڵى شارەزوورى پێبەخشرا