دەسەڵاتى كوردى و چەو ساندنەوەى گەنج
( گەنجی یاخى لەدیدەى دەسەڵاتى كوردییەوە وێنەیەكى شەیتانى هەیە )
پێشڕەو حەمید……
تێڕوانینى كۆمەڵگاىكوردیى لە ماوەى چەند دەیەیەكى ڕابردودا بۆ گەنج , تێڕوانینێكى جیاوازبوە لە تێڕوانینەكانى ئەمڕۆى سەردەمى حوكمى دیفاكتۆى دەسەڵاتى كوردى ؟! لە پێشدا سەرۆك هۆزەكان و سەرۆكى ئامارەتەكانى كورد ( گەنج ) یان وەك زەخیرەیەكى سەربازى بەكارهێناوەو هەمیشە هەوڵیان داوە گەنج لەپرۆسەى سیاسى و بەمەدەنى كردنى كۆمەڵگاكانى ئەو كاتەدا بەدوربگرن و تەنها وەك سەرمایەیەكى ( بەرگرى و قوربانیدان ) لەگەنجان بڕوانن , ئەوەش بەومانیایەى كە كورد هەمیشە لەلایەن داگیركەرانەوە هێرشى كراوەتەسەر و هیچ كات ئامادەنەبوە كەستراتیژى هێرشكردن بكاتەسەر هیچ داگیركەرێك بەمەبەستى بەرگرى كردن لەمانەوەى خۆیى ؟! بەومانیایەى بۆبەربەرچدانەوەى هەرهێرش و دەست درێژى كردنێكى بىَ گانەوەو داگیركەرانەدا , گەنجى وەك سەرمایەیەكى سەربازى بەكارهێناوەو هەمیشە گەنج یەكەم كەس بوە كەوەك ( گوللە ) یەك مامەڵەى لەگەڵدابكرێت و بۆمانەوەى نەتەوە بەداگیر كەرانەوە نرابێت , وە هەمیشە قوربانى یەكەمى هەمو بەرگرى كردنێك بۆ بەرپەرچدانەوەى دەست درێژى یەكانى داگیركەران بۆسەر نەتەوەى كورد لەوكاتانەدا هەمیشە گەنجان بون .
لەسەردەمى ئەمڕۆماندا بەتایبەت لە دواى ڕاپەڕینەوە گەنج لەلایەن حكومەتەوە یان دەسەڵاتى سیاسیى یەوە بۆ هەمان مەبەست بەكارهێنراون و بەكوشت دراون نمونەى هەرەزیندومان ئەو شەڕە بىَمانایەى ناوخۆبوو كە بەهەزاران كەنجى كورد , یان لەناو چون , یان دەربەدەرى وڵاتان بون و گەنجیان لەوكاتەداكردە بونەوەرێكى تێكشكاو خاوەن ئیرادەیەكى لاوازى نەویستراو , دەسەڵاتدارانى ئەمڕۆى كوردى و ئەوساى شەڕى ناوخۆ لە دەیى ڕابردودا بۆ سەپاندنى هەیمەنەكانى خۆیان لە فۆرمەكانى سیاسى و ئابورى و سەربازیدا (گەنج ) یان وەك وەسى لەیەك بەكارهێناوە بۆ قوربانیدان بۆسەرخستنى مەهامەكانى خۆیان كە زەرەرمەندى یەكەم تەنها خودى گەنج بو وەو سیاسى یەكان لەدواى هەرسەركەوتن و هەرنشوستیى یەكیان جارێك نەگەڕاونەتەوە بۆ وەرگرتنى بیرو دیدەى گەنجەكان , ئەوگونجانەى كەهەمیشە لەلایەن خێزان و خێل و حیزبەوە وەك بونەوەرێكى شەڕكەر تەماشاكراون و هەمیشە دەسەڵات سالارى هەیمەنەى خۆى واسەپاندوە كە گەنج نەتوانێـت لەئاست هیچ شتێكدا ڕەئى خۆى هەبێـت و هەرگەنجێكیش ویستبێتى لەبرى ڕەزامەندى , سەرى ( ناڕەزامەندى ڕاوەشاندبێیت ) ئەوا لە عەقڵیەتى دیوەخانى و سونەتى ئەو چەند پێكهاتە جیاوازەى كۆمەڵگادا بەیاخى و نابەرپرس ئەژماركراوە و هەمیشە بەنەوەگەڵێكى نابەرپرس شوناسیان بەباڵادا بڕاوە, وەك ئەوەى تائێستاش ڕۆژانە سیاسیى یەكانى كورد و بەرپرسە گرگنەكانى ئەم دەوسەڵاتە لە لێدوانەكانیان دا نەوەى نوىچ یان گەنج بە بونەوەرێكى یاخى و فەوزەوى پێناسەدەكەن و لەهەمو پۆستێكى سیاسیى و حكومى دوریان دەخەنەوە و لە چەند ڕێكخراوێكى حیزبى نا ئەكتیڤ و پاشكۆیدا كۆیان دەكەنەوە و بەردەوام درێژە بە سایسەتى چەواشەكارى گەنجان ئەدەن بەناوى نیشتمان پەروەرى و یەك دونیا شتى بیماناى ترەوە .
لەدواى شەڕآ ناوخۆى و بەگابونەوەى گەنجان لە سیاسەت و شارەزابونەوەیان لەمێژوى پڕ لەشانازى حیزبەكان و شكستى حیزبەكان , سیاسى یەكان , یان ناوەندەكانى بڕیاردەر لەچارەنەوسى كۆمەڵگا , یەكەم كاریان بەراوێز خستنى ئەوبونەوەرە سەركێشەبوو كەناوى ( گەنج ) ە ؟! بەبىَ ئەوەى دەسەڵاتى كوردى كاربۆ سارێژكردنى برینە سەختەكانى گەنجان بكات و ئەوتەمە پڕلە ناسۆرەى گەنجان بەئامێزكردنەوەیەكى ڕەوینەوە بكاتەوە و گەنجان لە مۆتەكەى پڕلەئازارى شەڕى ناوخۆو شەڕەكانى قڕكردنى گەلى كورد ڕزگاربكات , دەسەڵاتى سیاسى هەوڵى پەراوێزخستنى گەنجانى دا ؟! چونكە ئەودەسەڵاتە سیاسى یەى ئەمڕۆ لەوە تێدەگات كە لەدەرەوەى ئەم پانتایە پڕلە بىَ ئومیدەى خۆیەوە دونیایەكى تر هەیە و پڕە لەخۆشنودى بۆ بەشەریەت و گەنجانیش دركیان بەو پانتایە جیاوازەوەكردو وەو دەیانەوێت فەزاكەیان هەمان ئەو فەزایەبێت كە تموحەڕۆحى و مەعنەویى یەكانى خۆیان دەیخوازێت و دەسەڵاتەكایان هەمان ئەو دەسەڵاتە لیبراڵانەبێـت كە لەدەرەوەى جیهانى سێهەمى دوواكەوتودا دروستى كردوە بۆ مرۆڤەكانى ناو خۆیى و ڕێز لە ئیرادەى گەنجان دەگرێت ؟!چونكە دەسەڵاتى كوردى دەزانێت گەنج بونەوەرێكى تموحى یەوەو تا ژیانى ئاسو دەترو خۆشتربیت زیاتر داوادەكات و ترسى گەورەى دەسەڵاتیش لەو مرۆڤ گەلەى كەناوى گەنجە لەوەدایە بەشدارى بڕیاردان بكات و سیاسەتى وڵات بكەوێتە دەستیان و دەستكارى پیرۆزى یەكانى دەسەڵات بكات , كە ( لەڕەوانگەى دەسەڵاتەوە هەموو حەرامێك پیرۆزەو هەموو پیرۆزیى یەكى سەردەمیانەش حەرامە ) بەومانیایەى گەنج دەیەوێت ( پیرۆزكردن لە ناپیرۆزى یەكان وەربگرێتەوەو پیرۆزى بداتەوە بەو شتانەى كە دەسەڵات لەگەنجى حەرام كردوە ) بەم خوێندنەوەكورتە ,بۆمان دەردەكەوێت كە لەهەمو سەردەمەكانى حكوم ڕانى خۆبەخۆیى كورد دا گەنج زەرەرمەندى یەكەم بو وەو بۆ تەنها ساتێك زەمینە سازى بۆ نەكراوە وەك بونەوەرگەلێكى هەستیارى كۆمەڵگا تەعبیر لە خۆیان بكەن و بڕیارى چۆنێتى هەڵبژاردنى ژیانیان خۆیان بیدەن و لە كۆیلەیەتى نێو بیركردنەوەكانى ( دیوەخان ) و كۆبونەوە بىَ تامەكانى حیزبى كوردى ڕزگاریان ببێت.
سەرەڕاى چەوساندنەوەو پەراوێز خستنى گەنجى كورد لە ناوەندەكانى بڕیاردان و بەشدارى پىَ نەكردنیان لە دەسەڵاتدا , ئەمڕۆ گەنجى كورد بە ناڕەزایەتیە بەردەوامەكانى و بەدەنگ هەڵبڕینیان دژ بە سیاسەتى پەراوێزخستن و كەپتكردنى گەنجان , ترسێكى گەورەیان خستو وەتە نێو هەناوى دەسەڵاتى كوردیى یەوە , ئەو دەسەڵاتەى كە هەمیشە ئیش لەسەر كوشتنى تموحەكانى گەنجى كورد دەكات و حەڤدەساڵە بە بەخشینى موژدە وەهمیى یەكانى خۆیى گەنج فریو ئەدات و حەڤدەساڵە وێنەیەكى شەیتانى بەگەنج دەبەخشێت .
ئێستا لەهەموكات زیاتر گەنجانى كورد لەباشورى كوردستان ئەگەرچى یەكگرتویش نەبن , بەڵام بەهاتنەدەرەوەیان لەنێو حیزبەكاندا و بایەكۆت كردنى كاركردن لەنێو ڕێكخراوە نــاگەنجانەكانى حیزبدا , كۆدەنگی یەكى مەزنى دروست كردو وە و ناڕەزایەتى و بێزارییى یەكانى گەنجى كورد ئەمڕۆ لەهەموكات زیاتر ڕولەهەڵچونە و ئەگەر دەسەڵاتى سیاسى كوردى بەئاگا نەیەتەوە و ئیدى واز لە سیاسەتى پەراوێز خستنى گەنجان نەهێنێت ئەوا چارەنوسى ئەو دەسەڵاتە لەنیوەى ڕێگاى ئەو ( پرد ) ە دا بێگیان دەبێت كە لەڕێگاى ڕێكخراوەكانى خۆیەوە ئیدیعاى دروست كردنى دەكات بۆ ئاشتبونەوەى لەگەڵ ( گەنج ) دا .