Skip to Content

Monday, August 15th, 2022

مۆسیقای بازوو ….. بورهان ئه‌حمه‌د

Closed
by September 25, 2011 ئەدەب

 

چاندن,زراڤبوونی به‌ژنی  دره‌خت
دانانی میوه‌ ,
له‌به‌رده‌م دۆستێكی ئازیز
پاشه‌كه‌وتكردنی سێبه‌ر
ته‌قینه‌وه‌ی رۆشنایی
زاوزێكردنی تیشك
ئه‌مانه‌,
وتاری به‌پێزی گه‌ردوونن
نه‌زیفی ناكۆتای سروشتن
هه‌وا پڕده‌كات له‌ ئاوازی ڕه‌نج
كێڵگه‌ ده‌گۆرێته‌ ره‌نگێكی تر
تام ده‌داته‌ حه‌سانه‌وه‌
فه‌زا به‌مانایه‌كی تر مووتربه‌ ده‌كا
یان ره‌نجی
مۆسیقای بازووی ئینسانه‌
ده‌ڕژێته‌ جۆگای ژیانه‌وه‌
تێكه‌ڵ به‌ چركه‌كانی
نیازی خۆشبه‌ختی ده‌بێت
راخستنی شه‌و
سرووده‌كانی په‌نجه‌ی نه‌رمی مانگه‌
كۆتر به‌ده‌نووكی تریفه‌
هێناویه‌تی و
له‌سه‌ر بلووزی چنراوی كچاندا
ده‌بینرێ‌
گه‌رمایی به‌رهه‌می سه‌رماوسۆله‌
ئاگردان به‌رووبوومی زستانه‌كانه‌
رووناكی ده‌سكه‌وتی هه‌تاوه‌
یاخوود به‌رهه‌می گوفتاره‌كانی تاریكی
كه‌وامان لێده‌كات
بزێوتر پرۆژه‌كانی نووستن
له‌شه‌و جیابكه‌ینه‌وه‌
كازیوه‌ بته‌كێنینه‌ سه‌ر
سێوی گۆنای منداڵان
چێژی گزنگی وه‌فا
بپرژێنینه‌ سه‌ر كراس وپاڵتۆی
ئه‌و هاوڕێیانه‌ی
هه‌میشه‌ له‌به‌ر چاومانن
ئه‌و هاوڕێیانه‌ی
ده‌مێكه‌ نه‌ماندیون
لرفه‌ی ئاگایی
ئاره‌زووی گه‌رمی شیعر
هه‌ڵچوونی خرۆكه‌ی ئیدراك
پاشماوه‌ی باران
خرۆشانی ڕه‌نگ
ناهێڵن تا ئه‌به‌د
له‌ یادمان بچنه‌وه‌

بورهان ئه‌حمه‌د

Previous
Next