
مارکسیزم و پرسی نه‌ته‌وه‌یی کورد…3
بەشی سێیەم
کاتێک ته‌ماشای ناوچه‌کانی کوردستان ده‌که‌ین، به ئاشکرا دیاره که ناوچه‌یه‌کی پیشه‌سازی نین و که پیشه‌سازیشت نه‌بوو ئیدی پرۆلیتاریا له‌کوێیه ؟ ئه‌مه‌ش پرسێکی تر درووست ده‌کات، باشه مادام پرۆلیتاریا نییه ئه‌دی سۆسیالیزم چۆن ده‌کرێت دابمه‌زرێت، کێ سۆسیالیزم داده‌مه‌زرێنێت ؟ ئه‌گه‌ر وه‌ک ماوییه‌کان لێی ده‌دوێن جووتیاران ده‌توانن ئه‌وه بکه‌ن ، ئه‌مه‌ش بۆچونێکی خه‌ڵه‌فاوه، چونکه دیاره پارتی به ناو کۆمۆنیستی چین که ئه‌و ستراتیژه‌ی گرت ئه‌مڕۆ نه‌ک نه‌یتوانی سۆسیالیزم بگه‌یه‌نێته قۆناغێکی گونجاو به‌ڵکو سه‌رۆکایه‌تی گه‌وره‌ترین ڕژێمی سه‌رمایه‌داری جیهان ده‌کات، به‌وه‌ی چین ئێستا پێشڕه‌وترین سه‌رمایه‌داره له خه‌زێنه‌ی جیهانیدا. ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه له کوردستاندا پیشه‌سازیمان نییه و پرۆلیتاریاشمان نییه که له‌وانه‌یه ئه‌وه ترسی ڕژێمه داگیرکه‌ره شۆڤینییه‌کانی کوردستان بن هه‌تاوه‌کو ئێستا خواستیان نه‌بووه کوردستان بکه‌نه ناوچه‌یه‌کی پیشه‌سازی، چونکه ئه‌وکاته چینی کرێکاری کورد ده‌توانێت به مانگرتنیکی گشستی ئابووری ئه‌و وڵاته بوه‌ستینیت و کۆتایی به‌داگیرکاری و باڵاده‌ستی سه‌ربازی ئه‌وان بێنێت و له بنه‌وه پلانه نیمچه- ئیمپریالیستیه‌کانیان هه‌ڵبکێشێت، هه‌روه‌ک فه‌لسه‌فه‌ی مارکسیزم شیده‌کاته‌وه که ئه‌وه چینی پرۆلیتاریایه مژده‌به‌خشی ڕزگارییه و ڕزگاری مرۆڤایه‌تی له ده‌ستیدایه. سه‌رباری ئه‌م جیاوازییانه له پێکهاته چینایه‌تییه‌کان و ستراکتۆری سۆسیۆ – سیاسی کوردستان ، ئه‌و سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنه‌ی که سامانی گشتی و پێداویستییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی دابه‌ش ده‌کات ته‌واو سروشتێکی فیوداڵی (ده‌ره‌به‌گایه‌تی) و چینی ناوه‌ڕاستی هه‌یه ، هه‌ر له دابه‌شکردن و به‌ڕێوه‌بردنی ژیان له ته‌ک جووتیاره‌کان له لادێکانه‌وه هه‌تاوه‌کو ئۆفیسی به‌ڕێوبه‌رێکی بیرۆکراتی چینی ناوه‌ڕاست، که ئه‌وه‌ی دووه‌میان له دوای داگیرکاری ئه‌مریکا له عێراق و به‌زۆر سه‌پانی سیسته‌مێکی به‌ڕه‌ڵای بازاڕی ئازادی بێسه‌ر و به‌ره له هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا له فراوانبونێکی بێوێنه و بێپێشینه‌دایه، ئه‌و بازاڕه سه‌پێنراوه ده‌کرێت بڵێین زۆر زیاتر له ناوچه‌کانی تری کوردستان، ئه‌و هه‌رێمه‌ی کوردستانی کردۆته مه‌یدانێک که پێکهاته‌ی چینه‌کان زۆر ته‌ڵخه تیایدا و گرانه پێناسه‌یه‌کی چیانه‌یتیان بۆ بکه‌یت وه‌ک ئه‌وه‌ی بۆ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سه‌رمایه‌داری پیشه‌سازی پێشکه‌وتوو بکرێت له تێڕوانینێکی سۆسیۆلۆژی مارکسیستانه‌وه، ئاخر له‌کوێدا بووه به‌بێ قۆناغ بڕین له فیوداڵیزمه‌وه باز بده‌یت بۆ بازاڕێکی ته‌واو ئازاد، که ئه‌مڕۆ به‌ڕیتانیای پێشڕه‌وی سه‌رمایه‌داری ته‌حه‌مولی ناکات، ئینجا هه‌رێمێکی گچکۆکه‌ی وه‌ک کوردستان. به‌ڵام بۆ وێنه با ئێمه واشی دابنێین که کوردستان چینێکی تۆکمه‌ی پرۆلیتاریای هه‌یه و ناوچه‌یه‌کی پیشه‌سازییه. ئه‌گه‌رچی له‌و کاته‌شدا چینی پرۆلیتاریای کورد وه‌کو چینی کرێکاری نه‌ته‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وا کێشه‌ی چینایه‌تی و ئابووری هه‌یه که‌چی هێشتا چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌سته زۆر زێده‌تره له چینی کرێکاری نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست. به ساده‌ترین شرۆڤه ، نه‌ته‌وه‌ی ژێر ده‌ستی وه‌کو کورد سه‌رباری چه‌وساندنه‌وه له‌لایه‌ن فیودال و ده‌ره‌به‌گه‌کانی بازاڕ و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی دارده‌ستی هیزه به‌رژه‌وه‌ندیخوازه ده‌ره‌کییه‌کان و نیمچه- بۆرژوازی کوردییه‌وه، بۆی نییه پراکتیزه‌ی سه‌ره‌تایترین له مافه دیوکراتیکه‌کانی خۆی بکات له سێ پارچه‌که‌ی تری وڵاته دابه‌شکراوه‌که‌یدا، که خوێندنه به زمانێکی فه‌رمی ستانداردی کوردستانی، که مافێکی سه‌ره‌تاییه و هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی دنیا دێرزه‌مانه هه‌یانه، به چینی کرێكاری چه‌وساوه‌ی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌وه. بۆیه هه‌ر ئه‌و کێشه و جیاوازیانه بوون که مارکسیان گه‌یانده ئه‌و بڕوایه‌ی سه‌ربه‌خۆی و جوداخوازی مافی ته‌واوی میلله‌تانی ژێر ده‌سته‌یه و لینینیش دواتر هه‌رچه‌نده جێگۆڕکێیه‌کی سیاسی کردووه به‌ڵام ئه‌ویش له کۆتاییدا شرۆڤه‌یه‌کی مێژوویی ئه‌و پێکهاته جیاوازانه‌ی کردووه و له ئه‌نجامدا سه‌ربه‌خۆبوون به مافێکی ڕه‌وای میلله‌تانی ژێر ده‌سته ده‌ناسێنێت.
مارکس و ئه‌نگلس هه‌تاوه‌کو داگیرکاری ئینگلته‌ره بۆ سه‌ر خاکی ئێرله‌ندا بیرێکی ئه‌وتویان له مافی میلله‌تانی ژێر ده‌سته نه‌کردبۆ‌وه، ئه‌مه به‌و مانایه نا که ئه‌وان له سه‌ر ڕزگاری مرۆڤایه‌تی قسه‌یه‌کیان نه‌بووبێت ، به‌ڵام ئه‌دی ئه‌و مرۆڤانه‌ی چه‌وساوه‌ن و چینێکی کرێکاری پیشه‌سازییان نییه (پرۆلیتاریا) وه‌ک کورد له ئه‌مڕۆدا؟ بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ندین لێدوان و ئاڵوگۆڕی تێڕوانینه‌کانیان کرد له گه‌ڵ یه‌کتر له هه‌مبه‌ر مافی میلله‌تانی ژێر ده‌سته له دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆیاندا. له مانگی 11 ی 1867 دا مارکس له نامه‌یه‌کیدا بۆ ئه‌نگلس ده‌گاته ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی که ئێرله‌ندا ده‌بێت سه‌ربه‌خۆ بێت. مارکس له‌و نامه‌یه‌دا بۆ ئه‌نگلسی هاوڕێی نووسیوه :” پێم وا نه‌بوو که جیابوونه‌وه‌ی ئێرله‌ندا له ئینگلته‌ره مومکین بێت، به‌ڵام ئێستا پێم وایه که ناچارییه ” (کۆکراوه‌ی نامه‌کانی نێوان مارکس و ئه‌نگلس . ل 149 چاپخانه‌ی مۆسکۆ 1965) مارکس بۆیه ده‌ڵیت ناچارییه چونکه خۆی فیدراسیۆنیست بوو به‌وه‌ی بڕوای به فیدراسیۆنی نه‌ته‌وه‌کان هه‌بوو به‌ڵام له‌م نامه‌یه‌یدا بۆ ئه‌نگلس نایشارێته‌وه که له پێناو مافی میلله‌تانی ژێرده‌سته بۆ دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆیان ، پێویسته جودا ببنه‌وه تا هه‌م باڵانسی هێز و هه‌م باڵانسی مافه‌کانیان وه‌کو پرۆلیتاریای چینی سه‌رده‌ست یه‌کسان بێت، هه‌ر بۆیه له نامه‌ی ناوبراودا ئاماژه‌ی کردووه:” ده‌کرێت دوای جیابوونه‌وه فیدراسیۆن دابمه‌زرێنرێت.” (هه‌مان سه‌رچاوه ل – 78) هه‌ر وه‌ک ئه‌و تێڕوانینه‌ی پێشتر شرۆڤه‌م کرد، سه‌ربه‌خۆی و خۆیبوونی کورد ادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی پاشان سۆسیالیزم. ئێستا با به‌رواردێکی دیکه‌ی پێگه‌ی پارته شوعییه‌کان بکه‌ینه‌وه، که له تورکیا و ئێران و سووریا که نه‌ک هه‌ر نه‌یانتوانیوه بچوکترین له مافه‌کانی کورد به‌ده‌ستبهێنن، ته‌نانه‌ت نه‌یانکردووه بڕواپێکردن و دانپێدانانێکی پره‌نسیبانه‌ی مافه‌کانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه له مانیفێسته‌کانیاندا ڕه‌نگبداته‌وه. ئه‌و پارته شوعییانه‌ی ناوچه‌که ته‌نها به گرێدانی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ی کورد و چینایه‌تی پرۆلیتاری نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستیشه‌وه نه‌وه‌ستان، به‌ڵکو له‌و به‌ستنه‌وه‌یه‌وه پێیان وابوو که ئه‌وه کورده ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندی گشتی چینی کرێکاری نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست له‌به‌رچاو بگرێت و بیپارێزێت له‌وێشه‌وه‌یه که هه‌ندێکیان نه‌ک هه‌موویان بانگه‌وازی فیدرالیزمیان ده‌کرد، ئه‌م هه‌ڵه‌یه له‌م دواییانه‌دا له وڵاتی سودانیش روویدایه‌وه، که حزبی شوعی سودانی سه‌ره‌تا دژی جیابوونه‌وه‌ی باشووری سودان پێگه‌ی سیاسی خۆی دیاریکردبوو، به‌ڵام دواتر به‌هۆی زۆری داواکارییه‌کانی دانیشتوانی باشوری سودان و کادیرانی ناوخۆوه بۆ سه‌ربه‌خۆیی، به ناچاری ئاراسته‌ی سیاسی خۆیان گۆڕی. ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندی پاراستنه تێڕوانینێکی پێچه‌وانه‌ی ته‌واوی مارکسیزمه که پێم وایه چه‌ندین ساڵ خه‌باتی کوردانی بۆ خۆیبوون پاشکه‌شه پێکردووه. مارکس له سه‌ر ئێرله‌ندا هه‌رگیز پێشنیاری ئه‌وه‌ی نه‌کردووه که چه‌وساوه‌کانی ئێرله‌ندا خه‌باتیان له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی چینی کرێکاری ئینگلته‌ره‌دا ببینه‌وه و بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌وان سنوور بۆ تێکۆشانیان به‌رامبه‌ر چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی دابنێن، نا، مارکس زۆر یه‌کسانیخوازانه دووساڵ دواتر لۆژیکیانه له‌ڕاپۆرتێکدا له مانگی 10 ی 1869 که له نامه گۆڕینه‌وه‌کانی له گه‌ڵ ئه‌نگلسدا سه‌رچاوه‌یان گرتووه بۆ کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی “ئه‌نته‌رناسیۆنالی کرێکارانی پیاوانی جیهان” ده‌خوێنیته‌وه ئه‌و ئه‌نته‌رنسایۆناله به ئه‌نته‌رناسیۆنالی یه‌که‌م ناسراوه که مارکس دایمه‌زراند و تیایدا بۆ یه‌که‌مجار پرسی ئێرله‌نده‌یان به ته‌واوه‌تی تاوتێکرد، له‌وێنده‌ریدا مارکس ئه‌و بۆچوونه نوێیه‌ی خۆی خسته‌ڕوو که مه‌رج نییه ا پێشکه‌وتنی سه‌رمایه‌داری گه‌لانی ژێر ده‌سته به‌ئاگابهێنیته‌وه بۆ ڕزگاربوون، له ڕاپۆرته‌که‌دا بۆ ئه‌ندامانی کۆمیته‌که‌ی خوێندۆته‌وه :” ده‌مێک بوو بڕوام وابوو که چینی کرێکاری ئینگلته‌ره ده‌توانن ڕژێمه‌که‌ی ئێرله‌ندا بڕوخێنن به‌هۆی باڵایی ئاستی چینی کرێکاری ئینگلیزه‌وه، ئه‌م بۆچونه‌شم له ڕۆژنامه‌ی نیویۆرک تریبون بڵاو کرده‌وه (ڕۆژنامه‌یه‌کی ئه‌مریکی که مارکس بۆ ماوه‌یه‌کی دورودرێژ تیایدا ده‌نووسی ) به‌ڵام لێکۆڵینه‌وه‌ی قوڵتر وایان لێکردوم ئێستا به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌مه‌وه بیربکه‌مه‌وه، چینی کرێکاری ئینگلته‌ره ناتوانێت هیچ شتێک به‌ئه‌نجام بگه‌ینێت هه‌تاوه‌کو کۆتایی به ئێرله‌ندا نه‌هێنێت وه به توندڕه‌وی ئینگلته‌ره له ئێرله‌نده که ڕه‌گی له داگیرکاری ئه‌و وڵاته‌دا کوتاوه.” (مارکس و ئه‌نگلس له‌سه‌ر به‌ریتانیا ل 150 چاپخانه‌ی مۆسکۆ 1953) ئه‌مه‌یه پێگه‌ی مارکس له سه‌ر پرسی نه‌ته‌وه‌یی میلله‌تانی ژێر ده‌سته، ته‌واو به پێچه‌وانه‌وه‌ی ئه‌و “مارکسیستانه‌ی” چه‌ندین ساڵ خه‌باتی ڕزگاری کوردیان له چوارچێوه‌ی به‌ناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی پرۆلیتاریا‌دا قۆرغ کرد، مارکس خه‌باتی ڕزگاری چینی کرێکارانی ئینگلته‌ره‌ی له چوارچێوه‌ی سنووری خه‌باتی ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی ئێره‌له‌ندا‌دا بینیه‌وه و ئه‌وان ملکه‌چ ده‌کات به پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی چه‌وساوه‌کانی ئێرله‌ندا. پێده‌چێت وه‌ک لینین ئاماژه‌ی بۆ کردووه له کۆنگره‌ی حه‌وته‌می حزبی شوعی ڕووسی ساڵی 1919 دا : ” ئه‌گه‌ر کۆمۆنیستێک بکڕێنیت له ژێره‌وه سه‌یرنیه شۆڤینیزمێکی زۆر بددۆزیته‌وه، ئه‌و (شۆڤینیزمه) له ناو هه‌موماندا هه‌یه و دانیشتووه و له‌سه‌رمانه به‌رده‌وام دژی بجه‌نگین.” ( یادگارییه‌انی ئه‌نوه‌ر خۆجه و ستالین، تیرانا 1981 چاپخانه‌ی نیتۆری) زۆرێک له‌و شوعیانه‌ی که بۆچوونێکی ڕۆتینیانه‌ی هه‌لپه‌رستی و شۆڤینیان هه‌بووه و هه‌یه له‌م ده‌ڤه‌ری لای خۆمان که کوردستانی به‌سه‌ردا دابه‌شکراوه، وه‌ک ئه‌و کۆمۆنیستانه دێنه پێشچاوم که لینین نزیک به سه‌ده‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و پێناسه‌یه‌ی بۆ کردوون و تا دوا هه‌ناسه‌ی ژیانیشی دژیان وه‌ستایه‌وه.
نووسینه‌کانی لینین له سه‌ر مافی میلله‌تان له دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆیاندا ، کۆمه‌ڵه تێزێکن که نه‌ک به‌ته‌نها له‌لایه‌ن چه‌پ و مارکسیسته‌کانه‌وه به‌ڵکو له‌ته‌ک سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی سیاسی ناو زۆرێک له زانکۆ و پێگه باڵا ئه‌کادیمییه‌کانی جیهانی ئه‌مڕۆدا، به یه‌کێک له مه‌زنترین تێکسته‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م ئه‌ژمار ده‌کرێت ، که هه‌تاوه‌کو ئێستا له‌سه‌ر پرسی نه‌ته‌وه‌یی و چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کرابێت. بێگومان لینین هه‌رچه‌نده هه‌ندێک بۆچوونی وه‌ک دژ به‌یه‌ک له نووسینه‌کانی ده‌رده‌که‌ون، به‌ڵام ده‌ره‌نجام تێکۆشه‌رێکی جیهانی بێوێنه بووه له به‌رگریکردنی مافی گه‌لانی ژێر ده‌سته له بڕیاردانیان بۆ دیاریکردنی داهاتووی سیاسی و چاره‌نووسی نه‌ته‌وایه‌تییان. ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی به ته‌واوه‌تی قوڵ ببێته‌وه له پرسی نه‌ته‌وه‌یی، له کتێبی “لینین له‌سه‌ر جه‌نگ و ئاشتی”دا (ل 6 چاپخانه‌ی کۆماری خه‌ڵکی چین په‌کین 1979 ) جیاوازییه‌کی جه‌وهه‌ری ده‌کات له نێوان ” جه‌نگی توندویژی و جه‌نگی به‌رگری” که تیایدا جه‌نگی ئیمپریالیستی و داگیرکاری وڵاتان له‌لایه‌ن زلهێزه ئیمپریالیسته‌کانه‌وه به ناڕه‌وا و جه‌نگی میلله‌تانی ژێر ده‌سته بۆ ڕزگاری نیشتمانی و چینی کرێکار بۆ ڕزگاری چینایه‌تی به‌رامبه‌ر داگیرکه‌ران و بۆرژوازی به ڕه‌وا ده‌زانێت.
ڕۆژ ئەحمەد
ماویەتی …
لە ژمارە 952 ی “ڕێگای کوردستان” دا بڵاوبۆتەوە