له ڕێوڕه‌سمی به خاکسپاردنی ته‌رمی په‌پووله‌یه‌کدا
(ئه‌گه‌ر بزانیت ده‌گه‌یه کام هه‌وار، ئه‌وه تۆ خه‌ریکی سه‌رکێشیی ئه‌ده‌بی نیت،
خه‌ریکی سه‌فه‌رێکی به ئۆتۆبوسێک که ده‌زانیت تا کام هه‌وارت ده‌بات. ژان ژینێ)
هه‌موو نووسه‌رێک، ناکۆکیی له‌گه‌ڵ نووسه‌رانی دیکه‌دا هه‌یه، ناکۆکییه‌که، وه‌ک هی نێوان که‌سانی ئاسایی نییه، ئاخر ناکۆکیی نێوان داهێنه‌رانه. ناکۆکیی نێوان نووسه‌ران، ناکۆکییه‌کی سوودبه‌خشه و ده‌بێته هه‌وێنی گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌ده‌ب. ناکۆکیی من و ئه‌و نووسه‌رانه‌ی به چاوی ڕه‌خنه‌وه سه‌رنجی به‌رهه‌میان ده‌ده‌م، زاده‌ی شتی تایبه‌تیی نێوان من و ئه‌وان نییه، زاده‌ی لێکدانه‌وه‌ی جیاوازی نێوان ئه‌ز و وانه. ئه‌وه ئه‌رکی ڕه‌خنه‌گره، ڕۆمانێکی ئه‌م نووسه‌ر یان دیوانێکی ئه‌و شاعیر، به ئاشکرا هه‌ڵبسه‌نگێنێت، ئه‌وه ئیشی ئه‌و نییه، ڕاپۆرتێک به نهێنی له‌سه‌ر نووسه‌رێک یان شاعیرێک بۆ ده‌زگایه‌کی هه‌واڵگری بنووسێت.
گابریل گارسیا مارکیز ده‌ڵێت: (په‌یامی نووسین لای من له‌وه‌دا چڕ ده‌بێته‌وه که کارێک بکه‌م ئه‌و خه‌ڵکه یه‌کدییان خۆش بوێت.) ده‌رباره‌ی ئه‌و ڕۆماننووسه که به هه‌ق په‌یامه‌که‌ی خۆی گه‌یاندووه، ڕه‌خنه‌گری ناوداری ئیسپانیایی گیرمو دی توری، له 1952دا، له نامه‌یه‌کدا که بۆ مارکیزی ده‌نێرێت، ده‌نووسێت: (ئاینده‌ی تۆ له ڕۆماننووسیندا نییه، بۆیه ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر نووسینی ڕۆمان به‌رده‌وام بیت، داهاتوویه‌کی ڕۆشنت نابێت،) که‌چی به پێچه‌وانه‌ی پێشبینیی ئه‌و ڕه‌خنه‌گره‌وه، ڕه‌نگه له دوای سێرڤانتسه‌وه، ئیسپانیایینووسێکی دیکه نه‌بێت، له بواری نووسینی ڕۆماندا، باڵای هێنده‌ی مارکیز بڵند بێت، ڕه‌نگه له دوای دۆنکیخۆته‌وه، هیچ ڕۆمانێک به ئیسپانیایی نه‌نووسرابێت، هێنده (سه‌د ساڵ دووره‌په‌رێزی) خوێنه‌ری هه‌بووبێت. ئه‌م باسه‌م بۆیه هێنایه گۆڕێ، تا ئه‌وه وه‌بیر خوێنه‌ر بخه‌مه‌وه که مه‌رج نییه، ڕه‌خنه‌گر هه‌میشه له‌سه‌ر هه‌ق بێت.
ڕۆمان هه‌یه، ئاستێکی نزمی هونه‌ریی هه‌یه و ده‌یان میلیۆنی لێ ده‌فرۆشرێت، وه‌ک (کۆدی دافنشی)ی دان براون، ڕۆمان هه‌یه هه‌م میلیۆنان خوێنه‌ری هه‌یه و هه‌م ئاستێکی ئه‌ده‌بیی باڵایشی هه‌یه، وه‌ک (ناوی گوڵ)ی ئێمبێرتۆ ئێکۆ. ڕۆماننووسی مه‌زن، بۆ هه‌ڵبژارده نانووسێت، وه‌لێ ناچێت له ڕێی ورووژاندنی سێکسی یان ڕه‌خنه‌گرتنی توند له ئایینه‌وه، خوێنه‌ر ڕاو بکات. وه‌ختی خۆی تیراژی کتێبه‌کانی ئیحسان عه‌بدولقودووس زۆر له تیراژی ڕۆمانه‌کانی نه‌جیب مه‌حفووز بڵندتر بوو، به‌ڵام نووسه‌ری یه‌که‌میان به به‌راورد له‌گه‌ڵ دووه‌میاندا، ئه‌گه‌ر بڵێین ڕۆماننووس نه‌بوو، له ڕاستی لامان نه‌داوه.
لایه‌نی لاوازی به‌ختیار عه‌لی وه‌ک ڕۆماننووسێک بریتییه له‌وه‌ی، شانازیی به درێژیی ڕۆمانه‌کانییه‌وه که زاده‌ی ڕه‌چاونه‌کردنی کورتبڕییه، ده‌کات. ڕۆمانیش ڕیتمی خۆی هه‌یه، ئه‌و ڕۆمانانه په‌سه‌ند ده‌کرێن که خاوه‌نی ڕیتمێکی خێران. ئه‌و ڕۆمانانه‌ی ڕیتمیان خاوه، له‌و ژنه بێبه‌ختانه ده‌چن که دره‌نگ شوو ده‌که‌ن و زوو مێردیان ده‌مرێت. گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌مووشتزان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر باس بێته سه‌ر بواری کاری خۆیشی، ده‌بێت له کورتی بیبڕێته‌وه و فیزی لێزانی به‌سه‌ر خوێنه‌ردا لێ نه‌دات، ئه‌گه‌رنا لاقی به ته‌ڵه‌ی ڕاپۆرتنووسینه‌وه ده‌بێت و وه‌ک به‌هادین مه‌جرووحی لێ به‌سه‌ر دێت، ئه‌و شاعیره ئه‌ڤگانه‌ی له تاو کۆمۆنیسته‌کان له ئه‌ڤگانستان هه‌ڵات و له پاکستان ئیسلامییه‌کان کوشتیان. به درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م و له‌سه‌ر ئاستی دنیا، شیعرێک نییه هێنده‌ی وێرانه‌خاکی ت. س. ئه‌لیه‌ت ناودار بێت، ئه‌و شیعره‌ی پێش بڵاوکردنه‌وه‌ی، ئه‌لیه‌ت له‌سه‌ر پێشنیاری عه‌زرا پاوه‌ند، زێتر له نیوه‌ی لێ فڕێ دا. ئه‌گه‌ر به‌ختیار عه‌لی (مامۆ‌ستایه‌کی زیره‌ک)ی وه‌ک عه‌زرا پاوه‌ندی شک بردبا، ڕۆمانه‌که‌ی له‌بری سێسه‌د لاپه‌ڕه، هه‌ر دووسه‌د ڕووپه‌لێکی ده‌مایه‌وه.
(ده‌سته‌سڕێکی په‌ڕۆی گه‌له‌ک تازه و قه‌دکراوی له گیرفانی ده‌رهێنا و لووتی سڕی و گوتی. ل13) هه‌موو وشه‌کانی پێش (گوتی) زیاده‌ن و زاده‌ی ڕه‌چاونه‌کردنی (کورت‌بڕی)ین. یان: (که‌مێک له دامێنی کراسه شینه‌که‌ی چاک کرد و به باڵنده‌کانیدا ڕوانی و هه‌ناسه‌یه‌کی هه‌ڵکێشا و گوتی. ل247) هه‌موو وشه‌کانی پێش (گوتی،) ئاماژه‌ن بۆ فه‌رامۆشکردنی له کورتی بڕینه‌وه. یان: (خوێندنی باڵنده‌کان و ده‌نگی بولبوله‌کان. ل266) ئایا ده‌نگی بولبولیش، جۆرێک نییه له خوێندنی باڵنده؟ ئایا ئه‌وه وه‌ک (پڕ له گوڵ و نه‌سرینه)که‌ی بێکه‌س نییه؟ ئاخر نه‌سرینیش جۆره گوڵێکه. بۆ ئه‌وه‌ی دراما دروست ببێت، پێویستمان به سێگۆشه‌یه‌که، که دوو کوڕ و کچێک، یان دوو ژن و پیاوێک، گۆشه‌کانی پێک ده‌هێنن، دوو کوڕ، هه‌ر یه‌که‌یان ده‌خوازێت خۆی به کچه‌که شاد ببێت، یان دوو ژن کۆشش بۆ گه‌ییشتن به هه‌مان پیاو ده‌که‌ن. بێجگه له هه‌وڵدان بۆ درێژکردنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌که‌ی، به‌ختیار عه‌لی هیچ پاساوێکی دیکه شک نابات که وای کردووه سێ کوڕ شه‌یدای هه‌مان کیژ ببن، ئاخر دراماکه به دوو کوڕ و یه‌ک که‌نیشک دروست ده‌بوو. فه‌رامۆشکردنی ئه‌م ڕێسای سێگۆشه‌یه، وێرای ئه‌وه‌ی ڕیتمی ڕۆمان خاو ده‌کاته‌وه، له ڕووی هونه‌ری (چنین)یشه‌وه، ده‌که‌وێته خانه‌ی هه‌ڵه‌وه.
سه‌رنجی ئه‌م دوو ڕسته‌یه بده‌ن که شیعریان لێ ده‌چۆڕێت: (فه‌رشه شینه‌که‌ی به‌ر پێی وه‌ک حه‌وزێک هاته به‌ر چاو که ژماره‌یه‌ک گوڵی سه‌رئاوکه‌وتوو له‌ناویدا مه‌له ده‌که‌ن. ل52) یان: (ڕۆحێکه وه‌ک ئه‌وه‌ی ئاو ڕوونیی خۆی، ته‌م ته‌نکیی خۆی و تاریکیی نهێنیی خۆی خستبێته ناو. ل84) به‌ڵام لوتکه‌ی شیعریبوون(شیعرییه‌ت) له ڕۆمانه‌که‌دا له‌و نامه‌یه‌دا خۆی نیشان ده‌دا که مه‌نسوور بۆ سه‌وسه‌نی ده‌نێرێت. ل233 مه‌رج نییه ڕۆمان به زمانێکی شیعری بنووسرێت، به‌ڵام ڕۆماننووس پێویسته شیعریبوون ڕه‌چاو بکات. شیعریبوون ئه‌وه نییه له ڕێی خوازه، ماسک، سیمبۆل، وێنه‌ی شیعریی و گه‌مه‌کردن له‌ته‌ک وشه‌دا، ڕسته‌ی شیعری پێک بهێنین، شیعریبوون له ڕۆماندا بریتییه له کورت‌بڕی، واتا به که‌مترین وشه، زۆرترین مانا به ده‌سته‌وه بده‌ین و به که‌مترین ڕووپه‌ل، زۆرترین ڕووداو بگێڕینه‌وه.
کۆشکی باڵنده غه‌مگینه‌کان وه‌ک بابه‌ت، ئه‌تمۆسفیر و که‌سایه‌تییه‌کان، له ڕۆمانه‌کانی پێشووی به‌ختیار عه‌لی جیاوازه. ڕۆمانه‌کانی پێشووی هه‌ر خۆی ده‌ینووسین، له‌م ڕۆمانه‌یدا خوێنه‌ریش له گێڕانه‌وه‌دا به‌شدار ده‌بێت و تووشی هه‌مان ئه‌و دڵه‌ڕاوکێیه ده‌بێت که نووسه‌ر تووشی هاتووه. له ڕۆمانه‌کانی پێشوویدا ده‌نگی نووسه‌ر ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم بزر، لای که‌م نه‌وی بوو، له‌م ڕۆمانه‌یدا ده‌نگی نووسه‌ر بڵنده. بونیادی ئه‌م ڕۆمانه به ڕووکه‌ش به شێوازێکی ساکار ڕۆ نراوه، وه‌لێ ڕاستییه‌که‌ی ئه‌و چنینه ساکاره، ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی نووسه‌ر ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ته‌کنیکی گێرانه‌وه‌دا ده‌شکێت و له‌و بواره‌دا لێزانه. نوێکردنه‌وه له نووسینی ڕۆماندا، زاده‌ی پاش و پێشخستنی ڕووداوه‌کان، یان له‌توپه‌تکردنی زه‌مان نییه، بۆیه نووسه‌ر باشی کردووه که ئه‌و ته‌کنیکه‌ی ڕه‌چاو نه‌کردووه و ڕووداوه‌کانی به شێوه‌یه‌کی کرۆنۆلۆژیایی که له گێڕانه‌وه‌دا ده‌بێته (سه‌ره‌تا، لوتکه، کۆتایی) پێشکه‌ش کردووه.
میلان کوندێرا ده‌ڵێت: (ناتوانین له گیانی هیچ سه‌رده‌مێک تێبگه‌ین، ئه‌گه‌ر ڕۆمانه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه به‌سه‌ر نه‌که‌ینه‌وه.) ڕه‌نگه نه‌جیب مه‌حفووز یه‌كێک بووبێت له شاهیده هه‌ره ڕاستگۆیه‌کانی سه‌رده‌می خۆی، ئه‌و ئه‌وه‌نده به قووڵی به لۆکاڵدا ڕۆ چووبوو، ئه‌وه وای کرد ببێته نووسه‌رێکی جیهانی، ئاخر نووسه‌ر دره‌ختێکه تا ڕه‌گه‌کانی قووڵتر به (نیشتمان)دا ڕۆ بچن، پۆله‌مه‌لی لقه‌کانی زووتر ئاسمانی (جیهان) ته‌ی ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه سه‌رنجی ڕۆمانی (کۆشکی باڵنده غه‌مگینه‌کان) بده‌ین، هه‌ست ده‌که‌ین ڕۆمانیکه ڕاستگۆیانه شایه‌تیی له‌سه‌ر قۆناغێکی گرنگی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ده‌دات و به‌رچاوی خوێنه‌ر بۆ ئاشنابوون به‌و ساڵانه‌ی ڕۆمانه‌که ئاوڕی لێ داونه‌ته‌وه، ڕووناک ده‌کاته‌وه.
بۆ ئه‌وه‌ی ببیته خاوه‌ن ده‌نگی خۆت، تایبه‌تمه‌ندیی خۆت هه‌بێت و به‌رهه‌مه‌کانت بناسرێنه‌وه که هی تۆن، پێویسته هه‌م خاوه‌نی زمانێکی تایبه‌ت به خۆت بیت و هه‌م ئه‌تمۆسفیری نووسینت له هی هیچ نووسه‌رێکی دیکه نه‌چێت. بۆ ئه‌وه‌ی ببیته نووسه‌رێكی وه‌ها، پێویسته بێجگه له نووسین، خاوه‌نی هیچ مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه نه‌بیت و ته‌نیا نووسین بکه‌یه نیشتمانی خۆت. له نووسیندا هیچ ڕێسایه‌ک پیرۆز نییه و ده‌شێت هه‌ر نووسه‌ره و ڕێسای خۆی هه‌بێت. نووسه‌ری بوێر که‌سێک نییه گاڵته‌ی به مه‌رگ بێت، که‌سێکه نه ملکه‌چی ڕێسای دێرین ده‌بێت و نه هیج ڕێسایه‌کی نوێ به پیرۆز ده‌زانێت. پاژنه‌ی ئاخیلی به‌ختیار عه‌لی زمانه، ڕاسته خاوه‌نی زمانێکی تایبه‌ته، وه‌لێ زمانێک که به که‌لێنه‌کانیدا ده‌ناسرێته‌وه.
ده‌ستۆیفسکی ده‌ڵێت: (هیچ نووسه‌رێکی ڕووس، به‌و قووڵییه‌ی پوشکین وابه‌سته‌ی گه‌له‌که‌ی نه‌بوو، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یییه‌کی به‌رچاوته‌نگ بێت.) ئه‌وه بۆیه ئه‌لێکسه‌نده‌ر بلۆک و مایاکۆفسکی ئه‌گه‌رچی شتی تازه‌یان هێنایه ناو شیعری ڕووسه‌وه، وه‌لێ نه‌یانتوانی له بازنه‌ی زمانی پوشکین ده‌رباز ببن، ئاخر پوشکین به ڕووسییه‌کی هێنده جوان ده‌ینووسی، ته‌نانه‌ت ده‌ستۆیفسکی و گۆگۆڵیش که له‌سه‌ر ئاستی دنیا زۆر له‌و ناودارتر بوون، هه‌ر ئه‌ویان به باوکی خۆیان ده‌زانی. به‌ختیار عه‌لی نه زمانێکی له‌وه‌ی نه‌وه‌کانی پێش خۆی جوانتری داهێناوه، نه وه‌فای بۆ ئه‌و زمانه ڕه‌وانه نیشان داوه که وه‌ک نموونه شوکور مسته‌فا پێی ده‌نووسی.
(به مه‌به‌ستی کوشتن چه‌قۆی له سنگی چه‌پی مه‌نسوور دابوو. ل39) لای چه‌پی سنگ دروسته، یان مه‌مکی چه‌پ، ئاخر که‌س دوو سنگی نییه، سنگ ده‌ست نییه تا چه‌پ و ڕاستی هه‌بێت. (ئه‌و وێنه‌یه سه‌ره‌تای زنجیره‌یه‌ک وێنه و فلیمی ئیرۆتیکی بچووک بوو که دواتر ئه‌رشیفی پۆرنۆگرافی له‌م شاره‌دا ئاوه‌دان ده‌که‌نه‌وه. ل135) فلیم هه‌ڵه‌یه، فیلم دروسته، ئیرۆتیک هه‌ڵه‌یه، ئێرۆتیک، ڕاسته، ئێرۆتیک و پۆڕنۆگرافی دوو شتی جیاوازن، بۆیه زۆروزه‌به‌ندیی یه‌که‌میان، نابێته هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی دووه‌میان، جیاوازیی نێوان ئێرۆتیکا و پۆڕنۆگرافی وه‌ک جیاوازیی نێوان ڕۆمانی ئه‌لبێرتۆ مۆراڤیا(1907 _ 1990) و فیلمی ڕووت وایه که یه‌که‌میان ئه‌ده‌بێکی باڵایه و مه‌به‌ستی دووه‌میشیان ورووژاندنی سێکسییه و هیچی تر. (له شارێکدا هه‌واری لا داوه. ل137) پێ ده‌چێت به‌د له مانای هه‌وار حاڵیی بووبێت، ئاخر هه‌وار به‌و جۆره ناخرێته ڕسته‌وه. ده‌بوو بڵێت: شارێکی کردووه به هه‌وار…. یان له هه‌وارێکدا بارگه‌ی خستووه. (بۆنی بۆکڕووز و سووتانی گۆشتی ئینسان به‌رز ده‌بووه‌وه. ل154) ده‌بوو بنووسێت: (بۆکڕووزی گۆشتی ئینسان به‌رز ده‌بووه‌وه.) ئه‌و ڕسته‌یه نه پێویستی به بۆنه، نه به سووتان، ئاخر بۆکڕووز، بۆنی سووتانی گۆشته. (ده‌یزانی هه‌ر شه‌قامێک به چ جۆره زه‌وی و به ناو چ باغێک و به کێڵگه‌ی چ جۆره ده‌غڵێکدا ده‌ڕوات. ل302) ئه‌وه‌ی به ده‌شتوده‌ر و باغ و کێڵگه‌دا ده‌ڕوات، شه‌قام نییه، ڕێیه، شه‌قام هی ناو شاره. (پڕووشه هه‌نسکۆکه و ئه‌سرینوان بوو. ل34) ئه‌وه‌یش جێی سه‌رنجه به‌ختیار عه‌لی هه‌ندێک جار وشه داده‌هێنێت، یان ڕاستتر داده‌تاشێت، وه‌لێ چونکه ئه‌وه بواری کاری ئه‌و نییه، هه‌میشه به هه‌ڵه‌دا ده‌چێت، مه‌به‌ستی له هه‌نسکۆکه ئه‌وه‌یه، زۆر زوو ده‌که‌وته هه‌نسک هه‌ڵدان، ئه‌سرینوانیش لای وی به مانای گرینۆک دێت، به مه‌رجێک پاشگری (ۆکه) بۆ که‌م و گچکه نیشاندان دێت، وه‌ک (بڕ)ۆکه، پاشگری (وان)یش بۆ لێزانینه، وه‌ک مه‌له‌وان و داره‌وان.
ئه‌وه زۆر سه‌یره، کاتێک ئه‌وانه‌ی له ژیانی ڕۆژانه‌یاندا وه‌ک عه‌وام ده‌په‌یڤن، له ڕۆماندا وه‌ک هه‌ڵبژارده بدوێن. ئایا ده‌کرێت بڵێین نووسه‌ر هیچ ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر کاره‌کته‌ره‌کانیدا ناشکێت و ئه‌وه ئه‌مه که گوێڕایه‌ڵی ئه‌وانه، نه‌ک ئه‌وان گوێرایه‌ڵی ئه‌م بن. ئه‌وه مشت‌ومڕ هه‌ڵناگرێت که له ڕوانگه‌ی خوێنه‌ره‌وه، ئه‌وه نووسه‌ره که شێوازی ژیان، چۆنیه‌تیی ئاخاوتن، باری ده‌روون، جۆری بیرکردنه‌وه و ته‌نانه‌ت چاره‌نووسی کاره‌کته‌ره‌کانیشی دیاری ده‌کات. ئه‌دی ئه‌وه هه‌ر نووسه‌ر نییه که ئه‌م کاره‌کته‌ری به کوشت ده‌دات و ئاینده‌یه‌کی گه‌ش بۆ ئه‌وی دیکه‌یان دابین ده‌کات؟ ئاوی بابه‌تی نووسه‌ری ڕاسته‌قینه، له سه‌رچاوه‌ی خودی خۆیه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت، ئه‌وه بۆیه جه‌لاله‌دینی ڕۆمی له (سروودی نه‌ی)دا ده‌فه‌رموێت: (من نهێنیم دوور له ڕوانینم نییه.)(*) ئێمیل سیوران پێی وایه، ئه‌و ڕۆماننووسه‌ی بانگه‌شه بۆ ئه‌وه بکات که ئازادیی ته‌واو به کاره‌کته‌ره‌کانی ده‌به‌خشێت و لێیان ده‌گه‌ڕێت چی ده‌خوازن، بیکه‌ن و چی‌یان ده‌وێت، بیڵێن، له‌و سۆفییه ده‌چێت که ئه‌گه‌ر بتوانێت خوداوه‌ند جێ ده‌هێڵێت و هێنده لێی دوور ده‌که‌وێته‌وه، ده‌گاته شوێنێک که ئیدی توانای نوێژکردنی نامێنێت.
لایه‌نێکی جوانی (کۆشکی باڵنده غه‌مگینه‌کان) ئه‌وه‌یه، نووسه‌ر وێنه‌ی کاره‌کته‌ره‌کانی له گۆڕاندا ده‌کێشێت، ئه‌وه نییه به هۆی ساڵانی سه‌فه‌ره‌وه، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه ئینسان له چه‌قۆکێشه‌وه، ببێته که‌سێکی دژه زه‌بروزه‌نگ و هه‌ستناسک. (مرۆڤ که به جیهاندا گه‌ڕا، ناتوانێت که‌س بکوژێت، که وات لێ هات مردنی باڵنده‌یه‌ک ئازارت بدات، ئیدی حورمه‌تی ژیانی تریش ده‌گریت. ل200) یان: (ئه‌و هه‌موو ساڵانه‌ی سه‌فه‌ر، فێری کردم ڕق به ته‌واوه‌تی له خۆمدا بکوژم. ل236) گێڕانه‌وه به جێناوی بزر، وا ده‌کات خوێنه‌ر نووسه‌ری پێ که‌سێکی بێلایه‌ن بێت، وه‌لێ هانابردن بۆ که‌سی یه‌که‌م، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر وا تێبگات، نووسه‌ر به‌سه‌رهاتی ژیانی خۆی ده‌گێڕێته‌وه. خه‌وشێکی ڕۆمانه‌که ئه‌وه‌یه، گه‌لێک جار گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌مووشتزان که که‌سێکه سه‌ر به گرووپی (مه‌نگوڕ)ی چه‌قۆوه‌شێن، وه‌ک ڕۆشنبیرێک ده‌په‌یڤێت.
وه‌ک چۆن له دوای هه‌ر گه‌وره‌پیاوێکه‌وه، ته‌ڵاژنێک هه‌یه، له دوای هه‌ر قه‌لپیاوێکیشه‌وه به‌ڵاژنێک هه‌یه. (ژن له جاڵجاڵۆکه ده‌چێت و پیاو وه‌ک مار وایه. ژن له جێی خۆی داده‌نیشێت و چاوه‌ڕێی نێچیر ده‌کات، هه‌ر که په‌یدابوو، توند توند ده‌یگرێت و ئیدی هه‌رگیز به‌ری نادات. پیاو وه‌کوو مار به دوای نێچیردا ده‌گه‌ڕێت، هه‌ر که تووشی هات، پێوه‌ی ده‌دات.) سه‌وسه‌ن فیکره‌تی قاره‌مانی ڕۆمانی (کۆشکی باڵنده غه‌مگینه‌کان)ی به‌ختیار عه‌لی، ڕه‌نگه ته‌ڵاژن بێت، وه‌لێ له‌و جۆره ژنانه‌یه که شێوازی ڕاویان له هی جاڵجاڵۆکه ده‌چێت.
ئیشی ده‌ستوپێوه‌ند ئه‌وه‌یه درۆ بۆ پاشا بکات، نه‌ک ڕاستییه‌کانی پێ بڵێت، ئیشی ئه‌وه‌یه شتی لێ بشارێته‌وه، نه‌ک شتی بۆ ئاشکرا بکات. ڕۆماننووس ڕاستی ده‌ڵێت، درۆ ناکات، نهێنییه‌کان ئاشکرا ده‌کات، به‌ردیان له‌سه‌ر دانانێت، ئه‌گه‌رچی به دارستانێک له سانسۆر ئابڵووقه دراوه، له‌وانه: سانسۆری سیاسی، سانسۆری ئایینی و سانسۆری دابونه‌ریت. کاری ڕۆماننووس له وڵاتێک‌دا که فه‌توا له‌سه‌روو یاساوه بێت، که ئایین و ده‌وڵه‌ت هاوسه‌نگه‌ر بن، که خێڵ له‌سه‌روو نیشتمانه‌وه بێت، که په‌رله‌مان له‌بری ئه‌وه‌ی چاودێریی ده‌سه‌ڵات بکات، له خزمه‌تیدا بێت و سه‌نگه‌ر له گه‌ل بگرێت، ئه‌وه‌نده سه‌خته، وه‌ک به گژ مه‌حاڵدا چوونه‌وه وایه. به‌ختیار عه‌لی له (کۆشکی باڵنده غه‌مگینه‌کان)دا، (که ڕۆمانێکه پێمان ده‌ڵێت: ئه‌وه سه‌فه‌ره فێرمان ده‌کات، دژی شه‌ڕ بوه‌ستینه‌وه،) ڕاستییه‌کانی به خوێنه‌ر گوتووه و به‌رانبه‌ر به کاری خۆی وه‌ک ڕۆماننووسێک به‌وه‌فا بووه. (ئه‌گه‌ر ده‌خوازیت بژیت، سه‌فه‌ر بکه!) ئه‌وه گوته‌یه‌کی به‌ناوبانگی ناسراوترین نووسه‌ری دانمارک (هانس کریستیان ئه‌نده‌رسن)ه (1805 _ 1875) چونکه به هۆی سه‌فه‌ره‌وه له مانای ژیان تێده‌گه‌ین، ڕه‌نگه ئه‌وه‌ی ئه‌نده‌رسن به ڕسته‌یه‌ک گوتوویه‌تی، به ڕۆمانێکیش هه‌ر هێنده بگوترێت.
29. 09. 2009
حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
(*) جه‌لاله‌دینی ڕۆمی و سروودی نه‌ی، ئه‌حمه‌د تاقانه، ل29 ده‌زگای ئاراس، چاپی دووه‌م 2008 هه‌ولێر.
(**) به‌ختیار عه‌لی، کۆشکی باڵنده غه‌مگینه‌کان، 2009 چاپخانه‌ی کارۆ. (شوێنی چاپی له‌سه‌ر نییه.) (له نموونه‌کاندا ڕێنووسم بۆ ڕاست کردووه‌ته‌وه.)