ره‌خنـه‌ی شـیکاری بـۆ کۆشیعری ( نهێنییـه‌کـانی ژێـر لێـوی حـه‌قیقـه‌ت )
ره‌خنـه‌ی شـیکاری بـۆ کۆشیعری
( نهێنییـه‌کـانی ژێـر لێـوی حـه‌قیقـه‌ت ) ی (ئـارام سـالـح)
نووسینی: فـازیـل شـه‌وڕۆ
بنیـاتی ده‌قـه‌کـان ( The Structure):
ئاسانترین پێناسه‌ی بنیاتی ده‌ق ” به واتای وێنه‌ی کۆمه‌ڵێ ره‌گه‌زی رێکخراو دێت، رۆلی هه‌ر ره‌گه‌زێک به په‌یوه‌ندی به ره‌گه‌زه‌کانی تره‌وه دیاری ده‌کرێت.” (9) شیکردنه‌وه‌ی بنیاتی، ده‌قی شیعر ده‌کاته که‌رسته‌ی خاوی لێکۆلینه‌وه‌و راڤه‌کردن له رووی جوانی و ره‌خنه‌کاریدا. ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌م میتۆده هاوچه‌رخه ، ئاڵوده‌ی خودی ده‌قه ئه‌وه‌نده خوولیای که‌سایه‌تی خاوه‌ن ده‌ق نییه. مه‌به‌ست له کۆمه‌ڵی ره‌گه‌ز، لێره‌دا، وشه‌و به‌شه لهتکراوهکانی وشه‌یه، که رسته داده‌رێژن و ئاخاوتنیان لێ دێته‌دی. هه‌ر ره‌گه‌زێک له‌و ره‌گه‌زانه‌ی ئاخاوتن له ژێر چه‌تری رۆڵ و سیستمیکی زمانه‌وانی دا کارده‌که‌ن که پێیان ده‌گوترێ ( وه‌زیفه Function). ئه‌وان هیج مانا‌و جێگایه‌کیان نییه به بێ بوونی زمان، که‌واته زمان که‌رسته سه‌ره‌کییه‌که‌ی ئاخاوتنهو له سه‌ر جه‌سته‌ی ئه‌وه‌و شیکاری بنیاتی ده‌ق سه‌فه‌ره‌که‌ی ده‌ست پێده‌کا.
بێگومان، شیعری نوێ کوردی ، دوای شه‌ری جیهانی یه‌که‌م ، له سه‌رده‌ستی (شێخ نوری شیخ سالح و گۆران) دا گۆڕانکاری زۆری به‌سه‌رداهات. زمانی شیعر‌و وێنه‌ی شیعری و بابه‌تی هه‌ڵبژاردراو ناوه‌رۆکی شیعر به‌رگێکی تازه‌یان پۆشی، کاروانی ئه‌م گۆڕانکارییه به‌رده‌وام بوو، له حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی رابردوو 0 (بانگه‌وازه‌که‌ی روانگه) جۆش و خرۆشێکی تری دا به شیعری کوردی به‌تایبه‌تی و ئه‌ده‌بی کوردی به‌گشتی ، پره‌نسیپی تازه‌و چه‌مکی ئه‌ده‌بی شۆرشگیرانه‌ی نۆ، که‌م تا زۆر ڕۆڵی خویان له‌م بواره‌دا بینی. فێزی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردوو قۆناغێکی ئاوساوی پڕ له جوولهو هه‌ڵکشان و داکشان بوو، وه‌ک ئافره‌تێکی دووگیانه چاوه‌ڕوانی ژانی سهراوترۆقان بوو. شیعریش وه‌ک ژانره باڵاکه‌ی ئه‌ده‌ب گۆرانی پتری به‌خۆیه‌وه بینی.
له قرچه‌ی ئه‌م قۆناغه‌دا. له ساڵی 1982 (ئارام سالح) یه‌که‌م شیعری خۆی بڵاوکرده‌وه و خۆی هه‌ڵدایه سه‌رپشتی ئه‌سپه شێی شیعری نۆێی کوردی و، یه‌که‌م به‌رهه‌می شیعری به ناوی ( مووژده‌ی مه‌رگی گه‌ره‌لاوژه) له ساڵی 1991 دا بڵاوکرده‌وه. ده‌مه‌وێ بڵێم ، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌و شیعری تێدا کرده ئامرازی ده‌ربرینی بیروهه‌ست و هۆشی خۆی، زمانی کوردی که‌وتبووه سه‌ر ڕێچکه‌یه‌کی ، تاڕاده‌یه‌ک، تۆکمه‌و به‌تواناو، پێگه‌یشتوو ههڵشیلدراو له‌گه‌ڵ زاراوه و فه‌رهه‌نگه نۆێیه‌کانی سه‌رده‌م. . ئه‌و هه‌ر زوو، ده‌رک به بایه‌خی بێ سنووری زماندهکات، بۆیه هه‌وڵی خۆ پڕچه‌ککردن و ته‌یارکردنی خۆی ده‌دا و ده‌که‌وێته خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردن له مه‌عریفه جیاجیاکانی زمان و ئه‌ده‌ب.
ژینگه‌ی سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی شاعیر، هاندهرو رێخۆشکهرو دهستگرو چاوکهرهوهی ئه‌و بووه. هه‌میشه قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ست و رۆشنیرانی شاری (کۆیه) هه‌ستیان به ئارامییه‌کی روحی ودڵنهوایهکی ده‌روونی کردووه، ئه‌مه‌یش له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه که مێژووی ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌ده‌بی ئه‌م شاره‌و پانتایی بزووتنه‌وه‌ی سیاسی و جموجۆڵی نه‌پساوه‌ی رۆناکبیرانی، هه‌میشه وه‌ک چراوگێک رێگای ئه‌ده‌ب و خه‌باتی بۆ رۆناککردهنهوه. له راستییدا شاعیر‌و ئه‌دیبانی ،خۆیان به میراتگرو وارسی حاجی قادر‌و مه‌لای گه‌وره‌و…….. خاڵه سێوه‌و تایه‌ر تۆفیق داناوه. هه‌ر له هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌و شاره‌دا، پۆلێک شاعیری نویخواز هاتنه سه‌رسه‌کۆی ئه‌ده‌بی کوردی . له‌وانه: قوبادی جه‌لی زاده، مودریک ژالی، قوباد به‌هره‌وه‌ر، شه‌فیق به‌یاد، ژیان بابه‌گوڕگوڕ، سه‌باحه‌ت تاهیر….. . که هه‌ریه‌که‌یان به‌گوێره‌ی دهستڕهنگینی خۆی جێ په‌نجه‌ی له ئه‌ده‌بی کوردی دا دیاره.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شیکاری بنیاتی ده‌ق تیشک ده‌خاته سه‌ر جه‌وهه‌ری ده‌ق و په‌یوه‌ندییه سۆسیۆلۆژییه‌کان وهلاوهدهنێ و زۆر روو ناداته ئایدیلۆژیای شاعیر‌و باره ده‌روونییه‌که‌ی، وا منیش دهقهشیعریهکانی (ئارام سالح) شهنوکهودهکهم و زمانهشیعریهکهی تاوتوێ ده‌که‌م:
کۆشیعری ( نهێنییه‌کانی ژێر لێوی حه‌قیقه‌ت) بریتییه له ( 463) دێرهشیعر. ژماره‌ی وشه‌کانی له ده‌وروبه‌ری ( 1267) وشه‌یه. که‌واته رێژه‌ی وشه له دێرێکا ده‌کاته ( 2.7). ئه‌و مامه‌ڵه‌ی گه‌وهه‌رو یاقوتی له گه‌ڵ وشهداکردووه. هه‌موو هزرو هۆش و ئه‌زموونی خۆی چڕکردۆته‌وه بۆ داڕشتنی دێرێکی شیعری خه‌ست وخۆڵ. له بیژینگدانی وشه ، له پیناو ده‌رباز بوون له وشه‌ی ناڕهساندا، خاسڵه‌تێکی ئه وه. زانیین به‌لای ئه‌وه‌وه کلیل و قوفڵه له‌یه‌ک کاتدا. هه‌میشه له‌هه‌وڵی داهێنانی نۆ دایه له پیشه‌سازی شیعردا. ” به‌پێی تێروانینی رێزمانی گشتی(Universal Grammar ) گه‌وهه‌ری سروشتی زمان له‌سه‌ر زانیین وه‌ستاوه، واته مه‌عریفه ( cognitive) وه‌کو دیاریده‌یه‌کی سایکۆڵۆژی ده‌بینرێت، گرینگ‌ترین شت ئه‌وه‌یه که فۆرمی زمان، له باره‌ی ئه‌قڵی مرۆڤه‌وه ده‌یخاته روو و ئاشکرای ده‌کا.” (10)
له توێژینه‌وه له توانستی زانیاری شاعیر له‌مه‌ر به‌کارهێنانی زمانی زگماکی له ده‌قه شیعره‌کاندا، ده‌گه‌ینه ئه‌م ئه‌نجامانه:
1. شاعیر توانیویه‌تی زمانێکی پاراوی شیعری به‌کاربهێنێ. ئه‌مه‌یش خسوسیه‌تی خودی شاعیری پێوه‌دیاره‌و ، که‌م تا زۆر، کاریگه‌ریی ژینگه‌و ده‌وروبه‌ریشی به‌سه‌ره‌وه دیاره.
2. فه‌رهه‌نگی ره‌سه‌نایه‌تی وشه له وشه‌سازیدا(Syntax )، رێچکه‌ی دارشتنی شیعری ئه‌وه. دوره‌په‌رێزه، له داتاشین و زامدارکردن و ئه‌تککردن و شیواندنی وشه. بواری نه‌داوه وشه قودسییه‌تی خۆی له‌ده‌ست بدا.
3. له پاڵ پاراستنی فۆرمی فه‌رهه‌نگی وشه (Lexicography ) ، خاسییه‌ته شیعرییه‌کانی تێکه‌ڵ به وشهکردوهو له سه‌ر شێوه‌ی فۆرمی شیعری دایرشتۆتهوه له پیناو بیرۆکه و ناوئاخنی شیعره‌که ته‌وزیفی کردوه.
4. وشه‌ی وه‌ک وێنه‌ێکی سه‌ربه‌خۆ به‌کارهێناوه‌و ، هه‌وڵیداوه که زۆرترین خه‌سله‌ته شیعرییه‌کانی تیدا کۆبکاته‌وه له: ڕه‌سانایه‌تی، له ئاواز‌و مۆسیقا‌و رتم، له مانا‌و چه‌مک و .له‌توانای ورژاندن و ده‌ربرین و به‌رجه‌سته‌کردنی وێنه و له سه‌نگ و قورسایی برگه‌ی وشه‌و له پێگه‌ی وشه له‌ناو دێردا.
وه‌ک ده‌زانین، که زمانی شیعری هه‌ر ده‌قنووسێک بۆن و به‌رامه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. هه‌میشه ئه‌م پرسیاره ده‌کرێ: ج شتێک زمانه‌کان به‌گشتی ( وه‌ک دیارده‌یه‌کی تایبه‌ت به جۆری مرۆڤایه‌تی) جیاده‌کاته‌وه؟
” ئه‌وه شێوه‌ی به‌کارهێنانی زمانه ، له رووی کرداری په‌یوه‌ندیکردن و گه‌یاندن و ده‌ربرین، که توانستی ده‌قنووسێک له یه‌کێکی تر جیاده‌کاته‌وه. بوونی به‌هره‌یه‌کی تایبه‌تی زمان فاکته‌رێکه بۆ داڕشتنی چوارچیوه‌یه‌کی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی بۆ ته‌وزیفکردنی ئه‌و زمانه. “(11)
(ئارام سالح ) له کۆپڵه‌ی (25) ی ( نهێنییه‌کانی ژێر لێوی حه‌قیقه‌ت) دا ده‌ڵێیت:
دانی سه‌دان / خه‌ونم که‌وت / ئێ له مردن / چ درۆزنه!! (12)
چوار کورته دێری شیعری ، دوو وشه‌یی ، که‌رسته‌ی خاوی ده‌ربرینی بیرۆکه‌ی ژیان و که‌وتن و مردنه. زمانی شیعره‌که ساده‌و ڕه‌وان و پاراوه. هه‌موو وشه‌کانی وشه‌ی فه‌رهه‌نگیین. له بڕی وشه‌ی (ددان ) ئه‌و (دان) به‌کارهێناوه. (هه‌نبانه‌بۆرینه) ده‌ڵێت؛ “( ددان، دران، دان) ئه‌و دوو ڕشته ئێسقانه‌ی ناو زاره، که بۆ له‌تکردن و جووین و هاڕینی خواردن به‌کاردێت.” (13)
کۆپڵهکه دوو رسته‌یه، یه‌که‌م (خه‌به‌رییه) – بکه‌ر، کار، به‌رکار- دووه‌میش سه‌رسورمانه، به ئامرازی سه‌رسورمان ( ئێ) ده‌ستپێده‌کاو به نیشانه‌ی سه‌رسورمانیش کۆتایی دێ.
له پشت مانا فه‌رهه‌نگییه‌که‌یه‌وه. رسته‌کان مانای مه‌جازیان له خۆ گرتووه؛ که به‌های فرمانی (Function) وشه‌کانی له رسته‌یه‌کی ئاخاوتنی ساده ، ده‌گوێزێته‌وه بۆ فۆرمێکی ئاوهازداڕێ خهێآڵئامێزی کێشدار. قهڵاچنکراو به هۆش و مه‌عریفه‌و هه‌سته‌وه، که دووره له قسه‌ی بازاری. ( مردن ) کۆدو کلیکی کردنه‌وه‌ی لوغزی کۆپلهکهیهو ئامرازی گه‌یاندنی په‌یامی مه‌به‌سته. ئه‌فسانه‌و که‌لتووری کورده‌واری . لێره‌دا، وجودێکیان هه‌یه.
له کورده‌واریدا:
ددان که‌ووتن ( ئاکامه‌که‌ی) مردنه
خه‌ون (ئامرازی) ئامانجه‌کانه
مردن (هه‌نگاوی) کۆتاییه
که‌واته ددان که‌ووتن (ئاکامه‌که‌ی) کۆتاییه.
(زیندوو)ی شاعیره ، که (مردن) شهرمهزاردهکا، هاوکێشه‌که ئاوه‌ژوو ده‌کاته‌وه:
ددان که‌ووتن خه‌ون نه‌هاتنه‌دی مردن
به‌ڵام شاعیر ده‌ڵێ:
که‌ووتن نامرادی نه‌مردن ( به‌رده‌وام بوون )
گه‌رچی ته‌نکه ته‌مێکی ڕه‌شبینی له‌م کۆپله‌دا به‌دیده‌کرێ، که شاعیر ئاره‌زووی ده‌رچوونی له‌م زه‌مه‌ن ومهکانهدا هه‌یه، به‌ڵام رووبه‌رووبوونه‌وه‌یه‌کی روحیش له گه‌ل مه‌رگا لیره‌دا وجودی هه‌یه. مردن که‌سێکی لاوازی بێ توانای درۆزنه و قسه‌ی خۆی ده‌خواته‌وه‌و به‌ره‌نگاریی (بوونی) شاعیری پێناکرێ.
دارشتنی ئه‌م کۆپله‌یه، وه‌ستاکارێکی پڕ وورده‌کاری تێدایه. ڕاڤه‌ی فۆلکلۆری کوردی به‌م شێوه‌یه: که‌وتنی ددانی پێشه‌وه له خه‌وندا، پێشبینیه بۆ له‌ده‌ست دانی دایک، یان باوک، یان خوشک وبرا یان منداڵ. که‌وتنی ددانی ژووره‌وه کۆچکردنی خزم و دۆست و ناسیاوه. له هه‌ردوو باره‌که‌دا هاوکێشه‌ی ددان که‌وتن یه‌کسانه به مردن. لێره‌دا وهستاییهکهی شاعیر له‌وه دایه که ( ددان و خه‌ونه‌که ) ته‌عبیری مه‌جازین بۆ نیاز‌و ئومێد‌و هیواکان و ساتمه‌کردن و که‌وتن و نه‌هاماتی . ” ئێ مردن چ درۆزنه!” مه‌رگ خه‌جاڵه‌ته که نهیتوانییوهو ئه‌و لهعاردی بدا ، بۆیه ئه‌و به‌ده‌م گالته‌کردن و تیزپێکردنهوه رووبه‌رووی مه‌رگ ده‌بێته‌وه‌و به درۆزنیشی له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا. شاعیر گه‌مه‌یه‌کی به ئامرازی سه‌رسورمان (!) کردووه: له بڕی ( ئای، ئه‌ی، ئۆی، وای) ئامرازی (ئی) به‌کارهێناوه، که بۆنی شیوه‌زاری کۆیه‌ی پێوه‌دیاره ، ئه‌مه‌یش به‌مه‌به‌ستی هێز خستنه سه‌رو جه‌ختکردنه‌وه‌ی سهرسورمانهکه. که به زاری کۆیانه ده‌ڵێن ( ئی له‌و پیاوه گێله!) گێلایهتیهکهی زۆر زیتره له‌وه‌ی که بڵێین: ( ئای له‌و پیاوه چ گێله!). له بڕی وشه‌ی ( چه‌ند) یش وشه‌ی ( چ) ی داناوه، که ئاوازدارو کورتبڕه.
ئه‌م کۆپڵهیهم وه‌ک نمونه‌یه‌ک هێناوه ، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی زمانی شیعری ( ئارام سالح)، کوردیش ده‌ڵێ؛ مشتێ نمونه‌ی خه‌روارێکه. . به کورتی ئه‌و، خاوه‌ن زمانێکی پاک و ساده‌و رهووان و خۆشئاوازو مانابه‌خشه. ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ده‌سته‌مۆکردنی وشه‌کان هه‌یه. ته‌سه‌نوع و تێخزاندن و داپاچینی وشه‌ی لێ به‌دی ناکرێ. هاوژین سڵێوه ده‌ڵێت: “شاعیر له رێگای توانای شرۆڤه‌و دارشتن و هزری شیعری خۆیه‌وه، زمانی تایبه‌تی خۆی به‌رهه‌م ده‌هێنێت. “(14)