
کۆپله‌گه‌لێ له: چیاکانی من
بۆ ئه‌وه‌ی به دوای سۆراغی خۆمانه‌وه بڕۆین، گه‌ره‌که له‌ناو تاریکییدا رۆبچین. جه‌نگی من هێورکردنه‌وه‌ی سۆزی سۆراغکردنه. لێ ئه‌وه یاده‌وه‌ریییه که فه‌رامۆشم ناکا. ئه‌ها نهێنییه‌ک له دایکده‌بێ! تشتێک ده‌بێ به خۆی. هه‌قیقه‌تی فه‌رامۆشکردنی ئه‌و جه‌نگی چیایانه، که‌ڤرێکی قووڕسه. ئازاری هه‌قیقه‌ت له زارتدایه. لێ رووخساری گه‌وهه‌رت له گیای ژێر خوناوی دۆڵی “کافێ” نه‌رمتره.
من له ره‌چه‌ڵه‌کی ئێوه نیم. لێ له‌ناو زمانێکدام که وه‌ک خۆم زامداره. ترپه‌ی کات ده‌بیسم، ده‌بێ بڕۆمه ده‌رێ. چرپه‌ش له هه‌بوون دایه…
دایکم وه‌ک په‌ڕه‌سێلکه‌یه‌کی ناو تیشکی مانگ کپ بوو، به‌های منداڵی کوژایه‌وه. دایکم نێژرا، نیوه‌ی جه‌سته‌م جێماوه؛ هه‌رێمێکی روحم له‌گه‌ڵ دایکمدا نێژراوه. دایکم که له نوێژکردندا بیری له بێماڵی من ده‌کرده‌وه، مه‌رگیش له ده‌رگه‌ی ماڵه‌که‌ی ده‌دا. چێشتی ئێواره‌ی لێنا، به‌ر له‌وه‌ی بیخوا، دوعاکانی نه به هانای بێده‌نگبوونی دڵی هاتن و نه مرازه‌کانی من. ئێستا چاوم لێیه دایکم وه‌ک سافیلکه‌یی خۆی به مه‌لائیکه‌ته‌کان ده‌ڵێ: من بێکه‌سم و هیچ گوناهێکیشم نییه. ئێستا هه‌ر ده‌ڵێی منداڵێکی ههڵهتهم و ته‌نیایی دونیا راوم ده‌نێ. لێره‌وه، له ئێواره‌یه‌کی شلهژاوتر له خۆم، هاوارم له مه‌رگ کرد، تۆ له کۆڵانێکی هه‌ڵه و به دوای که‌سێک بێکه‌سدا ده‌گه‌ڕێی، دایکم له ته‌ندرووستییه‌کی باشدایه. ئه‌و شاره به حکومه‌ت و کۆڵان و باڵاخانه و شه‌قامه‌کانییه‌وه له دایکم پیرتر بوو. دایکم مردوو و په‌پووله‌کانی دڵێ بێ‌ماڵ مانه‌وه.
حه‌ز ده‌که‌م وه‌ک دایکم به جه‌سته‌یه‌کی ساغ و روحێکی پاکه‌وه بمرم. ئێستا دایکم له دوا ماڵه ئه‌به‌دییه‌که‌یدا چاوه‌ڕوانی من ده‌کا. دایکم خه‌ونی به ماڵێک ده‌بینی که بێماڵیی منی تێدا بسره‌وێ. دایکم هه‌قیقه‌تێک بوو له چیا. دایکم ده‌یزانی وه‌ک چیا ته‌نیا به پێوه ده‌مرم. هه‌ر ئێستا دڵدانه‌وه‌یه‌کی گه‌رم له نێوان من دایکمدا رووده‌دا. ده‌ڵێی هه‌ر منم که له چه‌قی جیهاندا به خه‌به‌رم؟ ده‌زانم که‌مێکی تر هه‌ر منم خۆم ده‌لاوێنمه‌وه. ئه‌وها به‌م جه‌نگه‌وه جیهان به له ده‌ستدانی دایکم به ئاگا دێنمه‌وه.
ئێستا کاتی بێده‌نگیی منه، ئێستا بێده‌نگی به گۆ دێ. ژووره‌که‌م رێکده‌خه‌مه‌وه. چه‌پکه گوڵی سه‌ر مێزه‌که ئاوده‌ده‌م که “شایه‌ن” له جیهانێکی دووره‌وه، وه‌ک سه‌ردانێکی کت‌وپڕ، بۆی ناردووم، وێنه‌که‌ی دایکم له‌ناو ماڵه‌که‌مدا شه‌وقده‌داته‌وه. دایکم ده‌بینم له‌ناو گوڵه رهنگینهکاندا له ماڵی به‌هه‌شتدا دانیشتووه و له ته‌سبێحه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێ که له ماڵی بێکه‌سیدا به‌جێهیشتووه. هه‌ر ئێستاش من له وشه‌یه‌کی نادیار ده‌گه‌ڕێم که له نادیاریی دایکم دایه. نیوه‌شه‌و بۆنی که‌زییه خهناوییهکانی دایکمی لێدێت، که له‌به‌ر نه‌بوونی که‌سێک که بۆی بشوات، پارساڵ بۆم بڕی. ئاژاوه‌ی ناوه‌وه‌م په‌لده‌هاوێژێ. چیاکان نزیکده‌بنه‌وه. بۆ رووخساری مانگ له جاران ناچێ؟ جه‌نگێکی نوێ به‌ڕێوه‌یه. دایکم نوێژێک بۆ دڵنه‌وایی و پاکبوونه‌وه‌ی گوناحه‌کانی من ده‌کا. ده‌سته بۆنوێژهکانی به‌سه‌ر ههنیهمهوه دادێنێ. منداڵیی فه‌رامۆشکراوم قدیلانه‌ی ده‌بێته‌وه.
گرتنی گوڵێک له‌و گوڵدانهدا. وه‌ک ئه‌وه‌ی چاوتروکانهکان کاڵبوونه‌وه‌ی چاوتروکانهکان بێت له هه‌ستی ئێستامدا. سه‌رابێک له گوڵئه‌ستێره له‌به‌ر چاومدا شهپۆڵدهدا. ده‌سته‌کانم له خۆڕا ده‌که‌مه‌وه، وشه‌کان به ته‌ڕییه‌وه باڵه‌فڕێ ده‌که‌ن. من ده‌مه‌وێ باغچهیهکم له وشه‌گه‌ل هه‌بێ، تا ده‌سته‌کانم ئازاد بن. ره‌نگه رۆژێک بێت سێبووریم به‌و باغچهیه بێته‌وه. له‌وێشدا ئاماده‌بوونه‌وه‌ی چاوتروکانهکان خه‌نیم بکه‌ن. له دایکبوونه‌وه‌ی چێژ، له ئاماده‌یی چاوتروکانهکان دایه.
ته‌مه‌نی گوڵه‌کان، له چێژ کورترن. سه‌رتاپام جه‌نگه و بیر له مردنی گوڵه‌کان و چێژی چاوتروکانهکان ده‌که‌مه‌وه. هه‌ستده‌که‌م غه‌ریبی خۆم ده‌که‌م. چیاکان با‌نگم ده‌که‌ن. من ئه‌وهام که غه‌ریبی له‌ناو خۆمدا غه‌واره‌یه.
دوای گه‌ڕانه‌وه له کوردستانه‌وه، سه‌فه‌ر سپی ده‌بێته‌وه. بێماڵیی له‌ناومدا سه‌فه‌ر ده‌کا. چۆن چیاکان کۆبکه‌مه‌وه؟ بیر له ژیانی کولیکه نیسانێک ده‌که‌مه‌وه که وشکییهتی سۆرتری ده‌کرد. کولیکێک که ده‌یویست وه‌ک مه‌ته‌لێک بیری لێبکه‌مه‌وه. که بیرم له بێ‌بارانی کرده‌وه، گوڵه مێخه‌کێکم له‌سه‌ر گۆڕی دایکم چاند. ته‌نیایی دوای چه‌ند رۆژێک سیسی کرد. ئه‌و مێخه‌که بوو به ته‌نیایی. ته‌نیایی له بیرکردنه‌وه‌دایه؟ مێخه‌کێک خه‌یاڵم ده‌ورووژێنێ. ته‌نیاییه‌ک له خه‌یاڵمدا ده‌ڕوێ. جوانی مێخه‌ک له دڵمدایه. هه‌ست به نازی مێخه‌ک ده‌که‌م که له دڵمدا په‌رشده‌بێته‌وه. مێخه‌ک ده‌گه‌شێته‌وه. دایکم سه‌یرم ده‌کا. زه‌وی ره‌نگینتر ده‌بێ. دوای ماندووبوونی گوڵه‌کان، رۆژانی غهریبیکردنم درێژتر ده‌بنه‌وه و مێخهکیش وشکده‌بێته‌وه. گوڵێکی تر جێگه‌ی جێگه‌ی گوڵێکی تر ده‌گرێته‌وه؟ لێ گوڵێک- ژنێکی تر، جێگه‌ی دایک ناگرێته‌وه. ئه‌وها که دایکم ماڵئاوایی کرد، بانگی هه‌قیقه‌تم کرد. تۆش له بێوهڵامیدا، چیایه‌ک، بێ ئه‌وه‌ی بزانم، له‌ناو چۆلاییهکی غه‌ریبدا نیگه‌ران ده‌که‌ی.
ئێره: تاراوگه ئه‌و بایه ژیر نابێته‌وه و ده‌نگیشم بۆ کۆناکرێته‌وه. تا من کۆتاییم نێت، ئه‌و بایه‌ش کۆتایی نایێ. ئای هه‌ڵه‌تی چیاکان، من که له جه‌نگی ئێوه خۆش نابم! ئێوه، ئه‌ی چیاکان که ئه‌و یاده‌وه‌رییه غه‌ریبه‌م پێده‌به‌خشن. جه‌نگی چیاکان، وه‌ک بانگی ئایینده، هه‌راسانم ده‌کا. ئایینده‌ش، وه‌ک رابردوو، رامناکرێ. هه‌نووکه له غهریبیکردنێکی چۆلدا، کات نابینرێ. کات وه‌ک تنۆکه ئاوێک نابێته هه‌ڵم. کاتگرتن، خولیای چاوتروکانێکی تر: خولیایه‌کی غه‌مگینه. له تشتێک ده‌گه‌ڕێم نه ده‌ستپێبکا و نه کۆتاییشی بێت. ئه‌وها ده‌خوازم کات دۆستی به مێش- بوونی مرۆڤی ئه‌وێ نه‌بێ.
من ئه‌وهام، که له چیا ده‌دوێم په‌نجه‌ره‌کان ده‌که‌مه‌وه و تامی شه‌رابیش له هه‌واکه‌دا هه‌ڵده‌مژم. من خۆم ده‌ناسمه‌وه: له‌ناو قووڵایی خۆمدا ده‌ژیم. به‌ره‌به‌یان به شه‌که‌تییه‌وه به‌ره‌و لام دێ، چونکه ئه‌مشه‌وم به خه‌ونی چیاکان به‌سه‌ر برد. هه‌ندێ جار به سافیلکهییهک له خۆم بیرده‌که‌مه‌وه. ئه‌وها بۆیه بۆ تۆ ده‌نووسم. هه‌ستده‌که‌م غه‌ریبییه‌ک ده‌مکوژێ: گفتوگۆیه‌ک له جه‌نگ وه‌ک شه‌پۆڵ ئاراسته‌م ده‌کا.
من ئه‌وهام له غهربیکردندا. واز له زمان ده‌هێنم بۆ خۆی بنووسێ؛ پێی ناڵێم چی بنووسێ. ده‌مه‌وێ چاوتروکان بگرم، چونکه پڕ به خۆمه‌وه له‌ناو تۆدا ده‌ژیم. دیسانه‌وه پڕ به هه‌ستمه‌وه، هه‌ست به تۆ ده‌که‌م. خۆم ده‌ده‌مه ده‌ست سافیلکهییمهوه که نه‌زانانه ژیانی پێ ناساندم. ئه‌وها سافیلکه‌یی دۆسته بێئاکارهکانی پێناساندم که دۆستی خۆیان نه‌بوون. من به مه‌رگ ئاشنا نیم، که نه‌زانی مه‌رگم دوور ده‌خاته‌وه. ناچاربوون به به‌رده‌وامی ئه‌و ژیانه، ئه‌رکێکی ئارهقڕێژه. وه‌ک ئه‌وه‌ی بێیادهوهریی بیت، بۆ خۆم بژی. تا چیتر نه‌تلێمه‌وه، خۆم له خۆم دوور بخه‌ره‌وه. من چیتر ناتوانم غه‌م له بێڕوویی جیهان بخۆم. خودایه له‌وێ مێش مرۆڤی خوارد. چۆن هاوخه‌می مرۆڤه غه‌مگینه‌کان بم؟ ئه‌وان له ناومدا ده‌ژین. منیش چیتر هێزی غهمخۆرییم نه‌ماوه. نامه‌وێ هه‌موو تشتێک بزانم. خودی ته‌نیایی، خۆیه‌تی. من ئه‌وهام: ته‌نیا هه‌قیقه‌تی چیاکانم هه‌یه. منێک له‌سه‌ر چیایه‌کی به‌رزدا، غه‌مه‌کان بۆ بۆشایی ده‌گێڕمه‌وه. ئه‌وه‌یه هه‌قیقه‌تی من. هه‌قیقه‌تیش له په‌یڤ به‌ده‌ره. هه‌قیقه‌ت: ناگوترێ. ئه‌مڕۆ له‌ناو هه‌تاودا پیاسه‌م ده‌کرد، که‌چی به دوای ته‌نیایی خۆمه‌وه ده‌گه‌ڕام. وه‌ک گه‌ڕانه‌وه بیر له کۆتایی هاتنی هه‌تاو ده‌که‌مه‌وه. ته‌نیایی، هانای که‌سێکی گه‌ره‌ک نییه. ته‌نیایی من تۆی گه‌ره‌که، تۆش لێره نیت. چیاکان هێورن. لێ ته‌نێ له رووخساریاندا هێورن. هێورییهک ده‌ستپێده‌کا، لێ که‌مێکی تر پێشهاتێک ده‌ستپێده‌کا. ئێستا له ناو تۆدام و چیتریش لێره‌دا ئاماده نیم. تۆ که‌سێکی له من. گوتنی تشته‌کان، وه‌ک دووریی تۆ، له گوتن به‌ده‌رن. بێده‌نگیی که دیار ناکرێ، چۆن بێده‌نگیی بێده‌نگتره. به چاوه‌کانی ته‌نیایی، چیایه‌ک ده‌کێشمه‌وه. بێده‌نگیی ته‌نیاییت بۆ بنووسمه‌وه؟ چاوتروکان دۆخێکه له له بیرکردنه‌وه. چاوترهکان مه‌راقی منه، چاوتروکان به‌شێکه له خهنیبوونی من. ئه‌وها که بۆ تۆ ده‌نووسم، تا تامی ره‌نگت بچێژم. ده‌نووسم که ناتوانم بتنووسمه‌وه. بۆنی چیاکانت بۆ ده‌نووسمه‌وه. له ته‌ک تهنیاییهکهوه ده‌نووسم که من داگیر ده‌کا.
من تۆ به ده‌نگ نانووسمه‌وه؛ به نووسین ده‌تکێشمه‌وه. چاوتروکانگهلێک له بروسک به‌سه‌ر گه‌ردنی چیایه‌کی ته‌نیاوه ده‌ئاڵێن. منیش چاوتروکانه شه‌به‌نگییه‌کانی تۆ ره‌شنووس ده‌که‌م. که بۆت ده‌نووسم، بۆنت له هه‌ناسه‌م هه‌ڵده‌ستێ. ئاخۆ ئێستا روون ده‌دوێم؟ تێپهڕیوێک له‌مدیو بهناوکردنهکاندا، جگه‌ره‌یه‌ک ده‌کێشێ. ده‌مێکی تر ده‌ست به جه‌نگی چیاکان ده‌که‌مه‌وه. چیاک به جه‌نگ ده‌نووسمه‌وه.
ئه‌وه‌تا له بیرچوونه‌وه گه‌ڕامه‌وه. بیر له مامزه‌کانی قه‌ره‌چووغ ده‌که‌مه‌وه. هه‌ر ئێستا دوو مامز به پێش ئه‌و ئهشکفهتهوه تێپه‌ڕین که من له رۆژێکی زستاندا؛ له رۆژگاری پێشمه‌رگایه‌تییدا، ئاوی ههرکهوی به‌ر دهرگایهکهیم ههڵچۆڕیبوو. چیای قه‌ره‌چووغ ناخی پڕ گڕه و هاواری بابه‌گوڕ گوڕ ده‌کا. بابه گوڕ مێژوویه‌کی تێنووه. قه‌ره‌چووغ له خه‌می بابه‌گوڕگوڕ خه‌ریکه گڕکان ده‌پۆشێ. قه‌ره‌چووغ، وه‌ک غه‌ریبی من، سه‌ر به هیچ هه‌رێمێک نییه. قه‌ره‌چووغ ده‌ستێکی له‌سه‌ر شانی ده‌شتی قه‌راجه و ده‌ستی چه‌پیشی به جه‌نگی گه‌رده‌لوولی موسڵه‌وه سه‌رقاڵه. بیر له ده‌ستدانی تۆ بکه‌مه‌وه یان چڕکردنه‌وه‌ی جه‌نگه‌کان؟
بایه‌ک له بناری “زوورگه‌زراو”وه رێژنهبارانێ له ئامێز ده‌گرێ. “ده‌شتی هه‌ولێر” به‌رینتر بیر له دووریی ئاسۆی کورد ده‌کاته‌وه. ده‌شتی هه‌ولێر وه‌ک ئایینده‌ی کورد دیار نییه. له‌وێ، له‌به‌رده‌م ئه‌شکه‌وتێکی سه‌ر سنگی قهرهچووغدا وامده‌زانی جیهان له ده‌شتی هه‌ولێردا کۆتایی دێت. ئاوڕ له تۆ ده‌ده‌مه‌وه، له چاوه‌کانمه‌وه رۆژهه‌ڵاتی کۆیێ به‌ناو بێده‌نگییدا شهپۆڵدهدا. “به‌ستی شه‌رغه” له ده‌سته‌کانی باواجیییهوه راده‌کا. جه‌نگێک له چیاکان‌دا له پانتایی جه‌سته‌مدا داده‌گیرسێ. چۆن هه‌وره گه‌مارۆدراوه‌کانی سه‌ر چاوه‌کانی “دێده‌وان” بکیشمهوه؟ هه‌ڵدێره‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کۆیێ نامناسنه‌وه. گونده‌کانیش وه‌ک ره‌فه کتێبێکی کۆن بۆنی یاده‌وه‌رییان لێدێ. تۆ که دهمخوێنیتهوه پێم بڵێ: چاوتروکانێک له بیرچوونه‌وه‌ی چیا.
له هیکڕا شله‌ژانێک واملێدهکا واز له نووسینه‌وه‌ی له ده‌ستدانت بهێنم. وشه‌کان جه‌سته‌یین، تۆش له ئاوابووندای. هه‌ندێ جار هه‌ستده‌که‌م چاوتروکان چه‌شنێکه له خوداوه‌ند؛ چیاش نائامادهییهکه له روح. من به هانا هاتنی چیاکم گه‌ره‌که. ده‌با جه‌نگه‌کان بملهرێننهوه. چیاکان نزیک ده‌بنه‌وه. من له‌ناو وشه‌کاندا شهپۆڵدهدهم. چۆن هه‌بوون ده‌ورووژێ؟ من نیگه‌رانم و به دوای گومانێک ده‌گه‌ڕێم. ئه‌ڤینێک له ناومدایه، وێناچێ ئه‌ڤیندارێکی هه‌بێ. جه‌نگ خه‌ریکه ده‌گاته ناو لێڕه‌واره‌کانی ته‌نیاییم. هه‌رچه‌نده چیاکان ئه‌ڤینی جه‌نگاوه‌رییان پێ به‌خشیم، که‌چی هێشتا نیگهرنیشم. ئه‌وها ئێستا له یه‌کشه‌ممه‌یه‌کی ههورپۆشدا، ته‌نێ چاوه‌ڕوانی ناچاوهڕوانییهکم. چیاکان به چاوتروکانێک گه‌مارۆ ده‌ده‌م. جیهان له‌ناومدا کۆده‌بێته‌وه. ده‌نگم به‌ناو چاوتروکان بێکۆتاییه‌وه نقووم ده‌بێ. تۆش بێباکانه دهمخوێنیتهوه. وه‌ک باڵدارێکی بریندار له‌ناو ده‌نگته‌وه باڵه‌فڕێ ده‌که‌م. دوای ئازادکردنی چیاکانی دڵه‌وه سهرههڵدهگرم.
من تۆ بۆ ناخی مه‌رگ ئاوه‌ڵا ده‌که‌مه‌وه. که‌واته من هێشتا له ژیاندام. له‌ناو ناخی هه‌ستدا گیرۆده‌م. له‌ناومدا بوون ده‌له‌رێته‌وه.
هه‌نووکه له کولیکی نیسانێک ده‌دوێم، تۆش له بیرکردنه‌وه‌مدا نامه‌کان به‌جێده‌هێڵیت. مێشههنگووین ده‌بینی چۆن به دوای شیله‌ی گوڵه‌کاندا ده‌گه‌ڕێ؟ شانه‌کانی کولیکی نیسان شیرین‌ترین زایهندهیهتی. تۆوهکانیشی زایه‌نده‌ی گوڵه‌کانن. ده‌می گوڵه‌کان هه‌میشه کراوه‌ن و مێشههنگووینهکانیش هه‌میشه سۆراغی ده‌که‌ن. مه‌یلی مێشههنگووین بۆ شیله‌ی گوڵ، وه‌ک مه‌راقی جه‌نگی منه بۆ چیاکان. چیاکان به پێوه‌ن، هه‌قیقه‌تیش هه‌بوونێکی ئاماده‌یه. زاوزێکردن له جووتبوونی دوو جه‌سته‌ی هه‌نگووینی دایه. فراژوان له جووتبوونێکی دوو زایه‌نده‌ی ههنگووینیدا ده‌ستپێده‌کا. مێشههنگووین له زایه‌نده‌ی چیاکان گه‌رای هه‌قیقه‌ت داده‌نێێ. خودایه چیاکان به زهمهندێکی که‌سک داپۆشه! خودایه بناری قه‌ندیل پڕ بکه له کولیکی نیسان، تا مێشههنگووینهکان له‌وێدا سۆراغی شیله‌ی جیهان بکه‌ن. کورد له‌وێدا ئاماده‌یی ریشئاژۆیه. “زهیزهفۆن” به ده‌ست تێدامانی کێویهتی زاگرۆسییه‌کانه‌وه، مێژووی چیاکانی نووسییه‌وه. ئه‌ریستۆش له‌و رۆژه‌وه بیری له “ئاکاری چاکه و خراپه‌ی” سروشت کرده‌وه. من له جه‌نگی چیادام. چاکه‌ی چاوتروکانهکانی تۆ له ره‌چه‌ڵه‌کی چیادایه؟ ئه‌وه‌تا چیایه‌ک به وشه ده‌کێشمه‌وه.
کولیکی نیسان گوڵێکه له ره‌گه‌زی هه‌قیقه‌ت. کولیکی نیسان به شادییه‌کی شیله‌یی، خاکه وشکه‌که‌ی سه‌ر گۆڕی دایکم ده‌لاوێنێته‌وه. بایه‌کی بێ‌ماڵ په‌لکه‌کان کولیکی نیسان بۆ ماڵی راوگه هه‌ڵده‌گرێ. کولیکی نیسان به چاکه‌ی سروشته‌که‌یه‌وه، به‌ره‌و خۆی ده‌چێته‌وه. بۆنێک له شیله‌ی هه‌نگووین و په‌لکی کولیکه نیسانێ، بێده‌نگی بێماڵیی ئاوه‌دان ده‌کاته‌وه. که ژیانه هه‌ناسه ده‌کێشێ، جه‌سته‌ت بۆنڕێژ ده‌بێ. ئه‌وها خۆم بۆ ژنێتیت ئاوهڵادهکهم.
دایکم وه‌ک مێخه‌کێک به بناری”گردی پیرداود”ه‌وه ده‌دره‌وشێته‌وه. ئه‌وها مێخه‌ک چیتر مێخه‌ک نییه. مێخه‌ک ره‌گه‌زێکه له دایکم زارێ. “گردی پیرداود” ته‌نێ یه‌ک مێخه‌کی هه‌یه: دایکم.
هه‌ندرێن
به‌هار و هاوینی 2011
Handren_u@yahoo.se