Skip to Content

Thursday, August 11th, 2022

پەیامی ئاشکرا لە دیداری داخراوی بارزانی و نەوشیروان دا

Closed
by October 3, 2011 گشتی

   
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و هەرێم! لە چواچێوەی سەدانێکیدا بۆ پارێزگای سلێمانی چاوی کەوت بەسەرۆکی بزوتنەوەی گۆڕان. دیارە لە دنیای سیاسەتدا دیداری لایەنەسیاسیەکان و سەرۆکی حزبەکان بۆ لای یەکتری دیاردەیەکی ئاسایییە. بۆ حزب و رێکخراوەی سیاسی سەر بەیەک خانەوادەش نەبوونی سیستماتیکی ئەم دیدارو سەردانانە جیگای هەڵوێستە و لێڕامانە.
بەپێچەوانەشەوە روی داخراوی کۆبۆنەوەکان، شاراوەیی باس و گفتوگۆکان، نەبەستنی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی دوای کۆتایی کۆبونەوەکان… لە هەلومەرجی ئیستای دنیادا، نا ئاسایییەو بێ هیچ ئەمما ئەگەرێک هۆکاری داخراو بوون و نهێنی بوونیان، شاراوەیی ڕاگرتنیان بۆ ئەوەیە کە بەرژەوەندی تایبەت و هاوبەشی سەرو خەڵکی، یان پلان و نەخشەی لەباربردنی داخوازی و خواستەکانی کۆمەڵگای لەپشتە. هیچ حزب لایەنیكی سیاسی ئەو کۆبونەوانەی باقازنجی خەڵکن و بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی کۆمەڵگاو وەڵامدانەوە بە داواکارییەکانی کۆمەڵگان… ناخوازن کۆبونەوەکانیان شاراوە رابگرن و بە پێچەوانەوە هەموو ڕێگاو میدیا و قسەکەرانیان… دەخەنە گەڕ تا دەستکەوتی کۆبونەوەکان نیشانبدن، گەورەتر لە قەبارەی خۆی نمایشی بکەن، لە چوارچێوەی پیرۆز ڕاگرتندا شاخ و باڵی پێوەبلکێنن، وە توێژەرەوە و گوێ لەمستانی خۆیان بخەنەگەر بۆ لێکدانەوەی  لایەنەکانی.
ئەوەی لە دیداری بارزانی و سەرۆکی بزوتنەوەی گؤڕاندا روویدا، پێچەوانەی ئەمە بوو، پێچەوانەی بانگەشەکانی بزوتنەوەی گؤران بوو… کە کۆبونەوەی داخراو پشتی پەردە و ژوورە تاریکەکانیان… نییە، لایان بێزراوە. کەم قسەکەریان هەیە ئەم درۆیەی لەهەموو دەرکەوتنەکانیدا ڕانەگەیاندبێ. کەچی ئەم جارەیان نووسەرەکانیان ڕاوێژکارە بەرێزەکانیان و رۆشنبیرە بیر فراوانەکانیان! و قسەکەرە سیاسی و لێکۆڵەرەوە هەواڵەکانیان… خزاونەتە ژووری تاریکەوە و بە چپەوە دەڕوانە دیداری شاراوەو ژووری داخراوی کۆبونەوە نهێنی و شاراوە دووقۆڵیەکەی بارزانی و سەرۆکی بزوتنەوەی گۆڕان.
ئەمە راسییەکی سەلماوە کە هەموو کۆبونەوەو دیدارێکی نهێنی، نهێنیەک یان چەند نهێنیەکی لەپشتەوەیە و کۆمەڵیک دۆسیەی شاراوەی هەڵگرتووە.
  بزوتنەوەی گۆڕان بەئاشکرا ئەگەر بانگەشەی” خۆنمایش کردن و خۆراکی راگەیاندن و درۆیەکیش بووبیت” بڕیار بوو حکومەت و پەرلەمانی حزبی هەڵبوەشێنێتەوە و کۆی سیستەمی سیاسی بگۆڕێت. بڕیار بوو حزب و حکومەت لەیەک جیا بکاتەوە، بڕیار بوو دەسەڵاتەکانی یاسا دانان، جێبەجێکرن و دادوەری سەربەخۆ بکات، بڕیار بوو شەفافیەتی بودجە بسەپێنێ و راستی گربەستە نەوتی و بازرگانیەکان ئاشکرا بکات. بڕیار بوو تۆمەتبارانی خۆپیشاندان و ١٧ شوبات و دواتر ڕاپێچی دادگا بکرێن. بڕیار بوو یاسا سەروەر بکەن. بڕیار بوو جەنگی گەندەڵی بکەن و هێزە چەکدارەکان و دەزگای هەوڵگری و ئاسایش و بە نیشتمانی!! بکەن…تاد.
ئەمانەی سەرەوە لەسەرەتای دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە بەئاشکرا وتراون و ڕاگەیەنران، بێگومان کۆبونەوەی بارزانی و نەوشیراون خاڵییە لەم دۆسیانە، و دورە لە پێداگرتنەوە لەسەر ئەم بانگەشانە. ئەگەر نا ناکرێت کۆبونەوەی داخراوی بێ هیچ راگەیاندنێک بۆ کۆمەڵێک دۆسیە بکرێت کە پێشتر بەدەنگی بەرز بانگەشەیان بۆ کراوەو بونەتە سەرچاوەی ململانێی نیوان دەسەڵات ئۆپۆزیسیۆن.
لە دنیای واقعیشدا هیچ روداوێکی تازە نەهاتۆتە پێشەوە و ئاڵوگۆڕیکی بەرجەستە لە کەشی سیاسی هەرێمدا پێشنەهاتووە. حکومەت هەمان حکومەتی دەستی پارتی و یەکێتیە، پەیوەندی هەرێم و بەغدا هەر لەرزۆک و بێبنەمایە، دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەکە بەردەوامە، پەرلەمان کاریکاتۆریكی بۆش و ئەندامەکانی موچەخۆرو گوێ لەمستی حزبن، دەسەڵاتەکان لیکئاڵاون و حزب دەیان جوڵێنێ. هیچ دۆسیەو گرێبەستێکی بازرگانی و ریکەوتنامەیەکیان، ڕوناکیان نەدیووە و بودجە لرف دەدرێ. تۆمەتبارانی ١٧ شوبات و دواتر تائیستا ئازادن و بڕیارەکانی بارزانی مرەکەبی سەر کاغەزن.
کەواتە پرسیار ئەوەیە، کۆبونەوەی بارزانی و نەوشیروان کۆبونەوەی کام دۆسیە و کام پەروەندەی سیاسییە؟
هەر چاودێرێکی سیاسی بێلایەن و هوشیار و بەپێی پێشینەی کێشمەکێشێکی سیاسی و ململانێیەکی حزبی نیوان ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات، دەتوانێت پشتی پەردەو دیوە شاراوەکانی ئەم دیدارە بدۆزێتەوەو روناکی بخاتە سەر تاریکاندنی دیدارەکەی بارزانی و نەوشیروان.
دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان، خوازیارە دۆسیەی کێشمەکێشی هەرێم و بەغدا، دەستێوەردان و بۆمباران و سنوربەزاندنەکان، بەیەکدادانی چەکداری سەر سنورەکانی کوردستان- ئێران و تورکیا… بکرێنە دۆسیەی رۆژ و جیگا بە دۆسیە و کەشی بزوتنەوەی نارەزایەتی و تورەیی جەماوەری و کوردستان لێژ بکات. لەونێوەدا دەسەڵات دەیەوێت دەستی ئۆپۆزیسیۆن لەگەمەی ململانیی سەر ساحەی سیاسی کوردستان، کۆتا بکات و پەلکێشی ناو گەمەی رێکخستنەوەی ناو ماڵی کورد! یان بکات و دۆسیەو فایلی دەرەکی و سنورەکان و ململانێ ناوچەیی بکاتە سەنتێزی روانینیان.
 پاراستنی ئەزمونی کوردستان” کە مەبەست دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی” یە، لەرێگای  خەواندنی دەنگی نارەزایەتی شەقام و تورەیی خەڵکی کوردستان، ئەم خواستەیە کە یەکێتی و پارتی بەدوایەوەن. 
  بزوتنەوەی گۆڕان و سەرجەم ئۆپۆزیسیؤنی بۆرژوازی لە کوردستان، لەسەر ژینگەو دۆخێک پێیان گرتووە، کە یەکێتی و پارتی گەیاندۆتە سەر کورسی دەسەڵات و پچرینی پێگەی سیاسی و بەشداری لە بەغدا. بۆیە هەرکام لە لایەنانە ئەزمونی هەرێمی کوردستان بە شاڕێی گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان دەزانن و نایانەوێت ئەم دۆخ و ئەم جۆرە لە سیستەمی سیاسی کوردستان تیكبچێت. چونکە تێک چوونی ئەم سیستەمە بە مانای لەبەین چوونی حزوری سیاسی خۆیان دەزانن…
بارزانی لەم دیدارەیدا لەگەڵ نەوشیروان مسەفادا نوێنەرایەتی سەرجەم بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد و مەوقعیەتە سیاسیەکەی کردووە، وە دەشێت نەوشیروان مستەفای لە دۆخی سیاسی ناوچەکە و ئەگەرەکانی داهاتووی بەردەم بزوتنەوەی کوردایەتی بە ئاگا هێنابێتەوە. هاوکێشەی نیوان بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد لەگەڵ خەڵکی کوردستان و رووی لەداڕمانە و کەلێنی نێوان دەسەڵات و خەڵک زۆر قوڵ و بەرینە، ئەمەش لەپاڵ دەیان هۆکاریی تری وەک وەکو شۆڕشەکانی ناوچەکە، پاشەکشەی ناچاری زۆربەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا، دەستێوەردانی ئێران و تورکیا، ئەزمەی حکومی و دۆسیەی قەوارەسازی دوبارەی دەوڵەتی عێراق، تا دەگات بە ململانێ لەسەر دەیان دۆسیەی وەکو نەوت و غاز، هەموارکردنەوەی دەستور، مادەی ١٤٠ و ناوچەکێشەلەسەرەکان، سنور، بودجە، سەرژمێری…جێگاو رێگای بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردی بەرەو لاوازی بردووە. بەهەمان ئەندازەی لاواز بوونی بزوتنەوەی کوردایەتی و دەسەڵاتەکەی، ئەم بزوتنەوەیە لە ئاستی ناوچەکە و دنیاشدا، پێگەی سیاسیەکەی روو لەداکشانە.
ئەم پیگە تازەیەی ناسیونالیزمی کورد، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ هەموو لایەن و باڵە سیاسیەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، دیداری بارزانی و نەوشیروان مسەفا و داننان بەم دۆخەدا، دەشی میحوەری ترین باسی ئەم کۆبونەوە داخراوە بووبێت.
 هەوڵدانی یەک دەست بۆ خەواندنی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و ئیحتیواکردنی دەنگی نارەزایەتی شەقام و پیداگرتن لەپاراستنی ئەزموونی کوردستان، ئەو پەیامەیە کە نەدەکرا سەرۆکی بزوتنەوەی گۆڕان و بارزانی بەئاشکرا ڕایبگەیەنن.
ئیستا خەبەرێک لە پرۆژەکانی چاکسازی، باسیک لە پاکیجەکان… نییە. وە بزوتنەوەی گۆڕان ئەگەر لەبەر پاراستنی ئابڕوی سیاسی خۆی بەشداری لە حکومەتی داهاتوشدا نەکات، بەڵام دژایەتی حکومەت و سیستەمی سیاسی و حوکمڕانێتی کوردستان تائاستی گلەیی دۆستانە و رەخنەی بنیاتنەر لە حکومەت دەهێنێتە خوارەوە، پاشەکشە لەو هەموو بانگەشەو بەڵێنانە دەکات کە لە ریزێک پرۆژەی ئاگرینی چاکسازیدا، موتوربەی کردبوون.
کۆبونەوەی بارزانی و نەوشیروان لە ژوری داخراو و بەدوور لەچاوی کامیراکان و میدیاکان بەڕێوەچوو، بەڵام پەیامەکانی ئاشکران و تاریکاندنیان…ئەستەمە.    
ئەمەش راستیەکی گرنگ دەخاتە بەردەم خەلكی کوردستان، ئەو راستیەی کە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژاوزی کورد و بەتایبەتیش بزوتنەوەی گۆڕان تا ئەو ئاستە مەسەلەو پرسەکانی خەلكی کوردستان و دەنگی نارەزایەتی شەقام بۆیان گرنگە، کە داخوازییەکانی خۆیان و ئیمتیازاتی حزبیان بۆ فەراهەم بکات.
بزوتنەوەی گؤڕان…چ لەسەر ئاستی شەقام و چ لە ململانێی و گەمەی سیاسی لەگەڵ رەقیبە سیاسییەکانی لە کوردستان، رەوتی ڕولەنشێو دەپێوێت، ئامادەیە هەموو سات و سەودایەک بەخواستەکانی خەلکی کوردستانەوە بکات و لەسەر مێزەکانی گفتۆگۆی ئاشکراو نهێنیدا، هەرزانفرۆشیان بکات.
کۆتایی سێبتەمبەری ٢٠١١

       عەبدوڵا مەحمود
abdulla.mahmud@gmail.com

Previous
Next