
وتووێژ له‌گه‌ڵا عه‌لی مه‌ولود ئه‌ندامی ناوه‌ندی یه‌كێتی كۆمۆنیسته‌كان له‌عێراق
پرسیار
سیاسه‌تی خرۆشانی شه‌قام وه‌كو میكانیزم‌و ئالیه‌تێكی خه‌باتی سیاسی تاچه‌ند حیزبه چه‌په رۆژهه‌ڵاتیه‌كان سه‌ركه‌وتوو بوون له‌م شێوازه خه‌باته؟
وه‌ڵام
ئه‌گه‌رچی پرسیاره‌كه زۆر رۆشن نییه، به‌ڵام ده‌كرێت بوترێت یه‌ك له‌تایبه‌تمه‌ندیه گرنگه‌كانی حیزب‌و رێكخراوه چه‌په‌كان په‌یوه‌ندییه له‌گه‌ڵا شه‌قام، ئه‌مه‌ش یانی پشتبه‌ستن به ئیراده‌و ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ر له‌به‌ڕێوه‌بردنی سیاسهتو به‌دیهێنانی ئامانجه‌كاندا.
كاری حیزبه چهپو سۆسیالیسته‌كان به‌پێی ئامانجێك كه هه‌یانه بریتییه له وشیاریدان به‌جه‌ماوه‌ر، كۆكۆدنه‌وه‌و یه‌كگرتووكردنی هێزه‌كان، ناساندنی مافه‌كان، رێكخستن‌و ئاراسته‌كردنی ناره‌زایه‌تییه‌كان، ههڵخراندنو به‌ڕێوه‌بردنی چالاكیهكانو فۆرمۆڵه‌كردنی داخوازیه‌كان، ئه‌م كارانه به‌تایبه‌تی له‌رۆژهه‌ڵات له‌به‌ر دوو هۆكاری گرنگ هه‌میشه شێوه‌ی توند‌و تیژ به‌خۆوه‌ده‌گرن، یه‌كه‌م رژێم‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی رۆژهه‌ڵات دیكتاتۆر‌و سهركوتگهرو دژی ئازادی‌و دیموكراتینو توند‌و تیژ مامه‌ڵه‌ی هه‌موو جوڵانه‌وه‌كانی سه‌رشه‌قام ده‌كه‌ن، دووه‌م حیزبه چهپو سۆسیالیسته‌كانی رۆژهه‌ڵات وه‌ك كاردانه‌وه‌ی ئه‌م نادیموكراتی بوونه‌ی دهسهڵاتو وه‌ك پره‌نسیپیش كه‌باوه‌ڕیان بهئاڵگۆڕی خێرا‌و ریشهییو شۆڕشگێرانه هه‌یه‌و به‌شداری لهههڵبژاردنو چوونه ناو ده‌سه‌ڵات كهمبایهخو بێئاكامو هه‌ندێكجار به‌شوێنكه‌وتنی بۆرژوازی لێكده‌ده‌نه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وروپاوه كه حیزبه كۆمۆنیستهكانو حیزبه سۆشیالدیموكراتهكان ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌یان له‌م بواره‌دا پیشانداوه، كه ئه‌مه مهیدانێكو به‌شێكی گرنگی هه‌ڵخراندنی شه‌قامه‌و له‌م پرۆسه‌یه‌دا كه جه‌ماوه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی فراوان دێته‌مه‌یدان، ئێمه یان كه‌نار كه‌وتووین یاخود پێچه‌وانه‌ی ته‌وژم ههڵسوراوین.
هه‌ڵبه‌ت هه‌ڵبژاردن شێوازی تایبه‌تی بۆرژوازییه‌و سه‌ره‌تا بۆ جێبوونه‌وه‌ی چینی سه‌رمایه‌دار له‌ده‌سه‌ڵات سه‌ریهه‌ڵدا كه سه‌رمایه‌داره‌كان توانایه‌كی ئابووری زۆریان هه‌بوو به‌ڵام هیچ جێگایان نه‌بوو له‌ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان‌و بریاردانو به‌ڕێوه‌بردندا، به‌ڵام ئه‌مه به‌تێپه‌ڕبوونی كات‌و به‌رهه‌ڵستی به‌رده‌وامی كرێكاران‌و له‌ژێر گوشاری حیزبه سۆسیالیست‌و كۆمۆنیسته‌كان ئاڵوگۆڕی زۆری به‌سه‌ردا هاتووه‌و ئێستا مه‌یدانێكی گرنگه له هه‌ڵخراندنی جه‌ماوه‌رو به‌هێزكردنی شه‌قامدا.
له‌كاتێكدا جوڵانه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی كرێكاری‌و جه‌ماوه‌ری ئێستا زۆر فراوان‌و كاریگه‌ر نییه‌و رێكخراوه جه‌ماوه‌رییه سه‌ربه‌خۆكان له‌ئارادا نین‌و مانۆڕی هه‌ڵبژاردنه‌كان بوونه‌ته سه‌ره‌كیترین مه‌یدانی هاتنه سه‌رشه‌قامی جه‌ماوه‌ر، پارته چه‌په‌كان كه یاریكه‌ری سه‌ره‌كی نین له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌توانین بڵێین (وه‌كو ئێوه ناوتان لێناوه له “سیاسه‌تی خرۆشانی شه‌قام”) وه‌كو پێویست نین.
پرسیار
هۆكاره‌كانی پهرتهوازهییو پچڕپچڕی رێكخراو‌و حیزبه چه‌په‌كان چییه له‌كوردستان‌و عێراقدا؟
وه‌ڵام
مادام تێگهیشتنو به‌رژه‌وه‌ندی جیاواز هه‌یه له‌كۆمه‌ڵگادا، هه‌موو بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان رێكخراو‌و رهتو بۆچوونی جیاواز‌و جۆراوجۆر له‌خۆده‌گرن، هیچكاتێك مه‌رج نیه بزووتنه‌وه‌یه‌ك یان چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریكراو یه‌ك حیزبی تاقانه‌ی هه‌بێت، ئه‌مه بۆ بزووتنه‌وه‌ی چهپو سۆسیالیستیش حاڵه‌تێكی ئاسایی‌و سروشتیه، ئه‌گه‌رچی دهیانساڵا وه‌كو پره‌نسیپێكی جێگیر‌و نه‌گۆڕ ئه‌وه ده‌وترا كه: ” لهههروڵاتێك دوو حیزبی كۆمۆنیست هه‌بێت یه‌كێكیان هه‌ڵه‌یه” به‌ڵام له‌راستیدا ئه‌وه بیانووهێنانه‌وه بوو بۆ یه‌كتر قبوڵنه‌كردن نه‌ك بۆ یه‌كگرتن‌و یه‌كڕیزی، ئه‌مه له‌كوردستان‌و عێراقیش خۆی له‌خۆیدا بووه‌ته هۆكارێكی سه‌ره‌كی بۆ لێكدابڕان‌و پارچه پارچه‌كردنی بزووتنه‌وه‌كه‌مان.
هه‌ڵبه‌ت له‌دوو حاڵه‌تی دیاریكراودا ده‌توانین باسی یهكێتیو یه‌كڕیزی بزووتنه‌وه‌یه‌ك یان چینێكی دیاریكراو بكه‌ین:
یه‌كه‌م هه‌موو یا زۆربه‌ی حیزبه‌كان‌و رێكخراوه‌كان‌و نیهاده كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌ده‌وری پلاتفۆرمێكی سیاسی‌دا كۆببنه‌وه‌و بهئاراستهیهكو له‌چوارچێوه‌ی سیاسه‌تێكی دیاریكراودا كار‌و خه‌بات بكه‌ن، كه خاڵه هاوبه‌شه‌كانی هه‌موویان یاخود به‌مانایه‌كی تر به‌شێك له‌ئامانجه‌كانی هه‌ریه‌كه‌یان له‌خۆده‌گرێت، بۆ نمونه ئێمه هه‌موو چهپو كۆمۆنیست‌و ماركسیسته‌كانی كوردستانی عێراق له راپه‌ڕینی ئازاری 991دا سه‌رباری هه‌موو جیاوازی‌و ململانێكانمان لهپهرپاكردنو به‌ڕێوه‌بردنی بزووتنه‌وه‌ی شۆراییدا یه‌كمانگرته‌وه، كه له‌لایه‌كه‌وه هێزی گه‌وره‌ی به‌ئێمه بهخشیو له‌لایه‌كی تریشه‌وه بووه یه‌كێك له پرشنگدارترین دیارده‌و رووداوه‌كانی راپهڕینو چهندینساڵا كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان دانا.
دووه‌م: حیزبێك یان رێكخراوێكی سیاسی به‌شی زۆری بزووتنه‌وه‌كه به‌ده‌وری سیاسهتو به‌رنامه‌كانی خۆیدا كۆبكاته‌وه، جوڵانهوهكانو رێكخراوه‌كانی ههڵخڕێنێتو هه‌ماهه‌نگیان بكات، كه به‌رپاكردنی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری 1917 نمونه‌یه كه حیزبی به‌لشه‌فیك سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی حیزبێكی گه‌وره نه‌بوو، به‌ڵام توانی شوراكان‌و هێزی چینی كرێكاران‌و جوتیاران یهكبخاتو شۆڕش به‌رپا بكات.
به‌داخه‌وه بزووتنه‌وه‌ی چهپو سۆسیالیستی له‌كوردستان‌و عێراق ئیستا لههیچكامێك له‌و دوو حاڵه‌ته به‌هره‌مه‌ند نییه، نه‌هیچ حیزبێكمان هه‌یه بزووتنه‌وه‌كه به‌ده‌وری خۆیدا ههڵخرێنێتو نه‌خۆشمان له‌سه‌ر پلاتفۆرمێكی سیاسی ریكدهكهوینو یه‌كده‌گرین، كه بۆ حاڵی ئیستای بزووتنه‌وه‌كه‌مان ئه‌مه‌ی دووه‌میان گرنگ‌و پێویست‌و بهرههمبهخشه.
پرسیار
ره‌وتی چه‌پ له‌بواره‌كانی سیاسی و ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستاندا چۆن ره‌نگده‌داته‌وه؟
وه‌ڵام
ئه‌وه‌ی كه سیاسهتو بۆچوون‌و ئامانجه‌كانی ره‌وتی چه‌پ له‌بواره‌كانی سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ته‌نانه‌ت فه‌رهه‌نگیشدا پێویسته چ ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی هه‌بێت، له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌تی به‌داخه‌وه زۆریان نێوانه. له‌ماوه‌ی 20ساڵی رابردوودا جیاوازی چینایه‌تی په‌ره‌ی سه‌ندووه، بێمافی زیادیكردووه، مافی هاووڵاتی بوون نه‌ماوه‌و كه‌وتۆته په‌راوێزی ده‌سه‌ڵاتی بنهماڵهكانو حیزبه‌كانه‌وه، كاربه‌ده‌ستان له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی شهخسیو حیزبی‌دا وشیارانه رێگادهگرن له‌وه‌ی حكومهتێكو ده‌وڵه‌تێك دروست بێت كه مافی هاووڵاتی بوونی یه‌كسان‌و پێویستیه ستراتیژیه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه بكاته به‌رنامه‌ی كاری خۆی، ئازادیه‌كان زۆر به‌فراوانی پێشێلدهكرێن، به‌رۆژی روناك داهاتو سامانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه بهتاڵاندهبرێتو سات‌و سه‌ودای پێوه‌ده‌كرێت‌و خه‌ڵك‌و خه‌بیرو كۆمپانیای پێده‌كردرێت بۆ حیزب‌و بنه‌ماڵه‌ی میره‌كان، یاری بهچارهنووسو موقه‌ده‌راتی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌وه ده‌كرێت، خه‌ڵكیش به‌گشتی ئه‌م راستیانه دهزانێتو زۆر لێی نیگهرانو بێزار‌و ناڕازییه‌و رێگای زۆریش بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ئه‌م بارودۆخه له‌به‌رده‌ستدایه‌و ده‌رگاكانیش زیاتر له‌جاران به‌رووی خه‌ڵكدا ئاواڵه‌یه بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌جیهان، له‌بارودۆخێكی وادا ده‌بوایه ره‌وتی چه‌پ كاریگه‌ری فراوانی هه‌بووایه‌و وشیاری چینایهتیو لێكدانه‌وه‌ی ماركسیستی بره‌وی هه‌بووایه، به‌ڵام واقیعیهتهكه به‌مجۆره نیه‌و ئه‌وه‌ش چه‌ندین هۆكاری بابه‌تی‌و خودی هه‌یه، یه‌كێك له‌سه‌ره‌كیترین هۆكاره‌كان ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵكی كوردستان هیچ پشتیوانیه‌كی له‌جیهاندا نیه‌و ئه‌وه‌ی هه‌یه ده‌سه‌ڵاتی ئیمپرسیالیزمه كه نه‌خشه‌و پسپۆڕی تایبه‌تی داناوه تا حاكمانی ئه‌م وڵاته له‌وپه‌ری بێمافیدا خه‌ڵك كۆنترۆڵا بكه‌ن، ئاماده‌یه مه‌لایین دۆلار بخاته‌به‌رده‌ستی حیزبه قه‌ومی‌و ئاینی‌و تائیفیه‌كان بۆ به‌هێزكردن‌و پڕچهككردنیانو بۆ فێربوونی هونه‌ری فریودان‌و دابهشدابهشكردنی خه‌ڵك، به‌ڵام ئاماده نیه سه‌نتێك بۆ ژیانی خه‌ڵك خه‌رجكات.
مه‌سه‌له‌یه‌كی تر ئه‌وه‌یه كه چهپو سۆسیالیزم روناكبیر‌و قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستی نیه یان به‌مانایه‌كی تر نزیك به‌ته‌واوی روناكبیر‌و قهڵهمبهدهستهكانی ئه‌م هه‌رێمه به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان كۆنترۆڵكراونو سیاسیه‌كانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ش نه‌یانتوانیوه ئه‌م بۆشاییه پڕبكه‌نه‌وه، جگه له‌وتاری سیاسی، ئه‌ده‌بیاتی چهپو سۆسیالیستی له‌ئاستی نه‌بووندایه، ئه‌مه بواری داوه بهروناكبیرانو سیاسیه‌كانی بۆرژوازی كه هه‌لپه‌رستی‌و تاكگه‌رایی رهواجپێبدهنو ناوه‌رۆكی چینایهتیو ئیسانیو ماددی ماركسیزم‌و سۆسیالیزم له‌زهنی خه‌ڵكدا بخه‌نه ژێرداروپهردووی ئه‌وه‌ی گوایه ماركسیزم‌و سۆسیالیزم بریتیه له دژایه‌تیكردنی ئاین‌و خوا‌و مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی‌و به‌ره‌ڵایی سێكسی، مانای واقیعی سۆسیالیزم ونكراوه كه به‌رجه‌سته‌كردنی ئازادی‌و یه‌كسانی‌و خۆشگوزهرانیو نه‌هێشتنی ستهمو چه‌وسانه‌وه‌یه ته‌نانه‌ت سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی‌و ئاینی‌و ئه‌وه‌ش كه به‌ناوی ئازادی سێكسیه‌وه ده‌كرێت.
پرسیار
كێن ئه‌و لایه‌نانه‌ی له‌كوردستاندا هه‌وڵی كهلاخستنی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ ده‌ده‌ن؟
وه‌ڵام
هه‌وڵی كه‌نارخستنی چه‌پ مه‌سه‌له‌یه‌كی چینایه‌تیه، هه‌موو ئه‌و حیزب‌و لایهنو دامه‌زراوانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییان له‌چه‌وسانه‌وه‌و جیاوازی چینایه‌تیدا هه‌یه، ئه‌وانه‌ی لهبهرههڵستیو یه‌كسانی‌و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی نیگه‌رانن، ئه‌وانه‌ی لهوشیاریو ئاگاهی‌و ئازادی ده‌ترسن، هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ كزبوون‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌ری بزووتنه‌وه‌ی چهپو سۆسیالیستی له‌كۆمه‌ڵگادا.
ئێمه ده‌بینین ئه‌م ره‌وته له‌م وڵاته له‌سییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوه‌وه پهلاماردهدرێتو ته‌صفیه‌ی جه‌سه‌دی ده‌كرێت، درێژترین رووباری خوێنی له‌به‌ر رۆیشتووه، به‌درێژایی سێچارهكه سه‌ده تیرۆر‌و قه‌ناره‌و زیندان وه‌ك سێبه‌ر به‌دوایه‌وه بووه، له‌گه‌ڵا هه‌موو ئه‌وانه‌شدا هه‌ركاتێك بواری بۆ ره‌خسابێت كۆمه‌ڵگای به‌ره‌و ئاقاری پێشكه‌وتنی گه‌وره بردووه، به‌ردی زلی ناوه‌ته سه‌ر دڵی چهوسێنهرانو سته‌مكاران، رۆڵی شیوعیه‌كان لهبهرپاكردنو سه‌رخستنی شۆڕشی 58 دا ئاشكرا‌و دیاره، كه چه‌ندین ده‌سكه‌وتی سیاسی‌و ئابووری‌و یاسایی گه‌وره‌ی بۆ كرێكرانو جوتیاران‌و ژنان‌و پیشهوهرانو نه‌ته‌وه‌كان فهراههمكردو چه‌ندین هه‌نگاو ئیمپریالیزم‌و به‌ره‌ی كۆنه‌په‌رستی برده دواوه، له‌كوردستانیش تا ئه‌وكاته‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه هێزی هه‌بوو ناسیونالیزمی تازه به‌ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتووی كورد به ئاسانی نه‌یده‌توانی لایه‌نگری له‌بازاڕی ئازاد‌و هێرشه دژی ئینسانیه‌كانی سه‌رمایه‌داری دوای جه‌نگی سارد بكات‌و نه‌یده‌توانی دزی‌و گه‌نده‌ڵییه‌كانی خۆی به‌ده‌سكه‌وت بۆ خه‌ڵكی كوردستان بژمێرێَتو بیكات به‌منه‌ت به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه، هێزه دواكه‌وتوو كۆنه‌په‌رسته‌كان نه‌یانده‌توانی به‌ئاسانی خورافه‌و دواكه‌وتوویی وه‌ك جێگره‌وه‌ی زانست‌و سروشتناسی ده‌رخواردی خه‌ڵك بده‌ن، كه‌وایه هه‌موو ئه‌وانه به‌رژه‌وه‌ندییان له لاوازبوونی چهپو باوه‌ڕی سۆسیالیستیدایهو هه‌مووشیان به‌پاشه‌كشه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ده‌ستیان ئاوه‌ڵاتر بووه لهبردنهپێشی سیاسه‌ته‌كانیاندا.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرسیاره‌كه‌ی ئێوه بهموشهخهسی باسی ئه‌وانه‌یه كهراستهوخۆتر كه‌وتوونه‌ته به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه‌ی چهپو كۆمۆنیستیه‌وه ده‌توانین ئاماژه به “یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان” بكه‌ین كه له‌هه‌مووان زیاتر په‌لاماری ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ی داوه. هه‌ر له قڕناقاو پشتئاشانه‌وه بگره تا ئاڵای شۆڕش‌و تا شوراكان‌و ململانێی ئه‌م بیست ساڵه‌ش.
پرسیار
ئایا كار‌و خه‌باتی چه‌په‌كانی كوردستان‌و یه‌كگرتنیان له‌رێكخراوێكی سه‌رانسه‌ریدا چۆن ده‌بینن؟
وه‌ڵام
ناوه‌رۆكی سه‌ره‌كی سۆسیالیزم‌و كۆمۆنیزم یه‌كگرتنه، هه‌م وه‌ك سیستهمو هه‌م وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی سیاسی، ئینسانه‌كان ئه‌گه‌ر به‌ده‌وری ژیانێكی ئازاد‌و به‌رابه‌ردا یهكنهگرنو رێكخراو نه‌بن سۆسیالیزم دروشمێكی لێده‌مێنێته‌وه، وه‌كو بزووتنه‌وه‌ی سیاسی‌و چینایه‌تیش یه‌كگرتن پێشمه‌رجی سه‌ركه‌وتنه، بۆیه دروشمی سه‌ره‌كیمان یه‌كگرتنه ” كرێكارانی جیهان یه‌كگرن!” ئه‌مه بۆ وڵاتێك‌و هه‌رێمێك‌و شارێك‌و كارگه‌یه‌كیش راسته، بۆ رێكخراوه جهماوهرییهكانو حیزبه سیاسیه‌كانیش راسته، ماركس وته‌نی خه‌ڵك یان هیچ نیه یان هه‌موو شتێكه، هیچ نیه كه پهرشو بڵاوه كاتێكیش یه‌كگرتووبێت ده‌توانێت هه‌موو كارێك بكات.
ئێمه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م پره‌نسیپه گشتیه‌و له‌سه‌ر بنه‌مای خوێندنه‌وه‌ی بارودۆخی واقیعی ئێستا، باوه‌ڕی قوڵمان به یه‌كڕیزی‌و یه‌كێتی هه‌یه‌و به‌پێویستیه‌كی مێژوویی ده‌زانین لایه‌نه چهپو سۆسیالیتیهكانو رێكخراو‌و گروپ‌و كه‌سایه‌تیه جهماوهریو مه‌ده‌نیه پێشكه‌وتووخوازه‌كان به‌ده‌وری پلاتفۆرمێكی هاوبه‌شدا یهكبگرینو به‌ئاراسته‌ی به‌دیهێنانی كۆمه‌ڵێك ئامانجی هاوبه‌ش كار بكه‌ین، نه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه لهدۆڵێكدابین. ئێمه بۆ ئه‌م ئه‌ركه هه‌وڵی زۆرمانداوه، پرۆژه‌مان ئاماده‌كردووه‌و هه‌نگاوی بهكردهوهشمان ناوه، به‌ڵام هه‌موومان وه‌كیه‌ك رێگای بهدیهێنانو بوعده‌كانی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه نابینین، بۆیه له‌هه‌وڵی بهردهوامداینو پێمان وایه ئه‌مه له‌م بارودۆخه‌دا نزیكترین‌و كاریگه‌رترین رێگایه بۆ پێشكه‌وتن‌و هه‌ستانه‌وه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه. به‌ڵام ئه‌م رێگایه‌ش پێویستی بهناسینو تێگه‌یشتنی زۆرتره، چونكه ئه‌م یه‌كگرتنه مه‌رجنییه له‌چوارچێوه حێزبێكدابێت، هاوپه‌یمانی چڵه زه‌یتون له ئیتالیا‌و یه‌كێتی كۆمۆنیسته‌كان له‌فه‌ره‌نسا دوو نمونه‌ی زیندووی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ن كه ده‌كرێت له‌به‌رچاویان بگرین.
پرسیار
له‌دنیای ئه‌مڕۆدا دوای قۆناغێكی نوشستی‌و پاشه‌كشه، هه‌ستانه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی چه‌په‌كان هه‌ست پێده‌كرێت، ئێوه ئه‌م دیارده‌یه چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
وه‌ڵام
ئامانجه‌كانی چه‌پ ئامانج‌و پێویستی ئینسانین، كورتترینو كاریگه‌رترین رێگایه بۆ گه‌یشتن بهئاسودهییو به‌خته‌وه‌ری، بۆ به‌دیهێنانی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئازادی مرۆڤه‌كان، بۆ پێش‌گرتن به ستهمو چه‌وسانه‌وه‌و نایه‌كسانی، ئامانج‌و باوه‌ڕی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه به‌درێژایی مێژوو به‌شێكی گرنگ بووه لهئاواتی مرۆڤه‌كان، وه به‌درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م سه‌دان ده‌سكه‌وت‌و پێشڕه‌وتی گرنگ‌و پڕبایه‌خی خستۆته به‌رده‌م مرۆڤایه‌تی، ئه‌گه‌ر ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه عه‌داله‌تخوازو یهكسانیخوازو دژی سته‌مه نه‌بوایه نه‌ده‌زانرا چاوچنۆكی‌و قازانجپه‌رستی سه‌رمایه‌داری چ به‌ربه‌رییه‌تێكی به‌باڵای مرۆڤایه‌تی سه‌رده‌می خۆی ده‌بڕی. ده‌سكه‌وته‌كانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه هه‌ر له‌وه‌دا كورت نابێته‌وه كه خۆی دروستی كردوون، به‌ڵكو رژێمه‌كانی سه‌رمایه‌داریشی ناچاركردووه له‌پێناوی مانه‌وه‌ی خۆیدا چاكسازی له‌خۆیدا بكات، به‌تایبه‌تی ئه‌وروپا نمونه‌ی زۆر زیندووی له‌م باره‌یه‌وه تێدایه‌و گه‌واهی له‌سه‌ر ئه‌و راستیه ده‌دات كه لهههرشوێنو له‌هه‌ركاتێك بزووتنه‌وه‌ی چهپو سۆسیالیستی به‌هێز بێت مافه‌كانی مرۆڤ بهگشتیو خواسته‌كانی چینه هه‌ژاره‌كان زیاتر ده‌سته‌به‌ر دهبنو كه‌متر ده‌كه‌ونه به‌ر هێرشو په‌لامار، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه لاوازی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له‌هه‌ر كات‌و شوێنێكدا زه‌مینه‌كانی ستهمو چه‌وسانه‌وه زیاد دهكاتو مرۆڤه‌كان له بێمافیدا له‌قاڵب ده‌دات.
كه‌وایه هه‌ستانه‌وه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه هه‌میشه ئه‌گه‌رێكی گه‌وره‌یه، مرۆڤه بێمافهكانو سته‌ملێكراوان پێویستیان پێیه‌تی، بۆ به‌رگرتن به ستهمو زۆرداری پێویسته، ته‌نانه‌ت بۆ پارێزگاریكردنی ژیان له‌سه‌ر گۆی زه‌وی پێویسته كه به‌هۆی چاوچنۆكی‌و قازانجپه‌رستی سه‌رمایه‌دارییه‌وه كه‌وتۆته‌به‌ر مه‌ترسی، ئه‌و بوژانه‌وه رێژه‌ییه‌ی له‌هه‌ندێك شوێنی جیهان هه‌ست پێده‌كرێت ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌مانه‌یه. ئێمه خۆشبینو گه‌شبینین به‌هه‌ر جوڵانه‌وه‌یه‌كی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه، به‌ڵام پێشمانوایه هێشتا رێگرییه‌كانی به‌رده‌ممان زۆرن، هێشتا زۆر نارۆشنی هه‌یه ده‌بێت رۆشنیكهینهوه، زۆر گرفت هه‌یه ده‌بێت هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی بدهینو زۆر كارههیه ده‌بێت ته‌واویان كه‌ین. ههماههنگیو لێبڕاویو له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی بزووتنه‌وه‌یی هه‌وێنی ئه‌و كارانه‌یه.
————–
تێبینی ئه‌م وتووێژه له‌ناوه‌راستی مانگی 12ی 2010 كراوه، به‌ڵام بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه، له‌به‌ر گرنگی لێدوان له‌م بابه‌ته به‌باشمانزانی بیخه‌ینه پێشچاو ئه‌گه‌ر دره‌نگیش كه‌وتبێت.