سـوڕانـه‌وه …. ئاری عوسمان خه‌یات
سـوڕانـه‌وه
من دوێنێ هاتم، ویستم چیرۆكێك له باره‌ی خۆم و ته‌نیاییه‌وه بنووسم، ئه‌گه‌رچی (ته‌نیایی) بابه‌تێك نییه، كه تازه‌تازه، پێویستی به منێكی بابا و سه‌رگه‌ردان بێ، تا قسه‌ی له‌باره‌وه بكه‌م و به‌سه‌رهاتی خۆم و ئه‌وتان بۆ بگێڕمه‌وه، ئه‌مه له‌ده‌مێكدایه، كه پێموایه به‌سه‌رهاتی ته‌نیایی هیچ كه‌سێ له هی كه‌سێكی تر ناچێ، عه‌ینه‌ن چۆن به‌سه‌رهاتی عه‌شقی هیچ كه‌سێ له هی كه‌سێكی دی ناچێ و.. ئیتر ئاوا تا كۆتایی هیچی هیچ كه‌سێ له هیچی هیچ كه‌سێكی تر ناچێ، به‌ڵام هه‌روه‌كی ئه‌وه‌ی پێیڕاهاتووم، بێگوێدانه ئه‌وه‌ی چ ده‌نووسم و چ ناوه‌كی لێده‌نێم، بێ ئه‌وه‌ی گوێیش به‌وه بده‌م، چ كه‌سانه‌ك ده‌مخوێننه‌وه، هه‌ستام و چوومه به‌رده‌م شاشه‌ی (كۆمپیوته‌ره حیزه‌كه‌م)، هه‌ركه ده‌ستم داێی، نووسیم:
ته‌نیایی
مانگ به ده‌وری خۆردا ده‌سوڕێته‌وه..
مانگ له (29) ڕۆژدا به ده‌وری زه‌ویدا ده‌سوڕێته‌وه..
زه‌وی له (24) سه‌عاتدا به ده‌وری خۆردا ده‌سوڕێته‌وه..
زه‌وی به ده‌وری خۆردا له (365) ڕۆژدا ده‌سوڕێته‌وه..
خۆر له (25) ڕۆژدا به ده‌وری خۆیدا ده‌سوڕێته‌وه..
خۆر به ده‌وری هیچدا ناسووڕێته‌وه..
ئه‌وه ته‌بیعه‌تی تۆیه،
بۆیه من به قه‌د سوڕانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه،
له ئه‌زه‌له‌وه بۆ ئه‌به‌د به ده‌وری تۆدا ده‌سوڕێمه‌وه،
ئه‌ی كچه خوێن شیـرینه‌كه‌م،
ئه‌ی ته‌نیایی..
ئێستا هه‌رچه‌نێ له بیچمی ئه‌و چه‌ند دێڕه ورد ده‌بمه‌وه، هیچ شتێكی تیا نابینمه‌وه له چیرۆك بچێ.. شتێكی تیا نییه، تا بتوانم پێش هه‌ر خوێنه‌رێك، خۆمی پێقایلكه‌م و بڵێم: به‌ڵێ ئه‌وه چیرۆكه.. یان شیعره، هه‌ی هاوار خۆ له شیعریش ناچێ، ئه‌م چیرۆكه، كوره ئه‌م حیكایه‌ته، ئه‌م نووسینه.. نازانم ئه‌م چییه‌م له هیچ ناچێ..
به ڕاستی سه‌یره، ئه‌م ته‌نیاییه‌ی من زۆر سه‌یره، وه‌ك بۆم نانووسرێته‌وه، له هیچیش ناچێ، هاوڕێیان..