باڵنده‌یه‌ک که نییه …. شیعری: ڕەزا عەلی پور
به کورتی…
لەو کاتەوەی ڕۆیشتووی
سپێده‌ی هه‌موو ڕۆژێک
دره‌خت
ده‌ڕوا بۆ شێتخانە
بــــــا
له‌سه‌ر قادرمه کۆنکرێته‌کان
هاتنت ڕا چیچکه ده‌کا
زۆر جێی داخه؛
پێخەف و چه‌رچه‌فی ماڵه‌که
که‌وتوونه‌تە سه‌رجاده
چرپا.. قه‌نه‌فه و حه‌مامه‌که
یه‌ک به دوای یه‌ک
ده‌ستیان دایه خۆکوشتن
په‌نجه‌ره‌که؟
یه‌که‌م ڕۆژ دیقی کرد
من؟
ده‌مبینی وه‌ک سه‌گ نــــا
وه‌کو شاعیر درۆ ده‌که‌م
***
لەگەڵ خۆما حەرفم نییە
لاره‌ولار
ئاڵف نووستووم و
لە ژێر کڵاوه‌که‌ما ماندوێتی دەژیم
دیسان قسەیەکی باش ناچێ به سه‌رمدا
ئه‌سپانێک دەژمێرم کە نین
ئەوان ئه‌سپیان برد و
قاڵاو یان ناشت
جاربه‌جار لەدەوروبەری دونیا لادەدەم
ئەمەوێ لەژ‌ێر کڵاوەکەما
له په‌یڤا
لە ئاڵفا،
نەء
به شه‌که‌تی، قاڵاو ده‌ڕۆم
***
عه‌سران
له‌گه‌ڵ هاوژووره‌که‌م
هێلکه‌وڕۆن ساز ده‌که‌م و
که‌وانه کرایەوە،
باوێشک ده‌ده‌م
به‌یانیان
له‌گه‌ڵ “سێ/و”
ده‌چمه سه‌ر کارێک که نیمه
شه‌و
تۆ
له خۆمدا ڕائه‌هێنم
دیسان
که‌وانه کرایەوە..
خۆزیا بهاتبای
تا عه‌سر
دابه‌شی دوو و
“سێ/و”
دابه‌شی تۆ و
ئه‌م که‌وانه نه‌فه‌ره‌تییه
بۆ هه‌میشه.. هه‌میشه
دائه‌خرا
***
ئاسمان به دوو به‌شی نایه‌کسان دابه‌ش ده‌که‌ن
نیوه‌ی بۆ باڵنده‌کان
نیوه‌که‌ی تریشی بۆ قاووقژی باڵنده‌کان
*
زه‌وی که‌وانه‌ی قایمتری پێویستە
***
چەمەنزار،
من و
باڵنده‌یه‌ک که نییه
هه‌رسێکمان
به ده‌نگی خامۆشی تراکتۆر
گوێ ده‌ده‌ین
***
پایز،
خودی پایز
نه‌ک وه‌رزه‌که‌ی
بۆ تیمارستان ده‌با
دڵی من
***
ئه‌وه کێ “هه‌ینيی” هه‌ڵکه‌ندووه
تا به تۆ نه‌گه‌م؟
***
ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕانی شیعر مه‌حاڵ بێ، وه‌رگێڕانی شیعری “ڕه‌زا عه‌لی پوور” دووجار ڕیسکه، “عه‌لی پوور” زمانبازی ده‌کا و فه‌زای کارکردنی ئه‌و له شیعردا “به‌بڕوای من” ته‌نیا زمانه، گواستنه‌وه‌ی ئه‌م زمانکارییه له زمانێکی تاڕاده‌یه‌ک نزیکی وه‌ک فارسيی-يشه‌وه بۆ کوردی بۆ هه‌ر وه‌رگێڕێک کارێکی خۆش و بێ سه‌ریه‌شه نییه. وه‌رگێڕانی ئه‌م تایپه له نووسین، نوسینه‌وه‌ی شیعره‌که‌یه به زمانی دووه‌م و گواستنەوەی فۆرمە وەکو خۆی، ئەمەش ئەگەر جارێ دەستواڵایی بێت لە جوڵاندن و گواستنەوە و شوێنگۆڕکێ بە وشە، جارێکش ئیلتیزامە بە دروستکردنەوەی ساختومانێکی هاوشێوە لە زمانی بەرامبەردا، ئەمە ئەو شتەیە، کە لەیەک کاتدا سەخت و لەزەتباریشە.
توانا ئه‌مین
بۆ من نووسین گرنگه، وه‌ک پراتیک، بۆ شاعیری دوو/ زمانه زۆرجار جۆری زمانه‌که شیعر خۆی هه‌ڵیده‌بژێرێ نه‌ک شاعیر، ئه‌مه‌ش هه‌م خه‌ته‌ره هه‌م ده‌رفه‌ت، چوونکوو تۆ میوانی زمانێکی که به میوان ناتبینن، له هه‌مانکاتدا له زمانی کوردیش‌دا خانه‌خوێی خاوه‌ن ماڵ نیت، بۆیه نووسه‌ر و شاعیرێکی وه‌ک من (که زۆربه‌ی ته‌مه‌نی خوێندن و خوێندنه‌وه‌م به فارسی خوێندنه‌وه تێپه‌ڕیوه)، له سه‌ر سنووری دووزماندا ده‌ژی، زۆر شت ده‌توانێ په‌رته‌وازه‌ی لایه‌کی سنووره‌که‌ی بکات و دیسان بیگه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌ر سنوور، من هێنده ده‌زانم چ به کوردی بنووسم، چ به فارسی و ده‌قیشم هه‌رچۆن بێت، قه‌ت نه‌مویستووه ببم و نابم به کۆڵه‌که‌یه‌ک و ناچه‌قم، ئه‌م ئاواره‌ییه له ناو زماندا چه‌شنێک له ئازادیشی تێدایه که باسێکی دیکه‌یه. سه‌باره‌ت به‌م وه‌رگێڕانه، پێموابێ هیچ شاعیرێک له ته‌رجه‌مه‌ی شیعری خۆی رازی نییه و هاوکات حه‌زیش ده‌کات ده‌قه‌کانی وه‌ربگێڕدرێن. ئه‌گه‌ر واز له‌و وه‌سواس و نارسیزمه گشتییه‌ی شاعیر بێنین، حه‌زم کرد ئه‌م شیعرانه وه‌رگێڕدران و ماندووبوونی پێوه دیاره. زۆر جار ده‌پرسم ئایا شیعر به تایبه‌ت شیعری زمان ته‌وه‌ر وه‌رده‌گێڕدرێت؟ ئه‌ی ئه‌وه نییه به سه‌دان کتێبه شیعر وه‌رگێڕدراوه؟ ئه‌وه‌ی که چه‌نده سه‌رکه‌وتوون به راستی نازانم، دایده‌نێم بۆ ره‌خنه‌گرانی شیعر و وه‌رگێڕان، ئه‌و که‌سانه‌ی که هێشتا نین.
ڕەزا عەلی پور