Skip to Content

Friday, April 19th, 2024

سەدە تاریكەكان….. عەبدولوەهاب شوانى

Closed
by March 25, 2008 ئەدەب

 پێم لە نێو قوڕى  پاش كەوتووى گیربووە
 كەوشەنم دەست نەخشى پیاوێكى پێ پەتییە و
 گڤەم دىَ لە نێو گەردەلووى ڕۆژهەڵاتى تۆزاوى
 خودایە رشستەیەك فانۆسم بە سەردا ببارێنە
 ئەو قاچانەم بۆ كوىَ فڕێدەم
 ڕیزێك تیشكى خۆتم تێبگرە
 ئەو تەزووە خیانەت نەبىَ
 چ پرسێكى پێنییە بۆ مەزلوومیەتى من
 بەردیش لە من نەرمترە
 دەنا ئەو لاشەیەم لە تەشكە پەڕۆیەك زێتر نییە
 مێشیش لە من جوانترە
 دەنا ئەو دڵەم لە ناوەخنى پێڵاوێك ڕووناكتر نییە
 ئێمە لە بەردەم ڕەشایى گلێنەوە
 تۆ پەڵە بەفرێكى سپى نابینین
 كەچى ئەوان لە ئەستێرەكانەوە
 تەعارف لەگەڵ بچوكترین حەشەراتى بن گەڵایەك دەكەن
 ئێمە دنیا لە داوێنى پەپولەیەك دەبینین و
 بەو مەراقەوە تەڕاتى ناوەوەى خۆمان بسمیل دەكەین
 كەچى ئەوان لە شەقى ئەسپێكەوە غەریزە هەڵدەگرن و
 جیهانى مەخلوقێكى تر دەدۆزنەوە
 تەمەن مۆتەكەى ماسیەكى نابینایە
 ئەى مەزلوومترین مەخلوقى خودا
 گەر كەرتێك نەبى لەمن چیتر نى ئەى ژن
 كام ئیمان من لە ژێر چەپەرۆكى تۆ ڕزگار دەكا
 كام ئاین من لەبن دەستى غەریزەكان دەردێنىَ
 كام ماچ لێو لە لێوى شەڕ دەكاتەوە
 هیچ شتىَ ئەوەندەى شەڕ ڕێنمایمان ناكا
 شەڕ نەبىَ ئاشتى لە قڕێژى نێو پەنجەى شێتێك زێتر نییە
 درۆ نەبىَ ڕاستى لە پاشماوەى كەفاوێك سپى تر نییە
 مردن نەبىَ ژیان لە ڕزینى سێوێك بە هادار تر نییە
 شەڕ نەبا كىَ فیری دەكردین دەستمان بە ژنێك گەرم كەینەوە و
 لە پیاڵەى ژنێكى تر
 شەڕابى خیانەت فڕكەین
 شەڕبوو لە كەلتوورێكى پیرى مارە بڕین و
 ڕاپێچى نێو ئەشكەوتەكانی كردینەوە
 شەڕبوو چڕنووكى جانەوەرەكانى پێ بەخشین و
 لە نێو ترسى دڕندەكان وونى كردین
 لەو دیو تاریكى تیشكێكى یەزدانى
 من دەبینىَ و من ئەو نابینم
 لە پشت ئەو ڕەنگانە دەیەها ڕەنگى سەیر هەیە
 دەبىَ خودا ڕەنگەكانى خۆى كەشف نەكا
 یا چاوى من لە ئاوێنەیەك تیژتر نییە
 لەو بەر بیناییم مەخڵوقێكى ئاوى هەیە
 كاتم لەگەڵ بەش دەكا و من نایبینم
 دەبىَ جنەكان لەمن جوانتربن
 یا ڕۆحى من لە هى مردوویەك گەشاوەتر نییە
 چەند بەدبەختە ئەوەى بازرگانى بە كفنى ئێمەوە دەكات
 چەند یاخییە لە خۆى
 ئەوەى دارەبازە بۆ ئێسكى ئێمە دەنەخشێنێت  
 كە گشتمان لەم دنیایە دەربكرێین
 چەند غافڵە ئەوەى پەنجەرەى دیوى نووستنى ڕەنگ دەكات
 زەمەن لە تێفكرینەكانى من بێبەرییە
 دەنا بەم زوویە لە دایك نەدەبووین
 لە سەدەكانى بەرد جێ نەدەماین
 بەرد ئەى كۆنترین مەخڵوقى خودا
 لە پشت تۆوە غەیبێكى ئیلاهى هەیە
 دەبىَ كلیلى ئەو غەیبە بە دەست خوداوەبىَ
 یا ئاوەزى من لە مێروولەیەك بەرزە فرترنییە
 گومانم هەیە كە دەریا
 جەستەى دەبێتە یەك پارچە هەڵمى شەهوەت
 ئەو كات دەبىَ هەور تف بارانمان بكا
 یا ئەوە ئاسمانە ئارەقەى شەرمى لێدەتكىَ
 
     عەبدولوەهاب شوانى
 
abdulwahab_983@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.