سه‌رچاوه‌کانی بوون له چیرۆکی(گوڵی مریه‌م)ی توانا ئه‌مین دا
بوون وه‌کوو چه‌مکێکی فه‌لسه‌فی زۆری له‌سه‌ر گوتراوه، هه‌ر له‌و کاته‌وه‌ی مرۆڤ له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه له‌بوونی خۆیی و بوونه‌کانی ده‌ورووپشتی ڕوانیوه، پرسیارگه‌لێکی ده‌رباره‌ی بوون له‌کن درووستبوه. ئایا ئه‌و بوونانه چین؟ من چیم و کێم؟ سه‌رچاوه‌ی ئه‌و بوونانه چییه؟ مرۆڤی سه‌ره‌تا کاته‌ک گوێی له‌ده‌نگه‌کانی نێو سرووشت بووه لێیان ترساوه، سڵی لێیان کردۆته‌وه، بۆیه‌یش بۆ هه‌ر دیارده‌یێک لێکدانهوهیێکی ئه‌فسانه‌یی بۆ کردوون، ئه‌مه‌یش مانای ئه‌وه‌یه توانای لێکدانهوهیێکی لۆژیکی و زانستانه‌ی نه‌بووه، بۆ هه‌ر دیارده‌یێک ئه‌فسانه‌یێکی داناوه، یان کردوویه‌تی به خواوه‌ندێک و په‌رستوویه‌تی.
دواتر به‌پێی گه‌شه‌کردنی بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤ، ورده ورده بیرکردنه‌وه و ژیانی مرۆڤ گه‌شه‌یکرد. له‌سه‌رده‌می یۆنانییه‌کان، بیرکردنه‌وه له بوون و گه‌ردوون قۆناغێکی نوێی تۆمارکرد. چه‌ندین فێرگه بۆ فه‌لسه‌فه و زانسته‌کان کرانه‌وه. هه‌ر فێرگه و مامۆستایێکی هه‌بوو، وه‌کوو فێرگه‌ی ئایۆنی که بۆ تالیس ده‌گه‌ڕێته‌وه، فێرگه‌ی ئیلیایی که به‌ناوبانگترین زاناکانی: ئه‌نه‌کساگۆرس، زینۆ، ئه‌مبادۆکلیس بوون. هه‌ریێک له‌م فێرگانه، ته‌نانه‌ت زانا و فه‌یله‌سووفیش هه‌ن سه‌رچاوه‌ی بوونیان بۆ شتێک گه‌ڕاندۆته‌وه، بۆ نموونه تالیس سه‌رچاوه‌ی بوون بۆ ئاو ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، ئه‌نه‌کسیمانس که زانایێکی سه‌ر به فێرگه‌ی ئایۆنییه، سه‌رچاوه‌ی بوون بۆ هه‌وا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، هێندێکی تر بوون بۆ گل ده‌گه‌ڕێننه‌وه.
ئێمه له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا ده‌هه‌وڵدا ده‌بین بۆ دیاریکردنی سه‌رچاوه‌کانی بوون له چیرۆکی(گوڵی مریم)ی (توانا ئه‌مین)، ئه‌ویش له‌ڕێی کردنه‌وه‌ی کۆده‌کانی نێو چیرۆکه‌که. ئه‌وه‌ی تاکوو ئێستا من له‌چیرۆکه‌کانی توانا به‌گشتی تێبینیم کردووه، توانا گه‌مه‌یه‌کی زۆر به زه‌مه‌ن و شوێنه‌کان له چیرۆکه‌کانیدا ده‌کات، هه‌روه‌سا گێڕه‌وه‌ش به‌هه‌مان شێوه گه‌مه‌ی گێڕانه‌وه ده‌کات، جاری وا هه‌یه، هه‌ست به‌چه‌ند گێڕه‌وه‌یه‌ک ده‌که‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ورد سرنج بده‌ین هه‌مان گێره‌وه‌یه خۆیمان لێ ده‌گۆڕێت، ئه‌م گه‌مانه‌ی توانا ئه‌مین له زۆربه‌ی چیرۆکه‌کانیدا بوو‌نی هه‌یه.
گێڕه‌وه‌ی چیرۆکه‌که که‌سی یێکه‌می تاکه، ئه‌م گێڕه‌وه له‌گه‌ڵ خۆی له ململانێکی سه‌ختدایه ، له‌گه‌ڕانێکی به‌رده‌وامدایه بۆ ده‌ستخستی وه‌رامی کۆمه‌ڵێک پرس، هه‌ر ئه‌م گه‌ڕانه‌یشه کاری کردۆته سه‌ر ته‌واوی ژیانی گێره‌وه، به‌و مانایه‌ی ئه‌وه‌نده عه‌وداڵی وه‌رامه هه‌ست به‌شوێن و کات ناکات، بۆیه له‌بیری ده‌کات له چ شوێنێکه، یان زه‌مه‌ن چ زه‌مه‌نێکه، به‌مه‌یش چیرۆک‌نووس ناچار ده‌بێت کۆمه‌ڵێک گه‌مه‌ی شوێنی و زه‌مه‌نی بکات، بۆ نموونه کاته‌ک گێره‌وه له که‌ره‌ج تووشی براده‌رێکی ده‌بێ، براده‌ره‌که‌ی له هه‌واڵی ده‌پرسێ که هه‌ر له که‌ره‌ج ماوه‌ته‌وه، یان که‌ی هاتۆته‌وه که‌ره‌ج ئه‌ویش له‌وه‌رامدا ده‌ڵێت : ” کوا هاتوومه‌ته‌وه؟! ئه‌وه نییه هه‌ر له‌وێم” ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌م ڕسته‌یه بکه‌ین، شپرزه‌یی ده‌روونی پێوه دیاره، ئه‌مه‌ش خاسیه‌تی زۆربه‌ی گێره‌وه و کاره‌کته‌ره‌ی چیرۆکه‌کانی توانایه، ئیش‌کردنی توانا، هه‌میشه ئیشکردنێکی کامۆیانه بووه، ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌و ژیانه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین ده‌گه‌ڕێته‌وه که تێیدا ژیاوه، هه‌روه‌ک (کاروان کاکه سوور) له پێشه‌کی کۆمه‌ڵه چیرۆکی(کچی ناو تابلۆکه)ی چیرۆک‌نووس ئاماژه‌ی پێداوه، توانا له‌گه‌ڕانێکی به‌رده‌وامدایه بۆ دۆزینه‌وه‌ی خود، ئه‌ویش له‌ڕێی وێرانکردنی دنیای خۆی، ئه‌مه‌یش له‌ڕاستیدا یێکێکه له‌خاڵه دیاره‌کانی یاخیبوون، چونکوو یاخیبوون واته وێرانکردنی ئه‌و دنیایه‌ی تێیدا ده‌ژی و سه‌رله‌نوو درووستکردنه‌وه‌ی به‌شێوه‌یێکی جوانتر.
پێشتر ئاماژه‌م به‌گه‌مه شوێنی و زه‌مه‌نییه‌کاندا، له‌م چیرۆکه‌دا سێ چیرۆک ئاماده‌ییان هه‌یه، که له‌یێک کاتدا هه‌مان گێڕه‌وه ئاماده‌یی هه‌یه، کاته‌ک سه‌یر ده‌که‌ین، له‌م چیرۆکانه شوێن،کات، فه‌زای چیرۆکه‌کان جوایه‌زه، به‌ڵام یێک گێڕه‌وه‌یان هه‌یه، به‌شێوه‌یێک تێکه‌ڵ کراون که خوێنه‌ر هه‌ست ناکات سێ چیرۆک ده‌خوێنێته‌وه، بۆ نموونه، یێک گێڕه‌وه‌مان هه‌یه، له‌هه‌مان کاتدا کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی چیرۆکه‌که‌یه، جارێک له که‌ره‌جه و به‌دوای کچێکدا ده‌گه‌ڕێ، جارێک له‌گه‌ڵ کچێکه سه‌رچاوه‌کانی بوون به‌رباس ده‌ده‌ن، جارێک له‌گه‌ڵ دایکییه‌تی له‌ماڵه‌وه و تووشی نه‌خۆشی بووه. ئه‌گه‌ر سه‌یر بکه‌ین له‌به‌رده‌م سێ چیرۆکی جوایه‌زی تێکه‌ڵ به‌یێکی خاوه‌ن یێک گێره‌وه‌ین. هه‌رسێ چیرۆکه‌که چنینه‌که‌یان به‌شێوه‌یێک ڕۆچوونه‌ته نێو یێک بۆیه‌یش خوێنه‌ر له‌کاتی خوێندنه‌وه‌دا به یێک چیرۆکی ئه‌ژمارده‌کات.
گێڕه‌وه که له‌هه‌مان کاتدا کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی چیرۆکه‌که‌یه، به‌دوای کچێک به‌نێوی مریه‌مدا ده‌گه‌ڕێت، که‌پێشتر زۆر قسه‌یان له‌سه‌ر بوون و سه‌رچاوه‌ی بوون کردووه، له‌ئه‌نجامی نه‌دۆزینه‌وه‌ی تووشی نه‌خۆشی ده‌بێت و له‌ماڵه‌وه ده‌که‌وێت. مریه‌م سه‌رچاوه‌ی هه‌موو تشته‌ک بۆ ئاو ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر ئێمه به‌وردی له بۆچوونی مریه‌م بڕوانین، بۆچوونێکی ئایینیانه‌یه، هه‌روه‌ک له قورئانیش ئاماژه به‌وه‌کراوه هه‌موو شتێک له‌ئاوه‌وه خه‌لقکراوه، یان سه‌رچاوه‌ی زیندووبوونی هه‌موو تشته‌ک له‌سه‌ر زه‌وی ئاوه، واته ئه‌گه‌ر ئاو نه‌بێت بوو‌نی ئه‌وانیش نابێت. له‌وێوه ده‌هه‌وڵدایه له‌بوونی خودا بگه‌ڕێت، به‌ڵام هه‌رچی کاره‌کته‌ره زێتر پێداگری له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی بوون بۆ گل ده‌کات. ده‌کارێت لێره‌وه کێشه‌یێکی فه‌لسه‌فی هه‌ست پێ بکه‌ین. هه‌روه‌ک ده‌زانین کێشه‌ی بوون و پرسیاره فه‌لسه‌فییه‌کان ده‌مێکه له‌نێوان به‌رداشی ئایدیاڵ و ماتڕیالدا دێت و ده‌چێت. ئه‌گه‌ر ئه‌و تابلۆیه‌ی که ئه‌فلاتوون و ئه‌رستۆی تێدا کێشراوه سه‌یر بکه‌ین. ئه‌فلاتوون به په‌نجه‌ی ئاماژه‌ی بۆ ئاسمان کردووه، هه‌رچی ئه‌رستۆیه به په‌نجه‌ی ئاماژه‌ی بۆ زه‌وی کردووه، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ی ئه‌فلاتوون بوون و حه‌قیقه‌ت بۆ ئاسمان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، هه‌رچی ئه‌رستۆیه بۆ سه‌ر زه‌وی ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه، لێره‌وه ده‌توانین ئه‌و خوێندنه‌وه بۆ ئه‌م چیرۆکه بکه‌ین، مریه‌م که ده‌کارێت (مریه‌می دایکی مه‌سیح) بێ، وه‌کوو که‌سێکی ئایدیاڵ هه‌موو بوون بۆ ئاسمان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، هه‌رچی کاره‌کته‌ره، که گێڕه‌وه‌ی سه‌ره‌کیشه بوون بۆ گل، زه‌وی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، لێره‌وه‌یه گه‌ڕانێکی به‌رده‌وامه بۆ دۆزینه‌وه‌ی خودا وه‌کوو خولقێنه‌ر، به‌ڵام گه‌ڕانی مریه‌م گه‌ڕانێکه ته‌واو ئایینیانه‌یه بۆ نموونه :” شه‌وێک له قسه‌کانیدا وتی: (خودا به‌شێکه له‌هه‌موو شتێک.) ئه‌مه‌ی وت‌و وه‌ستا و قه‌یرێکی زۆر راما و دواتر وتی( ده‌توانین وه‌هاش سه‌یری بکه‌ین که هه‌موو شتێک به‌شیكه له‌خودا.)” ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌م گوتانه بکه‌ین، ته‌واو ئایینیانه‌یه، گه‌ڕانی مریه‌مه بۆ دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی بوون. به‌ڵام وه‌کوو پێشتر ئاماژه‌مدا گێره‌وه له‌نێو خاک و له‌سه‌ر زه‌ویدا به‌دوای بووندا ده‌گه‌ڕێت، بۆیه کاته‌ک ده‌بینێ مریه‌م گوڵه‌کانی خستۆته نێو ئاوه‌وه، لێی ده‌پرسی بۆ نایانخه‌ته نێو ئینجانه‌یه‌ک، مریه‌میش وه‌رامی ده‌داته‌وه که ئینجانه گلی ده‌وێت، ئه‌ویش ئاره‌زووی له گل نییه. که‌واته لێره‌وه ململانێی نێوان ئایدیاڵ و ماتڕیاڵ ده‌بینین. گێره‌وه سه‌رچاوه‌ی بوون بۆ زه‌وی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه. ئه‌م هه‌موو گه‌ڕان و ململانێیه به‌ته‌کنیکی چیرۆک کاریان له‌سه‌رکراوه.
ئه‌م ته‌کنیکانه‌ی نێو چیڕۆکه‌که له‌ڕێی چه‌ند گه‌مه‌یه‌کی زه‌مه‌نی و شوێنی ئه‌نجامدراوه. خوێنه‌ر له‌ساتی خوێندنه‌وه‌ی چیرۆکه‌که‌دا، گه‌مه‌یه‌کی سه‌یری له‌گه‌ڵ ده‌کرێت. به‌تایبه‌ت ئه‌و ته‌کنیکه‌ی له‌کن (ماریۆ ڤارگاس یووسا) به (گواستنه‌وه‌ی شوێنی گێڕه‌وه) ناوده‌برێت. ئه‌مه ئه‌و ته‌کنیکه‌یه که له‌ساتی گێڕانه‌وه‌دا، گێڕه‌وه گێڕانه‌وه‌که‌ی ده‌وه‌ستێنێت و جڵه‌وی گێرانه‌وه ده‌درێته ده‌ست گێره‌وه‌یه‌کی تر، بۆ نموونه له‌ده‌سپێکی چیرۆکه‌که‌وه گێره‌وه که‌سی یێکه‌می تاکه، خۆی ڕووداوه‌کان ده‌گێڕێته‌وه” زایه‌ڵه‌ی هاوار و دادی ژنێک ، وه‌ک لوره‌ی بایه‌کی دوور، له گوێم‌دا ده‌زرنگێته‌وه. ده‌ڵێیت له‌من هه‌ڵدێن، ده‌ڵێی له‌باران.” هه‌ر دوو لاپه‌ڕه دواتر، گێره‌وه شوێنی ده‌گۆڕێت، به‌بی ئه‌وه‌ی ڕایه‌ڵه‌یه‌ک له‌نێوانیاندا هه‌بێ، یه‌کسه‌ر شوێن و ڕۆڵی گێره‌وه ده‌گۆڕێت. “کراسێکی ئاودامان شیرییت وا له‌به‌ردا،هه‌رچی گوڵی تێدایه کاڵ کاڵ کاڵه..” لێره‌وه ئاراسته‌ی گێڕانه‌وه‌ی گێڕه‌وه ڕووی له‌که‌سی دووه‌مه.
هه‌ر به‌هه‌مان شێوه کار له‌سه‌ر گۆڕینی شوێن له‌کاتی گێڕانه‌وه‌دا کراوه، به‌شێوه‌یێکی هونه‌ری شوێنه‌کان ئاڵوگۆڕی گواستنه‌وه‌یان له‌کاتی گێڕانه‌وه‌دا له‌گه‌ڵ کراوه. ئه‌م گواستنه‌وانه له چیرۆکه‌کانی توانا زۆر به‌رچاو ده‌که‌ون، زه‌مه‌نه‌کانیش به‌هه‌مان شێوه گواستنه‌وه‌یان پێده‌کرێ. بۆ نموونه سه‌ره‌تای گێرانه‌وه‌ی چیرۆکه‌که شوێن و کاتی له که‌ره‌جه، له‌نکاو دێته‌وه کوردستان که دایکی هه‌موو مه‌رقه‌ده‌کانی کردووه، و دوعای بۆ کردووه، به‌بێ ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌یه‌کی بۆ خۆشکرابێ، ئه‌مانه‌یشی به شێوه‌یێک تێکه‌ڵ به‌یێک له‌کاتی گێرانه‌وه‌دا کردووه، که خوێنه‌ر هه‌ست به دوو شوێنی و دوو کاتی جوایه‌ز ناکات، ئه‌م فێڵه‌ی توانا له‌خوێنه‌ر زۆر هونه‌ریانه‌یه، مێشکی خوێنه‌ر به شێوه‌یێک له‌کاتی ئه‌و گه‌مه شوێنی و کاتییانه ده‌شێوێ که هه‌ست به‌و گواستنه‌وانه نه‌کات. له‌کاتی گێڕانه‌وه‌دا له‌نکاو هه‌موو گه‌مه‌کان ده‌کات به‌بێ ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌یان بۆ خۆش بکات. گرنگی ئه‌و ته‌کنیکه‌ش له‌وه‌دایه که له‌نکاو ئه‌و گواستنه‌وانه له‌کاتی ڕه‌وتی گێڕانه‌وه‌دا ڕووبدات. به‌ڵام ده‌بێ چیرۆک‌نووس ئاگه‌داری هونه‌ری و ورده‌کاری بێت نه‌که‌وێته هه‌ڵه‌وه،توانا له‌مه‌دا هونه‌ریانه کاری له‌سه‌ر کردووه، ئه‌م گواستنه‌وانه‌یشی له‌پێناو گه‌ڕانێکی به‌رده‌وام به‌دوای خۆیدا کردووه، به‌ڵام خۆی کێیه و له کوێیه؟ هه‌ر به‌گێڕانه‌وه به‌دوای وه‌ده‌ستخستنی وڵامه‌که‌یه‌تی.
حه‌مه مه‌نتک