Skip to Content

Monday, August 8th, 2022

فەلسەفەی ئازادیی! …. به‌شی حەوتەم و کۆتایی

Closed
by October 11, 2011 فەلسەفە

 

    به‌شی حه‌وته‌م:
خۆناسیی، دنیاناسیی، خۆگۆڕین

جیهانی دەرەوە ئەو کاتە جیهانی تۆیە کە هارمۆنی هەیە لەگەڵ تۆدا، لەگەڵ رۆحتدا کە درێژبوونەوەی خۆیەتی تۆیە، خۆشەویستیی تۆیە، خواستی ڕەوای تۆیە.
دەوترێ: دەتوانی ئەسپ بەریە سەر ئاو، ناتوانی وای لێ بکەی ئاو بخواتەوە.
فەلسەفە رێگات نیشان دەدا چۆن چاوی ناوەوەت بکەیتەوە، چۆن کێشەکان شی بکەیتەوە، چۆن چرایەك هەڵگری و بەدوای ڕاستییەکاندا عەودال بی.
بەڵام فەلسەفە ناتوانێ چاوی ناوەوە و دەرەوەت بکاتەوە، ئەوە هەر خۆتی دەتوانی چاوی ناوەوەت بکەیتەوە، نەهێڵی بەئەستورایی تاریکی رابێ، لە تروسکایەکان خۆی بدۆزێتەوە. ئەوە هەر خۆت دەبێ بزانی چۆن دەروانییه‌ دنیای ناوەوە و دەرەوە چۆن هاوتەباییان لە نێواندا دروست دەکەی، چۆن ڕووداوەکان دەخوێنیتەوە، چۆن دیاردەکان تێ دەگەی، چۆن ڕەفتار دەکەی، چۆن بڕیار دەدەی خۆت لە کوێدا و لە چ دا دەبینیه‌وە.
ئەوسا هەموو دیمەنەکە لات دیار و ڕوون دەبێ، پێویستیت بە ڕێبەرو مامۆستا و ئەفسەر و پۆلیس نییه‌. گەر تۆ ئەو هێزەی بینین و لێکدانەوەت هەیە گەر هەست دەکەی هه‌لومه‌رجبه‌ندیی  دەرەوە و ناوەوە داگیری کردووی، هەست دەکەی هەمیشە دەستی دووی و نا ئازادی: ئەوە مانای وایە تۆ پێویستیت بە ژیانەوە هەیە، پێویستیت بە لە دایکبوونەوە هەیە، ئەوەش نابێ تا شۆرشێکی سایکۆلۆژی لە دەروونی خۆتا، لە خودی خۆتا بەرپا نەکەی، تا تۆ دنیایەك لە هوشیاریتدا ئەنجام نەدەی.
ئایا دەتوانی ئەمە ئەنجام بدەی؟
ڕەنگە: نەء.
چونکە تۆ هه‌لومه‌رجبه‌ندی، بیربەندی، سایکۆبەندی. رەنگە لە ناختدا گەندەڵی نەبێ، بەڵام تێوەگلاوی گەندەڵیت، هەر نەبێ سوودمەندی لێی. وەکو ئەوانی تری، تۆ دڵی خۆت به‌وه‌ ده‌ده‌یه‌وه‌ که‌ تەنیا ئەوە دەکەی کە دەوروبەرەکەت دەیکا، سیستمی ژیانت لەسەر ئەوە وەستاوە، تۆ فێربووی تەنیا ئەوە ببینی کە بەرژەوەندیت دەیەوێ بیبینێ، گوێ بۆ گەرەلاوژەکانی دەرەوە بگری، هاواری ناوەوەت گوێ لێ نەبێ، گه‌ر تاوانت بینی چاوبنوقێنی، خیانەتت بینی خۆی لێ گێل کەی، باوەڕت بەوە نییه‌ کە هیچ دەگۆڕێ، دەستت بە گۆچانی باوە گرتووە تا کڵاوەکەت نەبا.
لە هەردوو ئەم بارانەی سەرەوەدا تۆ لە بوون وەستاوی، تۆ هەیت بەڵام بوونت نییه‌، ناوت هەیە ناوەڕۆکت نییه‌، کەسیت بەڵام کەسێتییت نییه‌.
تۆ باکت نییه‌، ئازادی نەبێ، ڕاستگۆیی نەبێ، دادپەروەری نەبێ.
بەرژەوەندی ماددی جێگەی هەموو شتێکی تری گرتووە، بەرژەوەندیەك کە هەقی خۆتە، بەڵام خۆتی لە پێناودا دەدۆڕێنی، دەبەخشی، بەرژەوەندیەك کە تەعبیر لە خودی خۆت ناکات،
خۆیه‌تیت دروست ناکا، تۆی کردووە بە کۆیلەی موچە، کۆیلەی دەسەڵات، کۆیلەی ئەوی دی، کە ئێستا لە هۆشتدا ئامادەیە، تۆی کردۆتە رەقیبی خۆت. ڕاستە مرۆڤ کۆمەڵییە، ڕاستە ئێمە بەبێ پێوەندی و هاوکارییە کۆمەڵییەکان ناتوانین نە کۆمەڵ نە تاکێتیی خۆمان لەناو کۆمەڵدا دروست بکەین. هەبوونی خودی زمان ئافەریدە و ئامرازی هەبوونی کۆمەڵایەتییە: قسەکردن دووانە، دووان: ئامادەیی دووکەس، دووڕا، دوو سەرنج لە تێگەیشتنی ژیان و بەڕێوەبردنی کارەکانماندا، زمان جەوهەری دایەلۆگە، دایەلۆگ قسەکردن و گوێگرتنی بەردەوامە، دۆزینەوە و نوێکردنەوەی بەردەوامە. ئێمە پێوستمان بە ئەوانی دیکەیە بۆ ئەوەی خۆمان بناسین، سوودبەندی و خاڵە لاوازەکانمان هەست پێبکەین، بەیەکەوە بۆ دابینکردنی خواست و پێویستی و داواکانمان کاربکەین، لە پرۆژەیەکی مەدەنی دیموکراتیدا هاومەبەست و هاوکار بین. بە نەبوونی دایەلۆگ، ئاڵوگۆری تیۆری، دیباتی عەقڵانی، ڕەخنەگرتن و ڕەخنەوەرگرتن: ئێمە وزە و توانستە هۆشیی و عەقڵانییه‌کانمان و کارامەیی و شارەزایی پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتیمان لە دەست دەدەین. بمانەوێ و نەمانەوێ ئێمە کۆمەڵین و کۆمەڵگاین، کۆمەڵ ئەو مەیدانەیە کە ئەرکە مرۆڤی و ویژدانی و کۆمەڵییەکانمان بەرامبەر یەکتر جێبەجێ دەکەین.
خۆشترین خۆشی خۆشی هاوتەبایی و خۆشی ڕۆحی بە کۆمەڵییە، خۆشی بەشداریکردنە لە بەها کۆمەڵییە بەرزەکان و رۆحییەکان و نەتەوەیی یەکان، له‌ پرۆسه‌ی یه‌کسانی ئازادی و خۆشه‌ویستیی.  ئەو کاتە پێوەندی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵ بوون لە مانا و لە ناوەڕۆك لە رۆح دادەماڵدرێ کە بەها بەرزەکان و پێوەندییە یەکسانەکان نامێنن، کە کۆبەندی کۆمەڵایەتی لە ناوەوە گەرای گومان و گەندەڵی و گوناح و تاوان لێی دەدا.
ئێمە چۆن مناڵەکانمان خۆش بوێن و بۆ پاشەڕۆژیان کار بکەین، چۆن پاداشتی تەمەنی پڕ خزمەتی دایك و باوك بدەینەوە، چۆن ئەو بەهرە و توانا و حەماس و ئاواتەی هەمانە بیخەینە خزمەتی مرۆڤایەتی یەوە کە ئامادەییەکی چالاکمان لەناو جەرگەی کۆمەڵەکەماندا نەبێ؟
بەڵام ئەم ئامادەیی یە دەبێ ئامادەییەکی ئێستایی ویژدانی هەستیاریی، هوشیاریی، ڕۆحی بێ.
کاتێك پێوەندی کۆمەڵایەتی دەبێتە پێوەندییەکی ساختە ڕووکەش بەرژەوەندیخواز ولە دەسەڵاتەوە بڕیاردراو، ئەوکاتە دەبێتە هەلومەرجبەندیی کۆیلایه‌تیی، کۆمەڵایەتی بێ کۆمه‌ڵ، کۆمه‌لی بێ کۆمه‌ڵایه‌تیی.
گەورەترین مەترسی کۆمەڵایەتی ئەو هەڕەشەیە کە بۆ سەر تاکێتیی کەسێتی و خۆیه‌تیی خود دروستی دەکا. کە ناچارت دەکا لەگەڵ رەوە بکەوی، لەگەڵ قەومی عەلی شیش بقیرێنی. کە بۆ خاتری قبوڵکردن و لۆمەنه‌کران و خۆ لەگەڵ خستن، پشت دەکەیتە پرینسیپەکانت، بەهاکانت بێ رێز دەگری، سۆراغی ساختەیی دەکەیت نەك ڕاستیی: بەناوی پێکسازییه‌وه‌، بە ناوی پاراستنی ئاشتی و یەکێتییەوە، بە ناوی ترس لە نەبوونی تەباییەوە، خۆت دەکەیتە کەسێکی دی، ئەوەی ئەوان دەیخوازن، ئەوەی کەخۆت پێی رادێی و ئەو بنکار و رێکاره‌ی ژیانت دەداتێ کە لە سیناریۆی رؤشنبیره‌ هه‌لومه‌رجبه‌نده‌که‌دا سەرنجمان دا.
ئەو ساختە بوونەیە کە وات لێدەکا بە بیری ئەوانی دی بیر بکەیتەوە، بە زمانی ئەوان قسە بکەی، موساوەمه‌ لەسەر ئایدیالەکانت، بەهاکانت، تەنانەت شەرەفیشت بکەی. ئەو هێزە زەبەلاحەی دەرەوە کە دروست دەبێ چۆکی دادەداتە سەر سینگت، ئەو دەنگەی ناوەوەت کپ دەکا کە خەون بە ئازادی  و خۆشەویستی ڕاستەقینە، جوانیی، یەکسانی و ژیانی کۆمەڵایەتی رۆحی دەوڵەمەند و ڕازاوەوە دەبینێ. لەو کاتانەدایە کەوەك لە پێشەوە ئاماژەکرا، بەرامبەر بوونەوەی ئەم دامێنەی ژیانی کۆمەڵایەتی به‌ کشانەوە لێی، به‌ نەفرەت کردنی، وەستان بەرامبەری دەرفەت دان بە خۆت بۆ خۆنوێکردنەوەت: دەبێتە پێویستییەکی سایکۆلۆجی رۆحی کۆمەڵایەتی جەوهەری.
ئەم چوونە ناو (خەڵوەتی خود) ه وە دوورکەوتنەوەیە لە کۆمەڵ، نەك جیابوونەوە لێی، دۆزینەوەی ئارا و فه‌زاو و مەودایە بۆ کۆبوونەوەی خۆت لەگەڵ خۆت، بۆ گێرانەوەی لەحزە ئازادەکانت، بۆ حیساب و کیتاب کردن لەگەڵ سەودا و مامەڵەکانی تەمەنت.
کاتێك بۆ ڕامان، ساتێك بۆ هوشیاربوونەوەی رۆحی و دۆزینەوەی ڕازەکانمان، دەرفەتێك بۆ دیدار لەگەڵ ئازادی، ژووان لەگەڵ خۆشەویستی، زیندووکردنەوەی پەیمانی کۆمەڵایەتیمان پەیمانێك لەسەر بنەما پیرۆزەکانی ئازادیی، خۆشەویستی ویەکسانی دەرفەت دامەزرابێ، دوور لە هەڵخه‌ڵەتێنەرەکانی بەرژەوەندی و تەما و پلە و پایە و دووفاقی کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆجی.
گەر خۆت نەتوانی بچیتە ژووانی ڕاستەقینەی خودی خۆت، گەر نەتوانی بەرامبەر حەقیقەتی سایکۆلۆجی و کۆمەڵایەتی خۆت ڕوو بە ڕوو بیتەوە، چۆن دەتوانی بەرامبەر کۆمەڵ، دەرەوە، سیاسەت، سیستم، دەسەڵات بوەستی؟
گەر تۆ خۆت نەگۆڕی، چۆن دەتوانی جیهان بگۆڕی؟ بەڵام ڕەنگە حەزی زۆرت لە گۆڕان و لە پێشکەوتن، لە دروستکردنی جیهانێکی نوێ هەبێ کە حەقیقەتی خۆتی تێدا نەدۆڕێنی، ئینسانییه‌تی خۆتی تێدا هەراج نەکەی، تێیدا دەستی دوو و سێ نەبی، لەگەڵ خودی خۆتدا درۆ نەکەی.
بەڵام بە تەمای کەسانی دی ئەم جیهانەت بۆ دروست بکەن، خەڵکی دی هه‌لومه‌رجبه‌ندییەکەت بگۆڕن.
کەسانی دی  ببنە پێشەنگ و تۆ بەدوایان کەوی، کەسانی دی مەکۆ دروست بکەن و تۆ لەگەڵیان بکەوی. پاڵەوانێ بێتە شوان و تۆ لەگەڵ مەڕەکان بکەوی.
خۆت خۆت نەگۆڕی خوداش ناتگۆڕێ.
گۆڕین لە خۆتەوە لە خودی خۆتەوە دەست پێدەکات.
خودا چاودێریت دەکا تا خۆت خۆت بگۆڕی تا لەم پرۆسەیەدا ئاسانکاریت بۆ بکا، هیدایەتت بدا، تا هەستەکانت ڕاستر و دڵسۆزانەتر بن، هەنگاوەکانت خۆڕاگرتر و بەهێزتر دەکا.
گۆڕان دۆڕانە گەر لە خۆوە دەست پێنەکا.
گەر لە خودەوە، لە سایکەوە، لە بیرەوە، لە گۆڕینی هەڵوێست و گوتار و ڕەفتار و کرداردا خۆی نەنوێنێ و نەسەلمێنێ. چ گەمژەیی یە بە کەسێکی دی یان کەسانی دی بڵێی وەرە بمگۆڕه‌!
وەرە جلەکانم بگۆرە، دیمەنم بگۆڕە، پێوەندی من بە مناڵەکانم و خێزانەکەمەوە بگۆڕە.
پێوەندیم بە دۆست و کۆمەڵەوە بگۆڕە، بیرکردنەوەم بگۆرە، لە دەردەکان رزگارم کە.
لە خەرافات و ئه‌فسانه‌ پاکم بکەرەوە، هەلومەرجی کار و چالاکی ژیانم بۆ چاك بکە، لە مەراق و رەشبینی دەرم بکە.
بەڵێ گۆڕان هەموو ئەمانەیە، هەموو ئەمانەیە کە تەنیا خۆت لە ڕێگای سەلماندنی ئازادی بیرکردنەوە و ئیشی خۆت و خۆشەویستییەوە ده‌توانی ئەنجامیان بدەی.
تەنیا بە خۆشەویستێك و لە ڕێگای خۆشەویستییەوە دەتوانی بڵێی: وەرە ئازارەکانی دەروونم سووك بکە، ئەویش تەنیا وەك خۆشەویست و لە رێگای خۆشەویستییەوە دەشێ بتوانێ ئەم ئەرکە لە ئەستۆ بگرێ.
ئەگینا وەكی تر هەموو ئەرکەکە لە ئەستۆی خۆتە ئەرکی گۆڕینی خۆت وەك سەرەتا و مەرجێکی جەوهەری هەنگاوی سەرەکی بۆ گۆڕینی دەوروبەرەکەت، بۆ ئازادبوونت لە هەلومەرج بەندییەکەت، بۆ دەربازبوونت لە کۆیلایەتی کۆمەڵایەتی.
کەس ناتوانێ لە جیاتی تۆ هەست بکا، بیر بکاتەوە، بخەوێ، بخوا، کار بکا، هەلوێست وەرگرێ، جیهانەکەت بگۆڕێ.
دەبێ خۆت ئەو پۆشاکانە داڕنی که‌ تۆیان کردووە بە دەستی دوو.
دەبێ خۆت چاوی ناوەوەی خۆت بکەیتەوە و پرشنگ و فەزای فراوان جیهانی نوێ، خەون و تەمای مەزنت بداتێ و وزە و خواستی بەهێزی خۆگۆڕین و جیهانگۆڕیت پێ ببەخشێ.
گەر تۆ خۆت نەگۆڕی، خۆت تازە نەکەیتەوە، بە هیوای ئەم و ئەو بی ئەوە تۆ تەنیا خۆت لە وێنەی خەڵکی تردا کۆپی دەکەی، بە عەقڵی کەسانی تر بیردەکەیتەوە، لەگەڵ بەرژەوەندی کەسانی دیکەدا خۆت دەگونجێنی.
لەمەدا لە ئاخریدا (مەگەر کەسێکی هەلپەرست و خۆڕه‌پێشکەربی) ئەگینا هیچت دەستناکەوێ (کەرێتیی) خۆت نەبێ، کەرێتیی حاشا بە مانای سوکایەتیکردن بە کەر نا، بەڵکو بە مانای بار هەڵگرتن بۆ کەسانی دی، نەقیزه‌ وەرگرتن بۆ کەسانی دی، هەوراز و نشێوکردن بۆ کەسانی دی و مانەوەی پشت و شان و ملی خۆشت وەك خۆی یان زۆر داڕزاوتر.
بە تەمابوونی گۆڕین بە هیوای کەسانی دی: سیستم، ڕێبەر، ئایدۆلۆجی، بەرنامەی حیزبی و هەر شتێ خۆتی تێدا نەبینی و نەدۆزییەوە و چالاك نەبی، مانای وایە تۆ زیاد لە بۆشیی خۆت، ڕووتی خۆت، دەستی- دوو- بوونی خۆت، هێزێکی دیکەت، دەسەڵاتێکی دیکەت لەناو مێشکت دا دروست کرد. کۆبەندییەکی تازەی کۆیلایەتیت دامەزراند، قفڵی تازەت بۆ کەلێنە ئازادەکانی مێشکت دروستکردن، زنجیری تازەت بۆ قاچت سازکردن، وات لە خۆت کرد ببیتە برغۆیەك لە پرۆسەیەکی میکانیکیدا، لە دەرەوەی خۆت و لە سەرەوەی خۆت.
هەست دەکەی تۆ دەبێ ئەمە بکەی چونکە هەلومەرج، کەسانێك، جۆرە پێوەندییەکی ڕابردووی یان ئێستایی هێزێك، حیزبێك، دەسەڵات و قۆنته‌راتچییه‌کی سیاسی، لەتۆ دەخوازێ ئەمە بکەی گەر بیکەی رەنگە پاداشت بدرێیتەوە بەرژەوەندیت بپارێزرێ و پتر بکرێ، گەر نەیکەی رەنگە پەراوێز بکرێی، بێبەش بکرێی، پاشەرۆژت نادیار بێ.
بەڵام تۆ هەر لە سەرەتاوە خۆت کردە پەراوێز، بەدواکەوتوو، بەکارهێنراو.
ئەمە جیایە لە پرۆژەی گۆرینێك کە هی خۆت بێ، کە درێژ بوونەوەی خودی خۆت بێ بۆ ناو خەڵکی دی، درێژبوونەوەی هەست و سۆز و خواستی خەڵکی دی بێ بۆ ناو دنیای بیر و تەماو خەونی تۆ، پرۆژەیەك لەسەر بنەماکانی ئازادی و خۆشەویستی سۆزی رۆحی و هاودەنگی بۆ یەکتر بوون و یەکتر بەهێز کردن دامەزرابێ. پرۆژەیەك کە بە ڕاستی و دروستی بە تیئۆری و به‌ کردەوەیی دیمۆکراتی بێ بە مانای پرۆژەی هاوبەشی هەموو تاکەکان، دەسەڵاتی هاوبەشی هەمووان، بڕیاری دایەلۆگ و بڕیاری سیاسیی هاوبەشی هەمووان.
بە قبووڵکردنی بێ مەرجی ئەجندای ئەوانی دی، بە قبوڵکردنی ئایدیۆلۆجیای پێشەکی بڕیاردراو، بەرنامەی پێشەکی نووسراو، دەسەڵاتی دەرەوەیی ئەوانی دی، فەرمانی سه‌ره‌وه‌ی سەرانی دی، تۆ لە غەریبییەکی هەمیشەیی‌دا دەژی، لە خۆهەڵخەڵەتاندنێکی تایبەتیدا دەژی، تۆ لەو وەهمەدا دەژی کە گۆڕان لە ئایدیۆلۆجیا دایە، لەبەرژەوەندی دایە، لە سیاسەت دایە، لە ڕەدووکەوتن و لەگەڵ ڕەوەکەوتن و بوون بە قەومی عەلەشیش‌دایە.
نا، ئەوەی گەوهەریی‌یە، ئەوەی ڕاستە، ئەوەی دەبێ بگۆڕێ: خۆتی، خودی خۆت.
گەر تۆ لەبەر رۆشنایی وەزعی کەسێکی دیدا خۆت بخوێنییه‌وە ئەوە تۆ هەر وەك مورید و (مام بەڵێ) خۆت دەخوێنیتەوە.
ئەگەر تۆ لە ژێر سایەی کەسێکی دیدا خۆت بدۆزیتەوە ئەوە تەنیا وەك پەڵەسێبەرێکی تاریك خۆت دەبینی، هەمیشە بە دەست دوو و سێ دەمێنییه‌وە، هەمیشە لە ژێرەوە لە پەراوێز دا دەمێنیتەوە.
گەر بە پلەی بەرژەوەندیدا بەرزبیتەوە ئەوا بە قاڵدرمەی به‌ربوونه‌وه‌دا دەبێ بێیتە خوارەوە.
گەر تۆ بە تەمابی کەسێکی دی، هێزێکی دی بێ تۆ رێك بخا، ئەوه‌ مانای وایە تۆ خۆت لە ناوەوە ڕووخاوی، لە ئاژاوەدا دەژی، نە بیر نە بەرنامە، نە خواست نە توانستی خۆدروست کردنەوەت هەیە و دەبێ رێکبخرێیتەوە.
تۆ دەتەوێ کۆیلە و بندەستی دەسەڵاتێکی دەرەوەیی لە تۆ باڵاتر، بەهێزتر، بەرژەوەندیداتر بی کە نیزام و رێکبەندی و توانای کار بۆ تۆ بگێرێتەوە.
بەڵام ئایا هیچ دەسەڵاتێ توانیوێتی و دەتوانێ ناوەوەی مرۆڤ دروست بکاتەوە؟
هیچ دەسەڵاتێ قەت ویستویەتی مرۆڤایەتی مرۆڤ بگێرێتەوە؟
هیچ دەسەڵاتێ ویستویەتی خۆیەتی و ئۆتۆنۆمی و کەسێتیی و سەربەخۆیی تاك دروست بکا نەك کۆنترۆلی بکا، بەکاری بێنێ، بیروخێنێ، زەلیلی بکات؟
دەسەڵاتێ لە دەرەوەڕا رێك خات بە پێداویستی هەمیشە لە ناوەوە تێك دەدات.
دەسەڵاتێ بیەوێ خۆی دروست کا، دەبێ تاکێکی تۆ بروخێنی و بتکا بە خشتە و ساختمانی خۆی پێ تەواو بکات.
دەسەڵاتێ پەتی ئایدیۆلۆجیات بۆ درێژکات، دەبێ یەکەمجار بە (عەقڵ) و بە (په‌تکی) دیار و نادیار، بتبەستێتەوە تا زامنی ئەوە بکا لەو شوێنە دەوەستی و بۆو شوێنە دەڕۆی کە ئەو دەیەوێ.
پەتەکان زۆر دەبن و زۆر دەبن، بەڵام بەرە بەرە تەنكتر و نادیارتر دەبن، تا وەك بەرگی پاشایان لێدێ، کارت تێدەکەن و بیر و هەڵوێست و بۆچوونت دیاری دەکەن بەڵام ناشیان بینی.
دەبنە تەنکە مەودا، دەبنە هەوا لە مێشکت دا، دەبنە هەوا لە سییەکانت دا، ئەو پەت و هەودایانە رەنگە ئایدیابن و وتاری ئاگراوی بن، سروودی حەماسی بن، داوی درۆ و  دیماگۆگی  بن، هەر زیاد دەکەن و زیاد دەکەن.
ئێستا تۆ دەستی دووش نی.
پێڵاوێکی خەڵکی تر قەیتانەکانی دەبەستێ، ناو بەناو بۆیاخی دەکاتەوە، لە پێی دەکا کەچی ناڵەشی لێوە نایه‌ تا نەپسێ، چونکە هەمیشە ڕاهاتووی رێکبخرێی، کۆنترۆل بکرێی، هەودا بەند بکرێی، بە پەتەکانەوە ببەسترێیتەوە، هه‌لومه‌رجبه‌ندبیت، تۆ بوویت بە بەشێك لەزەلکاوێك قەت ئاوێکی تازە نابینی دەستی تێ نێی، ڕۆژ بە رۆژ زیاتر بەو زەلکاوە ڕادێی تا دەبییە ماسییەکی بێ رۆح، بۆقێکی بێ واق.
تۆ پێویستیت بەوە نییه‌ دنیا بگۆڕی و دنیا بتگۆڕێ تا خۆت بگۆڕی.
تۆ پێویستت بە خوێندنەوەی دەیان کتێبی فەلسەفە نییه‌ تا فەلسەفەی گۆڕین فێربی.
تۆ پێویستیت تەنیا بەیەك پرسیارە.
چۆن ڕاست بم لەگەڵ خۆمدا؟
ئەوسا دەتوانی زیاتر بپرسی:
چۆن خۆم بگۆڕم.
چۆن بتوانم جیهان بگۆڕم.
گۆڕین یانی چی؟ خۆ بوون یانی چی؟ بیردەکەمەوە کەوایە هەم: یانی چی؟
مانای ئەوەیە خۆت ڕووت و قوت بکەیتەوە، لەزەلکاوەکە بێیتە دەرەوە، پاك خۆت بشۆیتەوە، لە ئاوێنەی ناوەوە سەیری خۆت بکەی، هەوڵ دەی بەرە بەرە چاوی ناوەوەت بکەیتەوە.
ڕووتبونەوەی ڕۆحیی، تازەبوونەوەی هەستیی، خۆپاکردنەوەی دەروونیی، ئازادبوون لە ئایدیالۆجیا و پساندنی پەتەکانی رێکخراویی و بەکارهێنان.
ئایا دەتوانم ئەمە بکەم؟ دەتوانم هەموو دەسەڵاتێکی دەرەوەیی رەت کەمەوە؟
گەر ئەوانە بکەم دەبێ نەترسم:
نەترسان بکەمە یەکەم مەرج، یەکەم خواست، یەکەم هەنگاو، گەر نەترسم ئازاد دەبم لە ترسان، ئازاد دەبم بۆ بیرکردنەوە بۆ خۆم، بڕیاری ئازادانەی خۆم.
ئازادیی دەروونیی، رۆحیی، کۆمەڵایەتیی.
ئازادییەك کە خۆشی و وزە و هێزێکی بێ کۆتاییم دەداتێ، ئازادی ئازادکردنەوەی هەست، خود، بیر، هیوا، خەون، پرۆژە  بچووك و مەزنەکان.
لەو لەحزەیەدایە لەو لەحزەی ئازادبوونە سایکۆلۆجی و ئایدیۆلۆجییه‌ دایە، که‌ شته‌کان لە دایك دەبنەوە، که‌ بە چاوی حەقیقەتی ناوەوە ده‌یانبینینه‌وه‌، که‌ لەگەڵ خۆماندا دەکەوینەوە ژووان و یەکێتی بیر و بوون لە خەون و ڕاستی و قسە و کرداردا دەبینین.
ئەو وزە و هێزه‌ مەزنەی خۆدۆزینه‌وه‌ خۆی لە خۆیدا ئازادییە، خۆشییە، هیوایە، باوەڕبوون بە ئێستا و بینینی پاشەرۆژە. تۆ خۆت بە بیرکردنەوەیەکی ئازادانە، بریارێکی ئازایانە پەتەکانت پساندن و کۆتەکانت فڕێ دان، کودەتایەکت لەناو دروونتا بەرپاکرد.
تۆ دنیایەك وزەت هەیە.
دنیایەك هیوا و خەونت هەیە.
دنیایەك پرۆژە و پلانت هەیە، بۆ خۆت بۆ خۆشەویستانت، بۆ خەڵك، بۆ مرۆڤایەتی.
ئەم وزەیە خۆی خۆشییەکی گەورە بەرپادەکا، خۆشی رۆحی هەمیشە دنیایی یە، دەرەوەیی یە باوەش بە ژیاندا دەکا و ئەوانی دیکە دەگرێتە باوەش، خۆشی بەخشینە، خۆشەویستی یە.
لەم گەشتەدا تۆ ئازادییت دۆزیەوە، ئازادییت کردە رێباز و ئامانج.
تۆ ئێستا خۆت لەگەڵ خۆت هاودەم و هاوپەیمانی لێرەوە پرۆژەی گۆڕان دەست پێدەکات.
ئایا دەتوانی بە ئازادی بیربکەیتەوە کە مێشکت قفڵ درابێ، یان تەونە جاڵجاڵۆکەی تێدابێ، یان مریشکە بە کڕێك لەسەر هێلکەی ترس کورك کەوتبێ.
ئازادیی ئەوەیە کە بتوانی ببینی و بتوانی چالاکییەك بکەی، سەیری ئاسمانی بەرین بکەی: ئایا دەتوانی ببینی کە رێگات لێگیرا بێ، ئایا دەتوانی دەستت بە چالاکی بەکاربێنی کە دەستت بەسترابێ؟
بینین لە رێگای دیدی خەڵکی ترەوە، بینین نییه‌ چاو بەستنەوەیە.
چالاکی لە رێگای دەستی خەڵکی ترەوە چالاکی نییه‌، بوونە مقاشە، ئامرازە، پێکارە.
گەنجان دژی کۆمەڵ شۆرش بەرپا دەکەن، ئایا ئەمە بۆ ئازادییە: نەء! ئەمە کاردانەوەیە، پەرچەکردارە، بۆ نائازادی، بۆ هەلومەرجەکانی نائازادی، ئەوان پەرچەکردار دژی سیستمی دەسەڵات و حیزبایه‌تی دەکەن: چونکە واهەست دەکەن ئەوانە ئازادی ئەوانیان داگیر یان تەنگە به‌رکردووە بەڵام چارەسەریان چییە؟!
گەڕان بەدوای سیستمێکی تردا، هێزێکی تردا، ئایدیۆلۆجیکی تردا، حیزبێکی تردا کە ئازادیان بکا یان ئازادی خۆیانی تێدا بدۆزنەوە!
بەم کارە ئەوان لە جیاتی ئازادبوون بنکار و رێکارێکی کاردانەوە و هەڵگەڕانەوە و پێوەندی یان لێبوونەوە بۆ خۆیان درووست دەکەن دەستا و دەست بە هێزیان دەکەن، لەم تۆڕەدا تێدەمێنن.
تۆ بە هەڵگەڕانەوەت لە ره‌وشێکی نائازادیی و ده‌ستگرتن به‌ ره‌وشێکی تر  وا دەزانی خۆت  ئازاد کردووە.
نەء: ئەمە هیچی تازەت نەکردووە، هیچت نەگۆڕیوە.
تۆ تەنیا کۆنت لە مودیلێكی، چوارچێوەیه‌کی، بۆیاخێکی تازەدا وەرگرتووە.
شۆرشی کۆمەڵایەتی ئایدیۆلۆجی سیاسی هەر هەمان پرینسیپ و هەمان پرۆسە و هەمان ئاکامە.
لە ئاخریدا دەگەرێتەوە سەر چیرۆکە کۆنەکە، عەقڵیەتە کۆنە کۆنترۆلخوازه‌که‌: تۆ بۆ منی!! یان تۆ هی منی!! مارەبڕیی به‌رژه‌وه‌ندی حیزبیی زۆر لە مارەبڕی ژن و مێردیی توندتر و کۆیلەکارترە.
ئازادیی: هەستێکی ناوەوەیی یە، هوشیارییەکی ناوەوەیی و پرۆژەیەکی حەقیقەتی ناوەوەیی یە هەموو ئازادی دنیات بدەنێ هەموو کۆسپ و تەگەرەکانی دەوروبەرت بە جادوویه‌ک بتوێنەوە هێشتا تۆ ئازاد نی ئەگەر وەك بیرکردنەوە ئازاد نەبیت.
ئازادی بۆنه‌ نییه‌، سەرکەوتن نییه‌، ئاهانگ و زەماوەند نییه‌، سروودو پەیامی شۆرشگێرانە نییه‌، زاڵبوون بەسەر ئەوی دیدا نییه‌.
ئازادی بیرکردنەوەی ئازادە و بەس، ئازادی ئەوەی بتوانی گومان لەهەر شتێ بکەی، بتوانی رەخنە لەهەر دیاردە و کرده‌یه‌ک بگری کە هەست بکەی هەستی ئازادیت ده‌ڕوشێنێ.
هەستی ئازادی ئەوەندە تیژە، ئەوەندە چڕە ئەوەندە چالاکە کە دەتوانێ هەموو جۆرەکانی خۆبەستنەوە، پشت بەستن، خۆگونجاندن و قبوڵ کردنی قبوڵنەکراو فڕێ بدات.
ئەم ئازادی یە پێویستی بەوە هەیە تاکێتی خۆت بەلاوە پیرۆزبێ، تەنیابوونەوەت لا ئاسایی بێ.
لەوڵاتێکدا کە سەرۆك و مەرۆك دەپەرستن، کە شانازی بەبنەماوە دەکا، کە مێژووی خیانه‌ت بە پرۆسەی پیرۆزی و سەروەری دەزانێ، کە سەرۆکایەتی و رێبەرایەتی تاكره‌و بە ئایین دەزانێ، کە هاوار دەکا هەر تۆ هەبی به‌سمانی، کە کۆ له‌ تاکدا دەتوێتەوە، کە سه‌رێک به‌ناوی گەلێكه‌وه‌ بۆ هەموو داگیرکەرێك و تاڵانچییه‌کی سامانی وڵات و ده‌رفه‌تی ئازادی دەچەمێتەوە، کە مێژوو، ئاین، کۆمەڵ، کۆنەوار، بەرژەوەندی پاڵت پێوە دەنێن لەگەڵ رەوە کەوی.
ئایا دەتوانی لە کۆمەڵگایەکی ئاوادا ئازادی ناوەوە بدۆزیتەوە؟
ئایا لەم هەلومەرجەدا دەتوانی خۆت لەگەڵ ئازادی خۆت تاك ببیەوە؟ دەتوانی لە تەنیایی خۆتدا ئازاد بیت؟ دەتوانی خۆت خۆت بیت و لە رێگای خۆشەویستی ئەوانی دییەوە هاوبەشی ئازادی ئەوانی دیکەبی؟
گەر تۆ لەناو زەلکاوێکدا بی: یەکەم هەنگاو ئەوەیە لێی بێتە دەرێ، دووەم هەنگاو ئەوەیە بزانی چەند نزیکی لە زەلکاوەکەوە و ئەوەندە دوور کەویەوە نەکەویەوه‌ ناوی.
سێیەم هەنگاو ئەوەیە خۆت پاك بکەیتەوە نەك تەنیا بەگۆڕینی جلەکانت بەڵکو بە پاکبوونەوە لەو ڕووداوانە و لەو مێژووە و لەو بیرەوەریەی زەلکاوی بوونت.
بۆ ئەمانە کەس ناتوانێ یارمەتیت دا، کەس ناتوانێ لەجیاتی تۆ دەست و دەم و چاو دڵت بشوا، تۆ دەبێ تاك بیتەوە تەنیابی بۆ ئەوەی بتوانی ئازادبیت.
کاتێ مێشکت، هۆشت، دڵت بەم جۆرە تاك و تەنیا دەبنەوە وەك تەنیایی لە دایكبوونی یەکەم وایە: تازە دەبێتەوە هەموو دنیاش لەبەر دەمیدا تازە و کراوە و ئازاد خۆی دەنوێنێ.
ئەو هۆشەیە کە ڕاستیی ئازادیی و خۆشی خۆشەویستیی بە جۆرێك دەبینێ کە بە وشە وەسف ناکرێ، بە پێوانە ناپێورێ.
لەم تاکبوونەوە ئازادانەدایە، کەهەست دەکەی چەند پێویستە، چەندە پیرۆزە، لەگەڵ خۆتدا بژی وەك هەی، نەك وەك بەو شێوە قالبدراوەی وا دەزانی خۆتی.
تۆ ئەو کاتە دەتوانی لەگەڵ شتێکدا، کەسێکدا، دەوروبەرێکدا بژی کە لە نزیکەوە دەبینی و ئەزموونی دەکەی و دەیناسی بەبێ ئەوەی خۆتی تێدا وون بکەی. ئەو لەحزەیەی کە تێیدا ژیان پێکەوە ژیان، لەگەڵ ژیان بوو بە عادەت، بە نەریت، بە پێویستی دەرەوە، بە خۆگونجاندن، به‌ شوێنگرتن و خۆهەڵخه‌ڵەتاندن بۆ مانەوە، بۆ  بوون بە برغۆی مەکینە،  بۆ بوون بە ئامرازی ئایدیۆلۆجی، بوون بە مقاشی حیزب ئەوکاتە تۆ نەك ئازادیت تۆ خودی خۆت خودی مرۆڤایەتی و ئینسانییه‌تی خۆت ون دەکەی.
راهاتن، خوو پێوەگرتن، خۆهەڵخه‌لەتاندن، ئەوانەن ژیانی دووانەیی، ژیانی دووفاقی، ژیانی بەراوەژوویی دروست دەکەن. تۆ تەنیا دەتوانی کۆپییه‌کی ساختەی خۆت بی.
 راستە ژیان داوا و ئەرکی خۆی هەیە. پێش و پاشی پەیامە گرنگەکان هەیە. باخێك، وێنەیەك، گۆرانییه‌ك، جوانییه‌ك: رەنگە دوای چەند جار ئەزموونکردن وه‌ک خۆیان نه‌مێنن ،رەنگە هەر هەستی ئینسانییه‌تیت بەرامبەریان نه‌مێنێ، هەر هەست بە بوونیان نەکەی. ئەمە ئاسایی یە هەموومان دەتوانین لەگەڵ ئەم دیاردەیە بژین بەبێ ئەوەی (خۆمان) ون بکەین بەڵام لە کاتێکدا تەماع، حەسادەت، رقەبەرایەتی، ساختەچێتی، خۆفرۆشتن، هتد هه‌وڵ ده‌ده‌ن  لەگەڵ خواستی خۆیاندا راتبێنن، تۆ نابێ قەت لەگەڵ ئەمانە رابێی، نابێ ئەوانە ببنە ئاسایی ببنە رۆتین، چونکە ئەمانە لە ناوەوە داتدەوەشێنن، بەرە بەرە خۆت خۆت لەبیر دەباتەوە، نەخۆت، نە خەڵك، نە دنیا، بەو شێوە دەبینی کە خۆتە.
هەموو سیستمی کۆمەڵایەتی سەقەت، بنسازی و تراکتۆرێکی سایکۆلۆجی سەقەت بەرهەم دێنێ. سایکۆلۆجییەتێك کە سەرلەبەر له‌ سه‌ر ساختەیی دامەزراوە، لەسەر ڕواڵەت، لەسەر (خۆنیشاندان) و (خۆ پف کردنەوە) بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەوانی دیدا هاوپلە و هاورێك بێ. ستراکتورێك لەتۆ دەخوازێ خۆت ون بکه‌ی،  خۆت بگۆڕی، درۆ لەگەڵ خۆت بکەی، تا بتوانی ببیە بەشێك لە کەرەسەیەك، تابلۆیەکی مردوو لە (پێشانگەی) ساختەگەریی سایکۆلۆجی سەقەتدا.
منیش هەم: منیش پارەم هەیە، سەیارەم هەیە، خانووم هەیە، بەرگ و پۆشاکم هەیە، منیش دەتوانم بخۆم، بخۆمەوە و باکم بە کەسی دی نەبێ.
بریتی ناوەوەی ئەمە ئەوەیە منیش دەتوانم درۆ بکەم، منیش دەتوانم دوو ڕوو بم، منیش دەتوانم ویژدانم بخەنە ژێر پێوه‌، منیش دەتوانم بەهابیرۆزەکان و ئامانجە گشتی یه‌کان فەرامۆش کەم.
ئەمە ئەو هاوکێشە سایکۆلۆجییە کەسستمی گەندەل، تاکی کوردی بۆ پاڵ ده‌نێ.
تاقە رێگە بۆ بوون لاسایی کردنه‌وه‌یه‌،  خۆپەراوێزکردن، شوێنیپێهەڵگرتن، خۆسڕینەوەیە تا ئەو ئاستەی کە شوناسی خود، ئەسەری نامێنێ، کە وێنە ساختەکە جێگەی هەبوون، هۆشیارییەکە دەگرێتەوە و کە بوونی ساختەی دابڕاو لە ئینسانییه‌ت جێگەی بوونی ئازاد و خۆشەویستی راستەقینە دەگرێتەوە.
ئەو سیستمە پێت دەڵێ: تۆ نیت، تۆ وەك تاك، وەك خۆت وەك خولیا و خەم و خەون و خۆشەویستی نیت، تۆ تەنیا ئەو کاتە دەتوانی هەبی کە وەك ئەوەی دی بی، وەك ئەوان، وەك دێوەزمەکانی گەندەلی و خێوه‌کانی خیانەت و خۆپەرستی.
جاران بەعس دەیوت: وەرنە ژێر خێوەتی شۆرشەوە هەموو هاوڵاتییەکی چاك بەعسییەکی چاکە.
ئەوان دەڵێن: وەرنە ژێر خێوەتی گەندەڵییەوە، هەموو دزێکی چاك حیزبییەکی چاکە.
هەموو درۆزن و ساختەکارێکی چاك: حیزبییه‌کی چاکە.
ویژدان، عەقڵ، ڕووناکبیری، ڕووناکبیران، زانین، زانست، یاسا، دیمۆکراسی: ئەوانە هەموو لە مانا و لە ناوەرۆك بەتاڵ کراونەوە، بەتاڵییەك کە تەنیا بە بەلوعەی کراوەی گەندەڵی پڕ دەکرێتەوە.
تۆش وەك تاك بە تەمای لە دەرەوە شتی ڕووبدا تا لە ناوەوە زیندووبیتەوە.
لەدەرەوە هێزێك بێ لەگەڵ خۆی رات دا تا هەست بە هێزی ناوەوەی خۆت بکەیتەوە.
بەم کارە ئەم هەموو هێز و خواستە بەهێزەی لە مرۆڤایەتی خۆتدا هەیە، لە تاکێتیی خۆت دا هەیە، له‌ هه‌ستی ئازادی و سۆزی خۆشه‌ویستیی خۆتدا هه‌یه‌، کە لە بیر و بیرکردنەوە و خەون و خەیاڵی خۆتدا هەیە بە ئاسانی لەدەستی دەدەی و دەیدەی بە ئەوی دی، دەبی بە زیندە خەوێکی بەردەوام و بە مقاشی حیزبێکی تر، دەسەڵاتێکی تر، بە گەمەی سیاسەتێکی بێ بنەما و بێ ئەخلاق و بێ عەقڵانییه‌ت.
ئەمە لەجیاتی ئەوەی (ئەوەی هەیە) لەناو مێشک و بیردا بسریتەوە، خۆت لە کۆت و پێوەندەکانی دەسەڵات، سیستم، ئایدۆلۆجیا، بیر، رێکخستن: رزگار بکەی، ئەو پێوەرانە بسریتەوە کە دەبنە رێگر لە نێوان تۆ و ئازادی ناوەوەی  تۆ و بینینی ئازاد، و بیرکردنەوەی ئازاد و خۆشەویستی راستەقینە.
لە هەوڵدانتدا ببیە کەسێکی تر، یا وەك کەسێکی تر، یا چاوەڕوانی کات، زەمانە، ڕووداو، گۆڕانەکانی جیهان بکەی کە لەسەر سینییه‌کی زێڕین، ئەو ئایدیالەت پێشکەش بکا کە چاوەڕوان ده‌که‌ی، ئەو خەونەت بێنێته‌ دی کە بەدوای دەکەوی: هۆی سەرەکی ناکۆکییەکانی ژیان و سەرلێشێوان و بەربەرەکانی بەردەوام و بێ هیوابوونی یەك لە دوای یەكە.
تۆ دەتوانی خۆت لەو هەستە نەکار و ناسازانە رزگارکەی، کە ستراکتوری سایکۆلۆجی سەقەت رۆژانە لە مێشکتدا دەیچێنێ به‌وه‌ی ئایدیاکان و نموونەکارییەکانی دەسەڵات ڕەتکەیتەوە، خۆت لە حەسادەت و لاسایی کردنەوەی وەك ئەوی دی دەرباز بکەی، تۆ دەتوانی بڵێی ئەمە ڕێبازی ئێوەیە، من دوورم لێی: (لکم دینکم و لي دین).
ئازادیی: هوشیاری یه‌،  هه‌لوێسته‌، کارکردنە، بیرکردنەوەیە، وتن و دەربڕینە.
ئەمە بەهرەیەکه‌ تایبه‌تی  به‌ خۆت و تەنیا خۆت دەتوانی لەدەست خۆتی نەدەی.
هوشیاریی: هوشیاریی ئازادییه‌و ئازادی هوشیارییه‌. ئازادیی: ئازادیی خۆشه‌ویستیی یه‌. خۆشه‌ویستیی خۆشه‌ویستیی ئازادیی یه‌، له‌ یه‌کێتی هوشیاریی و ئازادیی و خۆشه‌ویستیدا، ده‌توانین یه‌کێتی بوونیاریی مرۆڤییمان بپاریزێن، ده‌توانین هه‌موو ئه‌زموونه‌کانمان تازه‌و ده‌وله‌مه‌ندو هیوابه‌خش بکه‌ین، ده‌توانین زمانی دایه‌لۆگ و پێوه‌ندی راسته‌قینه‌ی نێوانمان بدۆزینه‌وه‌و بژێنینه‌وه‌، ده‌توانین هارمۆنی و ته‌بایی له‌ نێوان جیهانی ناوه‌وه و‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌ماندا دابمه‌زرێنین. ده‌توانین خۆمان بگۆڕێن و گه‌رخۆشمان گۆڕی ده‌توانین جیهانه‌که‌مان بگۆڕین.

Previous
Next