
مه‌ستی تا بێهۆشبوون
یه‌کێ له‌و کێشه کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتوورییه گه‌ورانه‌ی کۆمه‌ڵگای هۆله‌ندی، دیارده‌ی خواردنه‌وه‌ی ئه‌لکهولی منداڵ- مێردمنداڵه. خواردنه‌وه‌ی ئه‌لکهول جا چ مه‌شروبی خه‌ستی وه‌ک ویسکی، جن، فۆدگا یا خود بڕی ئه‌لکهوله‌که‌ی که‌متر وه‌ک بیره و به‌کاردی بریزه‌ر بێت، به جۆرێک له زیادبوندایه که زه‌نگێکی مه‌ترسیداره بۆ سه‌ر ژیانی کۆمه‌لایه‌تی و ته‌ندروستی منداڵ و مێردمنداڵ، که زیانێکی گه‌وره له سه‌ر گه‌شه‌کردنی مێشک و جه‌سته‌ی لێده‌که‌وێته‌وه. نه‌ریتی خواردنه‌وه‌ی ئه‌لکهولی ئه‌م گروپه به‌شێوازێک نا‌شیاو و نادروسته، که بارودۆخی مندال/ مێردمنداڵ ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه، به‌ئه‌ندازه‌یه‌ک منداڵ/ مێردمنداڵ ده‌خاته حاڵه‌تی ” کۆما “وه. دیاره خواردنه‌وه‌ی ئه‌لکهول به‌و شێوه خراپه هه‌ر له ئێستادا کاردانه‌وه‌ی نه‌گه‌تیفی نابێت، به‌ڵکو له داهاتووشدا کاریگه‌ری گه‌وره و نه‌گه‌تیڤی له‌سه‌ر بواره جیاجیاکانی ژیانی کۆمه‌لایه‌تی و سایکۆلۆجی و ته‌ندروستی له قۆناغه‌کانی دواتردا له خۆ ده‌گرێت. خراپ به‌کارهێنانی ئه‌لکهول و مامه‌ڵه‌ی منداڵ/ مێردمنداڵ له‌گه‌ڵ ئه‌لکهولدا کردارێکی ترسناکه، له‌لایه‌ک نه‌ک هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی ژیانی منداڵ/ مێردمنداڵ ده‌خاته مه‌ترسی گه‌وره‌وه، به‌ڵکو ژماره‌ی ئه‌و منداڵ/ مێردمندالانه‌ی که له‌لایه‌ن تیمی فریاکه‌وتنی خێرایی بۆ نه‌خۆشخانه‌کان و بنکه‌ی ته‌ندروستی ده‌برێن، به ڕێژه‌کی به‌رچاو له زیادبووندایه.* له‌لایه‌کی دی ته‌مه‌نی منداڵ/ مێردمنداڵ که مه‌ستده‌بن و پاشان بێهوش، له‌نێوان ( ١١ و ١٧ ساڵدا)یه. بچوکترین منداڵ که به هۆی مه‌ستی زۆره‌وه له‌هۆش خۆی چووه و به په‌له گه‌یاندراوته نه‌خۆشخانه، ته‌مه‌نی ١٠ ساڵ بووه.
به‌پێ ڕاپۆرتێک** ژماره‌ی ئه‌و مێردمندالانه‌ی که مه‌ستبوون و دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش که‌وتوونه‌ته حاله‌تی کۆماوه، له ساڵی (٢٠٠٧ وه تا ساڵی ٢٠١٠) پله به پله له زیادبوندایه. ژماره‌ی تۆمار کردنی حاڵه‌تی ژه‌هراوی خوێن و حاڵه‌تی کۆمابوون له ساڵی ٢٠٠٧د١ ( ٢٩٧)، ژماره‌ی مێردمنداڵ ساڵی ٢٠٠٨ ( % ١٣، ٣٣٧)، له ساڵی ٢٠٠٩ (%٤٨، ٥٠٠)، له ساڵی ٢٠١٠ (% ٣٧، نزیکی ٦٨٤ مێرمنداڵ ). بووه. ته‌مه‌نی ئه‌و مێردمندالانه‌ی که له حاڵه‌تی کۆمادا بوون له نێوان(١٢ و ١٧) ساڵدا بوون، بچوکترین منداڵ که بۆ چاره‌سه‌ر گه‌یا‌نراونه‌ته نه‌خۆشخانه، ١١ ساڵ بووه. ڕێژه‌ی ته‌مه‌ن له( ١٥) ساڵیدایه، مه‌ست بوونی مێردمنداڵ تا حاڵه‌تی كۆما، له ڕوی ڕه‌گه‌زه‌وه، له‌و په‌یوه‌نده‌دا جیاوازی نێوان کچ و کوڕ به‌دیناکرێت، واته چه‌ند کوڕان به‌هۆی خراپی به‌کارهێنانی خواردنه‌وه‌ی ئه‌لکهول توشی حاڵه‌تی کۆما ده‌بن، ئه‌وه‌نده‌ش کچان ڕوبه‌روی هه‌مان حاڵه‌ت ده‌بن . ماوه‌ی له هۆش خۆچوون له( ٣ وه تا ٤٨ ) کاتژێری خایاندوه. خوێندن و پله‌و ئاستی ژیانی کۆمه‌لایه‌تی ئه‌م گروپه جۆراوجۆره. ئاستی نزم، مامناوه‌ندی و به‌رزی تێدا به‌دیده‌کرێت، له خێزانی ئاسایییه‌وه تا خێزانی هه‌لوه‌شاوه و گرفتار، به مانایه‌کی دی، حاڵه‌ته‌کانی مه‌ستی تا بێهۆشبوون ، له ڕوی ته‌مه‌ن، ڕه‌گه‌ز، پله و ئاستی ژیانی خێزانی و کۆمه‌لایه‌تی و خوێندن، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی چین و توێژی کۆمه‌ڵگای ئێستای هۆله‌نداییه. له‌ڕاستیدا ده‌بێت ئاماژه به‌و خاڵه بده‌ین، که ژماره‌ی ڕووداوه‌کان زیاتره وه‌ک له‌و ژمارانه‌ی له نه‌خۆشخانه‌کان تۆمار ده‌کرێن.
هه‌رچه‌نده له هۆله‌ندا، کڕینی ئه‌لکهول سنوردار کراوه، مێردمنداڵ له خواروی ته‌مه‌نی ١٦ ساڵییه‌وه، به‌پێ یاسا ناتوانێت ئه‌لکهول بکرێت، به‌ڵام دیاره په‌یداکردنی ئه‌لکهول، بۆ ئه‌م گروپه ئه‌وه‌نده گران نیه، ئه‌ویش به هۆی هاوڕێ که له خۆیان گه‌وره‌تر بن، یان له ئاهه‌نگ و بۆنه‌و نادی و شوێنه‌کانی تره‌وه ئه‌لکهولی ده‌ستده‌که‌وێت، پرسیار ده‌کرێت ئایا بۆچی ئه‌لکهول خواردنه‌وه له ناو ئه‌م گروپه ئه‌وه‌نده باوه؟ ئایا سیسته‌مه‌که‌یه مشروب خواردنه‌وه هانده‌دات؟ ئایا هۆکاره‌که‌ی سه‌ختی ژیانی کۆمه‌ڵگایه، تاک به‌جۆرێک له واقیعه‌ت ڕاده‌کات که به مه‌ستبوون نه‌بێت، ناتوانێت ژیانی خۆی به‌ڕێوه به‌رێت؟
ئایا ریکلامه‌کانی که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنن، هانده‌رن بۆ خواردنه‌وه‌ی ئه‌لکهول؟ ئایا خاوه‌ن کارگه‌کان، به‌رپرسیارن که به‌گوێره‌ی زه‌وق و مه‌یلی ڕه‌گه‌ز، به به‌رده‌وامی ئه‌لکهوڵی تازه دروستده‌که‌ن، بۆ نمونه ” به‌کاردی بریزه‌ر” ئه‌و خواردنه‌وه‌یه که له ناو مێردمنداڵی کچدا زۆر باوه، کارگه‌کان به حه‌ز و زه‌وقی کچان ئه‌م خواردنه‌وه‌یان دروستکردوه، چ له ڕووی ڕه‌نگه‌وه، چ له ڕووی تامه‌وه ڕه‌نگه‌کانی خواردنه‌وه‌که جوان و سه‌رنجڕاکێشن، ڕه‌نگی پرته‌قاڵی، شین، زه‌رد، سور، سپی، له ڕووی تامیشه‌وه، شیرین و خۆشه، پێده‌چێت شه‌ربه‌تێکی پرته‌قاڵ بخۆیته‌و‌ه تا مه‌شروب، بۆیه که کچێکی مێردمنداڵ به‌کاردییه‌ک ده‌خواته‌وه، ڕه‌نگی جوانی و تامی شیرینی مه‌شروبه‌که، زیاتر کچان هانده‌درێن بوتڵ دوای بوتڵی تر بخۆنه‌وه. ئایا کێ به‌ر پرسیاره له‌م کرده نه‌رییتیه؟ سیاسه‌تمه‌ندارن، قوتابخانه‌کان یاخود دایک و باوک؟ ئایا دایک‌وباوک چ ڕۆڵێکی هه‌یه له خواردنه‌وه‌ی مه‌شروبی مێردمنداله‌که‌ی؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر باوکێک له ماڵه‌وه هه‌میشه به دیار بوتڵه ویسکییه‌که‌ی دۆش دامامێت، ئه‌م ڕه‌وشته‌ی باوک چ کاریگه‌ری بۆ سه‌ر منداڵه‌کانی هه‌یه؟ مێردمنداڵه‌که‌ی ڕه‌وشتی باوکی/ دایک کۆپی ده‌کات؟ ئه‌ی له‌و ماڵانه‌ی که دۆڵابه‌کانیان به مشروبی جۆراو جۆراو ی وه‌ک سه‌فاری و که‌مپاری و پیناکۆلادوه‌و ویسکی و فۆدگا و جن هه‌ڵچنراوه، چ ڕۆڵێک له‌سه‌ر منداڵ ده‌بینێت، له کاتێکدا دایک یان باوک له ماڵه‌وه نابن؟ ئه‌ی ڕۆڵی هاوڕێ له سه‌ر هاورێێه‌که‌ی چییه؟
دیاره ئه‌مانه هه‌مووی پرسیارگه‌لێکن، که ناکرێت لێره‌دا وه‌ڵام بدرێنه‌وه. به‌ڵام جێگه‌ی خۆیه‌تی پرسیار بکرێت که چی وا له‌م گروپه زه‌ره‌رمه‌نده ده‌کات که به‌ده‌ستی خۆیان، سوکوئاسان خۆیان مه‌ستده‌که‌ن تا ئه‌ندازه‌ی له هۆشخۆ چوون و کۆمابوون؟ چ حه‌زێک هه‌یه بۆ به‌رده‌وامی مێردمنداڵ له‌م کرده پر له مه‌ترسیه‌دا؟ دیاره به‌هۆی بۆنه و ئاهه‌نگ، له دسیکۆ و باره‌کان و شوێنه تایبه‌تیه‌کانی دی، مێردمندال ده‌ستی به ئاسانی به ئه‌لکهول د‌ه‌گات، خاڵی ده‌ستپێکردنی کێشه‌که‌ش له‌و ڕوانگه‌یه‌وه ده‌ستپێده‌کات، که مێردمنداڵ ده‌یه‌وێت وا خۆی پیشانبدات که که‌سێکی به‌هێز و گه‌وره و ته‌واون، که ئه‌وانیش وه‌ک که‌سانی گه‌وره بوونیان هه‌یه و ده‌یانه‌وێت به‌م نه‌ریته بێنه ڕیزه‌وه و دانییان پێدابنرێت، که ئه‌وانیش هه‌ن. سنگده‌رده‌په‌ڕیێنن بۆئه‌وه‌ی بڵێن، ئێمه‌ش ئه‌توانین. له‌م ڕاونگه‌یه‌وه، کرداره‌که زیاتر وه‌ک ئاکامی که‌لتووری و کۆمه‌لایه‌تی ده‌بینرێته‌وه، خواردنه‌وه‌که زیاتر وه‌ک سپۆرتیک، پێشبڕکێی له‌سه‌ر ده‌کرێت، کێ زۆرترین ئه‌لکهول، له که‌مترین ماوه‌دا ده‌خواته‌وه، ئه‌وه براوه‌یه، به‌هێزترین و گه‌وره‌ترینه، هه‌ر ئه‌و هه‌ڵپه‌ی خواردنه‌وه‌یه‌شه که مێردمنداڵه‌کان له‌دوای پێنج یا شه‌ش په‌رداخ بیره له‌سه‌ریه‌ک له هۆشخۆ ده‌که‌ون. له هه‌ندێ حاڵه‌تدا، گوێبیستی ئه‌و هه‌واڵه ده‌بین، که مێردمنداڵیک له‌یه‌ک شه‌ودا نزیکی بیست په‌رداخ بیره‌ی خواردۆته‌وه. یان ئه‌و*** مێردمنداڵه ١٦ ساڵه‌ی به‌رلین، له ئاکامی خواردنه‌وه‌ی ٥٢ ته‌کیله، گیانی له‌ده‌ستدا .
مایه‌ی نیگه‌رانیه، به‌شێوه‌یه‌کی گشتی وا ده‌رده‌که‌وێت، که خواردنه‌وه‌ی ئه‌لکهول له هۆله‌ندادا ئاساییه و هه‌ر ده‌بێت وابێت. دیاره له‌ئێستادا، خواردنه‌وه‌ی ئه‌لکهول به‌ڕاده‌یه‌ک په‌سه‌ندکراوه که به‌شێوه‌یه‌ک بۆته به‌شێکی نه‌پچراوی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی، که خۆی خزاندۆته ناو بواره جیاجیاکانی په‌یوه‌ندییه کۆمه‌لایه‌تییه‌کان و بۆته که‌لتوورێکی شیاو له ژیانی ڕۆژانه‌ی تاکدا. ئه‌مه له کاتێکدا لێکۆڵینه‌وه زانیستییه‌کانی**** ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی، له‌سه‌ر گه‌شه‌کردنی مێشک ده‌رکه‌وتوه، که مێشکی تاک هه‌تا ٢٤ سالی له گه‌شه‌کردندایه، مێردمنداڵیکی ته‌مه‌ن ١٥ ساڵ، تا ٢٠ په‌رداخ بیره و خواردنه‌وه خه‌سته‌کانی تر بخواته‌وه، ئه‌وا بێگومان کاریگه‌ری ئه‌لکهوله‌که له‌سه‌ر گه‌شه‌کردنی مێشکی، کاردانه‌وه‌کی خراپ ده‌بێت. به‌تایبه‌تی له‌ڕووی سۆز و هه‌سته‌وه کاتێک مێردمنداڵێک مه‌ست ده‌بێت، کۆنترۆلی هه‌ست و سۆزی به باشی پێناکرێت. بۆ نموونه ئه‌و مێردمندالانه‌ی شه‌ره‌نگێزن و سه‌رپێچی یاسا ده‌که‌ن، له کاتی لێکۆڵینه‌وه له سه‌ر که‌یسه‌کانیان، له‌زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌کاندا، خواردنه‌وه‌ی ئه‌لکهول، یه‌کێک بووه له فاکته‌ری کێشه و شه‌ره‌نگێزی و د‌ه‌ستدرێژی.
ئاشکرایه به‌رامبه‌ر ڕوو له‌گه‌شه‌ی خواردنه‌وه‌ی ئه‌لکهول، په‌یڕه‌و یاسای تر بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی خواردنه‌وه‌ی ئه‌لکهول دانراوه، بۆ نموونه سزادانی ئه‌و سوپه‌ر مارکتانه‌ی که ئه‌لکهول به مێردمندالی ته‌مه‌ن خوار ١٦ سال ده‌فرۆشیت. مێردمنداڵ له ته‌مه‌نی ١٦ ساڵیدا ده‌توانێت خواردنه‌وه‌ی سوک ( وه‌ک بیره) بکرێت، سنووری ته‌مه‌ن بۆ کڕینی ئه‌لکهولی خه‌ست ١٨ ساڵییه.
گه‌ر له شوێنه گشتییه‌کان، ئه‌لکهوڵ به ده‌ستی مێردمنداڵێکی ته‌مه‌ن خوار ١٦ ساڵه‌وه ببینرێت، ئه‌وا مێردمنداڵه‌که‌ش ڕووبه‌ڕووی سزای یاسای ده‌بێته‌وه، هه‌روه‌ها سنوردارکردنی که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن بۆ ڕیکلامه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌لکهول یه‌کێکه له هه‌نگاوه‌کانی تر له که‌مکردنه‌وه‌ی ئه‌م نه‌رییته. زانیاری به‌خشین له‌سه‌ر زیانی ئه‌لکهول له‌لایه‌ن قوتابخانه‌کانه‌وه، ڕۆڵی گه‌وره ده‌بینیت . هه‌روه‌ها ڕۆڵی گه‌وره‌ی دایک‌وباوک نابێت له‌یادبکرێت. دایک‌وباوک له هۆله‌ندادا ڕه‌خنه‌یان له‌سه‌ره که هه‌لوێستیان ڕوون و ئاشکرا نیه، تا ڕاده‌یه‌کیش ڕه‌شوسپیانه سه‌یری که‌لتووری خواردنه‌وه‌ی مه‌شروب ده‌که‌ن. خێزان چه‌قی جیهانی په‌روه‌رده‌یه، دایک‌وباوک به‌رپرسیارن له ره‌وشت و مامه‌ڵه‌ی منداڵه‌کانیان، هه‌ندێ هه‌لوێستی ده‌سته‌پاچه‌یی دایکوباوکمان بۆ ده‌رده‌که‌وێت، که پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌ن ، که له جیهانێکی کراوه‌ی وه‌ک هۆله‌ندا، دایک‌وباوک کۆنترۆلیان له‌ده‌ستداوه و منداڵه‌کانیان ئه‌وه ده‌که‌ن که خۆیان ده‌یانه‌وێت. ئه‌مه‌ش یه‌کێکه له و ساده‌گوێیانه‌ی ڕۆژانه گوێمان لێده‌بیت. دیاره له‌و ڕۆژه‌ی منداڵ له‌دایکده‌بێت ، ئیدی په‌روه‌رده ده‌ستپێده‌کات، نه‌ک له‌و کاته‌ی کێشه‌کان یه‌خه‌ی دایک‌وباوک ده‌گرێت. زانیاری و هوشیاری دایک‌وباوک له سه‌ر زیانی ئه‌لکهول، له‌لایه‌کی دی ڕۆڵی گرنگی دایک‌وباوک له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ی مناڵه‌کانیان، فاکته‌رێکی گرنگه له که‌م کردنه‌وه‌ی ئه‌م نه‌رییته مه‌ترسیداره.
NRC 21-4-2010 *
** Raport (NSCK
Kennislink ***
**** خوێندوه‌یه‌ک له سه‌ر مێشک و ئه‌لکهول له لایه‌ن پرۆفیسۆر خوس سمیت، زانکۆی ئه‌مستردام, (VU)