محه‌مه‌د ئوزون دلێ پر بره جه‌م خودێ
[ ئه‌مڕۆکه چوار ساڵ به‌سه‌ر مه‌رگی ناوه‌ختی محه‌مه‌د ئوزون تێپه‌ڕ ده‌بێت، دووباره وه‌شاندنه‌و و پاکنووسکردنی ئه‌م نووسینه ته‌نێ رێز و ستایشه بۆ رۆڵی وی له خزمه‌ت ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگی کوردی. له‌و کاته‌ی ئه‌م نووسینه‌م بڵاوکرده‌وه چ تشتێکی ئوزونم نه‌خوێندبووه‌و، لێ هه‌وڵم دابوو ناوی گه‌لێک له رۆمانه جوانه‌کانی بخه‌مه نێو توێی نووسینه‌که‌مه‌وه. له ساڵی 2008 و سه‌فه‌رێکی سته‌نبۆلدا رۆمانی (تو) م له کتێبفرۆشییه‌ک به‌ر چاو و که‌وت و له زستانه سارده‌که‌ی که‌نه‌دا خوێندمه‌وه. بۆ من ئه‌و رۆمانه‌ی ئوزونی ره‌حمه‌تی یه‌که‌مین رۆمان بوو که به تیپیی ئه‌کریلیک (لاتینی) نووسرابێت و خوێندبمه‌وه. رۆمانی (تو) باس له که‌سێکی چاڵاکی نێو بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی ده‌کات که دواتر زیندانی ده‌کرێت و به زمانێکی پڕ کاریگه‌ریی و وینائامێز رووداوه‌کان ده‌گێڕێته‌وه. مه‌حه‌مه‌د ئوزون به ته‌مه‌نێکی که‌م، مۆدێڵی نووسه‌رێکی سه‌رڕاست و پڕ به‌رهه‌م بوو. یادی به‌خێر.]
گرانه له سه‌ر نوسه‌رێک بنووسیت که پێشتر کتێبێکی ئه‌وت نه‌خوێندبێته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه له تۆ زیکتر بێت له‌م ئێش و ئازاره رۆحییانه‌ی که ئه‌مرۆ پرۆسه‌ی نووسینت پێده‌که‌ن، ئه‌و نزیکتر بێت له ته‌واوی ئه‌و نوسه‌ره بیانیانه‌ی که به نووسین و کتێبه‌کانیان مێشکیان جه‌نجاڵ کردوویت و جار به جار ده‌ته‌وێت به چه‌ند وشه‌یه‌ک باسیان بکه‌یت، بۆ ئه‌وه‌ی له دووریدا تێنوویه‌تیت بۆ ناسنامه بۆ تاوێک بشکێنێت و له ژێر په‌رده‌یه‌کی ئارام‌دا که‌مێک خۆت نیشانده‌یت. لێ ئه‌سته‌مه له‌م ساته غه‌مگینه‌دا ئه‌و له بیر بکه‌یت و شتێکی له‌سه‌ر نه‌نووسیت. ئه‌و! که‌سێک بوو به‌ر له هه‌موو که‌س له گه‌ران به دوای ناسنامه دا وێڵ بوو.
به‌ڵێ، ناسنامه! ئه‌و شته پر نرخه‌ی که به هۆیه‌وه یه‌که‌م رۆژی له مه‌حزه‌ری فێربووندا لێ تاڵ بوو، کاتێک منداڵێکی حه‌فت ساڵان بوو. له‌و کاته‌ی هه‌م یه‌که‌م شه‌قی زوڵم به‌ر روومه‌تی ناسکی که‌وت، هه‌م به قه‌ده‌ری پر گرانی خۆی زانی! ئه‌مڕۆکه که ئه‌و ونه، پایز شه‌رمن و خه‌مناک و په‌شۆکاو هاتۆته به‌ر قاپیت و ئه‌ویش به گوێچکه‌دا ده‌چرپێنێت “برایێ هه‌م، ئه‌و که‌سه که‌سه که له سه‌ری بنوسرێت!”
به‌ڵام ئه‌فسووس ئه‌وه‌ی گوێ له‌م هاواره ناوه‌خته‌ی پایز ده‌گرێت، تازه بۆ‌وی دره‌نگه ده‌ستیی بگات به {تو1985} یان جودایی نێوان {مرنا که‌له‌کی رند1987} و{مرنا عه‌گیده‌کی1993} وه‌ک تو بزانیت، یان له دڵێک بگات که پڕاو پڕ بوو، لێوان‌لێو بوو به {سییا ئه‌ڤینێ1989} به‌ڵی، زۆر دره‌نگه له که‌سێک بگات که به‌ر له کۆچباری گازی و هاواری به‌رده‌وامی ئینسانی ئه‌و به قه‌ده‌ر {هاوارا دیجله‌یێ2003} بوو.
دوو ساڵ به‌ر له‌وه‌ی ئه‌و بۆ دوا جار به ناچاری بگه‌ڕێته‌وه وه‌لات و بیست و هه‌شت ساڵی دووری و غه‌ریبی به کۆتا بێنێت، ژانێک له گه‌ده‌ی سه‌ر هه‌ڵده‌دات و بیر و ئه‌ندێشه‌ی پڕ له سۆز و برینی به جارێک په‌شێو و ئاڵۆزکاو ده‌کات، تا وای لێ دێت چیتر نه‌توانێت بۆنی دار خۆخ و هه‌ناره‌کانی باخچه‌ی منداڵی له دووره‌وه بکات، چیتر نه‌توانێت به خه‌یاڵیش سه‌ر بخاته سه‌ر رانه‌کانی داپیره‌ی به‌ژن درێژی، تا ئه‌مجاره په‌نجه درێژه‌کانی وی له نێو قژی برنج و ماشیدا ببینێته‌وه.
ئه‌و له گه‌نجیدا دوایی ئه‌وه‌ی له زیندانی ئه‌نکه‌را ئازاد ده‌کرێت، له دیمه‌شقدا به دیار گۆڕی سه‌لاحه‌ددین و مه‌ولانا خالید و به‌درخان پاشا و نه‌وه‌کانی، به دیار گۆڕی قه‌دری جان هێستر دوای هێستر ده‌ڕێژێت و پاڵه‌وانانی حیکایه‌ته درێژه‌کانی داپیره‌ی به‌ژن درێژی دێته‌وه یاد و له داهاتوی خۆیدا راده‌مێنێت. ده‌ترسێت وه‌ک گۆڕه‌کانی به‌ر ده‌می و پاڵه‌وانه نه‌گه‌راوه‌کانی حیکایه‌ته‌کانی داپیره‌ی ئه‌ویش رۆژێک گۆر غه‌ریب بمرێت!؟
به‌ڵام ئه‌و چۆن ده‌یتوانی بگه‌ڕێته‌وه و ئه‌و رۆژگاره دژوارانه له یاد بکات که پاله‌وانان په‌راگه‌نده‌ی وه‌لاتی غه‌ریبی ده‌کات، چۆن ده‌یتوانی ئه‌و سپێده‌یه زووه‌ی ساڵی 1960 له یاد بکات که شه‌قی مامۆستاکه‌ی بنا گوێی ئه‌وی گه‌رم کرد کاتێک نه‌ڕاندی به نێو گوێچکه بچووک و حه‌فت ساڵییه‌که‌ی {کوردیی ئاخافتن یه‌ساغه!} یان چۆن رووی خیانه‌تکار و درۆزنانه‌ی ئه‌و دادوه‌ره کورده‌ی خه‌ڵکی ئاگری له یاد ده‌رکات که له هاوینی ساڵی 1976 به هه‌شت مانگ حوکمی دا و دوای ئه‌وه‌ی ئه‌ویش نه‌ڕاندی به گوێیدا که {کوردیی نووسینییش یاساغه!}
ئه‌و هه‌رگیز نه‌یتوانی بگه‌ڕێته‌وه نێو باغی منداڵی، نێو دار خؤخ و هه‌ناره‌کانی داپیره‌ی به‌ژن درێژی که به‌ر له بوونی ئه‌و وه‌ک یه‌که‌م نه‌وه، له‌گه‌ڵ باغی خۆخ و هه‌نار دا حه‌فت کوڕ و کیژێکی به خودان کردبوون. كیژه‌که له هه‌ر حه‌فت برا مه‌زنتر، دار هه‌نار و دار خۆخ و دایکی میهره‌بانی محه‌مه‌د بوو.
محه‌مه‌د ئوزون له دیمه‌شقدا به سه‌ر گۆر غه‌ریباندا به‌ره‌و دوور فڕی، دوورتر له‌م خاکانه‌ی که پاڵه‌وانانی حیکایه‌ته‌کانی داپیره‌ی درێژی پێی داچووبوون و نه‌گه‌ڕابوونه‌وه، دوورتر له قه‌فقاس، له یۆنان، له مه‌غریب و سه‌حرای یه‌مه‌ن. ئه‌و وه‌ک نه‌وره‌سێکی زیز له سته‌م به دوایی زه‌ردی خۆر و شینی ده‌ریاکاندا ڕه‌وی کرد، به‌ڵکو دورگه‌یه‌ک به‌دی بکات که ناسنامه‌ی ون بووی ئه‌وی له‌سه‌ر نووسرابێت.
دورگه‌که‌یه‌ک که ته‌نها ئارامی و خۆشی بێنێت بۆ ئه‌و، نه‌خاسمه {رونی مینا ئه‌ڤینێ، تاری مینا مرنێ1998}
به‌ڵام بۆ باڵه شه‌که‌ت و ماندووه‌کانی ئه‌و، دورگه‌ی کریت، شوێن پێی به‌درخان و سه‌مای زۆربا، ده‌رکه‌وت و دورگه‌ی ئه‌و نه‌بوو!
مالتا، زیندانی شۆرشگێران، ده‌رکه‌وت و دورگه‌ی ئه‌و نه‌بوو!
که‌ناری، به‌هه‌شتی جوان، ده‌رکه‌وت و دورگه‌ی ئه‌و نه‌بوو!
که نه‌گه‌یشت به‌وانه! گه‌یشت به دورگه‌یه‌ک که وه‌ک تایتلی رۆمانه‌که‌ی سه‌روو رۆژه‌کانی کورت و سپی بوون وه‌ک ئه‌ڤین و شه‌وه‌کانیشی درێژ و تاریک وه‌ک مردن! له‌م شوێنه‌دا ئه‌و بیست و هه‌شت ساڵ باڵه‌کانی واڵا بوون بۆ فڕین، زار و په‌نجه‌کانی بۆ په‌یڤین! به‌ڵام هه‌ر دین و وێل بوو بۆ جارێکی‌تر بۆنکردنه‌وه‌ی دار خۆخ و هه‌ناره‌کانی باخچه‌ی وه‌لات و داپیره‌ی به‌ژن درێژی. تا ئه‌و رۆژه‌ی گوێ که‌ڕ له ئاست ئێش و گازانده‌ی دلی ئه‌و، فه‌له‌ک له هه‌موو جارێک خائینتر تۆی پیسی خۆی له گه‌ده‌ی محه‌مه‌دا ده‌چێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر به خه‌یاڵیش به کن باغه سووتاوه‌که‌ی داپیره‌یدا بچێت نه‌توانێت هه‌نارێک، خۆخێک، بگره ده‌نکه زه‌یتونێکی لێ بخوات.
بۆیه ئه‌و که بۆ مردن پاش بیست و هه‌شت ساڵ دووری ده‌گه‌ڕێته‌وه به گه‌ده‌ی نه‌خۆشه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی ده‌کات ناتوانێت وه‌ک جاران بیر له دار خۆخ و هه‌ناره‌کانی باغی داپیره‌ی به‌ژن درێژی بکاته‌وه و بچێته‌وه ئورفه‌ی منداڵی، له جیاتیدا ئه‌و روو ده‌کاته ئامه‌د و له پاڵ شووره‌ی ره‌شپۆش و غه‌مگینی ئه‌م شاره‌دا سازێکی زه‌رد ده‌گرێته ده‌ست و چاوه‌ڕوانی ده‌نگبێژێک ده‌کات که له دووره‌وه قه‌تاره‌یه‌کی پڕ له خۆخ و هه‌ناری باغی داپیره‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنابێت، و به لاوکێکی بڵێت “فه‌له‌کێ خائین، چما ب سالا محه‌مه‌د ئوزون، عومر دژمێری!” محه‌مه‌د ئوزون له سالی 1953 هاته دونیا و به‌ر له هه‌فته‌یه‌ک له ته‌مه‌نی 54 ساڵیدا له دیاربه‌کر به شێرپه‌نجه‌ی گه‌ده کۆچی دوایی کرد.
گه‌لێک مخابن کاتێک نوسه‌ر و رۆشنفکر له زاڵم که‌متر ته‌مه‌ن ده‌کات.
* ئه‌وانه‌ی ناو که‌وانه ناو و ساڵی له چاپ دانی رۆمان و دیوانه‌کانی محه‌مه‌د ئوزونی نوسه‌ر و شاعیرن.
* وه‌لاتێ غه‌ریبیێ وه‌سفێکی سه‌ر زاری داپیره‌ی محه‌مه‌د ئوزون بوو له کاتی گێرانه‌وه‌ی حیکایه‌تدا.
دیدار مه‌سیفی
پایزی 2007