Skip to Content

Wednesday, August 17th, 2022

له‌ عوزله‌تی ژینه‌وه‌ …. عومه‌ر سه‌یده‌

Closed
by October 13, 2011 ئەدەب

گوێ مه‌گره‌ له‌ گله‌ییه‌کانی دڵم
باوه‌ڕ مه‌هێنه‌ به‌ شه‌رعی گریان
ئاسمان درۆیه‌ك بوو له‌ بێ هیوایدا
ناوێکمان پێ به‌خشی ..
بڕوانه‌ دارستان
دڵی پارچه‌ .. پارچه‌ کردوه‌
هه‌تا من و تۆ پیاسه‌یه‌کی تیا بکه‌ین
ئه‌گه‌ر ئه‌مشه‌و هاواری من هاته‌ به‌ر گوێت
مه‌پرسه‌ .. که‌س هه‌واڵم نازانێت
که‌س ده‌فته‌ری ژانه‌کانی ده‌ریای نه‌بینیوه‌
دڵم .. ئا ته‌نیا دڵم ده‌زانێت
روگه‌ی بوونم له‌ کوێیه‌!!
من که‌ هه‌میشه‌ له‌ حزوری بێده‌نگیتدا
چه‌شنی زاهیدێك به‌ناخی خۆمدا رۆچوومه‌
بیر له‌ تۆ ده‌که‌مه‌وه‌ ده‌می خه‌ون بینین
له‌م عوزه‌له‌تی ژینه‌وه‌
هێنده‌ی تروسکایی چاوی قرژاڵێك
دونیا ده‌بینم پڕه‌ له‌ ورشه‌
ورشه‌ی ئه‌ستێره‌کان له‌نێو خوێنی به‌ناهه‌ق رژاو
به‌یانییه‌ك له‌و کولبه‌ی جنونه‌ وه‌ره‌ ده‌رێ
ته‌ماشایه‌کی ئاسمان بکه‌و
ناوێکی تازه‌ی بده‌رێ
با ئیدی له‌م چه‌قبه‌ستوییه‌ رزگارمان بێت
ئاخر من عاده‌تم به‌ تێکشکانه‌وه‌ گرتوه‌
چاخی عیشق تۆ وردو خاشت کردم
چاخی نائومێدی دڵم هه‌ڵوه‌ری
وه‌رزی کینه‌و رق
بوومه‌ تنۆکێك ئه‌شك به‌ گۆنای حه‌سره‌تێکه‌وه‌
زه‌حمه‌تێك بکێشه‌و گێلاسی عومرم بچنه‌وه‌
وا زه‌رد ده‌بمه‌وه‌ به‌ لقی به‌دبه‌ختییه‌وه‌ ئه‌زیزم
وجودم که‌ کێڵگه‌ی خه‌ونه‌کانته‌
ئینسافه‌ دڵم به‌ کوشتن بکێڵی
هه‌قه‌ بمده‌یته‌وه‌ ده‌ستی فه‌نابوون
ئاخر خه‌زانی عیشق چه‌شنی زریان
دڵمی راماڵیوه‌و نازانم له‌ کوێی ژیان گیرساومه‌ته‌وه‌
ده‌ستی تۆ نه‌بێت .. گوڵێ
کام ره‌شه‌با ده‌رگای ماڵه‌که‌م ده‌ترازێنێ
خۆر له‌مێژه‌ رێی په‌نجه‌ره‌ی منی وون کردوه‌
ئه‌دره‌سی حه‌سره‌ته‌کانم له‌ یه‌که‌م نیگای خۆت بپرسه‌
ده‌زانیت چه‌ند له‌مێژه‌ به‌ نێو فاجیعه‌کاندا من هه‌ڵدێم
بۆ تۆزقاڵێك به‌خته‌وه‌ری ده‌رگای هه‌موو مه‌یخانه‌کان ده‌کوتم
بۆ سه‌رخه‌وێکی مه‌رگبار
ئامێزی پڕ سۆزی ژنه‌ حه‌شه‌رییه‌کان ته‌ی ده‌که‌م
ئه‌م وانه‌ی ژیانه‌ سه‌خت بوو
ئه‌م ئه‌زمونی عیشقه‌ تاڵ بوو
ئه‌م نه‌فره‌تی دوورییه‌ دڵمی هه‌نجن ..هه‌نجن کرد
ئای گوڵێ تۆ خۆر نیت .. بۆچی له‌ چاوانم ئاوابوویت
به‌ توله‌ڕێی کام هه‌ڵه‌موتا هه‌ڵزنای
ئاهوی سرکی کام پێده‌شت بوویت
راوچی بووم و بوومه‌ نێچێر
جه‌نگاوه‌رێکی دۆڕاوی نێو شه‌ڕگه‌کانم
هه‌ناسه‌م یه‌ئسی لێ ده‌چۆڕێته‌وه‌
سنگم به‌ نێزه‌ی دڵڕه‌قیت هه‌پرون .. هه‌پرونه‌
ئاینده‌م به‌ قولاپی کوخێکی رزیوه‌وه‌ جێماوه‌
نازانم له‌ کام جه‌نگه‌ڵه‌
هه‌ر تۆ ده‌زانیت خه‌ون و خه‌یاڵم و بوونم
به‌ یه‌قینی کام ئێواره‌وه‌ مه‌ست بووه‌و
نادیار له‌ هه‌موو دیارێك
رۆژه‌کانم چه‌شنی ده‌نکی ته‌زبیحه‌که‌ی باوکم
یه‌ك .. یه‌ك به‌ڕێده‌که‌م و
به‌یانی من لێره‌ نابم
ئێستا پێم بڵێ تۆ له‌ کوێیت؟!!!

عومه‌ر سه‌یده‌

23/09/2011

Previous
Next