
ده‌رباره‌ی ده‌وڵه‌ت له ئیسلامدا….. به‌شی دووه‌م
پێش ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر نووسینه‌که‌ی کاک عه‌بدولڕه‌حمان سه‌دیق، به پێویستی ده‌زانم باسێکی کورتی مێژووی په‌یوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌ت و ئایین، مه‌فهوومی ده‌وڵه‌ت، پێش و دوای هاتنی ئایینه ئاسمانییه‌کان ده‌که‌م.
له ڕابردوودا په‌یوه‌ندی ئایین و ده‌وڵه‌ت ئه‌و ستوونه بووه که کۆمه‌ڵگای له‌سه‌ر سازکراوه. به‌ڵام کام کۆمه‌ڵگا؟ کۆمه‌ڵگایه‌ک که کاری هه‌ره‌وه‌زی و هاوپشتی له‌نێوان تاکه‌کانی زامنکردووه. ئه‌مه‌ش چونکه ته‌نها ئامرازێک بۆ شه‌رعیه‌تدان به ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات و ڕیزگرتن له یاساکان و به‌کارهێنانی هێز له کۆمه‌ڵگادا، ئایین بووه. ئایین ئه‌و سیمبۆل و عه‌قیده‌یه‌ش بووه که گرووپ و تاکه‌کان توانیویانه تیایدا جیاوازییه‌کانیان فه‌رامۆش بکه‌ن و ناسنامه‌یه‌کی یه‌کگرتوو بێنه‌کایه‌وه. ئایین له ڕابردوودا تاقه ئامرازبووه بتوانێ کۆمه‌ڵێک دامه‌زرێنێ که خاوه‌نی ئیراده‌و ئامانجی هاوبه‌ش بێت و زه‌مینه‌ش خۆشبکا بۆ ئاڵوگۆڕی ماددی و مه‌عنه‌وه‌ی له‌نێوان تاک و کۆمه‌ڵگاکان و له‌وێشه‌وه بۆ شارستانییه‌ت و گه‌شه‌کردن.
پێش هاتنی ئایینه ئاسمانییه‌کان، مرۆڤه‌کان خودایان وه‌ک به‌شێک له سروشت بینیوه، بۆ نموونه وه‌ک خوای ڕۆژو ئاگرو په‌یکه‌ره‌کان ….هتد، یاخود پادشا‌و فیرعه‌ون و ئیمبڕاتۆڕه‌کان، که وه‌ک خودا ده‌پرستران. پێش ئایینه ئاسمانییه‌کان هه‌موو ده‌وڵه‌تێک خاوه‌نی ئاینی خۆی بوو، به‌جۆرێک پادشاکان له‌م ده‌وڵه‌تانه ڕوحی کۆمه‌ڵگایان پێکده‌هێناو لێره‌شه‌وه وه‌ک خودا ده‌پرستران. بۆیه‌ش پادشاکانی ئه‌و سه‌رده‌م ده‌یانتوانی ئایینی خه‌ڵک، له ئایینێکه‌وه بۆ ئایینێکی‌تر، بگۆڕن. تا ئێستاش ئاسه‌واری ئه‌مه له‌و قسه‌یه عه‌ڕه‌بیه‌دا ماوه که ده‌ڵێ (الناس على دین ملوکها)، واته “خه‌ڵک له‌سه‌ر ئایینی پادشاکانیه‌تی”. گه‌شه‌ی شارستانییه‌ت و له‌گه‌ڵیشیدا هاتنی ئایینه ئاسمانییه‌کان، وایکرد پادشاکان جێگه‌وڕێگه‌ی خۆیان وه‌ک چه‌قی پێکه‌وه‌گرێدانی ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگا له‌ده‌ستبده‌ن، به‌جۆرێک خۆشیان ناچاربوون کرنۆش بۆ خوای ئاسمان ببه‌ن و لێیبپاڕێنه‌وه. ئایینه ئاسمانییه‌کان فیکره‌ی خودایان له سروشت و پادشاکان ڕزگارکرد، به‌جۆرێک فیکره‌ی پیرۆزی و خودایان بۆ ئاستێکی به‌رزتر له مرۆڤ و سروشت برد، له هه‌مانکاتیشدا تاکیان کرده ناوه‌ندی کێشمه‌کێشی نێوان به‌هاکان و غه‌ریزه‌کان، به‌جۆریک تاک بتوانێ خۆی ئاراسته بکا به‌ره‌و کاری باشه‌و ته‌نها به‌گوێره‌ی ئه‌و غه‌ریزانه‌ی که سروشت پێبه‌خشیوه نه‌جولێته‌وه. ئه‌م سێ ئایینه کۆیله‌تی مرۆڤیان بۆ خوای سه‌ر زه‌وی گۆرێ بۆ خوای ئاسمان و له‌وێوه‌شه‌وه برایه‌تیه‌کیان له‌نێوان مرۆفه‌کان سازکرد له‌سه‌ر بنچینه‌ی خوای ئاسمان. ئه‌مه‌ش وایکرد که تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ ببنه هێزێکی ئه‌خلاقی و مه‌عنه‌وی و روحی به‌هێز که خۆی ده‌ربڕێ له برایه‌تی و هاوپشتی روحی له ئاستێکی به‌رینتر له ده‌وڵه‌تێک یان شوێنێکی دیاریکراو. بۆیه‌ش به هاتنی ئایینه ئاسمانییه‌کان کێشمه‌کێش له‌نێوان ئایین و ده‌وڵه‌ت په‌یدا بوو. له‌هه‌رجێگایه‌ک ئه‌م ئایینانه بڵاوبوونه‌وه، ده‌وڵه‌ت تیایدا تووشی هه‌ژانی توند هات، به‌جۆرێک تاکو ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامی هه‌یه.
به‌سه‌رکه‌وتنی ئایینه ئاسمانییه‌کان مرۆڤایه‌تی چووه قۆناغی یه‌کتاپه‌رستی، که تیایدا مه‌فهومی پتپه‌رستن و پادشا و فیرعه‌ون په‌رستن هه‌ره‌سی هێنا. ئه‌مه‌ش وایکرد تاکی ئیماندار وه‌ک تاک ڕاسته‌وخۆ بتوانێ په‌یوه‌ندی روحی له‌گه‌ڵ خودا ببه‌ستێ به‌بێ میانگیری هیچ که‌س و لایه‌نێک. ئه‌م گۆڕانه مێژوویی و قووڵه‌ی که له په‌یوه‌ندی مرۆف به خواوه ڕوویدا، دوایی بووه بنه‌مایه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی تاک بتوانێ ئاشنای خۆی ببێ و هیزی خۆی وورده وورده بناسێ و ببێته خاوه‌نی ئه‌زموونێکی تاکه‌که‌سی قوڵتر له‌جاران و له‌وێشه‌وه کۆمه‌ڵیش ببێته خاوه‌نی ناوه‌ڕۆکێکی مه‌عنه‌وی و ئه‌خلاقی ڕاسته‌قینه‌تر. به‌مه‌ش بوار ڕه‌خسا که لێکۆڵینه‌وه ئه‌قلییه‌کان وه‌ک لێکۆڵینه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆ له باوه‌ڕ بێنه کایه‌وه. ئه‌مه گۆڕانێکی مه‌زن و مێژوویی بوو
له ئایینی ئیسلامدا ئه‌مه زۆر به‌ڕۆشنتریش ده‌رکه‌وت، به‌جۆرێک تاک و کۆمه‌ڵ به کۆچی دوایی پێغه‌مبه‌ریش، پێویستیان به پێغه‌مبه‌ری نوێ نییه و هه‌ر تاکێکی باوه‌ڕدار ده‌توانێ به‌بێ په‌یامبه‌ری‌تر و سه‌ربه‌خۆ له ژیاندا بڕوا. هه‌ربۆیه‌شه له ئیسلامدا ده‌بینین دوای کۆچی دوایی پێغه‌مبه‌ر که‌س په‌یدا نه‌بوو ئیدعای په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خودا و وه‌رگرتنی وه‌حی بکا. بۆیه‌ش عه‌قل میراتی پێغه‌مبه‌رایه‌تی وه‌رگرت. لێره‌دابوو که کۆتایی پێغه‌مبه‌رایه‌تی مانای ته‌سلیمکردنی ڕابه‌رایه‌تی روحی بوو به ئه‌قلی مرۆڤ، هه‌ر لێره‌شه‌وه بوو که ئیجتهاد له ئیسلام سه‌ریهه‌ڵدا.
ئه‌م پێشه‌کییه پێویست بوو. چونکه تێگه‌یشتن له ده‌وڵه‌ت له ئایینی ئیسلامدا باشتر روون ده‌بیته‌وه کاتێک لامان رۆشن بێت که پێش ئایینی ئیسلام ده‌وڵه‌ت چۆن بووه. بۆیه لێره‌دا ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ نووسینه‌که‌ی کاک عه‌بدوڵره‌حمان سه‌ددیق. کاک عه‌بدولڕه‌حمان له خاڵی دووه‌می بابه‌ته‌که‌یدا ده‌نووسێ “له ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نیدا که ئیسلام دایهێنا فه‌رمانڕه‌وا: هه‌ڵبژێردراوه، مرۆڤه، هه‌ڵه ده‌کات، مه‌عسووم نییه، چاودێریکراوه”. له خاڵی سێیه‌میشدا کاتێ به‌راووردێک له‌نێوان ده‌وڵه‌تی سیۆکراتی و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌کات، ده‌ڵێ له “ده‌وله‌تی مه‌ده‌نی که ئیسلام دایهێناوه” “ئوممەت كەزۆرینەیە حوكم دەكات لەڕێگەی هەڵبژاردنی نوێنەرەكانییەوە، شەریعەتیش كەسەرچاوەیەكی یاسادانانە، سەیركردنی گشت لایەك و گشت مرۆڤەكانە بەیەكسانیی”
کاک عه‌بدولڕه‌حمان ده‌ڵێ له “ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی که ئیسلام دایهینا”، ئوممه‌ت که زۆرینه‌یه حوکم ده‌کا. به‌ڵام چۆن؟ له وڵامدا ده‌ڵێ چونکه ئه‌م ئوممه‌ته له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ره‌کانی حوکم ده‌کا. کاک عه‌به‌ولڕه‌حمان هه‌ر به‌وه‌ش ناوه‌ستێ به‌ڵکو ئیدعای ئه‌وه‌ش ده‌کا که فه‌رمانڕه‌وا له‌م ده‌وڵه‌ته‌دا بێجگه له‌وه‌ی هه‌ڵبژێردراوه، توانای چاودێریکردنیشی فه‌راهه‌م بووه. که‌واته کاک عه‌بدولڕه‌حمان باسی بوونی دوو چه‌مکی زۆر گرنگ له ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌دا ده‌کات، که ئه‌وانیش هه‌ڵبژاردن و چاودێریکردنن.
ڕاسییه‌که‌ی خودی ئیسلام که سه‌ریهه‌ڵدا نه ده‌وڵه‌ت بوو، وه نه داوای ده‌وڵه‌تیشی ده‌کرد. به‌س له نهایه‌تدا ئیسلام ده‌وڵه‌تی سازکرد. ئه‌سڵی کێشه‌ی ده‌وڵه‌ت له ئیسلامدا نه‌بوونی تیۆرێکه له سیاسه‌تی ئایینی، ئه‌گه‌رچی ڕۆشنه که مماره‌سه‌یه‌کی ئایینی بۆ سیاسه‌ت له میژووی ئیسلامدا هه‌یه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که ئیسلام خاوه‌نی تیۆری ده‌وڵه‌ت نه‌بوو، به‌س ده‌وڵه‌ت بۆ ئایین زیادکرا وه‌ک پێویستییه‌ک بۆ بوونی وازع و ڕێگرێکی ده‌ره‌کی، هه‌روه‌ک له‌سه‌ر زاری خه‌لیفه‌ی موسڵمانان عوسمان کوڕی عه‌ففان ده‌گێڕنه‌وه که فه‌رموویه‌تی ( یزع الله بالسلطان ما لا یزع بالقرأن )، واته “ده‌سه‌ڵاتدار یاخود سوڵتان ده‌توانێ ڕێگری بکا له خراپه‌کاری ئه‌و که‌سانه‌ی که ناتوانرێ چاک بکرێن به قوڕئان”. ئه‌م قسه‌یه ده‌یسه‌لمێنێ که ده‌سه‌ڵاتی سوڵتان وه‌ک ته‌واوکه‌ری هه‌ژموونی ئایینی حیسابی بۆکراوه. به‌واتایه‌کی‌تر هه‌ژموونی ئیمان به هه‌ژموونیکی‌تر ته‌واو ده‌کرێ که هیچ په‌یوه‌ندی به ئیمانه‌وه نییه، که ئه‌ویش ده‌سه‌ڵاتی سوڵتانه. به‌مه‌ش ده‌وڵه‌ت کرا به ئامرازێک له‌ده‌ستی ئایین. ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌و رایه له ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌دا سه‌ربکه‌وێ که ئامراز خۆی له خۆیدا هیچ به‌هایه‌کی نییه، هه‌موو به‌هاییه‌که له‌و که‌سه‌دایه که به‌کاریدێنێ، که لێره‌دا مرۆڤی باوه‌ڕداره. ئیتر له‌وکاته‌وه تاکو ئێستا هیچ که‌سیکی ئایینی و زانایه‌کی ئیسلامی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی له واقعی ده‌سه‌ڵات نه‌کردووه، به‌جۆرێک که ده‌وڵه‌ت واپیشانبدا که ماهیه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه، نه‌ک ته‌نها ئامرازیک بێت و ماهیه‌ته‌که‌ی له‌و که‌سه‌دا بێت که به‌کاریدێنێ. ئه‌نجامی ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌بوو که هیچ تیۆرێکی ڕاسته‌قینه بۆ ده‌وڵه‌ت نه‌هاته‌کایه‌وه. لێره‌شه‌وه کۆمه‌ڵگا ئیسلامییه‌کان هه‌موو تواناییه‌کیان له‌ده‌ستدا بۆ کۆنتڕۆل و چاودێریکردنی سوڵتان و حاکمه‌کان و ڕێکخستن و ڕیفۆڕمی ده‌وڵه‌ت. چونکه کۆنتڕۆل و ڕیفۆرم له ده‌وڵه‌ت پێویستی په بیرلێکردنه‌وه‌و لێکدانه‌وه‌ی ئالیاته‌کان و کێشه‌کان هه‌یه. له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ کاتێک ئالیه‌تی کاری ده‌وڵه‌ت ده‌ستنیشانه‌کراوه بۆیه ده‌وڵه‌ت له کۆمه‌ڵگای ئیسلامی بووه هێزێکی شاراوه‌و قه‌هراوی ڕووت، به‌جۆریک که‌س نه‌یده‌توانی کۆنتڕۆلی بکا. کاک عه‌بدولڕه‌حمان کاتێ باسی بوونی هه‌ڵبژاردن و چاودێریکردن له ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌دا ده‌کات، نازانم پشتی به‌چی به‌ستووه. به‌س ره‌نگه کاک عه‌بدولڕه‌حمان مه‌سه‌له‌ی بوونی شورای له ئیسلامدا وه‌ک هه‌ڵبژاردن له قه‌له‌م دابێ. سه‌باره‌ت به چه‌مکی شورا ، ڕاستییه‌که‌ی تا پێش مۆدێرنیته هیچ زانایه‌کی ئیسلامی هه‌وڵینه‌داوه مه‌فهومی شورا والێکبداته‌وه و فۆڕمۆڵه‌ی بکات وه‌ک سیسته‌مێکی سیاسی بۆ هه‌لبژاردن یاخود وه‌ک دیاریکردنی سنووره‌کانی ده‌سه‌ڵات پشتی پێببسترێ، به‌ڵکو مه‌فهومی ته‌سلیمبوون هه‌میشه بنه‌مای هه‌موو لێکدانه‌وه‌کان پێکدێنێ. ئه‌مه‌ش چونکه کۆمه‌ڵگای ئیسلامی له‌و سه‌رده‌مانه‌دا له سنور‌و ئاسۆی ئاییندا فیکری ده‌کرده‌وه و له متمانه به‌خواو ئیماندا بۆ مه‌سه‌له‌کان ده‌چوو، به واتایه‌کی‌تر کۆمه‌ڵگا گوێڕایه‌لی کۆمه‌ڵێک مه‌فاهیمی، جیاواز له ئێستا، بۆ وجودی خۆی بوو. موسوڵمانان له‌و سه‌رده‌مدا له که‌شوهه‌وایه‌ک ده‌ژیان که که‌شوهه‌وای ئایینی بوو، به‌و مانایه‌ی که ته‌سلیمبوون به ڕعایه‌تی خوداوه‌ند مه‌رجی سه‌ره‌کی بنه‌ماو مانه‌وه‌ی جیهانه. ڕاستییه‌که‌ی ووشه‌ی شورا چه‌مکێک بوو له‌و چه‌مکه زۆر‌و زه‌به‌ندانه‌ی ئایینی که په‌یوه‌ستبوون به داد و قه‌زا، نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئیسلامی سیاسی ده‌یه‌وێ وه‌ک بنه‌ماو پێکهاته‌کانی ده‌سه‌ڵات باسی ده‌کات. چه‌مکی شورا ئاماژه نه‌بوو به ده‌سه‌ڵات یاخود هه‌ڵبژاردنی ڕابه‌راتیه‌کی دیاریکراو له ئایین و ده‌وڵه‌ت، به‌ڵکو شورا چۆن ئاراسته‌ی هه‌ر موسڵمانێک و تاکیکی ئیماندار ده‌کرا، به‌هه‌مان شێوه‌ش ئاراسته‌ی سوڵتان و ده‌سه‌ڵاتدار ده‌کرا. به واتایه‌کی‌تر ته‌نها ڕێنماییه‌کی په‌روه‌رده‌یی بوو و به‌س. ووشه‌ی شورا له په‌یوه‌ند به حوکم به‌هایه‌کی ئه‌خلاقی و پرانسیپ بوو نه‌ک تیۆرێكی سیاسی. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌ها ئه‌خلاقیانه بکرێنه تیۆرێک، پێویسته ده‌سه‌ڵات ڕۆشن و لێکبدرێته‌وه وه‌ک په‌دیده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی که گوێڕاه‌یه‌لی یاسایه‌که که ده‌کرێ بدۆزرێته‌وه. به‌س ئایا وابوو؟ نه‌خێر. له‌و سه‌رده‌مدا هه‌ڵسوکه‌وت، له ووشیاری و ممارسه‌دا، له ئاستی جه‌ماوه‌ری و فه‌رمیدا، له په‌یوه‌ند به ده‌سه‌ڵاتداران له که‌شوهه‌وای گشتیدا پشتی ده‌به‌ست به ته‌سلیمبوون. بۆیه‌ش ئه‌و ئیدعاییه‌ی کاک عه‌بدولڕه‌حمان به بوونی هه‌ڵبژاردن و چاودێریکردن له ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌دا بوونی نییه، هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو وایکرد ده‌وڵه‌ت له مێژووی ئیسلامی‌دا به ئیستبدای ره‌ها و نائینسانی بمێنێته‌وه تاکو ئێستا.