
کاتێ بۆ شیعر (4)….د. که‌مال میراوده‌لی
دڵێریکا یان گۆرانییه‌کانی دڵ
(1) ڕه‌نجان
چ ڕوویدا دڵه‌که‌م چ ڕوویدا؟
خه‌مێکی کۆن بوو، له دڵتا سه‌ری هه‌ڵدا؟
برینێکی ناساڕێژبوو، ئازاره‌که‌ی بۆوه په‌یدا؟
چ ڕوویدا دڵه‌که‌م چ ڕوویدا؟
کێ ڕه‌نجاندی ڕۆحی شه‌یدا؟
داوات چی بوو، دڵم نه‌یدا؟
ون بووم له ناو گێژی سه‌ودا
شک شێ ده‌که‌م- هه‌ودا هه‌ودا
وه‌ڵام نه‌بوو له هیچ مه‌ودا
چ روویدا – دڵه‌که‌م
چ ڕوویدا؟
(2) ته‌نیایی
مه‌ترسه تۆ ته‌نیا نابی:
ئه‌گه‌ر به چیادا هه‌ڵگه‌ڕێی
شان و قۆڵم قاڵدرمه‌ته
ئه‌گه‌ر له بیابان بگه‌ڕێی
هه‌ناسه‌که‌م باوه‌شێنت و
فرمێسک بارانی ڕێگه‌ته
مه‌ترسه تۆ ته‌نیا نابی
له هه‌ر کوێ بی له‌وێم بۆ تۆ
ته‌یرێکی ته‌نیای ئاسمان بی
باڵم دره‌ختی په‌نات و
دڵم ماڵ و هێلانه‌ته
ئه‌گه‌ر دڵت له‌ناو دڵمدا لێنه‌دا
دڵم نییه
پارچه گۆشتێکی دوو له‌ته.
(3) وڵات
وڵاتی تۆ له‌په‌نجه‌ی ده‌ستی ڕاستمه‌وه
ده‌ست پێده‌کا
په‌نجه‌ی ده‌ستی قۆڵی چه‌پمه کۆتاییه‌که‌ش
وڵاتێکه ناوی: باوه‌ش
بۆکوێ ده‌چی؟
نیشتمانێ تر شک نابه‌ی
جگه له جیهانێکی پڕ تارمایی،
تاریک و ڕه‌ش
راکردنت ڕاکردنته له خۆت
وڵاتێکی تر نادۆزێته‌وه بۆت
پێیه‌کانت نابن به پرد
ده‌سته‌کانت نابن به‌باڵ
هیچ گۆشه‌یه‌کی دنیای کوێر
بۆ دیده‌ی تۆ نابێت به ماڵ
هه‌ر له ئه‌لفی ئامێزمه‌وه هه‌تاکو (ێ)
گشت ڕێیه‌کت بۆ ئێره دێ
(4) ده‌ست
تۆ له خه‌م خولقاوی
بۆیه به کیشوه‌ری ڕۆحم ئاشنای
بمچنه‌وه، بمچێنه‌وه
با هه‌موو خوله وه‌رزێکم
له‌سه‌ر له پی ده‌ستی تۆ بێ
ڕامگره له‌سه‌ر خه‌تی ڕاکێشانی خۆتا
خه‌تی عیشقم
خه‌تی کۆچم
خه‌تی خه‌مم
خه‌تی خۆشیم
خه‌تی مه‌رگم
هه‌موی هێلی ورد‌و درشتی
له‌پی ده‌ستی تۆیه!
(5) تروسکه
که تۆ تروسکه بی
ته‌نێ تاریکی ده‌رکت پێ ده‌کا
بۆیه دیده‌کانم کوێرده‌که‌م
هه‌موو چراکان ده کوژێنمه‌وه
ببارێ ببارێ ببارێ
ئه‌ی تاریکی ببارێ
وه‌ک به‌فرێکی ره‌شی ئه‌ستوور
له باکووره‌وه بۆ باشوور
له‌و سه‌ری گه‌ردوونه‌وه
له‌ناو قه‌دی نه‌بوونه‌وه
تۆزقاڵێک، تنۆکه‌یه‌ک، تروسکه‌یه‌ک
گوڵه ئه‌ستێره‌یه‌ک
به‌خێر بێی ئه‌ی کچی تاریکی!!
(6) سامان
من چیم هه‌یه؟
قه‌ڵه‌م
دڵم
بیری تۆ
ئۆقیانووسی غوربه‌ت
تووڕه‌یی گڕکانی کپکراو
حه‌زێکی بچووک
هه‌موو ئه‌گه‌ره‌کان مه‌گه‌رن
گه‌ر ده‌پرسی
گه‌ر ناترسی
وه‌ره ئه‌م دیوی دڵمه‌وه
ئه‌م به‌سته‌ڵه‌که
بتوێنه‌وه به ماچ
ڕزگارم که
له چاره نوسی خاچ.
(7) کچی هه‌تاو
سڵاو ئه‌ی کچی هه‌تاو
سلاو پرچی زێڕینی خاو
به‌سه‌ر کازیوه‌ی گه‌ردنی
مه‌رمه‌ریدا هه‌ڵڕژاو
ته‌نیاو داماو
له مۆته‌که‌ی مه‌رگ هه‌ستاو
به په‌نجه‌ی مه‌ست
بده له په‌نجه‌ره‌ی رۆحم
هه‌ستێنه هه‌ستی سڕکراو
چه‌ند شه‌و له ناو ته‌می خه‌مه‌کانما خه‌وتم
ئاسمانه پرته‌قاڵییه‌کان به‌سه‌ر سه‌رمدا
تێپه‌ڕین
چه‌ند شه‌و به دیار برینه‌کانمه‌وه كڕ که‌وتم
لاپه‌ڕه‌ی کۆنی یادگارم
وه‌ک یه‌خه‌ی خۆم: په‌ڕپه‌ڕ، دڕین
تنۆکێ ئه‌سرین
له ناو چاومدا قه‌تیس ما‌و
بۆ چاوه‌ڕێی هاتنی تۆ:
سڵاو، سڵاو
کچی هه‌تاو
ئه‌مشۆ کۆرپه‌که‌ی مریه‌م هات
موژده‌ی ژیانه‌وه‌ی پێ به‌خشیم
ئه‌مشۆ تاڵێ پرچی شه‌م هات
په‌ڕینه‌وه‌ی پردی سیراتی پێ به‌خشیم
(8) گوڵ‌فرۆش
گوڵ‌فرۆش ئاگات له دڵم بێ
ناسکتره له‌وچه‌پکانه‌ی ناو په‌نجه‌ت
نه‌ک به ئاوی نازو نیعمه‌ت
به ئاگری داخ و حه‌سره‌ت
ئاگات لێ بێ
نزیک دڵت هه‌ڵی گره
دا ببیسێ ڕاز‌و چپه‌ت
داخۆ چ نه‌خشه‌یه‌کت هه‌یه بۆی
داخۆ ده‌یکه‌ی به شیشه‌وه
کوت کوت ده‌یخۆی
یان جێی دێڵی به ته‌نیایی
تا ته‌واوکا
چه‌پته‌رێکی تری مه‌ینه‌ت
لێوت سوورتر له ئه‌رخه‌وان
گۆنات ئاڵتر له گوڵه باخ و
چاویشت گه‌شتر له گوڵه هێرۆ
وه‌لێ ره‌نگی دڵت نازانم
تاریکه وه‌ک شه‌وی ده‌یجوور
یان ڕوونه وه‌ک خۆری ئاسۆ
تۆ هاتی به پیری دڵمه‌وه
چنیت وه‌کو چڵێ شه‌وبۆ
ئاگات لێی بێ مه‌یکه ته‌ریک
وه‌کو گوڵه‌کانی ترت –
مه‌یفرۆشه به‌ئاسانی
مه‌یبه‌سته‌وه
به به‌نێکی تیژی باریک
هه‌ڵیگره بۆ ده‌زگیرانی
گوڵ‌فرۆش ئاگات له دڵم بێت
ناسکتره له‌و په‌نجانه‌ی ناو په‌نجه‌ت
نه‌ک به ئاوی نازو نیعمه‌ت
به ئاگری داخ و حه‌سره‌ت
ئاگات لێ بێ
مه‌یفرۆشه به ئاسانی
به‌رگه ناگرێ بۆ وه‌رزێکی دیکه‌ی
داخ و په‌شیمانی.