
پیانۆ …. سیروان ره‌حیم
به‌مه‌به‌ستی به‌رنامه‌سازی سه‌باره‌ت به ئامێری پیانۆ، رۆژێك هه‌موو كاته‌كه‌م له ناوه‌ندی فرۆشتنی “بێكشتاین” بۆ پیانۆ له شاری كۆڵن-ئه‌ڵه‌مانیا به‌سه‌ر برد، یه‌كێك بوو له خۆشترین رۆژه‌كانی من.
به‌سه‌ربردنی كات له نێو ئه‌و هه‌موو هێلانه ره‌نگینانه‌ی نۆته و جریوه‌ی جوانیدا تایبه‌تمه‌نده.
ئارتور روبینشتاین “1887-1982” پیانۆژه‌نێكی پۆڵۆنی بوو، گوتویه‌تی:
من ئه‌وه‌نده خۆشحاڵانه پیانۆ ده‌ژه‌نم، كه ده‌توانم به خۆڕاییش ئه‌و كاره بكه‌م. سوپاس بۆ خوا كه رێكخه‌رانی كۆنسێرته‌كانم ئه‌مه نازانن.
هونه‌ری پیانۆژه‌نین، له‌و هونه‌رانه‌یه سه‌دان ساڵه زۆر كه‌س نه‌ك به خۆڕایی، به‌ڵكو پاره‌یش ده‌ده‌ن، پاره‌یه‌كی زۆر، تا فێری ببن و ببن به پیانۆژه‌ن. پیانۆ هێلانه‌ی ئه‌ڤینێكی گه‌وره‌یه.
ماركه‌ی بێكشتاین یه‌كێكه له ماركه هه‌ره گرنگه‌كانی دروستكردنی پیانۆ له سه‌رانسه‌ر جیهاندا، به تایبه‌تی له ئه‌ڵه‌مانیا ئه‌م ماركه‌ی پیانۆیه باشترین و پڕحهزترین جۆری پیانۆیه.
كارل بێكشتاین ساڵی 1826 له دایكبووه، ساڵی 1900 كۆچی دوایی ده‌كات. ساڵی 1853 له به‌رلین كارگه‌كه داده‌مه‌زرێنێت. كارگه‌یه‌ك تا ئێستا به‌رده‌وامه له به‌رهه‌مهێنان و دوای خۆی ئه‌وه‌نده نه‌وای ره‌نگین و ئه‌وه‌نده نه‌غمه‌ی نه‌مر به ژیان ده‌به‌خشێت كه ناوی ئه‌ویش ده‌خه‌نه ئامێزی نه‌مرییه‌وه.
ئه‌و رۆژه له نێو ره‌نگی دڵكێش و نه‌وای نایابی ئه‌و هه‌موو پیانۆیه‌دا، ئاسوده بووم. به‌ڵام له خهیاڵگهمدا چه‌ندین بابه‌ت به یه‌كدا ده‌هاتن و ده‌چوون.
یه‌كێك له‌و بابه‌تانه، بابه‌تی زمان بوو.
هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك، هه‌ر كۆمه‌ڵه مرۆڤێك چه‌ند كه‌ره‌سته و چه‌ند داهێنانیان هه‌بێت، زمانیشیان ئه‌وه‌نده ده‌كشێت و فراوان ده‌بێت. ئه‌و گه‌لانه‌ی خاوه‌نی هیچ داهێنانێك نین، كه‌ره‌سته‌كانی به‌كارهێنان، كو‌لتور و زانیاریان كه‌م و زمانهكهیشیان قه‌ڵسه.
پێشكه‌وتن، گه‌شه‌سه‌ندن، ده‌وڵه‌مه‌ندی زمان، زه‌خیره‌ی فراوانی وشه، په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه چه‌ند كاری پێكراوه.
ئه‌و رۆژه به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی فرۆشتنی پیانۆی “بێكشتاین” ئه‌وه‌نده وشه‌ی سه‌باره‌ت به پیانۆ و ورده‌كاری ئه‌و ئامێره به‌زاردا ده‌هات، كاتێك بیرم له وه‌رگێڕانیان بۆ كوردی ده‌كرده‌وه، به پێی ئاگاداری سنورداری خۆم، هیچیانم له زمانی كوردیدا بۆ نه‌ده‌دۆزرایه‌وه.
له ئه‌ڵه‌مانیدا ئه‌م وشانه بۆ چه‌ند جۆرێكی ئه‌و ئامێره به كاردههێندرێت:
(پیانۆ، كلافییر، فلویگهل، ئه‌مه‌ی دواییان واته‌ی باڵ ده‌گه‌یه‌نێت). به راستییش ئه‌و جۆره‌ی پیانۆ له شێوه‌ی باڵێكی گه‌وره‌دا دروست كراوه. ئه‌مانه سێ وشه‌ن له ده‌یان وشه‌ی تر كه له ورده‌كاری باسی ئامێره‌كه‌دا دهمژنهوتن و نازانم كوردییه‌كانیان ده‌بن به چی!
شتێكی تر كه سه‌رنج راده‌كێشێت نرخی ئه‌و پیانۆیانهیه، پیانۆی وه‌ها تێدایه نرخی شتێك له نه‌ود هه‌زار یۆرۆ زۆرتره. له وه‌ڵامی پرسیاری مندا، ئایا ئه‌و جۆره گرانانه‌ی پیانۆ له لایه‌ن ناوه‌ندی موزیك و ئۆركستراكانهوه دێنه كڕین، یارۆ گوتی:
نه‌خێر له سه‌دا نه‌وه‌دی كڕیاری ئێمه خه‌ڵكن.
له ئه‌ڵه‌مانیا ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه بوونی پیانۆ له ماڵه‌وه به پێویستی گه‌وره ده‌زانن و ده‌یانه‌وێت منداڵه‌كانیان پیانۆ بژه‌نن، زۆرن.
ئایا پاره‌داره‌كانی زێدی ئێمه‌یش ده‌گه‌ن به‌و ئاستی تێگه‌یشتنه‌ی كه ته‌نها خواردن و خواردنه‌وه پێویست نین؟
مرۆڤ كاسه‌ی پڕ بێت شتی پێویست زۆره بیكات و كه‌ره‌سته‌ی به كه‌ڵك زۆرن پاره‌یان پێبدات. به‌ڵام دیاره ده‌بێت ئاوه‌زێكی چالاك ئاماده بێت.